کاردانەوەی نامەعقول دۆخێکی دەرونی چڕوپڕی خێرایە. پەیوەندی ڕاستەخۆی بە هۆشیاریەکی هەرزەیانەوە هەیە،نەک هۆشیاریەکی ڕەسەن و پتەو. کارێک کراوە یان وتەیەک وتراوە بەرامبەر ئەویتر بەمەبەست یان بێمەبەست. بەم شێوەیە گرژیەکی ناوەکی تائاستی تۆڵەکردنەوە لەوی تری دوور و نزیکدا دەبێتە بابەتی کاردانەوە، بەو ئامانجەی هەیمەنەی خۆی بسەلمێنێت.
کاردانەوە کاتێک دەبێتە کێشە و بەجۆرێک لەنەخۆشی ئەژماردەکرێت کە ئەم دوو خاڵەی تێدابێت. یەکەم: ناهۆشیاری قوڵ. دووەم: ڕاهاتن بەکاردانەوە. دەمەوێت کەمێک لەسەر خاڵی دووەم بۆستم.. ڕاهاتن لەسەرکاردانەوە…
بەو مانایەی کە جوڵە و کۆی ئەکشنەکانی من ڕابوستێتە سەر کار و گوفتاری ئەوانیتر..تا ئەو ڕادەیەیی خۆمان هیچ چالاکییەکی ناوەکی و دەرکیمان نەبێت.هەمیشە بەوانیتر بکەوینە جوڵەو کێچ بکەوێتە کەوڵمان و دەستبکەین بە پەلامار و خۆکۆکردنەوە. ڕاهاتن بە ئێستا، قەناعەت، ترسی لەدەستدان، شەرمکردن، لاوازی دەرککردن، ناهۆشیاری…هۆکاری سەرەکی ئەو شپرزەییەمانە کە تەنها لەکاتی ئەکشنەکانی ئەوانیتردا هەستی پێدەکەین و بە توڕەییەکی سەرشێتانەوە هەوڵی هێنانەوەمایەیی دۆخەکەی پێشترمان دەدەین.. کەواتە بەم چەشنە لەهیلاکییەکی تاقەتپرۆکێنیدا هەمیشە لەم کاردانەوە بۆ ئەو کاردانەوە پیلان و پلانی خۆمان دادەنێین.
لەم سۆنگەیەوە تائاستێکی زۆر ئێمە چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵگاش ڕاهاتوین بە کاردانەوەی نامەعقول. کە ئەم جۆرەش تائێستا نەیگەیاندوین بەهیچ.بەڵام گەیاندوینی بەدۆڕان و توڕەیی و ڕق و غرورێکی ساردوسڕ. جۆرێکی تری کاردانەوە، کاردانەوەی مەعقولە.
ئەم جۆرە لە کاردانەوە کاتێک مانای هەیە، کەرەستەیباشی مادی و مەعنەویمان لەبەردەستابێت و پشت بەستوبێت بە هۆشیارییەکی مەزن و دەرونێکی بەهێز.. یاخود بەچەشنێکی دیکە، کردار و گوفتار و جوڵەکانی ئەوانیتر بۆمن ببێت بەدەرس و چەخماخەیەکی گشتی لەمندا دروستبکات و ڕامچڵەکێنێت بەئاڕاستەی بەهێزبون و بەخۆداچونەوە و گۆڕانکاری ئەرێنیانە… جۆرێکیتر لەکاردانەوە، کاردانەوەی بێدەنگە.بەتایبەت بەرامبەر کردار و گوفتاری کەسانی بچوک و گرگن و ڕقاوی، بێدەنگی و وەڵامنەدانەوەی ئەم تایپە لە تاک و کۆمەڵ. خۆی بۆخۆی کاردانەویەکی جوان و گونجاوە.
وەک: سابیر بۆکانی جوانی فەرموە کە دەڵێت «مرۆڤی ئاقڵ و ڕۆشنبیر، چێژو خۆشی وەردەگرێت لە گێلێک کە بەگێلی بزانێت »