لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، بەتایبەت لە دەیەی هەشتاکاندا، نووسین بە ناوی خوازراوەوە، یەکێک بووە لە دیاردەکان. هەڵبەت (خۆ نەناساندنی خاوەن بابەت) دوو جۆرە:-
– ناوەڕۆکی بابەتەکانیان، ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕێکی ڕامیاری بووە، لەبەر باردۆخی ئەوکاتە، وا پێویستی کردووە، بەناوی خوازراوە یاخود بە نووسینی پیت لە جیاتی ناوی نووسەرەکە، بابەتەکانیان بنێرن بۆ گۆڤار و ڕۆژنامەکان، بە تایبەت ئەو گۆڤار و بڵاوکراوانەی لە شاخ چاپ و بڵاودەکرانەوە، نووسەرەکان لە شارەکان و لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمدا بوون. لەبەر سەلامەتییان، مافی خۆیان بووە، خۆیان ئاشکرا نەکەن.
یاخود هەنديکجار لە شیعر و چیرۆک و شانۆگەریدا، باسی شۆڕش و بەرگری و ڕاپەڕین و شەهید و داگیرکەریان دەکرد، بۆ ئەوەی تووشی سەرئێشە و بێنەو بەردەی دەزگا ئەمنییەکان نەبن، یاخود بابەتەکانیان لە ژێر دەستی لیژنەی سانسۆر تێبپەڕێت و ڕەزامەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەربگرێت، ئاماژەیان بە کێشەی فەلەستین و فێتنام… دەکرد، ئەمەش بیانوویەکی باش بووە، هەم بۆ خۆدەربازکردن و هەم بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان.
-نووسین، لەسەر بەرهەمی نووسەرانی تر، بەناوی خوازراوەوە، بەتایبەت لە بواری ژانەرە ئەدەبییەکاندا، چ لە میدیایی ئەلکترۆنی بێت یاخود کاغەزی، دیاردەیەکی ناشیرین و نا پەسەندە؛ بۆ دەبێت کە ڕەخنەت هەبێت لەسەر بەرهەمی نووسەرێک، ئەوەندە جەرائەت و ئازایەتیت تێدانەبێت بەناوی خۆتەوە و بە ئاشکرا ڕای خۆت بڵێیت؟! کەسێک کە دەزانێت نووسەرێک بە هەڵەدا چووە و بابەتەکەی کەم و کوڕی تێدایە، ئەگەر مەبەستی گفتوگۆی مژاری ئەدەبییە، بۆ بە نهێنی و بەناوی خوازراوەوە لەسەری دەنووسێت؟! پێویستە بە ئاشکرا قسە بکات و بەرگری لە بیر و ڕا و بۆچوونەکانی خۆی بکات، ئەگەر خۆیی ئاشکرا نەکات، لە دوو حاڵەت بەدەرنییە:
بڕوای بە بۆچوونەکانی خۆیی نییە، وەک بابەتێکی سەرپێی قسەیەکی فڕێداوە، ئیتر مەبەستی نییە قسەکانی تا کوێ بڕ دەکەن و چ ئامانجێک بەدیدێنن، لەوەش دەترسێت کاتێک وەڵامیان دایەوە، وەڵامێکی لۆژیکی بێت و سەرلەبەری بۆچوونەکانی ئاوەژوو بکەنەوە، لەم حاڵەتەشدا، خۆی ناکات بە خاوەنی و کەس نازانێت کە لەگەڵ ئەمیانە. وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت: زانیت ئەزم، نەتزانی دزم.
یان، بابەتەکەی توند و زبرە و پێی شەرمە بە ناوی ئاشکرایی خۆیەوە ئەو گێچەڵە بکات، لە کاتێکدا شەرم ئەوەیە: ئەو قسەیەی نەتوانیت لە بەرەو ڕوو بیڵێیت؛ لە پاشملە بیڵێیت؛ شەرم ئەوەیە، کە مرۆڤ (دوور لە ڕووی خوێنەر) دوو ڕوو بێت.
لە دەیەیی ڕابردوودا، بەهۆی بەکارهێنانی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەم دیاردەیە لە سۆشیاڵ میدیادا، زۆر بە خراپتر بەردەوامی هەیە، لە ڕێگای ئەکاونت و پەیجی نەناسراو و فەیکەوە، کێیان بوێت دەیدەنە بەر نەشتەری قسەکانیان. ئەگەر ساڵانی زوو، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا ڕێگە بە تەشهیر و ناو زڕاندن نەدراوە و تا ڕادەیەک ڕەخنەکان لە چوارچێوەیی گفتوگۆیەکی ئەدەبیدا بووە، ئێستا لە سۆشیال میدیادا ئەو فلتەرەش نییە، جێگایی سەرسوڕمانە، کەسانی دی بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندنیان هەبێت بۆ بابەتەکە، بەشداریدەکەن و دەکەونە مەدح و سەنا و دەستخۆشی! لە کاتێکدا ئەم جۆرە بابەتانە تەنها بۆ گێچەڵکردنە و هیچ پانتاییەکی ڕەخنە و گفتوگۆ فراوان ناکات.