ڕه‌نگه هه‌موومان وته به‌ناوبانگه‌که‌ی فرۆیدمان بیستبێت که ده‌ڵێت: “شارستانییه‌ت له‌و چرکه‌ساته‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که مرۆڤ له باتی به‌رد، وشه‌ی هاویشت”. دیاره ئاماژه و ده‌لاله‌تی ڕسته‌که‌ی فرۆید بۆ دۆخێک بووه که مرۆڤ له ڕووی زمان و لۆژیکه‌وه که دوانه‌یه‌کی لێک دانه‌بڕاون، کرچ و کاڵ و پێشنه‌که‌وتوو بووه، یان وه‌کوو هه‌ندێک له ڕاڤه و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بۆ ئه‌م ڕسته‌یه‌ی فرۆید ده‌ڵێن؛ ڕه‌نگه مرۆڤ گه‌یشتبێت به جۆره تێگه‌یشتنێک و د‌رکی به‌وه کردبێت که ئیدی به‌رد به ڕاده‌ی وشه بریندارکه‌ر و ئازارده‌ر نییه. ده‌کرێت جۆره جیاوازییه‌ک له نێوان لۆژیکی سرووشت و لۆژیکی زمان(ئاوه‌ز) دابنێین و له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئه‌م ڕسته‌یه بخوێنینه‌وه، لۆژیکزانه‌کان پێیان وایه ئێمه له ڕێگه‌ی زمانه‌وه بیر ده‌که‌ینه‌وه، گریمانه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که ئێمه مرۆڤی قسه‌که‌ر یان ناتیقین، ته‌نانه‌ت مرۆڤ ئه‌و کاتانهس که قسه ناکات و به بێده‌نگی دانیشتووه و له گۆشه‌ی زیندانێک یان سووچی خانه‌قایه‌ک یان ژووره‌که‌ی خۆی مته‌قی لێوه نایه‌ت هه‌مدیس له‌گه‌ڵ خۆیدا قسان ده‌کات، واته هیچ کات نییه که مرۆڤ قسه نه‌کات، دیاره ئه‌مه جۆره لۆژیکێکی بیرکردنه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت و زمان و بیرکردنه‌وه به یه‌که‌وه زیاتر و زیاتر هه‌ڵده‌پێکێت، که‌واته قسه‌کردن و دۆزینه‌وه‌ی یان باشتر بڵێین هه‌ڵبژاردنی وشه بۆ په‌یوه‌ندیکردن به جیهان و مرۆڤه‌کانی دیکه‌وه گۆڕینی فۆرمی ژیانه به شیوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی، له زایه‌ڵه‌ی که‌ونینه‌ی سرووشته‌وه بۆ نه‌وا و ئاوازه‌کانی ئاوه‌زی مرۆڤ.
به هه‌ر بارێک‌دا ئه‌م ڕسته‌یه‌ی فرۆید بخوێنینه‌وه نکۆڵی له‌وه ناکرێت که وشه و به‌رد له سه‌ره‌تادا هاوبه‌شییه‌کیان پێکه‌وه هه‌بووه، ڕه‌نگه سه‌ره‌تا وشه‌کان به‌ردئاسا وه‌کوو جێگره‌وه‌ی شه‌ڕه‌کان له سه‌رده‌می ده‌سپێکردنی شارستانییه‌تدا بوونه، له‌و سه‌رده‌مانه‌وه تاکوو ئێسته قۆناغی سه‌یر و سه‌مه‌ره و سه‌رسووڕهێنه‌ر به‌سه‌ر کو‌لتوور و ژیاری مرۆیی‌دا تێپه‌ڕیوه و مرۆڤ له ئاستی ته‌کنه‌لۆژی و پێشکه‌وتنه‌وه له به‌رده‌قانی و مه‌نجه‌نیقه‌وه گه‌یشتووه به درۆن و بۆمبی ئه‌تۆمی و کیشوه‌ربڕ، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش هێشتا بابه‌تی شه‌ڕ(evil) و برینداربوون و ده‌ستدرێژی و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که له سه‌رده‌می پێش شارستانییه‌ت و ژیاری مرۆڤی وه‌کوو یاسای دارستان زاڵ بوون (واته ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ست بوون به مه‌رگ و ژیان و شێوه‌کانییه‌وه) هێشتا به جۆری دیکه و ده‌کرێت بڵێین سامناکتر و ئاڵۆزتر له ئارادایه، به ده‌ربڕینێکی دیکه ئێمه له ڕووی ئامراز و ئامێره‌کانه‌وه زۆر پێشکه‌وتووین، ته‌نانه‌ت له ڕووی سیسته‌می وشه و لۆژیکی زمانییه‌وه که بێگومان کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کیی هه‌موو پێشکه‌وتنه‌کانی دیکه‌ی مرۆڤ بووه و ئێسته‌ش هه‌ر وایه، ئه‌م پێشکه‌وتنه‌مان ئه‌زموون کردووه. به‌ڵام پرسی سه‌ره‌کی له‌م ڕێگه‌بڕین و پێشکه‌وتنه شۆڕشگێرانه‌یه‌ی مرۆڤ له هه‌موو بواره‌کاندا واته له چاخی به‌رده‌وه بۆ سه‌رده‌می وشه و پیشه‌سازی و ته‌کنه‌لۆژیا و زیره‌کیی ده‌سکرد و…هتد.
ئه‌مه‌یه که ئایا مرۆڤ به‌م پێشکه‌وتن و ڕێبڕینه دوورودرێژه مێژووییه گه‌یشتووه به ئامانج و مه‌به‌سته‌کانی خۆی؟ ئایا هێوری و مرۆڤدۆستییو مه‌وداگرتن له به‌ده‌وییه‌ت و شه‌ڕانیبوون هاتووه‌ته ئاراوه یان ته‌نها شێوه‌که‌ی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه؟ بێگومان که‌س ناتوانێت حاشای ده‌سکه‌وته دره‌وشاوه‌کانی پێشکه‌وتنه شێنه‌یی و یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی مرۆڤ بکات، هه‌ندێجار ئه‌م پێشکه‌وتنانه هێنده بنه‌مایی و یه‌ک له دوای یه‌ک بوونه که له ژێر ناوی شۆڕشی زانستی و پیشهویی و …ناوزه‌د کراون، به‌ڵام هه‌مدیسان ئه‌م پرسیاره ده‌مێنێته‌وه ئایا ئێمه به‌م هه‌موو پێشکه‌وتنه له دۆخی شه‌ڕ به مانا ئیلاهیاتی و فه‌لسه‌فییه‌که‌ی دوور که‌وتووینه‌ته‌وه؟ واته ئایا ئه‌هریمه‌نی شه‌ڕ و تاریکی سێبه‌ری نه‌خستووه‌ته سه‌ر هه‌وربڕه گه‌وره‌کانی ژیاری مرۆڤ و بینا مه‌زنه‌کانی فه‌لسه‌فه و سیسته‌مه سیاسییه‌کان؟ ئایا نازیسم، فاشیزم، به‌عسیزم، ئێرانیزم و هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستییه زاڵانه‌ی ئه‌مڕۆ و دوێنێ مێژووی جیهان و ناوچه‌که به مانای ئه‌وه نییه مرۆڤی شارستانیی زۆر له دۆخی شه‌ڕانی دوور نه‌که‌وتووه‌ته‌وه و بگره له ڕووی ئامراز و ئامێریشهوه ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌های په‌یدا کردووه که ده‌توانێت چاره‌نووسی گۆی زه‌وی و ته‌نانه‌ت کاکێشانهکانیش بخاته مه‌ترسییه‌وه؟ به سه‌رنجدان به‌م پرس و ههڵوهستهکردنانه به‌ڕاستی ناتوانین به ئاسانی بڵێین و بڕیار بده‌ین که مرۆڤ له دۆخی شه‌ڕ دوور که‌وتووه‌ته‌وه و وه‌کوو تیۆدۆر ئادۆرنۆی بیرمه‌ندی ڕێبازی فرانکفۆرتی ده‌ڵێت مێژووی پێشکه‌وتنی مرۆڤ پێشکه‌وتن نییه له سه‌رده‌می مرۆڤی به‌ده‌وییه‌وه بۆ مرۆڤی مه‌ده‌نی و شارستانی به‌ڵکوو پێشکه‌وتنه له تیرکهوانهوه بۆ بۆمبی میگا تۆنی، له ڕاستیدا فرانکفۆرتییه‌کان له قۆناغێکدا ژیان که فاشیزم له چڵه‌پۆپه‌ی خۆیدا بوو و مۆدێڕنیته هه‌موو ديوه ڕه‌ش و تاریکه‌کانی ئامرازگه‌رایی خۆی ده‌رخستبوو، هه‌ر بۆیه ڕهخنهخوازیی له ناو فرانکفۆرتییه‌کان و ڕێبازی بیرکردنه‌وه‌یان پێگه‌یه‌کی به‌رزی هه‌بوو و له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌وڵ و ماندووبوونه شۆڕشگێڕانه‌که‌یان توێژاڵێکی ئاشکرا یا شاراوه له ناهومێدی و ڕه‌شبینی به نیسبه‌تی شارستانییه‌تی زاڵی ئه‌ورووپا به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و تێڕوانینه‌کانیانه‌وه دیار بوو.
دیاره ئێسته دۆخه‌که ئاڵۆزتر و سامناکتر بووه، زیره‌کیی ده‌سکرد وه‌کوو مه‌ترسییه‌کی گه‌وره بۆ سه‌ر کیان و بوونی ئینسان باسی لێ ده‌کرێت و له کۆڕبه‌ند و کۆبوونه‌وه جیهانییه‌کانیش کۆمه‌ڵێک هه‌ڵوێسته و هه‌ڵوێستی جیاواز و دژبه‌یه‌کی له‌هه‌مبه‌ردا ده‌خرێته ڕوو، ئه‌مه جیایه له کێشه و قه‌یرانه‌کانی ژینگه و گه‌رمبوونی گۆی زه‌وی، بانده مافیاکانی قاچاخی مرۆڤ و بازرگانیکردن به ئه‌ندامانی له‌شی مرۆڤ، شه‌ڕه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی وڵاتان له‌گه‌ڵ یه‌ک، کێشه‌ی چاره‌سه‌رنه‌کراوی سه‌نگه‌ربه‌ندی نێوان وڵاتان و هتد. بۆ نزیکه‌ی نیو سه‌ده زیاتره هێشتا کێشه‌ی فه‌له‌ستین چاره‌سه‌ر نه‌کراوه و به‌رده‌وام خوێن له‌و جوگرافیایه ده‌ڕێژرێت، به نیسبه‌ت کورده‌وه که کێشه‌که ته‌واو کاره‌ساتاوییه، ڕه‌نگه زه‌قترین ناعه‌داله‌تی و ده‌رکه‌وته‌ی شه‌ڕ له جیهاندا ئه‌وه بێت که بۆ کورد هێنراوه‌ته ئاراوه، نه‌ته‌وه‌یه‌کی گه‌وره و خاوه‌ن کیانی که‌ونینه‌وه له‌ت له‌ت کراو و به ده‌یان جار ئه‌نفال و ڕاگواستن و پاکتاویان به‌سه‌ردا سه‌پاند، ئێسته‌س له‌م لاوه مووشه‌کی لێ ده‌درێت و له‌و لاوه‌ش خه‌ریکن شوناسه‌که‌ی له مووچه‌دا کورت بکه‌نه‌وه و خه‌ڵکه‌که‌شی له سه‌ر خاکی ده‌وڵه‌مه‌ند و نه‌وتاوی هه‌زاران ساڵه‌ی خۆیان برسی بکه‌ن. بێگومان ڕیزکردنی ئه‌م کاره‌ساتانه ته‌نها وه‌کوو سهرهقهڵهمانهیهکه ده‌یان و سه‌دان کێشه‌ی گه‌وره‌ی جیهانیی هه‌یه که مرۆڤایه‌تی به‌شێوه‌ی خوازراو یان نه‌خوازراو له قووڵبوونه‌وه‌یدا ده‌ستی هه‌یه و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان درێژه‌دانه به بابه‌ت و پرسی شه‌ڕ له جیهاندا.
بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ سێبه‌ری ئه‌م جۆره له شه‌ڕ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و گوتاری کولتووری و ته‌نانه‌ت کایه‌کانی ڕۆشنبیری و هونه‌ریشدا شۆڕ ده‌بێته‌وه، پێم وایه یه‌کێک له ده‌رکه‌وته‌کانی لۆژیکی شه‌ڕ که له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگاکاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه سه‌نگه‌ربه‌ندیی ئایدۆلۆژیک و فیکرییه، ئه‌م دۆخه له ڕۆژئاوا له سه‌نگه‌ربه‌ندییه‌وه گۆڕدرا بۆ به‌ره‌به‌ندیی له زانکۆ و دانیشتن و کۆڕبه‌نده کولتووری و ڕۆشنبیرییه ئاکادیمییه‌کان، به‌و حاڵه‌شه‌وه ناکرێت بڵێین ئه‌م قۆناغه له ڕۆژئاوا به قۆناغێکی ئایدیالدا تێپه‌ڕیوه و ئێسته‌ش له ته‌شقی دره‌وشانه‌وه‌ی خۆیدایه چونکه ده‌رکه‌وته‌یه‌ک له ئه‌قڵی ڕۆژئاوایی له په‌ره‌پێدانی لۆژیکی شه‌ڕ له جیهاندا ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بووه، ده‌رکه‌وته‌یه‌کی تاریک و نه‌گریس که ئێسته‌ش به‌دواداهاته‌کانی ئه‌ستۆگری ئێمه و نه‌وه‌کانی داهاتووش ده‌بێت له سه‌رتاپای جیهان و به تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، ئه‌مه نه‌ک ته‌نها بۆ کورد و ئه‌و دابه‌شکارییه‌ی که ڕۆژئاوا پاش جه‌نگی جیهانییه‌کان ده‌ستی تێدا بوو به‌ڵکوو له هه‌موو دونیا و هه‌رێمه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیای مه‌زن و دواتر وڵاتانی وه‌کوو فه‌رانسه و وڵاتانی دیکه‌ی ڕۆژئاوایی (له سه‌ده‌ی شانزه‌وه بۆ کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیست) ئه‌م یاسا ڕه‌شه و ئه‌م یارییه نه‌گریسه له ئارادا بوو، بۆ نموونه هه‌رێمێک(کیشمیر)یان بۆ ئاژاوه له نێوان هیندستان و پاکستان‌دا هێشتووه‌ته‌وه و ده‌یان ساڵه له‌سه‌ر ململانێ و کێشمه‌کێش و جه‌نگیانه و چینیش ڕۆڵی تێدا هه‌یه. به نیسبه‌ت ئێران و ئه‌فغانستان و هه‌روه‌ها کوه‌یت و ئێراق (که تۆوی ئه‌وه‌یان ڕشت تاکوو ئێراق و به‌عسییه‌کان هه‌میشه خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی پارێزگای دابڕاویان واته کوه‌یتیان له خه‌یاڵدا بێت و هه‌ر ئه‌م خه‌ونه‌ش بوو به‌هۆکاری گه‌ف و په‌لاماری سه‌دام و دواتری شه‌ڕی که‌نداو) و ده‌یان وڵاتی دیکه له ئه‌فریقاوه تاکوو ئه‌مریکای لاتین. له هه‌موو ئه‌م هه‌رێم و سه‌رزه‌مینانه‌دا ڕه‌نگه ته‌نها دۆخی فه‌له‌ستین و کورد به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌مزی هاوشێوه بن واته ته‌نها له هه‌ندێ ئاستی بچووکدا ئه‌گینا گه‌ر به‌راوردی نێوان ده‌رکه‌وته‌ی شه‌ڕ بۆ فه‌له‌ستینییه‌کان و کورد بکه‌ین به ئاسانی تێده‌گه‌ین که کورد چه‌ندین قات زیاتر له فه‌له‌ستینییه‌کان گیرۆده‌ی شه‌ڕ بووه. ئێمه ده‌زانین فه‌له‌ستینییه‌کانیش وڵاتیان داگیر کراوه، به‌ڵام وه‌کوو کورد وڵاته‌که‌یان دابه‌ش نه‌کراوه، فه‌له‌ستینییه‌کان نه‌که‌وتوونه‌ته به‌ر هێرش و هه‌یمه‌نه‌ی کولتووری و تواندنه‌وه و ئاسیمیلاسیۆن، به‌ڵام کورد له هه‌موو پارچه‌کاندا که‌وتوونه‌ته به‌ر ئه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یه و ته‌نانه‌ت ئێسته‌ش له به‌رده‌م ههڕهشانهدان و ده‌رکه‌وته و ئاسه‌واریان وه‌دیار که‌وتووه ته‌نانه‌ت له باشووری کوردستان که حوکمڕانییه‌کی نیوه سه‌ربه‌خۆیشی هه‌یه.
فه‌له‌ستینییه‌کان که‌مترین کێشه‌ی ئابووری و گوزه‌رانیان هه‌یه و له ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا و کۆی وڵاته عه‌ره‌بی و موسوڵمانه‌کان پشتگیری و پشتیوانیان لێ ده‌کرێت به‌ڵام کورد ته‌نانه‌ت موسڵمانه‌کانی خۆشیان به‌شێکی زۆریان دان نانێن به دۆزه ڕه‌واکه‌یدا، فه‌له‌ستینییه‌کان ده‌یان ساڵه کێشه‌که‌یان جیهانیی بووه‌ته‌وه و به هه‌ندێ مه‌رجه‌وه ده‌توانن خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان بن(لانیکه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌م هێرشه‌ی حه‌ماس له 7ی ئۆکتۆبه‌ر بۆ سه‌ر ئیسرائیل و کوشتن و به‌دیلگرتنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ڕووی نه‌دایا ئه‌وه بابه‌ته‌کی ئاسانتر ده‌بوو)، به‌ڵام هیچ کام له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که کوردیان کردووه به کۆلۆنی و داگیرکراوی خۆیان ته‌نانه‌ت باسکردنی سه‌ربه‌خۆیی نا به‌ڵکوو ئۆتۆنۆمیش له زاری هه‌ر کوردێکه‌وه وه‌کوو کوفرێک ده‌بینن و به شێوه‌ی جۆراوجۆر سزای هه‌یه، ئه‌مه له حاڵێکدایه زلهێزه جیهانییه‌کانیش ته‌نها ئه‌و کاتانه ئاوڕ له کورد ده‌ده‌نه‌وه که حه‌ماسه‌یه‌کیان پێویست بێت، ئه‌گینا له کرداردا کورد ئامراز و داشه‌ی دامهیانه، ئێسته بۆیه پرسی کورد و په‌یوه‌ندیی به لۆژیکی شه‌ڕه‌وه ئاوه‌ها زه‌ق ده‌که‌مه‌وه چونکه دۆخی کورد دۆخێکی ته‌واو دانسقه و ئاوارهتهیه، هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه ئاوه‌ها دابه‌شکراو، له قه‌یران، بێ پشتوپه‌نا و هاوکات نایه‌کگرتوو و خۆخۆر له سه‌ر گۆی زه‌وی نابینینه‌وه! و به دڵنیاییه‌وه له‌م دۆخه گشتییه‌ش کورد خۆی له ئاستێک‌دا به‌رپرسه و ڕه‌خه‌نه‌ی له‌سه‌ره، به‌ڵام بێگومان ته‌نها تاوانبار و به‌رپرسی ناو یارییه‌کانی ئه‌م هاوکێشه‌یه نییه به‌ڵکوو له سه‌رووی هه‌موویان ئه‌م مێژووه ڕه‌ش و نه‌گریسه‌ی داگیرکاران و کۆلۆنیالیستانی ده‌ره‌کی و ناوچه‌یی ڕۆڵ ده‌گێڕن، دۆخی کورد ئه‌و دۆخه‌یه که لۆژیکی تاریکی شه‌ڕ که ئاوێنه‌ی باڵانوێنی چه‌وساندنه‌وه و داگیرکاریی وڵاتان و نه‌ته‌وه و خه‌ڵکانی ژێرده‌سته، تێیدا له زه‌قترین حاڵه‌تیدا خۆی نومایش ده‌کات، ئه‌و لۆژیکه‌ی که خۆی لوول ده‌دات و ده‌نه‌ڕێنێت که بۆچی ئاڵایه‌ک که هه‌زران خوێنی بۆ ڕژاوه ئه‌ویش نه‌ک خوێنیک به ئاڕاسته و ڕێبازی خواست و ئاره‌زووی شه‌ڕ به‌ڵکوو بۆ به‌رگری و پاراستنی خۆی و خوا و خاکه‌که‌ی ده‌بێت هه‌بێت؟ لۆژیکێک که پێی وایه زمانی کوردی یان هی تورکه کێوییه‌کانه یان به‌شێکه له زمانی فارسی یان زمانی دێ‌و و درنجهکانه که حه‌دیسیان له‌سه‌ر ده‌هێننه‌وه! لۆژیکی شه‌ڕ ئه‌و لۆژیکه‌یه که وه‌کوو نیچه ده‌ڵێت له ڕۆژگاری ئاشتیدا به‌ر ده‌بێته گیانی خۆی.