پرسیار: ئێوە بەڕەچەڵەک جوولەکەن و لە ئاڵمانیا کەوتنە بەر دژە جوویی.٣٠ کانوونی دووەمی ١٩٣٣ بۆ ئێوە تەنیا بەروارێک نیە کە ھیتلێر لە ڕایشتاگ بووە سەرۆک وەزیرانی ئاڵمانیا، بەڵکوو ئەو پاش نیوەڕۆیەی زستانە لە بەرلین کە”ئەو کوڕە پانزە ساڵەیە لەگەڵ خوشکە بچوکەکەی لە قوتابخانەی ویلمێرسدۆرف ھاتە دەرەوە تاکوو بڕواتە ماڵەکەی لە ھالێن سی و چاوی بە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان کەوت. ئایا ئەم لاپەڕەی یەکەمە ئەمڕۆش وەکوو خەون دێتە دووی ئێوە.” ئایا ئێوەش وەکوو ئێلی ویسێل لەو بڕوایەدان کە دەبێت بە ھەر نرخێک ڕقی تائیفی، تەنانەت بە زۆریش، بەر لەوەی کە بڵاو ببێتەوە,بوەستێنن. ئایا پاکتاو کردنی تائیفی میلۆسویچ بە جینۆساید لە قەڵەم دەدرێت؟ ئایا دەتوانین ئەمە لەگەڵ کوشتاری جوولەکەکان بەراورد بکەین؟
وەڵام: پێم وانیە. چەمکی “جینۆساید” بە نادروستی کەڵکی لێ وەرگیراوە و ئەم چەمکەش بەھۆی ئەمەوە بەشێکی گرنگ لە واتاکەی خۆی لەدەست داوە، تاڕادەیەک ھەر وەکوو ئەو بەڵایەی کە بەسەر وشەی “فاشیزم” ھاتووە. جینۆساید پلانی لەناو بردنی گرووپێکی تائیفی لە گشتییەتیەتی. لەڕاستیدا پەرەی لۆژیکی و زێدەڕۆیی پاکتاو کردنی تائیفییە. بۆ نموونە لە ئێستادا لەو بڕوایە دان کە پاکتاو کردنی تائیفی سرێبرێنیکا ھاوشێوەی جینۆساید بووە. بەڵام جیاوازی ھەیە لە نێوان وەدەرنانی ھۆزێک بۆ شوێنێکی دوور لە ماڵ و حاڵی خۆیان و وتنی ئەمەی کە”بڕۆ بۆ شوێنێکی دیکە” و ناچار کردنی بەم کارە و بەرنامەڕشتن بۆ لەناوبردنی تەواوەتی. نازییەکان پیاو و ژن و منداڵانی جوولەکەیان کوشت، پاکتاوکردنی تائیفی دەبێتە ھۆی دوورخستنەوەی ژنان و بەساڵاچووان و منداڵان؛ ئەو پیاوانەی کە لە تەمەنی شەڕ کردندان جیا دەکاتەوە و لەناویان دەبات. ئەمەش بە ھیچ شێوەیەک لە نالەباری ئەخلاقی پاکتاوکردنی تائیفی کەم ناکاتەوە، بەڵام پێویستی بە جیاوازی شی کردنەوەیی ھەیە، ئەمە دیاردەیەکە کە بە نالەبارییە جۆراوجۆرەکان سەرھەڵدەدات و لەوانەیە ھێندە بچێتە پێشەوە کە لە جینۆساید نزیک بێتەوە، ئەم دیاردەیە لە خۆیدا ھێندە جێگای شەرمە کە پێویست ناکات کە ئەوا بە یەک زانینی لەگەڵ جینۆساید ئاڵۆزتر بکەین. لە ڕاستیدا -گەرچی ھیچ کەسێکیش حەز نەکات ئەم بابەتە بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە دەرببڕێت- سەرکردە و سیاسەتمەدارەکان لە تەنیایی دا بە دڵنیاییەوە قبووڵی دەکەن کە پاکتاو کردنی تائیفی لە مێژوودا زۆرتر لە ئاسایی کردنەوەی کێشەکان کاریگەری ھەبووە.
ئەمە ھۆیەکی دیکەی دوودڵییەکەم لەمەڕ ھۆکارە ئەخلاقییەکانی شەڕی کۆزۆڤۆیە. ئەگەر ئاڵمانییەکان لە ئۆسلۆڤێنیا وەدەر نەنرا بوونایە، ئایا ئەم وڵاتە ئەم شوێنە ئارام و بێ دەنگەی بوو کە ئەمڕۆ دەیناسین؟ بە گشتی دەرگیری بۆسنیایی بە جودایی تائیفە جۆراوجۆرەکان بەپێی ئەوەی کە سەر بە چ تائیفەیەک بوون، کۆتایی ھات. من بۆ خۆم لەو بڕوایەدام مۆڵەت پێدانی ئەم کارە، ھەرچەندەش لە ڕوانگەی پرەنسیپیش ھەڵە بووە. ئەم رێچارەیە نەدەبوو ھیچ کات تەنانەت لە تیۆریش وێنا بکرایە و، لەوە کەمتر بەدی بھاتبایە. بەڵام ئێمە لە جیھانێکی گرژانە بەسەر دەبەین، بەم ھۆیەش ئەمە ڕوویدا.
پرسیار: ئەگەر ناتۆ بەھۆی پێویستی ئەخلاقی کاری نەکردووە، کەواتە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەندام چی بوو لە بۆردومانکردنی سربیا؟
وەڵام: بۆ ھەندێک لە ئەندامانی پەیمانەکە ئامانج ئەوە بوو کە پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەدەست نەدەن. ئەمەش سەبارەت بە پۆڵۆنیا ڕاستە کە بە دڵنیاییەوە پێی وا نەبوو کە سبەی پەیوەست بوونی بە پەیمانی ناتۆ ناچار بێت کە بەشداری لە شەڕ بکات. وڵاتانی دیکە-وەکوو فەرەنسا یان ئیتاڵیا-سەرتری خۆیانیان ھەبوو. سەبارەت بە بەریتانیای مەزن دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە جێگیر بوونی بێ مەرجی لە ڕیزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بووە ھۆی پاراستنی ئەو پرەنسیبە نەریتییەی کە لە ڕوانگەی سیاسەتی دەرەکی بەسەر خۆی سەپاندویەتی. نامەوێت بڵێم کە باقی ڕیاکارییە، لەبەر ئەوەی کە کەسانێک ھەن کە لە ناخەوە بڕوایان ھەیە بەوەی کە دەیڵێن، بەڵام ئەمە بە دڵنیایی ھۆکاری جیدی ھاتنە ناوەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕ نیە. بەلای ئەمەریکییەکان شەڕی کۆزۆڤۆ بابەتێکی زۆر دژوارتر بوو. لە سەرەتاوە بوون بە ھۆگری باڵکان، لەبەر ئەوەی کە ئەورووپا لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ لە بەرقرار کردنی سەقامگیری لەم ناوچەیەدا بە شێوەیەکی کارەساتبار شکستی ھێنابوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەناچاری لەم شەڕەدا تێوەگلا، لەو سەردەمەدا درکی بەوە کرد کە وەک زلھێزیک ناتوانێت خۆی بەدوور بگرێت، بەشێک لە باڵکان لانی کەم ھێندە ناوچەیەکی ژیۆستراتژیک پێک دێنێت کە ناتۆ ناتوانێت دەسبەرداری بێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەمین وڵاتێک بوو کە لە ساڵی ١٩٩٢ ھێزی سەربازی ڕەوانەی مەقدۆنیا کرد. لە سەردەمی سەرۆکایەتی بۆش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڕاشکاوی بەرژەوەندییە ستراتیژیکەکانی خۆی لەمەڕ یۆگسلاوی پشت ڕاست کردەوە، شتێک کە لەڕاستیدا کاریگەری دەبوو لەسەر چارەنووسی کۆزۆڤۆیش. چەندین ھۆکار وەئەستۆگرییەکانی ڕوون دەکاتەوە کە بچووکترینیان درک کردنی لاوازی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەڕێوەبردن و چارەسەری قەیرانی بۆسنیا بوو، دەزانین کە ئەم ڕێکخراوە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی نیە و تەنیا لەو دەسەڵاتەی بەھرەمەندە کە زل ھێزەکان پێی دەبەخشن. بەم ھۆیەش لە کۆتایی شەڕی بۆسنیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خۆی لە دۆخێکی دژواردا بینیەوە، بەڵام نەیدەتوانی بەبێ پشتگری پەیمانی ئەتلانتیک یان ناتۆ لەوە دەرباز بێت، بەڕای من ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە قەیرانی بۆسنیا ھەلێکی بۆ ڕەخسا بۆ ڕێکخستنەوەی ڕۆڵی نوێ، ئامانجی نوێ و چەمکێکی نوێ بۆ ناتۆ لە بارودۆخەکانی پاش شەڕ_ئامانجێک کە ھێشتا بە تەواوەتی لێی تێنەگەیشتووم. ئەمڕۆ ئەمەریکا خۆی بە ھێزێک دەزانێت کە ئەرکەکەی دەستەبەرکردنی سەقامگیریی جیھان و ئەگەر پێویستیش بکات بەڕێوەبردنی چالاکییە پۆلیسییە نێودەوڵەتییەکانە. ئامانج پیشان دانی ئەوەیە کە دەتوانێت بە دەسەڵاتەکەی لەھەر شوێنێک لەسەر گۆی زەوی دەس وەردات و ئەگەر دووژمنانێکی لە دەرەوەی ناتۆ ھەبێت، بەوە قایلی بکات.
کەواتە پێم وایە کە داھاتووی ناتۆ ھۆی ڕاستەقینەی دەستێوەردانی ئەم وڵاتە بوو بێت. یەکەمین ھۆی کلینتۆن بۆ پاساوی دەسپێکردنی بۆردومان کردنی سربیا بەرگری لە پێگەی پەیمانی ناتۆ و لە ئەنجام دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو. بە بۆچوونی من بەم ئامانجە نەگەیشت، بەڵام دیار بوو کە پەیمانی ناتۆ پێویستی بە کردە ھەیە. ھەڵبەت ئەگەری ئەوە ھەبوو کە لە چەند ئامرازێکی دیکەش بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە کەڵک وەربگیرێت.
پرسیار: کەواتە چۆن دەتوانین ببینە ڕێگر لە بەردەم ڕەفتاری دڵخوازیی دیکتاتۆرەکان بەرانبەر بە خەڵکی خۆیان؟ ئایا دەبێت لەپێشدا ھەرجۆرە دەستێوەردانێکی سەربازی ڕەت بکەینەوە؟
وەڵام: ھەڵبەت چەند جیاوازییەک لەئارادایە. بەدڵنیاییەوە بۆسنیا یەکێک لەوانە بوو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پێویستە کە چەند پێوەرێکمان بۆ ئەمە ھەبێت، سەبارەت بە دەستێوەردانی سەربازی، من دوو نموونەی گەورەتان بۆ دەھێنمەوە کە داھێنەرەکانیان توانیان تاوان کردن لە دژی ڕەگەزی مرۆیی بوەستێنن و، دیکتاتۆرە دڕندەکان لە دەسەڵات دوور بخەنەوە. یەکەمی ھێرشی سوپای ویتنام بۆ کامبۆج بۆ لەناوبردنی ڕژیمی پوول پوت و دووھەمی دەستێوەردانی تانزانیا لە ئوگاندا بە ڕێبەری عەیدی ئەمین بوو. بەڕای من ھەردوو پاساوی خۆیانیان ھەبوو. بەڵام من ئەو دووە بەو ھۆیەوە بە باش دەزانم کە سەرکەوتوو بوون و لە ماوەیەکی تاڕادەیەک کورت گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان. گوومانم لە بەرانبەر دەستێوەردان لە کۆزۆڤۆ بۆیە بە رەوا دەزانم کە ئەم دەستێوەردانە بە ھەمان شێوە ئەنجام نەدرا، لە سەرەتاوە دیار بوو کە بۆردومان کردنی سربیا تەنیا بارودۆخی پەنابەرەکان ئاڵۆزتر دەکات. تەنانەت دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم کە چەندین ماوە پاش لەناوچوونی ڕژیمی پوول پوت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین درێژەیان بە پشتگری کردن لە ھێزەکانی دیکتاتۆر دا و بەم کارەش سەلماندیان کە سیاسەتی حکوومەت و دەسەڵاتەکان لە پلەی یەکەم بەپێی تێبینییە ئەخلاقییەکان دیاری ناکرێت. ھەروەھاش پێم وایە؛ کە دەستێوەردان لە بۆسنیا تەنیا بە مەبەستی مرۆڤ دۆستانە ئەنجام نەدرابێت. ھەر لەبەر ئەم ھۆیەش کاریگەری نەبوو. ھیچ ھەوڵێک بۆ مسۆگەری ئامانجە ڕاگەیاندراوەکە، کە پاراستنی ناوچە موسڵمان نشینەکان بوو، نەدرا. بەڕای من ھەر چەشنە دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتێک بەھۆی یەکخستنی نوێی سیاسەتی ناوخۆیی و سیاسەتی نێودەوڵەتی دەبێت وەڵامدەرەوەی پرەنسیب و پێوانەگەلێک بێت کە بەڕوونی پێناسەکراو بێت. دەبێت وتووێژێک سەبارەت بەم پرسە دەست پێ بکات، کامەن ئەو پرەنسیبە نوێیانەی کە دەبێت بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی دەسەڵاتەکاندا زاڵ بێت؟ دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە ھیچ دەستێوەردانێکی سەربازی بەبێ کۆدەنگییەکی ھەمەلایەنە و بەبێ پشت بەستن بە ھۆکارە جیدیەکان دەستی پێ نەدەکرد. ئەو یاسایەی کە ھێزدار دەریدەکات ناتوانێت جیھان بەڕێوە ببات.
پرسیار: سربییەکان لە پێناو داکۆکی کردن لە دەسەڵاتداریەتی دەوڵەت-نەتەوەیی خۆیان شەڕیان کرد. ئالبانیاییەکانی کۆزۆڤۆ لەژێر ناوی ئەوەی کە سەر بە نەتەوەیەکی دیکەن دەستیان بە ڕاپەڕین کرد. چاوەڕوان دەکرا کە بەجیھانی بوون کۆتایی دەوڵەت-نەتەوە ڕابگەیێنێت، بەڵام دەوڵەت-نەتەوە، ڕازێنراو بە پاساوە تائیفی یان ئاینزاییەکان کە ڕیشەیان لە سەدەکانی ناوەڕاست دایە، سەرلەنوێ سەری ھەڵداوەتەوە.بەڕای ئێوە چی ڕوویداوە؟
وەڵام: بەڕای من، ئێمە دەبێت لە دەستەواژەی”دەوڵەت-نەتەوە”دوو چەمک لە یەکتری جیا بکەینەوە.” دەوڵەت-نەتەوە” لە واتای نەریتی بەمانای وڵاتێکە کە تێیدا خەڵک-نەتەوە دەسەڵاتیان لەدەست دایە. ئەمە ھەر ئەو چەمکی دەوڵەت-نەتەوەی وەرگیراو لە شۆڕشی فەرەنسا و ھەندێ جاریش، لە شۆڕشی ئەمەریکایە. ئەمە پێناسەی سیاسی لە حکوومەتە نەک پێناسەی تائیفی یان زمان ناسی. لەم پێناسەیەدا ئەوە خەڵکن کە حکوومەتەکەیان ھەڵدەبژێرن و بڕیار دەدەن کە بەپێی کام دەستوورە بژین. لە بەراورد لەگەڵ ئەم چەمکە,ئەو چەمکەکەی دیکە زۆر نوێیە و ڕەنگدانەوەی ئەو وێنایەیە کە ھەموو حکوومەتە خاوەن وڵاتەکان دەبڕێن بە خەڵکێکی تایبەت بە تایبەتمەندیە تائیفی و زمانناسی و کولتوورییە تایبەتەکان و ئەم تایبەتمەندیانەیشە کە نەتەوە پێک دەھێنێت. بەپێی ئەم پێناسەیە، تەنیا یەک نەتەوە لە یەک دەوڵەت-نەتەوە دەژی؛ خەڵکانی دیکە کەمینە جێگرتووەکانی ناو ئەو شوێنەن، بەڵام بەشێک لە نەتەوە نین. ھەردوو شێوازی حکوومەت-نەتەوە لە قەیران دایە، بەڵام دەبێت لە یەکتری جیایان بکەینەوە. ئەوەی کە لە یۆگسلاوی دەیبینین بریتیە لە ڕووخانی حکوومەتێک کە چەندین نەتەوەی جیاواز بە واتای تائیفی تێیدا دەژیان و کردنی بە چەند حکوومەت، چەند حکوومەتێک کە ھەریەکەیان لە ھەوڵی بەلانانەوەی نەتەوەکانی دیکە لە پێگەی شارۆمەندی دان.
تاکوو ئەوەی کە من دەزانم-لانی کەم لە قۆناغە ئاساییەکان دا-نیشانەگەلێکی ڕاستەقینەی زۆر کەم لە گوشاری خەڵکی بۆ دەرباز بوون لە دەستی حکوومەتە فرە نەتەوەییەکان لە ئارادایە. لەم دواییەدا جارێکی دیکە سەبارەت بە ئسکاتلەند یان وڵاتی ویلز توانیمان درک بەم بابەتە بکەین. چونکە زۆرێک لە ئسکاتلەندییەکان وەکوو ویلزییەکان قایل بوون بەوەی کە ئینگلیزی نین و نایانەوێت کە بە ئینگلیزی دابنرێن. سەرەڕای ھەموو ئەمەش تەنانەت ئەمڕۆش سەرەڕای بوونی بزووتنەوە نەتەوەخوازە بەھێزەکان، تەنانەت بزووتنەوە جودایی خوازەکانیش لەم دوو ناوچەیە، ئەم گرووپانە کەمینەن. تاکوو ئێستا ھیچ نموونەیەک لە جیابووەوە بەدی ناکەم کە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنێکی راستەقینەی دیموکراتیک بێت. ناڵێم کە مەحاڵە، بەڵکوو لە ڕاستیدا سەرەڕای وتووێژە فراوانەکان سەبارەت بە مافی نەتەوەکان لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان، ئەم دیاردەیە ھیچ کاتێک ڕووی نەداوە، کاتێک کە سەبارەت بە مافی بڕیاردانی نەتەوەکان لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدوێین، دەبێت ئەوە بخەینە مێشکمانەوە کە ئێمە قسە لەسەر ئامانجی قووڵی کۆمەڵگا ناکەین.
ھەڵبەت کاتێک کە جودایی بەھەر ھۆیەکی مێژوویی بەدی ھات، بەدەستھێنانی زۆرینە تەنانەت زۆرینەی یەک لاکەرەوە ئاسان دەبێت. ھەر کە حکوومەتی فرەنەتەوەیی دابەش بوو و ڕووخا، ئەو کاتە-بەتەنیا ئەو کاتە-یە کە کۆمەڵە خاوەن وڵاتەکان ناچارن بۆ خۆیان پەیوەندگەلە نوێکان بدۆزنەوە و نیشانگەلی وەفاداری نوێ ھەڵبژێرن. یۆگۆسلاڤی نموونەیەکی دیاری ئەوەیە. یۆگۆسلاڤی وڵاتێکی فرەنەتەوەیی بوو کە بەڕای من ھیچ ھۆکارێکی جیدی بۆ ئەوەی کە لە ژێر گوشاری سیاسی نەتەوەکانی پارچە پارچە بێت، لەئارادا نەبوو. ھەر بەو شێوەیەی کە ھۆکارێک بۆ پارچە پارچە بوونی یەکیەتی سۆڤیەت لە ژێر گوشاری ناوخۆیی نەتەوەکانی لەئارادا نەبوو. مەترسی ڕاستەقینەی پارچەپارچە بوونی بێ کەم و زیاد تەنانەت ھەڕەشە نەبوو بۆ سەر ئیمپراتۆری ھابسبۆرکیش، لانی کەم تاکوو سەرەتای شەڕی جیھانی یەکەم. تەنیا گوشارە پێوەلکان خوازییەکان لە ئەم لاو لای ئیمپراتۆری بەدی دەکرا. بۆ نموونە لە نێو کەمینەکانی ئیتالیا و ڕۆمانیایی کە نزیکی جۆگرافیای ئەو حکوومەتانەی کە نەتەوەکانیان سەر بەوان بوون، دەبووە ھۆی ھاندانیان لەم ڕێگەیەدا. لەڕاستیدا ھەر ئیمپراتۆرییەک کاتێک ھەڵدەوەشێتەوە، نەتەوەکان بەھەر ھۆکارێک ناچارن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ڕوو دەدات ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە.
پرسیار: بە چ شێوەیەکی مێژوویی بە ئامانجگەلی نەتەوەخوازانە داھێنان بۆ کۆدەنگی لە دەوری ڕژیمێک درووست دەکرێت؟ دەتوانن سەبارەت بەمە چەن نموونە بھێننەوە؟چۆن دەبێت ئەو شکستە سەربازییەی کە لە سەدەی چواردەیەم ڕوویدا، پاش شەش سەدە ببێتە ئۆستوورەی بنیاتنانی نەتەوەخوازیی نوێی سربیا؟ چ شتێک شارۆمەندە ئەوروپییەکان لە ساڵی٢٠٠٠ ھان دەدات بۆ پەیوەند دانی مەسەلەکانی ئەمڕۆیان بە ڕۆژژمێری ڕووداوەکانی سەردەمەکانی دیکە؟
وەڵام: ئوستوورە نەتەوەییەکان وتەزایەکی دیکە پێکدێنن کە دەبێت ئەوەی کە لە خوارەوە دێت جیا بکەینەوە لەوەی کە لە سەرەوە دەسەپێندرێت. ئۆستوورە نەتەوەییەکان بە شێوەیەکی خۆھەڵخڕێنراو لە ئەزموونی ھەستپێکراوی تاکەکان بەدی نایەن، ئۆستوورە شتێکە کە لە شوێنانی دیکە وەردەگیرێت، بۆ نموونە لە کتێبەکان، لە مێژوونووسان، فیلمەکان و لە ئێستادا لە تەلەفزیۆن، ئۆستوورە نەتەوەییەکان بە شێوەی گشتی نە بەشێک لە بیرەوەری مێژوویین و نە بۆ نەریتێکی زیندوو دەگەڕێنەوە، جگە لە جیاوازیە تایبەتەکان کە ئۆستوورەی نەتەوەیی ڕیشەی لە ئاینزا دایە. ئەمە نموونەی جوولەکەکانە کە بۆیان گریمانی وەدەرنان لە خاکی ئیسرائیل و گەڕانەوەی بێ ئەرێ و نەرێی بۆ ئەوێ، بۆ نووسراوە و کردە ئاینزاییەکان دەگەڕێتەوە. بە چەند جیاوازیەک ئەمەش سەبارەت بە سربەکانیش ڕاستە، لەبەر ئەوەی کە شکستی سربیا لە سەدەکانی ناوەڕاست تاڕادەیەک لە ڕێوڕەسمە ئاینزاکان جێگیر بوو و تاڕادەیەک ھەموو سەرکردەکانی سربیا بوون بە سەمبولی ئیمانی ئۆرتدۆکس. ئەمە نموونەیەکی جیاوازە، بەڵام لێرەدا مەسەلەی بیرەوەریە بەردەوامەکان لەئارادا نیە، تاکەکان بیر دەھێننەوە,لەبەر ئەوەی کە کەسێک بەردەوام ئەوە بیردەخاتەوە.
پرسیار: ئوستوورەی نەتەوە لە کوێ دێت؟چۆن سەرھەڵدەدات و چۆن دەبێتە پاساوی نەتەوەخوازی؟
وەڵام: نموونەی زەق و تووندڕەوانە لە تێڕوانینی من دا کە ئەم پرۆسەیە بەجوانی دەخاتەڕوو، ئیسرائیلە. گومانێک لەوەدا نیە کە بەر لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم ئوستوورەی مێژوویی وەدەرنان لە فەلەستین و خەونی گەڕانەوە بە بەرنامەی سیاسی دانەدەنرا، لە ڕاستیدا ئەم ئوستوورەیە جیا لە چارەنووسی مێژوویی قەومی جوولەکە پێکھات. لە ماەوەی چەندین سەدە,گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل وەکوو ئامانجێکی ڕوون ھەژمار نەدەکرا، لەبەر ئەوەی کە جوولەکەکان بیریان لە گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل بەر لە ھاتنی ڕزگارکەر، کە پێیان وابوو و ھێشتاش پێیان وایە کە نەھاتووە نەدەکردەوە. تەنیا لە ساڵی ١٩٦٧ بوو کە بۆ یەکەمین جار لە ئایینی جوولەکە ھۆگرایەتی بە قبووڵ کردنی حکوومەتی جوولەکە دەرکەوت؛ سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکان لە ماوەی شەڕەکانی شەش ڕۆژە لەم ڕوانگەیەوە موعجیزە خولقێن بوو، بووە ھۆی پێکھاتنی وێنای ھاتنە ناوەوەی سەردەمی ھاتنی ڕزگارکەر(مونجی). لەڕاستیدا ڕێکەوتی مێژوویی ڕێگەی قبووڵ کردنی شتێکی بە سونەتی ئایینی دا کە تاکوو ئەو کاتە بە گشتی وەلانرا بوو. زایۆنیزم بەردەوام بەتووندی دەکەوتە بەر ھێرشی ئایینی سونەتی جوولەکە. بەھەرحاڵ ئەمڕۆ ئیسرائیل بوونی ھەیە و ئیسرائیلیش وەکوو زایۆنیزم بنەمای میژوویی نیە، بەڵکوو شتێکە کە ڕووبەڕووی مێژووی قەومی جوولەکە ئیمپراتۆری ڕۆم تاکوو کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم دەبێتەوە، تەنیا مێژوویەک کە ئیسرائیل بۆ ڕەوا بوونی خۆی لە بەردەستی دایە، لانی کەم بۆ ٢٠٠٠ ساڵ لەمەو بەر دەگەڕێتەوە. ھەموو ئەو ڕووداوانەی کە لەم مەودایە ھاتوونەتە ئاراوە لە نێوان کەوانە دایە، لەبەر ئەوەی کە نە پاساو بۆ بنیاتنانی ئیسرائیل و نە ئەو شەڕانەش کە کردوویەتی دەھێنێتەوە. شوێنی پەرستگەکە لە ئورشەلیم بەپێی سیاسەتی نوێ گۆڕدرا، تاکوو بسەلمێندرێت کە ئورشەلیم بەردەوام ناوەندی جوولەکایەتی و کەواتە پایتەختی قەومی جوولەکە بووە. (دەزانین کە باس لە پایتەخت کردن بۆ قۆناغی بەر لە ئیمپراتۆری ڕۆم شتێکی بێ مانایە، بەڵام ئەمە بابەتێکی دیکەیە). بەھەرحاڵ ئەمە ئەو شتانەیە کە جوولەکەکان نە تەنیا بۆ پاساوی بنیاتنانی حکوومەتەکەیان، بەڵکوو بۆ دیاری کردنی ئورشەلیم وەک پایتەخت بەکاریان ھێناوە. ئەمە کەم تا زۆر ھەر ئەو بەڵگەھێنانەوەیە کە سربەکانی کۆزۆڤۆ بەکاریان ھێناوە.
دەبینن کە چۆن بارودۆخی سیاسی ھەنووکەیی بەو ڕووداوانەی پاساویان بۆ دەھێنرێتەوە کە ھیچ پەیوەندییەکیان بەم سەردەمەوە نیە، بەڵکوو شەش سەدەی پێشوو یان دوو ھەزار ساڵی پێشوو گرنگیان ھەبوو و بوونەتە جێگرەوەی ھەموو ئەو ڕووداوانەی کە لەم مەودایە دا ڕوویداوە. بەم جۆرە مێژوویەکی تاڕادەیەک پاڵەوانی و سەربازی نۆژەنکراوەتەوە کە لە ساڵی ١٩٤٥ بە کەڵکی ئیسرائیل ھات و ئەمڕۆش بەکەڵکی سربیا دێت، ئاھەنگەکان-یان ڕێ و ڕەسمی مێژوویی-کە لە قەڵای ماسادا بەڕێوە دەچێت، نموونەیەکی باش دەخاتە بەردەستمانەوە، بە وتەی شوێنەوارناسە نەتەوەخوازەکان ماسادا ئەو شوێنەیە کە ٩٠٠ جوولەکە لەوێدا لە بەرانبەر ڕۆمییەکان تاکوو کۆتایی، تاکوو خۆکوشتنی بەکۆمەڵ خۆڕاگریان کرد. ئەم ڕووداوە بووەتە ئاھەنگێکی نەتەوەیی کە ھەموو لاوانی ئیسرائیلی لە شوێنێک کە ھەموو گەشتیارانی بیانی دەبەن بۆ بینینی، تێیدا بەشداری دەکەن. ئەم پرۆسەیە زۆرتر بۆ شاردنەوەی لایەنێکی دیکە کە بە کەڵکی ئامانجی نەتەوەخوازیانە نایەت، بناغەی بۆ داڕێژراوە.
ئیسرائیل تەنیا نموونەیەکە، ھەرچەندە کە نمونەیەکی باشە لەبەر ئەوەی کە شوێنەوارناسی ئیسرائیل کە لە سەرەتا زۆر سیاسی بوو، بەئەنقەست بایەخی بە توخمە شوێنەوار ناسییە ناوچەییەکانی دیکە نەدا تاکوو خۆی لەسەر ئەو شتانە چڕ بکاتەوە کە پاساو بوو بۆ بنیاتنانی ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی و نیشتمان پەروەرانە. ئەمە سەبارەت بە یۆنانیش ڕاستە، لە کاتی سەربەخۆیی ئەسینا بەھیچ شێوەیەک پایتەخت نەبوو؛ گەرچی ئەسینا ھیچ کاتێک پایتەخت نەبوو. تەنیا لە سەردەمە کۆنەکاندا بە کۆنە شارێکی گرنگ لەقەڵەم دەدرا، ئەسینا لە لایەن کەسانێک کرا بە پایتەخت کە گەڕانەوە بۆ ڕابردوویەکی پڕ لە شانازیان کە پەیوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ڕاستی مێژوویی دا نەبوو بە پێویست دەزانی، جگە لەمەش ئەوانەی کە بە ڕەگەز ئالبانیایی بوون لە سەدا پەنجای حەشیمەتی ئەسینایان پێکدەھێنا. تەنیا ئەو کاتەی کە پاشای نوێ-کە خەڵکی باویر بوو-ئەسینای بە شێوازی نیۆکلاسیک و ھاوشێوەی ئەوەی کە پێی وابوو لە ڕابردوو بووە-پایتەختی یۆنانێکی یەکگرتوو-نۆژەن کردەوە، بەو شێوەیەی کە شایستەی بوو. بەھەرحاڵ ڕابردوو سەرلەنوێ پلانی بۆ داڕێژرایەوە تاکوو گونجاو بێت بۆ پەیکەری ڕێبازێکی سیاسی تایبەت و بیکات بە ھاوشێوەی ئەوەی کە ئاواتەخواز بوون ھەبێت، لە ڕاستیدا کاری دروومانە گەورەکان لە سیاسەت دووبارە بووەوە.
پرسیار: بۆچی ئاوەھا کارگەلێکی فریودەر کاریگەری لەسەر ژمارەیەک خەڵکی زۆر دەبێت و ڕاکێشی خۆیانی دەکات؟
وەڵام: وەڵام دانەوە بەم پرسیارە دژوارە. زۆرتر لەبەر ئەوەی کە ڕێگە بە نوخبەکان واتە ئەو کەمینە راھاتووانەی کە حکوومەتیان بەدەستەوەیە دەدات، کە لێکدانەوەی خۆیان لەسەر مێژوو و ئەدەبیات بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. سەرەڕای ئەمەش لە سەردەمی سەربەخۆیی، یۆنانیەکان سەیری کۆڵان و بازاڕی یۆنانی مۆدێڕنیان وەک میراتگری یۆنانی کۆن، ئەسینا یان پریکلس نەدەکرد. یۆنانیەکان لە بەربەرەکانێ بۆ زیندووکردنەوەی سەردەمە کەونارا کلاسیکیەکان بێ گومان بەشداریان نەدەکرد لەبەر ئەوەی کە دەیانویست بۆ داکۆکی لە ئاینزای ئۆرتدۆکس لەگەڵ عوسمانیەکان، لەگەڵ ئیمپراتۆری عوسمانی کە شکستی دابوو شەڕ بکەن. عوسمانی و ئایینزای ئۆرتدۆکس لە یۆنان واقیعی و زیندوو بوون. بەڵام دیارە کە کاتێک حکوومەتێکی نوێ دادەمەزرێت و سیستەمێکی فێرکردن و بارھێنانێکی نوێ بەڕێوە دەچێت، خەڵک دێر یان زوو فێری ئەم نۆژەنکردنەوە مێژووییانە دەبن و تاڕادەیەک کاریگەرییان تێدەکات. لە بارەی یۆنان تەنانەت تاکوو ئەو شوێنەی چوونە پێشەوە کە داھێنان بۆ زمانێکی وێژەیی نوێ کە لە زمانی کلاسیک نزیکتر بوو بکەن. دەبێت ئاماژە بە ھۆکارێکی دیکە بکەین کە ھەموو کاتێک نەک تەنیا لەکاتی بنیاتنانی حکوومەتێکی نوێ گرنگە، ئەویش پێویستی بە نیشانەکانی “ھەمیشەیی” و “بنەڕەتی”یە. ئەم پێویستیە نەک تەنیا بۆ تاکەکان بەڵکوو بۆ کۆمەڵگاکان بەتایبەت لەم سەردەمی گۆڕان و نائەمنییە بەردەوامەی کە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمی پێکدەھێنا، گرنگییەکی دەروونناسانەی زۆری ھەبوو. تەنانەت لەو ناوچانەی کە لەوێدا دوورەپەرێزی مەحاڵە، وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە کۆچبەران بە شەپۆلە بەردەوامەکان تێیدا جێگیر دەبن، ئەم پێویستیە بۆ وەپێش خستنی ئەم وتەیەی کە “ئێمە لێرەین ئەمە وڵاتی ئێمەیە خەڵکانی تر پاش ئێمە ھاتوون، ئێمە کەسانێکین کە بەردەوام لێرەدا بووین”حاشاھەڵنەگرە.
ئەمە شێوەیەکە لە لێکدانەوەی نا ئایینی ئەبەدییەت. ئەمە من دەخاتە بیری ھەڵوێست گرتنی سەیری بزووتنەوە سیاسییەکانی ئەمەریکا، ھەروەھا کە دەزانین پسپۆڕانی بەر لە مێژوو بە شێوەی گشتی لە سەر ئەوە کۆکن کە چەن گرووپێک بە تێپەڕین لە ئۆقیانووسی ئارام لە لای باکووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا بەرەو ئالاسکا ھەنگاویان ھەڵگرتووە و لەوێدا ھاتوونەتە نێو خاکی ئەمەریکا و لەم قاڕەیەدا جێگیر بوون. ئەم بابەتە تاڕادەیەک کۆنە، نزیکەی سەد ھەزار ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە. ئەم تیۆرییە بەلای ئەو کەسانەی کە لە پێناو بزووتنەوە سوورپێستییەکان خەبات دەکەن جێگای قبووڵ کردن نیە. لەبەر ئەوەی کە لەوان سیمای قەومێکی زۆر گەنج دەخاتەڕوو. بەم ھۆیەش وتارگەلێک دەنووسرێت کە تێیاندا ھاتووە “ئەوەی کە زانایانی بەر لە مێژوو دەیڵێن، بایەخێکی ئەوتۆی نیە، ئێمە بەردەوام لێرەدا بووین، ئێمە بەر لە ھەر کەسێکی دیکە لێرە بووین” بێ ھوودە بوونی ئەم وتەیە ئەم بیرۆکەیەی بە مێشکمدا ھێنا کە لەوانەیە خاوەن ھێزێکی عاتیفی ڕاستەقینەیە. بەتایبەت لەمەڕ ئەو قەومانەی کە چیتر دڵنیا نین لەوەی کە بێ ھاوتان یان دەتوانن لەو شوێنەی کە ھەمیشە بوون بمێننەوە، لەبەر ئەوەی کە لە جیھاندا لە ھەموو شوێنێک دەکەونە بەر تێکەڵاوییە بەردەوامەکان و جێبەجێیە بێ وەستانەکان.
وادیارە کە توانایی پشت بەستن بە ڕابردوویەکی درێژ، نیشاندەری پشکێکی سەلمێندراو لە ڕوانگەی دەروونناسی کۆمەڵایەتییەوه. بەم ھۆیەش نەتەوەخوازی سەرەڕای تایبەتمەندیە نوێکەی خۆی بەردەوام پشت بە ڕابردوویەکی زۆر دوور دەبەستێت، لەبەر ئەوەی کە پێشینە ئارەزووی پێویستی بە بەردەوام بوون تێر دەکات و ڕەوایی بە لەپێش بوون دەبەخشێت. لەم ڕوانگەیەوە دیاردەیەکی زۆر دژوار لە ئارادایە کە ئێمە ناتوانین جگە لە ڕێگەی بۆچوون و مەزندە ڕوونی بکەینەوە و لە ڕاستیدا لەمەڕ ئەوەیش ھیچ شی کردنەوەیەکی قایلکەرانە لە ئارادا نیە.
“لەناوچوونی ئیمپراتۆری ڕۆژئاوا”
پرسیار: لە بەشە جۆراوجۆرەکانی جیھان، گوشارە نەتەوەخوازییەکان کە ئێوە شیتانکردەوە زۆر جار بە ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەت، واتە لێک ھەڵوەشانی پێکھاتە ڕێکخراوەیی و دادگەرییەکان کۆتایی دێت. لەم حاڵەتەدا یان یاسای دەستە و گرووپە تائیفییە گرژەکان دەبێتە جێگرەوەی حکوومەت و یان وەکوو ئەوەی بەھەشتە داراییەکان بنکە بەرێوەبەرەکانی سەرمایەداری جیھانی جێگای حکوومەت دەگرنەوە. بە ڕای ئێوە داھاتووی حکوومەت وەک ڕێکخراوە لە سەدەی بیستەم چی لێ دێت؟
وەڵام: ئێمە بینەری وەرگەڕانی پرۆسەیەکین کە بۆ ماوەی چەندین سەدە بەردەوام بوو: ئەو شەپۆلە مێژووییەی کە بە بناغەدانان و بەھێز بوونی وڵات یان دەوڵەت-نەتەوە بە واتای سیاسی وشە سەریھەڵدا دادەمرکێت. ئەم ھۆگرایەتییە لانی کەم لە سەدەی شانزەیەم تاکوو ساڵی ١٩٦٠ لە جیھانی پێشکەوتوو زاڵ بوو. لایەنی سەیری ئەم گۆڕانکارییە ئەمەیە کە-بە تایبەت لە سەدەی ھەژدەیەم-جیاواز لە چۆنیەتی ئایدۆلۆژیکی حکوومەت کەوتۆتە گەڕ. بە واتایەکی دیکە ھەموو ڕژێمەکان بەبێ جیاوازی، بگرە لە لیبراڵ و کۆنخواز و فاشیست و ھتد، گرتۆتەوە. حکوومەت بەردەوام ھێزێکی زۆرتری لە کۆنترۆڵی قەڵەمڕەوی خۆی و ناسینەوەی ئەو خەڵکانەی کە بە سەریانەوە حکوومەت دەکات بەدەست ھێناوە؛ بەردەوام زانیارییەکی زۆری بۆ بەکار ھێنانی دەسەڵاتداریەتی خۆی بەدەست ھێناوە و بێ پسانەوە کارایی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەیی خۆی باشتر کردووە. بەکورتی زانست و ھێزی بەدەست ھێناوە و پەرەی بە ئامانج و قەڵەمڕەوی بەرپرسیارییەتی و قەڵەمڕەوی دەستێوەردانی خۆی داوە. کاتێک ئەم ڕەوتە لە ناوەڕاستەکانی سەدەی کورتی بیستەم گەیشتە لووتکەی خۆی، دەگمەن بوون ئەو کاروبارانەی کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دا بن. تیۆری شارۆمەندی تۆماس مارشاڵ بە بیر بھێننەوە، دەڵێت: سەرەتا شارۆمەندی مەدەنی و دەستووری و یاسایی بوونی ھەیە پاشان شارۆمەندی سیاسی کە پێویستی بە بەشداری کردنە و لە کۆتایی دا شارۆمەندی کۆمەڵایەتی. ئەمەش سەبارەت بە حکوومەت بە واتای ئەوەیە کە لە قۆناغی یەکەم زاڵ دەبێت بەسەر قۆرخ کردنی دانانی یاسا تاکوو بیکات بە یاسای حکوومەت. پاشان سیاسەت دەکرێتە سیاسەتی نەتەوەیی کە ھەموو شێوە سیاییەکانی دیکە گوێڕایەڵ و گرێدراوی ئەون. لەڕاستیدا حکوومەت قەڵەمڕەوی چالاکی خۆی بە کۆنترۆڵ کردنی سوپا لە سەدەی حەڤدەیەم زیاد کرد تاکوو لە کۆتاییدا گەیشتە بەڕێوەبردنی پیشەسازییەکان و تەنانەت پرۆژەداڕشتنی کۆی ئابووری بە شێوەیەک کە ئیدی ھیچ شتێک یان تاڕادەیەک ھیچ شتێک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەودا بوونی نیە، لێرەدا باسی تۆتالیتاریزم ناکەم. بەریتانیای مەزن کە لە سەرەتای سەدەی ھەژدەیەم لیبراڵترین حکوومەت لە قەڵەم دەدرا، نەک تەنیا بە ھۆی ناسینی ئەو شتەی کە لە نێو سنوورەکانی دا ڕوویدەدا زۆر بەھێز بوو، بەڵکوو لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنیشی خاوەن دەسەڵات بوو. تاکوو سەدەی نۆزدەیەم ھیچ حکوومەتێک توانای ئەنجام دانی سەرژمێرییەکی متمانەپێکراوی نەبوو، لەو سەردەمە ھەبوونی سیستەمێکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵی حەشیمەتی گوندی لەڕاستیدا مەحاڵ بوو. تەنانەت بە وردی ناسینی بارودۆخی سنوورەکانی وڵات ئەستەم بوو، بۆ نموونە سەرەڕای ئەوەی کە پیرنە خاڵێکی جیاکەرەوەی دیاری دروست کردبوو، سنووری نێوان فەرەنسا و ئیسپانیا پاش پەیماننامەی ١٨٦٨ بە وردی دیاری کرا. توانستی حکوومەت لە بردنەسەرەوەی وردبوونەوە، ناسین، توانای تەکنیکی، دەسەڵات و خواستەکانی خۆی بە شێوەیەکی تاڕادەیەک بێ پسانەوە تەنانەت لە سەردەمی”دەستێوەرنەدانی حکوومەت لە ئابووری”تاکوو کۆتایی دەیەی ١٩٦٠ پەرەی سەند.
لەم بوارەدا دوو نموونەتان بۆ دەھێنمەوە؛ یەکەمینیان سەرکەوتنی سەرسووڕھێنەری ھەموو حکوومەتە بەھێزەکانی جیھانە لە چەک داماڵینی ھاووڵاتیانیان لە سەدەی نۆزدەیەم، مەبەستم ئەو سەرکەوتنەیە کە حکوومەتەکان لە پێدانی ئامرازە سەرکووتکارییەکان لەرێگەی بەکرێگیراوە تایبەتییەکانی خۆیانەوە بەدەستیان ھێنا. بەر لەوە چەک داماڵینی گوندیەکان ئاسانتر لە خانەدانەکان بوو، ماکیاڤلی بە تێرو تەسەلی باسی لەسەر ئەم بابەتە کردوو، .لە سەدەی نۆزدەیەم، توانایی زۆربەی حکوومەتەکان بۆ پێشگرتنی ھاتووچۆی چەکدارانەی ھاووڵاتیەکانیان بەڕاستی بە ڕێژەیەکی لەبەرچاو بوو. یەکێک لە جیاوازە دەگمەنەکان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە کە ڕێگای پێچەوانەی ھەڵبژارد لە حاڵێکدا کە دەیتوانی ئەم ڕێگایە نەگرێتە بەر. جگە لەمەش کەناداش بەم شێوەیەی کرد، نموونەیەکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ دیسیپلینی گشتی کە ھەندێجار پەیوەندی بەم دیاردەیەوە ھەیە. دەبێت بڵێین کە ڕێژەی دیسیپلینی گشتی جێگیر لە وڵاتە ئەورووپیە پێشکەوتووەکان بە ڕووداوێکی مێژوویی بێ وێنە لەقەڵەم دەدرێت.
توخمێکی دیکە پەیوەندی بە چەسپاندنی دیموکراسی کەمترەوە ھەیە تاکوو بە بەشداری کردنی خەڵکی ئاسایی لە پرۆسەی سیاسی. دەمەوێت باس لەسەر ئەمەگداری داخوازانەی شارۆمەندان و پەیڕەوییان لە حکوومەتەکانیان بکەم، لەم بوارەدا نەک مەسەلەی ئەمهگداری بە خانەدانەکان، بەڵکوو ئەمهگداری شارۆمەندان بە دەوڵەت-نەتەوە لە ئارادایە. بەبێ ئەوە شەڕە پشت ئەستوورەکان بە سەربازگهی لەخەیاڵ دا نەدەگونجا، ڕستەی تۆماس ھابز بەبیر بھێننەوە کە دەیگوت “تەنیا کارێک کە حکوومەت-تەنانەت لویاتان-ناتوانێت ئەنجامی بدات، ناچار کردنی خەڵکە بۆ کوشتن و کوژران”سەرەڕای ھەموو ئەمانە حکوومەتە مۆدێڕنەکان بۆ چەندین جار لەم بوارەدا سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا. ڕاستە کە بە سەربازگری بەمە گەیشتن، بەڵام بەھەرحاڵ توانیان شارۆمەندان بەوە ڕازی بکەن کە بەم کردەوەی مەزنە کە وازھێنان لە ئازادی و ژیانی خۆیان بێت ھاوکات مل بدەن بەیەک زانینی حکوومەت و کۆمەڵگا، گوێڕایەڵی خوازراوانە لە حکوومەت توخمی سەرەکی کۆکردنەوەی خەڵک و ھەروەھا پەرەپێدانی دیموکراسی بوو. ئەم پرۆسەیە بۆ ماوەی چەن سەدە پەرەی سەند تاکوو لە دەیەی ١٩٦٠ گەیشتە لووتکەی خۆی، کاتێک کە ھەموو وڵاتانی جیھان، تەنانەت سەرمایەداریترینەکەیشیان بوونە خاوەنی دەزگای حکوومەتی بە دەسەڵاتدارییەتی مەزنەوە؛ ئەمەش سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆرتر لە ھەر وڵاتێکی دیکە ڕاستە.
پرسیار: پاش ١٩٦٠ چی ڕوویدا؟
وەڵام: وادیارە کە ئەم ھۆگرایەتیە ڕاوەستاوە، نازانم کە پێچەوانەش بووە یان نا بەڵام بەھەرحاڵ ئاراستەکەی گۆڕاوە. سەرنج بەوە بدەن کە دەسەڵاتی حکوومەت لە حاڵی کەم بوونەوە نیە، لانی کەم لە تیۆری دا.توانایی بۆ چاودێری و کۆنترۆڵی ئەوەی کە لە نێو سنوورەکانی تێدەپەڕێت لە ھەموو کاتێک زۆرترە، حکوومەت بەکردە دەتوانێت ھەر وتووێژێک لە ھەر شوێنێک تەنانەت لەو پەڕی گۆی زەووییەوە کۆنترۆڵ بکات، بەکارھێنانی کامێرا ڤیدیۆییەکان بۆ کۆنترۆڵی شوێنە گشتییەکان لە ٢٤ کاتژمێردا باو دەبێت. ڕێژەی چاودێری کردن لە ھەر ساتێکی دیکە لە مێژوو زۆرتر و ئازاردەرترە. مەبەستم ئەوە نیە کە حکوومەت دەسەڵاتی خۆی لەدەست داوە بەڵکوو دەمەوێت بڵێم کە حکوومەت تاڕادەیەک قۆرخ کردنی ئامرازە سەرکووتکارییەکانی لەدەست داوە. ھەندێجار بەھۆی لەبەردەست بوونی ھەندێک لە چەکەکان و ھەروەھا-شتێک کە بەڕای من زۆر مانادارە-بە ھۆی ئەوەی کە خەڵک کەمتر بێزارن لە بەکارھینانی. بە واتایەکی دیکە شارۆمەندان لەچاوەی ڕابردوو ئامادەییەکی کەمتریان بۆ ملدان بە یاساکانی حکوومەت ھەیە. بەڕای من مایسی ١٩٦٨ یەکێکە لە یەکەمین نموونەکانی ئەم دیاردەیە.
ئەگەر بەراوردی ڕەفتاری چەپ خوازەکان و خوێندکارە سەر بە چەپە نوێکان لە بەرانبەر دادگا ئەمەریکییەکان لەگەڵ ڕەفتاری تاوانبارە کۆمۆنیستەکان بکەن، دەزانن کە تاوانبارە کۆمۆنیستەکان تەنانەت ئەگەر پارێزییان لە شایەتی دان لە دژی خۆیان دەکرد و پشتیان بە پێنجەمین ماددەی چاک کراو دەبەست، ئەمجاریش لە چوارچێوەی یاسا کە لە کۆتایی دا قبووڵیان دەکرد، دەمانەوە. بەڵام چەپی نوێ بە پێچەوانەوە خۆی لەگەڵ ڕێساکان نەدەگوونجاند و ھەموو دادپرسییەکەی ڕەتدەکردەوە و بەبێ قبووڵ کردنی پرەنسیبە سەرەکییەکان کە زاڵ بوو بەسەر بەڕێوەبردنی کاروبارە گشتییەکان دا، دەجووڵایەوە و ئەو شتانەی کە تاکوو ئەو کاتە بە ئەرکی ھەر شارۆمەندێک لە قەڵەم دەدرا قبووڵی نەبوو، دیسیپلینی گشتی نموونەیەکی دیکەیە.لە دەیەی ١٩٧٠، کارگێڕە باڵاکانی ھێزی پۆلیسی بەریتانیا بە حکوومەتیان ڕاگەیاند کە ئیدی لە دۆخێکدا نین کە بتوانن ئارامی ناوخۆیی و ھێمنی دابینکراو تاکوو ئەو کاتە مسۆگەر بکەن، دەتوانین خۆپیشاندان لە دژی شەڕی ویتنام بخەینە سەر ئەمەش، کە زۆرتر دەرخەری ڕاپەڕین بوو تاکوو ئاشتی و دۆستایەتی.
دەسەڵاتی حکوومەتی مۆدێڕن ئەو کاتەی گەیشتە لووتکەی خۆی کە ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لە کۆتایی دا ڕیشەی داکوتا تاکوو ببێتە بەشێکی سرووشتی پرۆسەی سیاسی یان تاڕادەیەک ببێتە داب و نەریت، ئەمە لە دەیەی١٩٧٠ لە ئەورووپا بەدیھات. یەکێک لە دیارترین بەڵگەی ڕوونی ئەم دیاردەیە ناتوانایی حکوومەت بە تایبەت ڕژێمە بەھێزەکان لە سڕینەوەی ڕێکخراوە چەکدارییەکان لە قەڵەمڕەوەی خۆی لە ماوەی قۆناغێکی درێژ بوو، بۆ نموونە سوپای کۆماریخوازی ئیرلەندا، سی ساڵی ڕەبەق سمبولی پێکەوە ژیانی دەزگا فەرمانگەییە ئاساییەکانی حکوومەت لەگەڵ توخمەکانی دەسەڵاتداریەتی وڵات لە دەرەوەی کۆنترۆڵی بوو، لە ئیرلەندای باکوور. سەیرە کە ئەم دۆخە سەرەڕای ئەم ڕاستییە زاڵ بوو کە سوپای کۆماریخوازی ئیرلەندا لە چاوەی حکوومەت خاوەن ھێزێکی مرۆیی و چەکێکی زۆر کەمتر بوو. لەوانەیە ئەمە تەنیا دیاردەیەکی کاتی بێت، بەڵام بەھەرحاڵ ئەم دیاردەیە لە دەیەی ١٩٧٠ بەھۆکاری بوونی ئەو حکوومەتانەی کە بە ھۆی بڕوا بە زاڵیەتی بازاڕ بە ھەڵە چوون، بەھێز بووە,ئەو بازاڕەی کە بە ڕوونی دژی حکوومەت بەڕێوە براوە تاکوو ھۆگرایەتی مێژوویی زیاد کردنی ڕۆڵی لە ئابووری و ھەموو ئەرکەکانی دیکەی لاواز بکات و تێکی بدات. ئەمەش بە مانای داڕووخانی ئەم حکوومەتانە نیە. سەرەڕای بوونی ھەلومەرجی نزیکبوونەوە لە شەڕی ناوخۆیی نێوان ئەو لایەنانەی کە بۆ ماوەی سی ساڵە بەریتانیای مەزن لە ئولستێر بەربەرەکانێیان لەگەڵ دەکات وڵات لێک نەترازاوە، ھەرچەندە کە بە دڵنیاییەوە لاواز بووە. بەڵام من ھێشتا لەو بڕوایەدام کە ئەمە گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندی حکوومەت و چالاکییە ناحکوومییەکانی لە نێو سنوورەکەی ھێناوە.
لایەنێکی دیکەی مەسەلەکە دەبێت لەو شوێنەی کە ھەموو شێوەکانی حکوومەت ھۆگرایەتی بەرەو لەناو چوون ھەیە پشکنینی بۆ بکرێت، ئەمڕۆ -پێم وایە کە ئەمە تاڕادەیەک نوێیە-بەشانێکی زۆر لە ئەفریقا، ئاسیای ڕۆژئاوا و ناوەڕاست و ئەو شوێنانەی کە لە ڕاستیدا مەحاڵە کە لەوانەدا باسی حکوومەتی لێھاتوو بکەین، لەم دۆخە دان. ئێمە ئەمەش نازانین کە ھێشتا تاکوو چ ڕادەیەک دەتوانین باس لە حکوومەتی لێھاتوو لە ئالبانیا بکەین. لەوانەیە دژایەتی ناکاوگیرکەر بێت لەبەر ئەوەی-چ خۆشمان بوێت و چ نەوێت- تاکوو ڕووخانی کۆمۆنیزم، حکوومەت بوونی ھەبوو، وەکوو باکووری قەفقاز، شوێنێک کە ئیدی حکوومەت بە ڕاشکاوی بوونی نیە. پێم وایە کە ھۆی بە پێچەوانە بوونی پرۆسەی سەدان ساڵەی بەھێز بوونی دەوڵەت-نەتەوە و ھەروەھا ھۆی لێک ترازان یان لەناو چوونی ھەندێک لە حکوومەتەکان پەیوەندی بە دەرچوونی قۆرخی ئامرازە سەرکوتکارییەکان لە دەستی حکوومەتەوە بێت. ھەندێجار وەکوو ئەوەی ئەفغانستان ئیدی حکوومەت بوونی نیە و لە باتی ئەوەدا لایەنە بە شێوە جۆراوجۆرە چەکدارییەکان بوونیان ھەیە، کە کەم تا زۆر سەر بە ئاغا یان دەرەبەگە ناوچەییەکانن کە لەگەڵ یەکتری بۆ گەیشتن بە ھاوسەنگی بەربەرەکانێ دەکەن، وەکوو سەردەمی دەرەبەگایەتی لە سەدەی پانزەیەم. لە شوێنەکانی دیکە بۆ نموونە لە ئەفریقا تەنانەت ئەمەش ڕاست نیە! ڕووخانی حکوومەت لەم ناوچەیانەدا بەر لە ھەر شتێک دەرئەنجامی لەناوچوونی ئیمپراتۆرییە داگیرکەرەکانە، دەرئەنجامی تێپەڕ بوونی سەردەمانێکە کە زل ھێزانی ئەوروپی بەشانێکی زۆری جیھانیان لە کۆنترۆڵ دا بوو. لەم ناوچانەدا کۆمەڵگاگەلێکی بێ حکوومت دەژیان کە ئەم ھێزانە شێوە دیسیپلینێکی دەرەکی و ناوەکیان بە سەریانەوە دەسەپاند. ئەمەش سەبارەت بە ناوچەگەلێکی وەکوو قەفقاز کە ڕووسیا پاش ١٨٠٠ داگیری کردبوون ڕاستە.
ئەمڕۆ ڕوونە کە تەنیا لە چەن نموونەدا، پرۆسەی پێکھاتوویی حکوومەت ڕوونکەرەوەی شتێکی زۆرتر لە دیسیپلینێکی سەپێندراو لە دەرەوەیە. بۆ نموونە لە ئالبانیا، کە بەر لە ١٩١٣ حکوومەتێک لەوێدا بوونی نەبوو(بە ھۆی ئەوەی کە ئالبانیا بوونی نەبوو) لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆمۆنیزم حکوومەت کاری دەکرد، گەرچی ئەم کار کردنەش دەرئەنجامی سازش کردنی نێوان ھێزە ناحکوومییەکان بوو. بەڵام ھەر بە لەناو چوونی ئەم ڕژیمە ئالبانیاش وەکوو چین تووشی شەڕی نێوان دارو دەستەکان بوو. ئەوەی کە لەم ناوچانەی جیھاندا تێدەپەڕێت بەڕای من ھاوشێوەی ئەو ڕووداوانەیە کە لە کاتی ڕووخانی ئیمپراتۆری ڕووم لە ئەورووپای ڕۆژئاوا بەھۆی لەناوچوونی دەسەڵاتی ناوەندی ھاتە ئاراوە؛ لە چەن شوێنێک سەرکردە ناوچەییەکان بەرگەیان دەگرت، لە شوێنانی دیکە ناوچەکە لە لایەن ئەو ھۆزە بێگانەیانەی کە تێیدا جێگیر دەبوون دەستی بەسەردا دەگیرا. بەھەرحاڵ چەند ناوچەیەکی فراوان لە ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژ بێ بەش بوون لە پێکھاتە حکوومییە ئاسایی و ھەمیشەییەکان. ئەمە ھەر ئەو شتەیە کە ئەمجارەش لە بەشێک لە جیھان دا لە حاڵی ڕوودانە و ئەمەش لە پەیوەندییەکانی ئەم بەشە لەگەڵ ئەو بەشەی کە تێیاندا ئەمە ڕووی نەداوە کێشەیەکی جیدی دەھێنێتە ئاراوە، واتە لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریکا و ئاسیای ڕۆژھەڵات. ئەمە ھەر ئەو کێشەیەی پەیوەندی نێوان جیھانێکە کە تێیدا حکوومەت بوونی ھەیە و ئەو جیھانەی کە ئیدی حکوومەت تێیدا بوونی نیە. ئایا ئەمە لایەنی کاروباری بەڕێوەبردنی جیھان ئەستەمتر دەکات یان دەبێتە ھۆی گوێڕایەڵ نەبوونی خەڵک لە حکوومەتەکانیان؟ وەڵام دانەوە دژوارە. زۆر جار ئەوە قبووڵ دەکەن کە لە بەشی ھەرەزۆری مێژوو شارۆمەندان مل کەچی ئەو حکوومەتەی بوون کە لێھاتوو بووە گەرچی پەسەندیان کردبێت یان نەیان کردبێت. ھەندێجار لەبەر ئەوەی حکوومەت بەھێز بووە قبووڵ کراوە، ھەندێجار بەپێی ھزری ھابز بەھۆی ئەوەی کە ھەر حکوومەتێک لە بێ حکوومەتی باشترە قبووڵ کراوە.
بەم جۆرە کاتی دەسبەسەردا گرتنی ھیند و لە ماوەیەکی درێژ ئینگلیزییەکان ئەم وڵاتەیان کە سەدان ملیۆن حەشیمەتی ھەبوو بە دەیان ھەزار کەس کە سەربازەکانیش بەشێکی بوون بەڕێوە دەبرد. ڕوونە کە بەبێ ڕازی بوونی زۆربەی خەڵک ئەمە شتێکی مەحاڵ بوو. ھیندییەکان لە ڕابردوودا ئەو ڕژێمانەیان قبووڵ کردبوو کە لە دەرەوەی سنوورەکانیانەوە ھاتبوون و زاڵ ببوون بە سەریانەوە، ئەم جارەش قبووڵیان کرد. ئەمە ھۆی سەرکەوتنە سەرسووڕھێنەرەکانی زۆربەی ھێزە ئەورووپییەکان لە بەڕێوە بردنی ئیمپراتۆرییە بەربڵاوە داگیرکەرییەکانە. بە گشتی چەند نەتەوەیەکی زۆر کەم بەرخۆدانیان کرد و بەسەریەکەوە ژمارەی ئەو نەتەوانەی کە ڕاھاتبوون بەوەی کە ببنە کۆیلەی حکوومەت، ھەر چییەک بێت زۆرتر بوو. تەنیا ئەو کەسانەی ملکەچ نەبوون کە لە کۆمەڵگا بێ حکوومەتەکان وەکوو ئەفغانستان و کۆمەڵگا تائیفییەکانی ڕۆژئاوای دوور و کوردەکان یان بەربەرەکانی مەراکیش ژیانیان دەبردە سەر. لە بنەڕەتدا ئەو نەتەوانەی دەستیان بە شۆڕش کرد کە لە بەرانبەر ھەر جۆرە حکوومەتێک، چ ھی خۆیان بووبێت چ بێگانەش بەرخۆدانیان کردبوو. مەبەستم ئەوەیە کە زۆربەی نەتەوەکانی جیھان ھزری حکوومەت بوونیان قبووڵ کرد.
پرسیار: ئایا ئەمڕۆ ئیدی ئەمە ڕاستە؟
وەڵام: نەخێر. بەھۆی بەشداری کردنی کەسە ئاساییەکان لە ژیانی گشتی-لەبەر ئەوەی کە سەدەی بیستەم سەدەیەک بوو کە ھەموو شارۆمەندان تێیدا ڕۆڵێکی سەرەکیان لە بەڕێوەبردنی کاروبارە گشتییەکان گێڕا-سەدەی کورت بە دۆخێکی بێ وێنە کۆتایی دێت کە چیتر ڕێگە بە ئێمە نادات ئامادەیی کەسەکان بۆ قبووڵی دەسەڵاتی حکوومەت بە بڕاوە دابنێین. خۆڕاگری لە ئەوروپا لە ماوەی شەڕی جیھانی دووەم بە واتایەک نیشاندەری ئەم دیاردەیە بوو. کاردانەوەی ئاسایی لە بەرانبەر ھێرش کاردانەوەی پیتاین و فەرەنسای ویشی بوو: “ئێمە شکستمان ھێنا، ئەوان سەرکەوتن دەبێت ئەمە قبووڵ بکەین. “ئەم کاردانەوەیە ژیرانە بوو. ڕاپەڕینە بەرخۆدانەکان بە شێوەیەکی بێ سێ و دوو ئەم تێڕوانینانەیان ڕەتکردەوە. ئەمە سەرەتای گۆڕان بوو، بەم ھۆیەش من وەھا تێدەگەم کە چارەسەری لۆژیکی سەدەی نۆزدەیەم کە بریتی بوو لە گۆڕانی ئەو بەشانە لە جیھان کە حکوومەتەکان تێیدا دەڕووخان بەپلەی داگیرکراو، چیتر کاریگەر نیە. ئەم ھەنگاوە زۆر بە خەرج و دەرئەنجامەکانی زۆر نادیارە. ڕەچاوی ئەو نموونەیەی کە لە سەردەمی بێ کۆتاییەکان ئاماژەم پێکردووە (سۆماڵ)بکەن. ئینگلیزییەکان وەکوو ئیتالیاییەکان لەگەڵ ئەم وڵاتەدا چەند کێشەیەکیان ھەبوو، بەڵام ھیچ کاتێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە وەک داگیرکراوێک تووشی کێشە نەبوون. ھیچ کەسێک داوای لێ نەکردن کە بچنە لاوە.لە دەیەی ١٩٩٠ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە ھۆکارەکانی مرۆڤ دۆستانە دەستی تێوەردا بەڵام بەر لەوەی دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ بڕەخسێت، لەوێ وەدەرنرا. خەڵکی زۆربەی وڵاتان چیتر حەزیان لە پاشگەز بوونەوە لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ھێزە داگیرکەرەکان نیە، ئەمەش لەمەڕ بالکانیش ڕاستە.
لە ڕابردوودا؛ کە بڕیاری دەدا کاتێک کە وڵاتێکی بچووک ڕووبەڕووی دووژمنێکی زۆر بەھێزتر لە خۆی دەبێت, دێر یان زوو بڵێت: “باشە، ناتوانم بۆ وەستاندنیان کارێکی ئەوتۆ ئەنجام بدەم.”ئەمڕۆ ئەم ھەڵوێست گرتنە ئەقڵانییە چیتر زۆر باوی نیە. لەم ڕووەوە زانینی ئەمەی کە لەم ناوچانە دەبێت بە چ شێوەیەک ڕەفتار بکرێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دژوارتر دەبێت بەتایبەت لەبەر ئەوەی کە دەستێوەردانی ڕاستەقینە پێویستی بە ڕێکخستنی بەردەوامی ئەو ھێزانەیە کە وڵاتانێکی زۆر کەم ئامادەیی ڕاگرتنیان ھەیە، مەگەر ئەوەی کە مانەوەیان بەوانەوە بەسترا بێت. بۆ نموونە بەریتانیای مەزن بۆ کۆزۆڤۆ ھیچ کاتێک ئەو ھێز و توانایەی ساز ناکات کە بۆ ئیرلەندای باکوور دەیکات، لەبەر ئەوەی کە لە ئیرلەندای باکوور بردنەوە و دۆڕاندن لەخۆگری شتێکی دیکەیە، ئەگەر بەراوردی تێچووی داگیرکراوەکان لەگەڵ تێچووی بەڕێوەبردنی بۆسنە پاش شەڕ بکەین ئەوکات جیاوازییەکە دەبینین. پێم وایە کە ٦٤٠٠٠ سەربازی بەریتانی لە بۆسنەی بچووک جێگیر بووبن، ئەوەی کە کەم تا زۆر ھاوڕێژەی ژمارەی ھێزە بەکار ھاتووەکان لە لایەن ئینگلیزییەکان بۆ حکوومەت و دابین کردنی ئارامی لە نیمچە کیشوەری ھیند بوو.
وهرگێڕان: سۆزان سهعید