“دەستپێک”
سیستەمی فیدڕاڵییەت وەک چارەسەرێکی دیموکراسی خراوەتەڕوو بۆ ئەو وڵاتانەی کە فرە پێکهاتەن لەڕووی ئیتنی، ئایینی، زمان، کولتوورییەوە. لەم سۆنگەیەوەش لە دوای ٢٠٠٣ سیستەمی فیدڕاڵیەت بۆ ئێراق پێشنیار کرا، لە دەستووری ٢٠٠٥ جێگیرکرا. بەڵام لە ئێستادا، زۆرێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیستەمی فیدڕاڵییەت لە ئێراق شکستی هێناوە، بۆیە دەبێت بە دوای جێگرەوەیەکی دیکەدا بگەڕێین. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە لە ڕوانگەیەکی هەڵەوە هاتووە. چونکە سیستەمی فیدڕاڵییەت لە ئێراق تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە بە تەواوەتی تاوەکو بڕیاری لەسەر بدەین کە شکستی هێناوە یان نا. سیستەمی فیدڕاڵیەت تاوەکو ئێستاش باشترین بژاردەیە بۆ ئێراق بەڵام بەمەرجێک گەر ویستێکی فیدڕاڵییانە و ڕۆحیەتێکی دیموکراسییانە هەبێت بۆ جێبەجێکردنی. بەو مانایەی کێشە لە سیستەمی فیدڕاڵییەت نیە، بەڵکو کێشە لەو ئەقڵییەتە ناوەندگەرا تووندەیە کە سیستەمی فیدڕاڵی پێ هەزمناکرێت. دەرئەنجامی ئەم ئەقڵیەتە ناوەندییە تووندەش کۆمەڵیک ئاستەنگی لێکەوتۆتەوە لەبەردەم جێبەجێبوونی ئەم سیستەمە. بۆیە لەم گوتارەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگربووە لە جێبەجێبوونی سیستەمی فیدڕالیەت لە ئێراق.
ئاستەنگەکان:-
- نەبوونی کولتووری دیموکراسی.
- ململانێی مێژوویی.
- ئاستەنگی بەهەرێمبوون.
- ناهاوسەنگی سیاسی.
- نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی.
- سروشتی پارتە سیاسیەکان.
- وڵاتانی دراوسێ.
١. نەبوونی کولتووری دیموکراسی: سیستەمی فیدڕاڵییەت شتێک نیە جگە لە سیستەمێکی دیموکراسی لەسەر ئاستێکی فراوانتر. چۆن سیستەمی دیموکراسی ڕێگری دەکات لە تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا، چوارچێوەیەکی فراوان دەرەخسێنێت بۆ بەشداری سیاسی لایەنە جیاوازەکان. بەجۆرێک کە هەموو ڕەنگ و پێکهاتە جیاوازەکان بتوانن بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسی بەشێوەیەک لە شێوەکان. بەهەمان شێوە سیستەمی فیدڕاڵیەتیش بۆ ئەوە دارێژراوە کە هەموو پێکهاتە و یەکە پێکهێنەرە جیاوازەکانی ئایینی، ئیتنی، زمانی، کولتووری و جوگرافی ناو کۆمەڵگە بتوانن بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسی نەک تەنها لایەنێک خۆی بسەپێنێ بەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی و لایەنەکانی دیکە پەراوێز بخات. کەوایە بۆ ئەوەی سیستەمی فیدڕاڵییەت لە هەر وڵاتێکدا سەرکەوتووبێت پێویستە بەهاکانی دیموکراسییەت و پێکەوەژیان و تۆلێرانس ڕیشەی لەنێو کولتووری کۆمەڵگەدا هەبێت.
ڕوانینی ئێراقییەکان بۆ سیستەمی فیدڕاڵیەت نێگەتیڤە، بەهۆی لاوازی کولتووری دیموکراسی لە کۆمەڵگەی ئێراقی. فیدڕاڵیەت لە ڕوانگەی عەڕەبەکان بەگشتی بەمانای جیابوونەوە و پارچە پارچە بوون و لاوازی ئێراق دێت. بۆنموونە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری “فایەق زێدان” لە نوێترین لێدوانیدا زیادبوونی هەرێمێکی دیکە ڕەتدەکاتەوە، بەبیانووی ئەوەی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێراق و پارچەپارچەبوونی خاکی ئێراق. ئەمەش دوای ئەوە هات کە بیرۆکەی پێکهێنانی هەرێمی ئەنبار خرایە بەرباس. ئەمە بۆچوونی باڵاترین کەس بێت لە دامەزراوەیەکی دادوەری کە دەبوایە خۆی پێشەنگی بەرگریکردن بوایە لە دەستوور و مافی پێکهاتەکان، لەکاتێکدا قسەکەی پێچەوانەی دەستوورە! ئەی دەبێ ڕوانگە و بۆچوونی سیاسییەکان و جەماوەرێکی مۆبیلزەکراو چی بێت؟ بێگومان دروست بوونی بۆچوون و باوەڕەکان بەرهەمی پڕۆسەیەکی دوورودرێژی بە کۆمەڵایەتیبوون و ژینگەییە. ئەمەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە.
یەکەمیان: کولتووری ناوەندییەتی، کە بە درێژایی چەندین دەیە ڕژێمی بەعس کاری لەسەر دەکرد و خەڵکی لەسەر ڕامهێنابوو، کە هێز و شکۆ لە دەسەڵاتێکی ناوەندی دایە. بانگەشەکردن بۆ یەکێتی نەتەوەیی عەڕەب بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دووژمنانی عەرەب، پارچە پاڕچەبوونی نیشتیمانی عەرەبی بۆ چەندین دەوڵەت و گەڕاندنەوەی هۆکارەکەی بۆ پیلانگێری ڕۆژئاوا، ئەمانە و چەندین دروشمی دیکە ئەوەیان لە مێشکی تاکی عەڕەبی ئێراقی چەسپاندووە کە دابەشبوونی دەسەڵات بە مانای لاوازی دێت و فیدڕاڵیەتیش پیلانگێریەکی دیکەیە بۆ دابەشکردن و لاوازکردنی ئێراق. لەکاتێکدا لە زۆربەی نموونەکانی دوونیا، سیستەمی فیدڕاڵی هۆکاری بەهێزبوونی ووڵاتەکانە، چونکە دەبێتە هۆی هاتنەکایەی شووناسی نیستیمانی هاوبەش و زاڵبوونی بەسەر شوناسە لاوەکیەکان و دروستبوونی یەکانگیری نیشتیمانی و کۆکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان لە دەوری ئامانجێکی باڵای هاوبەش.
دووەم: عەرەبی سونە بە دڕێژایی چەندین دەیە بە تاکرەوی حوکمی ئێراقی کردووە، بە ئەقڵییەتی تاکرەوی و ناوەندیەتی تووند گۆشکراوبوون، بۆیان ئاسان نەبوو وا بە ئاسانی سیستەمی فیدڕاڵیەت بۆ ئێراق قبوڵ بکەن، بۆیە لەسەرەتادا بە توندی ڕەتیانکردەوە. شیعەکان لەسەرەتادا کە لاوازبوون قبووڵیان کرد، بەڵام چونکە کولتووری دیموکراسی و یەکترقبوڵکردن لە ئەقڵییەتیاندا نەشونمای نەکردبوو، هەوڵی چرکردنەوەی دەسەڵات و ناوەندیەتی دەسەڵاتیاندا و، بە چەندین شێوە ڕێگربوون لەبەردەم بەرجەستەبوونی سیستەمی فیدڕاڵی لە ئێراق. تەنها کورد بوو کە بە پەرۆش بوو، خواستێکی تەواوی هەبوو بۆ جێبەجێبوونی فیدڕاڵیەت، بە ڕۆحیەتێکی دیموکراسی و فیدڕاڵیانە بەشداریکرد.
٢. ململانێی مێژوویی: سرووشتی کێشە و قەیرانی سیاسی وایە، کە هەرچەندە ماوەکەی کورتخایەن بێت چارەسەرکردنی ئاسانتر دەبێت، هەرچەندە ماوەکەی درێژتر بێت و ڕەگێکی مێژوویی دروست کردبێت چارەسەرەکەی زۆر زەحمەت دەبێت، ئەمەش چونکە ڕقی مێژوویی و بێ متمانەیی دروست دەکات. بە درێژایی چەندین دەیە، هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکانی ئێراق (کورد، شیعە، سوونە) ململانێی خوێناوی زۆر لە نێوانیاندا ڕوویداوە، کورد و عەڕەب لەلایەک، شیعە و سوونەی عەڕەبیش لەلایەک. ئەم ململانێیە قووڵە مێژووییە، بێ متمانەییەکی قووڵیشی دروست کردووە لە نێوانیان. بۆیە شیعەکان کاتێک زۆرینە پێکدەهێنن و دێنە سەر دەسەڵات تەنها هەوڵی پتەوکردنی دەسەڵاتی تائیفی خۆیان دەدەن و هەژموون بەسەر گشت دامودەزگاکان دەکەن، هاوکات سوونەکان تەواو پەراوێز و بێ کاریگەربکەن لە پڕۆسەی سیاسی، بەجۆرێک کە هەرگیز جارێکی دیکە دەرفەتی ئەوەیان نەبێت دەسەڵات بگرنە دەست و ڕابردووی تاڵ بگەڕێننەوە. کوردەکانیش بە هەمان شێوە، بەهۆی ئەو ستەمە زۆرەی کە چەندین دەیەیە بە دەست حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق چێژتوویانە، هەمیشە بە هەستیاری و بێ متمانەیی مامەڵەیان کردووە. لەم سۆنگەیەوەش هەمیشە ویستوویانە لەم قالبە تەسکە فیدڕاڵییە بێنە دەرەوە هەنگاوی سەربەخۆیی زیاتر بنێن و پەیوەندیە دەرەکیەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەهێز بکەن لە پێناو گەرەنتیکردنی مانەوەیان و بەرگریکردن لێیان لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە ناوەندییە تووندەی کە بەغداد هەمیشە هەوڵدەدات بیگرێتە بەر بۆ لە قالبدانی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی و کاڵکردنەوەی سیستەمی فیدڕاڵی. بەگشتی هەرسێ پێکهاتە سەرەکیەکە متمانەیان بە یەکتری نیە، بەهۆی ململانێی قووڵی مێژووییان. بۆیە ئەو پێکهاتەیەی کە دەسەڵات دەگرێتە دەست هەوڵی بە ناوەندیکردنی دەسەڵات دەدات، ئەو پێکهاتەیەی لە لە دەرەوەی دەسەڵات بێت هەوڵی سەربەخۆیی هەرێمی زیاتر دەدات.
٣. ئاستەنگی بەهەرێمبوون: یەکێک لە پایەکانی سیستەمی فیدڕاڵی بریتییە لە بوونی چەند هەرێمێک یان هیچ نەبێت لە هەرێمێک زیاتر بێت. دەوڵەتی فیدڕاڵی یان لەیەکگرتنی چەند هەرێمێک یاخود چەند دەوڵەتێک پێکدێت، یانژی دەوڵەتێکی سادەیە دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی فیدڕاڵی ئەمەش لەسەر بنەمای دابەشبوون بۆ چەند هەرێمێک. ئێراق لە هیچ کام لەم شێوازانە نیە بە تەواوەتی، نە لەرووی شێوازی پێکهێنانی، نە لەڕووی فرەیی یەکە پێکهێنەرەکانی، چونکە تاقە هەرێمێک هەیە کە هەرێمی کوردستانە. هەرێمی کوردستان هەرێمی بەرامبەری دیارنیە، واتە دیار نیە کە لەگەڵ کێ ئەم فیدڕاڵیەتەی پێکهێناوە، یەکە پێکهێنەرەکانی دیارنین. ئەم جۆرە فیدڕاڵییەتەی کە لەسەر بنەمای تاقە هەرێمێکە هەمیشە تایبەتمەند دەبێت بە ململانێی نێوان هەرێم و دەوڵەتی فیدڕاڵی، پەیوەندییەکە دەبێتە پەیوەندی نێوان هەرێمێکی جوداخواز و دەوڵەتێکی ناوەندخواز چونکە لایەن و کاراکتەرە سیاسییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سەر بەهیچ هەرێمێک نین و نوێنەرایەتی هیچ هەرێمێک ناکەن تاوەکو لە خەمی پاراستنی دەسەڵات و سەربەخۆیی هەرێمەکانبن لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی، بەڵکو دوو جەمسەری دژ بەیەک هەن، ململانێکە تەنها لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە چردەبێتەوە. لە ئەگەری دروستبوونی چەند هەرێمێک لە ئێراق تا ڕادەیەکی باش ئەو ململانێیە جەمسەربەندییە تووندە کاڵ دەبێتەوە. چونکە ئیتر هەموو کاراکتەرە سیاسیەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سەر بە هەرێمێک دەبن و چیتر ئەوەندە بەتووندی هەوڵی لاوازبوونی هەرێمەکان نادەن. هەر لەم سۆنگەیەوە، لە پێناو نە هاتنەکایەی ژینگە و دۆخێکی وا لە باری فیدڕاڵی، دەسەڵاتی زاڵی حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێراق باوەڕێکی تەواوی بە سیستەمی فیدڕاڵی نیە، داواکاری بەهەرێمبوونی چەندین پارێزگای ڕەتکردۆتەوە وەک سەڵاحەدین، موسڵ، ئەنبار، بەسڕە، لەکاتێکدا لە دەستووری ئێراق ئەو مافە دراوە بە هەر پارێزگایەک کە داوای بەهەرێمبوون بکات. بە گشتی بوونی تەنها هەرێمێک واتە نەبوونی پایەیەک لە پایەکانی سیستەمی فیدڕاڵی لە ئێراق، ئەمەش هەمیشە فاکتەرێک دەبێت بۆ بەرجەستە نەبوونی سیستەمی فیدڕاڵی و ناسەقامگیری.
٤. نا هاوسەنگی سیاسی: یەکێک لە کێشەکانی زۆرێک لە سیستەمە فیدڕاڵییەکان بوونی نا هاوسەنگی سیاسییە لە نێوان یەکە پێکهێنەرەکان، بەتایبەتی جیاوازی گەورە لە ڕێژەی ژمارەی دانیشتوانی نێوان ئەم یەکە پێکهێنەرانە، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی نا هاوسەنگی لەنێو دامودەزگا و دامەزراوە فیدڕاڵیەکان وەکو یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری. ئەو هەرێم و یەکە پێکهێنەرانەی کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆر زیاترە بە بەراوورد بە هەرێم و یەکە پێکهێنەرەکانی تر، ئەوا دەتوانن هەژموون بکەن بەسەر ئەم دامەزراوە فیدڕاڵییانە. کێشەی ئەم جۆرە نا هاوسەنگیهە لەوەدایە، گەر ناهاوسەنگییەکە بەڕێژەیەکی زۆر بێت، بۆ نموونە تەنها لایەنێک یاخود یەکەیەک بتوانێت زیاتر لە ٥٠% ژمارەی دانیشتوان پێکبهێنێت، ئەوا هەمیشە براوەی هەڵبژاردنەکانە و زۆرینەی دامەزراوە فیدڕاڵییەکان پێکدەهێنێت، بەمەش وای لێدێت ئەو لایەنە یاخود یەکەیە خۆی بە خاوەنی حکومەتە فیدڕاڵییەکە دەزانێت، بەم پێیەش وەک زۆرینەیەکی خاوەن هەژموون هەمیشە لە هەوڵی بەناوەندکردنی زیاتری دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵیدا دەبێت لەسەر کەوڵ و حسابی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمەکان. سەرەنجام سیستەمە فیدڕاڵیەکە دەگۆڕێت بۆ دیکتاتۆریەتی زۆرینە، بەمەش سیستەمی فیدڕاڵییەت لە ڕۆح و کڕۆک و مەبەستە ڕاستەقینەکەی خۆی بەتاڵ دەکرێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە هەندێک لە ووڵاتانی خاوەن سیستەمی فیدڕاڵی چەند ڕێگا و میکانیزمێکیان گرتۆتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئەم نا هاوسەنگیە فراوانە و ڕێگریکردن لە هەژموونی پێکهاتەی زۆرینە بەسەر پێکهاتەی کەمینە. لە نایجیریا سەرەتا ٣ هەرێم پاشان وردە وردە زیادکرا تا بووە ٣٦ هەرێم لە پێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی سیاسی. لە ئەڵمانیا لە ئەنجومەنی فیدڕاڵی (کە یەکێکە لە دوو ئەنجومەنەکەی دەسەڵاتی یاسادانان) مافی ڤیتۆی بەخشیوە بە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە کە لە نوێنەرانی یەکە پێکهێنەرەکان پێکدێت، بەتایبەتی لەو پرس و بابەتانەی کە پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی هەرێم و یەکەپێکهێنەرەکان، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کە یەکەپێکهێنەرە زۆرینەکان یاسایەک دەرنەکەن کە دەسەڵاتی هەرێمەکانی دیکە کەمبکەنەوە. لە سویسڕا و بەلجیکاش لە ڕێگای دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە هەوڵی پاراستنی ئەو هاوسەنگییە سیاسیە دراوە، ئەویش لە ڕێگای حکومەتێکی تەواو تەوافقی لە نێوان یەکە پێکهێنەرەکان، تاوەکو هیچ کامیان هەژموون بەسەر دامودەزگا و دامەزراوە فیدڕالیەکان نەکات.
لە ئێراقدا ناهاوسەنگییەکی فراوان هەیە، تاقە هەرێمێک هەیە لەبەرامبەر حکومەتێکی فیدڕاڵی هەژموونکراو لەلایەن زۆرینەی شیعە. لەم سێ میکانیزم و ڕێگاچارەسەری سەرەوەش هیچیان پەێڕەو نەکردووە. لەلایەک دژی هەر هەوڵێکە بۆ زیادکردنی هەرێمەکان لە پێناو هێنانەکایەی جۆرێک لە هاوسەنگی. لەلایەکی تر ئەنجومەنی فیدڕاڵی هێشتا دروست نەکردووە، کە هەرێمەکان تیایدا مافی ڤیتۆیان هەبێت لەو پرسانەی کە پەیوەستە بە سەربەخۆیی و دەسەڵاتیان لە بەرامبەر زۆرینە. لەلایەکی تریش حکومەتی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە بنەمای سازان و تەوافوقی دووردەکەوێتەوە و بەرەو حکومەتی زۆرینە دەچێت و چووە. ئەم جۆرە نا هاوسەنگیە سیاسیەش لە سیستەمی فیدڕاڵیدا، گەر چارەی نەکرێت هەمیشە دەبێت فاکتەری ناسەقامگیری و لێکهەڵوەشانەوەی سیستەمەکە.
٥. نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی: یەکێکی تر لەپایەکانی هەر سیستەمێکی فیدڕاڵی بوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵییە لەپاڵ ئەنجومەنی گشتی نوێنەران لە دەسەڵاتی یاسادان. ئەندامانی ئەنجومەنی فیدڕاڵی لە نوێنەری هەرێمەکان پێکدێن. ئەم ئەنجومەنە لە سیستەمە فیدڕاڵییەکان رۆڵێکی ئێجگار گرنگ دەبینێت لە پارێزگاریکردن لە دەسەڵات و سەربەخۆیی هەرێمەکان و پاراستنی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتی هەرێم و یەکە پێکهێنەرەکان. بۆ نموونە لە سیستەمی فیدڕاڵی ئەڵمانیا ئەنجومەنی فیدڕاڵی مافی ڕەتکردنەوە و ڤیتۆی هەیە لەسەر هەموو ئەو یاسایانەی کە پەیوەندییان بە دەسەڵات و سەربەخۆیی هەرێمەکان هەیە. واتە دەبێت هەموو هەرێمەکان ڕەزامەندبن ئینجا یاساکە دەردەچێت، بەمەش هیچ لایەنێک ناتوانێ دەسەڵاتی لایەنەکەی دیکە کەم بکاتەوە، سەربەخۆیی تەواوی هەرێمەکان پارێزراوە. بەمانایەکی دیکە، ڕێگە بە زۆرداری و خۆسەپێنی زۆرینە نادات بەسەر کەمینە، ئەو هەرێمەی کە لە ئەنجومەنی گشتی نوێنەران ئەندامەکانی زۆر کەمیش بن و نەتوانی کاریگەری بەسەر ڕەتکردنەوەی هیچ یاسایەک هەبێت، ئەوا لە ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەتوانێ ڤیتۆ بەکاربهێنێ، بەمەش هیچ کەمینەیەک ناتواندرێ یاسایەکی بەزۆر بەبێ ڕەزامەندی لەلایەن زۆرینەوە بەسەردا بسەپێنێ کە کاریگەری بکاتە سەر پێگە و دەسەڵات و سەربەخۆیی ئەم هەرێمە.
لە ئێراقدا بەهۆی نەبووبی نیازپاکی و ئیڕادەیەکی ڕاستەقینە بۆ سیستەمی فیدڕاڵی، تاوەکو ئێستا ئەم ئەنجومەنە پێکنەهێندراوە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو لە دەستووردا پشگوێخراوە هیچ ووردەکاریەکی باس نەکردووە لەبارەی چۆنییەتی پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدڕاڵی و چۆنیەتی بە ئەندامبوون و دەسەڵاتەکانی، بەڵکو بە جێی هێشتووە بۆ یاسایەک کە لەلایەن ئەنجومەنی گشتی نوێنەرانەوە دەربچێت. ئەمەش شتێکی نامۆیە، لەلایەک کەمکردنەوەی شکۆ و پێگەی ئەم ئەنجومەنەیە کە چۆن دەبێت دەسەڵاتی دروستبوونی لە دەست یاسایەکی ئەنجومەنێکی هاوتایی خۆی بێت. لەلایەکی دیکە نەبوونی نیەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە.
جگە لەوەش لە دەستووری ئێراقدا لە مادەی ٦٥ کە باس لە ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەکات دەڵێت ئەندامەکانی پێکدێن لە نوێنەری هەرێمەکان و پارێزگاکانی کە هێشتا لە چوارچێوەی هەرێم ڕێکنەخراون. لێرەدا پێگەی هەرێمەکان هاوتایی پارێزگاکان کراوە. پارێزگاکانیش وەک هەرێمەکان نوێنەریان دەبێت، ئەمەش لە ئەگەری پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە بە زەرەری هەرێم تەواو دەبێت بەتایبەتی لەو یاسایانەی کە بە زۆرینە دەردەچێت.
٦. سرووشتی پارتە سیاسیەکان: سرووشت و ناسنامەی حیزبەکان لە هەر دەوڵەتێکی فیدڕاڵی کاریگەری ڕاستەخۆی دەبێت لەسەر سەقامگیری ژیانی سیاسی و سەرکەوتنی سیستەمی فیدڕاڵییەت. هەروەها کاریگەری تەواوی دەبیت لەسەر ئاستی تێکەڵاوبوونی کۆمەڵگە جیاوازەکانی یەکە پێکهێنەرەکان و ڕادەی یەکانگیری نیستیمانی و شووناسی هاوبەشی نیشتیمانی یاخود بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی لێکهەڵوەشانەوەی کۆمەڵگە و فراوانکردنی کەلێنە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان شووناسە لاوەکیەکان. ئایا پارتە سیاسیەکان لەسەر بنەمای شووناسە لاوەکییەکان دامەزراون یاخود لەسەر بنەمای کار و بەرنامەی سیاسی جیاواز؟ ئایا پارتە سیاسیەکان هەریەکەیان نوێنەرایەتی شووناسە لاوەکیەکەی خۆی دەکات و لەم پێناوەدا ململانێ دەکات یاخود پارتی سیاسی گەورەن و هەموو چین و توێژ و ئەندامانی یەکە پێکهێنەرە جیاوازەکان لەخۆیدا کۆدەکاتەوە لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی سیاسی کە تیایدا شووناسە لاوەکییەکان تێپەڕ بکات؟ بۆ نموونە لە سیستەمی فیدڕاڵی ئەڵمانیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پارتی سیاسی گەورە هەن لەسەر بنەمای بەرنامەی سیاسی ململانێ دەکەن، بەهیچ شێوەیەک ململانێەکە نابێتە ململانێیەکی ناوچەیی لە نێوان یەکە پێکهێنەرەکان. بەڵام لە ئێراقدا پارتە سیاسییەکان لەسەر بنەمای شووناسە لاوەکییەکانی ئایینی و ئایینزایی، ئیتنی و نەتەوەیی، زمان و کولتووری جیاواز دروست بوون. هەریەکەیان نوێنەرایەتی شووناسە لاوەکیەکەی خۆی دەکات. بەمەش کەلێن و شووناسە لاوەکیەکان تۆختر دەکەنەوە و دەیکەنە کەرەستەی ململانێیان خۆیان. تا چەند ڕق و کینە و ململانێی نێوان ئەم شووناسە لاوەکیانە زۆرتر بێت و کەلێنی جیاوازیەکانیان فراوانتر بێت، ئەوەندە پارتە سیاسییەکان دەتوانن جەماوەر لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە و مۆبیلزەیان بکەن و ئاراستەیان بکەن لەسەر بنەمای دەمارگیری، واتە چەندە کەلێن و ڕق و ململانێی نێوان شووناسە لاوەکییەکان بەهێز و فراوان بێت، ئەوەندە لە بەرژەوەندی پارتە سیاسییەکانە. سەرئەنجامی ئەوەش ناسەقامگیری بەردەوام و ڕق و ململانێی بەردەوامی نێوان پێکهاتە و یەکە پێکهێنەرەکانی لێ دەکەوێتەوە، سیستەمی فیدڕاڵی لە ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی دوور دەکەوێتەوە کە بریتیە لە پێکەوە هەڵکردنی پێکهاتە و یەکە پێکهێنەرە جیاوازەکان لە حکومڕانی وڵاتدا.
٧. وڵاتانی دراوسێ: ئێراق لە دوای ٢٠٠٣ بووەتە کێڵگەی ململانێی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی. بەتایبەتی وڵاتانی هەرێمی کە دەیانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر ببینین لە گۆڕانکاریە هەرێمییەکان بەجۆرێک کە نفوز و باڵادەستی خۆیان تێدا جێگیربکەن. جەمسەربەندی و ناکۆکی شیعە و سوونە لە ناو ئێراق پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە ململانێ و جەمسەربەندییە هەرێمیەکان، لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە نوێنەرایەتی هێزی سوونە دەکەن لەلایەک، ئەو وڵاتەی کە نوێنەرایەتی هێزی شیعەش دەکات لەلایەکی تر. ئەم دەستێوەردانە هەرێمیەش لەلایەن وڵاتانی دراوسێ، ململانێ نێوان پێکهاتەکانی گەرمتر و تووندتر کردۆتەوە، چونکە هەر یەک لەو پێکهاتانە لەلایەن وڵاتانێکی هەرێمی پاڵپشتی دەکرێن و سیاسەت و ئامانجەکانیان لەگەڵ یەکتردا دێتەوە. کاتێک یەکە پێکهێنەرەکان دەچنە پاڵ هێزە هەرێمییە پێکناکۆکەکان، ئەوا زیاتر لەیەکتر دوور دەکەونەوە و بە گومان لەیەکتر دەڕوانن، چونکە مەبەست و ئامانجی هەر یەک لەم هێزە هەرێمیانە دژیەکە لە هەمبەر ئێراقدا، هەریەکەیان پاڵپشتی ئەو هێز و یەکە پێکهێنەرە دەکات کە بەرژەوەندییەکانی ئەو بەدیدێنێت.
ئەمەش لە پرسی وزە بە جوانی ڕەنگیداوەتەوە. تورکیا پاڵپشت و هاندەربوو، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوت بفرۆشێ، تا بە تەواوی لە ژێر هەژموونی حکومەتی فیدراڵی شیعە بێتە دەرەوە و هاوسەنگی ڕابگرێت لە ئێراقدا، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە پاڵپشتی پێکهاتەی سونەی کردووە لەم پێناوەدا، لەبەرامبەردا ئێران هەمیشە پاڵپشت و هاندەربووە بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی شیعە بە ئاڕاستەی مەرکەزیەتی چڕ. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتەناش بڕینی بودجەی هەرێم و نەناردنی موچە و سکاڵاکردن لە دادگای نێوبژیوانی پاریس و ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لە دژی هەرێم لەپێناو لەقالبدانی. هەمان ململانێ لەپرسی غازی سرووشتی هەرێم دووبارە بوویەوە، کاتێک کێشە کەوتە نێوان تورکیا و ئیران لەسەر پرسی غاز، ئێرانی هەناردەکردنی غازی سرووشتی بۆ تورکیا ڕاگرت. تورکیاش وەک جێگرەوە هەوڵیدا بۆڕی غازی سرووشتی هەرێمی کوردستان ڕابکێشێت، بەڵام ئێران زۆر بە تووندی لە چەندین لایەنەوە دژی ئەم هەوڵە وەستا، لەلایەک دادگای فیدراڵی ناچارکرد بڕیاری نادەستووری بوونی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم بدات، لەلایەکی تر ئێراقی هاندا بۆ زیندوکردنەوە و دەرچوونی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس دژی هەرێم و تورکیا، هەروەها بە موشەکیش کە ئاڕاستەی ماڵی خاوەنی کۆمپانیای کاری کرد، کە بە نیازبوو ئەرکی کارکردن لە ڕاکێشانی بۆڕی غاز لە ئەستۆ بگرێت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا.
بە گشتی ئێران کە سەرکردایەتی هێزە شیعییەکان دەکات لە ناوچەکە، بە هەموو شێوەیەک حکومەتی ئێراق ئاڕاستە دەکات بەرەو مەرکەزیەتی چڕ، بەجۆرێک هیچ دەسەڵاتێک بۆ کورد و عەرەبی سونە نەهێڵێتەوە، تا ئەو ڕادەیەی هەرێمی کوردستانیش هەڵبوەشێنێتەوە. لەلایەکی تر تورکیا و وڵاتە سوونەکانی دراوسێ لە پێناو سنووردانان بۆ هەژموونی ئێران بەسەر ئێراقدا و کەمکردنەوەی هەژموونی شیعە بەسەر تەواوی ئێراقدا، پاڵپشتی هەرێمی کوردستان و هێزە سوونییەکانن، دەیانەوێت سەربەخۆبن و لەژێر هەژموونی حکومەتی فیدڕاڵی شیعە نەبن، بەڵام سەربەخۆییەک لە چوارچێوەی ئێراقدا، نەک لەسەر بنەمای دابەشبوونی ئێراق. بەگشتی هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی ئێراق لەژێرکاریگەری هێزە هەرێمییەکانن، بەتایبەتی ئێران و تورکیا. ئێران لەگەڵ حکومەتێکی فیدڕاڵی خاوەن مەرکەزیەتێکی چرە لە پێناو هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی ئێراق، تورکیا و وڵاتانی خەلیجیش لەگەڵ نامەرکەزیەت و لاوازی حکومەتی ناوەندییە لەپێناو سنووردانان بۆ هەژموونی ئێران و جێکردنەوەی خۆیان لە ئێراقدا، ئەمەش هێز و پێکهاتە سەرەکییەکانی ئێراقی دابەشکردووە بەسەر دوو ئاڕاستەی دژبەیەک و ململانێی تووند لە نێوانیان، بەجۆرێک کە لایەنەکان گومانیان لەسەر سیستەمە فیدڕاڵییەکە بۆ دروست بووە، کە ئایا بە کام ئاڕاستەدا دەڕوات.
“ئەنجام”
سیستەمی فیدڕاڵی سیستەمێکی گونجاوە وەک ڕێگەچارەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی فرەیی لەڕووی ئیتنی و ئایینی و زمان و کولتووری جیاوازی وەکو ئێراق، گەر وەکو خۆی بە ڕۆحییەتێکی دیموکراسیانە جێبەجێبکرێت. بەڵام ئامادە نەبوون و ڕەگ دانەکوتانی کولتووری دیموکراسی لەنێو کۆمەڵگەی ئێراقی و بوونی ئەقڵییەتێکی مەرکەزی تووند، بوونی ڕوانگەیەکی نەرێنی بەرامبەر سیستەمی فیدڕاڵی بووەتە هۆی ئەوەی کە هیچ وویستێک نەبێت لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی و هێز و کاراکتەرە سەرەکییەکانی نێوی بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی فیدڕاڵی. هاوکات لەگەڵ ڕۆڵی هێزە هەرێمیەکان لە لێکترازن و تووندکردنی ململانێکانی نێوان هێز و یەکەپێکهێنەرە سەرەکییەکانی نێو ئێراق.