“پوختە”
لەم وتارەدا هەوڵ دراوە ئەو وێنا و سیمایەی نالی کە لە دەرەوەی سیستەمی بەلاغە و داڕشتنی شیعریی زمانی عەرەبی سەردەمی و کولتووری زاڵی سەردەمەکەی دەرکەوتووە بخرێتە روو، ئەو وێنەی ئایینی و ئاسمانییە دوورەدەست و سەپێنراوە لە نالی دەخرێتە لاوە و نالی لە ژێر تیشکی خوێندنەوە و راڤەی هێرمنۆتیکی نووسەری کتێبەکان دێتە پانتای حوزورر و ئامادەبوونێکی مێژوویی و زەمینی و گەلێ رەهەند و لایەنی تازەی نالی تیشک دەخرێتە سەری.
کلیل وشەکان: هێرمنۆتیک، جیهان-ژین، ئەزموون، نالی، قودسییەت، شیعر، زمان، بوون
“دەروازە”
کتێبی نالی ناوی کتێبی یەکەمی رێبوار سیوەیلییە لە 444 لاپەڕە و “لە بەلاغەوە بۆ مۆدێڕنیتە” ناوی کتێبی دووەمێتی لەسەر نالی لە قەوارەی 460 لاپەڕە کە بە میتۆدێکی هێرمنۆتیکی پەیکەرەیەکی تایبەت و سەرکێشانەی لە دونیای شیعریی نالی و ئەو زەمینەی و بەستێنانەی تێیدا پێگەییوە داتاشیوە. ئەم هەوڵە لە بەرگی دووەمی کتێبەکە واتە لە “لە بەلاغەوە بۆ مۆدێڕنیتە”دا زیاتر دەردەکەوێت. یەکێک لە جومگە سەرەکی و زێڕینەکان کە لەم کتێبەدا خراوەتە روو، هەر لە ژێر تیشکی ئەوەشدا ئاڕاستەیەک بۆ خوێندنەوە و راڤەکردن(کەشف)ی جیهانبینی نالی دراوە؛ تاکانەبوونی ئەزموونی نالییە لە ناو جوگرافیای بەرینی کولتوور و زمانی عەرەبی و دواتر خۆمانیفێستکردنی ئەزموونی شیعرییانەی لە ناو زمانی کوردییە. واتە ئەزموونێک کە سەرەڕای ئەوەی لە نێو کەوانە و قاوغێکی کولتووریی سەردەمی خۆی و لە تۆپۆس و فۆرمێکی شیعرییدا خراوەتە روو، بەڵام دەرکەوتە و پریشکێکی ناوازە و واڵاشە لە جیهان-ژینێکی فەردی و تاکەکەسییانەی خۆی “نالی” وەکوو مرۆڤێکی خاوەنهەست و بیر و گەڕاڵ و سووژە. لەم روانگەیەوە نالی لە دەرەوەی پارادایم و شکڵە سەپێنراوە کولتوورییەکەیدا دیاری دەکرێت بە دوو هۆکاری گشتی.
یەکەم:- جیهان-ژین و بوونی ئێمە وەکوو کورد بەزۆری و لێرەشدا نالی لە رێگەی شیعرەوە خۆی مانیفێست کردووە و هەر وەک سیوەیلیش باسی کردووە زمانی شیعریی؛ زمانی خەیاڵ و میتافۆڕ و زۆر فیگۆر و سەنعەتیترە کە لەناو بەلاغە و سیستەمێکی ئایدۆلۆژیی زمانییدا قەتیس ناکرێنەوە، واتە زمانی شیعر هەم سنوورە مێژووییە کولتوورییەکان دەبەزێنێت و هەمیش هەڵگری بەردەوامیی پوتانسێل و وزەیەکی ناوەکی و هێزەکییە کە بڕیار نییە لە کات و ساتێکی دیاریکراوی مێژوویی و لەناو جوغرافیایەکی کولتووریدا قەتیس بکرێت و بخنکێت. ئەم مژارە لە گۆشەنیگای کتێبی نالی(هەر دوو بەرگەکەی) و گێڕانەوەی ڕێبوار سیوەیلی چۆن دەخرێتە ڕوو؟ ئەلف:-لە ڕێگە و گۆشەنیگای بەهاوچەرخکردنی نالی وەکوو تاکێکی بگێڕ و گێڕەرەوەی(شیعر) و تێپەڕاندن و ڕزگارکردنێتی لە ناو دیوار و سنوورێکی جوگرافیای کولتووری و مێژوویی دیار و دەستنیشانکراوەوە، ئەمە هەمان شتە کە وەکوو پێوەندی نالی بە مۆدێڕنیتەوە باس دەکرێت. ب:- خاڵێکی دیکە نالی دێنێتە ناو ڕۆژگاری ئێمە و لە پارادایمە سەپێنراوە کولتوورییەکەی دەری دێنێت و لە قەتیسبوون رزگاری دەکات فۆرمێکە کە نالی و زمانی کوردی ئەوکات(تا ڕادەیەکی زۆریش عەرەبی) بۆ مانیفێست و خستنەڕووی ئەزموونی خۆی هەڵی بژاردووە. واتە فۆرمی شیعر. دەربڕینی هەموو ئەزموونێکی تاکانە و فەردی “خود” لە زمانی شیعرییدا. ڕەنگە زۆر لەبارەی شیعرەوە لە دونیای ئێمەدا گوترا بێت، بەڵام پێم وایە لە نێوان ئەو هەموو خنکان و نغرۆبوونە لە نێو تیۆرییەکانی پەیوەست بە شیعر بۆ تێگەیشتن لە دونیا ناکۆتا و دژەباو و دژەزانستەکەی و ئەو هەموو ڕووکەشبینی و سەتحینیشاندانەی ئەزموونی شیعریی، ئێمە هێشتا ماومانە ڕیسالەتی ڕاستەقینەی شیعر و جەوهەری کەوینەکراو و ماهییەتی “جیوەئاسای” بناسین. رەنگە هەر ئەمەش وا بکات نالی و شیعر و جیهانبینی نالی لە جێگە و ئاڕاستەی شایستە و درووستی خۆی دانەنیشێت.
جا مەبەستی من لەم باسە چییە لێرەدا کە بە شکڵ و شێوازیتر لە پێشەکی کتێببەکەدا هاتووە؟ مەبەستی سەرەکی من زەقکردنەوەی چەند شتە کە رەنگە بۆ پتەوکردن یان بۆ پشتگیریکردنێکی تیۆریانە و ئەمڕۆیی نالی پێویست بن. یەکەم:- ئەوەی کە باس لە مۆدێڕنیتە و نالی بکرێت تەحەدایەکی بوێرانە و هاوکات رەوایە لە هەمبەر هەندێک یان کۆمەڵێک دەنگ و نووسەر و تۆژەری رەسەن و خاوەن پێگە و شارەزا. تەحەدایەکی بوێرانەیە چون کەلتووری تەئویل و خوێندنەوەی ئێمە هێشتا سەوداسەرییەکی سەیر و سەمەرەی بۆ نەرێت و پەندی کۆن و فۆرمی کۆنی ژیانی عەفەوی و بێگەرد و قودسی هەیە (ئەگەرچی هەندێ کەسی وەکوو مەسعوود محەمەد ئەم سەهۆڵەیان شکاندبێت پێشتر) و پێم وایە ئەم نەگبەتی و بەڵایە تەنانەت لە زانکۆکانی ئێمە و ناو تاقمی خوێندەوارەکانیش بەشێوەیەکی پۆزیتیڤیستی و ئەمڕۆیی بەرهەمهاتۆتەوە. دووەم:- ئێمە ئەمڕۆ وەکوو خوێنەری دەقێک دەبێ تۆزێک جێگە بۆ ئەو خود و “من”ە هەنووکەییەی ئەمڕۆی خۆمان بکەینەوە و نالی بێنینە دوان لەگەڵ خۆمان و لەگەڵی بکەوینە دیالیکتیک و بە زمانی خۆمان باسی نالی بکەین زەقکردنەوەی ئەم دوو خاڵە بە بێدانوستان و تەعامولی تیۆریک و فیکری هەر دوو رەهەندەکە ئەستەم و شێواوە.
“میتۆد و ئەزموونی ژیان و مانا”
(نالی، سیوەیلی و “من”)
بەرگی دووەمی کتێبی نالی (لە بەلاغەوە بۆ مۆدێڕنیتە) لە چاوەی کتێبی یەکەم خاوەنی رێک و پێکی و ئینسجامێکی تۆکمەترە، واتە هەر لە ریزکردنی بەشەکان و تەوەرەکاندا ئێمە بە ناو ئاڕاستەیەکدا دەڕۆین کە نالیمان بە سێ تایبەتمەندییەوە بۆ دەخاتە روو. 1-زەمینی و 2-پارچەپارچەکراو 3- پڕسەودا. بێگومان تەحەدا و ئیدەعایەکی گەورەیە گەر بیر لەوە بکەمەوە کە نالی ڕەسەنترین سووژەی ناو دونیای ئێمەیە، بەڵام دەڵێم نالی دازاینێکی پارچەپارچەیە کە رێک بەهۆی ئەو هەموو سەفەر و غوربەت و “ناشوێن”مەندییەی کە لە ژیانیدا هەیبووە و لە شیعرەکانیشیدا دەرکەوتووە لەبازنە و شوێنێکدا گیر و قەتیس نابێت. ئەگەرچی ئەزموونی من لەگەڵ دەقە کلاسیکییەکاندا زۆر جیاواز بووە لەو مەزهەب و رێبازەی کە “رێبوار سیوەیلی” لە سەر نالی پێیدا دەڕوات، بۆ نموونە ئەوەی کە لە سەرەتاکانی کتێبی نالی بەرگی یەکەم لە قەوارەی ئەزموونی فام و خوێندنەوەی بەرەکاندا باس دەکرێ، رێزی باوکی بۆ ئاسمان و نوێژ و لە هەمان کاتیش دا بۆ نالی و زەمین و، بەستێنێکی سرووشتی و خۆڕسک و پرسیارئامێزی لە دونیای منداڵی سیوەیلی درووست کردووە کە پێشوەخت و بەر لەوەی هیرمنۆتیک لە زانکۆ و کتێبەکاندا بخوێنێت، روانینێکی تەئویلگەر و راڤەگەرای تێدا رسکاندووە و لەو کتێبەی نالی جیهان ژینی منداڵی “رێبوار سیوەیلی” ئێستە دەیگێڕیتەوە خۆی زەمینەیەکی لەبار و جیاواز بووە بۆ کەشفی نالییەکان یان من پێم باشترە بڵێم کەشفی”پارچەپارچەکانی بوونی نالی”.
لەم کڵاورۆژنەوە دەتوانم بڵێم؛ کە لێرەدایە تێدەگەین مرۆڤ خۆی لە خۆیدا سووژەیەکی تەئویلگەر بووە ئەگەرچی ئێمە پێشوەخت بە شێوەیەکی تەواو وشیار و تیۆریزەکراو ئاگاداری نەبووبێتین، رێبوار بەو زەمینەیەوە تەئویلی خۆی تەنها لە ناو دەقدا و بەشێوەیەکی دەقتەوەرانەی رەها ئەنجام نەداوە، واتە دەلالەتی بەرەڵڵا و سەپێنراوی بۆ وشە و ئایدیۆم و چەمک و وێنە و میتافۆڕەکان درووست نەکردووە و خاڵە زێڕین و جیاواز و سەرکەشانەکەی کتێبەکە لێرەدایە کە رەوتی کەشفی مانا و دەلالەتەکانی لە ناو سەردەمی ژیانی نالی و رۆحی مێژوویی نالی بەشێوەیەکی ورد و بەڵگەمەند هەڵکۆڵیەوە، ئەمەش لەم کتێبەدا بە بینینی دەیان سەرچاوەی مێژوویی پەرش و بڵاو کە نووسەر پارچەکانی تیشکە جیاوازەکانی نالی لە هەر کتێبێک بە جیاجیا دەرهێناوە و راڤەی کردوون بە زەقی دیارە و، ئەم رۆچوونە مێژووییە و هەڵکۆڵینی کۆنتێکست و زەمینەکانی دەقی نالی کارێکی زۆر سەخت و تاقەتپڕووکێن بووە، کە بێگومان تەنها کەسێکی تەئویلگەری پانتای مەزهەبی نالی دەتوانێت بەرگەی ئەو هەموو وردەکاری و ماندووبوون و گەڕانەی ناو مێژوو بگرێت، سیوەیلی هەر پارچەیەک لە شووشەکانی رۆحی نالی لە ناو بەشێک لە رووداوە مێژووییە جیاجیاکانی سەردەمی نالی خۆی و تەنانەت پێش ئەویش دەرهێناوە. بەراستی ئەم هەموو گوڵچنین و شووشە پێکەوەنانە ورد و ناسکە جێگەی سەرسووڕمانە چوون تاقەتێکی پتەو و ئەسیلی وجوودیی دەوێت. ئەزموونی من بۆ فامی نالی وەکوو کەسێکی ئەمڕۆییتر و مناڵتر لە سیوەیلی و بەو جۆرە نەبووە کە سیوەیلی هەر لە منداڵییەوە زەمینەکەی لەبەردەمدا هەبووە، واتە من بەر لەوەی (سەرەتاکان) بزانم نالی لە کام سەدە و لە چ سەردەم و لە ناو چ رووداوانێکی مێژوویی گرینگ ژیاوە، تەنها دەقەکەم دەخوێندەوە و بەپێی توانست و زانیاری و بارستایی کەمی وجوودیی خۆم تەئویل و راڤەم دەکردن، واتە کاتێک بۆ ماوەیەک تێکەڵی نالی بووم ئیتر شیعری
کەس بە ئەلفازم نەڵی خۆکوردییە، خۆکردییە
هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکات
وا راڤە دەکرێ کە نالی لە پرۆسەیەکی کەشفی “خود” بە مانا هەرە بەرینەکەی بووە. خودێکی زمانیی، خودێکی دیاردەناسانە، خودێکی بوێر، خودێکی پارچەپارچە و جوان و پڕ ناکۆکی و چەند رەهەند، ئەم تێڕوانین و شکڵەی من وەکوو خوێنەرێکی دەقپەرەست هەڵگری هەندێ ئیلهام و سەرکێشیی فەردی بوو کە لە زانکۆ و لە نێو دۆستان و لە هەندێ دانیشتن و کۆڕی بچووکدا نالی هەڵپێکم بە تێگەیشتن و بیتکردنەوەیەکی مۆدێرن و دژە دۆخی زاڵ، ئەمە راستییەک بوو لە تێڕوانینی راڤەکارانەی من بۆ نالی و تەنانەت بۆ مەحویش، لە راستیدا دواتر تێگەیشتم ئەگەرچی من دەقتەوەرانە نالیم خوێندۆتەوە و کۆنتێکست و زەمینەکانی جیهان-ژین ی نالیم لەبەرچاو نەگرتووە و ئاگاداری نەبووم بەڵام پاش ئاگاداربوونێکی رێژەیی و بەتایبەتیتر پاش ئەم تێزە”لە بەلاغەوە بۆ مۆدێڕنیتە” تێگەیشتم دەقی نالی و مێژوو و زەمینەی دەقەکە تەواوکەری ئەو ئاڕاستە هێرمنۆتیکییە مانادۆزەن کە لێی تێ گەیشتبووم، نالی وەکوو مەحوی خۆی ئاسان نادات بە دەستەوە، ئەو نەک هەر لە چوارچێوە ئەدەبیەکانی بەلاغە و سەنعەتە وشک و ماندووکەرەکانی یاخی دەبێت، بەڵکوو لە جیهانی زمانیی کوردیشدا خەریکی عیشوەگەریێکی پڕسیحر و بریق و باقێکی زۆر شارەزایانە دەبێت، رووداوە گەورەکە ئەوەیە ئەم تێزە”لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرنیتی” سەرەڕای شیکارییەکی ورد و تیۆریکی لایەنە ئایدۆلۆژی و کۆلۆنیالیستی و ئایینی و دژە ستاتیکا و ئەدەبییەکانی بەلاغەی عەرەبی، هاوکات دەریشی دەخات کە رەهەندە زمانیی و وجودییەکانی نالی لە ململانێی نێوان “خود”ەکانی چۆن هاتۆتە پلەیەکی تایبەتی وشیارییەوە، وشیارییەکی وەها کە نالی بۆ ساڵەهای ساڵ دەکاتە جێگەی باس و تەئویل و مشت و مڕ، من دەزانم ئەم کتێبە و راڤەی بۆ نالی نەکەوتۆتە داوی حەزی تەئویلگەرانەی دەقتەوەرانەوە و دەلالەتە خۆویست و هەڵگۆزراوەکانی سیوەیلی لە شیعر و وشەی نالی لە یەک رێگاوە تیشکیان نەپرشاندۆتەوە، بەڵکوو لەناو چەندین زەمینە و رووداوی مێژووییدا تۆپەڵە تیشکی مانا و رۆحی نالی خڕکردۆتەوە و کردوویە بە گڕکان.
من لەو رووەوە وەکوو خوێنەر تەئویلی دەقتەوەرانە و حەزپەرستانەی خۆم بۆ نالی هەبوو بەڵام ئەم هەموو فاکتە مێژوویی و سەرچاوە گرینگە ئایینی و مێژووییە دەریخست کە زەمەن و سەردەمی من، “خود”ی منی تووشی هەڵەیەکی جوانیناسانەی درووست و نەخوازراو کردووە، کە لێرەدا ئەمە گرینگییەکی ئەوتۆی نییە چوون دەمەوێ باس لەو سیحر و کەشفە بکەم کە لە بەراوردی جیهان ژینی نالی و مەحوی پێی گەیشتم، من هەمان تێڕوانینی دەق پەرەستانەم بۆ دەقی مەحویش هەبوو بەڵام پاشان دیتم مەحوی لە هەندێ دەقدا بە تەواوەتی لە داوی “ناخود” یان “خود”ێکی بێ جەسارەت و ملکەچ دایە بۆیەش مەحوی لە هەندێ شیعریدا بە تەواوی ئایدۆلۆژیک و خوتبەدەر دەردەکەوێت لێرە دایە کە مەحوی بەشێک لە دونیای شیعریی (شیعر بەو هەمووە تایبەتمەندییە جیوەیی و دژە وەستاویی و سەرە ئایدۆلۆژییەیەوە) رێک بەرەو خەسارکردنی جەوهەری و لەگۆخستنی زمانی و مردنی ئەسالەت دەچێت، من لێرەدا تێگەیشتم مەحوی سەرەڕای ئەوەی جیهان-ژینێکی بوونخوازانەی عیرفانی گێڕاوەتەوە و مانیفێستی کردووە بەڵام نە بەئەندازەی نالی قووڵبوونەوەی تێدا بووە و نە بە ئەندازەی نالیش تەئویلگەری هەستی و کائینات بووگە، مەبەستم نییە نالی مەزن و حەزرەتی مەحوی پێکەوە بەراورد بکەم چوون رەنگە هەر لە بنەما دا هەڵە بێت، مەبەستی من تەنها ئەوەیە کە ئایدیا و قسەکانی خۆم بگەیەنم کە ئەویش ئەمەیە کە ئێمە رێک لەگەڵ مەوجوودێکی ئەفسانەیی زەمینی، بە ناوی نالیدا رووبەڕووین، سووژەیەک کە ئایدیا و تێگەیشتنی لە زەمینی زمانی و جوگرافیای فیکری سەردەمی خۆی باڵی گرتووە، “ئەفسانیی زەمینی” بەو مانایە کە سەرەڕای ئەوەی کە نالی بوونێکی مێژوویی و واقیعی و ئادەمیانەی هەبوو لە هەمان کاتیشدا ئەزموونێکی وجوودی سەیر و سیحراوی مانیفێست کردووە کە لە ئەفسانە دەچێت و ئەمەیە ئەفسانە زەمینییەکەی ئێمە کە رێبوار باشتر لە هەر کەسێ کەشفی کردووە و لەناو ئەو مەزهەبە زەمینییەی دا خەریکە ورد دەگەڕێت! بە گشتی دەمەوێ بڵێم راڤەی شیعری نالی و جیهان-ژینی نالی لە بنەمادا راڤەی راڤەکانە، تەئویلی تەئویلاتی نالییە و راست لێرەش دایە ئێمە دەبێ بۆ مەشرووعییەتی کارکردی هێرمنۆتیک و راڤەکاری بۆ ئەدەبی کلاسیکمان پێداگری بکەین و بجەنگین…تا ئێستە بەش بەحاڵی خۆم و ئاگاداری کەمم هیچ هەوڵێکی وەها تۆکمە و رێک و بەڵگەمەندم بۆ خستنەڕووی سیمای غەیری ئایدۆلۆژیک و دەرەبەلاغە لەسەر چوارچێوەی فیگۆر و دەبڕینە بلاغییەکەی نالی نەدیوە.
“تەئویلکردنی نالی درێژەی دەبێت”
(زمان و وجوود و قودسییەت و ئەگەری دۆزینەوەی شاعیرێکی مولحید)
کتێبی نالی بەتایبەتی بەرگی دووەم “بەجەستەکردنی رۆحە” و ئەو میتۆدەی کە تێیدا رەچاو کراوە و بە پشتبەستن بە فاکتە مێژوویی و دەقییەکان بە تەواوەتی بەرگریی لە ئاوەها تێزێک دەکات، دڵنیام سیوەیلی زۆر باش دەزانێت نالی چ وجوودێکی پڕ دژوازیی و ناکۆکی هەبووە و ئەمەشە جاویدبوونی نالی و پەرۆشی و پڕتاقەتی راڤەکەری نالیش. سەرەڕای هەموو ئەم شتە گشتییانە بە دوو هۆ دڵنیام نالی زۆر رەهەندیتری بۆ کەشف تێدا ماوە. یەکیان بەهۆی ئەو وجوودە دژوازەی نالی و ئەویتریان بەهۆی ئەوەی کە ئێمە وەکوو زۆر بوار کارێکی ئەوتۆمان لە سەر زۆر شت(لێرەدا دەقە کلاسیکە مەزنەکان) نەکردووە، هەموو ئەم وتانەی من لە سەرەوە تا ئەم دێڕە کە هەڵگری توخمگەلی ستایش و خۆشحاڵی و هیوا بوو لە کاتێک دا درووستتر و رەواترە کە کورد بە نیسبەت خۆی و مێژووی خۆی بەراورد بکەم، ئەگینا ئەگەر چاوێکی زۆر خێرا بخشێنینە سەر ئەو کتێبانەی کە بۆ نموونە لەسەر حافیزی شیرازی نووسراون و خۆمان لەگەڵ فارس و ئەدەبەکەیان بەراورد بکەین، دڵنیام نەک تەنها من بەڵکوو زۆر مامۆستا و شارەزای کورد لەو هەموو ڕەنگامەیی و تەئویلە جیاواز و جۆراوجۆرە تووشی شۆک دەبن. بەڵام ئەم بەراوردە هەمیشە درووست نییە چوون سێبەرێکی هەژموونیک و سەپێنەری بەسەر “من”ی بێ جوگرافیایەکی کولتووری و زمانیی و سیاسیی دەردەکەویت یانی بەدیار دەکەوێت، واتە ئەگەرە، نازانم.
بەهەرحاڵ ئەگەر بەراوردیش بکەین بە زەنگینی و دەوڵەمەندی ئەو راڤانەی لە زمانی فارسیدا بۆ کلاسیکەکان دەکرێن، بێگومان ئەم هەوڵانەی سیوەیلی لە ئاستی ئەوانەی کە من خوێندوومەتەوە بەرزترە بە دوو هۆی سادە… 1-سیوەیلی دەمارگرژی ناسیونالیستی بە سەر دەقی نالی و دەلالەتەکانی نەسەپاندووە بەڵام ئەوان بە حەق و ناحەق ریشەی بوون و نەبوون زۆر ئایدیا و، تێگەیشتن دەگەڕێننەوە بۆ حافیز و مەولانا کە لە زۆر حاڵەتدا بەتەواوی وەهمی و گەوجانە دێتەوە و لەهەندێ شوێنیش دەکرێت بەرگرییان لێ بکرێت، بەگشتی راڤەکەری جیاوازی نالی لێرەدا بەر لەوەی ناسیونالیست بێت واقیع بینە و گومان و پرسیاری کردووە بە چاوساغی سەفەری خۆی بە ناو مێژوویەکی گەورە لە کەلتوور و بەلاغە و زمان و ئاژاوە و شیعر. واقیع بینێک کە رەگەزی شوناسێکی زمانی و “خود”یانەی لە نالی و لە “خود”ی نالی دەردێنێت نەک خۆی بیخاتە زاری نالییەوە. 2- ئەم کارەی سیوەیلی تێزێکە بۆ دەرچوون لە پێکهات و جەغزێکی ئایدۆلۆژیک و بەرتەسکی نە تەنها شیعریی یان ئەدەبی بەڵکوو فیکری و ئیستاتیکیش و تۆ بڵی دواجار وجوودیش لە پانتای نووسین و لێکۆڵینەوە ئەدەبییە کوردییەکاندا.
بەشێوەیەکی ورد سیوەیلی باسی کۆسپ و تەگەرە و چوارچێوە و دیوارەکانی بەلاغەی کردووە و بە باشیش جەسارەت و بوێری نالی بۆ تێپەڕاندنی ئەو چوارچێوەیە خستۆتە روو. بەلاغە بەر لەوەی چوارچێوەیەک بێت بۆ دەربڕینی شیعری، زیندانێکی ئایدۆلۆژیکە کە لە مانا هەر گشتی و فەلسەفی و وجوودییەکەیدا بۆ خودی عەرەبیش زەرەر و خەساری گەورەی بووە و ئێستەش بەشێوازێک هەر هەیەتی جا ئەگەر بەلاغە لە دەرەوەی زمانێکی غەیری عەرەبی کۆڵەکە و گۆشەکانی خۆی رۆبنێت جا ئەوا دەبێتە کارەساتێکی دانسقە، بەڵام نالی شۆڕشە گەورەکەی بۆ ئێمە کردووە. یەکەمین بەردی بناغەی شووناسی وشیارانەی زمانیی کوردی و راگەیاندنی سەربەخۆیی لە شوناسی ئومەی عەرەبی نالی دایمەزراندووە، چ بوێرییەک کە لە تەنیشت ماڵی خودا و لە قووڵایی کتێبەکەیدا بژیت و ورد و درشتی زمانی عەرەبی و بەشێکی بەرچاوی کولتووری عەرەب بە مار و خشۆک، بزانی بەڵام وێنا و رەوایەتێک لە “کەر” بکەیت کە تەواو پێچەوانەی باوەڕ و عەقیدە ئاسمانییەکەت بێ، باسی شەرمگای مانگەکەی میر، واتە مەستوورەخانی ئەردەڵان بکات بە شێوەیەکی ناسکبێژانە و میتافۆریک، هەموو ئەمانە دەری دەخەن کە نالی شاعیرێکی دژە “زمان” بووە، بەو واتایەی سەرەڕای ئەوەی کە بەلاغەی عەرەبی بەشی سەودا و پەرۆشییەکانی وجوودی نەکردووە بەڵکوو زمانی کوردی و سیستەمی وێنە و وێنا و میتافۆڕ تەقینەوەیەک ئەزموون بکەن، زمانی نالی شۆڕشە بە سەر رەگەزە نەرێتییەکانی هەم کولتووری و زمانی عەرەب و هەم رەگەزە میتۆلۆژیک و نامۆدێڕنەکانی زمان و کولتووری کوردی کە لە پەراوێزی هەژموونی و هەیمەنەی کولتووری عەرەبی کە لە ناوشیار و وشیاریی حیز و لاوازکراوی کورددا هەناسەی کێشاوە، هەر بۆیە دەڵێم وجوودی نالی لە سەرووی زمانەوەیە رەنگە بە ڕوویەکیتردا ئێمە پێویستمان بێت نالییەکی رۆماننووس یان شانۆکار یان دەرهێنەر بگێڕینەوە و ئەمە زێدەڕۆیی نییە (تا ئەو شوێنەی نالیم ناسی بێت، داهاتوو کێ دەزانێ چ دەبێت؟)، نالی لە رێگەی زمانەوە خودێکی دروستکرد کە زۆر گەورەتر و بەرینترە بەسەر نەفسی زمان.
ئەمە ئەو لایەنە ئابستراکت و دەرهەستە وجوودییەی زمانە کە پێم وایە لای نالیدا هەیە و دەکرێ ئیشی لە سەر بکرێت دواتر، جا بۆچی ئەم باسەم هێنایە ئاراوە؟ لە بەر ئەوەی وا تێدەگەم لەم کتێبە دا بەشێک (جا چ لە کۆتایی بێت یان پێش دوا شیعری کۆتایی کتێبەکە) غایبە و ئەویش بەشێکە تایبەت بە بووتیقا و شێوەزمانی جیهانیی شیعریی نالی، رەنگە لە بیست تا سی لاپەڕەدا بکرایە تیشکێک بخرێتە سەری، کارکردن لەم ئاستە دەرگای زۆر ئایدیا و تۆژینەوەیتر لەبارەی لایەنی پێوەندیدار بە وجوود و زمان و دەرەزمان لای نالی دەکاتەوە، بەدەر لەو خاڵانەی سەرەوە کە باسم کرد دەبێ بێژم لە کتێبی نالیدا باسی قودسییەت و شوێنی پیرۆز و رووبەری حەرام و تابۆشکێنی بەشێوەیەکی ورد و تایبەت بەو زەمینەیەی راڤەکارییەکە کراوە و ئەمە ئەو خاڵە وەرچەرخانە جەوهەرییەی نالییە کە دەکرا خوێندنەوەیەکی دەرەئایینی بۆ بکرێت یان بگرە هەندێ رەگەزی دژە ئیسلامیشی تێدا بەدی بکرێت و رەنگە خودی ئەم ئایدیا بکرێ وەکوو تێزێک بخرێتە روو و رەنگە سیوەیلی بە هۆی سیاسەتێکی مەتنی یان دەرەمەتنی لە گەڵاڵەکردنی ئەم باسە خۆی بوارد بێت چون بێگومان شارەزای زەمینەی کولتووریی خوێندنەوە و فەزای زانکۆکانی باشوور و قووڵایی سایکۆلۆژییەتی ئایینیی شەقامی کوردیی باشووریش هەیە…بۆیە ئەگەر بڕیارە لە بەلاغەوە بۆ مۆدێڕنیتی دان بە بوونی نالییەکان یان چەندین نالیدا بنێت کەواتە گریمانەکردنی نالییەکی دژە ئایین سەخت نییە.
“کتێبی نالی و زەنگی شکاندنی رچە باو و زاڵەکان”
وەک لە سەرەوە باسم کرد ئەم کتێبە تێزێکی وەها جەسوورانە و تازەیە رەنگە منی گەنجتر وا شایستەتر ببینم سیوەیلی تۆزێتر لە تەوازوع و رووپامایی بە نیسبەت “لێکدانەوە” و تەفسیراتی مامۆستایانی بەڕێز و خزمەتکاری گەلەکەمان کەم بکاتەوە چون ئەوانیش بەهەمان ئالیات و میکانیزمی بەلاغەوە نالییان لێک داوەتەوە و باشتر وایە بڵێم مانایان کردۆتەوە و تەفسیریان بە سەردا سەپاندووە، ئەوانیش خۆیان گیرۆدەی زیندانی بەلاغە بوون، رەنگە لە هەندێ شوێن کەمتر وابن بەڵام بەگشتی لە ناو ئەو جیهانە ئایدۆلۆژیک و بەرتەسکەدا نالییان قەتیساند بۆ ساڵیانێک، رەنگە لێرەدا من تۆزێک رادیکاڵ دەربکەوم بەڵام ئەوان تەقریبەن دوا نەوەی زیندووی جێگادەست دیاری بەلاغە بوون، ئەوان خۆیان بەلاغە و فیگۆری بەلاغی ئێمە بوون و من لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا تەوازوعی سیوەیلیم دیت کە هەموو هەوڵی داوە خاڵە هاوبەشەکانی لەگەڵ مامۆستایانی مودەڕیس بکاتە دەربیجەی راڤەکاری و تەئویلەکانی خۆی، من بەم ئاڕاستەیەدا چاوەڕوانیم لە سیوەیلی زیاترە کە هەندێجار بە شێوازێکی نەرمیش بێت بدات لە بن و بنەمای ئەو سەمبوولە بەلاغییانەی دونیای خۆمان، تاکوو هەم خوێندکاران و فەزای زانکۆ بخاتە سەر تێڕامان و مشت و مڕی زیاتر و هەمیش رێگە بۆ کەسانی وەک من و نەوەی دواڕۆژ خۆش کەن کە بڕێک بوێرانەتر بە دوای شوناس و دیوارەکانی و لایەنە دژ و بەراوەژووکەیدا بگەڕێن و تۆژینەوە بکەن و تێز بدەن.
“نالی و ئەشق و وجوود”
خاڵێکی تر کە دەبێ بێمە سەری و زۆریش بە گرینگی دەزانم لایەنی عاشقانەی نالییە، ئەو عەشقەی نالی وەکوو وتراوە شتێکی تایبەت و جیاوازە و دەکرێت راڤەیەکی مانایی جیاوازی بۆ بکەین بەڵام پەیوەست بە “کتێبی نالی” دەشێ بکرێت بە کڵاورۆژنە و دەروازەیەک بۆ هەبوونی ئیرادەیەکی وجوودیی “سەرکێش و شێت” بەمەبەستی تێپەڕاندنی چوارچێوەکان واتە لێرەدا چوارچێوە فۆرمی و چوارگۆشەیی و بەرتەسکەکەی بەلاغە، ئەشق و مەجنوونییەت لە هەموو حاڵەتەکەیدا ئەکتێکی وجوودییە کە لە ژێر دەستی یاساکان دەدات و لێرەش بەلاغەی پووچەڵ کردۆتەوە…
گەر بێیە دەرێ سەروی رەوانی لە ئیرەمدا
گەر نەییە دەرێ ئاهووی چینی لە حەرەمدا
من یەک شت دڵنیام ئەویش ئەوەیە کە نالی جیهانێکی ئاسایی نەبووە و وەک لە سەرەوەش وتم زەمینییەکی ئەفسانەیی و دژەباوێکی سەرکەشە، بەدەر لە بابەتی ئەشق وەکوو دەروازە، خودی پرسی ئەشقیش لە جیهانی ئەمڕۆی ئێمەدا لە قەیران و ناکۆکییەکی قۆناغی تێپەڕی مۆدێڕنەی ئێستاماندا دەژی، لەبەر ئەوە کردنەوەی ئەم فایلە خاڵێکی درەوشاوە و سەرنجڕاکێش دەبوو هەم لە رووە شیکاری و داهێنەرانەییەکەی و هەمیش بۆ بەردەنگ و خوێنەر…بەرهەمهێنانی ئەمڕٶییانەی مەعریفە بۆ عەشقێکی کلاسیکی بەڵام مۆدێڕن و ناسونەتی…
“زمانی ئەگەر و گومان دژ بە زمانی پەند و ئامۆژگاریی”
(پێوەندی نالی و واعیز و رەقیب و هاوچەشنەکانیان)
خاڵێکی تری پێویست بۆ باسکردن ئەمەیە کە واعیز و رەقیب و هاوچەشنەکانیان لە شیعری نالی و ئەدەبی کلاسیکی ئێمەدا زۆر هاتوون و بەختەوەرانەش ئەم زاتانە لە لایەن شاعیرانمانەوە هەر رەخنەیان لێ گیراوە و رەت کراونەتەوە یان سەرکۆنە کراون، بە نیسبەتی نالی مەزنەوە واتێدەگەم “واعیز” بەدیوێکیتردا سەمبوولی ئەو چوارچێوە بەلاغی و ئایدۆلۆژییە بێت کە لە بەرگی دووهەمی کتێبی نالیدا باس کراوە و، بەڵگەی زۆر بۆ ئەم مەبەستە لە تەئویلەکەی سیوەیلیدا خراوەتە روو. واعیز بەزۆری دەلالەتە وشەییەکەی ئەوەیە کەسێک لەگەڵ کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی پێناسەکراوی سنوورداردا سەروکاری هەیە و، وەکوو بکەر و فاعیلیش هەر ئەوانە بۆ خەڵک دەڵێتەوە و بەرتەسکییەکەی بەڕادەیەکە کە هەر زوو زۆرێک پێی دەزانن قسەکانی سواو و دووپاتەن بۆیە زۆر کەس نە حەزی لە واعیز بووە نەش حەوسەلەی وەعزی ماوە، واعیز بکەرێکی زمانیی بەلاغەی عەرەبییە و نالی لە پلەی بکەرێکی زمانی و خۆکردی و خۆکوردیی داویە لە بنی.و ئەمە یەکێکە لە “خود” بوونە سەربەخۆ و دەرەبەلاغییە سەمبوولییەکانی نالی لە ئاستێکی وشیارانەی هەرە باڵا دا.
بە نیسبەت رەقیبیشەوە ئەمە زۆرتر لە دونیای ئەشق (و تاڕادەیەکیش پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نالی دا) ئامادەیە، بوونی رەقیب لەم پانتایەدا بەهێزکەرەوەی خەستی و گوڕیی ئەزموونی عەشقەکەی نالییە کە وەک لە سەرەوە وتم سەرکێشیە مەزنەکەیە.
“پێوار و غیابی زمانناسی کۆمەڵایتی لەسەر نالی”
من هەوڵم داوە هەندێ دەق بە پێوەرگەلی تایبەت وەکوو دەقی فرەرەهەند پێناسە بکەم و ئەمە بۆ دەقی کلاسیک زۆر زەقتر دەبێتەوە، وا تێدەگەم هەندێكجار راڤەکەرێک لە رووی ئاستی وشیارییەوە دەقی دانەر تێدەپەڕێنێت نەک بەو مانایەی دانەری دەقەکە شارەزایی لە سەر ئەو مانایانە نەبێت(هەندێ جاریش نییەتی هەڵبەت) بەڵکوو بەو مانایەی کە ئەو دەقەی راڤەکەرێک باسی دەکات دەقی “خود” بە مانا ئورژیناڵەکەی نییە، بەڵکوو دەقی ئەویدییە بە مانای ئەوەی کە خودێکی جگە لە دانەر سەفەری تێدا دەکات، ئەمەش ئاڵۆزیی پرۆسەکەمان بۆ دەردەخات، دەقی نالی واڵا و فرەرەهەندە چوون خۆی وایە بەڵام ئەم فرەرەهەندییە تەنها بۆ “ئەو” ناگەڕێتەوە بەڵکوو وابەستەی ئێمەشە کە دوو سەدە دوای نالی لێرەین و هاوکات نالیشمان لەگەڵە بۆیە لەیەک ساتی مێژوویی و مەتنیدا ئامادە دەبین، لێرەدا دەقی نالی دەبێت بە پانتایەکی بەرفراوان بۆ لێکۆڵینەوە لە زۆر لایەن و رەهەندی نالی وەکوو سەمبوول و ئولگووی رۆح و فیکری کوردی بەو ماهییەتەی خۆی مانیفێستی کردووە، لە بەشی “نالی لە پەراوێز”دا ئەمە بە باشی و بەشکڵیتر باس کراوە، لێرەدا پرسیار ئەمەیە پەراوێزەکانی نالی لە وشیاریی لاواز و دواکەوتووی کۆمەڵگەی ئێمە(نەک هەندێ تاکی تایبەت) تا چەندە دەبن بە دەق و نالی لەو رووخسارە شەریعەتی و حوجرەویی(حوجرە بەو مانایەی کە مامۆستایانی مودەڕیس لێکیان داوەتەوە نەک بەو مانایەی کە سیوەیلی رووبەر و شوێنەکەی گواستۆتەوە بۆ “دەروون”) و عاشقانە عەفەوییە دەردێنن؟
ئەمە باسێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە و لە دەرەوەی دەقی نالی بێت رەنگە، بەڵام مەبەستی من لەم باسە ئەوەیە لایەنی سایکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و فیکریی نالی درێژەی ئەو کەوانەیەیە کە لە کتێبی نالیدا کراوەتەوە و بەشێوەیەکی وشیارانە و بەئەنقەست دانەخراوە و رێگەی بۆ ئیمکانە تەئویلی و راڤەییەکانی تر بەم ئاڕاستەیە کردۆتەوە، ئەم کتێبە ئیلهامبەخشی ئەم ئایدیا و پرسیارانەیە، من حەزم دەکرد کە لەسەر زمانناسی کۆمەڵایەتی نالی باسێک بکرێت و بپرسین کە لە سەردەمی نالی خەڵکی کورد چ وشەگەل یان زاراوەگەلێکی زۆرتر لەسەر زار بووە؟ واتا بۆ نموونە ئایا نالی دەیتوانی لە باتی وشەی عەمد، ئەنقەست بەکار بهێنێت؟ ئایا ئەنقەست لە جوغرافیای ژینکراوی زمانیی نالیدا کارکردی بووە یان نا؟ نالی عەمدی بۆیە بەکار هێناوە چونکوو ویستوویەتی تانەیەک بە سیستەمی بەلاغەی عەرەبی بدات وەکوو سیاسەتێکی مەتنی؟ یان نا نالی لەو کاتە (کاتی بەکارهێنانی وەها وشەگەلێک) لە قۆناغی تێپەڕاندنی بەلاغە بووە؟ بۆچی ئەم پرسیارانە لە رووە زمانییەکەی بە رەوا دەزانم چوون وشیاریی زمانیی نالی لای من شتێکی روون و حاشاهەڵنەگرە.
دوا لاپەڕەی کتێبی نالی بەم شیعرەوە دەنەخشێت کە دەروازەیەکە بۆ داکۆکیکردن لە تەئویلیتر و خوێندوەیتر لە نالی و دونیاکەی؛
بیدی مەجنوونە وجوودم لە هەموو بەر بەرییە
نە کەسێ مونتەفیعی یەک بەرییە یان سێبەرییە