هەموو ئەو دەرهێنەر و نووسەرانەی پشتگیریان لە کۆمۆنیزم دەکرد بە بەرهەمێكی هونەرییەوە، فیلمی بە نیشتمانبوونیان دروست دەکرد. هەر ئەوان بوون دەیانتوانی پیشکەوتنێكی خێرا لە پیشەسازی فیلمەکانیان بکەن و سانسۆرەکانی حوکمەت ڕازی بکەن بە بەرهەمە هونەرییەکانیانەوە، واتە لە سینەمای سۆڤییەت دا؛ نرخی فیلم و سینەما ڕاستەوخۆ پەیوەست کرابوو بە بابەتە نیشتمانییەکانی سۆڤییەتەوە و وەک بەشێک لە پروپاگەندە سینەمایان دەبینی، یەکێک لەو تیرۆیستە گرنگانەی لە سینەمای سۆڤییەتدا ناوێکی گەورە و ئەرکی فێرکردنێکی گەورەی پرۆسەی دروستکردنی فیلم و بەتایبەت مۆنتاژدا کردووە، “لێڤ ڤلادیمێرڤیچ کولێشۆڤ” بووە لە ساڵی (١٨٩٩-١٩٧٠) ژیاوە، سینەماکارێكی ڕووسی سۆڤییەت، هەروەها تیرۆیستێکی فیلم، قوتابخانە بوو، بەشدارییەکی گرنگی لە پیشەسازی فیلمسازی هەبوو کە بە مۆنتاژی سۆڤییەت ناسراوە، بەتایبەت کاری لەسەر بنەما دەروونییەکانی شیوازی مۆنتاژکردن دەکرد، لەوانەش (شێوازی بڕین و کاریگەری لەسەر هەستە دەروونییەکانی بینەر) کە بە کاریگەری “کولێشۆڤ” ناسراوە. بەکارهێنانی چەند جیۆگرافی جیاواز و بەستەنەوەیان پێکەوە بۆ دروستکردنی مانایەکی نوێ، کە بینەر خۆی بڕیاری بیرکردنەوە بدات و بینەر وەک بەشێک لە فیلمەکانی ببینێ، بە پێی هاوکێشەیەک کە دەڵێت وێنەی یەکەم +وێنەی دووەم = وێنەی سێیەم. دەشێت وێنەی سێیەم لای هەر بینەرێک و وێنەیەک بێت.
تیۆری مۆنتاژی “کۆلیشۆڤ” بەوە ناسراوە بوونی چەندین وێنەی جیاواز و ناوەڕۆکێکی زۆر لە دەربڕین، “کولێشۆڤ” پێی وابوو؛ وێنەگرتن لە فیلمدا هەمیشە دوو بەهای هەیە:- ئەو بەهایەی کە لە خۆیدا وەک وێنەیەکی فۆتۆگرافی واقیع هەڵیدەگرێت و، ئەو بەهایەی کە بەدەستی دەهێنێت، کاتێک لەگەڵ وێنەیەکی دیکەدا دەخرێتە پاڵ یەکترەوە. زیاتر هۆکاری ئەوە بوو کە بەهای دووەم بۆ مانای سینەمایی گرنگترە لە یەکەم، تا ئێستاش کاریگەری “کولێشۆڤ” بەوجۆرە بەردەوامە. بۆ ئەو مۆنتاژ وەک پرۆسەیەکی ئهقڵانی و دەربڕینێکی ڕادیکاڵ بوو، بۆ پێکهێنانی وێنەیەکی هێمادار و ماناپێدانێكی نوێ، لە دوو وێنەی نایەکسانەوە کە لە ئەنجامدا پێکەوە دەبەسترێنەوە، هەروەک خۆی دەڵێت: ئەمەیە پێی دەوترێ سینەما و سینەما دەبێت وابکات بیربکەینەوە و مانای نوێ لە وێنەی فیلمەکانەوە دروست بکەین، گرنگیش نییە ئەگەر چەندین هەزار مانا لەخۆ بگرێت.
هەروەک ڕەخنەگر “میخائیل یامپۆلسکی” دەڵێت:- تاقیکردنەوەکانی کۆلیشۆڤ دەریانخست کە دەتوانرێت جیهانێکی خەیاڵی و هونەری لە پارچە جیاوازەکانەوە دابرێژرێت، بە شێوەیەک فۆڕمی مرۆڤ بۆ بەش بەش دەشکێنرێت و دواتر جارێکی دیکە کۆدەکرێتەوە، بەڵام بە فۆڕمێکی دیکە. “کولێشۆف” لە ژیر ناوی ئەم تیۆرەدا چەندین فیلمی گرنگی بەرهەم هێنا و لە هەمان کاتیشدا وەک مامۆستا و تیۆریستێک بوو، کە زۆرترین کاریگەری لەسەر تەواوی نەوەیەکی دەرهێنەری سۆڤییەت هەبوو، یەکێک لە خوێندکارە دیارەکانی بریتی بوو لە “سێرگی ئیزنشتاین” کە لە ژیر کاریگەری “کولێشۆڤ” مۆنتاجی دەکرد و فیلمی بەرهەم دەهێنا، سێرگی ئیزنشتاین لە ١٨٩٨ لەدایک بووە، تیۆریست و سینەماکارێکی جیهانی بەناوبانگ بوو، هێزێکی سەرەکی بوو لە فیلمسازی سەرەتایدا، کاری لەسەر تیۆری مۆنتاج کردووە، لە ژیردەستی “کولیشۆڤ” خوێندوویەتی کە لە ئەنجامدا بە باوکی مۆنتاج ناسراوە، سەرەتا وەک یاریدەدهری دەرهێنەر لە شانۆدا کاری دەکرد و دواتر لە ژیانی پیشەیی بەردەوام بوو، کاری لەسەر کاریگەری مۆنتاجی دەروونی دەکرد لەسەر ئەو وێنانەی کە هەڵیدەبژاردن، ئەوەی ئەم دەیویست ئەوە بوو کە ئەو لەڕێی هەڵبژاردنی ئەو وێنانەی بەکاری دەهێنێ پەیوەندی لە نێوان بینەر و فیلم دروست بکات، بینەر خۆی بتوانێت لێكدانەوە و شیکردنەوە بۆ فیلمێک بکات بە بێ ئەوەی روونکردنەوە لە هەر ساتێکی فیلمەوە بدات بە بینەران، ئەو پێی وابوو لە مۆنتاژدا؛ ئەو وێنانەی هەڵدەبژێردرێت و ناکرێت ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بابەتە سەرەکییەکەوە هەبێت، بە شێوەیەکی سادەتر ناکرێت ڕاستەوخۆ بەرەو بیرۆکە و مانای فیلم ڕێنوێنیت بکات، بەڵکو دەبیت وێنەکان هۆشەکی بن و هەست و ڕۆح و دەروونی بینەر بەرەو کارە هونەرییەکە ڕێنوێنی بکات، بە لێکدانەوەی وێنە جیاوازەکانەوە ئەمەش ڕێگا بە بینەر دەدات هۆشەکی بن.
“ئیزنشتاین” بە بەکارهێنانی ئەم تیۆرە چەندین فیلمی گرنگی دروستکرد، کە تاکوو ئیستاش وەک تەوژمێکی گرنگی سینەمای سۆڤییەت و سینەمای جیهانی دادەنرێت، بەلام سێ گرنگترین فیلمەکانی بریتین لە: مانگرتن ١٩٢٥ -کەشتی جەنگی پۆتۆمکین ١٩٢٥ -ئیڤان ترسناک، کە بە دوو بەش بڵاوکرایەوە ١٩٤٤-١٩٤٥، ئەگەر باس لە یەکەم فیلمی ئیزنشتاین بە ناوی (مانگرتن) بکەین، کە لەساڵی ١٩٢٥ بەرهەمی هێناوە، وەک نموونەیەکی سەرەکی تەکنیکە شۆرشگێرەکان و دیدگای هونەری بزووتنەوەی مۆنتاجی سۆڤییەت کاردەکات، گێڕانەوەی فیلمەکە وەک زۆرێک لە گێڕانەوەی فیلمی مۆنتاجی سۆڤییەت مەبەست لێی پروپاگەندەی سیاسییە لەبەرژەوەندی شۆرشی بەلشەفییەکان، کە چیرۆکی فیلمەکە له شۆڕشی بەلشەفیکی ١٩٠٥ روودەدات، مانگرتنی کرێکارەکان لە دژی سەرۆکە ستەمکارەکەیان نیشان دەدات، کاتێک کرێکارێک بە دزینی پارجەیەک مەکینە تۆمەتبار دەکرێت، خۆی دەکوژێت و لە پاشاندا هاوکارەکانی مان دهگرن، لەگەل دەستپێکردن بە مانگرتنەکە بێ هیوابوونی بەرپرسانی حوکمەت بۆ کۆتای هێنان بەو مانگرتنە، شێوازی مامەڵەیان لەگەل کرێکارە یاخیبووەکان ترسناک دەبێت. فیلمەکە بە نیشاندانی کارگەیەک دەست پێدەکات کە هەم ئامیرەکانی نێوکارگەکە و هەم کرێکارەکانی نێو کارگەکە وەک یەک کاردەکەن، خودی کرێکارەکان بە دەگمەن وەک مرۆڤ سەیردەکرێن، لە کاتێکدا زۆرینەی دانیشتوانی ڕووسیان.
ئەو دیمەنانەی لە فیلمەکەدا وێنەگیراون بڕینی خێرا لەخۆدەگرن و پەیوەندیان بە کات و شوێنەوە نییە، ئەمە بەشێکە لە مۆنتاجی “ئیزنشتاین” وەک هۆیەک بۆ دەرخەری پاڵنەرە سیاسییە بنەرەتەکانی فیلمەکە، لە هەمووی گرنگتر لەم فیلمەدا “ئیزنشتاین” کۆمەڵکوژی کرێکارانی کارگەکان و سەربڕینی سەگەکان پێکەوە هاوتا دەکات، کە بە یەکێک لە فیلمە باسەکانی سەردەمی بێدەنگ و هێماسازی لە قەڵەم دەدرێت، هیزێکی گرنگی بە مرۆڤ بەخشیوە کە تا کۆتای فیلمەکە نیشانی دەدات کە مرۆڤ دەتوانێت دەستێکی بەهێزی هەبێت لە بەرەو پیشبردنی رووداوی فیلمەکەدا، هەروەها “ئیزنشتاین” زۆر کاری لەسەر لایەنی دەروونی بینەر کردووە، بەو جۆرەی کە ئاژاوەی شۆرشەکان بە کردار نیشان دەدات، هەندێک دیمەنیش بینەر لە تاریکیدا دەهێڵیتەوە، بەهۆی نەبوونی ئینتەرتایتڵ، کە ئەمە وادەکات بینەر خۆی بیر بکاتەوە، لەگەل ئەوەی فیلمەکە گێرانەوەیەکی روونی نییە بەڵام لە کۆنەوە تاکوو ئیستاش لە نێوان تیۆریست و فیلمسازانی جیهاندا بایەخێکی گرنگی هەیە، وەک بەشێک و کارێک لە مۆنتاجی یەکێتی سۆڤییەت، لەم جۆرە مۆنتاجەدا مەرج ئەوەیە کە هەرساتێکی بەرهەمێک پر بێت لە سەرسومان و چڕی، مۆنتاجی ئیزنشتاین کەتی خێرا لە خۆدەگرێت، تاکوو شڵهژاوی زیاتر بە بینەر ببەخشێ، کار لەسەر دەروونیان بکات، کار لەسەر خیرا ڕۆشتنی کاردەکات، واتە مۆنتاجی نابەردەوام، بۆ ئەوەی هاوسۆزی پاڵەوانەکان بن، مانگرتن پارچە پڕوپاگەندەیەکە کە لە ساڵی ١٩٢٥ دا سەبارەت بۆ شۆڕشەکانی کرێکاران کراوە، تاکوو فیلمەکان باس لە ساڵی ١٩٠٥ دەکات بۆ ئەوەی بە بیر خەڵکی بهێننەوە شۆرش چۆن دروست بووە، نموونەیەکی ڕوونی ئەمەش کاتێک دێت کە کرێکار “یاکۆڤ” تۆمەتبار دەکرێت بە دزینی مایکرۆمەترێک و کامێرکە بە دەوری ژوورەکەدا بازدەدات لە نێوان خۆی و بەڕێوبەرەکەدا، نزیکبوونەوەی بەهێزی و بڕینی خیرا گەرمی مشتومڕمان پێ دەبەخشێت، هەرچەندە هیچ دیالۆگێک هاوڕێی وێنە و دیمنەکە نییە، دواتر یاکۆڤ خۆی دەکوژێت، ئەمەش ئاژاوەیەک دروست دەکات، دواتر کامێرا نزیک دەبێتەوە لە کرێکارە ناڕەزاییەکان و توڕەکاندا، لەم نێوانەدا پیاوێک نیشان دەدات کە لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، لەلایەکی دیکە مانگرتنی کرێکاران و لەلایەکی دیکە پێکدادانی نێوان پۆلیس و کرێکاران، بەم شێوەیە بەردەوام ئیزنشتاین هەمیشە لە گۆشەیەک بۆ گۆشەیەکی تر بازدەدات، تاکوو دڕندەی دیمەنەکە زیاتر نیشان بدات و هاوسۆزی ببەخشێ بە کارەکتەر و ساتەکانی فیلمەکە.
لە دوای گۆڕینی شێوازی ڕینی خیرا، لە بەکارهێنانی تەکنیکی “ئیزنشتاین” یەکێکی دیکە لەو شێوازانەی کاری لەسەر کردووە، بریتییە لە (پێکەوە بەستنی دوو وێنەی جیاواز بۆ دەستکەوتنی وەڵامێک) واتە؛ بەکارهێنانی کاریگەری “کولیشۆڤ”، ئەویش لەم فیلمەکدا کاتێک دەردەکەوێت کە کرێکارەکان لە لایەن پۆلیسەوە دەگیرێن، لە ساتەکانی کۆتای فیلمەکەدا کوشتنی بە کۆمەڵی کرێکاران لە لایەن پۆلیسەوە بە سەر بڕینی ژمارەیەکی زۆر لە مانگا نیشان دەدات، ئەوەش بۆ گۆڕینی هەستەکانی بینەر لە ترس و دڵەراوکێ و بە هەستەکانی تورەیی و نارەزایی، تاکوو ئەنجامی مانگرتنی کرێکاران بۆ ئێمە روون بکاتەوە لەلایەك و لەلایەکی دیکە نرخ دانانی مرۆڤ لە کاتی شؤڕشدا، لەلایەن بەپرسانی حوکمەت چ نرخێکی هەبووەو چ پێناسەیەک بۆ مرۆڤ و مرۆڤ بوون نەخشێندراوە، بەڵام ناکرێت ئەوە لەیاد بکەین کە وێناکردن و گێڕانەوەی شۆرش لە فیلمەکانی ئیزنشتاین هەموو کات تووندوتیژی لەخۆ نەگرتووە، واتە هەموو کات شۆڕشی لەپاڵ کوشتندا نەبەستۆتەوە، بۆ نموونە لە بەشێک لەم فیلمەدا؛ پیرێژنێک نیشان دەدات کە قاپێک شۆربای گەرمی لە ژێر جلەکانیدا شاردۆتەوە، هیج تووندوتیژییەک لەم وێنەدا ڕوونادات، بەڵکو شێوازی ژیانی خەڵکی مانگرتووان نیشان دەدات لە ڕووی شێوازی سەرەتای ژیانیان و دابینکردنی برێکی کەم لە خۆراک کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ کاریگەرییە خستنە سەر ڕۆح و دەروونی بینەر، “ئیزنشتاین” بە دانانی ئەم دوو شێوازە جیاوازە لە بەرامبەر یەکتردا، ئەوە دەگەیەنێت کە شۆڕش هەرگیز کۆتای نەهاتووە و پرۆلیتاریا دەبێت پشتیوانی دەسەڵاتی ئێستا بکەن، چونکە ئەوان بۆ ئارامی خەڵک و چینی کرێکران شەردەکەن.
فیلمی دواتر (کەشتی جەنگی پۆدۆمکی) لە هەمان ساڵدا، واتە لە ساڵی (١٩٢٥)، ڕاستەوخۆ بە دوای فیلمی (مانگرتن) بەرهەمی هێنا، بەهۆی بەکارهێنانی شێوازی مۆنتاجەوە وەک یەکێک لە گرنگترین و هونەریترین و باشترین فیلمەکانی جیهان لە قەڵەمدرا. فیلمەکە زۆر ڕاستەقینە دەردەکەوت؛ بەهۆی بەکارهێنانی پێنج تیۆرەوە، ئەوانیش وەک (جەختکردنەوەی ئیزنشتاین لەسەر مۆنتاج و سیاسەت، گرنگیدان بە مامەڵەکردن لەگەل جەماوەر لە بری تاک لایەنە، هەروەها بە جیهانی نیشاندا کە فیلمی پروپاگەندە دەکرێت بە فیلمێکی هونەریش هەژماربکرێت). کەشتی جەنگی پۆتۆمکین فیلمێکی درامی بێدەنگی سۆڤییەتە، ئەو یاخی بوونە دەخاتە ڕوو کاتێک تیمی کەشییە جەنگییەکانی رووسی پۆتۆمکین یاخیبوون. “ئیزنشتاین” فیلمەکەی وەک پروپاگەندەی شۆڕش نووسیوە، هەروەها هەوڵی داوە فیلمەکە بهشێوەیەک مۆنتاج بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ تاقیکردنەوەی تیۆری مۆنتاج بەکاری هێناوە، لەو ساتەدا سینەماکارە شۆڕشگێڕە سۆڤییتیەکانی قوتابخانەی فیلمسازی “کولشۆڤ” خەریکی تاقیکردنەوە بوون لەسەر کاریگەری مۆنتاجکردنی فیلم لەسەر بینەر، ئیزنشتاین هەوڵیدا فیلمەکە بەشێوەیەک مۆنتاج بکات کە گەورەترین وەڵامی سۆزداری بەرهەم بهێنێت. تاکوو بینەر هەست بە هاوسۆزی بکات بۆ یاخیبوەکان و رق لە دەسەڵاتدارەکان بەرهەم بهێنێت. وەک زۆربەی فیلمە پروپاگەندەکان، کارەکتەرکان سادەن و هەموو بینەرێک بە هونەری و نا هونەری بە ئاسانی دەتوانن هاوسۆزی لەگەڵ ئەو کەسانە دروست بکەن کە دەبێت هاوسۆز بن لەگەڵیان، فیلمەکە لە هەردوو وڵاتی یەکێتی سۆڤیەت و دەرەوەی وڵات نمایشکرا و بینەرانی تووشی شۆک کرد، ئەویش بەهۆی پیشاندانی شێوازی تووندوتیژی، فیلمەکە چەندین دیمەنی گرنگ لەخۆ دەگرێت، وەک مانگرتنی کرێکاران دوای ئەوە ناچاریان دەکەن گۆشتی کۆن بخۆن، هەروەها کوشتنی سەرکردەکان،ماتەمینی خەڵک و کۆمەڵکوژی خەڵک لە پلیکانەکانی ئۆدێسا، کە بە یەکێک لە دیمەنە بەناوبانگەکانی فیلمەکە دادەنرێت، بە (هەنگاوەکانی ئۆدێسا) ناسراوە، کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنییە لەسەر پلیکانەکانی ئۆدێسا (بە پلیکانەی پۆتۆمکینیش) ناسراوە، ئەم دیمەنە بریتین لە خەڵکی مەدەنی و بوونیان بە قوربانی لەوانەش لە ژنێکی گەوهرو کوڕێکی گەنج لەگەڵ دایکیدا و خویندکاری یەکپۆشی و کچێکی هەرزەکار، منداڵێکی ساوا لەنیو گالیسکەکەیدا کە دەمرێت، خەڵکەکانیش هەمووی بە پلیکانەکەوە دەسڕێنەوە و دەکەونە خوار.
هێزی هەنگاوەکانی ئۆدێسا کاتێک سەرهەڵدەدات کە مێشکی بینەر وێنەی تاکەکەسی و سەربەخۆکان تێکەڵ دەکات، کاریگەرییەکی چەمکی نوێی و جیاواز دروست دەکات کە پێکەوە دەبنە کۆمەڵکوژییەکانی ئۆدێسا بەهۆی دەست كارییە خێراکانی ئیزنشتاینەوە لە کات و خێرای وێنەدا، واتە کوشتنی هەر تاکێک بە جۆرێک هەمووی پێکەوە کۆمەڵکوژی ئۆدێسا بەرهەم دەهێنێت، لەم دیمەنەدا (تیۆری مۆنتاجی دیالێکتیکی) بەرجستە دەکات، دواتر “ئیزنیشتاین” لە نووسینە کۆکراوەکانیدا (هەستی فیلم ١٩٤٢ هەروەها فۆرمی فیلم ١٩٤٩ ) باسی لێدەکات، پێی وابوو مانا لە فیلمە جولاوەکاندا بەهۆی پیکدادانی وێنەی دژ بەیەکەوە دروست دەبێت، “ئیزنشتاین” بە بوونیادنانی بیرۆکەکانی تیۆرستی سۆڤییەت، “کولیشۆڤ” کاری لەسەر ئەوە کرد کە مۆنتاج بەپێێ تێڕوانینی مارکسیستی بۆ مێژوو وەک ململانییەکی هەمیشەی کاردەکات، کە تێیدا هێزێک (تێز) و هێزێکی (ئەنتی تێز) پێکەوە کاردەکهن بۆ بەرهەم هێنانی دیارەدەیەکی تەواو نوێ و گەورەتر، ئەمە تیۆری مۆنتاجی دیالێکتی پێ دەگوترێت. کاتێک دوو تەقەی سەربەخۆ لەگەڵ یەکتردا بەریەککەوتن یان لەیەکتر نزیک دەبنەوە، بیرۆکەیەکی تەواو نوێ دروست دەکەن. ئەم ڕێبازە دیالکتیکییە بۆ مۆنتاژکردن بە شێوەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری ماتریالیزمی دیالکتیکیدا بوو، کە لەو سەردەمەدا وەک فەلسەفەی فەرمی کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت وەرگیرا. ئەم تیۆرە مارکسیستییە پێی وابوو کە ڕووداوە مێژووییەکان لە زنجیرەیەک هێزی کۆمەڵایەتیی دژ بەیەک و چارەسەرەکانیانەوە سەرهەڵدەدەن. بە هەمان شێوە مۆنتاژی فیلم کاتێک دروست دەبێت کە بیرۆکەیەک لە پێکدادانی دوو وێنەی سەربەخۆوە سەرهەڵبدات، ئەوانیش مۆنتاژی میتری و ڕیتمیک، چونکە ئەمانە ئەو تەکنیکانەن کە تا ئەمڕۆش لە فیلمەکاندا زۆر بە باڵادەست بەکاردەهێنرێن.
لە پلیکانەکانی ئۆدێسا؛ یەکێک لە وێنەکان بریتییە لە دایکێک کۆرپەیەکی لەناو عەرەبانە پێیە، دایکەکە دەکوژرێت و منداڵەکە دەکەوێتە خوارەوە لەسەر پلیکانەکە. لێرەدا “ئیزنشتاین” مۆنتاژی مەتری بەکاردەهێنێت (ئەو کاتەی دایکەکە فیشەکی بەر دەکەوێت، سەربازەکان پیشان دەدرێت، پاشان وێنەیەک لە کۆمەڵکوژی خەڵکەکە، پاشان منداڵەکەی دەکەوێت، پاشان دووبارە ئازاری دایکەکە) بەم شێوەیە وێنەکان بەردەوام دەبن و ئازاری تاکێک و کۆرپەکەی و لەهەمان کاتدا دووبارە نیشاندانەوەی کۆمەڵکوژییەکە، تاکوو لە ئازاری هیج تاکێکیان وەک بینەر دانەبڕێین و هەست و سۆز بە بینەر ببەخشێت، کار لەسەر دەروون و ڕۆحیان بکات. هەروەها “ئیزنشتاین” دەستکاریکردنی ڕیتمیکی بەکاردەهێنێت، کە درێژی وێنەکە وردە وردە کەم دەبێتەوە بۆ ئەوەی هەستکردن بە بەپەلەیی و وروژاندن دروست بکات. دوای ئەوەی دایکەکە دەکەوێتە خوارەوە، لە نێوان گالیسکەی منداڵان کە لە پلیکانەکاندا دادەبەزێت، ڕاکردنی خەڵکەکە، رووخساری شێواوی ژنە پیرەکە و کەوتنە خوارەوەی عەرەبانەکە و نیشاندانی هاواری پیاوێک، سەربازەکان و مردنی خەڵکەکان، بەم جۆرە شێوازی بڕینی وێنە بە شێوەیەکی زۆرخێرا دەبێت لەگەڵ کورتبوونەوەی درێژی ماوەی وێنەکە، ئەمە بە مۆنتاجی ڕیتمی ناسراوە.
بەکارهێنانی ئەم جۆرە لە تەکنیکی مۆنتاج، تیۆرییەکی نوێ و گرنگی بە سینەمای جیهان بەخشی، بەتایبەت لەو ساڵانەدا بە هۆکاری بۆ گەیاندنی ئاژاوە و تووندوتیژی و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی سەردەمی خۆی، زۆر باش کاری لەسەر کرد، سەرەڕای ئەوەش؛ تەکنیکەکانی مۆنتاژەکەی تا ئەمڕۆش بە گرنگی و گەورەیی ماونەتەوە، چونکە زۆر کاریگەرن لە گەیاندنی چینە زیادەکانی بیرۆکە و مانا، بەبێ ئەوەی بە تەنها پشت به ناوەڕۆکی تاکە وێنەکان ببەستن. جگە لەوەش ئەم تەکنیکانە وەڵامی سۆزداری زۆر بەهێزیش لە بینەردا دهورووژێنن. کە لە جیهانی فیلمە مۆدیرنەکانی ئێستادا، هەمیشە لە فیلمە ئەکشنە هاوچەرخەکاندا مۆنتاژکردنی ڕیتمیک دەبینم بۆ ئەوەی وروژاندن و بەپەلەیی لە بینەردا دروستبکات و لە فیلمە دراماییەکاندا مۆنتاژکردنی مەتری دەبینم بۆ ئەوەی هەستێکی گرژی و پێشبینیکردن و سۆز سەرهەڵبدات. “ئیزنشتاین” درکی بەوە کرد کە مۆنتاج دەبێت لە ڕیتمەوە بێت نەک لە چیرۆکەوە، پێویستە شۆتەکان بە شێوەیەک ببڕدرێن کە پێکەوە بگەنە خاڵێکی هاوبەش و ناکرێت درێژە بکێشێت لە پێناو بەرژەوەندییەکی تاکە کەسی بۆ کارەکتەرێکی وێناکراو، ڕێبازی “ئیزنشتاین” بە (دووبارەبوونەوە-ڕیتم-تووندوتیژی-مۆسیقای بەرز لەگەڵ دیمەنە گرنگەکاندا-هاوار و تەقە-لێدان) دەبینرا، بەدەر لە شێوازی گێڕانەوە لە مۆنتاژدا، لە ڕووی گێرانەوە و کارەکتەرسازی.
ناکرێت ئەوەش لەبیر بکەین؛ لەم فیلمەدا “ئیزنشتاین” بە ئەنقەست خۆی لە دروستکردنی هەر تاکێکی سێ رەهەندی دووخستۆتەوە، واتە کارەکتەری سەرەکی لەم فیلمەدا بوونی نییە، تاکو چیرۆکێک بە دەوریدا بسووڕێتەوە بەڵکو هەموو کەسەکان بە یەک چاو سەیردەکەن کاردەکەن ئازار دەچیژن و لە ئەنجامدا ئێمە کۆمەڵێک دەبینین نەک تاکیک، ئەوەی ئێمە دەیبینین واقعی چیرۆکێکە لەگەڵ ئەوەشدا گرنگی خیرایی بە هەموو تاکێک داوا بە یەکسانی، تاکوو نەبێتە درامایەکی سیاسی كهسی. کە ئەمانەش رەنگە هۆکارەکەی بوونی فیلمی بە نیشتمانی بێت و ئامانجیان گەیاندنی شێوازی شۆڕشێک بێت نەک ژیانی تاکێکی دیاریکراو. “ئیزنشتاین” بەم جۆرە جەندین فیلمی گرنگی بەرهەم هێنا و هەر یەکێک لە فیلمەکانی بوونە خاوەنی زۆرترین کاریگەری گێڕانەوە، زۆربەی ڕەخنەگران هاوڕان لەسەر ئەوەی هەرچەندە سێ گەورەترین فیلمی “ئیزنشتاین” زۆر لە سەرووی فیلمەکانی دیکەوە وەستاون، بەڵام هەموو کارەکانی گرنگن بۆ تەوژمی سینەمای جیهانی و بەتایبەت سۆڤییەت، کە پێیان وابوو لەوانەیە لە تەواوی مێژووی فیلمە جوڵاوەکاندا هیچ سینەماکارێکی دیکە لە تێگەیشتنی هونەرەکەیدا تێپەری نەکردبێت و مانای راستەقینەی سینەمایی دروست نەکردبێت.