هۆكارەكانی بەردەوامیی توندوتیژیەكان لە كۆمەڵگا جیاوازاەكاندا هۆكاری جیاوازیان هەیە، هەندێك لەو هۆكارانە بەپێی تایبەتمەندیی كۆمەڵگاكان دەگۆڕیت، بەڵام هەندێك هۆكاریش هەن كە گشتین و هاوبەشن لەنێوان كۆمەڵگا جیاوازەكاندا.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان هۆكارەكانی بەردەوامی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان چەندین فاكتەری هەیە، یەكێك لەوانە ئاستی گەشەو كرانەوەی كۆمەڵایەتیە، كە كۆمەڵگای كوردستانی كۆمەڵگایەكی داخراوەو پابەندە بە دابونەریتەكانەوە.
بێگومان هەموو دابونەریتەكان خراپ نین، بەڵام چەندین دابونەریتی دواكەوتوو هەن كە ڕیگرن لەبەردەم مافەكانی ئافرەتان ویەكسانی كۆمەڵایەتیدا وە بەچاوی كەمترەوە لەئافرەت و توناكانی دەڕوانێت، كەچی ناتوانرێت ئەو نەریتە خراپانە ڕیشەكێش بكرێن, چونكە بەشیك لە كۆمەڵگا وەك پیرۆز تەماشایان دەكات. یەكێكی تر لە هۆكارەكانی بەردەوامی توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری خودی ئافرەتان، هەتا ئافرەتان هۆشیارتربن بەرانبەر مافەكانیان باشتر دەتوانن بەرگری لە پێشێلكاریەكان و كوشتنیان بگرن.
بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت بەشێك لە ئافرەتان بەرانبەر مافەكانی خۆیان خەمساردن و تەنانەت بەچاوێكی كەم تەماشای ئەو بەشەی ئافرەتان دەكەن كە بەرگریان لێ دەكەن، جا ئەمە ئالەنگارییەكی زۆر قورسە لە بەردەم ئافرەتاندا كە تێپەڕاندنی قورسە. یەكێكی تر لە هۆكارەكان خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنە، كە وایكردووە ئافرەتان ببنە یەكەم قوربانیی ئەم بابەتە و بەڕادەیەكی زۆر هەراسانكردن و توندوتیژی بەرانبەریان لە ڕیگای تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و تەلەفۆنەوە بەرانبەر ئافرەتان دەكریت.
بێگومان پیویستە یاسا بەركارەكانی ئەم بوارە توندتر بكرێت بۆ ئەوەی ئافرەتان پارێزراوبن. هۆكارێكی تر ئەوەیە بەشێك لەو كەسانەی تاوانی كوشتنی ئافرەت ئەنجام دەدەن بەسزای سوك قوتاریان دەبێت و هەندێكیشیان هەر هیچ سزا وەرناگرن، ئەمە وادەكان تاوانەكە ئاسایی ببێتەوە خەڵكی تر بە ئاسانی ئەنجامی بدات.