“لێکەوتەی سیاسەتەکانی حکومەتی ئێراق لەسەر هەستی سەربەخۆخوازی هاووڵاتیانی هەرێم”
سیستەمە فیدڕاڵییەکان لەڕووی جۆری یەکە پێکهێنەرەکانیان بە گشتی دوو جۆرن، فیدڕاڵیەتی ئیداری یاخود جوگرافی لەگەڵ فیدڕاڵییەتی ئیتنی و نەتەوەیی. جۆری یەکەمیان سەرکەوتووترە و سازانی ئاسانترە، بەهۆی ئەوەی کێشەی فرەیی ئیتنی و زمان و ئایینیان نیە، زیاتر هۆکاری جوگرافی وایکردووە یەکە پێکهێنەرەکان تایبەتمەندی ناوچەیی خۆیان وەربگرن بەدرێژایی مێژوو، ئامادە نەبن دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆیان بن بەتەواوەتی، وەک نموونەی ئەڵمانیا و ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەڵام جۆری دووەم وەکو ئێراق، کەنەدا، ئیسپانیا…هتد هەمیشە تایبەتمەندە بە ململانێی ئیتنی و نەتەوەییەکان، بەتایبەتی ئەگەر ناهاوسەنگی سیاسی هەبێت لە نێوان نەتەوەی زاڵ و باڵادەست لەگەڵ نەتەوەی ژێردەست. نەتەوەی زاڵ کە هەژموونی کردووە بەسەر حکومەتی فیدڕاڵی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە هەموو ڕێگا و هەنگاوەکانی سەربەخۆیی لە نەتەوەی ژێردەست بنەبڕ بکات، چ لەڕێگای توواندنەوەی کولتوور و زمانی نەتەوەی ژێر دەست لەنێو کولتووری زاڵی نەتەوەی باڵادەست، چ لە ڕێگای لاوازکردنی دۆخی ئابووریان تاوەکو بیر لە سەربەخۆیی زیاتر و جیابوونەوە نەکەنەوە.
لەبەرامبەردا؛ نەتەوەی ژێردەستە هەرچەندە هەمیشە هەوڵی پاراستنی تایبەتمەندیە نەتەوەییەکانی خۆیان دەدەن و خەونی سەربەخۆییان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێک لە ڕاهاتنیان هەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە تیایدان، ئەمەش چونکە تامی سەربەخۆییان نەکردووە، هەر کە خۆیان بینیوە هەر لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا بووە. ئەم جۆرە ڕاهاتنەیە کە زۆرجار وا دەکات حکومەتی فیدڕاڵی لە ڕێگەی هەندێک سیاسەتەوە بتوانێت دڵبەندی و وەلائی نەتەوەی ژێردەستە بە دەستبهێنێت و وایان لێبکات مانەوەیان لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتە فیدڕاڵییە پێ باشتر بێت نەک جیابونەوە و سەربەخۆیی. گرنگترین ستراتیژیەتیش کە دەیگرنەبەر ئەوەیە، باوەڕێکی وا بۆ خەڵکی ئەو نەتەوە ژێردەستانە دروست بکەن کە دۆخ و گوزەران و باری داراییان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی باشتر دەبیت، حکومەتی ناوچەیی خۆتان توانای بەڕێوەبردنی ئێوەی نیە، بە جیابوونەوە ژیانتان سەخت و وێران دەبێت. بەگشتی توانای ئابووری هەرێمەکان کاریگەری زۆری هەیە لەسەر متمانە و پشتگیری هاووڵاتیانی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە یان مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵی. بۆ ئەمەش دەتوانین دوو نموونەی پێچەوانە بهێنینیەوە لە دوو دەوڵەتی فیدڕاڵی، لە یەکەمیان نەتەوەی ژێردەست جیابوونەوە و سەربەخۆیی خۆی ڕەتدەکاتەوە بەهۆی باڵادەستی ئابووری نەتەوەی سەردەست بەسەریدا، وەک “هەرێمی کیوبک لە کەنەدا”. لە دووەمیان بە پێچەوانەوە، نەتەوەی ژێر دەست دەنگ بە جیابوونەوە دەدات بەهۆی بەرزی توانای ئابووری و متمانە بە خۆبەڕێوەبەری خۆیان، وەک “هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا”.
هەرێمی کیوبک لە کەنەدا کە دانیشتوانەکەی فەرەنسین، ململانێیەیەکی مێژووی قوڵیان هەبووە لەگەڵ دەوڵەتی کەنەدا، کە کەنەدییە ئینگلیزەکان باڵادەستن تیایدا. هەرچەندە کیوبکە فەڕەنسییەکان هەستی نەتەوایەتیان زۆر بەهێزە و هەمیشە وێڵی سەربەخۆیی بوون، بەڵام لە دوو ڕاپرسیدا بۆ کە سەربەخۆیی ئەنجامیاندا، زۆرینەی خەڵک دەنگیان بە نەخێر داوە، لەگەڵ مانەوەدا بوونە لەگەڵ کەنەدا و سەربەخۆییان ڕەتکردۆتەوە، ڕاپرسی یەکەم لە ساڵی ١٨٨٠ ئەنجامدرا، دووەمیش لە ساڵی ١٩٩٥. هۆکاری ئەم ڕەتکردنەوەش ئابووری بووە، کەنەدیە ئینگلیزەکان کە حکومەتی فیدڕاڵیان لەژێر دەست بووە، هەژموونی تەواویان کردبوو بەسەر ئابووری ناوچەی کیوبک. زیاتر لە ٩٠% کۆمپانیا زەبەڵاحەکانی کیوبک و پیاوانی گەورەی کار و سەرمایەدارەکان لە کەنەدییە ئینگلیزەکان بوون، خەڵکی کیوبک زیاتر چینی کرێکارانیان پێکدەهێنا لە کارگەکانی ئەوان کاریان دەکرد، لە ئەگەری جیابوونەوە هەموو ئەو کۆمپانیا زەبەڵاح و سەرمایەدارە گەورانە دەکشانەوە بەمەش زیانێکی گەورە بە ئابووری کیوبک و دۆخی دارایی خەڵک دەگەیشت، هەروەها کاریگەری زۆر خراپی دەبوو لەسەر کەرتی بانکی و هەناردەکردن و بەهای دراو و قەرزی گشتی و بێ بەشبوون لە چەندین خزمەتگوزاری گشتی و، یارمەتییە داراییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی کەنەدا. بە گشتی کیوبک لە ڕووی ئابوورییەوە وابەستەی حکومەتی فیدڕاڵی بوو، دۆخی ئابووری خراپ بوو، بە جیابوونەوە خراپتریش دەبوو، بۆیە سەرەڕای هەستی گەرمی نەتەوایەتیان، جیابوونەوە و سەربەخۆییان ڕەتکردەوە. ئەم دۆخە ئابوورییە وابەستەییەش، سیاسەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و کەنەدییە ئینگلیزە باڵادەستەکان هێنابویانە کایەوە، تاوەکو کیوبکە فەڕەنسییەکان بخەنە دۆخێک کە بوێری ئەوەیان نەبێت سەربەخۆیی هەڵبژێرن و جیاببنەوە.
بە پێچەوانەی هەرێمی کیوبک، هەرێمی کەتەلۆنیامان هەیە لە ئیسپانیا. کەتەلۆنیەکان بەهەمان شێوەی کیوبکە فەڕەنسییەکان هەستی نەتەوایەتیان بەهێزە و سەبەخۆخوازن، بەڵام بە پێچەوانەوەی کیوبکە فەڕەنسییەکان، لە ساڵی ٢٠١٧ کاتێک ڕاپرسیان کرد بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا، لە ٩٠% خەڵک دەنگیان بە بەڵی دا بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا. هۆکار و پاڵنەری سەرەکیش هەر ئابووری بوو، چونکە هەرێمی کەتەلۆنیا دەوڵەمەندترین ناوچەیە لە ئیسپانیا، بە تەنها نزیکەی لە ٢٠% کۆبەرهەمی ناوەخۆیی ئیسپانیا پێکدەهێنێت. لە ٢٥% کەلوپەلی ئیسپانیا بە بەندەرە ئاوییەکانی کەتەلۆنیا تێدەپەڕێت، لە هەمووی کاریگەرتر ڕێژەی پارەی گەڕاوە لە باجی هاووڵاتیانی کەتەلۆنی بۆ حکومەتی فیدڕاڵی ئیسپانیا ٢٠ ملیار یۆرۆیە ساڵانە، لەبەرامبەریشدا خزمەتگوزاری و بەرنامەکانی یارمەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی بەو جۆرە نین کە پێشکەشیان دەکات، بۆیە کەتەلۆنییەکان سیاسەتەکانی حکومەتی ئیسپانیایان بە بارگرانی دەزانی لەسەر بژێوی ژیانی خۆیان، گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی، گەر سەربەخۆبن ئەوا ژیان و گوزەرانیان زۆر خۆشتر دەبێت، لەم سۆنگەیەوەش هەستی سەربەخۆیی و متمانەیان بە خۆبەڕێوەبەری زۆر زیاتر بوو، بەڵێ یان کرد بۆ سەربەخۆیی.
بەم شێوەیە، لە سۆنگەی ئەو دوو نموونەیەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە نەتەوە ژێردەستەکانی نێو حکومەتی فیدڕاڵی هەرچەندە توانای ئابوورییان بەهێز بێت لەچاو دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەوەندە هەوڵی جیابوونەوە و سەربەخۆیی دەدەن، بە پێچەوانەوەش گەر هەژاربن و توانای ئابووریان زۆر خراپ بێت بەبەراوورد بە حکومەتی فیدڕاڵی ئەوا هەوڵی مانەوە دەدەن لەناو دەوڵەتی فیدڕاڵی، یاخود ڕەنگە هەر خودی دەوڵەتە فیدڕاڵیەکە ڕێگەی بە جیابوونەوەی نەتەوەی ژێر دەستە بدات وەک بارگرانیەک بیان بینێت لەسەر خۆی، وەک دەرکردنی سەنگافوورە لەلایەن دەوڵەتی مالیزیا. کەواتە لێرەدا لەوە تێدەگەین کە ئەو سیاسەتانەی کە حکومەتی فیدڕاڵی ئێراق بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان پەیڕەوی لێدەکات چ مەبەست و بەرنامەکی لە پشتە. مەبەست و ئامانجی ئێراق لەم سیاسەتانەی وەکو “ڕاگرتنی نەوت و ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی بۆڕی غاز و بڕینی موچە و بودجە و دەستبەسەر داگرتنی کۆی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و، تۆمەتبارکردنی حکومەتی هەرێم بە پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی بودجە و بەهۆکاریدانانی ڕەوانە نەکردنی موچەی خەڵک”. ئەمانە هەمووی لەپێنا و بنبڕکردنی دەسەڵاتی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان و لە قالبدانیەتی، تاوەکو هیچ دەسەڵاتێکی نەمێنێت، بەمەش ئابووری هەرێم بەتەواوەتی وابەستەی ئابووری بەغدا بکات، خەڵکیش لەڕووی داهاتەوە تەواو وابەستە و گرێدراوی بەغدابن بەشیوەیەکی ڕاستەوخۆ، دەرکەوتەی دواتری ئەمەش وابەستەیی سیاسیە.
سەرەنجام ئەو باوەڕە لای خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، کە دەسەڵاتی کوردی مایەی قات و قوڕی و نەهامەتیە بۆ خەڵکەکەی، توانای خۆبەڕێوەبەری نیە، ژیان و گوزەرانی خەڵک کاتێک باش دەبێت کە سەر بە بەغدادبن. ئەمەش دواجار کاریگەری زۆر نەرێنی دروست دەکات لەسەر هەستی هاووڵاتیانی هەرێم لەمەڕ سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری وەکو کیوبکە فەڕەنسییەکان لە کەنەدا. هەروەها تێکشکاندنی دەروونی تاکی کوردە لەمەڕ متمانەکردن بەخۆی و هەستی خۆبەکەمزانینی تۆختردەکاتەوە لەوەی پشت بەخۆبەست و سەربەخۆ بێت. گەر تەماشاش بکەین حکومەتی فیدڕاڵی ئێراق تا ڕادەیەکی زۆر باش سەرکەوتوو بووە لەم سیاسەتە و لە دروستکردنی ئەم باوەڕە لەلای خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لە توێژینەوەیەکی مەیدانی سەلمێندراوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامدراوە، تیایدا لە ٥٠،٧% خەڵکی بەشداربووی توێژینەوەکە داوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەیان کردووە بۆ سەر بەغدا. هەروەها بەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵیش کە لە دژی هەرێم دەرچوو، خەڵکێکی زۆر دڵخۆش بوو پێێ. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هۆکاری ئابووری کاریگەری زۆری هەیە لەسەر هەستی سەربەخۆیی نەتەوە ژێر دەستەکانی نێو دەوڵەتی فیدڕاڵی.