ناو: لە سادەترین پێناسەیدا، بریتییە لە وشەیەک کە بەکاردێت بۆ ناسینەوەی کەسێک یان شوێنێک، گیانلەبەرێک، شتێک. دوو جۆر ناومان هەیە: ناوی سادە: لە یەک وشەی واتاداری سەربەخۆ پێکهاتووە و مانا دەدات بەدەستەوە. وەک: دار، بەرد، ئاو… ناوی ناسادە، دوو جۆری هەیە: داڕێژراو: لە وشەیەکی واتادار و پاشگر یان پێشگرێک پێکهاتووە. وەک: کورد+ستان= کوردستان. لێکداراو: لە دوو وشەی واتادار پێکهاتووە وەک: گوڵەباخ. ئایا پرسیاری ئەوەمان کردووە، ناونان لە مرۆڤ، شوێن، شت، گیانلەبەران لەچییەوە هاتوون؟! کە دەڵێن: دار، بەرد، ئاو… چ هۆکارێک هەیە وای کردووە کە ئەم ناوانە بچەسپێن و جێگیربن بۆ ئەم شتانە؟ هەستدەکەین بۆ هەندێک ناولێنان هیچ هۆکارێک نییە، تەنها ڕێککەوتنە لەسەر بەکارهێنانەکان، بۆ نموونە لە کۆنەوە هەموومان بە دار دەڵێن: دار، بە ئاو دەڵێن: ئاو، تەنها بەڕێکەوتن کۆکین لەسەر ئەو ناوانە. ناونان لە دەنگی دیاردە سرووشتییەکان، لە دەنگەکانیانەوە هاتووە: لە هاژەهاژی ئاوەوە وتوویانە: هاژەی چەم. بە هەمان شێوە لورەی با گیانداران، لە ئەدای دەنگەکانیانەوە: جریوەی چۆلەکە، لورەی گورگ، قاسپەی کەو، نەڕەی شێر، ویزەی هەنگ، خشەی مار، قیڕەی بۆق، حیلەی ئەسپ…
ناونان لە منداڵ ساڵانێکە، لە کتێبخانەکاندا، کتێبی تایبەت بە ناوی منداڵ هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە، بەردەوام ساڵانە چاپی نوێ دەکرێنەوە، بەڵام بەشێک لەو کتێبانە، لە لێکدانەوەی مانای ناوەکاندا هەڵەیان تێدایە، بەبێ پشتبەستن بە سەرچاوە و فەرهەنگەکانی زمانی کوردی، لێکدانەوەیان بۆ واتاکان کردووە و بە خواستی خۆیان واتایان بۆ داتاشیووە! زۆرجار ئەو پرسیارە دەکرێ، چ ناوێک بەباش دەزانین بۆ منداڵێک کە تازە لەدایکبووە؟ هەر ناوێک چوار تایبەتمەندی تێدابوو، ناوێکی درووستە: – ناوێکی ماناداربێت و ماناکەی گونجاو جوانبێت. لەسەر دەم ئاسان بێت، ئەگەر دەستپێکی ناوەکە، ئەو پیتە قورسانە نەبن، کە لە قوڵایی قووڕگەوە دێن، باشترە. ئەگەر ناوێک بێت نەتوانرێت بە نیوە ناو بانگبکرێت و ناوناتۆرەی لێنەبێتەوە باشترە. گەشبینی و ئومێدی تێدابێت، چونکە ئەگەر ناوەکە ڕەنگدانەوەی نائومێدی و خەمباری بێت، کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر کەسێتی ئەو منداڵە لە داهاتوودا. بۆ نموونە بۆ دەبێت: کۆژان، فرمێسک، هەژار… ناوی منداڵبێت، ڕەنگە بەشێوەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر کەسایەتی ئەو منداڵە درووست بکات لە داهاتوودا. لە ساڵانی ڕابردوودا، باردۆخی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی، بیرو و ئایدیا، ئایین، کاریگەریان لە سەر ناونانی منداڵ هەبووە.
ئەگەر سەرنج بدەین لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەکان بەدواوە، واتە لە سەرەتای درووستبووبی بزووتنەوەی چەکداری و شۆڕشی ئەیلولەوە ناوەکانی: شۆڕش، خەبات، ڕزگار… زۆربوون. بەو هیوایەی کە شۆڕشەکە سەرکەوتووبێت و کورد بگات بە مافە ڕەواکانی، ناوەکانی: هیوا، ئامانج، ئاوات، ئومێد… لە نێو خەڵکدا زۆر دووبارەبوونەتەوە. وەک چۆن لە زووەوە لە ژێر کاریگەری ئاییندا، ناویان لە منداڵ ناوە: عبدوڵڵا، ئەحمەد، عەلی، عبدلخالق، عبدلڕەزاق، عەدالەت، عیزەدین…بەهەمان شێوەش لە ژێر کاریگەری، بیری چەپدا ناویان لە منداڵ ناوە. ئەوکاتانەی بزووتنەوەی چەپەکانی چالاک بوون، ناوەکانی: ڕەنجدەر، کۆڵنەدەر، سەنگەر، شۆڕش، کرێکار…زۆربوون. لە ناونانی منداڵدا، هەندێکجار ئەوناوانە پەسەندبوون کە: ستایش “وەسف” ن، بەو هیوایەی منداڵەکەی هەڵگری تایبەت مەندێتی ئەو ستایشە بێت، ناویان ناون: ئازا، جوان، بەهێز، ڕاستگۆ، زرنگ، وریا، چالاک. -بەشێکیان بە مەبەستی لێکچواندن ناونراون: بەناوی گوڵەوە زیاتر بۆ کچان: نێرگز، هێرۆ، شیلان، گوڵاڵە، شەوبۆ… بەناوی میوە وە: بەهێ، هەنار، ترێ، هەرمێ، سێوە… بەناوی درختەوە: ئەرخەوان، ژاڵە، سنەوبەر… بە ناوی باڵدارەوە: تەوار، پەپوولە، هەڵۆ… بەشێکی تریان لە سرووشتەوە وەرگیراون، ناوی ڕوبار و کانی و شاخ و دەشت و لادێن: ئەڵوەن، سیروان، ئەزمڕ، سەفین، دابان، دەریا، کانی، ڕووبار…
لە خۆشەویستی شارەکانەوە: ئامەد، دیاربەکر، مهاباد، کۆبانێ… لە خۆشەویستی گوندەوە: هەڵشۆ، نژۆ… لە خۆشەویستی شاعیران و ئەدیبان و کەسایەتییەکانەوە: گۆران، هێمن، نالی، دیلان، پێشەوا… لە خۆشەویستی پیشەوە: جوتیار، کرێکار لە خۆشەویستی شوێن و ناوەندی زانستییەوە: زانکۆ ناومان هەیە بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، هاوبەشە: نەورۆز، نەجات، ئاوات… هەرچەندە ناونان لە منداڵ، یاخود شوێنی کارکردن بابەتێکی کەسییە و خەڵک سەربەستە، کە چ ناوێکی پێخۆش و جوانە، بەڵام واباشترە تا دەتوانین ناوی کوردی لە منداڵەکانمان و لە شوێنی کارکردنەکانمان بنێین، لەلای هیچ نەتەوەیەکی تر نایبینین ناوی کوردی لە منداڵەکەی یاخود لە شوێنی کارەکەی بنێت، بەڵام لای ئێمە ڕۆژانە ناوی سەیر دەبیستین، کە پرسیاری ماناکەشی دەکەیت، زۆرجار خۆشیان نازانن واتای چییە، هەندێکجار دەڵێن: شاخێکە یان لادێیەکە لە تورکیا! وەک ئەوەی خۆمان شاخ و لادێمان نەبێت! یان دەڵێن: ناوی گوڵێکە لە یۆنان، یان هۆڵەندا، ڕوبارێکە لە ئەمەریکای لاتین! زمانی کوردی، فرە دەوڵەمەندە، چ پێویست دەکات بۆ ناونانی منداڵ پەنا بەرینە بەر ناوی بیانی! سەرنج بدەن، نەوەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان، چەند بە جوانی ناوی کوردانە و مانا جوان و شایستەیان لە منداڵ ناوە، چۆن لە سرووشتەوە ناوەکانیان وەرگرتووە و یاخود ستایش و گەشبینی لە ناوەکاندا ڕەنگیداوەتەوە، بەڵام ئێستا، نەک هەر بۆ ناوی منداڵ، بۆ شوێنی کار و گەڕەک و ستییەکانیش ناوی بیانی و بێ مانا بۆتە دیاردە!