سەرەتا جۆن کەنەدی سەرۆکی پێشووتری وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گووتویەتی: (کاتێک بە زمانی چینی دەنووسرێت، وشەی “قەیران” لە دوو پیت پێکهاتووە. یەکێکیان نوێنەرایەتی مەترسی دەکات و ئەوی تریان نوێنەرایەتی دەرفەت دەکات).
لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە کاتێک حەماس و ئیسرائیل چوونە جەنگێکی وێرانکەری داپڵۆسێنەرەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەگەڵ خۆیدا بە قۆناغێکی زۆر جیاواز لەپێشووتر و کاریگەر و هەستیار، تێپەراندووە. دروستتر، لە پاش ئەوەی کە گرووپە میلیشییاکانی ئێراق پەلاماری هێزەکانی ئەمریکایان دا لەنێوان سنووری ئێراق و ئوردن و سووریا. لەو نێوەندەدا سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران. بێ شک ئەمە بەزاندنی هێڵی سوور بوو دژی سیاسەت و ستراتیجییەتی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە.
بەزاندنی ئەو هێڵە سوورەش ئەمریکای ناچار کرد، بیر لە چەندین (سیناریۆ) بکاتەوە بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی ئەمریکییەکان و ئەو دابەشبوونەی کە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ڕوویداوە، سەبارەت بەوەی کە چۆن ڕووبەڕووی ئێران و گرووپە میلیشیاکان ببێتەوە. کاریگەری بژاردەکان لەسەر هەرێمی کوردستان هەر بژاردەیەکی ئەمریکا لە دەرەنجامی هێرشی میلیشیاکان لە ناوچەکەدا، ئێراق دەخاتە دۆخێکی ئاڵۆزی و پڕ تەنگژە و کێشمەکێشمی درێژخایەن. لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری نەرێنی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە پێویستە (هەرێمی کوردستان) لەنێو هەموو ئەم ئاڵنگارییانە و ئەو دۆخە سەختەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پەرە بە ستراتیجەکانی لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بدات. لە قۆناغێکی ئاوا گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازدا ئایا (هەرێمی کوردستان) پێویستی بە چییە؟
یەکەم: لە پێناو گەلی کوردستان و مێژوو و، خەباتی لەمێژینەی نەتەوەی کورد، پێویستە هەموو جیاوازییە ئایدۆلۆجی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە هەیە [وەلا] بنرێت. ڕکەبەرییەکان حیزبە سیاسییەکانی کوردستانیان بەسەر چەندین شێوەدا دابەش کردووە، نەخاسمە لە دەرەنجامدا، دوژمنان و نەیارانی میللەتی کورد، (هەرێمی کوردستان) بە یەک چاو سەیر دەکەن، هەرچەندە دابەشبوونی پارتە سیاسییەکانی هەرێم، گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاڵەی کە هەردەم کاریگەربوونی هەندێک حیزبی سیاسیی بە دەوڵەتانی ئیقلیمی ناوچەکەوە تەنگژەی زۆری ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، بەڵام هەڵبەتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان وەکو یەک نەتەوە و حکوومەت و دەسەڵات تەماشا دەکرێت. لە دەرئەنجامیشدا؛ نزیکبوونەوەی زیاتری حیزب و پارتە سیاسییەکان، دەتوانێت هەرێمی کوردستان لە پروشکی ئەو ئاگرەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوران دەکات بپارێزێت.
دووەم: لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی ئێراقدا کراوە، کە بەشێک لەم ڕێککەوتنانە لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ئەوروپا و ناوچەکەش پێشوازی زۆر باشی لێکراوە، بەڵام دەبینین کە هیچیان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەو هۆیەی کە ئێراق لەدوای ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٠٥وە تاوەکو ئێستا خاوەنی [سەروەریی] خۆی نییە و لە ژێر هەژموونی وڵاتانی تری ناوچەکەدایە، گرنگە ئیدی ستراتیجییەتێکی نوێ لەسەر بنەمای گەیشتن بە خاڵی کۆتایی ڕێککەوتنەکان دابنرێت، چوونکە لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بە رێگەی سیاسەتی ناچارکردن، بۆ حکوومەتی ئێستای ئێراقیش دەبێتە گرفتێکی گەورە.
سێیەم: گرنگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، لە ڕێگەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا و عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی زۆر فراوانتر بکات. بە جۆرێک لە ڕێگەی کارەکتەرە دیپلۆماسییە شارەزاکان بە سیاسەتی دیپلۆماسییانەی ورد و دروستەوە بتوانرێت هەرێمی کوردستان ئەم دۆخە سەختەی هەیە ڕزگار بکرێت.
چوارەم: زۆر گرنگە لە ئێستادا و زیاتر لە هەر کاتێک هاوڕا بین لەسەر ئەوەی کە فشارەکان و داواکانی داگیرکەران بۆ پووکانەوە و ڕووخاندنە نەک ئەو ئیدعا بێ بنەمایانەی بەناوی یاسا و دەستوورەوە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن. گرنگە لە یادمان بێت کە تاکە ئازادکەری خۆمان هەرخۆمانین نەک دەوڵەتانی دیکە.
پێنجەم: لە ئێستادا بیری توندڕەوی سیاسەتی [دژە کوردستانی] لە شەقامی ئێراقیدا زیادی کردووە، واتا شەقامی سیاسیی ئێراقی لە سەر لاوازکردنی پێگەی هەرێم ململانێی هەڵکشانی دەنگ و کورسی زیاتر دەکەن، بە ئاگایی لەوەی کە ئەم جۆرە لە سیاسەت دژی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی درێژخایەنە و بەردەوامی دەبێت چارەسەری ئەمەش تەنها و تەنها بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی دەوەستێندرێتەوە.
شەشەم: دانانی ستراتیژی پشتبەخۆبەستن (خۆژێنی)، لەو رووەوە هەرێمی کوردستان دەرفەت و توانای خامی زۆری هەیە، بەتایبەتی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، نموونەی دەیان وڵات هەن کە لە رێگەی پێشخستنی ئەو دوو کەرتەوە خۆیان پێشخستووە و توانیویانە خەڵکەکەیان بپارێزن و پێشبخەن. دەرەنجام لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کات هەموومان هاوڕا و کۆک بین لەسەر ئەوەی سیاسەتی فاشییەت و ڕووخاندن و کەمکردنەوەی هەژموونی هەرێمی کوردستان ئامانجە راستەقینەکەی نەیارانە.
دەبێت ئەوەمان لە یادبێت، کە تاکە ئازادکەری خۆمان هەر خۆمانین نەک دەوڵەتانی دیکە. ئەرکی حکوومەت و حیزب و بەرپرسان و ڕێکخراوەکان و سەرجەم دەزگاکانی کۆمەڵگەکەمان ئەوەیە کە بە هەموو توانا و وزەیەکەوە ئاگایی وردیان هەبێت تا بتوانرێت لە ئازار و مەینەتییەکان کە هەیە کەم بکرێتەوە چونکە حەقیقەت هەر ئەوەیە، سەربەرزی و پاراستنی خاک و زێدی نەتەوەکەمان بە ئازادی و کەرامەتەوە کە بە خوێن نەخشاوە بە تەنها ئەرکی حکوومەت نییە بەڵکوو ئەرکی هەموومانە. سام کاوتۆرن، پسپۆرێکی گەورەی سایکۆلۆجییەت و هاندانە ئەو دەڵێت: (قەیران دەرفەت دروست دەکات.
کێشە و قەیرانەکان گەورەترین داهێنان و بیرکردنەوەمان دەگەڕێننەوە، چونکە ناچارمان دەکات سەرنجمان لەسەر شتەکانی دەرەوەی نۆرم بێت). بەو واتایەی ڕەنگە قەیران و ئاستەنگییەکان چەندە زۆربن دواجار بە سوود و قازانجی کورد لە قۆناغی داهاتوودا پێچەوانە ببێتەو