نامەیەك بۆ سەعدیی شیرازی (لە ڕێگەی ڕووناكبیر و فەیلەسووفە ئێرانییەكانەوە).
1. سڵاو مامۆستا شیرازی، نازانم ئەم نامەیەت پێدەگات یان نا، بەڵام حەزم كرد لێرەدا چەند ڕازێكت بۆ باس بكەم.
شەوی ڕابردوو سوپای پاسداران دوایین مووشەكەكانی بە هەولێرەوە نا و چەندین بێتاوانی شەهید و بریندار كردن، بەڵام خوێنەكەیان كەوتە سەر گوڵستانەكەت، بە تایبەتیش ئەو سێ بەیتەیان سوور كرد، كە تیایدا فەرمووتە:
بنی آدم اعضای یکدیگرند/ که در آفرینش ز یک گوهرند
(ئادەمیزاد ئەندامی هەمان خێزانن/ لە خوڵقانەوە لە یەك گەوهەرن)
چو عضوی به درد آورد روزگار/ دگر عضوها را نماند قرار
(كاتێ ڕۆژگار یەكێكیان ئازار بدا/ ئۆقرەیان نامێنێ ئەندامانی تر)
تو کز محنت دیگران بی غمی/ نشاید که نامت نهند آدمی.
(تۆ كە لە میحنەتی ئەوانیتر بێ خەمی/ نەگونجاوە پێت بگوترێ ئادەمی)
(گلستان: باب اول در سیرت پادشاهان، حكایت شمارە 10).
2. هەرچەندە تۆ هەمیشە لە نێو دەرباری پاشاكاندابووی، بەڵام من یەكەمجار كە گوڵستانەكەتم بینی لە نێو تاقی دیوەخانی خاڵمدا بوو، لە گوندی (گەرماو)، كە ڕۆژانە دایدەگرت و لە ناو كۆشی دادەنا و بڕێكی لێدەخوێندەوە. هەمان كاری لەگەڵ قورئانیشدا دەكرد. كەم ماڵی خوێندەواری گوندنیشینی كوردستان هەبوو گوڵستان و بوستانی تۆی تێدا نەبێت. كوردەكان لەگەڵ دەرسی ئایینیش لە حوجرەدا گوڵستان و بوستانیان دەخوێند و بگرە بە “حەكیمی شیراز”یان ناو دەبردی. نازانم بۆ هاوزمانەكانت لە ئەهلی حیكمەت و ئەدەب، ئاخۆ تەڕایی تۆیان تێدا مابێت، بەڵام كۆماری ئیسلامیی و سوپای پاسدارانەكەی، ئەوەی حورمەت بێت بەتۆیانەوە نەهێشتووە. لەوەش قێزەونتر ئەوەیە، كە دژەكانی ئەم ڕژێمی سێدارەیەش لە ڕۆشنبیر و نووسەر، لە فەیلەسووف و حەكیم و لە ئوستاز و زانا، لە چەپ و هیومانیست و گڵۆباڵیست، هەرگیز بۆ گێڕانەوەی ڕێز بۆتۆ، نەمدیوە متتەقیان لێوە بێت و لە پای بەرگریكردن لەو میراتەی تۆ بۆت بەجێهشتوون، بەرگرییان لێ كردبیت. لێرەشدا كەوتوومەتە گومانەوە، ئاخۆ ئیتر ئەمانە تۆ بەیەكێك لە خۆیان بزانن، یان بەجارێك دەستیان لێ شتبیت و بیریان چووبیتەوە، مەگەر ئەوكاتەی باسی “ئێرانییەت” حەماسەیان بەرز دەكاتەوەو تۆشیان بۆ شانازییەكی ساختە بیر بكەوێتەوەو لەگەڵ حافز و سەنایی و مەولانا، بە زمبەی شانازییتەوە بكەن و كە گۆشتت پێوە نەما، فڕێت بدەنە ئەولاوە.
3. ئوستاز: خەم مەخۆ، ڕۆژگاری ئەمڕۆ هەموو شتێك وای لێهاتووە و بەهاكەی بە مەسرەفەكەیدا دیاری دەكرێت. نامەوێ ئەوەشت پێ بڵێم، كە ئیتر گوڵستان و بووستانەكەی تۆش تەنیا لە تاقیی ئەو ئێرانیانەدا ماوە، كە لە هەندەرانەوە ئاخ بۆ سەرزەمینی پاشاكان هەڵدەكێشن و لە لۆس ئەنجڵس و لەندەنەوە، لەسەر ئاوازی نۆستالیژیا، فرمێسك بۆ ئێرانەكەیان دەڕێژن. ئێرانی پاك و بێگەرد، ئێرانی یەك قەوم و ئێرانی فارس. لە تارانیش ساڵەهایە لە ڕەفەی كتێبفرۆشییەكانی شەقامی “ئینقلاب”دا بەدەم تەنیاییەكی بێ نموونەوە ئیرەیی بە پڕفرۆشیی كتێبە وەرگێڕدراوەكانەوە دەبەیت و لەگەڵ “حافز و عەتتار و مەولانا”، سەرتان ناوە بەسەری یەكەوە و كەس هەواڵتان ناپرسێت. ئاوارە لە وڵاتی خۆتاندا. بێكەس لە ناو جەماعەتدا، بێدەوڵەت لە غیابی پاشادا.
4. لەوانە هەمووی گەڕێ و نامەوێت خەمت بدەمێ لەسەر ئەوەی چۆن ئێستا سەد هۆقەی شیرین كەلامیت نرخی كیلۆیەك گۆشت لە تارانا ناكات. تاران ئەو شوێنەی كە (سالمی ساحێب قەڕان) شاعیری كورد، لەبارەیەوە گوتوویەتی: “ئەگەر بەهەشت بێتە دەشتی ڕەی، پێیدا گوزەر ناكەم”. ئەو تارانەی بۆ سالم شوێنی ڕەتكردنەوەی بەهەشت بوو، ئێستا بۆ تارانییەكان بۆتە دۆزەخێكی هەمیشەیی و حوكمی پاسدار بەهەمان شێوەی ناردنی مووشەك بۆ هەولێر، پێ بەسەر پرچی ژینا و ژنانی دیكەدا دەنێت و هەر شار و شارەدێیەكییان لە میللەتانی ئەو وڵاتە كردۆتە سێدارەستان. بۆیە ئەو بەیتانەی لەبارەی بەنی ئادەمەوە هۆنیوتنەوە، لە ئێستادا وەك بابەتێكی قاچاخیان لێهاتووە، كە تەنانەت فەلسەفەی (مورادی فەرهادپوور)یش توانای ڕاڤەكردنیان نییە چ ڕاڤەیەكی كانتیانە بێت، یان خوێندنەوەیەكی ژیژەكیانە. ئەو لۆژیكەی تۆ بیرت پێدەكردەوە، لە سایەی كۆماری خوێندا، تەواو پێچەوانە بۆتەوە و كەسیش ناپرسێت، كامتان ڕەسەنترن لەم بەریانەدا كە ناوی ئێرانە؟
5. بەپێی ڕاڤەی كۆماری ئیسلامی و لە ڕوانگەی شۆڤێنیانەی سوپای پاسدارانەكەیەوە، ئیتر ئادەمیزاد ئەندامی یەكتر نین و لە خوڵقەتیشەوە لە هەمان گەوهەر نین. سوپای پاسداران كوردی بێگوناهی لەم لۆژیكە فڕێداوەتە دەرەوە و “گەوهەری خۆی”، كە پێناسەی ناكەم و ئەمە بۆ ڕووناكبیرانی فارسزمان جێدەهێڵم، لە گەوهەری لانیكەم كورد و بەلووچ و ئەوانیتر جودا كردۆتەوە. بە واتایەكی دیكە، پەیكەری پێكهاتەیی خوڵقەتی ئادەمیزادی تێكداوە بۆ ئەوەی بتوانێت گەوهەرە پێكهاتەیی و ئەفرێنراوەكەی لێبستێنێتەوەو هەڵیوەشێنێت. ئیتر لێرەدا ئەوە ئەركی دانا و فەیلەسووف و ڕووناكبیرەكانی ئێرانە چی دەكەن بۆ پاراستنی سیمای شەرافەتمەندانەی ئوستاز شیرازی، كە ئەم بەیتەی لە دیواری نەتەوەیەكگرتووەكانیش گوایە هەڵكۆڵراوە. ئەوە ئەركی ئەوانە چۆن ئەم نەشتەرگەرییە شیعەسەنتەری و فاشیستیانەیە پێناسە و پینە بكەن، كە تیایدا نە هەموو مرۆڤایەتی ئەندامی یەك خێزان ماون و نە گەوهەرێكی چوونیەكیشیان هەیە. ئەمەش سەرەتایە بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەم بەیتەی دواییش:
چو عضوی به درد آورد روزگار/ دگر عضوها را نماند قرار.
6. ئێستا پەیكەرەكەیان هەڵوەشاندەوە و گەوهەرەكەشیان لێسەندەوە. ئەمەش ڕەوایەتییەكی سێدارەییان دەداتێ بۆ ئەوەی ببنە ئەو ئەندامەی كە نەك هەر بۆ كوردەكان قەراریان نەماوە، بەڵكو بوونەتە سەرچاوەی بێ قەراری كورد، كە خۆی بەدەست ڕۆژگارەوە ئازار چەشتووە. واتە ئەم بەیتەی ئێوە فەرمووتانە باسی هاوخەمیی هاوچەشن دەكات كاتێك ڕۆژگار ئەندامێكیان ئازار دەدات، بەڵام لە كۆماری ئیسلامیی و بەدیار چاوی ئەو هەموو حافزناس و ئوستازی سەعدیزان و شارەزایانەی بواری خوێندنەوەی ئەدەبییەوە، سوپای پاسداران دێت و ڕاڤەیەكی ستەمكارانە بۆ بەیتەكەی تۆ دەكات و هەڵیدەگێڕیتەوە بۆ پێچەوانەكەی خۆی: لە ڕاستیشدا ئێستا ڕێك وای لێهاتووە و سوپای پاسداران بۆتە ئەو ئەندامەی كە ناهێڵێت هیچ ئەندامێكی دیكەی بەرەی مرۆڤایەتی، بەتایبەتی لە كوردستان، عێراق، سوریا، یەمەن و زۆر شوێنی دیكەش ئارام بگرن.
7. لەگەڵ ئەوەشدا لە دوا بەیتدا تۆی پایەدار ڕێگەت لە بە فاشیستانەكردنی گوڵستانەكەت گرتووە و كۆماری سێدارەت گیرداوە، بەڵام ڕووناكبیران و فەیلەسووفە مرۆڤدۆستەكانیت خستۆتە داوێكەوە بە ئاسانی لێی ڕزگار نابن: بەیتەكەت شمشێری دوو سەرەیە و لەلایەكەوە سوپای پاسدارانت لە بەرەی ئادەمیی خستۆتە دەرەوەو لەلایەكیتریشەوە ئێرانچیی و ئەهلی فەرهەنگ و بانگەشەی كولتووری چەند هەزارساڵەت خستوونەتە بەرەی بێ غەمانەوە: ئەم دێڕە بەسە بۆ ئەوەی كافەنیشینەكان و ئوستازانی ئەدەبیات و سەعدیناسەكان لە تاران و جیهاندا بەخۆیاندا بچنەوە و لەو بێ خەمییەیان بێنە دەرێ و هەڵوێستگیرییەكی مرۆڤانە، ویژدانیانە و نا شیعەگەرانەی بەدەر لە ئێرانچێتی لە میحنەتی “ئەوانیتری كوردەكان” وەربگرن:
تو کز محنت دیگران بی غمی/ نشاید که نامت نهند آدمی.