لە بابەتی ڕێنووسدا، بیرو ڕای جیاواز لەسەر نووسینی پیتەکانی یەک (و) دوو (وو) یەک (ی) دوو (یی) حەوتی ژێر پیتی (ڕ) هەیە. نووسەران و دەزگا و ناوەندەکان، هەریەکەیان بە ڕێنووسی تایبەت بە خۆیان دەنووسن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، تا ئێستا ڕێنووسێکی یەکگرتوو و زمانی ستانداردمان نییە.
سەبارەت بە پیتی (ر – ڕ)، هەندێک دەڵێن: لەبەر ئەوەی لە زمانی کوردیدا، هیچ وشەیەکمان نییە بە (ر) دەستپێبکات و هەموو وشەکان بە (ڕ) ی قەڵەو دەستپێدەکەن: ڕێبوار، ڕەشید، ڕەشەبا، ڕامان، ڕێبەندان، ڕەشەمێ، ڕیشۆڵە… کەواتە پێویست ناکات هێمای حەوتی ژێر پیتی (ڕ)بنووسین. ڕایەکی تریش دەڵێ بە پێچەوانەوە دەبێت بنووسرێت.
ڕای درووست ئەوەیە، مادام حەوتی ژێر پیت و سەرپیتەکان مانای وشەکان دەگۆڕێت، کەواتە فۆنیمە و دەبێت بنووسرێت.
ئەگەر چەند نموونەیەک لەسەر نووسین یان نەنووسینی فۆنیم وەربگرین، سەرنجەکەمان زیاتر ڕوون دەبێتەوە:
(پارە) بە واتای پووڵ-عوملە دێت،
ئەگەر فۆنیمی(ە) نەنووسین، دەبێت بە (پار)
واتاکەی دەگۆڕێت بۆ بەش _ پارچە، یان ساڵی ڕابردوو.
کەواتە (ە) فۆنیمە و دەبێت بنووسرێت:
موفتی پێنجوێنی دەڵێ:
پارە لێفەی عەیب و عار و ئالەتی سڕپۆشییە
پارە ئەسبابی سروور و زینەت و دڵخۆشییە
پارە دەرمانی نەخۆشی و عاجزی و بێهۆشییە
هەر کەسێ پارەی نەبێ ئیشی نەتیجەی بۆشییە.
ئەگەر لە هەر دێڕێکی ئەم شیعرەدا، فۆنیمی (ە) نەنووسین سەر لەبەری ڕستەکان بێ واتا دەبن.
هەر لە وشەی (پووڵ) دا، ئەگەر حەوتی سەر پیتی (ل) نەنووسین، ماناکەی دەگۆڕێت بۆ (پوول) کەواتە بە هەمان شێوە حەوتی سەر پیت و ژێر پیت فۆنیمە، چونکە واتا دەگۆڕێت، هەر وەک چۆن هەر فۆنیمێکی تر بگۆڕین واتا دەگۆڕێت.
کاتێک (ڕ) لە کۆتای وشەدا بێت: (کەڕ _ نابیست) ئەگەر حەوتی ژێر پیتەکە نەنووسین ماناکەی دەگۆڕێت و دەبێت بە: (کەر – گوێدرێژ)
لە ناوەڕاستی وشەدا بێت: (فڕۆکە) دەبێت بە (فرۆکە)، (دڕک) دەبێت بە (درک) بۆیە وا باشترە پیتی (ڕ) چ لە سەرەتادابێت و یاخود لە ناوەڕاست و کۆتای وشەدا، وەک خۆی بینووسین.
پار، پارە، پارەپارە بەواتای جیاواز لە شیعردا:
پار: بە واتای ساڵی ڕابردوو (پارساڵ)
پیرەمێرد:
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێپەست بوو تاکوو (پار)
هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
پارە: بەواتای پارچە، بەش
تاهیر بهگ:
ئەی ڕەفیقانی تەریقەت دەردی ئیشقم چارەکەن
یان بەجارێ بمکوژن جەرگم بە خەنجەر (پارە) کەن.
پارە: بەواتای پارەو پووڵ:
مەحوی:
دەنی تەبعی وەها غاڵب بووە فیرعەونی ئەم عەسرە
نە وەک مووسا لەکن جوو (پارە) بوو ئیمانی پێ دێنێ
پارە پارە: بە واتای بەش بەش یان پارچە پارچە:
جەزیری:
وەر ژ قەوسەینان بەمیزان بێتەدەر جۆتەك خەدەنگ
دێ جگەر بت پارەپارە، سینە تار و ماربت
مەستوورە:
سا فەڵەک چوون من سیاچارە بۆ
سەرنگوونی خوار پارەپارە بۆ
باقی جە نەعیم دایم شادیت بۆ
[مەستوورە] قوربان نامورادیت بۆ.
فۆنیم(Phoneme): لە زمانەوانیدا بە بچووکترین بەشی وتە دەگوترێت، کە دەبێتە ھۆی گۆڕینی واتای وشە.
فۆنۆلۆجی(Phonology ): لقێک لە زمانەوانیی لە سیستەمی رێککەوتن و رێکخستنی دەنگەکانی زمانێکی تایبەت دەکۆڵێتەوە.