ئایە قەت دڵت شکاوە؟ یان دڵی یەکێکت شکاندووە؟
ئایە دەزانیت لەوانەیە ژیانت لە دەست بدەیت بەھۆی دڵ شکاندنەوە، یاخود کەسێکی نزیکت ژیانی لەدەست بدات بە ھۆی زویر بوونەوە ؟
زۆر جار ھەموومان بیستومانە لەژیانی ڕاستەقینەدا یاخود لەچیرۆک و فلیمە سینەماییەکاندا، دووکەس کە زۆر پەیوەست بوون بەیەکتریەوەو یەکتریان زۆر خۆش ویستووە، کەیەکێکیان ژیانی لەدەستداوەو مردووە، یاخود بەھۆکارێک دوورکەوتۆتەوە، خۆشەویستەکەشی دوای ماوەیەکی کەم ژیانی لە دەستداوە یاخود باری تەندروستی تێکچووە. زۆربەمان لەوانەیە وامان زانیبێت ئەوانە تەنیا خەیاڵ و ئەفسانەن، یاخود قسەی پیر و پیرێژنن و لەواقیعدا بوونی نیە، بەڵام لەم سەردەمەدا ، توێژینەوە زانستیەکان سەلماندویانە کە نەخێر ئەو حاڵەتە ئەفسانە و خەیاڵ نیە، واقیعێکەو ڕاستیەکی زانستیی لەپشتە، و بەنەخۆشی “دڵی شکاو “یاخود “تاکوتسۆبۆ” یاخود بەئینگلیزی ( broke heart syndrom) ناسراوە.
_تاکوتسۆبۆ _ ووشەیەکی یابانییە کەبە جۆرە گۆزەیەک دەگوترێت کە بەکاردێت بۆ ڕاوکردنی ماسی. بۆ یەکەم جار ئەم ووشەیە بەکارھێنراوە لەو حاڵەتەدا، چونکێ سکۆڵەی چەپی دڵی توشبوو بەم نەخۆشییە شێوەی ئەو جۆرە گۆزەیە وەردەگرێت، بۆیە پزیشکەکان دڵی نەخۆشەکەیان بەو گۆزەیە شوبھاندووەو ناوەکەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. نەخۆشی “دڵی شکاو” یەکێکە لەو نەخۆشییە سەیرانەی کە دووچاری مرۆڤ دەبنەوەو نەخۆشیەکی ڕاستەقینەشە، نیشانەکانی زۆر لە جەڵتەی دڵ دەچێت و تووشبوو پێی، ھەست بە قورسی لە سەر سنگی دەکات، لەگەڵ ھەناسە تووندی، کێشەکە کاتێک ڕوودەدات کە باری دەروونی ناجێگیر دەبێتە ھۆی لاوازی ماسولکەکانی دڵ ، کەلەوانەیە بەھۆی زەبرێکی دەروونی لەپڕ، یاخود بێتاقەتیەک و غەمێکی زۆر، یاخود خەمۆکیەکی قوڵەوە توشی بین.
پزیشکەکان و توێژەرەوەکان ھۆکاری ئەم حاڵەتە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لەکاتی دڵشکاندندا یاخود خەمی زۆر ، ڕێژەی ھۆرمۆنی ئەدریناڵین زیاد دەکات لە لەشدا ،کە ئەمەش وا دەکات خوێنبەرەکانی دڵ تەسک ببنەوەو کەمتر خوێن بڕوات بۆ ماسولکەکانی دڵ . لەھەندێ جاردا سکۆڵەی چەپی دڵ گەورە دەبێت کەکاریگەری ھەیە لەسەر پاڵپێوەنانی خوێن بۆ بەشەکانی تری لەش.
کێ تووشی دەبێت ؟
– ڕێژەی ژن زیاترە لەپیاو .
– زۆربەی جار لەتەمەنی مامناوەند ، یان پیرەکان .
– زۆربەی جار ئەو کەسانەی تووشی دەبن ھیچ جۆرە نەخۆشیەکی دڵیان نیە و نەیان بووە.
– ئەو کەسانە توشیان دەبێت زیاتر کە یەکێکی نزیک لەدەست دەدەن ، یاخود لە دوای جیابوونەوە ی دوو ھاوسەر یاخود دوو خۆشەویست ، ئەوانەی توشی داڕمانی ئابووری لە پڕ دەبن ، یان ھەر حاڵەتێک کە بارێکی دەروونی خراپت بۆ دروست کات و نەتوانیت کۆنتڕۆڵی کەیت.
(لەبەر ئەوەی نیشانەکانی زۆر لە جەڵتەی دڵ دەچێت، ھەر نەخۆشێک ئەو نیشانانەی ھەبوو ئەبێت بە ھەند وەربگیرێت و بە زووترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانە ، پشکنینی خوێن و ھێڵکاری دڵی بۆ بکرێت بۆ جیاکردنەوەی حاڵەتەکە لە جەڵتەی دڵ . ھەندێک جار لەڕێگای پشکنینی تیشکی ملەوەنی خوێنبەرەکانی دڵ دەبینرێت کە سکۆڵەی چەپی دڵ کەمێک گەورەترە لە حاڵەتی ئاسایی ، وە سستی دەبینرێت لە پاڵپێوەنانی خوێن لەلایەن دڵەوە بۆ بەشەکانی تری لەش بەھۆی لاوازی ماسولکەکانی دڵەوە ).
ئەمانە لایەنە زانستیەکەی ئەم بابەتە بوو، بەڵام لایەنە دەروونیەکەی و کۆمەڵایەتیەکەی زۆر گرنگەو دەبێت گرنگی پێبدرێت، ھەر بۆیە لەکاتی ڕوودانی باری دەروونی ناخۆش یان ڕوودانی کارەساتی وەکو مردن یان جیابوونەوە دەبێت ھەر ئازارێک لە دڵ دا یان ھەست کردن بە تووندی لەسەر سینگ بە ھەند وەربگیرێت و پشتگوێ نەخرێت و ئەگەر کەسێکی نزیکت یان ھاوڕێیەکت ئەو حاڵەتەی ھەبوو تادەتوانی پاڵپشتی بیت و ھاوکاریکەیت.
ھەندێک جاربەکارھێنانی ھەندێک دەرمان و چارەسەر پێویستە بۆ کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و ھەروەھا بۆ کەم کردنەوەی پەستانی سەر دڵ . ئەگەر نەخۆش نیشانەکانی بەردەوام بوو ئەوە وەرگرتنی ڕای پسپۆر و پزیشکی دەروونی بۆ کۆتایی ھێنان بە غەم و ناخۆشی لە دەست چوون، وجێگیر کردنی باری دەروونی کەسەکە پێویستە. باشتر وایە وا لەو کەسە بکرێت کە بە تەواوەتی غەمەکانی دەڕبرێت و بە ھیچ شێوەیەک نەیشارێتەوەو بە تەواوەتی کاتی تەواو بدات بە خۆیی بۆ لەبیرچوونەوەی ئازارەکان وغەمەکانی و لەدڵیا ھەڵینەگرێت ، و ڕێگا چارەکانی بخرێتە بەردەم بۆ کۆنترۆڵکردنی غەم و خەفەتەکانی.
مرۆڤ لەوانەیە چەند مانگێکی بوێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لە دیاردەی دڵ شکاندن ڕزگاری بێت، وەتوشبوون پێی جارێک ئەوە ناگەیەنێت جارێکی تر لەوانەیە توشی بیتەوە. نەخۆشی “دڵشکاندن ” نەخۆشیەکی دەگمەنە بەڵام بوونی ھەیە و ڕاستییەکی زانستییە، ھەر بۆیە پێش ئەوەی دڵی یەکێک بشکێنیت ھەزار جار بیرکەرەوە چونکێ لەوانەیە لە دەستی بەیت بۆ ھەتا ھەتایە.