شەڕی بەمۆدێلکردنی سەپاندنی زۆرینەی شیعەکان دژی نەیارەکانیان چەکەرەی کردوەو ئەوەش تەقینەوە گەورەکە نیە بۆ ئێستا، بەڵکو مەشق و ڕاهێنانی ئایدۆلۆژی مەتبەخێکی فاشیزمی مەزهەبی هەیە بۆ تەقینەوەی گەورەترو بە سێنتڕاڵکردنەوەی ئێراق لە ڕێگەی وەهمی توطين_الرواتب و هەژماری بانکی و نەوت و بودجەو لۆژیکی هێزو زۆرکردنی وەکیل و پڕۆکسیەکانیان لێرەو لەوێ، کە تەواوی گەمەکان حەشدو مەرجەعیەتی لەپشتەوەیەو کورد دەبێ بە وەزنی کارەساتەکانی سەیری ئەو دۆخە بکات.
چەمکی ئیمامەت و فۆڕمەڵەکردنی بڕیارە شاراوەکانی فەتوا شەرعییەکان بۆ ناو پرۆسەی سیاسی و دەزگاکانی دادوەری و قەزاو دیموکراسی زەنگی مەترسییە لەسەر کۆی ئیدارەدانی ئێراق و بە کورد ڕاناوەستێ، ئەو ململانێیە مێژوویەکی کۆنی هەیە بۆ زاڵکردنی دەسەڵاتی وەلائیەکان و کۆنترۆڵی جومگەکانی دەسەڵات، ئامانجەکە حاکمیەتی ڕەهایە لەدەرەوەی دەستورو هەڵبژاردن و دیموکراسیەت و ئازادی تاک. دەمێ ساڵە حەوزەی قوم و مەرجەعیەت لەژێر ڕابەرایەتی ویلایەتی فەقیهدا ئیش دەکەن و وردە وردە خەریکە وەک مۆدێلێک ئەو ڕوانگەیە دەسەپێنن، کوردەکان وەک هەرێمێکی دەستوریی و موقتەدا سەدر وەک مەرجەعێکی جیاوازو تاڕادەیەک بەرەی سوننەکان و سیادەو عەزم و محمد حەلبوسی ڕێگری ئەو خەونە بوون، ئێستا ئیتر لەمپەرەکان کەمبوونەتەوەو کڕینی وەلائی قەومی و وەهمی موچەدان و خۆتەسلیمکردنی هەندێک گروپ و مەندوبی نزمیش بابوەستێ.
ئەوەی مەترسییە بۆسەر قەوارەی دەستوریی هەرێم گەورەبوون و فراوانبوونی سات بەساتی هەژموونی دەستەی حەشدی شەعبیە، لە ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٤، ساڵی پار بە بڕی ٪٢٦ بودجەیان بۆ زیادکراوە بەشێوەیەکی خەیاڵی، لەگەڵ دامەزراندنی ١١٦،٠٠٠ هەزار کارمەندو سەربازی نوێ، ئێستا
ڕێژەکەیان هەڵکشاوە بۆ ٢٣٨،٠٠٠ سەربازی تفەنگ بەدەستی فیدایی و گوێقوڵاخ بۆ فەتوایەکی دینی و نەفیرعامێک دژی کوردستان لەکاتێکدا لە ٢٠٢٠ دا ڕێژەکەیان تەنها ٤٨،٠٠٠ سەربازی سادەبوون، برەودان بەو فەزا عەسکەری و لۆژیکەی دەوڵەتی قووڵی مەزهەبی گەورەترین مەترسییە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.
بودجەو یاساو دەستور، وەرەقەو تیۆرێکی وشک و بێڕۆحی بێمانایە لەبەردەم مەنزومەی عەسکەری و لۆژیکی داگیرکاریی و فاشیزمدا دەبێ کورد حسابی بۆ بکات لەگەڵ دۆستەکانی و ئەوەندە شوێن وەهمی دەستورو دیموکراسی و هەڵبژاردن و یاساو بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی نەکەوێت و نوقتەسەری دێڕ دابنێ، چونکە هێشتا ژێر پێی مناڵانی هەڵەبجەو ئەنفال بۆشایی زۆری تێدایەو جێگای زۆر یاساو بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی تێدا دەبێتەوە!