کتێبی سیاسەتی ئەرستۆ بەرهەمێکی گرنگە لە فەلسەفەی سیاسیدا، کە تێڕوانینێکی سەرنجڕاکێش لەنێو دیدگای فەیلەسوفاندا دروست دەکات سەبارەت بە ڕۆڵی یاسا لەم چوارچێوەیەدا. “سیاسەت”ی ئەرستۆ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی پێش زاین، یەکێکە لە بەرهەمە سەرەکیەکانی فەلسەفەی سیاسی. ئەرستۆ لە ساڵی ٣٨٤ پێش زایین لە مەقدۆنیا لەدایک بووە، لە دەوروبەری تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەڕواتە ئەسینا و ٢٠ ساڵ لە ئەکادیمیای ئەفلاتون بەسەر دەبات، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ مەقدۆنیا و فێری ئەسکەندەری مەکدۆنی بێت. “سیاسەت” لە قۆناغێکی گەورەی مێژوویی پەرەسەندنی یۆنانی کۆن نوسراوە، بە سوود وەرگرتن لە شیوازە جۆر بە جۆرەکانی دەوڵەتە شارەکانی یۆنان، بەدواداچون بۆ فۆڕمە جیاوازەکانی حکومەت کراوە. لەم لێکۆڵینەوەدا، ڕۆڵی یاسا خاڵی سەرەکی باسەکەمان دەبێت.
“سیاسەتی ئەرستۆ، بوونیادنانی لەسەر ئێتیکی نیکۆماکی”
سیاسەتی ئەرستۆ لەسەر بنەمای کارەکانی لە کتێبی “ئیتیکی نیکۆماکی” دامەزراوە، کە کۆمەڵە لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر چەمکی ژیانێکی باش. بەدواداچون بۆ ئەو ڕێگایانە دەکات کە دامەزراوە گشتیەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئاسانکردنی ئەو ڕەفتارانەی لە ئیتیکی نیکۆماکی باسکراوە. ئەرستۆ پەیوەندیەکی نزیکی لەنێوان ئەخلاق و سیاسەتدا دەبینی، ئاماژەی بەوە دەدا لێکۆڵینەوە لە سیاسەت بەشێوەیەکی سرووشتی شوێن لێکۆڵینەوەکانی ئەخلاق دەکەوێت؛ “لەو شوێنەی دیاریمان کرد چۆن تاک دەتوانێت ژیانێکی باش بژی، ئەوە ڕۆڵی سیاسەت ئەوەیە یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی بارودۆخێک کە دەرفەت بە بەدیهاتنی ئەمە بدات.” زۆرێک لە باسەکانی نێو “سیاسەت” لەسەر بنەمای ئەو چەمکانە دامەزراوە کە لە ئیتیکی نیکۆماکیدا هەیە. بۆ نموونە، دەقی پێشوو باسێکی بەرفراوان لەسەر پێناسەی دادپەروەری لەخۆ دەگرێت، کۆمەڵە بابەتێک دەگرێتەوە هەر لە دابەشکردنی دادپەروەریەوە تا یەکسانی، یەکێک لەو بابەتانەی باس کراوە جیاوازی نێوان بوون بە کەسێکی باش لەگەڵ بوون بە هاووڵاتیەکی باشە: هاووڵاتییەکی باش لای ئاساییە بەپێی یاسا ستەمکارەکان ڕەفتار بکات، لە کاتێکدا کەسێکی باش دەتوانێت هەست بە پابەند بوون بکات بە نەکردنی ئەو کارانەوە، ئەم باسە لە بەریەککەوتنی نێوان تاک و دەوڵەتەوە، سەرنج دەخاتە سەر سرووشتی یکگرتنی ئەخلاق و سیاسەتی نیکۆماکی.
“پێناسەکردنی دادپەروەری”
سیاسەتی ئەرستۆ لەسەر بنەمای پێناسەی دادپەروەری دامەزراوە کە لە کتێبی پێنجەمی ئیتیکی نیکۆماکیدا هاتووە. چەمکی دادپەروەری لە پابەندبوونی بۆ یاسا تێدەپەڕێت و ئاماژەیە بۆ ئەو کردەوانەی لەگەڵ کۆمەڵێک بەهادا یەکدەگرنەوە. لە ئیتیکی نیکۆماکیدا، چەمکی دادپەروەری بەگوێرەی پەیوەندی لەگەڵ دادپەروەری دەوڵەتە شار و دادپەروەری تاکەکەسی باسکراوە. دواتر جیاوازی دەکات لەنێوان هەستی تەواوەتی دادپەروەری کە نمونەی فەلسەفەی دادپەروەریە و، هەستی بەشەکی دادپەروەری کە دەتوانێت لەڕێی پەیوەندی بە یاسای دەوڵەتە شارەوە دەرببڕدرێت. دادپەروەری بەشەکی لەم دەقەدا جیاکراوەتەوە بۆ چەمکەکانی دادپەروەری دابەشکردن و دادپەروەری چاکسازی. ئەرستۆ ئاماژە بەوە دەدات ئەم چەمکانە بەشێوەیەکی جیاواز بەکاردەهێنرێن بەپێی دەستوری دەوڵەتە شارەکان. هەروەها جیاوازی لەنێوان دادپەروەری سرووشتی و دادپەروەری دەستکرد دەکات. دادپەروەری سرووشتی بە جێگیر دادەنرێت لەکاتێکدا تاکەکانی دەوڵەتە شارەکان لەوانەیە جۆری جیاوازی دادپەروەری دەستکرد بەکاربهێنن. بەدواداچون و بەراوردکردنی شێوە جیاوازەکانی حکومەت بۆ دیاریکردنی سیستمێکی نمونەیی بابەتی سەرەکی سیاسەتی ئەرستۆ پێکدەهێنێت.
“پێناسەکردنی دەوڵەت”
ئەرستۆ لە کتێبی چوارەمی سیاسەتدا، سێ توخمی بنەڕەتی پێویست بۆ پێکهێنانی دەوڵەت دەستنیشان دەکات، کە بریتین لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری. زۆرێک لەو جیاوازیانەی ئەرستۆ لە دەستورە جیاوازەکاندا دەستنیشانیان دەکات، پەیوەندیان بە ڕێوشوێنە جیاوازەکان هەیە بۆ ڕێکخستنی ئەم دەوڵەتە شارانە. پاشان ئەم تیۆرە پەرەی پێدرا بۆ تێگەشتنی نوێ لە جیاکردنەوەی پێویستنی دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی دیموکراسیەتی لیبڕاڵیدا. بەڵام لە “سیاسەت”دا، جیاکردنەوەی ئەرستۆ بۆ ئەم کردەوانە یارمەتیدەر بوو لە هەڵسەتگاندنی بەهای چوارچێوە دەستوریە جیاوازەکان.
“جیاکردنەوەی یاسا لە دەستوور”
یەکێک لە جیاکاریە ڕوونەکان لە “سیاسەت”دا کرابێت جیاکردنەوەی یاسایە لە دەستوور. دەستوور لەم کتێبەدا پێناسە کراوە بە ڕێکخستنی ئەرکە سەرەتاییەکانی حکومەت و بەشە پێکهێنەرەکانی دەوڵەت و ئامانجەکانی. یاسا بەرتەسکتر پێناسە کراوە بەوەی بریتییە لە کۆمەڵە ڕێسایەک کە پەیوەندیدارە بەم چوارچێوە دەستووریەوە. ئەم پێناسانەش جیاوازن لە زۆرینەی ئەو پێناسانەی کە لە ئێستادا بۆ یاسا و دەستوور کراوە. دەستور بە کۆمەڵە بنەمایەکی بنەڕەت دادەنرێت کە سیستمی یاسای وڵاتێکی لەسەر بوونیاد نراوە. ئەم پێناسەیەی ئەرستۆ دەستووری وەک بنەمای سەرەکی ڕێکخستنی دەوڵەتە شار داناوە، لە کاتێکدا یاسا، لەم دەقەدا، تەنها کۆمەڵێک ڕێسان کە قەدەغە و ڕێگری لە ئەنجامدانی کۆمەڵێک کردەوەی دیاریکراو دەگرن. لە کتێبی پێنجەمدا، ئەرستۆ ئەو فۆڕمە دەستوورییە سیاسیانەی لە کتێبی پێشودا دەستنیشان کراون، بەم ڕیزبەندیە ڕیزی دەکات، بەپێی باشترین بۆ خراپترین: (حکومرانی، ئەرستۆکراتی، پاشایەتی، دیموکراسی، ئۆلیگارکی و ستەمکاری.) لەنێو ئەم دەستوورە جیاوازانەدا، ئەرستۆ ستەمکاری بە خراپترین بژاردە دادەنا، کە تاکە کەسێک تەنها لەپێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی حوکمرانی حکومەتەکەی دەکات. حوکمرانی دیموکراسیشی بە باشترین فۆڕم دانابوو. یەکێک لەو هۆکارانەى ئەرستۆ لایەنگری ئەم سیستەمە بوو، زۆر پشتی بە حوکمرانی دیموکراسی بەستبوو، بنەمای “دانایی بە کۆمەڵ” بوو. کە پشت بەو بیرۆکەیە دەبەستێت گروپێکی گەورە، گەرچی مەرج نییە شارەزا بن لە بابەتێکدا، بەڵام دەکرێت بگەنە ئەنجامێکی باشتر بەراورد بە تاکە کەسێکی شارەزا. ئەم تیۆرە، لە چوارچێوەیەکی حکومیدا، ناکۆکە لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەی لە کۆماری ئەفلاتوندا خراوەتە ڕوو کە تێیدا ڕوانگەی تاکە پسپۆرێک باشتر دادەنێت وەک لە گرووپێکی گەورەتر لە پڕۆسەی بڕیارداندا. ئەرستۆ یەکەم فەیلەسوف بوو چەمکی دانایی بە کۆمەڵی پێناسە کرد، لەو کاتەوە مشتومڕی زۆری هەڵگرت سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت، هەر لە تیۆرەکانی دەستەی سوێندخواردنەوە تاکوو خەمڵاندنی چەندایەتی.
“حکومەتی تێکەڵاو”
بابەتێکی دیکە لە سیاسەتی ئەرستۆدا باس دەکرێت بیرۆکەی حکومەتی تێکەڵە، حکومەتێک کە پێکهاتەکانی چوارچێوە دەستوورییە جۆراوجۆرەکان کۆدەکاتەوە. ئەرستۆ لە چوارچێوەی دیموکراسی و ئۆلیگارکیدا باس لەم بابەتە دەکات، بە تێکەڵکردنی ئەم دووانە لە سیستمێکدا چیتر ناتوانرێت هەر یەکەیان بە تەنها وەک دەستوورێکی سەربەخۆ دابنرێت. زۆرێک لە وڵاتانی مۆدێرن جۆرێک لە حکومەتی تێکەڵاو بەکاردەهێنن، وەک بەڕیتانیا بە سیستمی پاشایەتی و ئەمریکا بە کۆمار. یەکێک لە سوودەکانی حکومەتە تێکەڵەکان کە ئەرستۆ باسی دەکات، زیادکردنی سەقامگیرییە، لە ڕێگەی ئەو چاودێری و هاوسەنگیانەی لەلایەن دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتەوە دابین دەکرێن.
“بەرپرسیارێتییەکانی حکومەتی یاسادانان”
ئەرستۆ لە کتێبی چوارەمدا پێنج بەرپرسیارێتی حکومەتی یاسادانان دەخاتە ڕوو. ئەم بەرپرسیارێتییانە پەیوەندییان بە بڕیاری سەربازی، هاوپەیمانی سیاسی، یاسادانان، سزا جۆراوجۆرەکان و دانانی بەرپرسانی گشتییەوە هەیە. بەشێوەیەکی گشتیتر بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری حکومەت دیاری دەکات. هەرچەندە بیرۆکەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان نەخراونەتە ڕوو، بەڵام هەمان مەبەست دەیگرێتەوە کاتێک وەسفی سیستمێک دەکات کە تێیدا گرنگیدەدات بە دەستەبەرکردنی سەقامگیری و کارکردن بۆ دوورکەوتنەوە لە چەسپاندنی دەسەڵات لەدەستی یەک سیاسەتمەدار یان دامەزراوەیەکدا.
“ڕۆڵی یاسا”
بیرۆکەی بنەڕەت لە سیاسەتی ئەرستۆدا ئەوەیە، سیستمێکی باش داڕێژراو دەتوانێت چوارچێوەیەک بۆ کۆمەڵێک یاسا دابنێت تاکوو بەها ئاکاریەکان دروست بکات. ئەمەش بە پێچەوانەی فەلسەفەی ئەفلاتونەوە کە دەڵێت: پێویستە دەوڵەت-شار لەلایەن تاکەکانەوە بەڕێوەبچێت. لەکاتێکدا ئەرستۆ لەگەڵ ئەمەدا نەبوو، چونکە دەسەڵات و کاریگەری تاکەکان دەتوانێت حکومەتی دەوڵەتە شار ناسەقامگیر بکات. ئەمەش پەیوەندی بە یەکێک لەو هۆکارانە هەیە کە ئەرستۆ لە سیاسەتەکەیدا، سیستمی حکومەتی تێکەڵاوی لە دیموکراسی پێ باشتر بوو. ئارگیومێنتی بۆ ئەمەش ئەوەیە کە مەترسی ئەوە هەیە دیموکراسی بگۆڕێت بۆ ستەمکاری کاتێک دیماگۆگەکان دێنە سەر دەسەڵات. بۆیە کاتێک لە ژێر حکومەتێکدا چاودێری و هاوسەنگی زیاتر هەبێت، تاک کەمتر دەگاتە پێگەیەک کە لە سەرووی سەروەری یاساوە بێت. ئەرستۆ باسی لەوەشکرد، باشترە دەوڵەت بە یاسا بەڕێوەبچێت نەک لەلایەن هاووڵاتیانەوە. لەو حاڵەتانەی کە پێویستە دەسەڵاتێکی باڵا هەبێت، دەبێت ملکەچی یاسا ببن. هەرچەندە دەستەواژەی “سەروەری یاسا” تا سەدەی ١٦ لە بەریتانیا نەهاتە ئاراوە، بەڵام ئەو پرەنسیپەی کە هەموو تاکەکانی ناو دەوڵەتێک ملکەچی یاسان، بنەمایەکی سەرەکی فەلسەفەی سیاسی ئەرستۆیە.
“دامەزراندنی سیستمی دەستووری”
ئەرستۆ لە کتێبی پێنجەمی سیاسەتدا کۆمەڵێک هەنگاو بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دەستووری دەخاتە ڕوو. لە کتێبی چوارەمدا ئەرستۆ باسی هەندێک لەو هۆکارانە کردووە دەتوانن ببنە هۆی ناسەقامگیری لە دیموکراسی و ئۆلیگارکی و ئەرستۆکراتیدا، ئەو ئامۆژگاریانەی لە کتێبی پێنجەمدا پێشکەش دەکرێن ئامانجیان کەمکردنەوەی ئەم ناسەقامگیرییە. یەکێک لەو ئامۆژگاریانەی لەم بەشەدا سەرنجی دەخاتە سەر، یەکێکە لە جیاوازییە گەورەکانی فەلسەفەی سیاسی لە نێوان سیاسەتی ئەرستۆ و کۆماری ئەفلاتوندا. لە کۆماری ئەفلاتوندا باس لە چەمکی درۆی بەرز دەکرێت و ئەو ئارگیومێنتە دەخرێتەڕوو کە هەندێکجار پێویستە دەوڵەتێک درۆ لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی بکات. بەڵام فەلسەفەی سیاسی ئەرستۆ لەگەڵ ئەم بۆچوونە جیاوازە، لەبری ئەوە دەڵێت، پێویستە حکومەتێک خۆی لە چەواشەکردنی هاووڵاتیانی خۆی بەدوور بگرێت چونکە بە ئەنجامدانی ئەو کارە ڕەنگە ناسەقامگیری زیاتر بکات. جگە لەوەش ئەرستۆ دەڵێت،: ئەو بەرپرسانەی بەهۆی ڕاستگۆییانەوە ناوبانگ بەدەست دەهێنن، پێویستە پاداشتیان بدرێتەوە. بەڵگە نەویستە کە ڕاستگۆیی و دەستپاکی بە بنەڕەتی سیستمی سیاسی سەقامگیر دادەنرێت. سەرچاوەی زۆرێک لەو بیرۆکانەی کە لە سیاسەتدا خراونەتە ڕوو، بریتیە لە چەمکی گرێبەستی کۆمەڵایەتی کە تێیدا سەقامگیری پەیوەستە بە ڕێککەوتنی ماف و بەرپرسیارێتی نێوان تاکەکان و دەوڵەتەوە.
“کاریگەری بەردەوامی سیاسەتی ئەرستۆ”
دوای هەزاران ساڵ لە بڵاوبوونەوەی سیاسەتی ئەرستۆ، بە سەرچاوەی سەرەکی بناغەی زۆرێک لە بەرهەمە مۆدێرنەکانی فەلسەفەی سیاسی کە لە پاشیدا هاتوون دادەنرێت. مشتومڕەکان لەسەر چەمکەکانی وەک “سەروەری یاسا” و “سەقامگیری دەستوور” لە چوارچێوەی مۆدێرندا گرنگییەکی زۆریان هەیە. لەپاڵیشیدا کۆماری ئەفلاتون وەک یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە تیۆریەکانی فەلسەفەی سیاسی لە کۆنەوە دادەنرێت، ئەو بۆچوونە جیاوازانەی لە سیاسەتدا دەربڕدراون، ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی بیری سیاسییە لە ئەسینای کلاسیکیدا. ئەم بەرهەمانەش پێکەوە کۆمەڵێک ڕوانگە دەخەنە ڕوو کە دەبنە بنەمای گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی مۆدێرن لە تیۆری سیاسی پێکهێنراودا.