پاش تێپەربوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر دەستپێكردنی جەنگی غەززە لە نێوان بزوتنەوەی حەماس وسوپای ئیسرائیل كە لە ئەنجانی هێرشەكانی بزوتنەوەی حەماس لە حەوتی ئەكتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێكرد ،وئەو جەنگە ڕۆژ دوای ڕۆژ سەختتر وخوێناویتر دەبێت.
ئەوەی ئەم جەنگە لە جەنگەكانی نێوان عەرەب وجولەكە جیادەكاتەوە كە بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل هەتا ئێستا جەنگێكی چوار مانگی بەردەوامی ئەنجام نەداوە، وسەرجەم جەنگەكانی كە ئیسرائیل ئەنجامیداون دژی عەرەب وفەڵەستینیەكان جگە لە جەنگی یەكەمی نێوان عەرەب وجولەكە لە ساڵی 1948. چەند ڕۆژێكییان خەیاندووە بەهۆی ئەوەی هەمیشە ئیسرائیل كێشەی جیاوازی دانیشتوان وقەبارەی خاكی هەیە، بۆیە هەمیشە پەنا دەبات بۆ جەنگی خێرا وكورت خایەن بەڵام ئەم جەنگە جیاواز بوو لە جەنگەكانی پێشوو كە زیاتر لە چوارمانگە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشكردن وبەردەوامە لە وێرانكردنی كەرتی غەززە.
لەسەرەتای دەستپێكردنی ئەم جەنگەوە وتا ئێستا نزیكەی 30 هەزار هاوڵاتی لە كەرتی غەززە كوژراون ودەیان هەزار هاوڵاتی دیكەش برینداربوون لەبەرامبەردا ئیسرائیل نزیكەی 900 كوژراو ودوو هەزار برینداری هەیە، ولەڕووی زیانی داراییەوە زیانەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل زۆر زیاترە وبەدەیان ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت لەگەڵ ئەوە هەموو وێرانكاریە كە بەسەر كەرتی غەززە هاتووە، وئابووری ئیسرائیل تووشی زیانێكی زۆر گەورە بووە بەڵام سەرەڕای ئەوەش حكومەتی ئیسرائیلی سوورە لە بەرەدەوامیدان بە جەنگەكە.
وهەموو ئامادەكارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئیسرائیل بەنیازە هێرشیكی بەرفراوان ئەنجام بدات دژی شاری ڕەفەح لە باشووری كەرتی غەززە كە زۆربەی دانیشتوانی كەرتی غەززە لەو شارە كۆبونەتەوە كە هاوسنوورە لەگەڵ میسڕ وچاوەڕوانی ئەوە دەكرێت دانیشتوانی كەرتی غەززە كە لە باشووری ئەو كەرتە كۆبونەوتەوە ئاوارە بن لە میسر ومیسر دەرگایان بۆ بكاتەوە بەمەش كۆتایی بە كەرتی غەززە بهێنرێت وتەواوی كەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە كۆنترۆڵ بكرێت وچۆڵبكرێت لە دانیشتوانەكەی.
بەڵام ئەو پرسیارەی كە دەكرێت لە ئێستادا ئیسرائیل بۆ سوورە لە سەر كۆنترۆڵ كردنی كەرتی غەززە ؟؟ وبۆچی ئامادەیە ئەو هەموو زیانە مادی وگیانیە بدات لە پێناو كۆنترۆڵكردنی كەرتی غەززە ؟؟ وبۆچی ئەم جەنگە بەدرێژترین جەنگی ئیسرائیل دەدانرێت وهێشتا بەردەوامە ؟؟؟
ئەو هەموو پرسیارە كۆمەڵێك بابەتی دیكە دەوروژێنێت كە پەیوەندی تەنها بە ئیسرائیلەوە نیە بەڵكو بە ناوچەكەوە هەیە، ودەبیت شیكردنەوەی بۆ بكەین هەر لەسەرەتاوە شێوازی هێرشی چەكدارانی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل وهاوڵاتیان وشوێنە سەربازیە ئیسرائیلەكان كۆمەڵێك پڕسیاری زۆر وڕوژاند سەبارەت بەوەی ئایا ئیسرائیل بێ ئاگابوو لەم هێرشە ؟؟ وئایا هێرشێكی وا فراوان ئەنجامدرا دژی ئیسرائیل بێ ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ بەربەستێكی بەرگری نەبوو بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەو چەكدارانە كە بە چەكی سووك توانیان دەیان كۆمەڵەی نیشتەجێبوون كۆنترۆڵ بكەن ؟؟ وئایا ئەم هێرشانە دەبێتە هۆی لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل ؟؟؟
بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دوو سیناریۆ هەیە سیناریۆی یەكەم كە ئیسرائیل ئاگاداری ئەم هێرشانە نەبوو وهۆكاری بەردەوامی هێرشەكانی وتوندی وڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئەوەیە بۆ هەموو نەیارەكانی نیشانبدات كە هەركەسێك هێرش بكاتە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل بەو شێوەیە لە ناودەبرێت وكۆتایی پێدەهێنرێت وئیسرائیل بەردەوامە لەسەر هێرش كردنە سەر كەرتی غەززە تا لە ناوبردنی بزوتنەوەی حەماس واتە ئەم هێرشە بۆ گەڕانەوەی شكۆی دەوڵەتی ئیسرائیلە.
سیناریۆی دووهەم ئەوەیە ئیسرائیل ئاگاداری هێرشەكانی بزوتنەوەی حەماس بوو ولە ریگای سیخوڕەكانیەوە لە ناو بزوتنەوەی حەماس ومەبەست لە ڕێگادان بە بزوتنەوەی حەماس ئەو كارە بكات بەمبەستی پاساو هێنانەوە بۆ هێرش كردن وكۆنترۆلكردنی كەرتی غەززە بەهۆی بوونی بڕێكی زۆر گەورە لە غازی سروشتی لەكەنارەكانی غەززە، وئیسرائیل یەكێكە لە وڵاتە بەشدارەكان لە پڕۆژە هێڵی ستراتیژی هیند – ئیمارات – ئیسرائیل كە هێڵێكی ئابووریە وئاسیا وئەفریقا وئەوروپا بەیكەوە دەبەستێتەوە ولە ناوبردنی بزوتنەوەی حەماس كەشیكی ئارام دروست دەكات بۆ جێبەجێ كردنی، وئیسرائیل پڕۆژەیەكی دیكەی هەیە كە نۆكەندی بین گۆریۆنە كە جێگرەوەی نۆكەندی سویسە ودەریای سوور بە دەریای سپیەوە دەبەستێتەوە بەپێ نەخشەی پرۆژەكە دەكەوێتە ناوڕاستی كەرتی غەززە.
بەڵام گەوەرترین فاكتەر كە ڕێگاخۆشكەر بوو بۆ ئیسرائیل ئەم كارە بكات بێ دەنگی هاوپەیمانەكانی بزوتنەوەی حەماس بوو وەك ئێران وحزبووڵلای لووبنانی بەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە لە كاتیكدا هەموو جیهان چاوەڕوانی ئەوەی دەكرد ئیران بەشێویەكی پراكتیكی هاوكاری حەماس بكات وبەلانی كەمەوە لە ڕێگای هاوپەیمانەكانیەوە وەكو سوریا یان حزبووللای لوبنانی هێرشبكەنە سەر ئیسرائیل بەمەبەستی كەمكردنەوەی فشارەكانی بۆ سەر كەرتی غەززە وبزوتنەوەی حەماس بەڵام ئەوە ڕووینەدا، لە لایەكی دیكەوە بێ دەنگبوونی وڵاتە عەرببیەكان بەرامبەر پرۆسەی وێران كردنی كەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە وتەنها هەڵویستەكانیان زۆر شەرمنانە بوو.
لە كۆتادا هەركامیكی بیت لەو ئەگەرانە هەمووو ئاماژەكان وا نیشانی دەدات كە كەرتی غەززە بەشێویەكی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسرائیل وكۆتایی بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی حەماس دەهێنرێت، وبەئەگەرێكی زۆرەوە بەشێكی زۆری خەڵكی كەرتی غەززە ناچار دەكرین ئاوارە بن وبەرەو میسڕ هەڵبێن ونیمچە دورگەی سینا ببێتە جێگرەوەی كەرتی غەززە بۆیان هاوشێوەی ناوڕۆكی بۆندی سەدە كە لەسەردەمی ترامپ ڕاگەیاندرا كە بەشێك لە خاكی میسر بدرێت فەڵەستینیەكان ودەوڵەتی فەڵەستینی لەسەر دروست بكەن لەبەرامبەردا لە بیابانی نەقەب قەرەبووی میسڕ بكرێتەوە وهاوكاری میسر بكرێت لەڕووی داراییەوە، وسەڕەرای ئەوەی لە ئێستادا میسر ئەوەی ڕەتكردەوەتەوە كە ریگای بدات دانیشتوانی كەرتی غەززە بینە ناو خاكی میسڕەوە بەڵام پێدەچێت لە كۆتاییدا میسڕ قایل بكرێت بە نیشتەجێ كردنی زۆرینەی دانیشتوانی كەرتی غەززە بەرامبەر هاوكاری ئابووری.