“پێشه‌کی”
یه‌کێک له‌و باسانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌سه‌ر زمانی کوردی هاته ئاراوه؛ توانایی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ زانست و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رده‌م و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌عریفه و زانستانانه بوو بۆ ئاخێوه‌ری کورد، به مه‌رجێک هه‌م به باشی و ڕوونی لێیان تێبگات و هه‌میش پاڵنه‌ر و هۆکاری بیرکردنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفی بێت بۆی. بێگومان زۆر نووسه‌ر و زمانه‌وان به وه‌سواسێکی پێویست و هه‌ندێجار زێده‌ڕۆیانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌وه‌ستن و، ده‌ڵێن زمانی کوردی زمانێکی به‌هێزه به‌ڵام زۆری ماوه بگاته بوار و که‌ناری ئارامیی بۆ بیرکردنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه، به دڵنیاییه‌وه جوانیناسی و ستاتیکاش و هه‌موو ئه‌و دونیایه‌ی که ده‌شێت زمانێک بۆ ئاخێوه‌ر و به‌رده‌نگه‌کانی خۆی له پله‌ی یه‌که‌م و دواتر بۆ به‌رده‌نگی زمانه‌کانی دیکه‌ش دروستی بکات. که‌س ناتوانێت نکووڵی له‌مه بکات که زمانی کوردی له ناو دونیایه‌ک شه‌ڕ و سه‌رکوت و قڕکردنی زمانی و کولتووریدا تا ئه‌م قۆناغه سه‌ربه‌رزانه هاتووه‌ته پێشه‌وه، ئه‌گه‌رچی ناتوانین بڵێین مه‌ترسیی له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام که‌م زمانێک هه‌یه که له چوار وڵات‌دا پلانی ستراتیژیک و تۆکمه‌ی کو‌لتووریی بۆ له‌ناوبردن و پاکتاوکردنی دابڕێژرێت که‌چی له ئاستی ئه‌ده‌بدا دره‌وشانه‌وه‌ی جیهانیی هه‌بێت؛ خه‌ڵاتی توخولوسکی بۆ مامۆستا “شیرکۆ بێکه‌س” و ئه‌و چه‌ندین خه‌ڵاته جیهانییه‌ی وه‌کوو نیلی زاکس بۆ کاک “به‌ختیار عه‌لی” گه‌واهیده‌رێکی به‌ڵگه‌نه‌ویستی ئه‌م ڕاستییه‌ن که زمانی کوردی نه‌ک له ئاسته ئایدیال و خوازراوه‌که‌ی، به‌ڵام به‌باشی په‌له‌قاژه‌ی ئاماده‌یی له جیهان و گێڕانه‌وه‌ی کێشه‌کانی داوه و به ڕاده‌ی خۆیشی دره‌وشاوه‌ته‌وه.
به‌ڵام بێگومان ئه‌مه به‌شێک له هاوکێشه‌که‌یه، زمانی کوردی نه‌ک به مانا ئایدۆلۆژییه‌که‌ی به‌ڵکوو به مانا پارادایمییه‌که‌ی واته هه‌بوون و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌یمه‌نه‌ی زمانانی داگیرکه‌ردا له سه‌رده‌مێکی جیاوازدا خۆی شۆڕشگێڕ بووه، ئه‌مه‌ی که زمان به بکه‌ر و له ئاستی شۆڕشگێڕ‌دا باس بکه‌ین ڕه‌نگه بڕێک نامۆ بێت، به‌ڵام له ساده‌ترین مانایدا ده‌شیت بڵێم ئه‌م زمانه له سه‌رده‌می شاخدا شیعری بۆ که‌ون و کائینات و گه‌ردوون و مرۆڤایه‌تی و کورد و نان و پێشمه‌رگه و سۆسیالیزم و…هتد داڕشتووه و هۆنیویه‌ته‌وه، ئه‌و شیعرانه له فه‌زایه‌کدا هۆنراونه‌ته‌وه که هه‌لی کۆپته‌ر و تۆپخانه و پلانی داگیرکه‌ر و ده‌نگی خوێن و دووکه‌ڵ خه‌یاڵدانی زمانه‌که و شاعیر و نووسه‌رانی زمانه‌که‌ی قانگ داوه، به‌ڵام ئه‌م زمانه به‌وپه‌ڕی بوێری و تواناییه‌وه وه‌کوو قه‌قنه‌س توانی له هه‌ناوی خۆڵه‌مێشی چه‌ندین و چه‌ندین جاره‌ی دوای بۆردومان هه‌ستێته‌وه و ئاوازی سه‌ربه‌ستی و جوانی بچڕێت، خودی ئه‌مانه ئه‌و دۆخه مێژوویی و سیاسییه‌ن که ویستیان زمانی کوردی بخه‌نه چاڵه‌وه به‌ڵام ئه‌م زمانه ئه‌و دۆخه‌ی ته‌فره‌دا و فڕینی هۆنییه‌وه، دیاره ئه‌مه ئاستێکه له گه‌شبینی بۆ زمانێک که له دۆخێکی جه‌نگی و سیاسی‌دا ته‌نگی پێ هه‌ڵچنرابوو و له ئاستی دیکه‌دا وه‌کوو له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا ئه‌مه‌ش بابه‌ت و مژارێکی جیدی و شیاوی بیرکردنه‌وه‌یه که ئایا زمانی کوردی توانایی گواستنه‌وه‌ی مه‌عریفه و فه‌لسه‌فه‌ی هه‌یه؟ئایا زانستهکانی فیزیا و بیرکاری و کیمیا و…ده‌توانین به زمانی کوردی بخوێنین و هیچ کێشه‌یه‌کی بنهماییمان له تێگه‌یشتنیاندا نه‌بێت؟
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئێمه ده‌بێت بزانین له هه‌موو ئه‌م بوارانه‌دا ده‌قی زانستی له زمانه ئه‌ورووپییه‌کان و به‌تایبه‌تی ئینگلیزی کراون به کوردی و ئه‌م ڕه‌وته له زمانه‌کانی ئاڵمانی و فه‌ره‌نسیشدا خه‌ریکه ڕێچکه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، به‌ڵام ده‌بێت هاوکات ئاگادار بین که ئه‌مه له عه‌ینی ئه‌وه‌ی که به‌ڵگه‌یه‌کی به‌هێزه بۆ تواناکانی زمانی کوردی (بۆ نموونه هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی پرۆفیسۆر محه‌مه‌د که‌مال له بورای فه‌لسه‌فه‌دا و له زمانی ئینگلیزییه‌وه کردوونی به کوردی وه‌کوو نموونه‌یه‌ک) کرانه‌وه‌ی ده‌رگایه‌کیشه بۆ وشیاربوونی قووڵتر و تیۆریزکردنی پێکهاته و سێینتاکس و داڕشتن و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی که په‌یوه‌ستن به زمان و ته‌قینه‌وه‌ی تواناکانییه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لێره‌دا به‌شیوه‌یه‌کی خێرا ئاماژه به تواناکان و کۆسپه‌کانی وشه‌سازیی له زمانی کوردی‌دا ده‌که‌ین و بۆ ئه‌م لێکدانه‌وه و باسه‌ش له کتێبی “بنه‌ماکانی وشه‌سازی و وشه‌ڕۆنان”ی نووسه‌ر و زمانه‌وان کامران ڕه‌حیمی که‌ڵک وه‌رگیراوه.
“توانا و ئه‌گه‌ره‌کانی زمانی کوردی”
کوردی زمانێکه له بنه‌ماڵه‌ی زمانه هیند و ئه‌ورووپییه‌کان، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه له بواری وشه‌سازیدا ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی له به‌ر ده‌ست زمانه ئه‌ورووپییه‌کاندایه بۆ وشه‌سازی، به شێوه‌یه‌ک له به‌رده‌ست زمانی کوردیشدایه و به‌جوانی ده‌توانین سوودی لێوه‌ربگرین. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌گه‌ره‌کان و تواناکانی زمانی کوردی له بواری وشه‌سازیدا تاوتوێ بکه‌ین، ده‌توانین له فۆرمووله بیرکارییه‌که‌ی پرۆفیسۆر “مه‌حموود حیسابی” که‌ڵک وه‌ربگرین که ئاوای لێ دێت؛ لانیکه‌م ئه‌گه‌ر ڕه‌گ و ڕیشه‌ی وشه ڕه‌سه‌نه‌کانی زمانی کوردی 1500 وشه بن و هه‌روه‌ها پاشگره‌کان 130 و پێشگره‌کان 30 جۆر بن، له ئه‌نجامدا ده‌توانرێ تا ئه‌م ئاسته‌ی خواره‌وه وشه‌سازی بکرێت:-
ژماره‌ی ئه‌و وشانه‌ی به یارمه‌تی پاشگر دروست ده‌بن
1500×130=195/000
ژماره‌ی ئه‌و وشانه‌ی به یارمه‌تی پێشگر دروست ده‌بن
1500×30=45/000
ژماره‌ی ئه‌و وشانه‌ی به یارمه‌تی پاشگر و پێشگر دروست ده‌بن
30×1500×130=5/850/000
ئه‌نجام
195000+5850000+45000=6/090/000
ژماره‌ی 6/090/000(شه‌ش ملیۆن و نه‌وه‌د هه‌زار وشه)، جیایه له‌و وشانه‌ی که ئه‌گه‌ری دروستکردنیان به‌شێوه‌ی لێکدراو(موره‌که‌ب) هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ش حسێبب که‌ین ئه‌نجامه‌که له‌مه زیاتر ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ڕوانگه‌یه بۆ زمان و ئه‌گه‌ره‌کانی زیاتر ڕوانگه‌یه‌کی میکانیکییه، چونکوو به‌وردی دیار نییه زمانی کوردی تا چ ڕاده‌یه‌ک ده‌توانێ ئه‌وه‌نده وشه‌ی داتاشراو قبووڵ یان ڕه‌ت بکاته‌وه یان چه‌ند له‌و وشانه له‌گه‌ڵ سرووشتی ده‌نگ و لاختی بڕگه و ڕێزمانی زمانی کوردی‌دا هاوسازن. چونکوو زمان بوونه‌وه‌رێکی زیندووه نه‌ک ده‌زگایه‌کی میکانیکی.
به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی خێرا له زمانی کوردی و چالاکی زمانه‌وانیی دامه‌زراوه فه‌رمی و نافه‌رمییه‌کان و ده‌زگا ڕۆشنبیرییه‌کان و هه‌وڵه تۆکمه و تایبه‌ته تاکه‌که‌سییه‌کان (له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڵه و که‌مووکوڕییه‌کان) بۆمان ده‌رده‌که‌وێ، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه و دامه‌زراندنی چه‌ندین کۆڕ و ناوه‌ندی تایبه‌ت به زمان هه‌ر له سه‌رده‌مانی زووه‌وه وه‌کوو کۆڕی زانیاریی کورد(1970)، ئاکادیمی کوردستان(1993) و کۆڕی زانستیی زمانی کوردی له ئێران(2992) هێشتا نه‌توانراوه هه‌موو توانا و هێزه‌کانی ئه‌م زمانه، کارا و ئه‌کتیڤ بکرێن و ئه‌گه‌ر و زه‌خیره زمانییه‌کانی زمانی کوردی چالاک ببن. ئێستا پرسیار ئه‌مه‌یه له‌مپه‌ر و کۆسپی سه‌ر ئه‌م ڕێگایه چین و ڕیکار چییه؟ به‌ر له‌وه‌ی بچینه سه‌ر هه‌وڵمان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه پێم خۆشه ئاوڕێک له زمانی فارسی بده‌ینه‌وه. فارسه‌کان نیوسه‌ده له ئێمه زووتر ئاکادێمیایان دامه‌زراندووه و تا ئێستا سی (30) هه‌زار وشه(داتاشراو/هه‌ڵبژارده)یان ساز کردووه؛ ئه‌وه‌ش له سه‌ر بنه‌مای شێوه‌زارێکی بچووک وه‌کوو فارسی ده‌ری. ئاکادێمیای ئێران ساڵی (2005)، 45 لێژنه‌ی تایبه‌ت بۆ وشه‌سازیی دامه‌زراندووه که له ئه‌نجامدا (6370) وشه‌ی نوێ له زانسته جۆراوجۆره‌کاندا هاوتایان بۆ دانراوه(نامه‌ی فرهنگستان، 1385، ش، 29:188). له کاتێکدا زمانی کوردی چوار شێوه‌زاری سه‌ره‌کی هه‌یه که هه‌ر کام له‌و شێوه‌زارانه ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ یه‌ک جیاواز و هاوکاتیش به‌هێزن، که ده‌توانین بڵێین؛ نه‌ته‌وه‌ی کورد چوار زمانی هه‌یه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خاوه‌ن چه‌ندین کۆڕ و ئاکادێمیاشه به‌ڵام هیچ کارێکی ئه‌وتۆیان به به‌راورد به هه‌ندێ نهتهوهیتر نه‌کردووه و هۆکاره‌کانیش ڕه‌هه‌ندی سیاسی و که‌لتووری و ڕۆشنبیرییان هه‌یه که لێره‌دا من ناپه‌رژێمه سه‌ری.
هۆی سه‌ره‌کی ئه‌نجامی ئه‌م چالاکییه له ناو فارسه‌کاندا هه‌وڵ و هیمه‌تی نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی فارسه، که په‌رۆشی زیندووڕاگرتنی زمانن، پاشان پشتیوانی و یارمه‌تی ده‌وڵه‌تی. بۆ وێنه پرۆژه‌ی دانان و نووسینه‌وه‌ی زانستنامه‌ی (ئێرانیکا) به سه‌رپه‌رشتی دوکتۆر “ئیحسان یار شاتر” له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سی تر له ساڵی (1987) له وڵاتی که‌نه‌دا ده‌ستی پێکردووه، به بێ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران یارمه‌تییان بدات. که‌چی به هه‌وڵ و تێکۆشانی زۆر و داخوازیی ماڵی له خه‌ڵک، ئێستا (1060) دوکتۆر و لێکۆڵه‌ر له‌وێ خه‌ریکی کارن و (13) به‌رگی ئه‌م زانستنامهیهیان بڵاو کردۆته‌وه. تۆ بڵێی کۆڕی زانیاریی و ئاکادێمیای کوردی و ده‌زگا و ناوه‌نده زمانییه کوردییه‌کان له‌م ده ساڵه‌ی ڕابردوودا 10 له سه‌دی ئه‌مانه هه‌وڵیان دابێت و زمانیان بووژاندبێته‌وه؟
“کۆسپه‌کانی وشه‌سازی له زمانی کوردی‌دا”
ئێمه نابێ ته‌نها سه‌رقاڵی ئه‌وه بین بۆ وشه بیانییه‌کان هاوتاسازی بکه‌ین، به‌ڵکوو ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین به به‌رنامه‌داڕێژی شیاو، زۆربه‌ی توانا و ئه‌گه‌ره‌کانی زمانه‌که‌مان ده‌ربخه‌ین. چونکوو بێگومان شه‌پۆلی وشه بیانییه‌کان له داهاتوودا به‌هۆی پێشکه‌وتنی ڕۆژ دوای ڕۆژی زانسته جۆراوجۆره‌کانه‌وه، گه‌لێک له ئێستا خێراتر و فراوانتر ده‌بن. کۆسپه‌کانی چالاکنه‌بوونی وشه‌سازی له زمانی کوردی‌دا بریتیین له:-
١- نه‌بوونی فه‌رهه‌نگی تایبه‌تی(کار) و (گر):-
ماده و که‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌کی بۆ وشه‌سازیی له زمانه گرتارییهکاندا(Derivation)-وه‌ک کوردی و فارسی و ئینگلیزی-پاشگر و پێشگر و کاره. ئێمه تا ئێسته‌ش خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێکی تایبه‌ت به (گر) (affix) و کار (verb) نین، که لای له هه‌موو شێوه‌زاره‌کان به‌شیوه‌یه‌کی چڕ و پڕ کردبێته‌وه تا له‌م ڕیگه‌یه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که ئاگاداری به‌شێکی هه‌ره زۆری تواناکانی زمانی کوردی بین، ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ش له به‌رده‌ستماندا بێت و بتوانین بیر له‌و ڕیگایانه بکه‌ینه‌وه که به‌هێزبوونی زمانی کوردی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
٢- دیارینه‌کردنی یاسا و ڕێسای وشه‌سازیی سرووشتی:-
زمانی کوردی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌هۆی فه‌رمی نه‌بوون، زیاتر به شێوه‌ی سرووشتی وشه‌سازی کردووه و له‌م بواره‌شدا تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بووه. گرنگیی شێوه‌ی وشه‌سازیی سرووشتی ئه‌وه‌یه که یارمه‌تی زمانه‌وان ده‌دات به چ شێوه‌یه‌ک بۆ وشه بیانییه‌کان هاوتا دروستبکات. جا ئه‌گه‌ر ئێمه یاسا و ڕێسا و چۆنێتی وشه‌سازیی شێوه‌زاره‌کانی هه‌موو ناوچه‌کانی خۆمان دیاری بکه‌ین، ده‌توانین وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ دیاری و ده‌سته‌به‌رکردنی بنه‌ماکانی وشه‌سازیی فه‌رمی و یه‌کگرتوو که‌ڵکی لێ وه‌بگرین.
٣- نه‌بوونی فه‌رهه‌نگی وشه به مانا زانستییه‌که‌ی:-
ڕاسته که ئێمه چه‌ندین فه‌رهه‌نگی وشه‌ی بڕواپێکراومان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م فه‌رهه‌نگانه زیاتر وشهنامهن تاکوو فه‌رهه‌نگی وشه. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی نووسه‌ران و دڵسۆزانی کورد زۆرتر ئه‌وه بووه به شێوه‌یه‌ک وشه کوردییه‌کان کۆ بکه‌نه‌وه و بیانپارێزن. ئه‌گه‌ر نا فه‌رهه‌نگ نووسین به شێوه‌ی زانستی و سه‌رده‌میانه تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه که ده‌بێ فهرههنگنووس ڕه‌چاویان بکات. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه بریتین له:-دهنگنووسیی وشه، شێوه‌ی نووسینی وشه، ڕه‌چه‌ڵه‌کناسیی وشه، ئاماژه به چۆنێتی به‌کارهێنانی وشه له هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و زانسته جۆراوجۆره‌کاندا، جیاکردنه‌وه‌ی وشه‌ی سه‌ره‌کی و وشه‌ی لاوه‌کی.
٤- کێشه‌ی ڕێزمان:-
به‌داخه‌وه تا ئێستا ڕێزمانێک که به‌وردی باسی هه‌موو یاسا و ڕێساکانی زمانی کوردی و ته‌نانه‌ت یه‌کێک له زاراوه کوردییه‌کان بکات له به‌رده‌ستدا نییه. زۆربه‌ی ئه‌و ڕێزمانانه‌ی که بڵاو بوونه‌ته‌وه له ژێر کاریگه‌ریی زمانی فارسی و عه‌ره‌بیدا نووسراون. بۆیه تا ئێستا به‌شێک له یاسا و ڕێساکانی ڕێزمانی کوردی به جوانی نه‌ناسراون. ئه‌مه له لایه‌که‌وه؛ له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هیچ کام له‌و ڕێزمانه کوردییانه‌ی بڵاو بوونه‌ته‌وه سه‌ر به هیچ یه‌ک له قوتابخانه سه‌ره‌کییه‌کانی ڕێزماننووسیی جیهانیی وه‌کوو (Transformation)، (Category) و (Tagmemics) نین. غیاب و بۆشایی میتۆدی زانستی له ڕێزماننوسی کوردی‌دا کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی وشه‌سازی داناوه. ئێمه تا کاتێک ئاگاداری یاسا و ڕێساکانی زمانی کوردی نه‌بین، ناتوانین هه‌موو توانا و ئه‌گه‌ره‌کانی زمانی کوردی ده‌ربخه‌ین و له بواری وشه‌سازیدا کاریان پێ بکه‌ین و هه‌روه‌ها ناتوانین ڕه‌خنه‌ی ڕێزمانی له‌و وشانه بگرین که به‌شێوه‌ی نازانستی داتاشراون.
٥- نه‌ناسینی شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردی:-
شیاوی ئاماژه‌یه هه‌بوونی شێوه‌زاری زۆر له هه‌ر زمانێکدا نێشانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندییه چونکوو به‌پێی ژماره‌ی شێوه‌زاره‌کان، ژماره‌ی ئه‌گه‌ره‌کانی وشه‌سازیی زۆرتر ده‌بێت. ئه‌مڕۆ لای که‌س شاراوه نییه یه‌کێک له هۆیه‌کانی به‌هێزبوونی زمانی فه‌ڕه‌نسی و ئینگلیزی، فره‌بوونی شێوهزارهکانیانه. ده‌ڵێن زمانێک وه‌ک زمانی ئینگلیزی چوارده شیوه‌زاری هه‌یه. ئاخێوه‌رانی هه‌ندێک له‌و شێوه‌زارانه له ئاخێوه‌رانی شێوه‌کانی تر تێ ناگه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌و کاته‌ی به‌شێوه‌زاری له‌نده‌نی واته فه‌رمی پێکه‌وه قسه بکه‌ن. ئێمه‌ش ده‌توانین به ڕێکخستنی پرۆژه‌ی شێوه‌زارناسی، له هه‌موو تواناکانی ئه‌و شێوه‌زارانه بۆ پێکهێنانی زمانی یه‌کگرتوو به‌تایبه‌ت له پرۆژه‌ی وشه‌سازیدا که‌ڵک وه‌ربگرین.
٦- نه‌بوون یان که‌مبوونی ده‌قی تیۆریکی سه‌رده‌م:-
به‌داخه‌وه هێشتا بابه‌تی وه‌رگێڕانی ده‌قه تیۆریکه‌کان له زمانی سه‌رچاوه‌وه بۆ زمانی کوردی به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام و به‌گوڕ و پته‌و ناچێته پێشه‌وه. زۆر ڕوونه وه‌رگێڕانی ده‌قی تیۆریک، به‌تایبه‌ت له بواری زانسته مرۆییه‌کان، وه‌کوو هزر وفه‌لسه‌فه و ده‌روونناسی و…هتد ده‌توانێ توانستی زمانی (language competence) کوردی که تاڕاده‌یه‌ک شاردراو و ناکارایه(passive)، کارا بکات. هه‌ر چه‌ند زۆر له مێژه وه‌رگێڕانێکی لێهاتوو له‌م بواره‌دا خه‌ریکن، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌کان زۆر که‌من، ده‌بێ بۆ کاراکردنی وشه‌سازی، وه‌رگێڕان به‌م ئاڕاسته و ڕێچکه‌یه‌دا ببێت به پرۆژه‌یه‌کی به‌رده‌وام.