ئەمڕۆ ٦ی ئاداری ٢٠٢٤، ڕێک (٤٩) ساڵ، واتە نیو سەدە ساڵێک کەم، بەسەر ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیردا تێدەپەڕێت، کە تیایدا و لە میانی گەلەکۆمەیەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان تووشی نسکۆ هات و دەستکەوتە سیاسی و یاساییەکانی درێژترین شۆڕشی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا (شۆڕشی ئەیلوول)، زیندەبەچاڵ کران. وەبیرهێنانەوەی ئەم یادە تاڵە و هەموو کۆستەکانی وەک کیمیابارانکردن و ئەنفال و جینۆساید، کە بوونەتە بەشێک لە یادەوەریی نێوکۆیی گەلی کوردستان، کارێکە دەبێ بەردەوام بایەخی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا و داهاتوو، هەروا ئاسان دەستبەرداری خەون و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نەبێت و بێدادی و گەندەڵی و خراپ فەرمانڕەواییکردنی حیزبەکان، نەکاتە بیانووی ئەوەی، کە ڕاکردن و خۆدزینەوەی لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، پێ پاساو بداتەوە.
ڕەوانشاد (ئیدریس بارزانی) له ڕۆژی 7-3-1975 له نامه‌یه‌کیدا ده‌رباره‌ی رێککه‌وتنی جەزائیر و هه‌ڵوێستی ئێران، بۆ سەرۆک (مه‌سعود بارزانی) ده‌نووسێت: “تیمسار مه‌هام له زاری سه‌یادیان پێی ڕاگه‌یاندم که‌وا ئه‌وان به ته‌نیا له گۆڕه‌پانه‌که به‌جێمان ناهێڵن و منیش پێیم گوت پاشه‌کشه‌ی ئێوه به‌م شێوه‌یه‌ی که ده‌یبینم، دژی پره‌نسیپی به‌جێنه‌هێشتنمانه به ته‌نیا و نیگه‌رانی و دڵگرانیی خۆم پێی ڕاگه‌یاند. هەروەها پێیشم گوت ئه‌گه‌ر ژیانێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌مان نه‌بێت، ئه‌وا دڵنیا به مردنێکی شه‌رافه‌تمه‌ندانه قه‌بووڵ ده‌که‌ین”. ده‌قی ئه‌و نامه‌یەی ڕەوانشاد (ئیدریس بارزانی)، هەموو ئه‌و زانیاری و قسانه پشتڕاست ده‌کاته‌وه، که ده‌ڵێن هێزه‌کانی ئێراق له دواوه و له‌ناو خاکی ئێران، پشتیان له پێشمه‌رگه گرتبوو. تەنانەت زۆرێک لە پێشمەرگە و شایەتحاڵەکانی ئەو ڕۆژگارە کە ئاودیوی ئەودیو سنوور ببوون، باس لەوە دەکەن کە بە چاوی خۆیان سەربازی ئێراقییان لە (مهاباد) بەسەر پشتی زیل و ئیڤاوە بینیوە، کە بەرەو (خانێ) ڕۆیشتوون.
زۆر که‌س پێیانوایه، له ئاکامی خۆشباوه‌ڕیی سه‌رکردایه‌تیی شۆڕش به ئه‌مریکا و پشتبه‌ستن به ئێران، که دواتر هه‌مووان پشتیان له کورد کرد، شکست به شۆڕشه‌که هێنرا و بێ ئومێدیی ته‌واوی کوردستانی گرته‌وه، بەڵام واقیعی ئەوکاتە و بەڵگەنامەکان شتێکی دیکەی پێچەوانەی ئەم بۆچوونەمان پێ دەڵێن. ڕه‌وتی ڕووداوه سیاسییه‌کانی ئه‌وکات، بۆ نموونه سه‌ردانی به‌رده‌وامی هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێراق و ئێران بۆ لای یه‌کتری، کۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌ری ئێراق له نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌گه‌ڵ (هنری کیسنجه‌ر)ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و ڕۆڵی وڵاتانی ناوبژیوانی ئه‌ندام له ڕێکخراوی (ئۆپێک) پێش مۆرکردنی ڕێککه‌وتنه‌که، هه‌روه‌ها سه‌رکووتکردنی شۆڕشی (زه‌ففار) له عوممان و سه‌رگرتنی (کامپ دێڤد) دوای ڕێککه‌وتنه‌که، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی، که ڕێککه‌وتنه‌که له‌پڕێکدا نه‌بووه، به‌ڵکوو به‌رهه‌می پلانی پێشوه‌خته و به‌رنامه بۆداڕێژراو بووه. له مادده‌ی حه‌وته‌می به‌شی دووه‌می ڕێککه‌وتنه‌که‌دا هاتووه: ” ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه، به ناوه‌ڕۆک و پرۆتۆکۆل و پاشکۆکانی، به گوێره‌ی مادده‌ی 102 له میساقی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا تۆمار ده‌کرێت”، به‌ڵام به ڕای شاره‌زایانی بواری یاسای نێوده‌وڵه‌تی، چونکه خودی ناوه‌ڕۆکی ڕێککه‌وتنه‌که دژی ڕێککه‌وتننامه و به‌ڵێننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی تایبه‌ت به ماف و ئازادییه سیاسییه‌کان و به تایبه‌تی دژی بنه‌مای مافی نه‌ته‌وه‌کانه له دیاریکردنی چاره‌نووسدا، بۆیه نه ئه‌وکات و نه ئێستا و نە لە داهاتووشدا ئه‌و ڕێککه‌وتنه ڕه‌وایی نێوده‌ڵه‌تی وه‌رنه‌گرتووه و وه‌رناگرێت.
مادده‌ی پێنجه‌می به‌شی دووه‌می ڕێککه‌وتننامه‌که ئاماژە بەوە دەکات کە ” به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێ ده‌ستکاریی هێڵی سنووری وشکانی و ئاوی نێوان ئێراق و ئێران بکرێت، ئه‌مه‌ش بڕیارێکی کۆتایی و هه‌میشه‌ییه”. ئه‌وه له‌کاتێک دایه که (سه‌ددام حوسێن) له کاتی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان ئێران – ئێراق و به دیاریکراوی له 17ی ئه‌یلوولی ساڵی 1980، له ته‌له‌فزیۆندا گوتی: “لێره‌وه کۆتایی به ڕێککه‌وتنی جه‌زائیر هات و هیچ به‌هایه‌کی نییه)، که‌چی هه‌ر (سه‌ددام) خۆی، له کۆتایی ساڵی 1990 و له کاتی داگیرکردنی کوێت و ئابڵووقه‌ی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر ئێراق، له نامه‌یه‌کدا بۆ (ڕه‌فسه‌نجانی)ی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وکاتی ئێران، پابه‌ندیی خۆی و ئێراقی به ڕێککه‌وتنه‌که دووباره کرده‌وه. ڕاستییەکەی، ڕێککه‌وتنی جه‌زائیر سه‌ودایه‌ک بوو له نێوان ئێراق و ئێران له‌سه‌ر حیسابی شۆڕشی کورد، سه‌وداکه‌ش له لایه‌ن یه‌کێتیی سۆڤییه‌تی ئه‌وکات و ئه‌مریکا به‌ڕێوه ده‌چوو، که جگه له کورد، تیایدا ئێراق دۆڕا‌و و ئێران براوه بوو. ناوه‌ڕۆکی مادده‌ی پێنجه‌م و ده‌نگۆی دووباره زیندووکردنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنه‌که‌ش له ساڵانی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و نەمانی (سەددام)، پرسیاری ئه‌وه دێنێته پێشه‌وه، ئایا له‌باردایه ئه‌و ڕێککه‌وتنه هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، یان به گوێره‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسی ئه‌مڕۆ هه‌موار بکرێته‌وه؟ ئەی له ئه‌گه‌ری دووباره پیاده‌کردنی ناوه‌ڕۆکی ڕێککه‌وتننامه‌که و هه‌موارکردنه‌وه‌ی، چ مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر ئێستا و ئایینده‌ی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌زموونه‌که‌ی دروست ده‌کات؟ له‌کاتێکدا که هه‌م زه‌مینه و زه‌مان و هۆکاره‌کانی له‌دایکبوونی ڕێککه‌وتنه‌که نه‌ماون، هه‌میش سیسته‌می حوکمڕانی هه‌ردوو وڵات گۆڕانی ڕیشه‌ییان به‌سه‌ردا هاتووه، هاوکات گۆڕانکاریی گه‌وره له ناوچه‌که‌دا ڕوویان داوه، ڕەنگە ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه، یان نوێکردنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنه‌که و هەموارکردنەوەی ناوەڕۆکەکەی، نەک هەر ئاسان نەبێت، بەڵکوو نزیکیش بێت لە مەحاڵ و کاری نەکردە.
ڕاگه‌یاندنی ڕێککه‌وتنه‌که و پاشانیش کۆتاییهێنان به شۆڕش، کاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر شۆڕش خۆی و ده‌روونی پێشمه‌رگه و هاووڵاتییانیش کرد. به قسه‌ی شایه‌تحاڵه‌کانی ئه‌وکات، دۆخه‌که بۆ خۆی کاره‌سات بوو، که کاریگه‌رییه‌که‌ی به ڕوونی له ڕووخساری هه‌موواندا ڕه‌نگی دابووه‌وه. وه‌ک له به‌رپه‌ڕی هه‌ندێ له په‌رتووکه‌کانی مێژوو و یاده‌وه‌رییه‌کاندا خوێندوومانه‌ته‌وه، گوایە سه‌رکردایه‌تیی شۆڕش زوو ته‌سلیمی واقیعه‌که بوو و ئیراده‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌بوو، ئه‌گه‌رنا پێشمه‌رگه ئاماده‌ی شه‌ڕ و به‌رگری بوو، بەڵام له به‌رامبه‌ردا هه‌ن پێیانوایه، ئه‌م بۆچوونه جۆرێک له کورتبینی و هه‌ستنه‌کردن به به‌پرسیارێتی تێدایه و ده‌ڵێن، بڕیاری (بارزانیی نەمر) بۆ کشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و سه‌رپشککردنی خه‌ڵک له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی، یه‌کێک بوو له هه‌نگاو و تاکتیکه سه‌رکه‌وتووه‌کانی ڕێبه‌ری شۆڕشه‌که. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنه‌که ڕاگه‌یاندنی مه‌رگی شۆڕش و ده‌ستکه‌وته‌کانی بوو، هه‌روه‌ها بووه هۆی ئاواره‌یی و دوورخستنه‌وه و په‌ناهه‌نده‌یی سه‌دان هه‌زار کورد، به‌ڵام هه‌یه پێی وایه ده‌رهاویشته‌کانی دوای ئه‌وه، له ئاستی کوردستانی و ئێراقی و جیهانیدا، به قازانج بۆ کورد و شۆڕشه‌که‌ی گه‌ڕانه‌وه. له‌وه‌شدا نموونە به چاره‌نووسی سه‌ددام و شای ئێران و له‌ناوچوونی سیسته‌مه حوکمڕانییه‌که‌یان و ڕاپەڕین و هاتنەکایەی هەرێمی کوردستانی بەرهەمی قوربانیدانی گەلی کوردستان و ڕاپەڕین دێننەوە.
دواجار ماوەتەوە بڵێم، (په‌یمانی سنووری نێوده‌وڵه‌تی و دراوسێیه‌تی باشی نێوان ئێراق و ئێران)، ئەوەی کە به (ڕێککه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر) ناسراوه، له 9ی ئاداری ساڵی 1975 له نێوان ئێراق و ئێران و به ناوبژیوانی جه‌زائیر ئه‌نجام درا. ڕێککه‌وتنه‌که له جه‌زائیر به سه‌رپه‌رشتیی (هه‌واری بۆمدین)ی سه‌رۆک کۆماری جه‌زائیر، له لایه‌ن هه‌ریه‌که له (سه‌ددام حوسێن، جێگری ئه‌وکاتی سه‌رۆک کۆماری ئێراق) و (محه‌ممه‌د ڕه‌زاشا، شای ئێران)، واژۆ کرا. ڕێککه‌وتنی جه‌زائیر که له ده‌قێکی کورتی سێ خاڵی و پێشه‌کی و پاشبه‌ندێک پێکهاتووه، دوای چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی لیژنه هاوبه‌شەکانی هەردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێراق و ئێران و به چاودێریی (عه‌بدولعه‌زیز بوته‌فلیقه)ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی جه‌زائیر، کۆمه‌ڵێک ڕێککه‌وتنامه‌ی دیکه‌ی لێکه‌وته‌وه، له‌وانه: (پرۆتۆکۆڵی لێک تێگه‌یشتن) و (پرۆتۆکۆڵی تایبه‌ت به سنووری وشکانی) و (پرۆتۆکۆڵی تایبه‌ت به سنووری ئاوی) و (پرۆتۆکۆڵی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنوور) و چوار ڕێککه‌وتنی دیکه، که به هه‌موویان نزیکەی (50)مادده له‌خۆیان ده‌گرن، ئه‌مه و سه‌ره‌ڕای ده‌قی نامه ئاڵوگۆڕکراوه‌کانی نێوان هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێراق و ئێران.