فەیلەسوفی بەناوبانگ ئەفلاتوون گومانی هەبوو لە سیاسەتی دەسەڵات لە خەڵکەوە بۆ خەڵک، ئارگومێنتەکانی ئەفلاتون دژی دیموکراسی چی بوون؟ ئەفلاتون ناسراوە بە نووسینەکانی لەسەر بابەتی جۆراوجۆر، لەوانە ڕەوشت، زانست، و سیاسەت. ئەفلاتون لە بەرهەمە ناوەندییەکەیدا بەناوی کۆمار، قووڵ دەبێتەوە لە دەوڵەتی نموونەی و حوکمڕانییەکەی. بەشێک لە ئارگومێنتەکەی ڕەخنەیە لە حکومەتی دیموکراسی، ئەویش جۆرێکە لە حوکمڕانی کە لە بنەڕەتدا بە کەموکوڕ و ناپایەدار سەیری دەکرد. بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی ئەفلاتون وەها ڕەخنەی لەبارەی دیموکراسیەوە هەبووە، دەبێت بەدواداچوون بۆ پۆلێنکردنەکانی جۆرەکانی حکومەت بکەین و، ڕەخنەکانی لە دیموکراسی وەک ڕژێم، ئەو لێکچوونەی کە بەکاریهێناوە بۆ ئارگومێنتەکەی کە دەڵێت حوکومڕانی کارامەیی خۆی دەوێت و باشترە بۆ کەسانی شارەزاتر بەجێبهڵدرێت.
“پۆلێنکردنەکانی ئەفلاتون بۆ پێنج ڕژێمەکە”
ئەفلاتون لە کتێبی هەشتەم و نۆیەمدا لە کۆمار پۆلێنکردنەکانی لە جۆرەکانی حکومەت دەخاتە ڕوو. تێیدا ئەرستۆکراسی کە تێیدا فەیلەسوفەکان حوکمڕانی دەکەن، نموونەیترین جۆری حوکمڕانیە کە شار-دەوڵەتێکی نموونەیی بوونیاد دەنێت. شانبەشانی ئەرستۆکراسی، ئەفلاتون چوار جۆری دیکەی حکومەت دەستنیشان دەکات؛ تیمۆکراسی، ئۆلیگارکی، دیموکراسی و ستەمکاری. تیمۆکراسی ئاماژە بۆ حوکمڕانییەک دەکات کە چەند تاکێک کە شەرەف و شکۆمەندی وەک بەرزترین فەزیلەت لە پێشینە دادەنێن. ئۆلیگارکی حوکمڕانی چەند کەسێک دەگرێتەوە کە سامان وەک پێوەرێکی سەرەکی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دادەنێن. دیموکراسی نوێنەرایەتی حوکمڕانی زۆرینە دەکات، کە ئازادی و یەکسانی لە پۆستە سیاسییەکاندا گرنگییەکی سەرەکییان هەیە. لە کۆتاییدا ستەمکاری نوێنەرایەتی فۆرمێکی حوکمڕانی تەواو نادادپەروەرانە دەکات کە تێیدا ئیحتیاتی یەک فەرمانڕەوا دەبێتە یاسا بۆ تاکەکانی.
پۆلێنکردنەکانی ئەفلاتون پێشنیاری زنجیرەیەکی هۆکارانە دەکات کە تێیدا ڕژێمەکان لە یەکترەوە سەرهەڵدەدەن، لەگەڵ ڕێکوپێکی دابەزین لە ڕوانگەی بەهاوە. وا دەردەکەوێت کە ڕژێمی نموونەیی ملکەچی تیمۆکراسیە و دواتر دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئۆلیگارکی و …هتد. تیمۆکراسی و ئۆلیگارکی بە کەم دادپەروەرانە دادەنرێت لە ئەرستۆکراسی، لە کاتێکدا دیموکراسی و ستەمکاری بە گشتی وەک ڕژێمی ناڕەوا سەیر دەکرێن و ستەمکاری خراپترین شێوەیە. پۆلێنکردنی جۆرەکانی حکومەت لەلایەن ئەفلاتونەوە لەسەر ئەو تێڕوانینە دامەزراوە کە تەنها یەک ڕژێمی باش هەیە و هەموو ئەوانی تر لادانن لەو نموونە ڕەهاییە. کە دواتر ئەرستۆ ڕەخنەی لە پۆلێنکردنی ئەفلاتون دەگرێت و بە شێوەیەکی تەواو گشتگیر و لە ڕادەبەدەر ئەبستراکتی دەزانێت. ئەرستۆ داکۆکی لە ڕیالیزمی بەها دەکرد، جەختی لەسەر بوونی ڕژێمێکی بابەتی ڕەها دەکردوە وە لە هەمان کاتدا دەڵێت واقیعە کۆمەڵایەتییە پراکتیکییەکان بڕیار لەسەر فۆرمەکانی حکومەت کە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، دەدەن. سەرەڕای ئەوەش، تایپۆلۆژیای ئەفلاتون سەرنجڕاکێشە بەهۆی ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکانی سەبارەت بە دیموکراسی.
“ئایا دیموکراسی ناپایەدارە؟”
بە بڕوای ئەفلاتون سەرهەڵدانی دیموکراسی لە ئۆلیگارکیەوە کاتێک ڕوودەدات کە چینی هەژار لە دژی کەمینەی دەوڵەمەند ڕادەپەڕن. ئەم ڕاپەڕینە بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن کەسێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە خیانەت لە چینی ئۆلیگارکی دەکات، بەڵام خاوەنی بەهرەی حوکمڕانی و دەستکاریکردنی خەڵکی زۆرە، زۆرجار لە ڕێگەی وتارە ڕازیکەرەکانیەوە. ئەم تاکە بە دیماگۆگ ناسراوە. بە دیماگۆگێک لە سەرۆکایەتیدا، جەماوەر دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێت، زۆرجار لە ڕێگەی تووندوتیژی و هەندێکیان دەکوژن و هەندێکی دیکە دەردەکەن و ئەوانەی دەمێننەوە ناچاریان دەکەن پێکەوە بژین. لەم ڕژێمەدا هەمووان مافی یەکسانیان بە هەموو شتێکەوە پێدەدرێت ڕژێمێکە کە حکومەت بە تیروپشک هەڵدەبژێردرێت. بە شێوەیەکی سرووشتی وەسفەکەی ئەفلاتون بە پلەی یەکەم لە دیموکراسیای ئەسینای سەردەمی خۆیەوە ئیلهامی وەرگرتووە، تیشک دەخاتە سەر هەموو ئەو شتانەی کە بە کێشەدار دەزانێت لەگەڵیدا.
دیموکراسی وەک ئەفلاتون باسی دەکات، بە یەکسانی و ئازادی تایبەتمەندە، هەروەها تاک مافی ئەوەی هەیە بە ئاشکرا هەرچییەک بێتە مێشکی بیڵێت، هەروەها مافی بەڕێوەبردنی ژیانێک بەو شێوەیەی کە دەیەوێت. دیموکراسی کۆمەڵێک شێوازی ژیانی بەرفراوان پەروەردە دەکات و بەهۆی ئەوەشەوە هەموو جۆرەکانی تری حکومەت تا ڕادەیەکی دیاریکراو لە دیموکراسیدا دەدۆزرێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە تاکەکان لە کۆمەڵگایەکی دیموکراسیدا بە تێگەیشتن لەوەی کە بەڕاستی چی باشە ڕێنمایی ناکرێن. بەڵکو ملکەچی ئەو تێڕوانینەن کە هەموو چێژەکان بەهایەکی یەکسانیان هەیە. لە ئەنجامدا توانای ڕێنمایی ژیانیان نییە و بەبێ ئەقڵی بەدوای تێرکردنی هەموو ئارەزوو و سۆزێکدا دەگەڕێن کە لەناو خۆیاندا سەرهەڵدەدات یان لەلایەن دیماگۆگەکانەوە وەک چاکەی گشتی بانگەشەی بۆ دەکرێت. لەجیاتی ئەوەی تاکەکان بەرەو زانست بەرێت، ئەم بەدواداچوونی ئازادییە تاکەکان لە ژیری و دانایی دوردەخاتەوە. ئەفلاتون دەڵێت دیموکراسی سنووری نییە، ئەمەش وایکردووە لە ئۆلیگارکی کەمتر بێت، کە هەندێک سنووردارکردن هەیە. لە دیموکراسیدا کەس ناچار نییە حوکمڕانی بکات یان سەرقاڵی سیاسەت بێت ئەگەر بیەوێت نەیکات. ئازادی لەم ڕژێمەدا لە پێش هەموو شتێکەوەیە؛ تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا هاووڵاتییەکی دێموکرات دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە خۆی لە بەشداریکردن لە بەرگریکردن لە شاردا بەدوور بگرێت. سەرەڕای ئەوەش، پەیوەندییەکانی نێوان فەرمانڕەوا و تاک، دایک و باوک و منداڵ، مامۆستا و خوێندکار، پێناسە نەکراون و زۆرجار لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا دەگۆڕدرێن. ئەفلاتون جەخت لەوە دەکاتەوە کە دیموکراسی هەمیشە ئامادەیە بۆ مەترسی دیماگۆگێک کە بە دڵخۆشکردنی جەماوەر هەڵدەستێتە سەر دەسەڵات و بەم کارەش کردەوەی ترسناک و بەدڕەوشت و خراپەکاری ئەنجام دەدات. ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی داڕمانی تەواوەتی نەزمی دیموکراسی، کە لە ئەنجامدا ستەمکاریی لێدەکەوێتەوە. ستەمەکان کاتێک سەرهەڵدەدەن کە گرووپ یان تاکی زلهێز خۆیان لە ڕژێمی دیموکراسی جیابکەنەوە و ببنە هێزی کۆنترۆڵنەکراو.
“تێڕوانینێکی گشتی بۆ ئارگومێنتی ئەفلاتون دژی دیموکراسی”
ڕەخنەی ئەفلاتون لە دیموکراسی لە خاڵێکی پێشووتردا لە “کۆمار “دا بناغەی خۆی دەبینێتەوە، بە تایبەتی لە کتێبی شەشەمدا. بنەمای تایبەتمەندبوون کە ئەفلاتون لە کاتی بوونیادنانی شارە نموونەییەکەی لە کتێبی دووەمدا دەیناسێنێت، بەشدارە لە تێزەکەیدا کە فەیلەسوفەکان باشترین و گونجاوترینن بۆ حوکمڕانی. لەم شارە نموونەییدا، هەر هاووڵاتییەک ڕۆڵێکی دیاریکراوی بۆ دیاری دەکرێت، ڕۆڵێک کە لەگەڵ تواناکانیدا هاوتەریب بێت و ڕاهێنانی بۆی پێکراوە. جا جووتیار بن، پیشەوان بن، پزیشک بن، چێشتلێنەر بن، یان سەرباز بن، چاوەڕوان دەکرێت تەنها بە توانای دیاریکراوی خۆیان بەشداری بکەن لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵگاکەدا. لەم بنەما بنەڕەتییەوە، دەرەنجامێکی ناڕاستەوخۆ دێتە ئاراوە؛ کرێکارانی ئاسایی، کە دەنگدەر لە هەر دیموکراسییەکدا پێکدەهێنن، دەبێ خۆیان لە بەشداریکردن لە بڕیاردانی سیاسیدا بەدوور بگرن. بەڵکو دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خاوەنی توانا و پەروەردەی پێویستن کە دەتوانن لە حوکمڕانیدا سەرکەوتوو بن.
دەتوانرێت ئارگومێنتەکەی ئەفلاتون بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە؛ حوکمڕانی کارامەیییە و ئەقڵانییە کە دەبێت مومارەسەکردنی بسپێردرێت بە پسپۆڕان. لە دیموکراسیدا دەسەڵات لە دەستی خەڵکدایە، کە لە بنەڕتدا شارەزای حوکمڕانی نین. لە ئەنجامدا ئەفلاتون بەو ئەنجامە دەگات کە دیموکراسی لە بنەڕەتدا نائەقڵانییە. کۆماری ئەفلاتون لە پرسیارێک قووڵ دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن ژیانی خۆی بەڕێوەببات، کە لە بنەڕەتدا لێکۆڵینەوەیەکی ڕەوشتییە سەبارەت بە ڕەفتار و بوونی تاکەکەسی. بەڵام هەر لە سەرەتای گفتوگۆکەدا دەردەکەوێت کە ئەمە لە ڕەفتاری کەسی تێدەپەڕێت و دەست دەخاتە سەر دادپەروەری و دادپەروەری لە ڕێکخستنی دەوڵەتدا. بە بڕوای ئەفلاتون، پرسە ڕەوشتی و سیاسییەکان بەیەکەوە گرێدراون، لێکۆڵینەوە لە حوکمڕانی درێژکراوەی تێگەیشتن لە ژیانی چاکەکارانەدایە.
ئەفلاتون بە درێژایی دیالۆگەکە بەرگری لە لێکچوونی نێوان دەوڵەت و ڕۆحی مرۆڤ دەکات. ئەو پێشنیاری ئەوە دەکات کە مرۆڤ بە پێشبینیکردنی دەوڵەتێکی دادپەروەر و باش پێکهاتەدار، دەتوانێت تێڕوانینێک بۆ سرووشتی دادپەروەری لە ژیانی تاکدا بەدەستبهێنێت. دەوڵەت وەکو وەشانێکی گەورەکراوی ڕۆح وایە، ڕێگەمان پێدەدات تێگەیشتن لە دادپەروەری بە شێوەیەکی گەورەکراو لە ئاستێکی تاکەکەسیدا بەکاربهێنین. سیستەمێکی کارکردنی دروست، هەروەک ڕۆحێکی تەندروست، دۆخێکە کە بەشە جیاوازەکان بە تەواوی هاوسەنگ بن و بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا کاربکەن. ئەفلاتون جەخت لەسەر یەکێتی ناوخۆیی هەم دەوڵەتی سیاسی و هەم کەسایەتی تاک دەکاتەوە. وەک چۆن دەوڵەت لە بەشی جۆراوجۆر پێکدێت، ڕۆحی مرۆڤیش بە هەمان شێوە. دەوڵەتێکی ڕێک و پێک و تاکێکی ڕاستگۆ لە ڕووی ڕەوشتەوە سیفەتی پێکهاتەی هەماهەنگی هاوبەشن. ئەم جۆرە هاماهەنگییە دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و دادپەروەر، کە دەبێ دواهەمین ئاوات و ویستی هەردوو کردەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ بێت.
“لێکچوونەکانی ئەفلاتون؛ حوکمڕانی وەک کارامەییەک”
شیکاری ئەفلاتون ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە چەمکی دابەشکردنی کار و بنەمای تایبەتمەندبووندا هەیە. بەو ئەنجامە دەگا کە دادپەروەری لە دەوڵەتدا کاتێک بەدەست دێت هەر کەسێک بەپێی بەهرە سرووشتییەکانی و پەروەردە و ڕاهێنان و ڕۆڵی خۆی بەجێبهێنێت. ئەم پرەنسیپەی تایبەتمەندبوون وا دەکات کە ئەندامانی هەر چینێکی کۆمەڵایەتی تەنیا سەرنجیان لەسەر کارە دیاریکراوەکانیان بێت و خۆیان لە دەستوەردان لە ئەرکەکانی چینەکانی دیکە بەدوور بگرن. ئەو بانگەواز دەکات کە بڕیارەکە دەبێ بۆ ئەو کەسانە جێبهێڵرێت کە خاوەنی زانیاری چاکەن-فەیلەسوفەکان. بەم پێیە ئارگومێنتی ئەفلاتون دژی دیموکراسی لە کۆتاییدا لەسەر لێکچوونێک بوونیاد نراوە. سەرنجی خەڵک بۆ ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە جیاوازانە ڕادەکێشێت کە بەشدارن لە چاکەی گشتیدا، وەک کشتوکاڵ، چێشتلێنان و دروستکردنی خانوو. هەموو ئەو کارانەی کە خزمەت بە چاکەی گشتی دەکەن پێویستیان بە ڕاهێنان و ئامادەکاری تایبەت هەیە. بە هەمان شێوە ئەرکە سیاسییەکانی وەک هەڵبژاردنی ئەفسەران، بەشداریکردن لە مەجلیس و سەرۆکایەتیکردنی کەیسەکانی هۆڵی دادگاش بەشدارن لە چاکەی گشتیدا. ئەو کەسانەی لەم پۆستانەدان پێویستیان بە ڕاهێنان و شارەزایی تایبەتمەند هەیە بۆ ئەوەی لە ئەرکەکانی خۆیاندا سەرکەوتوو بن. بۆیە ئەوانەی بڕوانامەی سیاسی پێویست بەدەست دەهێنن، زۆرترین ئەگەری ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەیان بە شێوەیەکی کاریگەر، یان بە لایەنیکەمەوە باشتر لەوانی تر. لە ئەنجامدا، ئەفلاتون جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاکەکان دەبێ خۆیان لە بەشداریکردن لە سیاسەتدا بەدوور بگرن، مەگەر ڕاهێنانی پێویستیان ئەنجام دابێت و کارامەیی سیاسی پەیوەندیداریان بەدەست هێنابێت.
“پەیوەندیدارێتی ئارگیومێنتەکەی ئەفلاتون”
سەرەڕای ئەوەی کە ئەفلاتون بە بیری دیموکراسی ئەسینای کۆن نووسیویەتی، بەڵام دەتوانرێت ناوەڕۆکی ئارگومێنتەکەی بۆ دیموکراسییە مۆدێرنەکانیش بەکاربهێنرێت. ئەمڕۆش کەسانێک هەن کە پێیان وایە زۆرینەی خەڵک توانای سیاسییان نییە و پێویستە سیاسەت بۆ چەند کەسێکی هەڵبژێردراو جێبهێڵرێت. لە وەڵامی ڕەخنەی دژە دیموکراسی ئەفلاتون لە حوکمڕانی لەلایەن زۆر کەسەوە، ڕەنگە بەرگریکارێکی دیموکراسی ئارگومێنتێک بوروژێنێت کە ئەرستۆ لە “سیاسەت” دا خستوویەتییە ڕوو، کە لە سەردەمی مۆدێرنیشدا سەردان کراوەتەوە. گەوهەری ئەم وەڵامە لەو باوەڕەدایە کە گرووپێکی گەورە دەتوانن بەکۆمەڵ خاوەنی داناییەکی گەورەتر بن لە گرووپێکی بچووک. ئەم تێڕوانینە هاوشێوەی ئەوەیە کە چۆن کۆمەڵێک تاکی هەژار، کاتێک یەکدەگرن، دەتوانن بەکۆمەڵ لە یەک کەسی دەوڵەمەندتر، دەوڵەمەندتر بن. بە کۆکردنەوەی زانیارییە کەمەکەیان، گروپەکە زانیارییەکی بەرفراوان لە بەشە بچووکەکانەوە پێکدەهێنێت، کە پرۆسەی بڕیاردانی ژیرانەتر و ئاگادارتر بەدەستدەهێنێت.
وەڵامێکی ڕادیکاڵتر بۆ ڕەخنەی ئەفلاتون لە دیموکراسی دەتوانرێت لە نێو ئەو دیموکراتانەدا بدۆزرێتەوە کە لەگەڵ ئەوەدان دەساڵتی سیاسی بدرێت بە تاکەکان، تەنانەت ئەگەر توانای ئەوەشیان نەبێت بە شێوەیەکی باش باکاری بهێنن. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە سیاسەتدا ڕەچاوکردنی قووڵتر هەیە لە دەرەوەی تەنها بڕیاردان. بە بڕوای ئەوان پرۆسەی چۆنیەتی بڕیاردان گرنگییەکی ئەخلاقی زیاتری هەیە وەک لە بڕیاردان خۆی. بەم شێوەیە ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بڕیاردانی دیموکراسی تەنیا بەهۆی دادپەروەری سرووشتییەوە خاوەنی سوودێکی یەکلاکەرەوەیە. لە ئەنجامدا، ئارگیومێنتی دژە دیموکراسی ئەفلاتون لە سەردەمی هاوچەرخدا پەیوەندیدارە و زۆرینەی تیۆری دیموکراسی مۆدێرن لە دەوری پێشکەشکردنی وەڵامی هەمەچەشن بۆ بەرپەرچدانەوەی دیدگای ئەو دەسوڕێتەوە.
سهرچاوه؛
Source: https://www.thecollector.com/plato-arguments-against-democracy/
وهرگێڕانی؛ ئهحمهد ڕێبوار