١- شوناسی درۆزن، شوناسێكی ساختەیە: ئەو شوناسەیە كە گوزارش لە تۆ ناكات.
٢- شوناسی ساختە چەند ماسك و شێوازیكی هەیە: دەكرێت شوناسێكی ساختەی جوگرافی بێت، وەكئەوەی بە كورد دەگوترێت: تۆ ئێراقیت، ئێرانیت، توركیایت، یان سوریت. ئەم شوناسە ساختە جوگرافیانە هەموویان مشەخۆرن بەسەر جوگرافیایەكی ڕاستەقینەوە كە جوگرافیای كوردستان خۆیەتی. هیچكامێك لەو شوناسانە لە پێش شوناسی جوگرافیای كوردستانەوە نەبوون.
٣- دەكرێت ئەو شوناسە كولتووری بێت، وەكئەوەی دەگوترێت كورد ئێرانین، هەموومان یەكسانین، یان هەموومان مسووڵمانین و جیاوازیمان نییە.
٤- دەكرێت ئەم شوناسە شوناسێكی ساختەی زمانیی بێت، بۆ نمونە ئەو ساتەوەختە بێت كە كوردێك بۆی گرنگ نییە بەزمانی خۆی بدوێت و زمانیی ئەویتر بەكاردەهێنێت. لێرەدا لەسەر بەكارهێنانی زمانی ئینگلیزی لەلای شوناسە ساختەكەی كوردی ئێراق دەوەستم.
٥- كەم بۆنەی تایبەت بە كۆمەڵگەی باشوور هەیە كە تیایدا ئەگەر یەك ئەجنەبی، ئەورووپاییش هەبێت، بە ئینگلیزی قسەنەكرێت. زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی و زمانی سەركوتكەری فەرمی زمانی كوردییە لە ئێستەی هەرێمدا.
٦- موحتاجی و سواڵكەری و خۆبەكەمزانی ئەم كوردی باشوورە گەیشتۆتە ئەو شوێنەی كە پێی وایە ئەگەر بە ئینگلیزی دوا پەیامەكەی باشتر دەگات، بەبێ ئەوی بزانێت زمانی زگماك لەگەیاندنی هەستی ناخەكییدا زۆر باشتر خۆی دەگەیەنێت، لەوەی تۆ ببیتە تووتی و بە ئینگلیزی تەرجەمەی خۆت بكەیت. ئەمانە وادەزانن زمان زمان تەنیا وشە و ڕستەكانن، بەبێ ئەوەی بزانن زمان ڕیتم و ئاواز و نیگەرانییە ناخەكییەكانیشە.
٧- ئەگەر هیچ وەرگێڕانێكیش بۆ زمانی زگماك نەبێت، ئەوە زمان خۆی وەرگێڕی خۆیەتی و ئەوەی لە ناخدایە دەری دەبڕێت. بەزمانی خۆ دوان زۆر كاریگەرترە لەوەی تەنیا بۆ یەك دوو میوان، سێ چوار قوونسووڵ و بێگانەی ئەورووپایی زمانی خۆت بگۆڕیت و بە ئینگلیزییەكی شەق و شڕ بدوێی. شكۆی زمان شكۆی نەتەوەیە و نابێت خۆبەكەمزانی تۆ ببێتە هۆی لێدان لە شكۆی زمان و نەتەوە.
٨- ئەمڕۆ ئامێری وەرگێڕان بۆ هەموو زمانەكان و لە هەموو زمانەكانەوە بەردەستە، بۆیە هیچ ناچارییەك نییە تۆ دەست لە زمانی خۆت هەڵبگریت و بە ئینگلیزی بدوێیت. تەنیا مەگەر نەخۆشێكی دەروونیی بیت و دووچاری خۆبەكەمزانیی زمانی بووبیت.
٩- زمانی كوردی لەهەرێم زمانی فەرمی و زمانی سەرەكییە، بۆیە شەرمەزارن ئەوانەی لە نەقسی دەروونیی خۆیانەوە ئەم زمانە دەخەنەپەراوێزەوەو بەزمانی ئینگلیزی پاساو بۆ دەروونپشێوی خۆیان دەهێننەوە.
لێم مەگرن، لە دوێنێوە سێ بۆنەم بینی كە تیایدا ئینگلیزی زمانی یەكەمی كورد بوو… داواش لە هەموو دڵسۆزانی زمانی كوردیی دەكەم بەگژ ئەم دیاردە خۆبەكەمزانیی و شەرمەزرایانەیدا بچنەوە.