به‌رایی:
له‌ڕاستیدا یادکردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان ته‌نها بیانوویه‌کن بۆ دوان و قسه‌کردنی زیاتر له‌سه‌ر لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ڕووداوێک و، مه‌رج نییه ئێمه به ئاڕاسته‌یه‌کی کڵێشه‌یی و پێشوه‌ختدا به‌رن و هه‌میشه خیتاب و ڕیتۆریکێکی دووپاته و نابهرههمهێنمان بخاته به‌رده‌م. کۆماری کوردستان له مه‌هاباد خاڵی دره‌وشاوه‌ی ده‌رکه‌وتی ئیراده‌ی سیاسیی کورده له مێژوودا، ئیراده‌یه‌ک که کوردی باشووریش تێیدا به‌شدار بووه و ڕۆڵی گێڕاوه، ئه‌مه پیشانده‌ری ئه‌وه بووه که خه‌بات و خه‌ونیان به هیچ شێوه‌یه‌ک دابڕاو نه‌بووه له یه‌کتر، له کات و ساتێکدا که له باشووری کوردستان ڕابوون و شۆڕش له ئارادا بووه و مه‌لا مسته‌فای بارزانی به گژ ڕژێمی ئێراقدا هاتووه و کاتی خۆیشی هاوکار و هاوپشتی شێخ مه‌حموودی نه‌مر بووه، هیچ کات خه‌بات و شۆڕشی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی پشتگوێ نه‌خستووه، هه‌ر بۆیه له کاتی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان بارزانی و هاوه‌ڵان و چه‌کداره‌کانی کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی و پته‌وی سوپا و له‌شکری کۆماری کوردستانیان پێک هێنا و تا دواساته‌کان به‌رگرییان له کیان و سومعه‌ی ده‌وڵه‌ته ساوا خۆنهگرتووهکه کرد، به‌ڵام ئیتر به‌هۆکاری جۆراوجۆر بوو به نسکۆ و به ناچاری دیسان چاره‌نووسی کورد که‌وته لێژی مێژووه‌وه.
ئه‌گه‌رچی تا ئێسته ئاسۆی هیوای کورد هه‌ر گه‌ش و دره‌وشاوه‌یه، لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم خه‌سارناسییه‌کی کورتی که‌وتنی کۆمار هه‌م له سۆنگه‌ی به‌شێک له گێڕانه‌وه‌کانی هه‌ژار موکریانی له کتێبه‌که‌ی واته “چێشتی مجێو‌ر”دا بده‌م به ده‌سته‌وه و هه‌میش ئاماژه به هه‌ندێ ڕووکار و بوونیادی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و کولتووری بکه‌م که هۆکارێکی گرینگ بوون له دیاریکردنی چاره‌نووسی کۆماری کوردستان و بێگومان خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌یان بۆ ئێسته‌ی ئێمه زۆر به‌سوود و ڕوونکه‌ره‌وه ده‌بێت.
“پاژێک له مێژوو، له زمانی هه‌ژار موکریانییه‌وه”
77ساڵ پێس ئێستا کۆماری کوردستان له مه‌هاباد به‌هۆی پشتێکردنی ناوخۆیی و خه‌یانه‌تی ده‌ره‌کی و دیکتاتۆرییه‌تی ده‌وڵه‌تی ئه‌وکاتی ئێران که‌وت و “قازی محه‌مه‌د”ی پێشه‌وا و هاوه‌ڵانی خۆیان ته‌سلیمی هێزه‌کانی ئێران کرد، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵینه‌ی که نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت دایان بوو پێشه‌وای نه‌مر له‌گه‌ڵ سه‌دری قازی و سه‌یفی قازی له مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباددا له‌سێداره دران. بێگومان یه‌کێک له هۆکاره‌کانی شکستی کۆمار و قوربانی بوونی قازی و هاوڕێیانی نه‌بوونی یه‌کگرتوویی و ڕۆحی یه‌کانگیریی و به‌پێی ئه‌وه‌ش خه‌یانه‌تی هه‌ندێک خان و سه‌رۆک خێڵ بوو، مامۆستا هه‌ژاری موکریانی له “کتێبی چێشتی مجێو‌ر”ل 84-85دا پاش باسکردنی گیرانی خۆی ده‌ڵێت:-“سه‌روان بێداربهخت ڕۆژێک هات و وتی ئازادن. تێگه‌یشتم که به‌ردانی ڕاسته‌قینه نییه و هه‌ر ده‌مگرنه‌وه. چوومه مه‌نزڵی حه‌مه‌ده‌مین ئاغا و قاسم ئاغا له سه‌قز که هه‌ر دووکیان برای حیزبی بوون. بۆیان گێرامه‌وه که له پاش شکانی ئازه‌ربایجان، پیشه‌وه‌ری و زۆر له داروده‌سته‌ی هه‌ڵاتوون بۆ ڕووسیه. قازیش هاتووه‌ته حه‌مامیان و بێ شه‌رت خۆی ته‌سلیمی ده‌وڵه‌ت کردووه” هه‌ژار له درێژه‌دا ده‌ڵێت:- “من به‌وانم گوت: ئێوه ناترسن؟ حه‌مه‌ده‌مین ده‌ستی بۆ سۆپه راداشت، گوتی: هه‌موو ڕۆژ گوزارشێکم نووسیوه، ڕه‌نگه پڕ به‌و سۆپهیه بن. من هه‌واڵی ده‌وڵه‌ت بووم. قاسم ئاغا گوتی ئه‌گه‌ر قازی نه‌فه‌وتابا ئێمه هه‌موو دهفهوتاین. به‌ڕاستی خه‌به‌ر و باسێکی دڵته‌زێن بوو.” هه‌ژار درێژه‌ی ده‌دات که “له‌گه‌ڵ قاسم ئاغا و حه‌مه‌ده‌مین ئاغا و ئه‌فسه‌ری سه‌رڕشته‌داری به‌ره‌و بۆکان به‌ڕێ که‌وتین. ئه‌فسه‌ری سه‌رڕشته‌داری گوتی من شاعیرم. ئاغایان گوتیان ئه‌وه‌ش شاعێره. هه‌ڵی پێچام که نموونه‌یه‌ک له شیعری خۆمی بۆ بخوێنمه‌وه و ته‌رجه‌مه‌ی که‌م. ئه‌وه‌م بۆ خوێنده‌وه که ده‌ڵێم:
ڕۆڵه نامووست وه‌ک خزمه‌کانت
نه‌ده‌ی به شه‌کر، ده‌ستم دامانت
شه‌ره‌ف گه‌وهه‌ره، قیمه‌تی نایه
ده‌ویت ڕووڕه‌شی هه‌ر دوک دنیایه
ئه‌و که‌سه پیاوه بۆ خاک و ئاوی
ڕوح دانێ و به‌چاک بمێنێ ناوی
نه‌ت بیستووه وانه‌ی سه‌رزه‌مین
مه‌ردانه مردن نه‌ک حیزانه ژین
بۆم ته‌رجه‌مه کرد، ئافه‌ریمی لێ کردم. منیش مه‌به‌ستم ئه‌و دوو ئاغایه بوو که بێ شه‌رم شانازی به خه‌یانه‌ت به گه‌لی خۆیان ده‌که‌ن.”
ڕه‌نگه ئه‌مه ته‌نها یه‌کێک له هۆکاره‌کانی که‌وتنی کۆمار بێت یان با بڵێین که‌وتنی کۆمار به‌و شێوه‌یه بێت. ئه‌گه‌ر پێکهاتی کۆمه‌ڵایه‌تی و وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی له ناو خان و ئاغاواتهکاندا به‌و ڕاده‌یه به‌هێز بایات که له چوارچێوه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌ییدا چالاکییان کردبا ئه‌وکات ئه‌و ئاغایانه فه‌وتانی قازی‌یان به نیشانه‌ی ڕزگاریی خۆیان نه‌ده‌زانی. بێگومان ئه‌مه ڕوویه‌کی کۆماره و ده‌بێت وانه‌ی لێ وه‌رگرین، ڕوو و لایه‌نی دیکه‌ی کۆمار ئاماده‌یی ئیراده و خواستێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه له باشووری نیشتیمان له ژێر ئاڵای کۆمار‌دا که لووتکه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سهربووردهیهیه که له زمانی هه‌ژار موکوریانیدا گێڕامه‌وه. ئه‌ویش ئاماده‌یی مه‌لا مسته‌فا بارزانیی نه‌مر و هێزه‌کانی بارزانه بۆ پشتگیری و پاڵپشتیی ئه‌م پارچه ڕزگاربووه‌ی کوردستان له چوارچێوه‌ی کۆماره شیرینه ساواکه‌دا، با چاو له به‌ڵگه مێژووییه‌کانی ئاماده‌یی بارزانی له مه‌هاباد و تێکه‌ڵبوونی ڕۆحی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات له ڕۆژنامه‌ی کوردستان ئورگانی فه‌رمیی حیزبی دیموکرات و کۆماری کوردستان بکه‌ین.
“پاژێک له مێژوو له زمانی ڕۆژنامه‌ی کۆماری کوردستانه‌وه”
ڕۆژنامەی کوردستان له ژمارەی 26و27-دووشەممە 27 ڕەشەمە و دووشەممە 5ی نەورۆز، واته 18و25 مارسی 1946 هه‌واڵی هاتنی مه‌لا مسته‌فای له به‌شی «هه‌واڵه‌کانی ناوخۆ»دا به‌م چه‌شنه هێناوه: “به‌ڕێز جەنابی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، ڕێبه‌ری کورده‌کانی بارزان، ڕۆژی 28/2/1946کاتژمێر 5ی پاش نیوه‌ڕۆ گه‌یشته مه‌هاباد. کاتێ گه‌یشته نێو باخه‌کان، ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێشوازییان لێ کرد. کاتێ مه‌لا مسته‌فا له چۆمه‌که په‌ڕییه‌وه، به ئیحترامی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، دابه‌زی و له‌م کاته‌دا ئه‌ندامانی کۆمیته هه‌نگاوه‌کانیان خێراتر کرده‌وه. له ته‌نیشت چۆمه‌که‌دا پێک گه‌یشتن. برای به‌ڕێز؛ سدیقی حه‌یده‌ری ڕێوڕه‌سمی به‌خێرهێنانی به‌جێهێنا و هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی به مه‌لا مسته‌فا ناساند. ئه‌ویش له‌گه‌ڵ هه‌موویان تەوقەی کرد و به شادی و به‌زمه‌وه به‌ره‌و نووسینگه‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیموکرات به‌ڕێ که‌وتن و رۆیشتنه نێو هۆڵی ئه‌نجومه‌نی رۆشنبیری. کاتژمێر 6ی پاش نیوه‌ڕۆ، قازی محه‌مه‌د، ڕێبه‌ری کوردستان، ته‌شریفیان هێنایه نووسینگه‌ی ناوه‌ندی و له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا دیداریان کرد. له‌و کاته‌دا، محه‌مه‌د ئه‌فه‌ندی، نووسراوێکی بۆ قازی محه‌مه‌د خوێنده‌وه که له‌ڕاستیدا قسه‌ی دڵی مه‌لا مسته‌فا و کورده‌کانی بارزان بوو، که له ڕێگای نه‌ته‌وه و نیشتمانیان کوێره‌وه‌ری زۆریان چەشتبوو. قازی محه‌مه‌دیش له وه‌ڵامدا، ئه‌وانی به حیزبی دیمۆکرات و کۆماری کوردستان هیوادار کرد.
پاشان قازی محه‌مه‌د ته‌شریفیان برده نووسینگه‌ی خۆیان و مه‌لا مسته‌فاش گه‌یشته خزمه‌تیان و بۆ ماوه‌ی دوو کاتژمێر خه‌ریکی وتووێژ بوون. مه‌لا مسته‌فا، پیاوێکی سیاسی و ڕێبه‌ری کورده‌کانی بارزانه. کوێره‌وه‌ری زۆری له ڕێگای سه‌ربه‌ستی کوردستان کێشاوه. دوژمنانی کوردستان، ئه‌و و هه‌موو هۆز و ماڵباته‌که‌یان به تاوانی ڕزگاریخوازی ئاواره کردووه. ئه‌م پیاوه، بێجگه له‌وه‌ی که فه‌رمانده‌یه‌کی مه‌زنه، پیاوێکی زۆر زانا و وریا و ژیر و بڕوادار و نیشتمان په‌روه‌ره، نێزیک به چل و پێنج ساڵی ته‌مه‌نه».
ده‌قی په‌یامی مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ قازی محه‌مه‌د و به‌رپرسانی کۆماری کوردستان له ڕێوڕه‌سمی پێشوازی که محه‌مه‌د مه‌حموود؛ راوێژکاری سیاسی بارزانی خوێندوویه‌ته‌وه:-
پێشه‌وای مه‌زن، به‌ڕێزانم
به‌ناوی کوردی له زوڵم و کۆنه‌په‌رستی و ژێرهدهستی ڕاپه‌ڕیو، به‌ناوی فه‌رمانده‌ی شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وه له بارزان، به‌ناوی خه‌بات دژ به سه‌رگه‌ردانی، به ناوی خه‌بات بۆ نه‌مانی زۆڵم و ملهوڕی، ڕۆژباش ده‌ڵێم به‌و خۆشه‌ویستانه‌ی نێو ئه‌م کوڕه که ئاڵای سه‌رکه‌وتنیان له سێ یه‌کی ئه‌م نیشتمانه مه‌زنه‌دا هه‌ڵداوه. به‌ناوی خوێنی پاکی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له گۆڕه‌پانی سه‌ربه‌ستیدا خوێنیان داوه. داواتان لێ ده‌که‌م که ئه‌م سه‌رکه‌وتن و سه‌ربه‌ستییه‌ی که به‌ده‌ستان هێناوه، بیپارێزن و گه‌شه‌ی پێ بده‌ن. به ناوی فرمێسکی چاوی بێوه‌ژنان و ئاهـ و ناڵه‌ی منداڵانی هەتیو، داواتان لێ ده‌که‌م که یه‌ک بگرن و بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌که‌تان تێکۆشن و ئابووریتان بگه‌شێننه‌وه، چاند و کولتوورتان به‌رز که‌ونه‌وه و له‌گه‌ڵ گیانی دیمۆکراتیدا ئاوێته‌ی که‌ن. به باشی له‌م سیسته‌مه دیمۆکراتییه پارێزگاری بکه‌ن، چونکه ئه‌م ڕێگایه ته‌نیا ڕێگای پێشکه‌وتن و ڕزگاری نه‌ته‌وه و نیشتمانمانه. هه‌روه‌ها ڕێگای پێشکه‌وتن بۆ هاوده‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی تره. نابێ له بیرمان بچێ که حکومه‌تی کوردستانی ئازاد، هێشتا له یه‌که‌م پله‌یه و بۆ سه‌رکه‌وتنی کوردستانی مه‌زن و ڕزگاربوونی، خه‌باتی ئێوه و پشتگیری خه‌ڵکی پێویسته. خه‌ڵکی به‌شه‌کانی تری کوردستان که دوژمنان داگیریان کردووه، چاویان به‌و ئاڵایه بڕیوه که ئه‌مڕۆ له‌م به‌شه‌دا به شنه‌ی بای ئازادی ده‌شه‌کێته‌وه. له به‌رپرسانی حکوومه‌ت داواکارم که به هانای براکانیتریانهوه که هێشتا کۆت و به‌ندی دیلییان له‌ده‌ست و پێیه، بڕۆن و رزگاریان که‌ن.
ڕێبه‌ری خۆشه‌ویست و گه‌وره‌کانم
سیاسه‌ت و ڕێبازێکی دروست و گونجاو که حیزبی دیموکراتی کوردستان گرتوویه‌ته به‌ر، ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵکی کوردی به ده‌ست هێناوه، ئاماده‌یه که له‌ڕێی رزگاری کوردستانی مه‌زندا هه‌نگاو هه‌ڵبنێ و نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ته‌واوی رزگار بکات. له‌م کاته‌دا له ناخی دڵه‌وه و به هه‌موو هه‌ست و نەستی خۆمه‌وه ده‌ڵێم که له هیچ یارمه‌تی و خه‌باتێک بۆ خزمه‌ت به گه‌وره‌ترین که‌سایه‌تی کورد، ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی که خه‌ڵکی کوردی به بیری به‌هێز و هزری به‌پێز و ڕێبه‌رایه‌تی حه‌کیمانه‌ی خۆی له ڕێگایه‌کی دیمۆکراتییه‌وه ڕزگار و سه‌ربه‌خۆ کردووه و خاوه‌نی وره‌یه‌کی به‌رز و ماندوویی نه‌ناسانه‌یه واته ڕێبه‌ری گه‌وره‌ی کوردوستان جەنابی قازی محه‌مه‌د، درێخ ناکه‌م و گیانی خۆمانی بۆ به‌خت ده‌که‌ین. وه‌رن با پێکه‌وه هاوار که‌ین:- بژی ڕێبه‌ری بێخه‌وشی کوردستان، بژی نه‌ته‌وه‌ی کوردی پابه‌ند به دیمۆکراسی، بژی حیزبی ئازادیخوازی کوردستان و حیزبی خه‌ڵک. بژی حیزبی دیمۆکرات، به‌رده‌وام بێ نیشتمانی مه‌زن و سه‌ربه‌خۆ و ئازاد، بژی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت. تا هه‌تاهه‌تایه ئازاد و به‌خته‌وه‌ر بن.
دره‌وشاوه‌یی کۆمار له یه‌کگرتوویی و هاوده‌نگیی دوو که‌سایه‌تیی دیار و ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌ی مێژوویی به ئاوه‌ها خیتاب و قسانی پوخت و پڕ ناوه‌رۆک چه‌ند قات زیاتر بووه، ئه‌مه چرکه‌ساتێکی مێژوویی دره‌وشاوه‌یه له ڕۆحی ڕزگاریخوازانه‌ی کورد که دژی هه‌موو خواست و ئیراده‌یه‌کی ته‌سلیمکارانه و خائینانه مێژووی ئێمه‌یان به خوێن و خه‌بات و قوربانی و شکست و شکۆ هه‌ر به‌پێوه هێشته‌وه و هێشتاش ئه‌و ئاڵایه‌ی که قازی دایه ده‌ست بارزانیی نه‌مر له باشووری کوردستان به سه‌ربه‌رزیه‌وه ده‌شه‌کێته‌وه و خه‌بات به‌رده‌وامه.