“سەبارەت بە ڕۆمانى گورگى ڕووتەڵان”
_ ئەم ئارامى و بێ ئازارییە خۆشە، ئەم ڕۆژگارە ماتانەى کەبەرگەیان دەگیرێ و تیایاندا، نەخەم زاتى ئەوە دەکات دەنگ هەڵبڕێ و نە خۆشى، هەموو بە چپە دەدوێن و لەسەر نووکى پەنجە دەڕۆن.
_ ڕەنگە ئەوەى ئێمەى شێت بۆى ژیاوین، لەخەیاڵێک زیاتر نەبووبێت.
_ ئەمڕۆ بۆرژوا، ئەوەى وەک بێ دین دەیسوتێنێ یان وەک تاوانبار هەڵیدەواسێت، سبەینێ پەیکەرى یادەوەرى بۆ بەرز دەکاتەوە.
ئەمانە بەشێک لەقسەکانى کاراکتەرى سەرەکى ڕۆمانەکە “هەڕى هالەر”ن. کاتێک کتێبەکە بەدەستتەوە دەگریت و یەکەمین لاپەڕەکانى هەڵدەدەیتەوە، ڕاستەوخۆ بەردەنگ و ڕەنگى نووسەر دەکەویت. دەنگى “هێرمان هێسە” لەدەستپێکى گێڕانەوەى ڕۆمانەکەدا، بەتەواوى ئامادەیە و وەک شاھێدحاڵێک، دەیەوێت وێنەى ڕاستەقینەى “هەڕى هالەر” بەرجەستە بکات. هەربۆیە سەرەتاى گێڕانەوەى ڕۆمانەکە، بەپێشەکى نووسەر دەست پێدەکات و لەوێدا نووسەر، ئاماژە بەوەدەدات کە گورگى ڕووتەڵان، لەو ڕەشنووسانە پێک هاتووە، کە پیاوێک لەدواى خۆى بەجێى هێشتن. بەو پیاوەمان دەگوت گورگى ڕووتەڵان. بە خۆشى هەروەهاى بە خۆى دەگوت. گورگى ڕووتەڵان پیاوێکە، تەمەنى لە پەنجاساڵ نزیک دەبێتەوە. ڕۆژێک سەفەر بۆ شارێک دەکات و لەوێدا ژوورێکى بچووک بە کرێ دەگرێت، ماوەى نۆ یان دەمانگێک لەوێ دەمێنێتەوە و ژیانێکى هێمن و گۆشەگیرانە بەسەر دەبات. کاراکتەرەکەمان پیاوێکى ڕەشبین و تەریکە، ڕۆشنبیر و نووسەرە و ئەهلى کتێبە. ژوورەکەى پڕن لە تابلۆ و کتێب. گرنگى بەلایەنى ڕۆحى دەدات، بێ پرۆگرام و سیستەمە. وابڕیارە لەتەمەنى پەنجاساڵیدا و لەئاهەنگى ڕۆژى لەدایک بوونیدا خۆى بکوژێت.
کەسایەتى “هالەر” لە نێوان دوو خاسیەت و پێکهاتەى “گورگ و مرۆڤ”دا نیشتەجێیە. ئەو دوو خاسیەتەش لە کەسایەتى ئەودا جیاوازن. گورگ و مرۆڤ شانبەشانى یەکترى ناڕۆن و لەوەش کەمتر، یارمەتى و هاوکارى یەکدى ناکەن. ناکۆکى و دژایەتى قوڵ و فەلسەفیانە لە نێوانیاندایە. گەر لەبارەى ژیانى “هێرمان هێسە” بە ئاگا بین، دەتوانین ئەم ڕۆمانە، وەک بیۆگرافیاى خودى “هێسە” تەماشا بکەین. بەو پێیەى بارودۆخى ژیانى “هالەر” زۆر نزیکە لە دۆخى ژیانى هێسەوە، تەنگەژە و نائارامى دەرونى و قەیرانى ڕۆحى نووسەر، لەکەسایەتى هالەردا ڕەنگى داوەتەوە. لەڕوانگەیەکى گشتییەوە ئەم ڕۆمانە، گوزارشتکەرى ژیانى دونیاى مۆدێرنە. تووندوتیژى و درز و کەلێن و نەخۆشى و ئازار و مەینەتى ژیانى نێو کەپیتاڵیزم وێنا کراوە و پارچە پارچە بوون و کەرتبوونى کەسایەتى مرۆڤ و مرۆڤبوون چەقى بابەتى ڕۆمانەکەن. کەسایەتى “هەڕى هالەر” لە نێوان گورگ و مرۆڤدا، کە بەدرێژایى ڕۆمانەکە لە کێشمە کێشم و ململانێ و دژایەتى یەکتریدان، وێنایەکە بۆ درزبوون و لێک هەڵوەشانەوەى ژیان و کەسایەتى مرۆڤى مۆدێرنى پاش شۆڕشى پیشەسازى. نازناوى گورگى ڕووتەڵان و ڕقى ئەستوورى ئەو بەرامبەر بە جیهانى بۆرژواو، لە هەمانکاتیشدا، تێکەڵاوى و لێک نزیکى و ژیانکردنى لەنێو پێوانە و کەش و هەواو شێوازى ئەواندا، ئاماژەن بە فرە دیویی و فرە پێکهاتەیی و فرە ڕوویى کەسایەتى ئەم کاراکتەرە.
“هالەر” سوژەیەکى تێکەڵە لە هەموو ئارەزوو خولیا مادیى و میتافیزیکیەکان. نموونەیەکە لەو سوژە فرە ڕەنگ و پڕلە ناکۆکیانەى کە دەکرێت لەهەمانکاتدا، مرۆڤێکى ئەقڵانى، مرۆڤێکى ئیحساسیش بێت. گورگ و مرۆڤەکەى “هالەر”، هەریەکەیان نوێنەرى دونیایەکى تایبەت و دژ بە یەکن. دیوێکى ئەم کاراکتەرە، بە تووندى دژى ژیانى ڕوکەش و سادەیە و هەڵگرى ئەو تێڕوانینەیە ئەگەر ژیان بە قوڵى، ئەزموونى هۆشمەندى و مەعریفەى تێدا نەکرێت شایانى ژیان نییە. لە جێگایەکدا دەڵێت: هیچ شتێک هێندەى ژیانى گاڵتەجاڕیى بۆرژواییانە، لە منەوە دوور نییە. لەم پێکهاتە و تێڕوانینەیدا “هالەر” پۆشاکى گۆشەگیرى و ئایدیالیستى و دژایەتیکردنى جیهانى نویى پۆشیوە. هەر زوو پەى بەو ئارامییە ساختەو ڕووکەشە دەبات، کە هەمووان لە باوەشیان گرتووە و دژى ئەو واقیعە لەرزۆکە دەوەستێتەوە، کە ڕۆحى دونیاى مۆدێرنى تێدا دەژى. خواستێکى کێویانە لە ناخیدا کڵپە دەکات، کە داواى هەڵچون دەکات بە ڕووى ژیانى ئارام و بێ پلان و دەقگرتوودا. پێى وایە ئەو ئارامییە ساختەیە، بەرئەنجامى قەیرانى قوڵى ڕۆحى و کەلێنى ئەخلاقى و دواتریش ئەزموون نەکردنى ژیانى هۆشمەندانەیە و دونیاى مۆدێرن، بەرهەمهینەرى ئەو فەزاو واقیعە بۆش و فشەڵەیە، کە هەست و ژیرى جیهانى مرۆڤ و مرۆڤبوونى بەنج کردووە.
دیوێکى دیکەى ئەم کاراکتەرە، پێچەوانەى ئەو تێڕوانینەى پێشوو مەیل و ئارەزووى ژیانى سادەو رووکەش و بێ ئەرزشى لە نێو خۆیدا هەڵگرتووە. “هالەر”ى تەنیاو بیرمەند و قووڵبین، لەبەشێکى ڕۆمانەکەدا، ئافرەتیک بە ناوى “هێرمینە” دەناسێت و دەکەوێتە پەیوەندییەوە لەگەڵى. بە ناسینى ئەم ئافرەتە، دونیا بینى و ستایلى ژیانکردنى “هالەر” گۆڕانکارى بەسەردا دێت. لەگەڵ “هێرمینە” لەژیانى قوڵى نیو کتێب و مەعریفەوە، بەرە و چێژو سەما و لەزەتى جەستەیى دەڕوات و سەفەر بە نێو ڕوکەشییەکان و خۆشیە کاتیەکاندا دەکات. ئەو دیوەى “هالەر” کە بیرمەند و هونەرمەند بوو، پڕ بوو لە ئایدیا و باوەڕ، وەردەگەڕێتە سەر ئەو دیوەى کە پڕ دەبێت لە چێژو ساکاریى و بەختەوەرییە فشەڵەکان. لە شوێنێکى ڕۆمانەکەدا؛ کاتێک “هالەر” سەردانى ماڵى پرۆفیسۆرەکە دەکات و دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵى، لەوێدا تابلۆیەکى “گۆتە”ى شاعیر دەبینێت کە خێزانى پرۆفیسۆرەکە کێشاویەتى، لە تابلۆکە دەڕوانێت تووشى هەڵچوون و توڕەبوون دەبێت و ئەو تێڕوانینەى لا دروست دەبێت، کە ڕۆحى گۆتە لەو تابلۆیەدا بێ زەوق و ڕووکەش و پڕفێڵ و لووسکراوە. هیچ بە هەقیقەتى خۆى ناچێت. بە تووندى دژایەتى تابلۆکە دەکات و هەر لەوێدا هەڵدەستیت ماڵى پرۆفیسۆرەکە جێدەهێڵیت و دەڕوات، کۆتایى بە دۆستایەتى لەگەڵ پرۆفیسۆرەکە دەهێنێت.
لەوێدا ئاماژەى ڕوون بە هەمان ئەو دوالیزمە دراوە کە بۆتە شوناسى مرۆڤى مۆدێرن. دژایەتى و ناکۆکى نێوان “گورگ و مرۆڤ” “ڕەسەن و رووکەش” لە پێکهاتە و بونیادى کەسایەتى هالەردا، هەمان بونیادى وپێکهاتەى ژیانى نوێ و مرۆڤەکەیەتى. هەمووان لە هەناوى کاپیتاڵیزمدا ساختەو فرە دیوین. سیستەم و ئەو بەرکەوتە نوێیانەى ژیانى ئەمڕۆ مرۆڤیان ناچارى ئەوە کردووە کە چەندین ڕووى هەبێت و ساختە بیت. تەنانەت “هالەر” لەو خەونەیدا، کە لەگەڵ “گۆتە” دا دەکەوێتە گفتوگۆ، ڕوو دەکاتە گۆتە و بەهۆى ناڕاستگۆى و ڕووکەشبینى، لە بەشێک لە کارەکانیدا لۆمەى دەکات، دیسان ئاماژەى ئەو ناکۆکى و ململانێ و دژایەتییە دەبینین. بە خۆشحاڵییەوە ویستم ڕوونتر بدوێم. گوتم: وەک هەر پیاویکى دى، جەنابى گۆتە، تۆش وەک ڕۆحە مەزنەکانى دى، ئاشناى بێهیوایى و مەتەڵە ئاڵۆزەکانى ژیانى مرۆڤیت و لەو بێهیواییەدا ژیاویت، بەڵام پێچەوانەیانت خستە خانەى نەمرییەوەو باوەڕو هیوات خستنە ڕوو، واتاى هەوڵى ڕۆحیمانت بۆ خۆت و خەڵکى دەرخست. دەنگى ناخ و هەقیقەتى ڕاڕات لە ناخى خۆتدا حەشاردا. ئەگەر چى تەکنیکى گێرانەوەى ڕۆمانەکە، تەکنیکێکى سادەیە و بونیادى ڕووداوەکان، بوونیادێکى تەقلیدین و ڕووداوەکان لەسەر یەک هێلى زنجیرەیى و بەپێى زنجیرەى ڕوودانیان پێشکەشدەکرێن، بەڵام لەهەندێک جێگاش لە ڕێگەى هەردوو تەکنیکى (گەڕاندنەوە و پێشکەوتن) زنجیرەى کاتیى ڕووداوەکان تێکدەشکێنرێت و یارى بە کاتى ڕووداوەکان دەکرێت.
لەنێو ڕووداوەکانى ڕۆمانەکەدا؛ نەخۆشى و ئازار و مەینەتى ڕۆژگار و سەردەمى کاپیتاڵیزم بەرجەستە کراوە. ڕۆمانەکە دۆکیومێنتى سەردەمە. نەخۆشى و تەنیایى و تێکچونى بارى دەروونى هالەر و پارچە پارچە بوونى کەسایەتییەکەى، موڵکى تاکەکەسێک نییە بە تەنیا، بەڵکو نەخۆشى خودى سەردەم و سیستەمە. لە چەندین شوێنى ئەم ڕۆمانەدا، بەر ئەو ڕەهەندە کوشندانەى سەرمایەدارى دەکەوین، کە لەنێو مرۆڤى مۆدێرندا چەکەرەى کردووە و لە گەشەکردن و تواندنەوەى کەسایەتى و ڕۆحى ڕەسەن و ڕاستەقینەى مرۆڤدان. “هێسە” لە ڕوانگەیەکى فەلسەفى قووڵەوە، لە ژیان و کەسێتى مرۆڤى نوێ دەڕوانێت و پێى وایە ژیان بەگشتى، دیاردەیەکى زۆر ئاڵۆزە و دەروون و کەسێتى مرۆڤیش، هەمەچەشنەو ناڕێک و فرە ڕەهەندە. دواین لاپەڕەکانى ڕۆمانەکە، دیسان هێرشى تووندە بۆ سەر جیهانى نوێ و کاپیتاڵیزم. ئەو جیهانەى کەڕۆحى ئارامى و مرۆڤایەتى و لێبوردەیی تێدا بزر بووە. هێرشە بۆسەر ئەو باوەڕو و ئایدۆلۆژیا پیس و بەسەر چووانەى کە لەنێو درۆ و ساختەیی خۆیاندا غەرقن. هێرشە بۆسەر هونەرمەند و ڕۆشنبیرى ڕووکەش و دەستەمۆکراو، ئەوانەى بە قەڵەمەکانیان، شانبەشانى سیستەم و دەسەڵات، دەستى باڵایان لە تێکدانى ئارامى جیهاندا هەیە. هێرشە بۆ سەر قەیسەر و جەنەڕاڵ و سیاسەتمەداران و ڕاگەیاندکارە دوو ڕووەکان و کارگە گەورەکانى ژێر پەنجەى زەوى. هێرشى سەر ئەو باوەڕانەیە، ڕووکەشى و ساختەیی بەرهەمدێنن و لە ڕێگەى ئایدیاکانیان، تۆوى دوژمنایەتى و تووندوتیژى دەچێنن و وا لە خەڵک دەکەن تا لێبوردنیان نەمێنیت و بۆ جەنگەکان ئامادەبن.
لە دواین بەشى ئەم ڕۆمانەدا، لە شانۆییەکى جادوویدا و لەبەردەم ئاوێنەیەکدا، گورگى ڕووتەڵان ناچار دەکرێت لەو ئاوینە جادووییە بڕوانێت، تا بتوانێت بەوپەڕى ئاگاییەوە ناخى خۆى ببینێت، لە قوڵایی ڕۆحى بێ سەروبەرى خۆى بڕوانیت و بوونە مۆلەق و چەند دیوەکەى لە خۆى ئاشکرا ببیت. دواجار لەبەردەم ئاوینە جادووییەکەدا، کە مەوداى خۆلادان و هەڵهاتنى نییە، دەروون و ناخى خۆى دەبینێت و تێدەگات لەوەى پێکهاتەى ناخ و کەسایەتیەکەى، تەنیا هەر دوو پێکهاتە نییە، بەڵکو هەزاران پێکهاتەیەو گورگ و مرۆڤەکەى، نیشتەجیى هەزاران بەرگ و پێکهاتەن. شانۆگەرییە جادوویەکە پڕە لە لۆج و دیمەن، لە پشت هەر دەرگایەکى لۆجەکانیشەوە، نووسراو و دیمەنى سەیرو سەمەرە هەن. هالەر لەبەرامبەر هەریەکێک لەم نووسراوانەدا ڕادەمینێت و لە دەرگاى لۆجەکانیشەوە دەچێتە ژوورەوە. لە هەریەکێک لەو لۆجانەشدا، بەر پەرت بوون و پارچە پارچە بوونى دەرون و کەسایەتى خۆى دەکەوێت. لەو لۆجانەدا، یاخوود لەهەریەکێک لە دیمەنەکانى شانۆییەکەدا، پارچە جیاواز و ترسناکەکانى مرۆڤى مۆدێرن دەبینین، سەرمایەدارى بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، زەمینە خۆشکەرى ئەو کەرت بوون و داڕمان و پارچە پارچە بوونەن.
کاتێک لە شانۆکەدا بۆ دووەمین جار،هالەر (مۆزارت) لە جل و بەرگێکى نوێ و مۆدێرندا دەبینێت، مۆزارت خەریکى کارپێکردنى ڕادیۆیەکە، دەیەوێت گوێ لە کۆنسێرتى گرۆسۆ (ئێف – دور)ى (هێندل) بگرێت. هالەر دژى ئەم کارەى مۆزارتە، وەک ئاماژەیەکى تووند بەو کەرەستە و بەرهەمە سەرمایەدارییەى کە تەنانەت ڕۆحى هەرە مەزن و هونەریشى کوشتووە و تا دواین سنوورەکانى چێژو حەزى ئێمە هاتووە. هاوار لە مۆزارت دەکات و دەڵێت: بۆ خاترى خودا تۆ چ دەکەیت، مۆزارت؟ ئەوە بەڕاستى گەرەکتە خۆمان لەگەڵ ئەو بەرازایەتیەدا خەریک بکەین؟ بە تەماى ئەو ئامێرە قۆڕە بەرەڵا بکەیت، ئەم شتە زاڵەى سەردەمى ئێمە، ئەم سەرکەوتووەى جەنگى دژە هونەر، بەڕاستى ئەوە پێویستە مۆزارت؟ دواجار هەڕى لە شانۆگەرییە جادووییەکە دێتە دەرێ و بە هۆش خۆى دیتەوە. دیسان لەبەردەم ئاوێنەکە کە هێزى جادوویی نەماوە، ڕادەوەستێت و بە قولى لەو پارچە ناتەبایانەى دەروون و کەسێتى خۆى ڕادەمێنیت کە لە شانۆییەکەدا بینی بوونى. نەفرەت لە خۆى دەکات و تف لە هەڕى هالەرى نێو ئاوێنەکە دەکات، ئاوێنەکە دەداتە بەر شەق. هیچ کات هالەر بەسەر ئەو پێداویستى و ئەگەرانەدا ناکەوێت، کەڕۆحە پەرەنەسەندووەکەى بۆ ئازاد بوون پێویستیەتى. چارەنووس و ژیانى ئەو لە نێو ئەو سنوورانەدا دەمینیتەوە، کە پڕن لە هەزاران گومان و ئیحتیمالات.
ئەگەر ژیانى نوێ و قۆناغى سەرمایە، هێز و وزەى مانەوەى خۆى، لە دوالیزمە و ماسکەکانیەوە وەربگرێت، وەک ئەوەى لەم ڕۆمانەدا “هێرمان هێسە” پێى لەسەر دادەگرێت، ئەوا لە ڕوانگە و بینیى “هالەر”ى کارەکتەرە، مرۆڤى سەر بەم قۆناغە، کەمجار بۆى ڕێ دەکەوێت، لە دیتنى خۆى نەتۆقێیت لەو ئاوێنەیەدا کەوا پەرۆشى دیتنى خۆیەتى.
تێبینى : ڕۆمانى (گورگى ڕووتەڵان) لەلایەن (حەکیم کاکەوەیس)ەوە لە سوێدییەوە کراوە بە کوردى.