“ڕانانێک بۆ فیلمی V for Vendetta”
فیلمی v for vendetta باشترین کاری دەرهێنەر “جەیمس مەکتیگ”ە کە نۆزدە ساڵ بەر لە ئێستا بڵاوکرایەوە، بۆ دەقەکەشی سێ نوسەر بەشدار بوون کە دیارترینیان ئالان مۆرە، فیلمەکە لە ڕیزی باشترین و گرنگترین ئەو فیلمانەدایە باس لە ئانارشیزم دەکات، بەشاروهیش پەیوەیست کراوە بە گرفتی تاک لەسیستەمدا، هەڵبەت کەم نین ئەو دەرهێنەرانەی پەیامەکانیان لە رێگەی سیمبولەوە دەچپێنن بە گوێماندا و، گوتارەکانیان شتێکمان پێدەڵێن ڕەنگ بێت لە پێگە گشتیەکەیدا تێشی نەگەین، تا ئەو بەرپرسیارەتییە ناخەنە سەر شانی هەمووان، تێکڕا پەیامی فیلمەکانیان بۆ نوخبەیەک بەرز دەکەنەوە، گەرەکیانە ئەوان لە ئاستە تیۆرییەکەیدا بیهێنە بەرباس، گەرچی هەموو جارێک ئەم بابەتە ناخوازێت بەم چەشنە بێت، بڕێک جار بەر تیر و توانجی ڕەخنەگران دەکەون، بەڵام ئەمە ئامانجی سەرەکی ئەوان نیە، بەڵکو ئامانجەکەیان لەوەدایە کە ئەوان بۆ ئەو مەبەستە فیلم دروست ناکەن، چۆن دەکەوێتەوە و چی لەبارەوە دەوترێت، ئەوان دەیانەوێت ناوەڕۆکی کارەکانیان هەمیشە پەیامی مەبەستداری تێدا بێت و، ئێمە لەبەردەم خەرمانی چەندین پرسیاری خۆیاندا ڕاگرن، پاشان هەستن و یەخەی ئەو کابووسە دادڕن کە به باڵاماندا دووراوە. جوانی مۆدرێنە ڕێک ئەوەیە کە پێت دەڵێت کێشەت هەیە، بەس هیچ کات چارەسەری پێ نیە بۆت، کابووسەکانیشمان ئەوەندە مۆدێرنە بڕێک جار بەرهەمهێنەرانی فیلمش دڵیان نایەت لێمانی بستێنەوە، لەڕاستیدا ئەو ئەستراتیژییە بێ مانایە و غەدر لەخۆیان دەکەن، گەر دەسەڵاتێک یان سیاسەتێک هەبێت، ئەوانی نیگەران کردووە، چاکترە بەڕاشکاوی ئەو ئارامییەش لەئێمە تێک بدەن.
نەیارانی ئانارشیزم هەندێک جار کێشەی جەوهەری ئانارشیزم لەخۆیدا بەو خاڵە دەزانن، تیایدا بێ نەوایان پەشێوی دەنێنەوە بۆ ئارامی، لە کاتێکدا ئەوان داوا دەکەن هەموومان نا-ئارامبین بین. پاڵەوانە ماسکدارەکە پۆشاکێکی ڕەشی هاوشێوەی باتمانی لەبەردایە، بۆ هەر شوێنێک دەچێت هێمایەکی ڤی دەکێشێت، ئەمەش بەو واتایەیی ئەم شوێنە لە تارماییەکانی دەسەڵاتخوازی پاکڕاوەتەوە، یان بە واتای ئەوەی ئەو هێمایە بە تووندی دژی حوکمەتی فاشیستی ئینگلیتەرایە و دژی هەر جۆرە بانگەشەیەکە بۆ ناو دەرکردن، “ناوبانگ” دیوارە ناخشێنراوەکان ئاسەواری گەیشتن بە بێ ناوبانگی جێدڵێن، کە پارالێڵی دەکاتەوە لەسەر جەختکردنەوە بۆ ئازادی مرۆڤ. ڕەنگ بێت ئالان مۆر و هاورێکانی ئیلهام بەخشانە ڕژێمە فاشیستەکەی ئینگلتەڕای مۆدێرنیان هەنجن هەنجن کردبێت، بەڵام بۆ ئەو فەزایەیی کە ستڕاکچەری ئانارشیزی بوونیادی نابێت، دوورە لە ناوەڕۆکی فیلمەکە و بەشێوەیەک لە شێوەکان کارەکەیان نەگەیاندۆتە بنبەست، چونکە هێماکە بۆ خۆی دەبێتەوە بە چیرۆکێک و ئەویش فیگەرێک نیشتەجێ دەکات، کە سەردارانە لێی دەڕوانرێت، لە کاتێکدا ئەنارشیزم جۆرێکە لە بەدەستهێنانی دادەپەروارنەیە لە ڕێگای کردەیەکی نادادەپەرەوەرییەوە، دەکرێت ئانارشیزم بە دەرئانجامگیرییەکی سەربەخۆ ببینرێت لە لیبراڵیزم، لە لیبڕالیزمدا حوکمەت و دەزگاکانی بەڕێوبەری بەوە سەر کۆنەدەکرێن کە بە گوێرەی ستانداری تاک هەڵنەسوڕاون و کردەوەکانیان دژی شەریعەتی خواستی تاکە، لە کاتێکدا لە ئانارشیزمدا دەرئەنجامگیرییەکە بۆ نەفی کردنی تاک سەنتەرییە، بەبەشداری دەنگی تاک بۆ کودەنگی. تیۆرییەکە کە گرنگی بە ڕەوایەتیدانی دەسەڵات نادات، گومان لە بناغەگەرایی دەکات، تا لەو لەڕێیەوە عەقیدەی ئازادیخوازییە لەژێر هەژموونی چالاکییە ئەخلاقییەکان گەشەپێبدات، هەرچەند ئانارشیستەکان بایەخ بە ئایدیاڵێکی یەکسانی دەدەن و ناخوازن ببەنەوە کۆدەنگی. لەوێدا ئانارشیستەکان تووشی کێشە دەبن کە ووزەی تاک بە فیڕۆ دەدەن لەژێر ناوی ئەجێندای شۆڕشگێرانە، بەو پێیەی خۆی هێشتا گومانی هەیە و خۆی ئامانجەکەی ناڕوونە، بەم شێوەیە ئانارشیزم گەرچی دەخوازێ لە بواری پڕاکتیکدا سەرکەوتوو بێت، بەس نابێت و لەبواری تیوریدا سەرکەوتنی زیاترە.
لەڕووداوێکی هەڵکوتانە سەر ماڵی ئیڤی هەردوو کارکتەرەکە ئاشنای یەک دەبن، زوو ئاشکرا دەبێت ئیڤی کچێکی شۆخە، ڤیش کارەکتەرێکە تەنیا ئەوە دەزانین دەربارەی کە دیوومانە پۆشاکی گای فۆکسی لەبەردایە و دامامکێکی پێکەنین ئامێزی پۆشیووە، بینەر هیچ لەبارەی مێژووییەوە نازانێت. کاتێک پۆلیسەکان کە هێمای دەسەڵاتن پەلاماری ئیڤی دەدەن، ڤییش وەک پاڵەوانێک؛ کچە شۆخەکە ڕزگار دەکات. بەرەی دەسەڵات، پۆلیس و پەرلامانتارەکان، هەمیشە دڵنیای ئارامی دەبەخشن، کەچی لە دەستپێکەوە ئەوان بەئاژەوەخواز و گێرە شێوانی دەستپێشخەری دەکەن، نهێنیەکە لێرەدایە ڤی کە کارەکتەرێکی نەناسراوە و یا بێ ناوە بە زنجیرە پشێووییە یەک لە دوای یەکەکانی شوڕشێک بەئەنجام دەگەینێت. واتە ئامانجی گەڕانەوەی یەکسانییە، لە کاتێکدا ئەوانەی بانگەشەی ئارامی دەکەن ئەو بەوە تاوانبار دەکەن کە ئاژوە گێڕە، بۆیە هێمای”ئەو” ی بۆ بەکاردەهێنین. یانی وەک پارچەیەکی دەرە خۆ وێنای دەکەن، بە دوژمن دەیناسێنن. ئیدی لێرەوە پلۆتی کارەکە سەبارەت بە ئانارشیزمێک هەنگاو دەنێت.
سی خولەکی ناوەڕاستی فیلمەکە سەرپێخستنی مێژووییەکە تیایدا دڕەندەیی هەموو مرۆڤی خوار کردووە، بینەر درک بەوە دەکات کە ڤی ئازار دراوە و، تێکڕای زیندانییەکانی تریش بە هەمان شێوە ئەشکەنجە دراون، بەزمانێکی تر ئەوان وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە، هەر بۆیە ڤی کە کاراکتەری سەرەکی فیلمەکەیە، ڕێگەیەک بۆ یاخبوون دەدۆزێتەوە، ئەو یاخیبوونەش سەر دەکێشێت بۆ ڕێگەیەک لە شۆڕش و، لەوێوەوە زیندانییەکان ئاسانکارییان بۆ دەکرێت تا لە قەفەزەکانیان هەڵبێت، پاشان ڤی بۆ بینەران وەک کاراکتەرێکی نەیار بە دژی حوکمەتی فاشیست بیری لێدەکرێتەوە، بەرەو بڵێسەی ئاگرێکی تر کە دەتوانین ناوی بنێین “شۆڕش” سەر دەکێشیت. بۆیە دەتوانین لە ژێر کاتیگۆری شوڕشدا دایبنێین، چونکە هەرچۆنێک بێت شۆڕش ماتەوزەیەکە بۆ گۆڕانکاری یان دەستاودەستی دەسەڵات، نەزمێکە لە گۆڕانی سیاسەت و شێوازێکی حوکمڕانی، ڤی جارێکی تر ئەو زیندانیکراوانە ئازاد دەکاتەوە و مافیان دەداتێ ئەوانیش دەنگی خۆیان دیاریربکەن، دیاریکردنەکەش ئەمجارە لە رێگەی پڕۆسەیەکی سیاسی ماقولانەوە نەبێت، چونكه ئەویش هەر هی خۆیانە، بەڵکو لەڕێگای وەڵامە ئەخلاقییەکانەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان بەڕاستی لەمەدا کۆڵەوارن، هەموو جۆرە شوڕێک پێناسە گشتییەکەی ئەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گۆڕانکارییە لە هێزی پێشکەوتنی ئەخلاق، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چ ئەخلاقێک؟
لەڕاستیدا، لە ئانارشیزمدا ئەخلاقێکی دیاریکراو بوونی نییە، بەڵکوو بوارێک دەڕخسێنێت تا کۆ دەنگییەک بکاتەوە یاسا، تاکوو لەو ڕێیەوە بێیتە بزوێنەری پێشکەوتن، ئەگەر لەجەوهەردا جیاوازییەک نەبێت داینامیکی شوڕش ناجوڵێت، دەبێت دوو جەمسەر یاخوود جەمسەرێکی دوو فاقی ئەنتینۆمی هەبێت. سیمبوولە گرنگەکان لە فیلمەکەدا شتێکی ترمان بیردەخەنەوە، بۆ ڤی دەرچوونە لە مرۆڤ، بەواتای شتێکە بەرزە مرۆڤەکان درکی پێدەکەن، هەموو کاتێک چالاکی حوکمەتی سەرکەووتوو لەوەدایە، وا لە تاکەکانی بکات، هەموو ئەوەنەی هەیە کاری یەک مرۆڤ نیە، یانی شاردنەوەی ئەو ڕاستییە کە بزانین مرۆڤێک خەریکە ئەمەمان پێ دەکات، ڕەنگ بێ تەنیا هەر ئەمە خاڵی حوکمەتی سەرکەوتوو نەبێت، خاڵێکی دیکەشی ئەوە بێت ئەبەدییەتی مردن تۆخ بکاتەوە و، بە ڕەهای لەپەیکەری کۆمەڵگا بدات بەوەی کاتێک ئێوە شۆڕش دەکەن کۆمەڵگاکەتان تێکدەدەن، هەرچەند ئانارشیستەکان ئەمە ناچێت بە گوێیداندا، بەڵام هەر مردنە ئەبەدییە ئەوانی کردۆتە جەمسەری دژەوە لەگەڵیاندا، یانی هەردووکیان سەرقاڵن بە دوومانای جیاواز لێکدانەوە بۆ ئەم چارەنووسە بکەن.
یەکێکیان بە ئیدعای ئەبدییەتی مردنەوە شۆڕش لە هزردا دەپوکێنێتەوە، ئەویدکەیان بە بیانووی ئەبدییەتی مردنەوە خۆی لە جەور و ستەم ڕزگار دەکات، بۆیە هەمیشە حوکمەت واستەی ئەوەی کە کاری مرۆڤێک نییە، شتەکان بەرەو سیستەماتیک و یاسای مۆدێرن دەبات، تێکڕای چارەنووسی گەلەکەی بە نادیاری دەهێڵێتەوە. ئیدی لێرەوەیە ڤیش درکی بەوە کردووە، نادیاری دەکاتە گرنگترین چەکی دەستی خۆی، تا دێت هێماکانی ناوبانگی زیاتر بەدەست دەهێنن، خەڵکی تێدەگەن بنیادی حوکمەتی نۆرسفایر مرۆڤە، ئینجا منداڵەکان هێمای ڤی دەکێشن، هێماکەش ماسکێکدا خۆی مانفێست دەکات، دووبارە دەمانگەڕێنتەوە بۆ دۆزی بێناوی، بۆ بنیاد نانی دەسەڵاتێکی کاریگەر کە بەشێوەیەکی ناڕستەوخۆ دەیەوێت حوکمەت بڕوخێنێت. “ئەو هۆزانەی کتێبی پیرۆزییان پێنەگەیشتبوو و هیچیان لەبارەی خواوەوە نەدەزانی، لێ کاتێک زانیان بەرپرسیارێتییەکەیان کەوتە سەر شان، کە خۆزگەیان دەخواست نەیان زانیبایە”. وەک لەم نموونەیەدا دەردەکەوێت لە دوایی زانینەوە بەرپرسیارەتی دەست پێ دەکات، دوو چەمکە پەیوەندییەکی پتەو دەست لەنێوانیاندا هەیە، پلاتۆش ئەمەی پشتڕاستکردۆتەوە، هەر بۆیە وتوییەتی گەمژە نازانێت کە گەمژەیە، یانی مادام نازانێت، بەرپرسیارەتییەکەشی لەسەر نیە. ڤی ناتوانێت وەک نەزانێک خۆی نیشانبدات، چونکە پڕۆتاگۆنیستە، هەموو پڕۆتاگونیستێکیش بەرپرسیارە، گەر وانەبێت، پلۆتیش ناجوڵيت، کەوابوو هەر دەبێت ببێتە چاوساغی بێ نەوایان و، هانمان بدات داوای مافی خۆمان بکەین.
گەرچی ئالان مۆر و هاوڕێکانی لەکێشە فەلسەفییەکان خەبەردار نەبوون، بەڵام لە گواستنەوەی فەلسەفەی فیلمەکەیان سەرکەوتوو بوون، ئەوان چاویان لەوە بوو، کە ڕەخنە لە لیبڕاڵیزم و سۆسیالیزمی ئازاد بگرن، بەڵام لەمەدا شکستیان هێنا، چونکە شتێک نیە لیبڕاڵیزم و سۆسیالیزمی ئازاد لە بەها دووربخاتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئانارشیستەکان ناتەبان لەگەڵی و ئەوان بە هەماهەنگ بوون لەگەڵ مارکسیزمەکان، بڕێک خۆیان بە باڵاتر دەزانن، ئەنارشیتسەکان پێگەی دەسەڵات بەکار ناهێنن بۆ سەر کەوتنی خۆیان، بەوەش ڕەنگە هێندە کۆکیش نەبن لەگەڵ مارکسیزمەکان، ئەوەی لەسەر ئانارشیستەکان ڕەخنەیە ئەوەیە لەم بێ ناوییەدا، ڕەنگە پێگەی تاک بفەوتێ، کاتێک هەمووان بەشداری کارێکن، بە تواناترینیان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتەوە سەردار و بەڕێوەیان دەبات، بەوەش ئانارشیزم جارێکی تر سەری لە کێشە دەخورێت و لەوانەیە لەگەڵ تۆتالیتاریزم و تیررۆریزمدا تێکەڵ بێتەوە. جیا لەوەش گەر بەهۆی پرسی ئەخلاق ڕزگاری بێت، جارێکی تر لەگەڵ لیبراڵیزم هاوبەشی دەکاتەوە و تەنیا ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ ڕێکخراو، سەیرە کە لایان وانەبووە ڕێکخراویش خاوەندارێتییەکەی دەکەوێتەوە دەستی تاک، تەنها تاکێک بەڕێوەی دەبات، ئیدی هێز نیە ئانارشیزم لە دەستی تۆ تالیتاریزم ڕزگار بکات،کاتێک وایە دەشێت تۆنەکەی تۆخ بێت، ڕەنگی تۆتالییتاریزمەکە زەقتر بێت، بەڵام ئاناڕشیزم لەو کاتەدا بێ وچان هەوڵدەدات کە نەبێتەوە بە تۆتالیتاریزم، دەبێت لەتاو ئەو ڕەنگە خۆی لەبەر هەتاودا بڕزێنێت، هەر بۆیە سرووشتی تاک دەکاتەوە پێوەر و ئازادی گونجاو دەبخشێتە ئەندامانی، گەر لەم تێکەڵبوونەشی لەگەڵ سۆسیالیزمی ئازاد تێوە نەگلێت، بێ شک لەگەڵ نیهلیزمدا قوڕی بۆ دەگیرێتەوە، لەوانەیە هەموو پاساوی بۆ دەرچوون لە نیهلیزم یاسا بێت، کە لە نهلیزمدا بێ هیچ پاساوێک هەموو شتێک پووچە، بەڵام لە ئانارشیزمدا بە پێی یاسایەکی ئۆرگانی وان، کەوابوو هێشتا لەناو فەلسەفەدا کێشەی ئانارشیزم یەکلانەبۆتەو و، زەحمەتە کارێکی بەو ڕەنگە لەڕووی فەلسەفییەوە جێگە بگرێت، یاخود سەر پێ بکەوێت. بەڵام هێشتا نکۆڵی لەوەش ناکرێت کە سەرداوێکی کێشە ئامێزی بیرکردنەوە دەخاتە بەر باس.
ماوەتەوە باس لەو کاتە بکەین کە ئیڤی و ڤی پێکەوە سەما دەکەن لەوێدا گرنگترین دیالۆگی فیلمەکە دەوترێت، ڤی دەڵێت گەر شۆڕشێک سەمای لەگەڵدا نەبێت، شۆڕش نیە. مەبەست لە سەما تەنیا جوڵەیە و، لەوێدا فیلمەکە دەیەوێت دەرباز بێت لە تۆمەتی داکۆکیکردن لە ئانارشی و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێمان بڵێت؛ گەر جوڵە و نەسرەوتنێک ئامانجی نادیار بوو دوای مەکەون، هەرچەند بەلای ڕاخنەگرانەوە ئەمە بێ مانایە تۆ چەند وەختە کاری بۆ دەکەیت و دوای دێیت لەخاچی دەدەیت، بەڵام ئەمە جوانترین بەشی فیلمەکەیە، دەبێت هەمیشە بزانین کە کێ قسە دەکات.
سهرچاوهكان؛
V for Vendetta (2005), by James McTeigue.
What is anarchism? https://www.britannica.com/topic/anarchism,
Dfennition of revolution https://dictionary.cambridge.org/dictionary/english/revolution.
Phaedros book by plato….
Zakir Naik Speech about tribe, https://www.aljazeera.com/amp/news/2019/8/15/outrage-in-malaysia-as-zakir-naik-suggests-