“هەموو نمایشێک بە ڕەش و سپی باشتر دەردەکەوێت”
“ئۆرسن وێڵز”
لە ساڵی 1895 لەگەڵ درووستکردنی یەکەم فیلم لەلایەن برایانی لۆمێرەوە؛ فیلمسازان بەهۆی نەبوونی ڕەنگ لە فیلمدا ناچاردەکران تەنها بە ڕەش و سپی وێنە بگرن، تاکوو یەکەم سیستەمی زیادکردنی ڕەنگ لە فیلم و ڤیدیۆگرافیكدا لە ساڵی ١٩٠٩ بە سەرکەوتوویی بە ناوی Kinemacolor بازرگانی پێکرا. یەکەم فیلم کە بە ڕەنگی سرووشتی بە شێوەیەکی بازرگانی بەرهەم هێنرا، سەردانێک بوو بۆ کەناری دەریا (١٩٠٨). کورتە فیلمە بەریتانییەکە کە ماوەی هەشت خولەک دەخایەنێت، پرۆسەی Kinemacolor بەکارهێناوە بۆ گرتنی زنجیرەیەک وێنەی کەناری دەریای برایتۆن باشووری ئینگلتەرا. لەو ساتە بەدواوە تاکوو ئێستا کەمترین فیلم بەبێ بوونی ڕەنگ بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام چەندین فیلمی باش و مەزن هەن کە بە بێ بوونی هیچ ڕەنگێک لە وێنەکاندا بەرهەم هاتوون لە سەردەمی ڕەنگدا بە فیلمە زۆر باش و مەزنەکان لە قەڵەم دەدرێن بە درێژای مێژوو کە لە بەشی خوارەوەی نووسینەکەدا ئاماژەم بە بەشێک لەو فیلمانە کردووە. بەڵام لەم باسەدا گرنگە بزانین چۆن فیلم بە بێ بوونی هیچ ڕەنگێک دەکرێت بە فیلمێکی باش دابنرێت و، خودی ژیانی تێدا بەدی بکەین؟
لە ڕاستیدا دوو بیروبۆچوون هەن؛ لە فیلمی بێ ڕەنگ دەتوانین واقعی ژیان و خودی ژیانی تێدا ببینین “کاتێک وێنەکان ڕێکخراوتر و چیرۆکەکان قوولتر و ڕووناکی و سێبەر و ئاکتی کارەکتەرەکان کاریگەرترە، لەبەر نەبوونی کاریگەرییەکی ڕەنگ تەنها فۆکەس لەسەر توخمەکان و شێوازی بەکارهێنانی دەبات بە شێوەیەک لە خودی ژیان نزیک بێتەوە” هەروەها لەلایەکی دیکەوە فیلمە بێ ڕەنگەکان لە ژیان دوورترە “کاتێک هیچ ڕەنگێک بەدی ناکەین کە لە خودی ژیاندا، ئێمە ڕەنگ دەبینین لەگەل بوونی ڕەنگ ئاوێتە بووین” لەبەر ئەوە ناکرێت فیلمە بێ ڕەنگەکان یاخوود پڕ ڕەنگەکان دەستنیشان بکرێت کە کامیان باشترە و گرنگترە بۆ بەکار هێنان، هەروەک چۆن هەر فیلمسازێک بەجۆرێک و هەر بینەرێک بە جۆرێک ڕوانین و خواستی بۆ فیلم هەیە بەلام دەبێت کار لەسەر خودی چیرۆک و ژانری فیلمەکە بکرێت، دواجار بڕیاری ئەوە بدرێت فیلمێک بە ڕەنگ یاخوود بێ ڕەنگ بەرهەم بێت، نەوەک کار لەسەر حەزی فیلمسازێک بکرێت بۆ فیلمی بێ ڕەنگ، چونکە هونەرێک بوونی نییە لە خواستێکی بێ بنەمادا و بێ بوونی هیچ پاڵپشتییەکی تیۆری لە پڕۆسەی فیلم درووستکردندا.
لێرەدا ئەگەر باس لە چەند گرنگییەکی فیلمە بێ ڕەنگەکان بکەین و، هۆکاری بەکارهێنانی سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین لە ڕووی تەکنیکییەوە جوانیناسی شێوازی یاریکردنی سینەماکارانی بە پێکهاتە و ڕووناکی و سێت و قووڵی گۆڕیوە، بەڵام لەوەش گرنگتر، ڕەش و سپی فیلمێک لە ڕووی بابەتییەوە دەگۆڕێت، کەش و هەوا و تۆن و لە ڕووی بینراوەوە کۆنتراستی تووند و دیدێکی خەوناوی بۆ جیهان دابین دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لە ژیانی هاوچەرخدا فیلمی بێ ڕەنگ دەکرێت لای ڕووانەرەکانی فیلم وەک تەکنیکێکی بەسەرچوو ببینرێت، مرۆڤ ناچاردەکات جیهان بە شێوازێکی جیاواز ببینێت، بەڵام گرنگییەکەی ئەوەیە کە لە فیلمە بێ ڕەنگەکاندا بە هۆی ئەوەی هیچ سەرقاڵکردنێک لە ڕەنگدا بوونی نییە ڕێگە بە فیلمساز دەدات تەنها بیر لە کۆی شێوازی دابەشکردنی توخمەکانی نێو فرەیمەکان بکاتەوە بە شێوەکی ڕێکخراو کار لەسەر بەکارهێنانی دابەشبوون و سێبەر و ڕووناکی بکات لەبەر نەبوونی هیچ پاشبنەمایەکی دیکە، دەکرێت فۆکەس تەنها لە نێو ڕێکخستنی فرەیم بێت. هەروەها ڕووناکی هەمیشە بەشێوەیەکی جیاواز دەبینرێت لەو فیلمانەی کە پڕ ڕەنگن هەر لەبەر ئەمەشە دەکرێت بە فیلمێکی کوالێتی باشتر لە ڕووی هونەرییەوە دابنرێت بەراورد بە فیلمە پڕ ڕەنگەکان، بەبێ ڕەنگ فیلمساز دەتوانێت ڕووناکی ببینێت بە پشتبەستن بە ئاراستە و چەندایەتی و کوالیتی، ڕێگایەکە بۆ فێربوونی چۆنیەتی خوێندنەوە و یاریکردن بە توخمە جیاوازەکانی ڕووناکی، هەروەها هۆکارێکە بۆ جەختکردنەوەی درامی و نزیک بوونەوەی زیاتر لە هەست و سۆزی کارەکتەرەکانمان.
کاتێک سەیری ڕووخساری بابەتەکان دەکەیت بەبێ هیچ سەرقاڵکردنێکی پاشخان دەتوانێت پەیوەندییەکی سۆزداری بەهێزتر دروست بکات، تەنها پەیوەندی بە پەیوەندییەوە هەیە لەگەڵ بابەتەکەدا و نەک ئەوەی لە دەورووبەریان ڕوودەدات لەبەر ئەوەی ئێمە تەماشای تەنها ڕووخسار و هەست و کاردانەوەکانی کارەکتەر دەکەین نەوەک شێوازی و بەرگ و ماکیاژ و ئەو ڕەنگ و ئێکسسوارانەی لە لۆکەیشنەکە بەکارهاتوون، بەدەر لەوەش دەکرێت لە فیلمێکی بێ ڕەنگدا تەنها کارەکتەر لە ناو فرەیم بوونی هەیە یاخوود بێ هیچ فیگەرێک و هیچ کەرەستەیەک تەنها بە بەبەکار هێنانی ڕووناکی و سێبەر، یاخوود دروستکردنی کۆنتراستێک لە نێوان ڕەش و سپیدا یاخوود ناوچە تاریک و ڕووناکەکان ئەوا دەتوانین ببینە خاوەنی گێڕانەوەیەک و فرەیمێکی پڕ کە هەست بە فەزایەک لە بۆشاییەکی گەورە نەکەین، کە ئەمە لە فیلمە پار ڕەنگەکان نابینرێت، چونکە سەرەکیترین بەش لەنێو ئەم جۆرە فیلمانەدا توخمەکانە و دابەشکردنیانە لە فرەیمدا، ئەمە جگە لەوەی فیلمە بێ ڕەنگەکان بودجەیەکی کەمتری دەوێت لە پرۆسەی فیلم دروستکردن و هەروەها دەتوانرایت ببنە هۆکارێک بۆ دوورخستنەوەی فیلم و سینەما لە سیستەمی کەپیتالیزم، تاکوو مرۆڤەکان ناچار بکەن بەدوای شێوازێکی دیاریکراو لە ژیاندا بڕۆن هەموو پێکەوە، کە بەشێکە لە بازرگانییەکانی جیهانی مۆدێرن و بەشێکی زۆر لە فیلمە پڕ ڕەنگەکانی جیهانی مۆدێرنی گرتۆتەوە، هەروەها لەلای بەشێک لە فیلمسازان بوونی فیلمە بێ ڕەنگەکان وەک هۆیەکە بۆ دەروونێک و ژیانێکی شێواو بەکاردێنن نموونە وەک فیلمی درامای هۆلۆکۆستی “ستیڤن سپیلبێرگ” بەناوی “لیستی شیندلەر” کە بەهۆی ئەو هۆکارە دروستکراوە، فیلمەکە باس لە هۆڵۆکۆستی نازییەکان دەکات، خەڵاتی ئۆسکاری ساڵی ١٩٩٤ی بەدەستهێنا و حەوت سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەنێویاندا باشترین وێنە و باشترین سینەماکار، یەکێکە لە فیلمە پلە بەرزەکانی هەموو سەردەمێک.
بەپێی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی؛ وێنەکە بە تەواوی لەسەر ستۆکی فیلمی ڕەش و سپی لەلایەن سینەماکار “جانوس کامینسکی”یەوە وێنەگیراوە کە وتی ئامانجی کوالیتییەکی هاوشێوەی بەڵگەنامەییە لە دیمەنەکاندا. بە گوتەی سپیلبێرگ، “هۆلۆکۆست ژیانێکی بێ ڕووناکی بوو، بۆ من هێمای ژیان ڕەنگە، هەر بۆیە فیلمێک دەربارەی هۆلۆکۆست دەبێت بە ڕەش و سپی بێت”. هەروهها هەندێک جار نەبوونی ڕەنگ وەک بەشێک لە پرۆسەی چیرۆک و سیناریۆکە دادەنرێت کە کۆی چیرۆکەکەو ململانێکان لەسەر نەبوونی ڕەنگ بوونیادنراوە و وەک فیلمی “پلێزانتیڤیل” کە نەبوونی ڕەنگ دەبێتە توخمێکی سەرەکی پڵۆت لەم فیلمەدا کە لەلایەن “گاری ڕۆس” لە ساڵی ١٩٩٨ بەرهەم هاتووە، کە تێکەڵەیەک لە ڕەنگ و دیمەنی ڕەش و سپی تێدایە. “تۆبی ماگوایەر و ڕیس ویزەرسپوون” ڕۆڵی دوو هەرزەکاری ساڵانی نەوەدەکان دەگێڕن کە بە هەڵە دەخرێنە ناو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ساڵانی ١٩٥٠ کە ڕەنگی نییە. شارۆچکەی بێتاوان و یاساکانی “پلێزانتڤیل” هێواش هێواش وردەکارییەکانی ڕەنگەکان بەدەست دەهێنێت، کاتێک ئەو دوو هەرزەکارە فێری دانیشتووان دەکەن دەربارەی جیهانی چێژ و ئازادی کە پێشتر ئاگاداری نەبوون. لە کاتێکدا کارەکتەرەکان دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای خۆیان و واقیعەکانی ژیاندا، دەست دەکەن بە بینینی ڕەنگ و لە کۆتاییدا ڕەنگەکانی خۆیان بەدەست دەهێننەوە. هەندێکجار نەبوونی ڕەنگ وەک هۆیەک و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بەکار دەهێنین وەک کاری خێزانێکی چینی ناوەند “یالیتزا ئاپاریسیۆ” لە شاری مەکسیکۆ لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا نیشان دەدات، کە سێ خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا، لەنێویاندا باشترین فیلمی زمانی بیانی و باشترین دەستکەوت لە سینەماکاری بۆ ئەلفۆنسۆ کوارۆن، بە ڕەنگ وێنەگیرا، بەڵام دواتر بەپێی زانیارییەکانی IndieWire لە پۆست پرۆدەکشندا گۆڕدراوە بۆ ڕەش و سپی. لە چاوپێکەوتنێکدا کوارۆن دەڵێت: “ویستم فیلمێکی مۆدێرن بکەم کە سەیری ڕابردوو بکات، ئەوە ڕەش و سپییەکی کۆن نییە. ڕەش و سپییەکی هاوچەرخە”.
دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا؛ فیلمەکانیش بەرەو پێشەوەچوون. نزیکەی هەموو ئەو شتانەی کە ئەمڕۆ لە سینەماکاندا یاری دەکەن نموونەی ئەم پێشکەوتنەن، بە بەکارهێنانی CGI بۆ دروستکردنی وێنەی مەحاڵ، کامێرا و ئامێری گەورە کە ڕێگە بە وێنەگرتن دەدات لە شوێنە ڕاستەقینەکانی ژیانی ڕاستەقینەدا، تەنانەت دەنگێک کە ڕێگە بە بینەر دەدات بیبیستن و هەروەها بینینی ئەو چیرۆکانەی کە دەگێڕدرێنەوە. لە کاتێکدا کە ئەم پێشکەوتنانە جێگەی گرنگییە بەهۆی ئەوەی ڕێگە بە سینەماکاران داوە زیاتر لە جاران دەربڕینیان هەبێت، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی دەستبەجێی تەکنەلۆژیای نوێ لەلایەن ستۆدیۆ گەورەکانەوە بەشێک لە فیلمەکنی جیهانی نوێ وایکردوەە هەندێک توخمەکانی دەربڕینی سینەمایی لەدەست بدهن، هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا؛ بەکارهێنانی هەر شێوازێکی هونەری لە پرۆسەی ئەفراندنی بەرهەمێکدا، دروستکردن دەبێت ئاوێتە بە پەیام و ستایڵی بەرهەمەکە بکرێت، ئەگەر بڕیار بدرێ فیلمێک پڕ ڕەنگ بێت یاخوود بێ ڕەنگ بێت دەبێت هەر یەکێکیان مەبەستێکی بڕواپێکەرمان هەبێت لە بەکارهێنانی، ئەو کات دەبێتە باشترین شێواز لە کارکردن بۆ جۆرێک لە فیلمی دیاریکراو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پێم وایە ئەگەر فیلمێک شیاوی ئەوە بێت بە بێ ڕەنگ بەرهەم بهێنرێت ئەوە دەبێتە فیلمێکی دیار لە ڕووی پیشاندانی شێوازی فرەیم و گێڕانەوە، کە ئەو گرنگییە تەنها لە فیلمە بێ ڕەنگەکان دەبینین لەبەر جەخت کردنەوەی دیاریان بۆ گێڕانەوە نەک کاریگەری دیکە، هەروەک “ئۆرسۆن وێڵز” دەڵێت: “هەموو نمایشێک بە ڕەش و سپی باشتر دەردەکەوێت”. ئەوە ئەو ڕاستییەیە کە چاوی شین و قژی شۆخ نابینیت. تۆ سەرنجت لەسەر نمایشەکە دەبێت نەک ڕوخساری خەڵک. توانات پێدەدات باشتر ماوەکە بگرێت”
ئەمانەی خوارهوه نموونەی ئەو فیلمانەن کە لە سەردەمی ڕەنگدا بەڕەش و سپی (بێ ڕەنگ) بەرهەم هاتوون لەبەر پێویستی بە وێنەی (ڕەش و سپی) هۆکاری چیرۆک و ژانرا و پەیام فیلمەکە یاخوود شێوازی تەکنیک
The last picture show
Manhattan
Raging Bull
Young Frankenstein
She’s Gotta Have It
Ed wood
Pleasantville
Good Night, and Good Luck
Sin city
Control
The artist
Frances ha
Nebraska
Cold war
The lighthouse
Roma
Mank
Passing
The 40 Year Old Version
Belfast