کەسێک لوقمەقازی دەفرۆشێ، بە گەڕەکەکانی شاردا دەگەڕێ و هاوار دەکا؛ وەرنەوە بۆ خوێ..ئەوەیە خوێ! پێی دەڵێن ئەمە کەی خوێیە!؟ دەڵێ؛ خوێیە… دەنگتان هێواش بکەن با « مێشەکان» نەزانن کە لوقمەقازییەو گوێیان لێ نەبێ.
سێهەمیان: درووستکردنی ناڕەزایی و پشێویی لە ژێر ناوی بێ مووچەیی و نەبوونی ژیان بە دەست دەستەڵاتی بێباک و بێدەربەست و بێ دامەزراوەی نیشتیمانیی دا. هاوڵاتییەک کە نانی نییە، نەخۆشەو پارەی چوونە پزیشکی نییە، سەرچاوەی گوزەرانی نییە و خەمەکانی ڕۆژگار لە پەلوپۆی خستوە؛ ماڵ و منداڵی هەیەو پێداویستیی پێ دابین ناکرێ، ئەمە حکومەت و حیزبە دەستەڵاتدارەکان لێی بەرپرسن، کاتێک دوژمن دێتە ناوەوەو هەموو ئەو بۆشایی و ناڕەزایەتییانە دەقۆزێتەوە، تا چاوی کۆمەڵگا لەسەر ئەوە لابدات چەند کیلۆمەترێک ئەولاتر دەستی کردوە بە بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەک بۆ ئەجێندایەکی ناوچەیی مەترسیدار؛ ئەمەش هەر دەستەڵاتی ناوخۆیی لێی بەرپرسە. وڵاتێکی وەک ئێران و کەسێکی وەک «حەسەن سەباح» نیزیکەی هەزار ساڵ پێش ئێستا لە «قەڵای ئەلەموت» ەوە ڕاهێنانی بە منداڵ و گەنجان کردوە لە ڕێگەی خەواندنیان بە ماددەی هۆشبەر و نیشاندانی بەهەشت و… تادوایی. حەسەنی سەباح لە قەڵای ئەلەموتەوە نامەی بۆ پاشاکانی مەغریب و تونس و میسر ناردوەو دەستوەردانی لە دوو کیشوەردا کردوە [ حەسەنی سەباح دوو جار هەوڵی کوشتنی سەڵاحەدینی ئەیوبی داوە]. ڕووسەکان زیاتر لە ڕێگەی چەسپاندن و جێکردنەوەی پیاوەکانی خۆیان لە ناو حکومەتەکان و حیزبەکاندا هەوڵیانداوە کاری خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی لەولاوە خۆیان بە بێدەنگ هەژموونی ئابوریی و سیاسیی خۆیان زاڵ بکەن.
ئەمانە بەرەبەرە ئافرەتێکی تەواو بێ کەسێتی دەدۆزنەوە دەیکەن بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەکان، پیاوی زۆر نەخوێنەوار و دەبەنگ لەناو دەستگا ئەمنییەکاندا دەکەن بە بەڕێوەبەری پەیوەندییە دەرەکییەکان، کچ و کوڕی هەڵپە- هەڵپکەری سەردەمەکە ( ئەوانەی قەت دەستیان بەر کتێبێک نەکەوتوە بۆ خوێندنەوە) بە ڕێگەی پیاوەکانی خۆیانەوە دەهێنن دەستگای میدیایی و پەیج و تەلەفزیۆنی ئەلیکترۆنیان بۆ دەکەنەوە، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لەژێر ناوی عەنتیکەدا دەکەنەوە ( بە بێ ئەوەی سەرۆک و ئەندامانی ئەم ڕێکخراوانە تەنانەت بزانن کۆمەڵگە- Society چی یە؟ مەدەنی- Civil چییەو لە کوێوە هاتوە). ئیتر ئاوا چییان ویست بە دەستی دوو پێیان دەکەن، بۆ کوێیان بوێ دەیانبەن بەملاولادا.. ئیتر کوردیش چوونکە هەمیشە حەزی لە چاولێکەریی و کێبڕکێیە لەگەڵ نیزیک و هاوڕێکانی خۆی، حەزی لە گۆڕینی ئۆتۆمبیل و مۆبایل و کەرەستەی ناو ماڵەکەیەتی، قەت حەزی لەوە نییە ئەقڵییەت و شێواز و کەرەستەکانی بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێ، بۆیە زۆر ساویلکانە تێی دەکەوێ! لە هەرێمی کوردستان چوونکە کاری هەواڵگریی و دامەزراوەی نیشتیمانیی و خۆ- گونجاندن لەگەڵ زانستی هاوچەرخدا نەبوەو نییە، کەشوهەواکەش لەبارە بۆ دوژمنان و وڵاتانی ئەملاولا تاوەکو بە ئاشکراو نهێنی کاری خۆیان بە پێی ئەجێندای خۆیان بکەن. حیزبی کوردیی و ماڵی کوردیی ئەوەندەی داخ داوە بە تاکەکانی کۆمەڵگە؛ زۆر بن یان کەم پەیدا بوونە هەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی تۆڵە لە یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی دی بکەنەوە.