“شارۆچکەی داڤۆس”
لە ساڵی 1971ەوە، “کۆڕبەندی ئابووریی جیهان” لە شاری داڤۆسی سویسرادا ئەنجام دەدەرێت. داڤۆس شارۆچکەیهکە، کە كەوتووەتە سەر ڕووباری لاندویسر لە ناوچەی براتیقۆی سەر بە كانتۆنی گرۆباندن لە سویسرا. سەرەرای ئەوەی ساڵانە كۆڕبەندی داڤۆس لەو شارە ئەنجام دەدرێ. لە ساڵی 1280ی زایینی لە لایەن ڕۆمانەكانەوە كۆچ بەرەو ئەو شارە دەستیپێكرد و دواتریش بوو بەشێك لە سویسرا، کە زۆرینەی دانیشتووانی بە ڕەگەز ئەڵمانین و بە زمانی ئەڵمانی دەدوێن. لە سەدەی هەژدەیەمدا داڤۆس بووە ڕوویێكی دیاری دەوڵەمەند و توێژەران، گشت چینە ئەرستۆكراتەكان لەو شارە كۆدەبوونەوە و ژیانیان بەسەر دەبرد. هەڵبژاردنی داڤۆس بۆ بەستنی کۆڕبەندەکە بێمەبەست نەبووە. پرۆفیسۆر شوابی دامەزرێنەر، بە مەبەست شارۆچکەکەی هەڵبژاردووە وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ بەشداربووان تاوەکو دووربکەونەوە لە جەنجاڵی ژیانی رۆژانە. هەروەها ئەو پرۆفیسۆرە پێیوابووە کە ئارامی ناوچەکە و لەباری ژینگەکەی کەشێکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ دانوستان و گفتوگۆکردنی راشکاوانە بە ئاراستەی رێزگرتنی هاوبەش کە بە “رۆحییەتی داڤۆس” ناسراوە. دیمەنی دڵڕفێنی دامێنی چیا و بە بەفر داپۆشراوی ئەڵپ لە داڤۆس، بووەتە سەرچاوەی ئیلهامی رۆمانێکی تۆماس مانن بەناوی “چیا تەلیسماوییەکە”.
بەهۆی بەشداری هەزاران سەرکردە و بەرپرس و بازرگانان لە هەفتەی کۆڕبەندەکەدا، هۆتێل و میوانخانەکانی داڤۆس جمەیان دێت لە میوان و رێبواران. شارۆچکەکە 42 هۆتێل لەخۆدەگرێت و رێژیەکی زۆر داهات دابین دەکات بۆ خاوەنەکانیان. هەروەها زۆرێک لە کۆمپانیاکان و خەڵکێکی زۆر پشت بەو داهاتە دەبەستن کە لە ئەنجامی رێکخستنی کۆڕبەندەكه لە ناوچەکەیان بەدەستی دەهێنن. بەپێی ئامارەکانیش، بەشێک لە بازرگانەکان لە 40% داهاتی ساڵانەیان لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا بەدەست دەهێنن. لەگەڵ سوودە ئابوورییەکاندا، چەند ئالنگارییەکیش رووبەرووی ناوچەکە دەبێتەوە بەهۆی کۆڕبەندەکەوە لە مانگی یەکەمی هەموو ساڵێکدا بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و مانەوە بۆ دانیشتووانی داڤۆس و خاوەنکاران کێشە دروستدەکات.
“مێژووی کۆڕبەندەکە”
كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە شارۆچکەی داڤۆس، بۆ هاوکاری کەرتی گشتی و تایبەت کە بنکەکەی لە شاری کۆڵۆنیای کانتۆنی جنێڤ لە سویسرایە، ڕێكخراوێكی ناحكوومی قازانج نەویستە و له 24ی کانوونی دووەمی 1971 لەلایەن زانای بواری ئابووری “كلاوس شواب” دامەزراوە، زیاتر لە هەزار كۆمپانیای نێودەوڵەتی و فرەڕەگەز ئەندامن لەو كۆڕبەندە. بەر لەوەی کۆڕبەندەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بێت، پێی دەگوترا “کۆڕبەندی ئەوروپی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان”، بەڵام ڕووداوەکانی ساڵی 1973، کە بوونە هۆی ڕووخاندنی سیستەمی نرخی جێگیر و شەڕی نێوان ئیسرائیل و عەرەب، وای کرد پانتایی کۆڕبەندەکە بۆ سەر ئاستێکی بەرزتر فراوان بکرێت و کێشە ئابووری و سیاسییەکان لە هەموو جیهاندا بگرێتەوە. کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەربەخۆیە و کاردەکات بۆ چاکترکردنی بارودۆخی جیهان. هەروەک لە پەیامەکەیاندا هاتووە “دەرفەتی بەشداریکردن بۆسەرکردەکانی جیهان، لەوانە سەرکردە بازرگانی و سیاسی و ئەکادیمی و سەرکردەکانی دیکەی کۆمەڵگای مەدەنی دەڕەخسێنێت تابتوانن بەشداری بکەن لە داڕشتنی ئەجێندا جیهانی و ناوچەیی و پیشەسازییەکان”.
“ئەو کەسایەتی و لایەنانەی بەشداری لە داڤۆس دەکەن”
داڤۆس، دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیی ناحکوومی و قازانج نەویستە، کە بە کۆڕبەندێکی جیهانی ناوبانگی دەرکردووە، کە ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەم لە شاری داڤۆس لە وڵاتی سویسرا ڕێکدەخرێت لە ژێر ناونیشانی “کۆڕبەندی ئابووری جیهانی”، کە بە کۆڕبەندی داڤۆس ناسراوە. ساڵانە بەر لە دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە بە چەند مانگێک ئامادەسازی بۆ دەکرێ و بانگهێشتی سەرۆک، سەرۆک وەزیران یان وەزیری دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان دەکرێت. تێکەڵی گەورە سەرمایەدارە جیهانییەکان دەبن و بە گۆڕینەوەی بۆچوونی ئابووری، کە کەسایەتیی ئەکادیمی و ئابووریناسی گەورە و بەناوبانگ سەرپەرشتی دەکەن و لەسەر دوایین ئەو کێبڕکێیە ئابووری و سیاسییانەی، کە ڕووی لە جیهان کردووە دەدوێن و هەوڵ دەدەن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە. گەورە بەرپرسانی كۆمپانیاكانی جیهان و سەركردە سیاسییەكان، ساڵانە لەو شارە كۆدەبنەوە و وتووێژ لەسەر كێشە مەترسیدارەکانی ئابووری و ژینگەی نێودەوڵەتی دەكەن. هاوكات گرێبەست و پڕۆژەی ئابووریی هاوبەشی گەورە لە نێوان وڵاتان واژۆ دەكرێت، ئامانجی ئەو كۆڕبەندە ئابووریی ئازاد و رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوی وەبەرهێنانە لە تەواوی جیهاندا بۆ كۆمپانیایەکان. هەرچەندە ڕێكخراوێكی ناحكوومییە، بەڵام یەکێک لە مەرجەکامی ئەندامبوونی كۆمپانیایەكان لەو كۆڕبەندەدا ئەوەیە، كە داهاتی كۆمپانیایەكە نابێت كەمتر بێت لە یەک ملیار دۆلار لە ساڵێكدا، ساڵانەش هەر كۆمپانیایێكی ئەندام پێویستە 12 هەزار و 5000 دۆلار وەك ئابوونە بۆ ڕێكخراوەكە تەرخان بکات، هەروەها بەشداری ساڵانە بۆ هەر كۆمپانیایێك شەش هەزار و 250 دۆلاری ئەمەریكییە، ئەگەر كۆمپانیایەك بیەوێ لە بەرنامە و ئەجێندای دیالۆگ و پانێلەكانی كۆڕبەندی داڤۆس باسی بكرێت، پێویستە 250 هەزار دۆلار ببەخشێتە كۆڕبەندەكە، ئەگەر هاوبەشێكی بەردەوامی ساڵانەش بێت، تەنها پێویستە 78 هەزار دۆلاری پێشکەش بە کۆڕبەندەکە بکات.
“کۆبوونەوە فەرمییەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی”
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، ساڵانە چوار کۆبوونەوەی سەرەکی ڕێکدەخات:-
- کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە شاری داڤۆسی سویسرا بە بەشداریی پۆلێنێک لە سەرکردە سیاسی و گەورە سەرمایەدار و ئەکادیمییە پسپۆڕەکانی جیهان. هەموو ساڵێک لە مانگی کانوونی دووەم دەبەسترێت و تێیدا لەسەر ئەو کێبڕکێیە ئابووری و سیاسییانەی کە ڕوو لە جیهان دەکەن وتووێژ دەکەن و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەدەن.
- کۆبوونەوەی ساڵانە بۆ پاڵەوانە نوێیەکان، کە لە چین دەبەسترێت و تێیدا تایبەتە بە داهێنانە زانستی و تەکنەلۆجییەکان.
- لووتکەی ئەجێندای جیهانی، لە وڵاتی ئیمارات دەبەسترێت و تێیدا سەرکردەکانی بواری زانستی بەشدار دەبن بۆ ئەوەی وتووێژ سەبارەت بە کێبڕکێی و ململانێ و کێشەکانی جیهان بکەن.
- کۆبوونەوەی ستراتیجیی پیشەسازی، تێیدا پلان و ستراتیجی کۆمپانیایە زەبەلاحە پیشەسازییەکان دەخرێتە ڕوو، کە هەر ساڵێکدا لە شوێنێک دەبەسترێت.
“تەوەری کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی”
کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی ڕێکدەخات:-
- بڕیاردان لەسەر شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم، سەرپەرشتیی هەموو ئەو داهێنانە پیشەسازییە کێبڕکێکارییانە دەکات، کە بەرهەم هاتوون و چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوودا بێنە بەرهەم، هەروەک بازاڕی ئۆتۆمبێل و مۆبایل، هەروەها چۆنییەتیی کاریگەرییان بۆ سەر ژیانی نەوەکانی داهاتوو و چۆنییەتیی ڕێکخستنی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ڕووناکبیری.
- چارەسەری ئەو ئاریشە جیهانییە ئابوورییانەی، کە لە ماوەی تەواوبوونی کۆنگرەی ڕابردوو تاوەکو ئێستا دووچاری ئامانجە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە هاتوون، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانەی، کە دەبێت یەکدەنگی لەسەر بدرێت و ڕووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنەی هەبێت لە هەردوو ئاستی حکومەتەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری تەکنەلۆژیی نوێ.
- چارەسەرکدنی بابەتی تەنهایی لەسەر ئاستی جیهاندا، کۆڕبەندەکە هەوڵ دەدات، کە بیری نوێ بۆ دانانی ستراتیجیێک، کە سوود و قازانجەکەی بۆ تەواوی جیهانە بخاتە بەردەم سەرکردەکانەوە و لەسەر گۆڕانکارییە نوێیەکان ڕایان بهێنێ بۆ ئەوەی جیهان لە هەڕەشەی تەناهیی بپارێزرێت.
چەند رۆژێک بەر لە بەستنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان، هاتووچۆی ئاسمانی سویسرا وەک هەمیشە قەرەباڵغی تێکەوت، سەدان فڕۆکە لە فڕۆکەخانە نزیکەکانی داڤۆس نیشتنەوە و ڕۆژێک بەرلە وادەی دەستپێکردنی کارەکان، سەدان سەرکردە بە جانتای دیپلۆماسی پڕ لە پێشنیاز و بڕیار لە میوانخانەکانی شارۆچکە خنجیلانەکەی داڤۆس ئامادەبوون. لە داڤۆس 2024، بەشداربووان و ئامادەبووانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان هەوڵیاندەدا ئەمساڵ پارچەکانی دڵە شکاوەکەی ئابووری جیهان بگەیەننەوە یەک، کە بەهۆی جەنگەکانی ئۆکرانیا، غەززە، دەریای سوور گۆڕانی کەشوهەواوە ورد و خاش بووە. لە جەنگی غەززەوە بۆ ئۆکرانیا، بازرگانی و دۆخی دەریای سوور و گۆڕانی کەشوهەوا و پرسە تەکنەلۆژییەکان ئەجێندای دیدار و کۆبوونەوەکانی داڤۆس بوون. داڤۆس خاوەن بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆکردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان، کێشەکانی جیهان هەر ئەوەندە نین؛ لە چێشتخانەی داڤۆس ململانێکانی رووسیا و رۆژئاوا، ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا لەبارەی تایوان و هەڕەشە ئەتۆمی و بەردەوامەکانی کۆریای باکوور خرانە بەرباس و وتووێژ.
بۆرگ برێندە، سەرۆکی کۆڕبەندەکە بەرلە دەستپێکردنی کۆڕبەندی ئەمساڵ ئاماژەی بەوەکرد “داڤۆسی ئەمساڵ ئاڵۆزترینە لە رووی جیۆسیاسی و ئابوورییەوە لە چەند دەیەی رابردوو، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی چەنگی غەززە و دۆخی ئاسایشی دەریای سوور کە چاوەڕێی پێشهاتی نوێ دەکرێت.” دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکی گرنگی لە داڤۆسی ئەمساڵ داگیرکردبوو و هەرێمی کوردستانیش وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکی و هاوبەشەکانی ناوچەکە، لە کۆڕبەندە ئابوورییە جیهانییەکە بەشداربوو لە وتووێژەکان و ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی تایبەت بە کێشەکانی ناوچەکە دەدران. هاوشێوەی ساڵی رابردوو داڤۆس لە رووی پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکانەوە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو سەرنجی وەبەرهێنەران و کارسازان رابکێشێت، بۆ ئەوەی پرۆژە و کارەکانیان لە سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و بەرهەم و بەرووبوومی کوردستانیش بۆ وڵاتەکانیان بکڕن. هەندێک لە سەرکردەکانیش، ئەم کۆڕبەندەیان کردە دەرفەتێک بۆ ئەوەی پردی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان درووست بکەن، بە نموونە “مەسرور بارزانی”، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندیی ساڵی ڕابردووش لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان باسی لە نایابی بەرهەمەکانی کوردستان کرد، دوای ئەوەش چەندین وڵات، وتیان هەنگوین و هەنار و میوەکانی دیکەی کوردستانمان بۆ بنێرن.
“داڤۆس 2024؛ 54ەمین خولی کۆڕبەندیی ئابووری جیهانی و گۆڕانکارییەکانی جیهان”
داڤۆسی ساڵی 2024 کۆڕبەندی ژمارە 54ـەمین بوو لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی. لە (15 تا 19ـی کانوونی دووەمی 2024) لە قوتابخانەی ناوخۆیی سویسری ئەلب لە دڵی شاری داڤۆس بەڕێوەچوو. ئەم کۆربەندە لەسەر بنەمای ڕۆحی “گەڕانەوە بۆ بنەماکان” بەڕێوەدەچوو و هەلی ئەنجامدانی گفتوگۆی کراوە و بوونیادنەرانە لە نێوان سەرکردەکان، نوێنەری وڵاتان، بازرگانان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرجەستە دەکات. ئامانج لەم کۆڕبەندە یارمەتیدان و بەستنەوەی خاڵە هاوبەشەکانە لەم ژینگە ئاڵۆزەی لە پەیوەندی نێوان وڵاتان هاتۆتە ئاراوە، هەروەها دووربینی لە ڕێگەی ناساندنی نوێترین پێشکەوتنەکانی زانست و پیشەسازی و کۆمەڵگا بەرجەستە دەکات.
لووتکەکە لە ژێر درووشمی “دووبارە بوونیادنانەوەی متمانە” بەڕێوەچوو و تەوەری ئەمساڵ بۆ کۆبوونەوەی ساڵانە لە داڤۆس بریتیبوو “‘لە تاقیگە بۆ ژیان: زانست لە کرداردا”. بۆ یەکەمجار ڕێکخراوی ناحکوومی گرین ئاپ بە هاوکاری لەگەڵ شاری داڤۆس میوانداری ناوەندی کەشوهەوای کرد و بەدرێژایی ماوەی کۆڕبەندەکە بۆ بەشداربووان کارابوو. ئەم لووتکەیە پێشوازی لە نوێنەرایەتی زیاتر لە 100 حکوومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پێشەنگەکان و 1000 کۆمپانیای هاوبەشی کۆڕبەندەکە بوو، هەروەها پێشوازی لە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پسپۆڕانی پێشەنگ، گەنجانی گۆڕانکاریخواز، خاوەنکار و میدیا جیهانییەکان کرد. ئەم بەشدارییە فراوانە جەخت لەسەر ڕێبازی گشتگیری کۆبوونەوەکە کردەوە بۆ پرسە جیهانییەکان، هەروەها دڵنیایی دەدات لەوەی کە چەندین دیدگا لە پەرەپێدانی ستراتیژی گشتگیردا لەبەرچاودەگیرێن. تەوەری سەرەکی ‘سەرکردایەتی و هاوکاری جیهانی’ بوو، کە ڕەنگدانەوەی بەدواداچوونی بەکۆمەڵ بۆ ئاسایشی جیهانی و گەشەی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوامە. داڤۆسی ئەمساڵ، بە ناونیشانی “گێڕانەوەی متمانە” دەستی پێکرد و لە 19یەمین راپۆرتی خۆیدا زیاتر لە 30 جۆر مەترسیی کورتخایەنی بۆ 2 ساڵی داهاتووی جیهان باسکرد، کە زۆرێک لە پرسەکانی ڕیزی پێشەوە لە ئێراقدا هەن. ئەوانیش لە تۆخبوونەوەی جەمسەربەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، چەواشەکاری و شەڕەوە بگرە تاوەگو گۆڕانی کەشوهەوا زۆر پرسی جیاوازی تر. داڤۆس لە دوای 2021وە کە ناونیشانە سەرەکییەکەی “پشووە گەورەکە” بوو، هەموو ساڵێک لە چوارچێوەی پرسەکانی گێڕانەوەی متمانە و هاوکاری دا سووڕاوەتەوە. ساڵی 2022، هاوکاری و بوونیادنانەوەی متمانە، 2023ش “هاوکاری لە جیهانێکی پەرتەوازە”ی وەک ناونیشان دانابوو. هەڵبەت جیهان لە قۆناخی کێشمەکێشێکی گەورەدایە و ئەوەی بە کەمی دەستدەکەوێت، متمانە و هاوکارییە. ئێراقیش لەبەرگیراوەیەکی ڕەنگاوڕەنگی ئەو دیمەنەی جیهانی لایە و لەو هەلومەرجەشدا، گەڕان بۆ هاوکاری و گێڕانەوەی متمانە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام زۆر پڕبایەخە.
بەگشتی داڤۆس ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی گفتوگۆیە لەنێوان سەرکردە نوێخوازەکان لەسەر بابەتگەلێک کە لە پێکهاتە سیاسییەکانی ئێستا و نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە کێشە ئابووری، بازرگانی، کێشە ژینگەییەکان، ئاڵنگارییەکانی سەرکردایەتی و ڕۆڵی هونەر لە کۆمەڵگەدا. دانیشتن و چاوپێککەوتنەکان لە داڤۆسی ئەم ساڵ نوێترین پێشنیازەکان بۆ پێشکەوتن لەسەر ئاسایشی جیهانی، بازرگانی، گەشەی ئابووری، هەلی کار، گۆڕانکاری کەشوهەوا و گواستنەوەی وزە و پچڕانی تەکنەلۆژیا و تەندروستی و خۆشگوزەرانی لەخۆ گرتبوو. لە ڕاستیدا کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و کارلێککردن لەسەر پرسە قەیراناوییەکانی نێوان خەڵک و زانایان، سەرکردەکانی بازرگانی و داڕێژەرانی سیاسەت بەمەبەستی باشترکردنی بارودۆخی جیهان. تەوەری سەرەکی لە داڤۆسی 2024 بریتیبوو ‘لە تاقیگەیەکەوە بۆ ژیان: زانست لە کرداردا’
“داڤۆس 2024؛ دووبارە بوونیادنانەوەی متمانە”
یەکێک لە تەوەرەکانی کۆڕبەندەکەب ئەمساڵ بریتی بوو لە “بوونیادنانەوەی متمانە”، کە ئامانجی گەڕاندنەوەی یەکڕیزی و پتەوکردنی بنەما سەرەکییەکانی شەفافیەت و یەکدەنگی و لێپرسینەوەیە لە نێوان سەرکردەکاندا، هەروەها یەکێک لە بەرنامەکانی کۆڕبەندەکە بریتیبوو لە بەرجەستەکردنی گیانی “گەڕانەوە بۆ بنەماکان” لەسەر بنەمای وتووێژێکی کراوە و بوونیادنەرانە لە نێوان سەرکردەکان، نوێنەری حکوومەت، بازرگانان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا. ئامانجیش لەمە بریتییە لە دروستکردنی تێڕوانینێک لە ڕێگەی خستنەڕووی نوێترین پێشهاتەکانی زانست و پیشەسازی و کۆمەڵگە. لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتیدەرە بۆ بەستنەوەی خاڵە هاوبەشەکان لە ژینگەیەکی ئاڵۆزتردا.
“داڤۆس 2024؛ تەوەرە سەرەکییەکان”
- دەستەبەرکردنی ئاسایش و هاوکاری لە جیهانێکی لێکترازاودا.
- گەشەکردن و خۆئامادەکردن بۆ رەخساندنی هەلیکار بۆ سەردەمێکی نوێ.
- زیرەکی دەستکرد وەک هێزێکی بزوێنەریی ئابووری و کۆمەڵگە.
- ستراتیژی درێژخایەن بۆ کەشوهەوا و سرووشت و وزە.
“داڤۆس 2024؛ ئەو کەسایەتی و لایەنانەی بەشداریان لە کۆڕبەندەکە کرد”
ئەمساڵ زیاتر لە 300 کەسایەتی ناسراو و دیار بەشداریان لە کۆڕبەندەکە کرد، لە نێویشیاندا زیاتر لە 60 سەرۆکی وڵاتان و نوێنەری حکوومەتەکانی لەخۆگرتبوو. نوێنەرایەتییەکی بەهێز لە هەموو ناوچە سەرەکییەکانی جیهانەوە بەشداریان کرد، هەروەها دیارترین سەرۆکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بەشداری ئەم کۆڕبەندەیان کرد بریتیبوون لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس-سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، کریستالینا جۆرجیڤا-بەڕێوەبەری کارگێڕی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ئاجای ئێس بەنگا-سەرۆکی گرووپی بانکی نێودەوڵەتی، نگۆزی ئۆکۆنجۆئیوێلا-بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی، جێنس ستۆڵتنبێرگ-سکرتێری گشتی ناتۆ، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس-بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئاچیم شتاینەر-کارگێڕی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان. نزیکەی 1600 سەرکردەی بازرگانی بەشداریان کرد، لە نێویاندا زیاتر لە 800 بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیا، دامەزراوە سەرەکییەکانی جیهان، سەرۆک، ئەندامان و هاوبەشەکانی کۆڕبەندیی ئابووری جیهانی لەخۆگرتبوو، هەروەها زیاتر لە 150 داهێنەری جیهانی، پێشەنگانی تەکنەلۆژی و یونیکۆرن کە دەستێکی باڵایان هەیە لە گۆڕانکاریە پیشەسازییەکان.
زیاتر لە 200 ئەندامی کۆمەڵگەی داڕێژەرانی جیهانی، سەرکردە جیهانییە گەنجەکان و خاوەنکارەکان بەشداریان لە کۆڕبەندەکەی ئەمساڵدا کرد بۆ نمایشکردنی داهێنان و خستنەڕووی چارەسەرە نێوخۆییەکان، هەروەها زیاتر لە 150 پسپۆڕ و سەرۆکی زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان و دامەزراوە توێژینەوەیی و دامەزراوە هزرییەکان، زیاتر لە 40 ڕێکخراوی ناحکوومی و سەرکردەی ئایینی و نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنیش بەشداریان کرد. کاریگەرترین سەرۆکەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بەشداریان کرد لە کۆڕبەندەکەی ئەمساڵدا بریتی بوون لە “کیرستن شویج-بەڕێوەبەری گشتی، دەیڤید میلیباند-سەرۆکی لیژنەی رزگارکردنی نێودەوڵەتی، لوک سێگۆشە-سکرتێری گشتی کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی سەندیکاکان و تیرانا حەسەن-بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ”.
لە داڤۆسی ساڵی ڕابردوو وشەی “فرەقەیران” تەوەرەی سەرەکی گشت کۆبوونەوەکان بوو. بۆ ئەمساڵیش بۆرگێ برێندێ، سەرۆکی کۆڕبەندەکە ئاماژەی بەوەداوە، کە “لە کاتێکدا ئاستەنگە جیهانییەکان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە، هاوکاری داهێنەرانە و گشتی و تایبەتمان پێویستە بۆ گۆڕینی بیرۆکەکان بۆ کردار، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “کۆڕبەندەکە پێکهاتەی پەرەپێدانی توێژینەوە، هاوپەیمانی گشتی و هەلی هاوکاری ئەرکدار دابین دەکات کە بتوانێت بە درێژایی ساڵ کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان بکرێ. کۆڕبەندی 2024 وەک ئامرازێک بۆ خێراکردنی هەماهەنگیەکان بوو، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردەکان و دەستپێشخەرییەکانیانی قووڵترکردەوە.”
ئەوەی شایانی باسە داڤۆسی 2024 یەکێک بوو لە گرنگترین کۆربەندەکان دوای ساڵی 2020 و قۆناغەکانی کۆتایی هاتنی کۆرۆنا. هاوکات لەگەڵ بەرنامە و ناوەڕۆکی کۆڕبەندەکە، کۆمەڵێك پرس و تەوەرەی تری گرنگ و هەنووکەیی جیهانی هەبوون کە لە کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانی نێوان سەرۆک و نوێنەرایەتی وڵاتان گفتوگۆی لەبارەوە کرا. لەوانەش ڕووداوەکانی ئەم دواییەی جیهان وەک قەیرانی کەشوهەوا و جیهانی دوای پەتای کۆڤید-١٩، شەڕی ئۆکرانیا، جەنگی نێوان ئیسرایل و حەماس، نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی تێچوونەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هەروەها هەنگاونان بەرەو بەدەستهێنانی ئامانجە نێودەڵەتیەکان (SDGs).