هەرچەندە لە دەستوورى ئێراقدا هاتووە؛ دەبێت بەرپرسانى باڵاى وڵات دەستبەردارى رەگەزنامە بیانیەکانیان بن، بەڵام تائێستا تەواوى سەرۆک کۆمارەکان و سەرۆکى حکومەت و پارلەمان و دەیان وەزیر و پارلەمانتار و باڵێوز، رەگەزنامەى دووەمیان هەیە، هەرچەندە هەندێکیان لە کەناڵەکانى راگەیاندنەوە رایانگەیاند واز لە رەگەزنامەى دووەمیان دەهێنن. بەڵام بەوتەى بەرپرسێکى وەزارەتى دەرەوە ئەوە تەنها لێدوانێکى رۆژنامەوانى بووە.
لە ماددەی هەژدەى دەستوورى ئێراقدا هاتووە؛ هەر کەسێک کە پۆستێکی سیادی، یان ئەمنی پلە باڵای هەیە، لەوانە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەکانی، ئەندامانی پەرلەمان، سەرۆکی کۆمار و جێگرەکانی و ڕاوێژکارەکانی، سەرۆک وەزیران و جێگرەکانیان، وەزیرەکان و ئەوانەی پلەی وەزیریان هەیە، پارێزگاری بانکی ناوەندی و دادوەر و سەرکردەی دەزگا ئەمنییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانى وەکو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکى ئەرکانی سوپا، دەبێت دەستبەرداری ڕەگەزنامەی دووەمی ببێت. بەڵام تائێستا ئەم بڕگەیەى دەستوور جێبەجێ نەکراوە، تەنانەت لە ساڵەکانى (2009) و (2013) و (2017)دا، ژمارەیەک لە پارلەمانتارانى ئێراق پرۆژە یاسایەکیان پێشنیازکرد تاوەکو رێگە بەو کەسانە نەدرێت کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە، پۆستى باڵا لە دەوڵەتی ئێراقدا وەربگرن، بەڵام بەهۆى دژایەتی هێزە سیاسییە باڵادەستەکانەوە، تائێستا ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند نەکراوە.
لەدواى پەسەندکردنى دەستورى ئێراق لە ساڵى (2005) تائێستا، هەریەکە لە: جەلال تاڵەبانى، فوئاد مەعسوم، بەرهەم ساڵح، لەتیف رەشید کە پۆستى سەرۆک کۆماریان وەرگرتوە، رەگەزنامەى بەریتانیایان هەبووە، لە سەرۆک وەزیرەکان هەریەکە لە ئیبراهیم جەعفەرى، ئەیاد عەلاوى، حەیدەر عەبادى، مستەفا کازمى رەگەزنامەى بەریتانیا و عادل عەبدولمەهدى رەگەزنامەى فەرەنساى هەبووە. هەریەکە لە سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی پەرلەمان: مەحمود مەشهەدانی، ئەیاد سامەڕایی و ئوسامە نوجەیفی خاوەنى دوو رەگەزنامە بوون. نەک تەنها بەرپرسە باڵاکان، بەڵکو بەوتەى ئیبراهیم جەعفەرى کە لە (2014 – 2018) وەزیرى دەرەوەى ئێراق بووە و خودى خۆى خاوەنى رەگەزنامەى بیانیە، لەکۆی (٦٦) باڵێوزى ئێراق زیاتر لە (٣٢) باڵیۆزیان دوو ڕەگەزنامەیان هەیە. تەنانەت لە کابینەکەى ئێستاى محەمەد شیاع سودانی شەش وەزیر خاوەنى رەگەزنامەى بیانین.
“بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد”
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی (2014)، نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتى ئێراق بڵاویکردەوە عەبادى دوای یەک مانگ لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، دەستبەرداری ڕەگەزنامە بەریتانیەکەى بووە. ئەم ڕاگەیەنراوەش لە چوارچێوەی وەڵامێکی ناڕاستەوخۆدا بوو بۆ نەیارانی عەبادی کە گومانیان لە یاسایی بوونی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئێراق هەبوو، لەکاتێکدا دەستبەردارى ڕەگەزنامە بەریتانیەکەی نەبووە.
لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی (٢٠١٤)، فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێراق ڕایگەیاند کە “دەستبەرداری ڕەگەزنامەی بەریتانی بووە”. لە (17ی کانونی یەکەمی 2018)، لوقمان فەیلی وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری ئێراق ڕایگەیاند، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئەوکاتى ئێراق دەستبەرداری ڕەگەزنامە بەریتانیەکەى بووە. هەروەها لە شوباتی (2020)، محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی ئەوکاتە، بەیاننامەیەکی نووسراوی بەسەر میدیا ناوخۆییەکانی ئێراقدا بڵاوکردەوە، کە تێیدا “دەستبەرداربوونى لە ڕەگەزنامەی بەریتانی”ی ڕاگەیاندبوو.
پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی د. سالم حەواس ڕایدەگەیەنێت، ڕێکارە یاساییەکان بۆ کەسێک کە دەستبەرداری ڕەگەزنامەی دووەمی خۆی بێت، ڕەنگە چەند مانگێک بخایەنێت، تەنانەت دەگاتە ئاستى ئەوەى ڕێگرى لێ بکرێت کە جارێکی دیکە بچێتە ئەو وڵاتەوە، یاخود غەرامەی دارایی بکرێت. حەواس دەڵێت:- هیچ بەرپرسێکى ئێراقی لەوانەى رایانگەیاندوە واز لە رەگەزنامە بیانیەکانیان دەهێنن، دووچارى ئەو رێکارانە نەهاتوون، تەنانەت هەموو ئەو کەسانەی دەستبەرداربوونیان لە ڕەگەزنامەی بیانی ڕاگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەکی یاسایییان نەخستۆتەڕوو کە ئەو لێدوانانەیان پشتڕاست بکاتەوە، ئەوەی ڕوویداوە تەنها ڕاگەیاندنێکی ڕۆژنامەوانی بووە، کە دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ لە شەقامى ئێراقیدا”. سەرچاوەیەک لە باڵێوززخانەی ئێراق لە لەندەن ئاشکراى دەکات، تائێستا هیچ بەڵگەنامەیەکى فەرمییان پێ نەگەیشتووە کە بیسەلمێنێت هەریەکە لە: بەرهەم ساڵح، حەیدەر عەبادی و محەمەد تۆفیق عەللاوی، دەستبەردارى رەگەزنامەى بەریتانی هاتبن، تەنانەت خۆیان و خێزانەکانیان تائێستاش هەر بە بەکارهێنانی پاسپۆرتى بەریتانی گەشت دەکەن”. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتى دەرەوەى ئێراق جەخت لە هەمان زانیارى دەکاتەوە.
لەلایەن خۆیەوە پارلەمانتار هادی سەلامی ڕایگەیاند؛ بەگوێرەى ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیدایە لێدوانى بەرپرسان بۆ دەستبەرداربوونیان لە رەگەزنامەى دووەم “تەنها بۆ پڕوپاگەندەى میدیایى و موزایەدەکردن بووە”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “لێدوانەکانی دەستبەرداربوون لە ڕەگەزنامەی بیانی ڕاست نەبوون، بۆیە دەکرێت بە تاوانی درۆکردن و چەواشەکاری دابنرێن”. بە بڕواى سەلامى، بەشێک لە بەرپرسان ڕەگەزنامەی بیانی لە ڕەگەزنامەی ئێراقی بە گرنگتر دەزانن، چونکە لەکاتى گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات ئاسانکاری زیاتریان بۆ دەکات، تەنانەت ئەگەر هاتوو دووچارى لێپرسینەوە هاتن بەهۆی گەندەڵی یان هەر تۆمەتێکی دیکە، ئەوا بەئاسانى دەرگای هەڵاتنیان بۆ دەکاتەوە”.
“رەگەزنامەى بیانى و هەڵاتن لە دادگا”
پرسی ڕەگەزنامەی دووەمی بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئێراق، پەیوەندییەکى تووندوتۆڵى بە پرسی بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى لە وڵاتدا هەیە، چونکە پارێزبەندییەکى یاسایى بۆ ئەو کەسانە دروستدەکات، بەتایبەتى دوای ئەوەی ئێراق بەجێدەهێڵن و بەرەو ئەو وڵاتانە دەڕۆن کە ڕەگەزنامەکەیان تێیدا بەدەستهێناوە. بەهۆی ئەوەی زۆربەی بەرپرسانی ئەمڕۆی ئێراق لە سەردەمی حوکمڕانی سەدام حسێندا لە بەریتانیا نیشتەجێ بوون، ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان بەدەستهێناوە. بەڵام بەرپرسانی دیکەى ئێراق کە پۆستی هەستیار و گرنگیان هەبووە، ڕەگەزنامەی وڵاتانى دیکەشى تێدایە و تائێستا دەستبەردارى نەبوون، دیارترینیان ڕەگەزنامەی فەرەنسی، ئەمەریکی، ئێرانی، کەنەدی، ئوسترالی و سویدییە. هەندێکی تر زیاتر لە رەگەزنامەیەکیان هەیە، وەک ئەیاد عەلاوی سەرۆک وەزیرانی پێشوو کە خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی بەریتانی و لوبنانی بوو.
لەماوەى ساڵانى رابردودا، ژمارەیەک لە بەرپرسانى ئێراق لە ئاستى وەزیر و پارێزگار، دواى تۆمەتبارکردنیان بە گەندەڵى، سوودیان لە رەگەزنامە بیانییەکانیان وەرگرتوە و ئێراقیان بەجێهێشتووە. یەێک لە دیارترین نموونەکان حازم شەعلانە کە لە ساڵى (2004) لە کابینەکەى ئەیاد عەلاوى پۆستى وەزیرى بەرگرى وەرگرت، دواى تۆمەتبارکردنى بە تێوەگلانى لە دۆسێیەکى کڕینى چەکى ساختە بەبڕى (800) ملیۆن دۆلار، ئێراقى بەرەو ئوردن و پاشان بەریتانیا بەجێهێشت، چونکە هەڵگرى رەگەزنامەى بەریتانی بوو، دادگاش بە غیابی سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند، بەڵام ناوبراو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت لەبەرئەوەى دژى دەستێوەردانى ئێران بووم، ئەو تۆمەتەیان بەسەردا سەپاندم.
یەکێکى دیکە لە بەرپرسە دیارەکانى ئێراق کە بەهۆى رەگەزنامە بەریتانییەکەى هەڵات، عەبدولفەلاح سودانى وەزیرى بازرگانى بوو لە کابینەى یەکەمى نورى مالیکى لەنێوان ساڵانى (2006 – 2009)، ئەو بە سێ دۆسیەى گەندەڵى تۆمەتبارکرا و دادگا سزاى (21) ساڵ زیندانى بەسەردا سەپاند، بەڵام لە ساڵى (2009) بەرەو دەرەوەى ئێراق هەڵات، لە مانگى ئەیلولى (2017) لەلایەن پۆلیسى نێودەوڵەتى (ئەنتەرپول) لە بەیروتى پایتەختى لوبنان دەستگیرکرا و رادەستى بەرپرسانى ئێراق کرایەوە. لەسەر ئاستى پارێزگارەکانیش ماجید نەسراوی کە لە ماوەى ساڵانى (2013 – 2017) پارێزگاری بەسرە بوو، هەڵگرى رەگەزنامەى ئوسترالى بوو، دواى تۆمەتبارکردنى خۆیى و کوڕەکەى بە چەندین دۆسیەى گەندەڵى و دەرچوونى فەرمانی دادوەری بۆ ڕێگریکردن لە سەفەرکردنی و لێپێچینەوە لەگەڵیدا، لەرێگەى ئێرانەوە بەرەو دەرەوەى وڵات هەڵات. بەدەر لەو کەسانەى ناویان هێنرا، ژمارەیەکى دیکەى بەرپرس لە ئاستى وەزیر و پارلەمانتار هەن، کە دواى تۆمەتبارکردنیان بە دۆسیەى جیاواز، بەهۆى ئەوەى خاوەنى رەگەزنامەى بیانى بوون، ئێراقیان بەجێهێشت، دەسەڵاتدارانيش نەیانتوانی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەن، چونکە وڵاتینامەى وڵاتێکی دیکەیان هەبوو.
“هەوڵەکانى پارلەمان”
هەرچەندە لە دەستوورى ئێراقدا بەڕوونى هاتوە ئەو کەسانەى پۆستى باڵا وەردەگرن، دەبێت دەستبەردارى رەگەزنامەى دووەمیان ببن، بەڵام پارلەمانى ئێراقیش لە سێ کاتى جیاوازدا هەوڵیدا لەڕێگەى پڕۆژە یاسایەکەوە ئەو ماددەیە کاراتر بکات. بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەک لە پارلەمانتارانى ئێراق لە ساڵی (2009)دا پرۆژە یاسایەکیان پێشنیارکرد کە ڕێگری دەکرد لەو کەسانەى دوو ڕەگەزنامەیان هەیە پۆستى باڵا لە ئێراقدا وەربگرن، لە ساڵی (2013) و (2017)ش جارێکى دیکە هەمان پڕۆژە پێشنیاریان کرایەوە، بەڵام بەهۆى دژایەتی هێزە سیاسییە باڵادەستەکانەوە، پڕۆژەکە پەسەند نەکرا. دواجار محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پێشووى پارلەمان، لە کۆبونەوەى رۆژى (24/12/2019)ى پارلەماندا رایگەیاند: ”سەرۆکایەتی پارلەمان پێشنیارێکی پێگەیشتوە بۆ هەموارکردنەوەی ئەو مادەیەی تایبەتە بە دوو ڕەگەزنامە”. بەڵێنیشیدا کە سەرۆک و بەرپرسێک لە دەوڵەتی ئێراقدا نەبێت، کە زیاتر لە ڕەگەزنامەیەکی هەبێت. بەڵام لەکۆتایى ساڵى رابردودا حەلبوسى لە سەرۆکایەتى پارلەمان دوورخرایەوە و بەڵێنەکەى بەجێنەهێنا.
لەناو پارلەماندا دوو بۆچونى دژبەیەک لەبارەى ئەو پڕۆژە یاساییە هەیە، ئەو پارلەمانتارانەى دوو رەگەزنامەیان هەیە دەڵێن ساڵانێکی زۆر وەک خەباتکار لە دژی ڕژێمی سەدام حوسێن لە تاراوگە و دوور لە نیشتیمان ژیاون، بۆیە دووەم ڕەگەزنامە کە بەدەستیان هێناوە باجى دوورکەوتنەوەى زۆرەملێیانە لە نیشتمان، ئەو پڕۆژە یاسایەش بە پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنى لێهاتوویی سیاسی خۆیان دەزانن. بەڵام ئەو پارلەمانتارانەى یەک رەگەزنامەیان هەیە پێیانوایە چیتر هۆکارێک نەماوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە خاوەنى دوو رەگەزنامە بن، چونکە ڕژێمی سەدام ڕووخاوە و ئێستا خودى ئەو کەسانە لە دەسەڵاتدان، کە پێشتر نەیار و ئۆپۆزسیۆنى سەدام بوون.
سەرچاوە:
- مسؤولون عراقيون يضللون الرأي العام بشأن تنازلهم عن الجنسية البريطانية، رۆژنامەى العربى الجديد، لە (27/11/2023).
- ماڵپەڕەکانى الجزیرەنت، العربیە، السفیر.