ئەوە یەکەم جارە لە دوای ٢٠٠٣ وەزارەتی دەرەوەی ئێراق وەک کەناڵێکی دپلۆماسی کاریگەر لە بەرژەوەندەی هەرێمی کوردستان بەکاردێت، هەرچەندە کە ئەم وەزارەتە ٢٠ ساڵە لە دەست کەسێکی کوردە. تۆمارکردنی سکاڵا راستەوخۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران و ناوهێنانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بە: “دەستدرێژی مووشەکی ئێران- العدوان الصاروخي الإيراني” پەرەسەندنیكی تازەیە لە پەیوەندییەکانی ئێراق و ئێران، بە تایبەت دوای ئەوەی سودانیش پاڵپشتی پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کرد، چونکە وەک دەزانین ئێران، ئێراق بەهاوپەیمانێکی ستراتیجی خۆی دەزانێت.
پێدەچێت ئەنجومەنی ئاساییش دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەم سکاڵایەی ئێراق تەرخان بکات، ئەگەر هیچ ئەندامێکی خاوەن دەسەڵاتی ڤیتۆ (ئەمریکا، ڕووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین) نارەزایی بەکارنەهێنێت (کە پێناچێت بەکاربهێنن) ئەوا دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم سکاڵایە، هەنگاوە کردەیی و جێبەجێکردنەکان وردە وردە دەست پێدەکەن، کە بریتین لە ئیدانەکردنی ئەو هێرشە و بە پێشێلکاریی لە قەڵەمدانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتننامەی ڤیەنا، ئەمەش کاریگەری ئەخلاقئ سیاسی دەبێت لەسەر ئێران بە تایبەت کە سکاڵاکە لە لایەن دۆستێکی نزیکی ئێران تۆمارکراوە کە ئێڕاقە!
هەڵبەتە ئەگەر لە ئەنجومەنی ئاساییش بڕیارنامەیەک دەربکرێت، وەک دیالا شەحادە (پارێزەری پێشووی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان)، دەڵێت، ئەوە ڕەنگە داوا لە ئێران بکات کە خۆی لە دووبارەکردنەوەی ئەم کردەوەیە بپارێزێت، یان بەڵێن بدات پابەند بێت بە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتنە پەیوەندیدارەکان. بەڵام، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت، ڕەنگە گفتوگۆی قووڵتر و فراوانتر بۆ دەرکردنی ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی ڕێگریکردن یان سزادان ئێران ئەنجام بدرێت.
وەک دەزانین رێککەوتنی ئەمنی هاوبەش و پەیوەندی دیپلۆماسی نزیک لە نێوان بەغدا و تاران هەیە، هەر بۆیە ئێران ئەگەر هەر گومانێک یان زانیارییەکی پەیوەست بە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی کە وەک خۆی دەلێن هەبوایە ،دەبوو لەگەڵ لایەنی ئێراقی لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و دیالۆگی دیپلۆماسییەوە ئاڵوگۆڕی بکردایە، نەک لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی. ئەمە لە راستیدا گومانی زۆر لەسەر پاساوەکانی ئێران دروست دەکات کە مەبەستییان لێدان نەبووە لە بەرژەوەندەی ئیسرائیل بەڵکو مەبەستیان گەیاندنی پەیام بوو بە ئەمریکا و پڕۆکسیەکانییان کە ئێران توانای زۆری هەیە لە پێکانی ئامانجی دوور تا دەگاتە ئیسرائیل و تێکدانی ئاساییش ناوچەکە.
وا دەبینم کە لە ئاستی ئێراق و هەرێمی و نێودەولەتیش، ئێران سەرکەوتوو نەبوو لەوەی کە باوەر بە خەڵک و کۆمەڵگای نێودەولەتی بهێنێت کە ئەوان لە بەرژەوەندی ئیسرائیلییان داوە، رۆلی ئێراق و وەزیرەی دەرەوە (دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێراق) زۆر گرنگ بوو لەو بارەیەوە، وای کرد کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتی پێشان بدات بۆ هەرێمی کوردستان. ئامادەیی سەرۆکی حکومەتیش لە کۆڕبەندی داڤۆش لە راستیدا بووە کەنالێکی تری دپلۆماسی بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەک وەک ئەوەی ئێران مەبەستی بوو لە هەلبژاردنی تەوقیتی هێرشەکان بۆ بێ بەهاکردنی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغداو سەرۆکی حکومەت بۆ داڤۆس. ئەمەش گوزارشت لەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت سودی زیاتر لە کەناڵی دپلۆماسی و کۆمەڵگای نێودەولەتی ببینێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران و دەستو پێوەندەکانی نەک میکانزمی تر کە لەگەڵ پێگەی سیاسی و دەستوری هەرێمی کوردستان ناگونجێن.