“ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی و ژن و سه‌بایاکانی”
ئه‌سته‌مه له هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کمان بۆ ده‌قه پیرۆزه‌کان ده‌لاله‌تێک له ژن بدۆزینه‌وه که گرێی نه‌دات به گوناه و چێژه‌وه، یان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان هه‌ڵینه‌پێکێت به ئاوه‌ز و ئه‌قڵێک که جۆرێک نوقسانی و که‌م و کورتیی تێدایه. ئه‌گه‌ر به ویژدانه‌وه قسه بکه‌ین ئه‌مه هه‌ر ده‌قه پیرۆزه‌کان ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو به شێوه‌یه‌ک له به‌شێک له ئه‌فسانه و ئوستووره‌کانیش که ده‌کرێت وه‌کوو پێناسه‌یه‌کی میتافیزیکی-میتۆلۆژیکاڵ بۆ دنیا چاوی لێ بکه‌ین، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌م پێناسه و گێڕانه‌وانه له نه‌ته‌وه و کو‌لتوورێکه‌وه بۆ نه‌ته‌وه و کولتوورێکی دیکه جیاواز بێت به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی زۆر و له حاڵه‌تی زاڵدا به ده‌وری ئه‌و دوو چه‌مکه واته گوناه و چێژدا ده‌خولێنه‌وه، ناتوانین نکۆڵیکاری ئه‌وه بین له به‌شێک له ئه‌فسانه و ئوستووره‌کاندا ژن ڕۆڵی بکه‌ر و به‌شدراویشی پێداراوه و وه‌کوو کان و مه‌عده‌نێک له ژیان هێنراوه‌ته ناو کایه‌که‌وه، نموونه‌ی ئه‌م ئاماده‌گییه دوو فاقییه هه‌م له حیکایه‌ت و ئه‌فسانه کوردییه‌کان (کۆکراوه‌ی م.ب. ڕوودینکۆ، تاران، بڵاوگه‌ی آگه)دا هه‌یه و به‌تایبه‌تیش له ئه‌فسانه‌ی شاماراندا. به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌وانه‌ش له گۆشه‌نیگای مرۆڤه‌وه (نه‌ک ژن یان پیاو واته نه له سۆنگه‌یه‌کی پیاوانه‌وه و نه له سۆنگه‌یه‌کی ژنانه‌وه چاو له ئه‌کتیڤ یان پاسیڤبوونی کارئه‌کته‌ر و ئاماده‌گی ژن بکه‌ین به‌ڵکوو له ده‌ره‌وه‌ی سه‌پێنراوه پیاوانه‌یی و ژنانه‌ییه‌کان واته له چوارچێوه‌ی پێوه‌رێکی یه‌کسانبینی مرۆیی‌دا و وه‌کوو بوونه‌وه‌رێک به تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌وه بڕوانین لێی).
قورسایی پێگه‌که به‌ره‌و لای لاوازی و درزیی ژندایه، هه‌موو ئه‌فسانه‌کانی ئافراندن به ئێمه ده‌ڵێن ژن گوناهکار و فریوده‌ری یه‌که‌مینه و ئه‌و ئاده‌می خسته داوی تامکردنی میوه‌ی قه‌ده‌غه‌کراو و پیلانه‌کانی ئه‌هریمه‌نه‌وه، دیاره ئه‌فسانه‌کانی ئافراندن مه‌به‌ست لێی زیاتر دینه ئیبراهیمییه‌کانه. ئه‌مه شتێكی سه‌یر نییه وێنایه‌ک که له حه‌ماسه‌ی گیلگامێش(چه‌ند هه‌زار ساڵ پێش زاین)دا له ژن خراوه‌ته ڕوو به تۆزێک په‌لوپۆکردن یان په‌لوپێدانه‌وه له ده‌قه کاریگه‌ره پیرۆز و ناپیرۆزه‌کانی دواتردا دووپات بووبێته‌وه، بۆ نموونه کاتێک ئه‌نکیدۆ له ئاسمانه‌وه داده‌به‌زێت تاکوو به ده‌م هانا و نزای خه‌ڵکه‌وه بێت و ڕووبه‌ڕووی گیلگامێشی ده‌سدرێژیکار و سته‌مکار بێته‌وه، ئه‌نکیدۆ به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان هاوتا دژه‌که‌ی گیلگامێشه، ئه‌و گیلگامێشه‌ی که دوو له سێی له شێوازی خودا و یه‌ک له سێی مرۆڤ بووه، ئه‌نکیدۆ وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی دڕنده‌ی کێوی ده‌رده‌که‌وێت، دواتر به حیکمه‌تی زانای شاری ئورووک شامهات وه‌کوو سۆزانییه‌کی مه‌عبه‌د واته سۆزانییه‌کی ئایینی یان وه‌کوو هاتووه سۆزانیی پیرۆز، یان هه‌ر ناوێکی دیکه ڕاده‌سپیردرێت بۆ که‌ویکردن و به‌مرۆڤکردنی ئه‌نکیدۆ. له‌م به‌شه‌ی گیلگامێشدا ڕاسته جه‌سته‌ی ژن وه‌کوو هێزێکی ڕامکه‌ر و که‌ویکه‌ر له هه‌مبه‌ر دڕندایه‌تی به‌کار هاتووه، و ڕاسته هه‌ر ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ش هه‌بووه که ئه‌م کاره له ده‌ره‌وه‌ی یاسا و نۆرمه باوه‌کانه، به‌ڵام چونکه بۆ مه‌عبه‌د و شوێنی پیرۆز ده‌کرێت که‌واته کێشه‌ی نییه و ته‌نانه‌ت ده‌بێت وه‌کوو ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکێکی پیرۆزیش چاوی لێ بکرێت، به‌ڵام یه‌کێک له گرینگ‌ترین شته‌کان که له‌م ڕه‌وته و له‌م ئه‌فسانه ئایینی و غه‌یری ئاینییانه‌دا به نیسبه‌ت ژنه‌وه پشتگوێ خراوه به‌کارهێنانی جه‌سته‌یه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی بیرکردنه‌وه و بڕیاره‌کانی خۆی، بێگومان ئێمه ناتوانین چاوه‌ڕوانیمان له شاهماتی چه‌ند هه‌زار ساڵ مه‌مه‌وبه‌ر بێت که ناڕه‌زایی ده‌ربڕێت و بڵێت من چۆن جه‌سته‌م وه‌کوو ئامراز به‌کار ده‌هێنم تاکوو دڕنده‌یه‌کی نه‌ناسراو و نامۆ که‌وی بکه‌م و بیگرمه خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی شاری ئورووک، چونکه خودی شامات و ئه‌و پێکهاته له به‌هاکان و سیسته‌م و هه‌رچییه‌ک ئه‌و جیهانه‌ی پێکه‌وه ناوه و پێناسه‌ی کردووه، ڕۆڵێکی به‌ناوی سۆزانیی پیرۆزی مه‌عبه‌د به‌و کارئه‌کته‌ر یان که‌سایه‌تییه داوه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه زۆر چێژیشی لێ وه‌ربگرێت و پێشی شادومان بێت.
که‌واته له‌و سه‌رده‌مه واته له زیاتر له دوو هه‌زار ساڵ پێش زاین ئاوه‌ها وێنایه‌ک بۆ ژن له چوارچێوه‌ی جه‌سته واته هه‌مان چێژدا دیاریکراوه، ئه‌م وێنه ئه‌فسانییه نه‌ک ته‌نها له کتێبه پیرۆزه‌کاندا به‌ڵکوو له فولکلۆر و به ده‌ربڕینێکی دیکه ده‌قه که‌لتوورییه‌کانیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، فولکلۆری کوردیی پڕه له‌و مه‌دح و ستایشه ئیرۆتیکی و نازکێشانانه‌یه‌ی که ژن تا ڕه‌چه‌ڵه‌کی خواژنه جۆراوجۆه‌کانی جیهانی که‌ونارا له چێژ و خۆشه‌ویستیدا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. ئه‌مه‌ی که ده‌ڵێم چێژ مه‌به‌ستم هاوکات گوناهیشه، چێژ ده‌رکه‌وته جه‌سته‌ییه‌که‌ی گوناهه و ئاوسه به پێناسه‌کردنی گوناه، هه‌ر وه‌کوو چۆن خۆشه‌ویستیش وایه، واته له‌م کۆنتێکست و زه‌مینه‌یه‌دا کاتێک باسی چێژ ده‌که‌ین هاوکات باسی ژن و گوناه و کۆمه‌ڵێک مه‌دلوولی دیکه‌ی ئایدۆلۆژیکی ئایینی و ئه‌خلاقی ده‌که‌ین که هیچ پێگه و جێگه‌یه‌ک بۆ ژن وه‌کوو به‌شێک له‌م پرۆسه‌یه قائیل نین و بڕیاره‌کان له سه‌ر ژن و جیهانه‌که‌ی هه‌میشه له‌و بنکه به‌رزانه‌وه دێن که ژن به هاوده‌ست و هاوکاری ئه‌هریمه‌نی ئه‌زه‌لی و هاوتا و هاکێشی گوناهـ و چێژ ده‌زانن.
دیاره له‌و داڕشته سه‌ره‌تاییه‌ی کارئه‌کته‌ری ژن له ده‌قی گیلگامێشه‌وه بۆ ده‌قه پیرۆزه‌کان و دواتر به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان و فۆرم و پێکهاته کو‌لتوورییه جۆراوجۆره‌کانی ئێسته گۆڕانکاریی ئاڵۆز و جۆراوجۆر هاتووه‌ته ئاراوه؛ گۆڕانکاریی هه‌م به باره ئه‌رێنییه‌که‌یدا و هه‌م به باره نه‌رێنییه‌که‌شیدا، هه‌م ده‌مامکی نوێی به به‌ردا کراوه و مه‌کیاج کراوه و هه‌میش لک و پۆپی بۆ زیاد کراوه. بۆ نموونه ئێمه که له کۆمه‌ڵگایه‌کی که‌م خوێنده‌واری ئیسلامی‌دا گه‌وره بووین و به به‌ها ئیسلامییه‌کان گۆش کراوین، هه‌میشه ڕێز و که‌رامه‌تی خۆمان نه‌ک ته‌نها به‌پێی ئامۆژگارییه دینییه‌کان به‌ڵکوو به‌پێی به‌ها نه‌ریتییه باوکسالار و پیاوسالارانه‌کانیش، هه‌ر پاراستووه و ئه‌مه ئێسته هه‌م به‌شێکه له وشیاریی و خودئاگایی ئێمه و هه‌میش وه‌کوو کارێزێک ناوشیار و گیانمانی ته‌نیوه و حورمه‌ت و که‌رامه‌ت بۆ ژن له هه‌ر شتێکی دیکه بۆمان گرینگتره. به‌ڵام به‌هۆی هه‌ر ئه‌و که‌م خوێنده‌واریی یان نه‌خوێنده‌وارییه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه یان به‌هۆی به‌شێک له کایه‌ی چاوبه‌ستکاری ئیسلامی سیاسی و گوتاری ئایینی و دیزه‌به‌درخۆنه‌کردنی مه‌لا و مامۆستایانی ئایینی و به‌م شێوه‌یه‌ش ئیستیغلالی کۆمه‌ڵکردن ئه‌وا به‌شی هه‌ره زۆری موسڵمانان به نه‌خوێنده‌وار و خوێنه‌واره‌وه ئه‌و ڕوانینه‌ی که ڕه‌وتگه‌لێکی ئایینی وه‌کوو داعه‌ش، ئه‌لقاعیده، بوکوحه‌رام، کۆماری ئیسلامی و ده‌یان وڵاتی دیکه‌ی موسڵمان بۆ ژن هه‌یانه و له مێژووی ئیسلام و ده‌قه پیرۆزه‌کاندا به‌شیوه‌یه‌ک له شیوه‌کان هه‌ڵگۆزراون نه‌زانن، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا شه‌پۆلێک له ڕۆشنگه‌ریی دینی که یه‌کێک له پێویستترین شه‌پۆله‌کانی وشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و له‌دایکبوونه‌وه و “ڕینسانس”ێتی که‌وتووه‌ته گه‌ڕ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵیک به‌ریه‌ککه‌وتن و په‌لاماری ناخۆش و ناته‌ندروستی دوو گوتاری ئایینی و غه‌یری ئایینی به‌دوای خۆیدا هێناوه، به‌ڵام له دواجاریشدا به‌ره‌و ڕه‌خنه و ڕۆشنگه‌ریی ده‌چێت، ڕاسته له یه‌که‌م ده‌رکه‌وتندا ڕه‌نگه به‌شێکی زۆر له ئێمه به ده‌مارگرژییه‌وه ڕووبه‌ڕووی ڕاستییه‌کان ببینه‌وه و قبووڵی ئه‌و ڕاستیی و حه‌قیقه‌ته مێژوویانه نه‌که‌ین چون دینه‌که‌مان لامان دینێکی پیرۆزه به‌ڵام ورده ورده ئێمه ناچار ده‌بین ئه‌م هه‌موو فاکتۆر و به‌ڵگانه قبووڵ بکه‌ین و، له دواجاردا بیریان لێ بکه‌ینه‌وه و ئه‌م بیرکردنه‌وه یان به‌ره‌و گۆڕانی جیهانبینی بمانبات یان ڕه‌خنه‌کردن و چاکسازی ڕوانگه و جیهانبینیمان و له هه‌ر حاڵه‌تدا هه‌ر ده‌سکه‌وت و گه‌شه‌یه.
یه‌کێک له‌و نموونانه ئه‌وه‌یه که هه‌ر له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌و مشت و مڕ و مقۆمقۆ به‌رده‌وامه‌ی نێوان ئایین و ڕه‌خنه‌گرانیان ده‌رکه‌وت و له زاری بانگخوازان و مه‌لایانه‌وه ئاشکراتر کرا ئه‌وه بوو که پێغه‌مبه‌ری خودا(د.خ) چه‌ندین که‌نیزی هه‌بووه و، که‌نیز وه‌کوو بابه‌تێکی ئاسایی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی موسڵمانان به‌تایبه‌تی له کاتی شه‌ڕ و غه‌زوه‌کاندا بووه، ئه‌گه‌ر ئێسته ئه‌مه به پیره‌پیاو و پیره‌ژنه نه‌خوێنده‌واره موسوڵمانه‌کانی گوند یا شاره‌کانی کوردستان بڵێی به‌ڕاده‌یه‌ک جێگه‌ی باوه‌ڕ نییه بۆیان، له‌وانه‌یه ڕووبه‌ڕووت ببنه‌وه و قسه‌شت پێ بڵێن، من له سه‌ر ئه‌مه قسه ناکه‌م که هۆکاره‌کانی ئه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه له به‌کاڵاکردنی ژن له‌و سه‌رده‌مه‌دا و له ناو مه‌کینه‌ی جه‌نگه‌کاندا چییه و چۆنه، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا داعه‌ش نموونه‌یه‌کی ته‌وا زیندوویه له‌و ڕۆژگاره‌ی که له زیاتر له هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ پێش ئێستا له ده‌قه پیرۆزه مێژوویی و ئاسمانییه‌کاندا باسی کراوه، دانپێدانانه‌کانی “ئه‌سما محه‌مه‌د” وه‌کوو یه‌کێک له ژنه‌کانی ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌ی جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه که ناتوانن قووڵایی ئه‌و کاره‌ساته‌ی پێناسه‌کردنی ژن وه‌کوو چێژ و گوناهـ به‌دی دێنێت ببینن، من ئه‌م کاره‌ساته‌م زیاتر له ده ساڵ پێش ئێستا له کتێبی ئافاتی(چاپی یه‌که‌م، 1993) مامۆستا “شێرکۆ بێکه‌س” و به تان و پۆی شیعر وێنا کردووه و تانوپۆیه‌ک که هه‌ڵقوڵاوی خوێندنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی له ئایین و ده‌قه پیرۆزه‌کان بووه.
هه‌روه‌ها خودی دانپێدانان و سه‌رگوزشته و حه‌دیسه‌کان ئه‌مه‌مان بۆ ده‌خه‌نه ڕوو به‌ڵام پێویستیه شوێن-کاتییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه بۆ ئه‌و بابه‌ته هیچ کات ته‌وه‌رێک نه‌بووه مامۆستایان و بانگخوازه‌کان ته‌نانه‌ت بیریان به لایشیدا بڕوات، یه‌کێک له‌و قسانه‌ی ئه‌سما محه‌مه‌د کردوویه‌تی ئه‌مه‌یه که داعه‌ش ده‌وڵه‌تی ئیسلامی نه‌بوو به‌ڵکوو ده‌وڵه‌تی ژنان بوو، دیاره پاشخانی به‌تاڵ و بۆشی ئه‌و ژنه‌ی ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی و سیسته‌مێک له زمانه‌وانیی که له مێشکیدا بیچمی گرتووه نه‌یوێراوه یان نه‌یتوانیوه که بڵێت ده‌وڵه‌تی سێکس و چێژ نه‌ک ده‌وڵه‌تی ژنان، چونکه ده‌وڵه‌تی ژنان له ده‌لاله‌ته ئه‌مڕۆییه‌که‌یدا زایه‌ڵه و مه‌دلوولێکی تاڕاده‌یه‌ک ئه‌رێنی و ژن ته‌وه‌رانه‌ی هه‌یه نه‌ک ژن به کاڵاکه‌رانه، که‌واته به ئاسانی ده‌توانین بڵێین “ئه‌سما محه‌مه‌د” له سه‌ر شاشه‌کان ته‌نها ڕۆڵیکی مه‌سڵه‌حه‌تی له شکستێکی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌ته ژنه‌که‌ی خۆی و مێرده‌که‌ی ده‌گێڕێت، جیاواز له‌وه‌ی به پێی قسه‌کان ئه‌و خۆی ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی له دابه‌شکردنی سه‌بایه‌کانی ئێزید‌ی به سه‌ر به‌غدادیدا هه‌بووه، وه‌کوو باس ده‌کرێت به‌غدادی خۆی چوار ژنی هه‌بووه، ژنی سێهه‌می ته‌مه‌نی 14 ساڵ بووه، له پاڵ ئه‌و چوار ژنه‌دا 9 بۆ 10 سه‌بایه‌ی هه‌بووه که هه‌موویان ئه‌و کچه منداڵه ئێزیدیانه بوون که داعه‌ش له په‌لاماردانی سنجاردا گرتوونی و وه‌کوو که‌نیزه یان کۆیله‌ی سیکسی به‌کاری هێناون، یه‌کێک له سه‌بایه‌کانی ته‌مه‌نی 12 ساڵ بووه، ئه‌وانیتریشیان هه‌ر ته‌مه‌نیان خوار بووه، بێگومان ئه‌م کۆیله‌کردن وکۆیله‌په‌روه‌رییه به بێ سه‌رچاوه‌ی ده‌قی پیرۆز نایه‌ته ئاراوه، به‌ڵام ده‌بێ بپرسین ئه‌م تاقانه ڕیگه‌یه که ده‌قی پیرۆز له‌و چرکه‌ساته‌دا ده‌یخاته ڕوو؟ یان جگه له ده‌قه‌که کۆمه‌ڵێک میکانیزم وهۆکاری دیکه‌ش به‌شدارن؟
به هه‌رحاڵ ڕه‌وایه بپرسم ئایا ئامیان و هه‌وێنی خوێندنه‌وه بۆ ئه‌م کرده‌وه‌یه له ده‌قی پیرۆزدا هه‌یه یان نا و یان ته‌نها ڕوانگه‌ی ئیسلامی سیاسی و سیسته‌مێکی خه‌لافه‌تی جێگومانی وه‌کوو داعه‌ش پێڕه‌وی ده‌کات و خۆی وه‌ها خوێندنه‌وه‌یه‌ک ڕۆده‌نێت و به زۆری زۆرداری به سه‌ر ده‌قه‌کاندا ده‌یسه‌پێنێت؟ ئه‌وه بابه‌تێکه به‌ر له هه‌ر شتێک نه‌ک مه‌لا و بانگوازه ڕادیکاڵ و ده‌مارگرژه‌کان به‌ڵکوو ده‌بێت توێژه‌ران و ڕۆشنبیرانی بێلایه‌ن و خاوه‌ن لۆژیکی زانستی ئیشی له‌سه‌ر بکه‌ن، به‌ڵام به‌ش به‌حاڵی خۆم وه‌کوو ژنێک واتێده‌گه‌م هه‌وێنی ئه‌م به‌کۆیله و که‌نیزکردنه له چه‌قی ڕووداوه‌کان و ده‌قه‌کانی سه‌رده‌می ئیسلامدا هه‌یه و له ئه‌فغانستان و ئێراق و سوریای سه‌رده‌می داعه‌ش و هه‌ندێ وڵاتی موسڵماندا هه‌بووه و هه‌یه و بگره به شێوه‌ی شاراوه و نهێنیش هه‌ر ئه‌م سیسته‌مه پێڕه‌و بکرێت، سه‌رێکی دیکه‌ی ئه‌م به‌کاڵاکردن و به که‌نیزه‌گرتنه که له چێژدا خۆی یه‌که‌مجار به‌رجه‌سته ده‌کات هه‌ر وه‌کوو وتم گوناهه، واته به‌م شێوه‌یه هه‌م پێگه‌یه‌کی ئۆبژه‌کراو و به‌رکاریان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن که ژن له سه‌ر ڕه‌واترین و زه‌قترین بوونی خۆی که جه‌سته‌یه‌تی هیچ ده‌سه‌ڵات و بڕیارێکی نه‌بێت و بوونی ژن ببێت به سه‌رچاوه‌یه‌کی چێژ بۆ به‌دیهێنانی خواسته سیکسیی و ئاره‌زووه شه‌هوانییه‌کانی پیاو و هه‌میش ئه‌و ناوه‌ند و کانه‌ی گوناهـ که جه‌سته‌ی ژنه ڕام و که‌وی بکرێت، له ڕاستیدا ئه‌مه جه‌وهه‌ری هه‌موو ئه‌و سیسته‌مانه‌یه که به پله‌ی یه‌که‌م پیاو دایڕشتوون و ده‌قه‌کانیشیان بۆ به‌رهه‌م هێناوه ئیتر چ ئه‌و ده‌قانه میتافیزیکی و ئایینی بن یانژی ئه‌ده‌بی و ئوستووره‌یی، به هه‌موو ئه‌مانه‌وه من هه‌ڵوێستی زۆر ڕۆشنبیری عه‌لمانی و ڕه‌خنه‌گرم به‌لاوه سه‌یره که به ڕۆحیه‌تێکی پارێزخواز و کۆنسێرڤاتیڤه‌وه به جۆرێک قسه ده‌که‌ن وه‌کوو ئه‌وه وابێت ئه‌م به‌که‌نیزه‌کردنه ته‌نها و ته‌نها به‌رهه‌می تێڕوانینی هه‌ندێ گرووپی وه‌کوو داعه‌ش بێت و ده‌قه‌کان خۆیان ئه‌و زه‌مینه‌یه‌یان نه‌داوه به ده‌سته‌وه که ئه‌م سیسته‌مانه لێیانه‌وه له‌دایک بن، له ڕه‌خنه‌کردن و ڕۆشنگه‌ریدا ده‌بێت ئێمه ڕاشکاو و ڕاستگۆ بین و کایه زمانی و زمانبازییه‌کان جگه له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دۆخی هه‌نووکه و ڕاگرتنی دڵی ئه‌م گوتاره‌که و ئه‌و گوتاره‌که هیچ سوودێکیان نییه. له حاڵێکدا بۆ هه‌ر جۆره گه‌شه و چاکسازی و گۆڕانێک ئێمه پیویستمان به گوتار و دیالۆگی ئالنگاری ساز هه‌یه نه‌ک ئه‌وه‌ی قسه‌ی چه‌ندگۆشه و توێکڵداری وه‌ها بکه‌ین که هه‌م عیلمانییه‌کان ڕازی که‌ین و هه‌میش ئیسلامییه‌کان نه‌یه‌نه ده‌نگ لێمان و هه‌میش فیگۆری دیموکراسی‌خوازی و ڕێزگرتن له مافی ژنان له خۆماندا به‌رجه‌سته که‌ین، کێشه‌ی جه‌وهه‌ریی گوتاری ڕۆشنگه‌ریی ئێمه ئه‌وه‌یه ناپه‌رژێته سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی که له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌وانه‌دا به‌عسیزم و داعه‌شیزم و تاڵه‌بانیزم له‌دایک بوون و ده‌بن.