كۆنگرە، کۆنفرانس و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، وەک دیاردە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دیاردەیەکی نوێ و تازە نیین، بەڵکوو ٸەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ دوای دروستبوونی دەوڵەت – نەتەوەکان لە ٸەورووپا، بەتایبەت دوای پەیماننامەی وێسڤالیا لە ساڵی ١٦٤٨.
لە بنەڕەتدا ٸەم دیاردەیە گوزارشتە لە کۆکردنەوەی ھەوڵەکان لە تاک دەوڵەتییەوە بۆ کۆمەڵێ دەوڵەت، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و کێشە جۆراوجۆر و فرەڕەھەندەکان، چونكە قەیرانە نێودەڵەتییەکان سروشتێکی وایان ھەیە، کە دەوڵەتان بەتەنیا ناتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە و بەسەر ٸاڵنگارییەکاندا زاڵ بن.
ٸێستا دیاردەی کۆنگرە و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی فراوان و بەربڵاو گەشەیان کردووە، ٸەمەش وەک ٸاماژەیەکە بۆ ٸەوەی پیشانی ھەموو دنیا بدرێت، کە جیھان پێویستی بە ھەماھەنگی و ھاوکاریی فرەلایەنە هەیە، نەک هەوڵ و تەقەڵای دەوڵەتان بەتەنیا.
لەم چەند ساڵەی دواییدا، ھەرێمی کوردستان لەسەر ٸاستی سیاسی، ٸابووری، ٸاسایش و ژینگەییدا بەشدارییەکی کارای لە کۆڕبەند و كۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا ھەبووە و لەسەر ٸاستی باڵا بەشداریی کردووە، بۆ نموونە، لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا، ھەرێمی کوردستان بەشداریی کارای ھەبوو لە دوو کۆنگرە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی، یەکەمیان لوتکەی حکوومەتەکان لە دوبەی، کە ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار بوو و وتارێکی گرنگیشی پێشکەش کرد و ڕوانگەی ھەرێمی کوردستانی وەک قەوارەیەکی سیاسی بۆ داھاتووی کێشەکان لەسەر ٸاستی جیھان و ناوچەکە خستە ڕوو، جیا لەمەش، لەمیانەی بەشداریی ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەو لوتکەیەدا، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی كرد، کە ٸەمانە لە ڕووی سیاسی و دبلۆماسییەوە ٸاماژەی گرنگن بۆ داھاتووی ھەرێمی کوردستان.
دووەمیان کۆنفرانسی ساڵانەی میونشن بوو دەربارەی پرسەکانی ٸاسایش، کە ھەرێمی کوردستان لەسەر ٸاستی باڵا بەشدار بوو. رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکە بەشدار بوو، کە لە بنەڕەتدا ئەم کۆنفرانسە بۆ خستنەڕووی کێشەکانی پەیوەست بە ٸاسایش بوو لەسەر ٸاستی جیھان. لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە، شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگی لەگەڵ شاندی دەوڵەتان و سەرۆک و سەرکردە جیھانییەکان هەبوو. ئەو دیدار و کۆبوونەوانە دەبنە بەرمەبنای دروستکردنی پەیوەندی و دۆزینەوەی هاوبەشی ستراتیژی، بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بە جیهانی دەرەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا، هەم بەشداریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و هەمیش بەشداریی سەرۆکی هەرێمی كوردستان لەو دوو دیدارە نێودەوڵەتییە و کۆبوونەوە دووقۆڵییە گرنگەکان بوو لەسەر میکانزمی بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و ھەڕەشەکان لەسەر ٸاستی جیھان و ھەرێمی.
بەشداری و بانگهێشتی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بۆ کۆنفرانسە ئابووری، ئاسایشی، سیاسی و تەنانەت دامەزراوەكان لە کۆنگرە و کۆنفرانس و ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان لە هەموو بارودۆخێکدا گرنگیی تایبەتی لە سیستەمێکی جیهانیی دەوڵەت – تەوەردا هەیە، بە مانای ئەوەی ئەمە، خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە گۆڕانی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان.
لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، بەشداریی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا و بە شێوەیەکی فەرمی، وەک دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەستنەوەی دبلۆماسییەتی ھەرێمی کوردستان بە جیھان ھەژمار دەکرێت.
بۆیە گرنگە ھەرێمی کوردستان بەردەوام ٸامادەیی لەو جۆرە کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆنگرە و کۆڕبەند و لوتکە نێودەوڵەتییانەدا ھەبێت، چونکە ڕاسپاردەکانی ٸەو گفتوگۆیانە دەبنە بەرمەبنای سیاسەتی نیودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشە جۆراوجۆرەکان لە جیھان.
لە لایەکی دیکەشەوە، بهشداریكردنی ھەرێمی کوردستان لهو کۆنفرانس و کۆنگرە و كۆڕبەندانە دووپاتكردنهوەیە كه كورد بهردهوام بهشێك بووه له چارهسهری كێشهكان و ههر كاتێك ئاسایشی جیهان ڕووبهڕووی مهترسی بێتهوه، ئهوه كورد ئامادهیه و ئاماده بووه بۆ ڕووبهڕووبونهوهی ئهم مهترسییانە، هەروەها وهكوو ئهكتهرێكی نادهوڵهتی و هاوپهیمانێكی وڵاته ههرێمی و جیهانییهكان، ههمیشه له گۆڕهپان و له ڕیزی پێشهوهدا بووه.