“پرسیار لەمەڕ بایەخی جوگرافیای زمان لەسەردەمی جیهانگیریدا”
زمان بەشێکە لە شوناس و ڕووحی نەتەوە و وزەی بزوێنەری شارستانیەتەکەی. تێگەیشتن لە زمان، سەکۆ و دەلاقەی ناساندنی خود و گەڕانەوەیە بۆ بەگرنگی زانینی پاشخانە کەلتوری و فەرهەنگیەکانی هەر نەتەوەیەك لە جیهاندا.
لە ئێستادا مرۆڤ بۆ ئەوەی مێژوەکەی لێ ون نەبێت چوارچێوەی جوگرافیاکەی لێ نەشێوێت پێویستی بە سنور نییە بەڵکو پێویستی مەنفەزێکە بۆ دواندن و زمانێکە بۆ گۆکردن. چوون مرۆڤ کاتێک هەست بە غەریبی دەکات هاوزمانێکی شک نەبات گفتوگۆی لەگەڵدا بکات. زمانێک، شێوەزارێکی دەست نەکەوێت بۆ دۆزینەوەی ڕایەڵەکانی پەیوەندیەکانی بە دەوروبەرییەوە.
پرسیار لەمەڕ جوگرافیا لە دونیای نوێدا تەنها لە چوارچێوەی چەند بابەتێکی دیاریکراوی وەک ئاوهەوا و تۆبۆگرافیا و باکور و باشور و…هتدا ڕەنگڕێژ نابێت. هەرچەندە ئاوهەوا ڕۆڵ دەبینێت لە گواستنەوەی زمان بەو مانایەیی کاتێک دۆخێکی سروشتی وەک زۆر دابەزین یان نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنێت ناچار بە کۆچکردن و جێهێشتنی سنورە جوگرافیاتەقلیدیەكەی خۆی دەکات و زمانەکە و توخمە بەکارهێنەرەکانی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ جوگرافیا و ناوچەیەکی دی. یاخود لە کۆندا پێش بە شەپۆلەکانی باهۆزی جیهانگیری، تۆبۆگرافیا نەک تەنها ببوو بە زیندانی و لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا زۆر وڵاتی مۆڵدابوو. بەڵکو زۆر وڵاتیشی لەپەراوێزی شارستانیدا هێشبوەوە.
ڕەنگە لە ئەمڕۆدا ڕۆڵی جوگرافیای زمان تەنها لەوەدا قەتیس نەبێت کە جوگرافیا تەنها ئەرکی تۆخکردنەوەی سنور و چەسپاندنی نەخشەی دابەشبوونی زمان و شێوەزارەکان بێت لە نێوان دەرخستنی شوناسی نەتەوەكان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.
بەڵکو لەسەردەمی مۆدێرندا، بەجیهانی بوون، وەک تابۆشکێنێک، سنوری نێوان ستراکتۆرەکانی زانستە جیاوازەکانی لەمەڕ لێکۆڵینەوە لە بابەتی زمان لەیەکتر نزیکتر کردوەتەوە. ئەمە بەهانەیەکی پۆزەتیڤە بۆ دروستکردنی پەیوەندی و سڕینەوەی بەستەڵەکی نێوان زانستە جیاوازەکان.
وەلێ دەتوانین ڕۆڵی جوگرافیا سەبارەت بە زمان پەیوەست بکەین بە کۆنتاکت لەگەڵ زانستەکانی تر لە زۆر ڕەهەندی جیاوازەوە، باسکردن لە خاڵە هاوبەش و خاڵە جیاوازەکانی جوگرافیا و کۆمەک وەرگرتن لە زانستەکانی تر، کایەیەکە ڕۆشنایی زیاترمان پێدەبەخشێت سەبارە بە لێکۆڵینەوە و کارکردن لەسەر زمان. بە نموونە بۆ زانینی شێوازی ڕێزمان و داڕشتنی ئەدەبی هەر نەتەوەیەك سوود لە زانستی زمان و بۆ ساغکردنەوەی بوونی زمان و کردنەوەی گرێکوێرە و کودەکانی زمان و ئاوڕدانە لە ئاخێوەرانی کۆمەکی لە مێژوو وەردەگرین. بۆ پرسیارکردن لە چیەتی زمان و شیکردنەوەی تەونە چنراوە ئاڵۆزەکانی زمان و شکاندنی کۆدەکانی، سوود لە فەلسەفە و بۆ کۆمەڵگە و گرۆی بەکارهێنەرانی سوود لە کۆمەڵناسی. بۆ پەرەپێدان بە سیاسەتی زمانەوانی و بە ئیمپراتۆری کردنی زمان سوود لە سیاسەت و بۆ شێوازی نزا و سروت و پەیوەندی یونڤێرساڵی و موتەعالی و بەرزکردنەوەی وزەی ڕوحی سوود لە ئاین…هتد. وەردەگرین.
جیالەوەش پێگەی جوگرافیا لە سەردەمی مۆدێرندا بەریەککەوتنە لەگەڵ فێرژنە نوێیەکانی میدیا و تەکنەلۆژیا. کارکردنە لەسەر نەک تەنها مۆركی دابەشبوونی زمان، بەڵکو جەخت کردنەوەیە لەسەر هۆیەکانی دروستبوونی جیاوازی دابەشبوونەكە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا لەڕووی گۆکردنەوە و زانینی زیندوویەتی و قودرەتی مانەوەی زمانە لە بەرامبەر توندی ڕەشەبا و گێژەڵۆکەکانی جیهانگیری لەسەر نەخشەکانی دابەشبوونی زمان و پۆلێنبەندی ژمارەی بەکارهێنەرەكانیەتی.
هەروەها جوگرافیا لە ڕێگەی جوگرافیای کەلتوریەوە و شیکردنەوە بۆ زمان دەکات و نیگاكان دەباتەوە لای ئەنترۆپۆلۆژیا، ئەگەرچی زمان بە یەکێک لە توخمەکانی کەلتور دادەنرێت و كەلتوریش یەكێكە لە پایە و كیڵگەكانی لێكۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژیەكان.
سەرباری ئەوەی جوگرافیای دەقیش وەک ئەتمۆسفیرێک زمان بەکاردەهێنێت بۆ تەفسیرکردنی سنور و ڕوبەری بەکارهێنانی و گوزارشتکردن و دیاریکردنی سیاقی ماناکانی دەق.
وەلێ پرسیار لەمەڕ رۆڵی جوگرافیا لەسەردەمی جیهانگیریدا تەنها بە دیوە پۆزەتیڤەكەی جیهانگیریەوە ناوەستێت بەڵكو پەردە لەسەر دیوە نێگەتیڤەکەی جیهانگیری هەڵدەداتەوە و لەو ڕوانگەیەوە نەقدی جیهانگیری دەكات كە جیهانگیری کارکردنە بۆ بە ئیمپراتۆریەت کردنی زمانی باوی فەرمانڕەوای حاکمی جیهان و شێلگیرە لەگەڵ مۆنۆپۆڵكردن و سەپاندن و بەمۆدکردنی کەلتور و فەرهەنگەکەی و سڕینەوەی کیانە زمانییە بچوکەکان و توانەوە و لەناوبردنی جۆراوجۆریەتی زمان و شێوەزار و فەرهەنگی نادری زۆر نەتەوەی ژێردەستەیە. لەڕێگەی زۆرهۆکاری وەک کۆڵۆنیالیزەکردن و میدیا و تەکنەلۆژیاو…هتد.
لێرەوەڕا.. پەیوەندی نێوان جوگرافیا و کایە جیاوازەکان بە زمانیشەوە پەیوەندیەکی سوودگۆڕکێیە و دەرگا لەسەر شیکردنەوە بابەتیەکان دەکاتەوە. دواجار ئاوێتەبوونی زانستە جیاوازەکان و ڕۆڵپێدان و کەشفکردنی پەیوەندیەکانیان، دەبێتەهۆی گەشەپێدانی بیر و دیدی نوێ، جیالەوەی داهێنان دەخولقێنێت و ژینگەیەکی لەبار بۆ لێکۆڵینەوە زانستیەکانیش فەراهەم دەکات.