[کەماڵی نەفسی ژیربێژ]
کەماڵی نەفسی ژیربێژ لەوەدایە کە ئابڵووقەی هەموو ئەو شتانە دەدات کە دەکەونە حەوزەی هەنتەشی یەزدانییەوە پاک و بێگەردی بۆ ئەو- بە ئابڵوقەدانێکی ئەقڵانی سازیار لەگەڵ بوون لە خۆیداو نەخشێنراو بە سیمای بوون و تەواوی دەرکەوتنەکان کە لە ئاخێزی یەکەمەوە دەستپێدەکات و بە ئەقڵەکاندا تێدەپەڕێت و بە نەفسەکان دەگات و پاشان گەردوونەکان و توخمەکان و هەبووە چڤانەکان (المرکبات)و هەموو توانا مگێزی و ڕووەکی و ئاژەڵییەکان، پاشانیش نەفسی ئینسانی و پلەکانی تا بەرزدەبێتەوە و دەگاتەوە بە ئەقڵی وەگەڕخراو (العقل المستفاد).
جا ئەم هەبووە دەرکەوتووانە لە پەڕاوی نەفسدا بینا لەسەر ئاستی دەرکەوتنەکەیان جیاوازییان هەیە، هەندێکیان دەرکەوتنەکەیان گشتییە و هەشیانە سنووردار، بەڵام خودێتی هەموویان هەمان دەرکەوتنە نەک بەو شێوەی کە دەرکەوتنەکەیان زێدەباربێت بەسەر خودەکەیانەوە، بەڵکو هەمان خۆیەتی. هەر خۆیان خودگەلێکن داماڵڕاو لە ماددە، ڕۆحانین و هیچ تاریکاییەک ناتوانێ ڕووناکییەکەیان بشێوێنێت، ئەوانەیش بەم ڕیزبەندییە: خودای باڵانواڕ، فریشتە ڕۆحانییەکان، فریشتە نزیکەکان (الکروبیون) کە ناسراون بە نەفسە ئاسمانییەکان، پاشان نەفسە مرۆییەکان بە پێی ئاستی جیاوازی دەرکەوتنەکانیان.
جا ئەم سێ جیهانە لە هەمان کاتدا دەرکەوتوون لە خۆیاندا و بۆ دەرەوەی خۆیشیان، واتە هەم خودان درک و هستن [لە خۆیاندا و بۆ خۆیان، هەم بەوانی دییش]. جیسمەکانیش بینا لەسەر جیاوازی ئاستەکانیان لەخۆیاندا دەرکەوتوون، بەڵام بۆ خۆیان خۆیا و دەرکەوتوو نین، چونکە درک بەخۆیان ناکەن و هیچ شتێکیش بە خۆیایی ناچێتە هەنتەشیانەوە، مەگەر چۆنها و لە هەندێ دۆخی زۆر تایبەتدا نەبێ کە لە هەندێ لە تواناکاندا (القوی)هەیە کە بریتییە لە: ساویرەکان (الأوهام)، پاشان ئەو جیهانە نموونەییەی کە لە نا هەموو پێکهاتەکانی جیهانی جیسمەکاندا هەیە وەک توخمە گەردوونییەکان، نەفسەکان و هەروەها ئەقڵەکانیش، لێ دەرکەوتنەکانیان جیاوازە وەک ئاماژەمان پێدا.
جا ئەگەر [تۆ] خودەکەت، هەروەها گەوهەرە ئەقڵی و نەفسییەکان لە خۆیاندا بریتی بن لە هەمان دەرکەوتنی بەرچاو، دەرکەوتبەخۆ و دەرخەری ئەوی دیش بن؛ واتە بەو مانایەی کە لەواندا هەموو ئەوە دەردەکەوێت کە لە بووندایە؛ (هەڵبەت هەندێکیش لەو بوونەوەرانە لە پڕۆسەکەدان و خۆیان خەسڵەتێکی بەشەکی دەرکەوتنیان بۆ دەرەوەی خۆیان هەیە ئەگەرچی خۆیان بۆ خۆیان خۆیا و دەرکەوتوو نین)؛ خۆ ئەگەر ”خودەکەت” توانای گەمارۆدانی تەواوی دەرکەوتنە جیاجیاکانی دیکەی دا ئەوە [بزانە] لە سایەی بە کەماڵ گەیشتنی پیشەی حیکمەتەوەیە کە تێتدا بۆتە بەهرەی تەواو! لەم دۆخەیشدا هەر کاتێک بتەوێ بەرزفت و ئیشراف بکەیت بەسەر تەواوی بوونەوەرانی دیکەدا و بتەوێ بیانخوێنیەوە و خۆتیان پێ بنەخشێنیت –بە هەموو ئەوانەی کە لە جیهاندا هەیە- بەمە دەوترێ حیکمەت و گەیشتن بە حیکمەت؛ واتە: بەرچاوبوون و بەرهەستبوونی بوونەوەران بە زانینی بێ میانگیر و لە ڕێی شهوود و هزر و ساویرەوە، لە ناو دەرکەوتنەکانیشیاندا هیچ بەربەستێک یان پەردەیەک نامێنێت. بەمەیش بوونەکەی خۆت دەبینیت کە بە گشتەوە پەیوەست بووە و بە شێوەی بەرفراوان و بەبێ هیچ جۆرە سستی و لاوازییەک و بێ هیچ تەنگەبەرەیەک گەمارۆی تەواوی داوە، لە کاتی دەورەدان و تێگەیشتن لە هەر هەبوویەکیش هەست بە بەهیزی ئەو ئیدراکە بێ بنەتایە دەکەیت کە نیان و ڕۆحانی و بێگەردە، بگرە هەمان سەفا و دەرکەوتنی بێ بنەتایە، چونکە ناجیسمانییە!
لەو نیشانانەی کە بەڵگەن لەسەر توندی نیانییەکەت و توانای زۆری ڕۆحانیبوونەکەت ئەوەیە کە هەر هەبوویەک دێتە هەنتەشتەوە و درکی دەکەیت ڕێک دەبیت بە بەشێک لەو دەبیت بەو [دەبن بە یەک]- بە بێ هیچ پچڕانێک، تا وای لێ دێت ئەگەر شتەی درککراو لەو شتانە بێت کە خودان شێوەیە ئەوا [نەفس] دەچێتە شێوە و بیچمی ئەوەوە، خۆ گەر بابەتەکە ئەقڵی بوو ئەوا لەگەڵی یەک دەگرێت بە یەکگرتنێکی ئەقڵانی بە بێ هیچ جۆرە بنەتا و جەمسەرێک کە لە تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی جیسم و کۆت و بەندەکانیەتی، بگرە درکی هەبووە داماڵڕاوەکان هەمان دەرکەوتنیانە بۆ نەفس، واتە: ”دەرکەوتن و خۆیابوونی ڕەها” ئەمەیش ڕێک هەنتەشبوونی ئەقڵی و کاریگەری ڕۆحانییە، لەم پڕۆسە ئیدراکییەشدا ”بەئاوەز و بەرئاوەز و ئاوەز” (عاقل و معقول و عقل) هەر یەکن، یان نزیکن لە یەکەوە.