دوای نانخواردنی ئێوارە لەگەڵ مارتن سکۆرسێزی بە پێ دەگەڕامەوە بۆ هۆتێلەکەم، لە خۆمم پرسی کە تا چەند بەردەوام دەبێت لە گوشارکردن لە خۆی بۆ ئەوەی ئەو بەربەستە دیوارییە وەسوەسەیەی کە هەیەتی بۆ دۆزینەوەی دڵخۆشی لەگەڵ ژنێکدا. سکۆرسێزی بە درێژایی ژیانی بەتەمەنی خۆی بەدوای خۆشەویستی و ئارامی لەگەڵ ژنێکدا دەگەڕا، ماوەیەکی زۆر بوو ئەو ئاسوودەییانەی نەدۆزیەوە. بەڵام بەهۆی ئازارەکانییەوە هەندێک لە باشترین فیلمەکانی بەرهەم هێنا کە تا ئێستا لەسەر تەنیایی و بێزاری دروستکراون. لە کاتێکدا لە ترافیک لایتێکدا وەستا بووم، سەرم بەرز کردەوە بۆ دۆڵەکانی مانهاتن کە مرۆڤە تەنیاکان لەسەر جێگەکانیان دەخەون بۆ گەیشتن بە ئەستێرەکان، پێم وابوو ئازارەکانی سکۆرسێزی لانیکەم ئیلهامبەخش بووە بۆ فیلمە گەورەکان. ئەگەر بە بەدبەختی بمێنێتەوە، پێم وابوو ڕەنگە چەند شاکارێکی دیکەی وەک شۆفێری تەکسی دروست بکات.
لە لایەکی دیکەوە، ڕەنگە بە سادەیی لە تاڵیی و نائومێدی قووڵەوە بڕوات لە کۆتاییدا. ئێمە لەم دواییانەدا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر قسەمان لەسەر The King of Comedy کرد، فیلمە نوێیە کێشەدارەکەی سکۆرسێزی- فیلمێک کە ستۆدیۆکە ئامادە بوو وازی لێ بهێنێت، تاوەکو هەندێک پێداچوونەوەی باش بڵاوبوونەوە. بۆ سکۆرسێزی دروستکردنی فیلمەکە هاوکات بوو لەگەڵ قۆناغێکی پڕ لە ئازاری ژیانی، ئەو کاتەی کە عاشقی کچەکەی ئینگرید بێرگمان بوو، ئیزابێلا ڕۆسێلینی، هاوسەرگیری کردبوو، جیابووەوە. هەرچەندە ئاسانە فیلمی The King of Comedy وەک بەرهەمدارترین و بێ سۆزترین فیلم لە هەموو فیلمەکانی سکۆرسێزی ببینین، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە ئەو دەیبینێت. ڕەنگە ئەوەش لەبەر ئەوە بێت کە هەر دیمەنێک لە یادەوەرییەکانیدا بە ئازارێکەوە بە ژیانی بەستراوەتەوە. سکۆرسێزی دەڵێت: “بڕی ڕەتکردنەوە لەم فیلمەدا ترسناکە”. “دیمەنگەلێک هەن کە نزیکە نەتوانم سەیری بکەم. دیمەنێک هەیە کە بە دی نیرۆ دەوترێت ‘ڕقم لێتە!’ و سەری دەجووڵێنێت و وەڵامی دەداتەوە، ‘ئۆه، دەبینم، ڕاستە، تۆ ناتەوێت جارێکی تر بمبینیتەوە!’ فیلمەکەم لە کاتێکی زۆر بەئازاری ژیانمدا دروستکردووە. بە ڕۆتینی منی نەگبەتدا تێدەپەڕ و هێشتا زۆر تەنیام. پەیوەندییەکی تر جیابوومەوە”. لەو کاتەی ئیزابێلاوە؟ “لەوەتەی ئێستا کاتێکی زۆر بە تەنیا بەسەر دەبەم. دەچمە ماڵەوە و بە ڤیدیۆ سەیری فیلم دەکەم و بە درێژایی شەو بەخەبەر دەمێنمەوە و بە درێژایی ڕۆژ دەخەوم. ئەگەر پێویست نەبێت کار بکەم بەردەوام دەخەوتم. هەرگیز ئەوەندە تەنیا نەبووم.”
ئەو شێوازەی کە بە هێمنی و بێ جەختکردنەوە و بە دەنگێکی ئارامتر لەوەی کە ئاسایی قسەی دەکرد دەیگوت، دەیخستە پۆلێنێکی تایبەتەوە. ڕەنگە ڕەهەندێکی زیادە بدات بە فیلمی The King of Comedy، فیلمێکە دەربارەی پیاوێک کە ئەوەندە گۆشەگیرە، تەنانەت ئامانجەکانیشی پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤێکی دیکەدا ناگرێتەوە. کارەکتەرەکە، ڕوپەرت پاپکین، کە ڕۆبەرت دی نیرۆ ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، لە ژێرزەمینەکەیدا سێتی بۆ بەرنامەیەکی گفتوگۆ دروستکردووە، شەو لە دوای شەو لەوێ دادەنیشێت و گفتوگۆی قسەخۆش و خۆبەزلزانانە لەگەڵ وێنە کارتۆنییەکانیەکانی لیزا مینێلی و… جێری لویس دەکات. ڕوپەرت پاپکین هەست بە پچڕانی ژیان ناکات- بەڵکو وا هەست دەکات لە بەرنامەکانی قسەکردن دابڕاوە. ژیانی پێکدێت لە چاوەڕوانی. لە دەرەوەی دەرگای شانۆ، لە دەرەوەی بینای ئۆفیسەکاندا، ژووری چاوەڕوانی و تەلەفۆنەکان دەکات. دەیەوێت لە سەر شاشە دەرکەوێت. ئەو دەیەوێت ببێتە هاوڕێ لەگەڵ لیزا و جێری و تۆنی و جۆیس و ئەندامانی دیکەی خێزانە فراوانە ناوازەکەی ئەمریکا لە بنەمای “کەسایەتییە” تەلەفزیۆنییەکان، کە پێدەچێت هەموویان زۆر باش یەکتر بناسن. ڕوپەرت نازانێت چۆن گفتوگۆیەکی ئاسایی بکات، بەڵام فۆڕمی بەرنامەی گفتوگۆ دەزانێت؛ ئەو ئەوەندە بە وردی لێکۆڵینەوەی لە پێشکەشکاری بەرنامەی گفتوگۆکان کردووە، جێری لانگفۆرد (جێری لویس) تەنانەت دەزانێت چۆن جل و بەرگ دەپۆشێت، و ڕێبازی ئەو بۆ دەستپێکردنی کۆمیدی چییە:- “پێیان مەڵێ ئەوە دێڕە کۆمیدیەکەیه، تەنها هێڵە کۆمیدیەکە بڵێ”
سکۆرسێزی دەڵێت: کە ڕوپەرت پاپکین و جێری لانگفۆرد خۆی بیردەخەنەوە. پاپکین مارتی سکۆرسێزی گەنجە، لە ئۆفیسەکانی بریکارەکاندا خێمەی هەڵداوە، قەرزەکانی کۆدەکاتەوە بۆ تەواوکردنی فیلمە خوێندکارییەکەی، لە نێوان ئەرکەکانی دەرهێناندا کاری ئیدتین دەکات. لانگفۆرد مارتن سکۆرسێزە لە تەمەنی چل ساڵیدا، بەناوبانگە، ڕێزی لێدەگیرێت، سەرسامە، گەمارۆدراوە لەلایەن گەنجانی ئایندەی سینەماکارەوە کە داوای چانسێکی لێدەکەن. سکۆرسێزی وتی: “دوێنێ شەو، چوومە نمایشی کاتژمێر ١٠ی شەوی King of Comedy. لەسەر شاشەکە ئەو دیمەنە نمایش دەکرێت کە ڕوپەرت دەچێتە ناو لیمۆزینەکەی جێری و دەڵێت دەبێت قسەی لەگەڵ بکات. هەناسە بڕکێیەتی. جێری پێی دەڵێت: “ئارامبە گەنجۆ”. لەم نێوەندەدا لە ڕیزی دواوەی شانۆکەدا منداڵێک قۆڵم دەگرێت و دەڵێت دەبێت قسەم لەگەڵ بکات. هەناسەی لێ بڕاوە پێی دەڵێم ئارام بگرە. ئەوە هەمان دیمەنە کە لەسەر شاشەکەیە” کات. ئەوەی ئەو چیرۆکە باسی دەکات کاتە. سەردەمێک بوو کە مارتی سکۆرسێزی منداڵێکی بەهرەمەند و تەنگەنەفەسی و بەتوانای زانکۆی نیویۆرک بوو و دەیویست فیلم دروست بکات. متمانەی زۆری بەخۆی هەبوو. ئێستا کات تێپەڕیوە و سکۆرسێزی هەموو ئەو شتانەی بەدەستهێناوە کە خەونی پێیەوە دەبینی.
کەسانێک هەن پێیان وایە ئەو گەورەترین، جیهانیترین، وەسوەسەترینن دەرهێنەری ئەمریکییە. بەڵام ئەگەر ڕۆژێک پێی وابوو سەرکەوتن بەختەوەری بۆ دەهێنێت، ئێستا دووبارە بیر دەکاتەوە. بەو پێیەی بڕیارە دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی سینەمایی بتوانن هەرچییەکیان بوێت بە دەستی بهێنن، ئەوا ئەو ڕاستییەی کە سکۆرسێزی بەناوبانگە و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ناڕازییە، دەبێ بۆ ئەو ئایرۆنییەکی ترسناکە.
سکۆرسێزی لە تەمەنی چل ساڵیدا ڕیشدار، باریک، زۆرجار دڵخۆشە، سەرەڕای بارگرانی ناخۆشییەکانی. بە جل و بەرگێکی وەک مردوونێژ سەرکەوتوو دێت بۆ نانخواردن، قاتێکی گرانبەهای نیلی تۆخ و کۆتێکی ئیخە پانی شینی دەریایی لەبەردایە. ڕەنگە لەو مافیا بچێت کە جل و بەرگی کەشخەیان لەبەردا بووە، ئیتاڵیا بچووکەکەی نیویۆرکیان بەڕێوەبردووە، کاتێک لەوێ گەورە بووە. لەم دواییانەدا لە ئیسرائیل بوو بۆ ئەوەی شوێنەکانی پڕۆژەیەک بە ناوی The Last Temptation of Christ بدۆزێتەوە، کاتێک بە هێلیکۆپتەرێک لە بیابانەکاندا بردیانە دەرەوە، قاتە شین و کۆتە شینەکەی و پێڵاوە ڕەشە گرانبەهاکانی لەبەردا بوو. زۆربەی دەرهێنەرەکان بۆ ژەمی ئێوارە چاکەتی بیابان لەبەر دەکەن. سکۆرسێزی قاتی لەبەردایە بۆ بیابان. وتیشی: “ستۆدیۆکە ئامادەبوو دەستبەرداری King of Comedy بێت”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەوان بە دزییەوە سەیریان کردوە. وەڵامەکە زۆر باش نەبوو. باشە، بەڵام زۆر نا. پێم گوتن ئەمە ئەو جۆرە فیلمە نییە کە بینەرانی پێشوەختە (هەڵسەنگێنەر) هیچ ڕەهایەکیان هەبێت.
ئەگەر لە ئامادەکاریت لە مێشکتدا نەبێت بۆ بینینی ئەم فیلمە، لەوانەیە ئەزموونێکی زۆر سەیر بێت. ڕێگەی فرۆشتنی ئەم فیلمە، لە بنەڕەتدا لەسەر پێشینەی دی نیرۆ و خۆمە، لەسەر هێڵی چیرۆکەکە. ستۆدیۆکە ئامادە بوو فیلمەکە بخاتە لاوە. مردوو و نێژرا. پاشان هەندێک لە پێداچوونەوە باشەکان بڵاو بوونەوە، خۆیان پێچەوانە کردەوە. ئێستا وا دیارە ڕەنگە هەموو شتێک باش بێت”. یەکێک لە هۆکارەکانی ترسی ستۆدیۆکە لە فیلمەکە (سکۆرسێزی نەی ووت) ئەوە بوو کە بابەتەکە لەڕادەبەدەر کاریگەرە. لە فیلمەکەدا ڕوپەرت پاپکین جێری لانگفۆرد دەڕفێنێت و داوای فیدییە دەکات. فیدیەکەی کاتێکی دە خولەکیە بۆ ڕۆتینێکی کۆمیدی ستاند ئەپ لە بەرنامەکەدا.
بەو پێیەی بەباش دەزانین کە سەیری فیلمی Taxi Driver سکۆرسێزی بینیوە (کە باس لە بکوژێکی نامۆ دەکات) پێش ئەوەی وێنەی لە ڕیگان بکات، شای کۆمیدی لە هەندێک بازنەدا نزیک بوو وەک بانگهێشتێک بۆ کێشەیەک بۆ کەسێکی وەک جۆنی کارسۆن.
بەو پێیەی بەباشی دەزانرێت کە Taxi Driver سکۆرسێزی (کە باس لە بکوژێکی نامۆ دەکات) لەلایەن جۆن هینکلی بینراوە پێش ئەوەی تەقە لە ریگەنی The King of Comedy بکات، لە هەندێک خاڵدا وەک بانگهێشتێکە بۆ کێشەیەک بۆ کەسێکی وەک جۆنی کارسۆن وابوو. ئەم جۆرە ترسانە لەلایەن پۆڵ زیمەرمانەوە کەم نەبوونەوە، کە ڕەخنەگرێکی فیلم بوو لە نیوزویکی کە ئەم فیلمەی نووسیبوو، بە بێدەنگی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی نیویۆرکدا وتی، “ئەوە کاری هونەر نییە کە وەک سیستەمێکی ئەمنی بۆ کەسایەتییە ناودارەکان خزمەت بکات.” بەڵام بۆ سکۆرسێزی پێناچێت فیلمەکە بە وردی باسی ڕفاندنی کەسایەتییەکی ناودار بێت. ئەوە تەنیا هێڵی پڵۆتە، لە سیناریۆیەکدا کە زیمەرمەن دوانزە ساڵ لەمەوبەر نووسیویەتی و سکۆرسێزی شەش ساڵ لەمەوبەر ڕەتیکردووەتەوە. وتی: “لەو کاتەدا پێدەچوو فیلمێکی یەک نوکتەی بێت”. “بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت ئەوەی کە قسە لەسەر ڕفاندن نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕەتکردنەوە هەیە. بۆ من پێویستی بە شێوازێکی نوێی بینراو بوو. من بە جوڵاندنی کامێرا ناسراوم. من بەزۆری لە هەموو شوێنێکم.
ئاماژەی بەوەشکردووە؛ “ئەم فیلمە جوڵەی کامێرای زۆر کەمی تێدایە، کاتێک کامێرا دەجووڵێت مانای شتێکە. سەیری ئەو دیمەنە بکە کە فەرمانبەرەکە بە پاپکین دەڵێت کە جێری تا ڕۆژی دووشەممە ناگەڕێتەوە، پاپکینیش دەڵێت چاوەڕێ دەکەم. سەیرکە کامێرا چۆن دەجوڵێت. دەجووڵێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ڕوپەرت چەند پتەوە. جوڵەیەکی جوانە.” وتم بەڵام ئەمە لە هەستی تەنیایی و ڕەتکردنەوەتەوە سەرچاوە دەگرێت؟ “بەڵێ.” بەو شێوەیە سادەیە؟ “هەر ئەوەندە سادە.” یەکەم فیلمی سکۆرسێزی بە ناوی Who’s That Knocking at My Door، باس لە منداڵێکی ئیتاڵی ئەمریکی دەکات کە خەڵکی نیویۆرکە و لە کەشتییەکەی ستاتن ئایلەنددا ئاشقی کچێکی قژزەرد بوو، پێش ئەوەی بزانێت کە کچە کچێنی نییە ویستویەتی هاوسەرگیری لەگەڵ بکات. بە تووڕەیی و سەرلێشێواوی ڕەتی کردەوە و لە کۆتایی فیلمەکەدا هەردووکیان بە تەنیا بوون و هەستێکمان لا درووست بوو کە هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە. فرۆید لەبارەی کۆمپلێکسی مادۆنا-قهحبە، وابەستەیی پیاوان بە هەبوونی تەنها دوو پۆل بۆ ژنان نووسیویەتی: سەرەتا ئایدیالیزەیان دەکەن، پاشان کاتێک بۆیان دەردەکەوێت کە ژنە ئایدیاڵەکە ئاخر تەنها مرۆڤە، بە ڕقەوە ڕەتیان دەکەنەوە.
بە سکۆرسێزیم گوت؛ بەبێ ئەوەی بچمە ناو دەروونناسی کەسیتەوە، ئایا هێشتا هەمان سیناریۆ دووبارە دەکەیتەوە؟ وتی: “هێشتا لە قۆناغی Who’s That Knocking گیرم خواردووە، تەنها ئەوە نەبێت کە ئەوەندە نیم کە ڕەتیدەکەمەوە، وەک ئەوەی شتێک بە هەڵەدا بچێت. ڕەنگە گوزەرکردن مەحاڵ ببت لەگەڵ مندا”. هەمان نەخش، ئایدیالیزەکردن، ڕەتکردنەوە، لە فیلمەکانی دیکەی سکۆرسێزیدا دەردەکەوێت، لەوانە Mean Streets، Taxi Driver، Raging Bull (کە ڕۆبێرت دی نیرۆ وەک جەیک لامۆتا هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی سەرنجڕاکیشی شانزە ساڵان دەکات، دواتر غیرەییەکەی شێت دەکات کاتێک پیاوانی تر سەیری دەکەن). تەنیا دەمتوانی پێشبینی ئەو فۆرمانە بکەم کە وەسوەسەی سکۆرسێزی خۆی دەیگرێتەبەر و نەمدەویست بەڕاستی فشار بخەمە سەر بابەتەکە، هەرچەندە پێدەچوو ئامادەبێت باسی بکات. ئەوەی لە کۆتاییدا ڕوویدا، نزیک تەواو بوونی نانخواردنەکەماندا، ئەوە بوو کە بە ڕێکەوت بۆم دەرکەوت کە چەندە ئازاری چەشتووە. باسی فیلمێکی نوێم کرد بە ناوی Exposed، لە دەرهێنانی جەیمس تۆباک، کە ناستاسجا کینسکی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت. وتم پێموایە کینسکی خاوەنی سیحرێکی دەگمەنە کە “ماریلین مۆنرۆ” هەیبوو؛ کە کینسکی لە هەر شتێکدا دەردەکەوێت، باش بێت یان خراپ، ئەو شاشەکە کۆنتڕۆڵ دەکات.
سکۆرسێزی گوتی: “بەرگەی بینینی کینسکی لە هیچ شتێکدا ناگرم”. “زۆر ئیزابێلام بیردەخاتەوە. لەت لەتم دەکات. تەنانەت ناتوانم بچمە فیلمێکی براکانی تاڤیانی ببینم، چونکە من و ئیزابێلا لە سێتی یەکێک لە فیلمەکانیاندا کەمێک عیشقبازیمان هەبوو. هەرگیز ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ دوورگەی سالینا، کە فیلمی The Leopard ی ڤیسکۆنتی لێ وێنەی گیراوە، چونکە ئێمە لەوێ بووین. لە ڕاستیدا زەحمەت بتوانم سەیری فیلمێکی ڤیسکۆنتی بکەم بەبێ ئەوەی خەمۆکی نەم گرێت”. بە یادەوەرییەکانی ئیزابێلا؟ “لە ڕێگەی یادەوەرییەکانی ئەو قۆناغێک کە پێم وابوو دڵخۆشم، بەو شێوەیە دەیخەمەڕوو. قۆناغێک کە بەڕاستی پێم وابوو وەڵامەکانی دەزانم”. باشە، کەواتە، وتم. فیلمێکی نوێم هەیە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت خەمۆکت بکات یان هیچ پەیوەندییەکی کۆنت بۆ بهێنێتە ئاراوە. ناوی، کەسێک بڵێ ئامین، ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە نایابەیە دەربارەی مۆسیقای گۆسپۆڵ(ئەم جۆرە میوزکە لە کەنیسەکاندا نمایش دەکرێت). “چاوەڕوان نەکراو بوو”. سکۆرسێزی پێکەنی، بەڵام جدی بوو. بۆ نا؟ “لەلایەن یونایتد ئارتیستس کلاسیکەوە بڵاودەکرێتەوە”. ئاهێکی هەڵکێشا. مەبەستت ئەوەیە کە ناتوانیت فیلمێک ببینیت کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بڵاوکراوەتەوە کە پەیوەندی بە ژنێکەوە هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆشت ویستووە؟ زەردەخەنەیەکی کرد.
کە لۆگۆی یونایتد ئارتیستزم دەبینم و فیلمەکەی لێ تێکدەدا. ڕەنگە بتوانیت بێیتە ژوورەوە دوای ئەوەی لۆگۆکە لەسەر شاشەکە لا دەچێت؟ “دەزانم”. لەگەڵ هەندێک دەرهێنەردا، دەترسیت کە گڕو تێن و خولیاکانیان لە سەرەتاوە لەدەست بدەن وە لە تەمەنی پەنجکانیاندا، ڕوو لە دەرهێنانی ڕیکلامم بازرگانی سەلامەت و دڵخۆشەکەرەکان دەکەن. لەگەڵ مارتن سکۆرسێزی، پێموانییە ئێمە ئەوە خەمەمان هەبێت.
سەرچاوە:
Roger Ebert – Scorsese by Ebert (2009) page 71 to 76
وەرگێڕانی له ئینگلیزییهوه: هۆگر جەزا