پرسیار: پرسی چارەسەر نەکراوەی ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژھەڵات لە دڵی قەیرانی ئەوروپا ماوەتەوە. لە سەردەمی لەدایکبوونی ئێوە تەنیا شەش وڵات لەو سی و سێ وڵاتەی کە لە تریست تاکوو ئوراڵدان، بوونیان ھەبوو. ئەگەر مرۆڤێک بە تەمەنی ئێوە لە شارێک کە ئەمڕۆ بە “لڤۆڤ” ناوی دەبرێت لەدایکبوو بێت (جگە لە ڕژێمە داگیرکەرەکان لە ماوەی شەڕ) لە سێ وڵاتی جۆراوجۆر ژیانی بردبووە سەر. ئایا ئەم نەتەوە ئەوروپییانە چارەنووسێکی ناسەقامگیریان ھەیە؟ ئایا ئەزموونە پێکەوە ژیانەکانی چەندین ناسیۆنالیستی کە لە ژێر ڕابەرایەتی ستالین لە یەکیەتی سۆڤییەت و تیتۆ لە یۆگسلاوی ئەنجامدرا، کاریگەرییەکی لەسەر دەروونی تاکەکان نەبووە؟
وەڵام: لەبەر دوو ھۆکار من وەڵامێکی قایلکەرم بۆ ئەم پرسە نیە، یەکەم لەبەر ئەوەی کە ھێشتا ئێمە زانیاریمان لەسەر کاریگەری درێژخایەنی ئەم ڕژێمانە-کە بە دڵنیاییەوە دەردەکەون-لەسەر خەڵک نیە.بۆ نموونە لە ئێستادا ئاسەوارێک لە بزووتنەوەی گوندییەکانی ڕووس بە بەرژەوەندی گەڕانەوە بۆ کشتووکاڵی ناھاوبەشی کە بۆ گوندنشینیەکان بەر لە بە ھاوبەشیکردنی ستالینی زەوی و زارەکان بە شتێکی دڵخواز دەژمێردرا، نابینین. لێرەدا نامەوێت باس لەسەر کاریگەری قووڵی ئەم ڕژێمانە لەسەر نەوەکان بکەم. لەم دواییەدا وتارێکم سەبارەت بە جوولەکەکانی ڕووس لە ئیسرائیل خوێندەوە کە وتبووی، جوولەکە ڕووسە کۆچکردووەکان بۆ ئیسرائیل بە پێچەوانەی جوولەکەکانی دیکە بەدوورن لە ھەستی سووکی و نامۆن لەگەڵ دیاردە یان نیشانەکانی کوشتاری جوولەکەکان. حاڵەتی ڕۆحییان دەتوانرێت بەم وشانە دەرببڕدرێت: “ئێمە شەڕمان کرد و ھیتلهرمان شکست دا.” سەرەڕای ئەو دژە جوویەی کە لە ڕووسیا بەسەریان سەپێندراوە ئەم حاڵەتەیان تێدا ھەیە. ئەم جوولەکانە لە چاوەی ئەوانی دیکە بێ باوەڕتر و کەمتر پەیڕەوی دینن، گەرچی توێژینەوەی پێویستیشمان بۆ لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندنی کاریگەری ئەم ڕژێمانە لەبەر دەستدا نەبێت، بەڵام ھەر دەبێت دان بەوە دا بنێین کە ئەم ڕژێمانە کاریگەری بەردەوام و ھەمیشەییان لەسەر ئەو خەڵکانەی کە بۆ ماوەی چەند دەیە تێیاندا ژیاون بەجێھێشتووە. سەرھەڵدانەوەی گێرەوکێشە دڵتەزێنەکان لەنێوان ناسیۆنالیستییەکان لەم وڵاتانەدا لە ھەندێک لایەنەوە پاساوێکی نیە، لەبەر ئەوەی وەھا دەردەکەوت کە بەھۆی ژمارەی زۆری ھاوسەرگیرییە تێکەڵاوییەکان بەتایبەت لە شارەکان لەئارادا نەماون. ئەم ھاوسەرگیرییانە کە بە دڵنیاییەوە لە نێو چینە بارھاتووەکان باوتر بوون، ھێندە پەرەیان سەندبوو کە ئیدی چاوەڕوانی ئەوە نەدەکرا کە جوودایی و ھەڵاواردنە نوێکان لەنێوان گرووپە تائیفییەکان سەرھەڵدەنەوە.
ماھییەتی تاڕادەیەک نوخبەخوازانەی ڕژێمە کۆمۆنیستیەکان کە تەنیا ڕۆڵی ڕێنموویی پێدراووی بە حیزب شایەتی ئەوەیە و منیش لە سەردەمی کۆتاییەکان باسم لەسەر کردووە، دەتوانێت توخمێکی ڕوونکەرەوەی دیکە پێکبھێنێت. مەبەست باوەڕمەندکردنی خەڵک نەبوو، لەم ڕژێمانەدا مەسەلەی باوەڕ ھێنان بە کۆمۆنیزم کەمتر لە باوەڕ بە کەنیسەی فەرمی، واتە حکوومەت لەئارادا بوو. ھەر ئەمەش ھۆی سەرەکی دوور کەوتنی سۆڤییەتەکان و نەتەوەکانی ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژھەڵات لە سیاسەتە. کۆمۆنیزم بەو شێوەیەی کە ئایینزای کاتۆلیک لە ھەناوی نەتەوەکانی ئەمەریکای لاتین دزەی کرد پاش کۆلۆنیالیزم، نەھاتە نێو ژیانی خەڵکەوە. چاوەڕوانی دەرئەنجامی باش و خراپی لێدەکرا، بەڵام بە شێوەی گشتی کۆمۆنیزم لەناخدا جێگیر نەکرا، ئەوەی بەتەنیا جیاواز بوو ڕووسیای مەزن لە ماوەی شەڕی جیھانی دووەم بوو. ستالین توانی ببێتە ڕابەری نەتەوەیی ڕاستەقینە لەبەر ئەوەی کە خەڵک درکیان بەوە کرد کە شەڕێکی نەتەوەیی بەڕێوە دەبات پەیوەندی بە ھەموو ڕووسەکانەوە دەبێت، لەبەر ئەمەش کاتێک پرسیار لەسەر میراتی کۆمۆنیزم لە ڕووسیا دەکرێت، بەردەوام دەبێت بایەخێکی تایبەت بۆ شەڕ قایل بین. لەبەر ئەمەش ھەریەک لە کۆمارییەکان، کاتی ڕووخان ناچار بوون بە دروستکردنی پەیوەندی و یەکگرتنە نوێیەکان ڕێک وەکوو سەردەمی پارچە پارچە بوونی ئیمپراتۆرییەکانی دیکە پاش شەڕی جیھانی یەکەم. تەنانەت ئەو نەتەوانەی کە خوازیاری ئەمە نەبوون ناچار بەوە بوون. شێوە جیاوازەکانی نەتەوەخوازیی-کە بە پێویست دژە سۆڤییەتیش نەبوون-بەم پێیە بە دەستی مێژوو گەشەی کرد تاکوو ڕۆڵێکی گرنگتر و نوێتر و تەنانەت سەرتریش لەو شوێنەی کە ئەم شێوانە لەئارادا بوون، بگێڕن. سەیرە کە کۆمۆنیستەکان یەکێک لە پێوەرەکانی نەتەوەخوازییان قبووڵ کردبوو، کە بەپێی ئەوە ناوچەکان بەپێی بنەڕەتی تائیفی و زمانی سەر بە نەتەوەیەکی تایبەتن، ئیمپراتۆری زۆرتر لەوەی کە لە وڵاتە فرەنەتەوەییەکان پێکھاتبێت فیدراسیۆنێک بوو لەم “نەتەوانە”. کاتێک ئیمپراتۆرییەکە ڕووخا، ئەو کەلێنەی کە پێشتر لە درێژەی قەڵشتەکان دەرکەوتبوو پەرەی سەند. لەوانیشە ژیانەوەی نەتەوەخوازی لە کۆدی ژنتیکی ئەم کۆمەڵگەیانەدا تۆمار کرابوو، ئەگەری ئەوە ھەیە کە دابەشکارییە نەتەوەییەکان لە ئاستێکی قووڵتر لەو ئاستەی کە وێنای دەکرا درێژە بە کارتێکردن دەدا. ھەرچەندە کە من بە دژواری باوەڕ بەوە دەکەم کە پێکەوە ژیانی ئاشتیخوازانەی تائیفەکانی یۆگسلاو لە ماوەی پەنجا ساڵ، بەتەنیا بەھۆی دەسەڵاتی حزبی کۆمۆنیست بووبێت و ھەروەھاش دووپاتی دەکەمەوە کە ناتوانم بە شێوەیەکی قایلکەر وەڵامی پرسیارەکەتان بدەمەوە.
پرسیار: من باوەڕم بەوە کردووە کە ئەگەر ڕوانگەیەکی پێشکەوتن خوازانەمان لە مێژوو ھەبێت، دەبێت نیگەرانی لەناوچوونی دەوڵەت-نەتەوە بین. ئایا ھەڵەم؟ ئایا کۆتایی ھاتنی سیستەمە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەت کە لە سەدەی ھەژدەیەم لەئارادا بووە نیگەرانکەر نیە؟
وەڵام: بەڵێ و نەخێر. نەخێر لەبەر ئەوەی کە لە سۆنگەی ئامانجییەوە سیستەمێکی جیاواز لەسەرترە، پێشکەوتن خوازەکان پابەندی سەرچەشنێکی ڕێکخراوەیی لە حکوومەتەکان یان یەکە سیاسیە سەربەخۆکان نین. لەوانەیە لەمەڕ ئەمە سەرچەشنگەلێک جگە لەوانەی کە ئێمە دەیناسین بوونیان ھەبێت. لە لایەکی دیکەوە دەبێت پشت ڕاستی بکەینەوە ئەو شتەی کە مایەی نیگەرانییە بوونی ھەیە، لەبەر ئەوەی کە بەجیھانی بوون پرۆسەیەکە کە ناتوانێت بە ئاسانی بگوازرێتەوە بۆ سیاسەت. ئێمە خاوەن ئابووریی جیھانیین، ئاواتەخوازی بەجیھانی بوونی کولتوورین، ئێمە بەدڵنیاییەوە تەکنۆلۆژیایەکی بەجیھانی بوو و زانستێکی یەکپارچەمان لە ئاستی جیھان دا ھەیە، بەڵام لە بواری سیاسی بەردەوام لە جیھانێکی فرەخواز بەسەر دەبەین کە بە حکوومەتگەلێکی خاوەن وڵات کە بەھیچ شێوەیەک ھاوشێوەی یەکتری نین، دابەشکراوە. نزیکەی دووسەد وڵات لە گۆی زەووی بوونی ھەیە کە ژمارەیەکیان بە بەھەشتی دارایی دەژمێردرێن و لەڕاستیدا بوونیان قەرزەداری ئەو پشکانەیە کە ئابووری جیھانی دەگرێتەوە. سەرەڕای ھەموو ئەمە سێ لە چواری حەشیمەتی گۆی زەوی لە نزیکەی بیست و پێنج وڵات کە خاوەنی زۆرتر لە پەنجا ملیۆن حەشیمەتن بەسەر دەبەن ڕاستە کە ئابووری دەتوانێت لە نەبوونی ڕێکخراوە جیھانییەکان کار بکات، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم کە سیاسەت بتوانێت لە بۆشاییەکی ھاوشێوە دا کارکردی ھەبێت. جگە لەمەش ئێمە ڕێکخراوە سیاسییە جیھانییەکانیشمان نیە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان-ڕێکخراوێک کە زۆرتر لە ھەمووان نزیکی ئەم چەشنە پێکھاتانەیە-دەسەڵاتی خۆی تەنیا لە حکوومەتەکانی ئێستا بەدەست دەھێنێت. ئەمڕۆ دوو سیستەمی جیاواز لەگەڵ یەکتری سازشیان ھەیە: یەکێک لە ئابووری و ئەوی دیکە لە سیاسەت. کاردانەوەی لاوازی دەوڵەت-نەتەوە لەم چوارچێوەیەدایە، باشە یان خراپ؟ داھاتوو ئەمە ڕوون دەکاتەوە، بەڵام دەبێت ڕەچاوی ئەمە بکەین و جیھان بە شێوەیەک شی نەکەینەوە کە دەڵێیت حکوومەتەکان بوونیان نیە یان بایەخێکی کەمیان ھەیە، لەبەر ئەوەی لە قەڵەمڕەوی سیاسەت بەتەنیا حکوومەتەکان بوونیان ھەیە. لە ئێستادا ئەگەری بینینی ئەوەی کە بنکەیەکی جیھانی ڕۆڵێکی سیاسی و سەربازی کاریگەر دەگێڕێت سفرە.
پرسیار: بەم ھۆیەش بەھۆی لەناوچوونی پێکھاتەی دووجەمسەری پێشوو بەداخەوەن کە بەپێی ئەوە جیھان لەنێوان دوو زلھێز کە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان پارێزگاریان دەکرد و ڕۆڵی جەندرمەیان دەگێڕا، دابەشکرا بوو؟ کاتێک کە یەکیەتی سۆڤییەت ئەم ئەکتەری گۆڕەپانی نێودەوڵەتییە کە ئێوە بە نیاز پاکی بە ھێمانی سەقامگیری و ڕزگاریتان دەزانی ھەڵوەشایەو، ,چۆن بیرتان کردەوە؟
وەڵام: شەڕی سارد سێبەری کارەساتی حەتمی واتە شەڕی جیھانی ناوەکی پەرە پێدابوو، لە ماوەی ئەم قۆناغەدا ئەگەری ئاوەھا کارەساتێک-بهم یان بەو ھۆ بۆ نموونە بەڕێکەوت زۆر زۆر بوو. شارەزاییتان لەسەر “یاسای مۆرفی” ھەیە؟ بەپێی ئەم یاسایە ئەگەر ئیمکانی خراپ بوونی شتێک لەئارادا بێت دێر یان زوو ڕوو دەدات. مەترسی شەڕی ناوەکی بەتەنیایی بەس بوو بۆ ئیدانە کردنی شەڕی سارد. سەرەڕای ھەموو ئەمەش لە کارەسات دووری کرا گەرچی لە ھەندێک کاتدا-بۆ نموونە لە کاتی قەیرانی موشەکی لە کوبا و بەڕای من لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠_نزیک بوو ڕوو بدات. سەرەڕای ھەمووی ئەمەش دەبێت ئەوە قبووڵ بکەین کە شەڕی سارد-چ باشتر یان چ خراپتر بەپێی ڕوانگە-ئەگەر نەک لە جیھان لانی کەم لە بەشێکی گرنگی بووە ھۆی سەقامگیری. زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی لەو بڕوایە دان کە شتێکی باش بوو، نازانم کە ئەمەش لەمەڕ وڵاتە ئاسیاییەکان ڕاستە یان نا؛ ھەروەھا کە نازانم ئایا بەرقەرارکردنی سەقامگیری ئەندۆنیزیا لە سی ساڵی حکوومەتی “سۆھارتۆ” باش بوو یان نا؟ بەھەرحاڵ دووپاتی دەکەمەوە شەڕی سارد بۆ جیھان سەرچاوەی ھاوسەنگی بوو، ئەگەر مەترسی شەڕی ڕانەوەستاند لانی کەم بووە ھۆی ئەوەی کە ھەندێک لە شەڕە جۆراوجۆرەکان بتوانرێن کۆنترۆڵ بکرێن ڕێک وەکوو سەدەی نۆزدەیەم. ئەم دۆخە ئیدی بوونی نیە و دەبێت پرسیار لە خۆمان بکەین کە چ شتێک دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی، لە ئێستادا ئەوەی کە بۆتە جێگرەوەی ناسەقامگیرییە نەک تەنیا بەھۆی ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت، بەڵکوو بە ھۆی ھەڵوەشانەوەی سیستەمە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە جیھان-یان لەھەر حاڵەتێک ئەوروپا-لە سەدەی ھەژدەیەم لەبارەی ئەوەوە رێکخرا بوو.ئەم سیستەمە لەسەر بوونی وڵاتە ئەکتەرەکان کە یەکەمین ڕۆڵیان دەگێڕا، بەرپا بوو. ھەموو شوێنێکی خۆیان و خێوەتگای سەربازی خۆیان دەناسی، ئەمەش لەمەڕ ڕووسیاش ڕاستە کە لە سەرەتای سەدەی ھەژدەیەم کەم تا زۆر لە چوارچێوەی تاکە وڵاتێک بوو. سەرەڕای ئەمەش لە کۆتایی شەڕی سی ساڵە و ئاشتی وستفالی لە ساڵی ١٦٤٨ یاسا و ڕێساکانی کایەکە ناسراو بوو، سەربەخۆیی و دەسەڵاتداریەتی حکوومەتەکان قبووڵکرا بوو و ھەموان دەیانزانی کە چ کاتێک ئەگەری دەستێوەردان لە کاروباریان ھەیە، ئەوەی کە ڕێپێدراو بوو و ئەوەی کە لە چوارچێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕێ پێنەدراو بوو، ڕوون بوو. ئەمڕۆ ئەم دوو توخمە نادیارە، ئێمە لە سەرەتای ئەم دیمانەیە ئاماژەمان بە لاوازی ڕێساکان کرد: بۆ نموونە جیاوازی شەڕ و ئاشتی؛ پرەنسیبی دەستێوەرنەدان، قەدەغەیی تێپەڕاندنی سنوورەکان جگە لە کاتی شەڕ(پرەنسیب نەبوونی ئەگەری شەڕ نەبوو، بەڵکوو ناچار کردن بە ڕاگەیاندنی بوو).
لایەنێکی دیکەی ئەو بابەتە لەناوچونی دەسەڵاتەکانە کە بۆشاییەکی گەورەی خولقاندووە، دە ساڵ پاش لە ڕووخانی سۆڤییەت پرۆسەی لێک ھەڵوەشانی ڕووسیا وەکوو حکوومەت درێژەی ھەیە. ئەمەش لە ناوەڕاستەکانی سەدەی حەڤدەیەم ئیدی ڕووی نەدابوو، لە سەرەتای سەدەی ھەژدەیەم دەیانزانی کە لە نێوان پۆڵەندا و ئۆقیانووسی ئارام یەکەیەکی سیاسی سەربەخۆ و جیاواز ھەیە کە چەندین کێشەی گەورەی ھەیە و ھەروەھا لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست ڕووبەڕووی ناسەقامگیریگەلێک دەبێتەوە، بەڵام ئەم یەکە سیاسییە سەربەخۆیە خۆی لە خۆیدا جێگای گرنگی مابووە، ئەمە ئیدی ئەمڕۆ ڕاست نیە. تەنانەت لە بواری واتاییش ئەم وێنایە نادیار بووە، ئێمە چیتر ناتوانین بڵێین کە لە داھاتوو ھەر شتێکیش ڕوو بدات، ڕووسیا یەکێک لە ئەکتەرەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەبێت. سەبارەت بە ئاڵمانیا پاش شکستە نالەبارەکانی ١٨٤٨ و ١٩٥٤، ھێشتا دەکرێت بڵێین کە گەرچی چۆکی دادابێت، دێر یان زوو یەکێک دەبێت لەو ئەکتەرانەی کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. ئەمڕۆ ناتوانین ئاوەھا شتێک سەبارەت بە ڕووسیا بڵێی، .کارەساتی ڕووسیا ھێندە قووڵە کە تەنانەت ژیانی داھاتوویشی دەخاتە جێگای گوومانەوە، بەری ڕاستەقینەی کارەساتەکە بە ئاشکرایی بە کەم گیراوە، لەم سەدەیەدا لە مێژووی کیشوەری ئەورووپا بینەری سێ گۆڕانکاری بنەڕەتی بووین: یەکەم، پاش شەڕی جیھانی یەکەم؛ دووەم، لەماوەی شەڕی جیھانی دووەم و پاش ئەوە؛ سێیەم بەھۆی ڕووخانی یەکیەتی سۆڤییەت. بەڕای من ڕووخانی سۆڤییەت کاردانەوە گەلێکی درێژخایەنی ھەیە، گەرچی ھێشتاش ئێمە ئەوانەمان نەناسیوەتەوە. بۆ نموونە لە بواری سیاسی ھێشتا داھاتووی ئەو حکوومەتانەی کە بوونەتە جێگرەوەی یەکییەتی سۆڤییەت، ناسەقامگیرە. کۆمارییەکان دابەشبوون بە چەندین دەستەی دژبەیەک، وەکوو ئەوەی کە لە ئاسیای ناوەڕاست زاڵە و ھێشتا پێکھاتەکانیان ڕوون نیە. ئیدی ناکرێت بڵێین کە داھاتووی سیاسی تاجیکستان لە داھاتووی دراوسێکەی، ئەفغانستان کە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی شەڕی ناوخۆ بۆتەوە ڕوونترە. پرۆسەی پارچە پارچە بوونی فیدراسیۆنی ڕووسیا و کردنی بە ناوچە ئۆتۆنۆمە بەکردە سەربەخۆکان درێژەی ھەیە. چارەنووسی سیاسی ئەم بەشەی جیھان کە لە ڕۆمانیا تاکوو سنووری چین درێژەی ھەیە، بە شێوەیەکی نامۆ سست و ناپتەوە .پاش شەڕی جیھانی دووەم شتێک بە وێنەی ئەم ڕووداوانە نەھاتە ئاراوە، مەسەلەکە بۆ سەدەی بیست و یەکەم زانینی ئەو شتەیە کە بەکردە دەبێتە جێگرەوەی سیستەمی کۆنی دەسەڵاتەکان کە بەسەر جیھانەوە زاڵ بوون.
پرسیار: لەوانەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بتوانێت ببێتە جێگرەوەی ئەوە؟ ئەو سەدەیەی کە کۆتایی ھات بە سەدەی ئەمەریکیی ناودێر کراوە. وادیارە کە ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە کۆنترۆڵی دیسپیلینی جیھانی بەئەستۆ بگرێت، لە پێناو ئەمەش دا ناتۆ وەک باڵە چەکدارییەکەی یارمەتی دەدات، سەبارەت بە کۆزۆڤۆیش خۆی ڕایگەیاند کە دوور لە ھەر چەشنە بەرژەوەندییەکی ستراتیژیکی و تەنیا لەبەر ھۆکارە مرۆڤ دۆستانەییەکان ھاتۆتە نێو گۆڕەپانەوە، ئایا ھاتووینەتە نێو سەدەی ئەمەریکییەکی نوێ پەیوەست بە ئەخلاقیاتەوە؟
وەڵام: لەوانەیە، بەڵام گوومانم ھەیە. باسکردن لە سەدەی بیستەم وەک سەدەی ئەمەریکی بەر لە ھەر شتێک بەپێی زاڵێتی و بزۆزی و لەباری دانسقەی ئابووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت؛ ئابووری ئەم وڵاتە ھێندە زەبەلاحە کە لەگەڵ وڵاتە سەرمایەدارییەکانی دیکە بەراورد ناکرێت. دەبێت بە بیری بھێنینەوە کە لە دەیەی ١٩٢٠ ئابووری ئەمەریکا خاوەن ٤٠% گشت توانستی پیشەسازی جیھان بوو. بەڵام بەشێک لە سەرتر بوونی خۆی لە قەیرانی ئابووری دەیەی ١٩٣٠ لەدەستدا، بەڵام پاش شەڕی جیھانی دووەم بەدەستی ھێنایەوە بەشێوەیەک کە لە قۆناغێک ناسێنەری نیوەیەک لە ھێزی ئابووری کۆی گشت وڵاتانی دیکە بوو، پێگەیەک کە بەڕای من کۆتایی دێت. ئەم وڵاتە تەنانەت ئەگەر ڕێژەکانیش بپارێزێت ھەر لە بواری حەشیمەت و توانستی بەرھەم ھێنانی جیھانی بایەخێکی کەمتری دەبێت.، ھەڵبەت ئەم وڵاتە بەشێکی گرنگ لە ئابووری جیھانی چ لە رووی سیاسی و چ لە رووی سەرووتربوونی وەکوو سەرچەشنێکی ڕێکخستنی بازرگانی و پیشەسازی، لە کۆنترۆڵدایە، سەرەڕای ھەموو ئەمانەش گومانم ھەیە لەوەی کە بتوانێت بە مەکینەی پیشەسازی جیھانی، لانی کەم بەو شێوەیەی کە لە بەشی ھەرە زۆری سەدەی بیستەم بوو، بمێنێتەوە. ھەروەھا کاتێک گەیشت کە بەریتانیای مەزنیش ئیدی یەکەمین دەسەڵاتی سەرمایەداری نەبوو، لەبەر ئەوەی کە ھێندە گەورە نەبوو کە بتوانێت لەم پێگەیەدا بمێنێتەوە. بەربڵاو بوونی گەشەی پیشەسازی لە ناوچە بەربڵاوەکانی جیھان دەبێتە ھۆی دابەزینی ڕێژەیی سیستەمی بەرھەم ھێنانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
دووەمین ھۆکارێک کە ڕێگە دەدات کە باس لە سەدەی بیستەم وەک سەدەی ئەمەریکی بکەین سەرتربوونی کولتووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بواری کولتووری ڕەشۆکییە. ئەم سەرووترییە بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی رادەبەدەری زمانی ئینگلیزی و گەشەی کۆمپیوتەر کە بە ئینگلیزی ستاندار کراوە و بەشی ھەرە زۆری بەرھهمهێنانی لە ئەمەریکا چڕبۆتەوە، شانسێکی زۆرتری بۆ بەردەوام بوون ھەیە. ئەم دۆخە بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت. سەرەڕای ئەمانەش زاڵیەتی کولتووری سنووری خۆی ھەیە، ڕەچاوی سەرووتری ئیتالیا لە بواری مۆسیقا لە سەدەی ھەڤدەیەم و ھەژدەیەم بکەن، ئەم سەرووترییە سەرەڕای ئەوەی کە ھیچ پاڵپشتێکی ئابووری، سیاسی یان سەربازی نەبوو بەڵام کامڵ بوو. سەرەڕای ھەموو ئەمەش لە کۆتایی دا لەناو چوو، زاڵیەتی کولتووری بەریتانیا لە سەدەی نۆزدەیەمیش ھەر بە ھەمان چەشن، تاڕادەیەک ھەمووی ئەو وەرزشانەی کە لە جیھانی ئەمڕۆدا باون لە بەریتانیای مەزن داھێنراون و یاری دەکران. ئەمڕۆش ھەر وەک جاران لە ھەموو شوێنێک یاری تۆپی پێ دەکەن و پیاوان بە “شێوازی ئینگلیزی” جلوبەرگ دەپۆشن، بەڵام بەریتانیای مەزن ئیدی نە لە تۆپی پێ و نە لە مۆدیل لە ڕیزی یەکەمدا نیە. لەم ڕوانگەیەوە؛ مەسەلەی دیاردەیەکی کولتووری لە ئارادایە نەک دیاردەیەکی ھەنووکەیی. سەرەڕای ئەمە دەبێت ئاماژە بە جیاوازییەک بکەین: بە پێچەوانەی بەریتانیای مەزن لە سەدەی نۆزدەیەم، ئەمەریکای سەدەی بیستەم دەسەڵاتێکی شۆڕشییە کە لەسەر ئایدۆلۆژیایەکی شۆڕشی بوونیاد نراوە. ئەمەریکا وەکوو فەرەنسای شۆڕشی و ڕووسیای سۆڤییەت تەنیا یەک حکوومەت نیە؛ ئامانجی ئەم وڵاتە گۆڕینی جیھان بەپێی یەک سەرچەشنە. بەم ھۆیەش سەرووتری کولتووریی ئەمەریکا ڕەھەندێکی سیاسی دەگرێتەوە کە سەرووتری بەریتانیا لەمە بێوەری بوو. ئینگلیزییەکان تەنانەت لە لووتکەی دەسەڵات ھیچ کاتێک ھەوڵیان بۆ گۆڕینی بیروڕای خەڵک نەدا.
لە لایەکی دیکەو ,بەرزەفڕی حەزی ناساندنی خۆی وەک سەرچەشنێکی جیھانی بەشێکی سرووشتی سیستەمی ئەمەریکییە، بەکورتی پاراستنی ئەمەریکا لە پلەی دەسەڵاتی گەورە بەو مانایەی نیە کە سەدەی بیست و یەکەم سەدەیەکی ئەمەریکی دەبێت، ھەڵبەت من لەو بڕوایەدام کە سەدەی حکوومەتێکی دیکەش نابێت، لەبەر ئەوەی بە بۆچوونی من ڕۆژ بە ڕۆژ مسۆگەرتر دەبێت کە جیھان ھێندە بەربڵاو و دژوار بووە کە چیتر ناتوانێت لەژێر ڕکێفی بەتەنیا حکوومەتێک بێت. لە کاتی وتووێژ سەبارەت بە شەڕی کۆزۆڤۆ، “نوربێرتۆ بوبیۆ” وتی کە بەردەوام دەسەڵاتێکی سەرووتر بوونی ھەبووە. ئەمڕۆ ئەمە حکوومەتی ئەمەریکایە، ئەوەی کە خۆی لە خۆیدا ئەرێنییە لەبەر ئەوەی کە لەدەستەی باشەکان بوو. من بەش بە حاڵی خۆم لەو بڕوایە دا نیم کە بەردەوام دەسەڵاتێکی سەرووتر لە جیھان بوونی ھەبووە. لە پلەی یەکەم سەرووتری جیھانی تاکوو سەدەی ھەژدەیەم و تەنانەت پاش ئەوەش گرنگ نەبوو، لەبەر ئەوەی کە ھیچ وڵاتێک بەر لە ئەمەریکییەکان لە دواین بەشی سەدەی بیستەم دەعیەی جێبەجێکردنیان نەبوو، سەرووتری بەریتانیا کە لە بواری ئابووری و کولتووری و ھەروەھا لە ھەندێک ئاراستەگەل لە بواری سەربازی (بەریتانیای مەزن خاوەنی ھێزێکی دەریایی بوو کە لە کۆی ھێزە دەریاییەکانی ھەموو وڵاتانی جیھان گرنگتر بوو) تێک شکێن بوو، ھیچ کاتێک بەریتانییەکانی بەرەو حەزکردن بە ڕێکخستنی جیھان ھان نەدا، لەندەن بۆ کۆنترۆڵی جیھان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەبێ زاڵبوون بە سەریدا، ئەوەی لە توانای بوایە دەیکرد، ئینگلیزییەکان دەیانزانی کە بۆ ئەم کارە و تەنانەت بۆ پاراستنی بەنرخترین سەرمایەی خۆیان، واتە ھێزە دەریاییەکەیان ھێندەی کە پێویستە بەھێز نین. ئەوان درکیان بەوە کردبوو کە وڵاتانی دیکە دێر یان زوو ھێندە دەوڵەمەند و بەھێز دەبن کە کۆنترۆڵێکی سەربازی ھاوسەنگ بەسەر دەریاکان بەکار دەگرن. کەواتە ئەمەریکا یەکەمین وڵات لە مێژوو لە دۆخی خواستی سەرووتری جیھانییە، تەنانەت باڵادەستییە ناوچەییەکان دەگمەنن و جگە لە باڵادەستی چین لە ڕۆژھەڵاتی دوور، ھیچ کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ نەپارێزراون. وێنای سەرووتری ئەوروپی بەردەوام خەونێکی ماوە کورت بووە و بەدەگمەن چەند ساڵی تێپەڕاندووە، لە سەدەی شانزەیەم سەرووتری ئیسپانیایی بوونی نەبوو لەبەر ئەوەی کە فەرەنسا بەردەوام داخوازی ئیحتیمالی ئەوە بوو؛ لە سەدەی حەڤدەیەم سەرووتری فەرەنسەوی بوونی نەبوو گەرچی لوویی چواردەیەم لەوە نزیک بوو، لە سەردەمی ھیتلهر و ناپلیۆن بینیمان ئەو ھێزانەی کە لە شەڕدا بوون زاڵ بوون بەسەر کیشوەرەکە، بەڵام ئەمە لە ھیچ حاڵەتێکدا زیاتر لە چەند ساڵی تێنەپەڕاند، وەک مێژوونووسێک لەو بڕوایەدام کە وێنای تاکە ھێزێک کە توانایی کۆنترۆڵ کردنی سیاسەتی جیھانی ھەبێت، ھەرچیش ئەم دەسەڵاتە گەورە و بەھێز بێت ھەڵەیە، ئەمەریکا ھەوڵیدا-ھێشتاش ھەوڵدەدات-لەم بابەتەدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت، یەکەم، لەبەر ئەوەی ئاواتە شۆڕشییە سەرەتاییەکەی ھەڵیدەخڕێنێت بۆ گۆڕینی جیھان. دووهەم، لەبەر ئەوەی پێشھاتەی مێژوویی ئەوی خستۆتە جیھانێکەوە کە ھیچ حکوومەت و پەیمانێکی دیکە نێوان حکوومەتەکان ھێزی ئەوەی نیە کە لەگەڵیدا ڕووبەڕووی شەڕ ببێتەوە. بە بۆچوونی من دڵخۆش کردن بە ئەمەریکا مەترسیدارە، لە پشت ئامانجە ئەمەریکییەکان بۆ بە جەندرمە بوونی جیھان یان بوونیادنانی دیسپیلینی جیھانی نوێ مەترسیگەلێگ شاردراوەتەوە.
پرسیار: ئەخلاقی تاکخوازیی ئازادیخوازانە کە بەسەر بازاڕەکاندا زاڵە دەتوانێت لە سیاسەتی دەرەوە بەکار بگیرێت؟ ئەم ئەخلاقی بەتووندی لیبراڵە بەرگریکاری پێشکەوتی تاک لە کۆمەڵگای خۆیەتی، ئایا ئەمە دژە ژەھرێکی جیدی بۆ ھەموو ئایدۆلۆژیا کۆمەڵگاخوازەکان بۆ نموونە ئایدۆلۆژیا نەتەوەخوازیی و تائیفییەکان بە ئەژمێر نایەت؟ ئەورووپا و بەھا لیبراڵییەکانی دەتوانن وەک ناوبژیوانی داھاتووی بهشێوییەکانی جیھان دەرکەون؟
وەڵام: تاکخوازی ئازادیخوازانە ناتوانێت بنەمای سیاسەتە بەکارھاتووەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە بێت، لەبەر ئەوەی کە لەبواری پێناسە پێچەوانەی بەھا کۆمەڵییەکانە. ئەگەر بەرگری لەم بیرۆکەیە کە بەرژەوەندی تایبەتی سەرووتر ,بکەین، قایلکردنی خەڵک بەوەی کە گەرچی ھەندێ جاریش بەرژەوەندیە تایبەتییەکانی خۆیان پەیڕەوی بەرژەوەندییەکانی کەسانی تر بکەن، دژوار دەبێت. لۆژیکی تاکخوازی ئازادیخوازانە گونجاوی بازاڕە، بەڵام لەگەڵ پێداویستییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی ناسازگارە. بەلامەوە سەیر دەبێت ئەگەر سیاسەتی ئەمەریکا یان سیاسەتی ھەر وڵاتێکی دیکە بە ئامانجێکی لەم چەشنە دیاری بکرێت یان بەڕێوە ببرێت. وەکوو ئەو کارەی کە ئەمەریکا لە ماوەی شەڕی سارد ئەنجامی دا، پەنا بردن بۆ تاکخوازی کاتێک بەکار دێت کە حکوومەت پەیامێکی لەم چەشنەی ھەبێت: “ھێزی دەرەکی بڕوای ئێمەی بە لیبرالیزم و تاکخوازی خستۆتە مەترسییەوە و ئێمە دەبێت بەرگری لە خۆمان بکەین.”ئەمە ستراتیژی ڕەوایی بەخشی بە سیاسەتی دەرەکییە، بەڵام نەک بە سیاسەتی دەرەکی بە خودی خۆی. بە ڕهچاوکردنی سەرکەوتنی پێشوو، لەوانەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھەوڵی ئەوە بدات کە دووبارە بەکاری بھێنێت. پاش شەڕی سارد و لابردنی گەورەترین دووژمنی بەھا ئەمەریکییەکان، ھەندێکیان لە ھێزە کولتوورییەکانی دیکە وەکوو بنەماخوازی یان ڕۆژھەڵاتخوازی ڕێبازێکی دیکەیان دەست نیشان کرد کە پێویست بوو لە دژیان خۆیان ڕێکبخەنەوە. بەڵام ئەمە بەڵگەھێنانەوەیەکی قایلکەر نیە: ھێزی ڕەوایی بەخشی شەڕی سارد لەم ڕاستییەدا شاردراو بووەوە کە ڕکابەری ئیحتمالی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا زلھێزێکی ڕاستەقینە و بێ وێنەیە. ڕەنگە ئەگەر چین ببێتە زلھێزێکی مەترسیدار، ئەم دیسکۆرسە کارایی خۆی بەدەست بھێنێتەوە، بەڵام من بە دژواری دەتوانم وێنای تامەزرۆی گشتیی بۆ ئەم بەڵگەھێنانەوەیە بکەم. ئەم تامەزرۆییە زۆر تایبەتە بە وڵاتە دەوڵەمەندەکان، شوێنێک کە دەتوانین بە خۆمان بڵێین: “ئێمە بەشی خۆمان لە ئازادی ھەیە، ھەوڵ بدەین تاکوو کەسانی تریش ئەم دەرفەتەیان ھەبێت.” ئەم بەڵگەھێنانەوەیە بە شێوەیەکی یەکسان کاریگەری لە سەر زۆربەی وڵاتانی جیھانی سێیەمدا نابێت، ھەروەھا لەو بڕوایەدا نیم کە تاکخوازی ئازادیخوازانە دژە ژەھرێکی سیاسی بێت، بۆ نموونە چاو لە شەڕی کۆزۆڤۆ بکەن: ئەم دۆخە ڕێگە نادات داوا لە کەسێک بکەین کە ژیانی خۆی فیدا بکات، تیۆری زاڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بەپێی ئەوە ئێوە دەتوانن داوای ھەموو شتێک لە سەربازێک بکەن جگە لە کوژرانی، ھاوسازە لەگەڵ باوەڕکردن بە سەرووتری مافی تاکی، بەڵام ئێوە ناتوانن بەم پرەنسیبە بچن بۆ شەڕ، ئێوە دەتوانن بۆردومان بکەن بەڵام شەڕ نەکەن، بۆردومان کردنیش ھەمیشە بەس نیە.
پرسیار: ئایا ھەبوونی زلھێزێک ئاسایشێکی زۆرتر بۆ جیھان مسۆگەر ناکات؟ یان باشتر وایە کە بۆ ھاوسەنگی ھێزەکان چەندین زل ھێز بوونی ھەبێت؟
وەڵام: ھەمووی بابەتەکە ئەوەیە کە ئاستەنگەکانی تاکە زل ھێزێک چییە؟ دەتوانێت چی بکات و ناتوانێت چی نەکات؟ پێشتر ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەم زلھێزە ناتوانێت سەبارەت بە چۆنییەتی ڕوودانی پێشھاتەکان لە جیھان بڕیار بدات، بەڵکوو دەتوانێت بۆ کەمکردنەوەی گێڕەوکێشەکان و سەقامگیریی لە بارودۆخی نێودەوڵەتی چەند ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر، سەبارەت بەمەش، بەڕای من ھەڵسەنگاندنی سەرووتری بەریتانیا لە سەدەی نۆزدەیەم و ئەمەریکا لە سەدەی بیستەم سەرنج ڕاکێشە. دەبێت بزانن کە سەرووتری بەریتانیا نوێنەرێکە کە ئەمەریکییەکان ئیلھامیان لێ گرتووە .دەستەواژەی “پاکس ئەمەریکەن” دەنگدانەوەی “پاکس بەریتانیکا” یە کە ئەویش خۆی دەنگدانەوەی “پاکس ڕۆمانا” بە ئەژمێر دەھات. بە بۆچوونی من ئینگلیزییەکان درکیان بە سنوورێکی سەپێندراو بە وڵاتێک بە ڕەھەندە نێوەندەکان کردبوو، بۆ نموونە دەیانزانی کە لە ھەندێک لە ناوچەکانی جیھان دەستێوەردانی سەربازی خراپترین ڕێچارەیە، ئەوان لە سەدەی نۆزدەیەم تاڕادەیەک زوو درکیان بەمە کرد، لەبەر ئەمەش لە ئەمەریکای لاتین، ئەو شوێنەی کە لە گێرەوکێشە لەگەڵ ئیسپانیا تێوەگلابوون، ئەگەری دەستێوەردانی سەربازییان ڕەتکردەوە، ھەروەھا بەلای ئەوانەوە مەسەلەی دەستێوەردان لە ئەمەریکا لەدژی ئەمەریکییەکان لەئارادا نەبوو، ئەوان بەبێ ئەوەی کە ناچار بن پرەنسیبی مۆنرۆ یان قبووڵ کرد سەرەڕای ئەوەی کە لە بەشی ھەرە زۆری سەدەی نۆزدەیەم بەدڵنیاییەوە لە ئەمەریکییەکان لاوازتر نەبوون، لەکاتی وتووێژ سەبارەت بە گویانی بەریتانیا بەھیچ شێوەیەک چارەسەرە پێشنیار کراوەکان لە لایەن ئەمەریکا بەلای بەریتانیای مەزن قایلکەر نەبوو. سەرەڕای ئەمەش بەریتانیا ئەوانەی پەسەند کرد لەبەر ئەوەی کە زانی سنوورێک بۆ خواستەکانی لە جیھاندا ھەیە، ھەر بەم شێوەیش ھیچ کاتێک ھەوڵی نەدا باڵادەستی خۆی بەسەر ئەوروپاوە بسەپێنێت، بەڵام ھەوڵی دا لەم بوارەدا ڕێگر بێت لە سەرکەوتنی ھێزەکانی دیکە: ئەمە ھەر ئەو شتەیە کە بە ھاوسەنگی ھێزەکان ناو دەبرێت، ئینگلیزییەکان بە بەردەوامی ھێزەکانی خۆیانیان چڕکردەوە بە شێوەیەک کە کۆنترۆڵی دەریاکان دابین بکەن و شوێنە گرنگەکانی گۆی زەووییان بەدەستەوە بێت؛ ئەوان لەم کارەدا بەتەواوێتی سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا، ئیمپراتۆرییەکە پشتی بە زنجیرەیەک لە ناوچە داخراوەکان بەستبوو کە لەبەر ھۆکارە ستراتیژییەکان بە بەریتانیا پێوەلکابوون، وەکوو کێوی تارق و مالت و دوورگەکانی فاکلەند و زۆر شوێنانی دیکە کە ئەمڕۆکەش لەژێر کۆنترۆڵی بەریتانیاییەکانن.
بەڵام ئیمپراتۆری ئەمەریکا سەرووتری خۆی لەسەر کۆلۆنییەکان بوونیاد دەنێت، شێوەیەک کە ئینگلیزییەکان بەدەر لەوەی کە وەک تاکە جێگرەوەی داگیرکاری ھیچ کاتێک نەیانگرتەبەر. ئەم شێوەیە لە ھیند و ئەفریقای ڕۆژئاوا و تاڕادەیەک ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو، بەڵام تەنیا کاتێک کە داگیرکاری بە شتێکی ئەستەم دەھاتە بەرچاو، لە ساڵی ١٨٨٠ ھیچ کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەکەوتۆتە بیری ئەوەی کە ناوچەکانی دەرەوەی ئەمەریکا داگیر بکات، داگیرکردنی پۆرتۆریکۆ و فیلیپین ڕووداوێکی مێژوویی و لەوانەیشە پشکێکی بە شێوەی داگیرکەرانەیی سەردەم بوو، ئەوەی کە ئەمەریکییەکان دەیانویست لەڕاستیدا خاوەن دەسەڵات بوونی ژمارەیەکی زۆر لە حکوومەتەکان لە بنەڕەتدا لە ئەمەریکای لاتین بوو، وڵاتانێک کە ناچار بن بەپێی خواستەکانی ئەو بجووڵێن، من پێم وایە کە ئینگلیزییەکان بەباشی درکیان بە ئاستەنگەکانی خۆیان دەکرد لەحاڵێکدا کە ئەمەریکییەکان گەیشتبوونە شێوەیەک لە لووتبەرزی، لەبەر ئەوەی کە پێیان وابوو دەتوانن لە نیوە گۆی ڕۆژئاوایی بە خواستی خۆیان بکەن. ڕوونکردنەوەی ئەم وتەیە ھەندێجار بەم شێوەیەیە کە لە ماوەی بەشی ھەرە زۆری سەدەی نۆزدەیەم نەک سیاسەتێکی جیھانی بەڵکوو کەم تا زۆر سیاسەتەکانی نیوە گۆی ڕۆژئاوایی لەئارادا بوو، ئەمەریکییەکان لە ساڵی ١٨٩٥ ئەم چەمکەیان ئاراستە کرد کاتێک کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پاش چارەسەرکردنی کێشەیەکی سنووری لە نێوان ڤەنزوێلا و گویانی بەریتانیا ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەکردە دەسەڵاتدارییەتی ھەیە، زاڵە بەسەر بارودۆخەکە و دەتوانیین بڵێین کە تاڕادەیەک خەسار ناھەڵگرە.” ھیچ وەزیرێکی دەرەوەی بەریتانیی، تەنانەت پالمێرستۆن، بوێری لێدوانێکی بە شێوەی خوارەوەی لە ھیچ شوێنێکی ئەم جیھانەدا نەبوو: “ئێمە ھێزی جیھانیین، ئەگەر بڕیار لەسەر ئەنجامدانی کارێک بدەین کەس ناتوانێت ڕێگرمان بێت، ئێمە دەتوانین ئەوەی کە دەمانەوێت ئەنجامی بدەین.”
ئەمەریکییەکان لە ھەمووی گۆی زەوییدا پەرەیان بەم ڕوانگەیە دا، شتێک کە مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕوون بۆتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بێ ھاوپەیمان ناتوانێت کارەکانی بەڕێوە ببات، بەھۆی ئەوەی کە بنکە سەربازییەکانی لە چەندین وڵات دایە. بۆ ئەمەریکا زۆر جاڕزکەر بوو کە ئیتالیا ڕێگەی پێ نەدا کە فڕۆکەخانە سەربازییەکانی بۆ شەڕ لە یۆگسلاوی بەکار بێنێت، پێم وایە وەک دەبێت ئەوان لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئێراق یان بالکان زۆرجار پرسیاریان لە خۆیان کردووە کە بەبێ بنکەکانی ھاوپەیمانان چییان دەکرد، بەڵام ئەگەر بنکەکانی ھاوپەیمانان نەبوایە ئەوان تەنیا دەیانتوانی چالاکییەکان بە کەشتی فڕۆکە ھەڵگر یان فڕینە بێ وەستانەکان لە ناوچەکانیان ئەنجامبدەن. لە دووەمدا، بەھێزترین چەکەکانیان، ئەو چەکانەی کە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوویان ھەیە بەردەوام بەس نیە بۆ سەرکەوتن لە شەڕدا، کەواتە وێدەچێت ئەمەریکییەکان لە درێژەی سەدەی بیست و یەکەم بەناچاری درک بەم ڕاستییەی حەتمییە بکەن و ئیلھام لە ڕێچکەی کۆنی بەریتانیا بگرن، ئەوان ناچار دەبن کە ڕهچاوی سنووری توانا و ئاستەنگەکانی خۆیان بکەن، ئەم وڵاتە سەرەڕای ئەوەی کە تاکوو ماوەیەکی درێژخایەن لە بواری تەکنۆلۆژیای سەربازی وەک زلھێز دەمێنێتەوە-من تەنانەت ناتوانم پێشبینی کۆتایی ئەم باڵادەستییە بکەم-بەڵام ئەمەش بە تەنیا بەس نابێت. ھەڵبەت بەس بوو لە حاڵەتێک کە بەتەنیا مەترسی سەرووتری زۆر قورس، دووژمنی ناچار بە وتنی ئەم ڕستەیە دەکرد: “ناتوانم شتێک بکەم، دەبێت بچمە لاوە”. ئەمە بەڵگەی لێدانی ئێراق و کۆزۆڤۆ بوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە داھاتوودا تاڕادەیەک ئەم بابەتە پشت ڕاست دەکاتەوە و تاڕادەیەک سیاسەتێکی ھاوسەنگ لەگەڵ تواناییەکانی زلھێزێک لەبەرچاو دەگرێت: نواندنی ھێز بەس نیە بۆ حووکم کردن بەسەر جیھاندا. ئەمەش لەمەڕ زلھێزەکان یان ھێزە ناوچەییەکان ڕاستە، لەبەر ئەوەی کە خەڵکی وڵاتانی لاوازتر چیتر ئامادەیی ژێردەست بوونیان نیە. لەم دواییەدا دەرفەتی وتووێژ کردنم لەگەڵ چەند دیپلۆماتێکی بەریتانیی سەبارەت بە کێشەکانی ئەفریقای ناوەڕاست بۆ ڕەخسا، ئەوان لەبواری پیشەیی گرنگیان بەم دۆخە دابوو، دەیانوت کە ھەموو سیاسەتە ئەفریقییەکان بەھۆی مل نەدانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕێزگرتنی ڕێساکانی یاری بێ ھوودە بووە. لە ڕابردوودا کاتێک کە کێشەیەک لە کاری یەکێک لە حکوومەتە ئەفریقییە سەربەخۆکان دەھاتە ئاراوە، فەرەنسەوییەکان دەستەی چەتربازەکانی خۆیان ڕەوانەی پایتەختی ئەو وڵاتە دەکرد تاکوو خۆی بنوێنێت و توانای سەربازییان پیشان بدات. منداڵە خراپەکان ھەڵدەھاتن و سەرۆک کۆماری پیریش لەسەر ئەرکەکانی دەمایەوە یان سەرۆک کۆمارێکی نوێیان دەخستە شوێنەکەی ئەوەوە، دۆخەکە ھێور دەبوویهوە. ئەمڕۆ ئیدی ئاوەھا شتێک مومکین نیە، لە ڕواندا فەرەنسەوییەکان ئامادە و تەیار بوون بۆ کارکردن، دەیانویست بەری کۆمەڵکوژی تۆتسییەکان بگرن. لەڕاستیدا فەرەنسەوییەکان ھاوپەیمانی ھۆتووەکان بوون بەڵام دەیانویست دووری بکەن لە ڕشتنی خوێن و بۆ تێگەیاندنی مەبەستەکەی خۆیان ھەموو ھەوڵێکیاندا، بەڵام بێ ھوودە بوو، ھۆتووەکان بە خۆیانیان ووت کە فەرەنسەوییەکان لاوازن و ھەر لە بەر چاوی ئەواندا درێژەیان بە کوشتنی دراوسێکانی خۆیان دا. سەرئەنجام ناوچەیەکی بەربڵاو لە ئەفریقای ناوەڕاست، ھەڵبەت بەدەر لە ھەڵمەتی ھێزێک یان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بەگشتی شێوازەکەی گۆڕا، ھەمووان پاریس و لەندەن و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاتنە نێو بابەتەکەوە و ھەوڵیاندا لەم ئاژاوەیەدا ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕن، بەشێوەیەک کە لە کاتێکی دیاریکراودا بەپێی ئەوەی کە بیستم نزیکەی سێزدە ناوبژیوانی جۆراوجۆر لە ڕواندا ئامادە بوون، بەڵام بێ سوود بوو. زئیر، ڕواندا، بۆرۆندی و ئۆگاندا، بەکورتی تاکوو نزیکەی حەوت وڵاتی ئەفریقیی لە شەڕەکەدا بەشدار بوون، .ھەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی، نامەوێت بڵێم کە تێچووەکەی زۆر دەبوو بەڵکوو دەمەوێت بڵێم کە لەگەڵ ئەو ھەوڵەی کە دەدرا یەکیان نەدەگرتەوە، لەوانەیە ئەم لاوازییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایشی سەرسام دەکرد. ھەرچەندە کە سامانەکەی ڕێگەی پێ دەدا کە خەرجییەکی زۆر بۆ ئەم شەڕە تەرخان بکات، زۆر شتانێک چیتر لە جیھاندا مومکین نیە.
پرسیار: لەوانەیە کام زلھێزی نوێ لە سەدەی بیست و یەکەم دا دەرکەوێت؟ چین لە ڕکابەرایەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بواری سەربازی چ ھەلێکی ھەیە؟ بەڕای ئێوە ھیند لەو کێبڕکێ چەک و چۆڵە ناوەکییەی کە ئەمڕۆ دەستی پێکردووە چ ئامانجگەلێکی ھەیە؟
وەڵام: بەدڵنیاییەوە چین دەبێتە ھێزێکی گەورە، بۆ نموونە بە واتای سەربازی وشە و تەنیا وڵاتێکە کە خوازیاری ڕکابەرایەتی لەگەڵ ئەمەریکا لە داھاتوو دایە. واتە لە ئێستادا لەو بڕوایەدام کە ئیمکانێکی ئەوتۆ بۆ دژایەتی خوازی ئەم وڵاتە لە داھاتوویەکی نزیک لە بواری سەربازی لەگەڵ ئەمەریکا لەئارادا نیە، سەرووتری ئەمەریکا مسۆگەرە .ھەڵبەت لەو بڕوایەدا نیم کە ئەمە ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوەی ناوەکی ھەڵوەشێنێتەوە. ئاوەھا شتێک ھیچ کاتێک بەپێی یەکسانی ھێزەکانی ئێستاکەیی ڕوو نادات، بەڵکوو زۆرتر بەپێی ھەبوونی ھێزی پاشگەزینەی پێویست بۆ ھەڕەشەیەکی دیکە بە پێگەیاندنی زیانە زۆر قوورسەکان بەدی دێت. بەھەرحاڵ دەبێت بە یەکلابووەوەی بزانین کە بۆ ماوەیەکی درێژ نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک گەورەترین ھێزی سەربازی دەمێنێتەوە، بەڵام لەوانەیە ململانێی چین و ئەمەریکا لە سەدەی بیست و یەکەمدا لەچاوی ڕابردوو شێوەیەکی زۆر جیاواز بگرێتە خۆی، بەڵام ھەموو ئەمانە گومان و ھەستکردنە کە شەڕانگێزیانەترە لەوەی کە مێژوونووس زۆرتر باسی لەسەر بکات. سەبارەت بە ھیندیش لەو بڕوایەدام کە چەکە ناوەکییەکانی بە ئاراستەی پاکستان نیشانەگیری کراوە، گرنگی ئەوانە ناوچەییە و ھیند ھێزێکی ناوچەییە و لەو بڕوایەدا نیم کە لە پەنجا ساڵی داھاتوو ببێتە شتێکی دیکە، ھەڵبەت ھیند لە چەندین بواردا لە بنەڕەتدا داھاتوویەکی درەوشاوەی ھەیە لەبەر ئەوەی کە کارتێکی برەوەی ھەیە کە چین بێ بەشە لەوە و ئەویش داھێنانی ڕاستەقینە لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیا و لێکۆڵینەوە بیرۆکەییەکانە کە لەبەر ھۆکارە مێژووییەکان دەسکەوتنی ئەوە لە ڕۆژھەڵاتی دوور لە ناوچەی درەوشانی کۆنفۆسیۆسخوازی دژوارە، بۆ نموونە ھیندییەکان بەردەوام نەریتێکی فەلسەفی و بیرکارییەکی دەوڵەمهندیان بارھێناوە، مەگەر چین و ژاپۆن تاکوو چ ڕادەیەک خاوەن نەریتی فەلسەفی-لانی کەم بە واتای ئەوروپی وشە-بوون؟ ھەڵبەت ئەو ھەویرە ئاوێکی زۆر دەبات لە کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن کە پشتی بە تەکنۆلۆژیا بەستووە، داھێنانی بیرۆکەیی نیشاندەری تواناییەکی زۆر زۆرە، کێشەی گەورەی ھیند لە لاوازی پێکھاتەکان و تواناییە ئیدارییەکانی حکوومەت و ھەروەھا لە سستی سیستەمە سیاسییەکەیەتی، بەڵام لەبواری ئابووری و کولتووری داھاتووی ھیند لە ھەر وڵاتێکی دیکەی ڕۆژھەڵاتی دوور پرشنگدارترە.
پرسیار: پاپ بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆی سەبارەت بە زاڵییەتی ئەمەریکا دەربڕیوە و پاش کۆمۆنیزم پێدەچێت کە سەرمایەداری بە لێکدانەوەی ئەمەریکی وەک دووژمنی خۆی ھەڵبژاردبێت، ڕای ئێوە سەبارەت بە ژان پۆل-ی دووەم چییە؟ ئایا بە دوایین کەسایەتی شۆڕشگێری گۆی زەوی لەقەڵەم دەدرێت؟ یان بینەری ململانێی کۆنی حکوومەتی پاپ و ئیمپراتۆریین؟
وەڵام: لەو بڕوایەدا نیم کە ئێمە ڕووبەڕووی ململانێی حکوومەتی پاپ و ئیمپراتۆری بین، دەبێت سیاسەتی پاپ و زانستی خواناسی لە یەکتری جیا بکەینەوە. ژان پۆلی دووەم کاتۆلیکێکی نەریت خوازە، پاشایەتی ئەو نیشانەی گەڕانەوە بۆ تێڕوانینێکی زۆر نەریتخوازیانە لەمەڕ کەنیسە لەچاوەی سەردەمی کاتۆلیسیسمی تاڕادەیەک لیبراڵی دەیەی ١٩٦٠و١٩٧٠ یە. ھەڵبەت نازانم ئەمەش تاکوو چ ڕادەیەک مومکینە، ئەگەر منیش پاپ بوومایە بەدڵنیاییەوە ھەر بەم چەشنەم دەکرد، لەبەر ئەوەی کە ئەگەر ئایینزا داھاتوویەکی ھەبێت لە نەگۆڕینی بە تێپەڕبوونی کات و لە دوورکەوتنەوە لە ڕووداوە باوەکانی ڕۆژە. بەڵام من کەسێکی ئایینداری نوێ نیم و کەواتە بابەتەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە منەوە نیە. سەرەڕای ئەمەش لەو بڕوایەدام کە پلانی گەڕانەوە بۆ نەریت ڕووبەڕووی چەن کێشەیەکی ئەگەر نەک زاڵ نەبوو بەڵکوو جیدی دەبێتەوە بەھۆی ئەوەی ھەروەھا کە حکوومەت چیتر ناتوانێت شارۆمەندانی بەتەواوێتی کۆنترۆڵ بکات، کەنیسەی کاتۆلیکیش ناتوانێت پشت بە ئەمگداری شوێن کەوتووانی ببەستێت، کەموکوڕی ئایینزای دەسەڵاتخوازی وەکوو ئایینزای کاتۆلیک ئەمەیە کە لەسەر قبووڵی ئیرادی خواناسییەکەی پابەرجێیە. پێموایە لەو کاتەی کە ئافرەتانی ئەوروپای کاتۆلیک چیتر بڕیارە ئایینزاییەکان یان فەرمانەکانی کەنیسە بە بێ سێ و دوو قبووڵ ناکەن، ئیمکانی حکوومەتکردن بەسەر جیھانی خاچ پەرستی بەتووندی کەمی کردووە و بەناچاری لە وڵاتە گەشەکردووەکان گۆزراوەتەوە بۆ جیھانی سێیەم. بەڵام نەک بۆ ھەموو جیھانی سێیەم ھەر بەو شێوەیەی کە لاوازی کەنیسەی ئەمەریکای لاتین لە ماوەی سەدەی بیستەم ئەوەی دەرخستووە، دوورکەوتنەوەی حکوومەت لە ئایینزا و لەناوچوونی ئایینزا نەریتییەکی کۆمەڵانی خەڵک لەسەر کەنیسەی کاتۆلیکی ئەوروپی بێ کاریگەر نەبووە و لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٦٠ کارتێکەری لە نێو شوێنکەوتووانی زۆر لاواز بووە. سەرەڕای ھەموو ئەمەش لەم پاپەدا شتێکی سەیر ھەیە کە بیرھێنەری پاشایەتی پاپە مەزنەکانی سەدەی نۆزدەیەم و ھێزی Rerum Novarum ە.ژان پۆل-ی دووەم دوایین بیرۆکەوانێکی گەورەیە کە سەرمایەداری بە خودی خۆی خستۆتە بەر ڕەخنەوە، ڕەنگە ئەمەش ھەڵکەوتەی مێژوو بێت,لەبەر ئەوەی کە بەڕای من چەپی نامەزھەبیش دەگەڕێتەوە بۆ ڕهخنەگرتن لە سەرمایەداری. لەم دە ساڵەی دواییەدا چەپ زۆرتر لەوەی ترسەنۆک بووە کە ئەوەی قبووڵ بکات کە سەرمایەداری شەڕێکی ئەخلاقییە، بەڵام پێم وایە کە دووبارە پشتڕاستی دەکاتەوە، لە ئێستادا پاپ تاکە کەسایەتییە کە جێگای بایەخی جیھانییە کە ھەمیشە سەرمایەداری ڕەتدەکاتەوە، ئەم کارەش ئەو لەبواری تاکە ھزری ڕۆژئاوایی و ھاودەنگی بیرۆکەیی و سیاسی زاڵ نائاسایی دەکات، دیاردەیەکی سەیرە.
پرسیار: لە کاتی شەڕی کۆزۆڤۆ زۆرجار دەمانبینی کە چەپی زێدەڕۆیی و ڕاستی زێدەڕۆیی لە ژێر ئاڵای پاپ کۆبوونەوە. ئایا ئەمە بۆ ئێوە ئازاردەر نیە؟
وەڵام: نەخێر. لەڕاستیدا بەم شێوەیە نیە، ئێوە بە درێژابی مێژوو ئەم چەشنە ھاوپەیمانیەتیە بە شتێکی نائاسایی دەزانن، بەڵام سەرسووڕھێنەرترین نموونە کە لە سەدەی بیستەم ڕوویدا؛ ھاوپەیمانییەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکیەتی سۆڤییەت لە دژی ئاڵمانی نازی بوو، لەو سەردەمەدا کەنیسەی کاتۆلیک زۆرتر ھۆگری لای ڕاست بوو. ئەم ڕاستییەی کە لەوانەیە ھاوپەیمانییەتییە سەیرەکان پێک بێت مسۆگەری بەردەوام بوونیان نیە. سەیرتر ئەوەیە کە لە ئەوەی کۆزۆڤۆ، ھێڵی کەلێن پەیڕەوی لە دابەشە نەریتییەکانی چەپ و ڕاست نەکرد، بەڵکوو لە سنوورە نەتەوەیی و ئایدۆلۆژیاییەکان تێپەڕی، بەدڵنیاییەوە چەپ پەرتەوازە بوو. کەسانێکی زۆر لە باڵی چەپ بە ڕاشکاوی بەقازانج یان لە دژی شەڕ ھەڵوێستیان گرت. بەڵام لە باڵی ڕاستیش ئەمە ڕوویدا، گەرچی لەمەدا ڕەخنەکان لە بنەڕەتدا ئاراستەی نەبوونی شارەزایی پیشەیی سەربازی و بەڕێوەبردنی خراپی شەڕ بوو، زۆربەی بەرھەڵستکارانیش وەکوو پاپ شەڕیان لەبەر ھۆکارە ئاشتیخوازییەکان ئیدانە کرد. ئەوان لە قبووڵ کردنی ئەم شەڕی تایبەتە وەک ڕێگەچارەی کێشەیەکی تایبەت پاشگەز بوونەوە. ھەڵبەت دژە ئەمەریکی خوازی و ڕەشبینی سەبارەت بە ئامانجە سەرووتریخوازیانەی ھێزێکی جیاواز ھۆکاری یەکانگیرکەری زۆر چەشنی ھەڵوێستە سیاسییەکان بوو.، بەڵام ئەمە نابێتە ھۆی ڕەزامەندی من، تەنیا دەمەوێت بەبیری بھێنمەوە کە دۆخەکە بەم شێوەیە بوو و شەڕی کۆزۆڤۆ کاریگەری لەسەر بەھێز کردنی ئەم ھەستە بوو.
سهرچاوه؛
جهان در أستانه قرن بیست و یكم/ اریك جی هابسبام/ ناهد فورغان
وهرگێڕان: سۆزان سهعید