هەر کە باسی ئابووری دەکرێت، خەیاڵمان بەلای داهات و خەرجی و قازانج و گەڕاوەی مادییدا دەچێت، ئەمەش لە سادەترین مانایدا، ئابووری هەر بریتییە لەوەی چۆن پارە پەیدا دەکرێت، چۆن خەرج دەکرێت، چۆن قازانجی دەبێت…هتد.
هەمیشە ئابووری لە بازاڕی کاڵا و پیشەسازیدا باسی هەبووە. شتێک باسی ئابووریی مەعریفە و دەرکەوتنی ئەم چەمکە باسی نەبووە، تا کاتێک باسی ئابووریی میدیا سەری هەڵداوە، کە تێکەڵبوونی نێوان هەردوو زانستی ئابووری و زانستی راگەیاندن بوو.
سەرهەڵدانی ئەم زانستە تێکەڵە و ئاوێتەیە بە روونی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی پیشەسازیی میدیا سەری هەڵدا و میدیا بوو بە پیشەسازی، واتە بۆ قازانجی مادی و دەستکەوت کاری کرد. کارگەی بەرهەمهێنانی میدیایی سەریان هەڵدا و دەزگا راگەیاندنەکانیش هەمان کات بەدوای سەرچاوەی ئابوورییدا دەگەڕان، کە بەرهەم بهێنن و بەرهەم بفرۆشن، یاخود دەستکەوتی داراییان هەبێت، یان لەسەر پێیی خۆیان بوەستن، یان لەگەڵ بودجەی دابینکراو بۆیان، خۆشیان سەرمایەیە
هەڵبەتە لەپێشدا و لە سەرەتادا لە راگەیاندن کەمتر باسی ئابووری هەبوو، یان باسی ئەوە هەبوو چۆن داهات پەیدا بکات، چونکە مۆدێلێک میدیا باوی هەبووە کە مۆدێلی میدیای حکوومی بوو، میدیا یان لای حکوومەت، یان کەنیسە، یان دەسەڵاتێک بووە، کە خەرجییەکەی بۆ دابین کردووە، ئیتر دەزگا راگەیاندنەکە تەنیا بیری لە بڵاوکردنەوەی بابەت و زانیاری کردووەتەوە، یان بابەتێک بەرهەم بهێنێت و بڵاوی بکاتەوە، نەک بیر لەوە بکاتەوە ئەم بابەتە بەرهەمی دێنێت چۆن گەڕاوەیەکی مادیی هەبێت.
لەگەڵ سەرهەڵدانی میدیای بازرگانی و رێکلام، وردە وردە ئەوە پەیدا بوو کە راگەیاندن ئیتر دەتوانێت پارە پەیدا بکات. ئەڵبەتە بابەتی ئابووریی میدیا و ئابووریی مەعریفە راستە لە زۆربەی رەهەندەکانیەوە هاوشێوەی ئابووریی پراکتیکییە و لقێکە لە ئابووریی پراکتیکی، بەڵام شێواز و پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکە جیاوازە.
لە ئابووریی پراکتیکی و بازاڕ و پیشەسازیی کاڵادا دراو دەگۆڕدرێتەوە بە کاڵا و کاڵا بە دراو، بەڵام لە ئابووریی مەعریفە و میدیادا باسی پەیامسازی دێتە ئاراوە، دراو دەگۆڕدرێتەوە بە پەیام و دەبێت ئەو پەیامە بە شێوەیەک بێت، بەهای لای وەرگرەکانی هەبێت، تا وەریگرن و ئیتر بەهای بازرگانی بێت، کە کاڵایەکی پێ بەهادار بکرێت، یان بەهایەکی کۆمەڵایەتی کە چارەسەری کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بکات و لەو ڕێیەوە خەرجییەکە لەسەر وڵات کەم ببێتەوە، یان بەهایەکی تەندروستی، کە گرفتێکی تەندروستیی بۆ وڵات چارەسەر بکات.
خۆ ئەگەر بەهایەکی بازرگانی بوو کە ریکلامێکی بازرگانی بۆ بەرهەمێک کاڵایەک دەکرێت ئەوە پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکە روونترە و دراو دەگۆڕدرێتەوە بە پەیام و پەیامەکە بەهاداریی کاڵایەک یان بەرهەمێک دەکات، ئەوکات فرۆش و ساغبوونەوە دروست دەبێت و قازانجێک دەگەڕێتەوە.
ئایا ئێستا ئەم جۆرە لە ئابوورییە بووەتە ئابوورییەکی دیار لە وڵاتاندا، یاخود بەشداری دەکات لە ئابووریی گشتیی وڵاتدا؟ بە دڵنیایەوە بەڵێ، جگە لەو ئاڵوگۆڕی و پەیام و بەهایەی، کە لە بەرهەمە میدیا بازرگانی و ریکلامییەکان هەیە، کە دواجار فرۆشی کاڵا و شمەک و بەرهەمەکان زیاد دەکات و بەمەش لە لایەک قازانج زۆر دەبێت، لە لایەک بەرهەمهێنان زۆرتر دەبێت، بەتایبەتی وڵاتە پێشکەوتووەکان، کە پیشەسازیی کاڵا و بەرهەمیان هەیە.
لە هەمان کات دەتوانێت برەو بە چەندین کەرتی دیكەی وڵات بدات، نموونەی کەرتی گەشتیاری، کە ئێستا دەبینین وڵاتێکی وەک تورکیا و ئیمارات و وڵاتە گەشتیارییەکان رێکلامکردن و بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و رێکلامە سۆشیاڵ میدییایەکان راکێشانی ملیۆنان گەشتیاری بۆ وڵاتەکە لێ کەوتووەتەوە.
تورکیا کە بەردەوام لە لوتکەی گەشتیاریدایە، ئامرازێکی بەهێزی بازاڕسازیی بۆ ناوچە گەشتیارەکانی دراماکانە کە لە رێگەی بەرهەمهێنانی درامایەکەوە چەندین پەیامی تیادایە، سەرنجی جیهانی بۆ ناوچەکە و وڵاتەکە راکێشاوە. تەنیا لە ماوەی پەخشکردنی درامای (نوور و موهەند). هێشتا دراماکە تەواو نەبووبوو، لە وڵاتانی كەنداو یەك ملیۆن گەشتیار بە مەبەستی گەشت سەردانی تورکیایان کرد، هەر هەمووشیان داوایان کردبوو ئەو شوێنە و ئەو ماڵە ببینن، کە ئەو درامایەی تیادا تۆمار کراوە. بۆیە ئابووریی مەعریفە ئابوورییەکە کە لە گۆڕینەوەی دراو بە پەیام و پەیامسازییەکی بە بەها و بۆ بە بەهاکردنی کاڵا و بەرهەم و شمەكێک، دواجار هاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئابووریی گشتیی وڵاتدا.
پرسیارێک، ئایا لە هەرێمی کوردستان، ئێمە پارە لە میدیا و بەرهەمهێنانی مەعریفە خەرج دەکەین، یان پارەمان بۆ پەیدا دەکات؟ بە ڕاستەوخۆ بێت لە رێگەی فرۆشت و بە بەهاکردنی کاڵا و شمەک و ناوچە گەشتیارییەکانمان، یان ناڕاستەوخۆ لە رێگەی پەیامە کۆمەڵایەتی و هۆشیاری و تەندروستییەکان، قەیران و کێشەکانی ئەم بوارانەی کەم کردووەتەوە و ئەرکی حکوومەتی سووک کردووە؟
بە دڵنیایی تا ئێستا نا، ئێمە هێشتا لەو قۆناغەداین، پارە لە میدیا و بەرهەمهێنانی زانیارییەک خەرج دەکەین، بگرە بودجەیەکی زەبەلاح لە رێگەی کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە خەرج دەبێت کە بارگرانیی بۆ ئابووریی وڵاتەکە دروست کردووە، پێوانەمان نەکردووە چییە گەڕاوەکەمان دەستکەوتی مادییە، یان مەعنەوی، یان پەیامداری، واتە لە هاوکێشە ئابوورییەکەدا خەرج دەکەین، نەک دەستکەوت.
بێ گومان ئەگەر هەرێمی کوردستان بیر لە ئابووریی مەعریفە بکاتەوە، تەنیا بۆ سێکتەرە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانی ئابووریی مەعریفەش گەشە دەکات و دواجار هاریکاریی ئابوورییە گشتییەکەی وڵات دەکات. ئەگەر بەرهەمهێنانی درامایەک یان چەند بەرهەمێکی هونەری بێت لە ناوچە گەشتیارییەکان، یاخود رێکلام بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکانمان و شوێنە مێژووییەکانمان. کە ئەمە هەنگاوێکی بچووکی وەبەرهینانە لە ئابووریی مەعریفە و ئیتر کاتی ئەوەشە بیر لە پیشەسازییەک و بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەیام و بەرهەمێکی میدیا و مەعریفەیی بکرێتەوە، کە سەرچاوەیەک بێت بۆ داهاتی وڵات.