ڕۆژی دووشەممە، 15/01/2024، “مەسروور بارزانی”، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک بەرەو سویسرا بەڕێکەوت، بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس کرد، لە پەراوێزی کۆڕبەندە چوار ڕۆژییەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا و جیهان کۆبوویەوە. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندەکە، لەپاڵ دیداری بەرپرسان و سەرکردەی وڵاتان، لە پانێڵێکیش بەشداریکرد کە تایبەت بوو بە ململانێ و ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. کۆڕبەندەکە ئەم ساڵ لە ژێر ناونیشانی “بوونیادنانەوەی متمانە” بەسترا و چەندین تەوەری تایبەت بە وزە و سیستمی بانکی و ژیریی دەستکرد و چەند پرسێکی سیاسیی هەنووکەیی، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. شاندی هەرێمی كوردستان پێکهاتبوو لە ژمارەیەک بەرپرسانی حکوومی و وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان، کە یەکەمجارە بەشداری لە داڤۆس دەکەن، هەروەها بە دەستپێشخەری و ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران، ماڵی کوردستان لە داڤۆس کرایەوە. لە کۆبوونەوەکانیدا چەندین تەوەر و پرسی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان تاوتوێ کرد. بەشداریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی هەموو ئەو هەوڵە بەردەوامانەیە، کە دەگیرێنەبەر بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ئایندەی کوردستانی باشوور و ئێراق و ناوچەکە بە گشتی هەیە.
“کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس 2024)”
پێشبینیەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی تیشکی خستە سەر مەترسییە جیهانییەکان وەک ئاستەنگە ژینگەییەکان، کێشە ئابوورییەکان و مەترسییە تەکنەلۆژییەکان. بۆ هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران کۆڕبەندەکە بنەمایەکی گرنگی پێشکەشکرد بۆ شیکردنەوەی دیدگا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، حکوومەتی هەرێم دەتوانێت لە تێڕوانینەکانی کۆربەندەکە کەڵک وەربگیرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنگارییەکانی وەک مەترسییەکانی کەشوهەوا و گەشەسەندنی ئابووری-کۆمەڵایەتی. بەشداری بارزانی جەختی لە گرنگی تێکەڵکردنی تەکنۆلۆژیای سەردەمیانە کردەوە لە ستراتیژییەکانی گەشەپێدان، کە دەتوانێت ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێم بەهێزتر بکات. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کۆڕبەندەکە سەکۆیەکی بۆ حکوومەتی هەرێم رەخساند بۆ بەشداریکردن لە وتووێژ و هاوکارییە جیهانییەکان. ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداربین لە چارەسەری ئاستەنگەکانی ناوچەکە و لە باشترین پراکتیزە جیهانییەکان فێربین، هەروەها بەشداریکردن و کارلێکەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکە دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتی و بەرەوپێشبردنی تێگەیشتن لە دۆخ و پێداویستییە ناوازەکانی هەرێم. لە کۆتاییدا، بەشداریکردنی حکوومەتی هەرێم لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەرەوپێشبردنی هەردوو گەشەپێدانی ناوچەیی و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ گرنگیدان بە تێپەڕبوون بەو ئاستەنگە ئاڵۆزانەی کە لە کۆربەندەکانی ڕابردوودا باسکراون و ئەمساڵ بەدواداچوونیان بۆ کرا.
“پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکە”
بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە “کۆڕبەندی ئابووری جیهانی”، گرنگی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە ئاستی هەرێمی و نێودەڵەتی نیشان دەدات، بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە سیاسەتە هەرێمییەکانی ئاساییش و ئابووریدا. هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەشداری کردن لە کۆڕبەندە جیهانییەکانی هاوشێوەی داڤۆسدا، دەتوانێت پێگەی سیاسی و ئابووری خۆی، بەتایبەتی لە لایەنی ئاساییشی وزەوە بەهێز بکات. بەوپێیەی، کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندەکە لە ئاستی سەرۆکایەتیدا کردووە. بەشداریکردنی نێردەی فەرمی ھەرێمی کوردستان، هەروەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی گرنگیێکی زۆری ھەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر پێگەی ڕامیاری و ئابووری هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە لایەنی وزەی سرووشتییەوە. هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دیدەنی و کۆبوونەوەکانی داڤۆس دەتوانێت پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی بەھێز بکات. بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ھەرێمی کوردستان، وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی کاریگەری درووست دەکات لە لایەنی ئابووری و سیاسی لە ئاستی هەرێمی. بەوپێیەی، کە ئێستا لە جیهان لە سەردەمی “جیھانیبوون” دایە، تێیدا بەرژەوەندی گشت وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بەیەکەوە بەستراونەتەوە، کە ڕەنگدانەوە و کاریگەرییان لەسەر یەکتری دەبێت، بەتایبەتی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست، کە بەھۆی ئەو پێگە سیاسی و ئابووری و ستراتیژییەی ھەیەتی لە ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، هەروەها ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێت ئەو کاریگەرییە درووستبکات لە لایەنی ئاساییش و ئابووری.
“ماڵی کوردستان لە داڤۆس”
لە داڤۆس 2024، بۆ یەکەمین جار لە شەقامی سەرەکی داڤۆس، ماڵی کوردی هاوشانی وڵاتانی تر کرایەوە. بە دەستپێشخەری مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیران و بە چاودێری نووسینگەی دەسستپێشخەریی و پەیوەندییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ماڵی کوردی لە داڤۆس کرایەوە. ماڵی کوردی لە داڤۆس لە پاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان، ئۆکرانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە (ئێراق ماڵی نییە)، لە ماوەی هەفتەی کۆڕبەندەکەدا پێشوازی لە مێوانان و بەشداربووان کرد و بەشێک بوو لە پلانی بەبازاڕکردن و سەرنجڕاکێشانی وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکانیی هەرێمی کوردستان. لە ماڵی کوردستان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ بەڕێوەچوو و دیداری بەرهەمدار لەگەڵ وەبەرهێنەر، نوێنەرانی ڕێکخراو، دەزگا نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیا جیهانییەکان ئەنجام درا، هەروەها ماڵی کوردستان لە داڤۆس چەندین دیداری سیاسی و دیپلۆماسی گرنگیشی لەخۆگرتبوو. لە ماڵی کوردستان،؛ چەندین چالاکی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان ئەنجام درا و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆمپانیای گەورە و کەسایەتی جیهانی بانگهێشت کران، ئەمەش وەک پشتیوانییەک بۆ سێکتەری وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان.
“وەربەرهێنان؛ پردی نوێی پەیوەندی کوردستان و جیهان”
کێشە و پرسە گەرمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پانتاییەکی فراوانی لە گفتوگۆ و دیدارەکانی داڤۆسی ئەمساڵ بوو و هەرێمی کوردستانیش وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکی و هاوبەشەکانی ناوچەکە، لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بەشدار بوو و هاوشێوەی داڤۆس 2023، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو سەرنجی وەبەرهێنەران و کارسازان رابکێشێت، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و پەیوەندی بازرگان‌یش بۆ کڕینی بەرهەم و بەرووبوومی کشتوکاڵی کوردستان درووستبکەن. دوای ئەوەی بەشێوەیەکی سەرەکی ساڵی رابردوو پلانی گەشەپێدان و درووست‌کردنی پەیوەندی بازرگانی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان سەرکەوتووبوو. بۆ داڤۆسی ئەمساڵ سەرەڕای بەردەوامیدان بەو پلان و بەرنامەی کارە، سەرنجی زیاتریش خرایەسەر سەر سێکتەری وەبەرهێنان و بەبازاڕکردن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لە پرۆژەی سێکتەرە جیاوازەکان بەتایبەتیش لە کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی زیاتری هەلیکار بۆ گەنجان و بووژانەوەی بازاڕ، پەیوەندییە بازرگانییەکان و سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان. بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاندەکەیدا 11 وەبەرهێنەری دیاری هەرێمی کوردستان یاوەری دەکەن و هەر بە دەستپێشخەری و راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە داڤۆس، ماڵی کوردستان کراوەتەوە و چەندین کەسایەتی و کۆمپانیای جیهانی بانگهێشت کراون بۆ ئەو ماڵە تاوەکو ئاشنابکرێن بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ناساندنیان بە یاسا و شێوازی کارکردنی وەبەرهێنەران و ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، زیاتر لە دوو هەزار هەلی وەبەرهێنان سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەشێکی زۆرییان سەرماییەکی گەورەیان پێویستە بۆیە لە پرسی پارەدارکردنی ئەو پرۆژانە کێشە هەیە و هەرێمی کوردستان پێویستی بە وەبەرهێنەرانی بیانی هەیە، بەتایبەتی لە بوارەکانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و کەرتی بانکی.
“کشتوکاڵ؛ پاراستنی ئاسایش و سەبەتەی خۆراکی جیهان”
لە سەردەمی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی خۆراک و دۆزینەوەی وزەی جێگرەوە، جیهان بەدوای بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگەڕێت بۆ پڕکردنی سەبەتەی خۆراکی وڵاتان و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنان. پڕۆژەی بهبازاڕكردن و هەناردەکردنی به‌رهه‌می جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، بەشێکە لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشنکردنی ئابووریی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە زیادکردنی داهات و فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هه‌رێمی كوردستانه له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا. هەرێمی كوردستان توانای ئەوەی هەیە وەک سەبەتەی خۆراکی ئێراق و هەرێمی کوردستان پێداویستییه‌كانی بازاڕ دابین بكات. ئەو هەوڵ و کارانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە داڤۆسی ساڵی ڕابردوو بەرهەمەکەی گەیشتە ئامانج و لەماوەی ئەو ساڵەدا، چەندین بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی وڵاتانی کەنداو و جیهان کرا، لەوانە هەنار، سێ‌و، ترێ، هەنگوین، پەتاتە، برنجی کوردی، ئاوتەماتە، تەحین و چەند بەرهەمێکی دیکە.
ئەو هەوڵ و کارانەی حکوومەت سەرەڕای کردنەوەی دەرگایەکی داهاتی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان وایکرد، ببێتە هۆی زیاتری گەشانەوەی سێکتەری کشتوکاڵ و زیادکردن و باشترکردنی بەرهەم لەلایەن جووتیارانەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا، لە 1.5% بۆ سەروو 8% بەرزبووەتەوە و لە پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، چوار سایلۆی نوێی دروستکراوە و چەند سایلۆیەکی دیکەش لەژێر دروستکردندان، بەمەش ڕێژەی کۆگاکردنی گەنم بۆ زیاتر لە 800 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە. هاوکات بەهۆی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سێکتەری کشتوکاڵ و پاڵپشتیکردنی جووتیاران، بەرهەمە خۆماڵییەکان زیادیکردووە، بۆ نموونە؛ لەماوەی چوار ساڵدا، رێژەی بەرهەمی پەتاتە لە 25 هەزار تۆنەوە بۆ زیاتر لە 800 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە و مۆڵەتیش بە شەش کۆمپانیای دروستکردنی بەرهەمی چپسی پەتاتە و فینگەر دراوە کە ئاستی بەرهەمهێنانیان دەگاتە 70 هەزار تۆن لە ساڵێکدا.
“بەشداری هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس لە ساڵانی ڕابردوودا”
کۆڕبەندیی 2013
بۆ یه‌كه‌مینجار له ساڵی 2013 سه‌رۆكی هه‌رێمی، “مه‌سعوود بارزانی” به‌شداری له كۆڕبهندهکەدا كرد. هه‌ر له‌و كۆربه‌نده‌دا بارزانی به وته‌یه‌ك به‌شداری له كۆڕێكی داخراوی تایبه‌ت به جیۆپۆلۆتیكی به‌هاریی عه‌ره‌بی كرد، كه تێیدا ژماره‌یه‌ك له سه‌رۆك و به‌رپرسانی باڵای وڵاتان به‌شداربوون. له په‌راوێزی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا بارزانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له شا عەبدوڵڵا بن حسین-شای ئوردن، سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سویسرا، شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ڕاپه‌راندنی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل و جێگری سه‌رۆكی كۆمپانیای شیفرۆنی ئه‌مریكی ئه‌نجامدا.
کۆڕبەندیی 2014
“مەسعوود بارزانی”، سەرۆکی هەرێم بۆ ساڵی دواتر بۆ دووه‌م جار له‌گه‌ڵ شاندێك به‌شداری لە كۆربه‌نده جیهانییهکە كرد، بارزانی له‌و كۆربه‌نده‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده و به‌رپرسی باڵای جیهانی به‌شداری له دوو كۆڕی داخراودا كرد. له كۆڕی یه‌كه‌مدا؛ گفتوگۆیەكی داخراو لەبارەی گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌وكاتی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقیا ئەنجام درا. له دووه‌م کۆبوونەوەشدا؛ كە به ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی مسر، تورکیا، ئێران، ئوردن و ئیتاڵیا، سوید و ژماره‌یه‌کی تر له به‌رپرسانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و سه‌رۆکی کۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی بەڕێوەچوو، قسەكردن و ئاڵوگۆڕكردنی بیر و بۆچوونەکان تایبه‌ت بوون به بارودۆخی سیاسی و مرۆیی له سوریا، هەروەها ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێکی سیاسی قەیرانی سووریا لە ئارادا بوون. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بارزانی بەشداری لە پانێڵێكی سیاسی تایبەت به بارودۆخی سووریا و ڕێككەوتنە سەرەتاییەكەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لەمەڕ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران كرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له په‌راوێزی كۆربه‌نده‌كه‌دا بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا و جۆرجیا، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و سوید و توركیا، هەروەها عه‌مر مووسا سه‌رۆكی پێشوی كۆمكاری عه‌ره‌بی، سیناتۆری ئه‌مریكی جۆن مه‌كین و سه‌رۆكی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل به‌جیا كۆبوویه‌وه.
کۆڕبەندیی 2015
ئاڵۆزی بارودۆخی ئێراق و هه‌رێمی كوردستان له ئه‌نجامی شه‌ری داعش بواری نه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم له كۆربه‌ندی ساڵی 2015 به‌شداری بكات، به‌ڵام له‌به‌ر گرنگی كۆربه‌نده‌كه هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، به نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌شداری كۆربه‌نده‌كه‌یان كرد.
کۆڕبەندیی 2016
شه‌ڕی داعش رێگر بوو له‌وه‌ی هیچ به‌رپرسێكی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت به‌شداری كۆربه‌ندی ساڵی 2016 بكات.
کۆڕبەندیی 2017
بۆ جاری سێیه‌م بارزانی له كۆڕبه‌ندیی 2017 به‌شداری كرد و له یه‌كێك له پانێڵه‌كان كه تایبه‌ت بوو به ره‌وشی ئێراق و سوریا و رووبه‌روبوونه‌وه‌ی تیرۆر وه‌ك پانێڵیست به‌شداری كرد، له په‌راوێزی كۆربه‌نده‌كه‌دا بارزانی به جیا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج و ئوردن و وه‌زیرانی به‌رگری ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌نداو سه‌رۆكی كۆمپانیای شیشرۆن كۆبوه‌وه.
کۆڕبەندیی 2018
كۆربهندیی ئەوساڵە بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌بوو، كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌م كۆربه‌نده تازه چه‌ند مانگێكی كه‌م تێپه‌ری بوو به سه‌ر رووداوه‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی به‌شێكی خاكی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای ئێراق و ئابلوقه‌دانی هه‌رێم له لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندیه‌وه، ئه‌م كۆربه‌نده كه به به‌شداری كاك نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌چوو، وێستگه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌و ئابلوقه‌یه‌ی كه خرابووه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له په‌راوێزی كۆربه‌نده‌كه‌دا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند دیدار‌و كۆبوونه‌وه‌ی گرنگی ئه‌نجامدا له‌وانه كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له “شا عبدالله بن حسین”ی شای ئوردن و سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ند او ئه‌رمینیا و ئێراق و هه‌رێمی فلانده‌رز و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا و وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا و راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن و جێگری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان.
کۆڕبەندیی 2019
لە کۆڕبەندی ئەوساڵەدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان نەکرد
کۆڕبەندیی 2020
ساڵی دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمیی کوردستان بۆ دووه‌م جار به‌شداری لە كۆربهندهکە كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له پانێلێكدا له ژێر ناونیشانی “ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راستی ناسه‌قامگیر” سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك پانێلیست به‌شداری كرد. له گرنگترین دیداره‌كانیشی سه‌رۆكی هه‌رێم كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگ و سه‌ركه‌وتوانه‌ی له‌گه‌ل سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ ئه‌نجامدا، جگه له كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی ئه‌رمه‌نستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌ریه‌ك له وڵاتانی ئۆردن و یۆنان و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی سعودیاو سوید و توركیا‌و سه‌رۆكی رێكخراوی جایكا، له په‌راوێزی كۆربه‌نده‌كه‌دا.
کۆڕبەندیی 2021
بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا ڕێگربوو له‌وه‌ی كۆربهندیی 2021 ئه‌نجامبدرێت.
کۆڕبەندیی 2022
له کۆڕبەندی ئەوساڵەدا “مه‌سروور بارزانی”، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ یه‌كه‌م جاری وه‌ك سه‌رۆك وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری لە كۆربهندهکەدا كرد، هەروەها له یه‌كێك له پانێڵه‌كانی كۆربه‌نده‌كه به‌شداری كرد له‌ژێر ناونیشانی “پێكهاته‌یه‌كی نوێی ئاسایش له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا”. له كۆربهندیی 2022 یه‌كێک له ئامانجه‌كانی به‌شداری سه‌رۆک وەزیران دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بوو بۆ به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه نێوخۆییەکان، کە دواتر له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا تواندرا ئه‌و ئامانجه بهێنرێته‌دی و چه‌ند بهروبومێكی نێوخۆیی بۆ ده‌ره‌وه ڕه‌وانه بكرێت. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كه بارزانی ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبونه‌وه‌ی گرنگی له په‌راوێزی كۆربه‌نده‌كه ئه‌نجامدا، له‌وانه كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ میری ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر، سه‌رۆكی كۆماری ئه‌رمینیا، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی هۆڵه‌ندا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئووردن، سه‌رۆكی ڕێكخراوی خاچی سوور، به‌رێوه‌به‌ری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌زه، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نیی هاریكاری كه‌نداو، شاندی شانشینی به‌حره‌ین، ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانیی ئیمارات.
کۆڕبەندیی 2023
بۆ جاری دووه‌م “مه‌سروور بارزانی”، سه‌رۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان به‌شداری له كۆڕبهندەکە کرد. بارزانی له چوارچێوەی چالاكییه‌كانی كۆربه‌نده‌كه بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرد بە ناونیشانی “بەهێزکردنەوەی پیشەسازیی ئەورووپا”، کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ڕێکخرابوو، لەو کۆبوونەوە تایبەتەدا کە چەندین بەرپرسی باڵای بەلجیکی و ئەوروپایی بەشداربوون، سەرۆک وەزیران باسی لە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی، هەروەها پرسە جیاوازەکانی عێراق کرد، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێنان و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی نێوخۆی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا. بارزانی كۆبوونه‌وه و دیداری له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک به‌رپرسی باڵای وڵاتان ئه‌نجامداوه، له‌وانه: وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین، سەرۆک وەزیرانی ئووردن، وەزیری ئابووری عومان، وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ئابووری ئيمارات، وەزیری وەبەرهێنانی عەرەبستانی سعودییە، تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، سەرۆک کۆماری ئێراق، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و کۆنگرێسمانی ئەمریکی دارێڵ عیسا.