ڕهنگه “ئیریک هابزبام” بۆ گوتاری ڕۆشنبیریی ئێمه که له پاش ڕاپهڕینهوه له سۆنگهیهکی ڕهخنهگرانهی تووندهوه ڕهوتی چهپی کوردی و ناوچهکهی دهخوێندهوه کهمتر ناسراو بێت، بهڵام هابزبام لهم بیرمهند و مێژوونووسه چهپانهیه که به میتۆدێکی جیاواز، لهو میتۆدهی زۆربهی بیرمهنده چهپهکان له ناویدا ههڵئهسووڕێن ئیشی کردووه، ئهو که ساڵی 2012 و له تهمهنی 95 ساڵاندا له لهندهن کۆچی دوایی کرد جیاواز له بوێری له بیرکردنهوه و شیکاریی ناسک له ناو دنیای دهستهواژه و کۆنسێپتهکانی گرێدراوه به بیرکردنهوهکانی ڕهههندێک له شیکاری و خوێندنهوهی مێژوویی هێز و دهسهڵات بۆ ئێمه خسته ڕوو، که بهدڵنیاییهوه بۆ ئێمهی کورد که بهردهوام ڕابردوومان بۆمان دووپات دهبێتهوه و کهمتر ڕهههندی داهاتوو له دنیابینی و تامهزرۆییهکانماندا ههیه زۆر گرنگ دهبێت. ڕهههندی بینین یان پێشبینی و خهمڵاندنی داهاتوو له ڕێگهی خوێندنهوهی ڕابردوو و زانینی مێژوو ئهو چاویلکه جیاوازهیه که هابسام لێوهی چاوی له داهاتووی و ڕووداوه گهورهکانی سهدهی بیست و یهک کرد و ئهگهر وردیش بینهوه تا ئێسته زۆربهی زۆری شیکاری و پێشبینییهکانی ڕاست دهرچوون، رهههندی پێشبینیی له بیرکردنهوهی ئهم مێژوونووس و بیرمهنده به تهواوهتی نامۆیه له گهڵ پێشگۆیی و فاڵبینی و وهکوو خۆیشی باسی دهکات؛ ئهو له ڕووی دهیتا قسه دهکات و ئهوهندهی باسی ئهگهر و ئیمکانه لهبهردهمهکان دهکات باسی تهقدیری فاڵگرانه و پێشگۆیی جادووگهرانه ناکات.
ئهم وهرگێڕانه له کتێبی”جیهان له سهرهتای سهدهی بیست و یهکهم”دا وهگیراوه که “ناهید فرووغیان” کردوویه به فارسی و سێ بهشی گرنگ و پڕمهعریفهی کتێبهکه واته 1.گۆی جیهاننوێنی مێژوو 2.شهڕ و ئاشتی 3.لهناوچوونی ئیمپراتۆری ڕؤژئاوا لێره دهخهمه بهردهستتان. بێگومان به خوێندنهوهی ئهم دێڕانه و ئهو بیرکردنهوانه بۆ خوێنهر ڕوون دهبێتهوه که چارهنووسی ئێمه وهکوو دانیشتووانی گۆی زهوی و وهکوو نهتهوهیهک به ناوی کورد چهنده گرێدراوه به ئهو مێژووهی که دهیخوێنینهوه وبه ئهو مێژووهش که هاوکات نایخوێنینهوه و چهندهش گرێدراوی جۆری ڕوانینی ئێمهیه بۆ ڕووداوهکان.
“گۆی جیھاننوێنی مێژوو”
پرسیار: بە بێ ئەوەی ئێوە بە پێغەمبەر بزانم، دەمەوێت داواتان لێبکەم کە لەم وتووێژەدا خواست و ئارهزووه گرنگەکانی سەدەی بیست و یەک بخەنەڕوو. لەبەر دوو ھۆکار لهگهڵ ئێوه وهکوو مێژوونووسێکی بەناوبانگ، نەک ئەستێرەناس یان پێشگۆیهک ئهم ئاخاوتنه ڕیک دهخهم. یەکەم لەبەر ئەوەی ھەروەھا کە خۆشتان نووسیوتانە که “تاڕادەیەک باش و مومکین و تەنانەت پێویستیشە داھاتوو پێشبینی بکەین” مێژوونووسان بە ھەڵە ئەم “ڕۆڵی پێشگۆیانە”یان پشت گوێ خستووە. ئەم ڕستەیە کە “زانین ھەر ئەو پێشبینیکردنەیە”خودی ئێوە لە ئاگۆست کۆنت گێڕاوتانەتەوە. جگە لەمەش پێشبینی داھاتوو بەسوودە. زڕباوکی ئێوە کە دڵنیا ببوو لەوەی ھیتلهر سەرئەنجام نەمسا پەیوەست دهکات بە ئاڵمانیاوه لە ساڵی ١٩٣٧ کارو ژیانی خۆی لە ڤییەناوه گواستهوه بۆ مەنچستهر. بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر کەم لە جوولەکەکان توانایی ئەم پێشبینیەیان ھەبوو. ئایا دەکرێت بەپێی زانیاری مێژوویی تان ھۆگرایەتیە گرنگەکانی سەدەی نوێ لە سەر بنەمای پەیوەندییەکەی لەگەڵ سەدەی بیستەم, یان پەیوەندی ڕابردوو و داھاتوو دیاری بکەن؟
وەڵام: ئەم پرسیارە کە داھاتوو لەبەری چ ڕووداوگەلێکە وەکوو کار و گرفتاری بەشێکە لە ژیان و تاک بە تاکی ئێمە ھەوڵ دەدەین وەڵامی بدەینەوە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا پێشبینی داھاتوو دەبێت لەسەر ناسینی ڕابردوو بێت. ڕووداوەکانی داھاتوو بەناچاری بەندن بە ڕووداوەکانی ڕابردووهوه و ھەر لەبەر ئەمەش ڕۆڵی مێژوونووس لەم بوارەدا گرنگی ھەیە. مێژوونووسان زانیارییەکانی خۆیان بۆ بەدەست ھێنانی قازانج و دابین کردنی ژیان وەگەڕ ناخەن، بەڵکوو بۆ دیاریکردنی ھێمانە گرنگەکانی ڕابردوو، دیاری کردنی ھۆگرییهکان و ناسینەوەی کێشەکان بەکار دەھێنن. کەواتە ھاوکات بە ئاگا بوونەوە لە مەترسی “لاسایی”کردنەوە لە فاڵگرەوەکان, ناچارین بە ڕەچاو کردنی ههنێ کۆت و بەند پێشگۆیی بکەین. دەبێت بزانین داھاتوو بە کردەوه لە بنەڕەتدا بە ڕادەیەکی زۆر پێشبینی ناکرێت. ھەڵبەت ئەوەی کە پێشبینی ناکرێت ڕووداوە جیاوازەکان و ڕووداوە تایبەتەکانە، بەڵام بۆ مێژوونووس کێشەی ڕاستەقینە زانینی ئەم بابەتەیە کە ئەم ڕووداوانە تاکوو چ ڕادەیەک گرنگن یان دهشێت گرنگ بن. بڕێکیان بۆ شی کردنەوە ھەندێ جار گرنگن و ھەندێ جاریش گرنگ نین.
بۆ نموونە بە لای کۆمپانیای بیمەوە زانینی ئەوەی کە ئایا لە ژێرخان تاکوو سەرخانی ئەم خانووەی کە ئێستا ئێمە تێیدا سەرقاڵی وتووێژ کردنین حەوتووی دیکە دەسووتێت یان نا گرنگ نیە. بە پێچەوانەوە ھەموو دابینکاران بۆ سەرکەوتن لە کارەکانیان دەبێت ڕەچاوی مەترسی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بکەن کە ھەڕەشەیە بۆ سەر ھەموو خانووە تایبەتیەکان. بۆ من وەک خاوەن خانوو گرنگ ئەوەیە کە بزانم ئایا ئاگرکەوتنەوە لە ڕۆژانی داھاتوو ڕوو دەدات یان نا. چاو له نموونەیەکی دیکە بکەین: ئەگەر بیست کچ و کوڕی لاو ھەمووان پێکەوە لە ھاوین دا ڕەوانەی کەژ و دەشت بن، ئەگەری زۆر ھەیە کە چەند کەسێکیان لەگەڵ یەکتری ھاوسەرگیری بکەن. ئەم لاوانە بە دڵنیاییەوە حەز دەکەن بزانن کێ لەگەڵ کێ ھاوسەرگیری دەکات. بەڵام بە لای مێژوونووس یان توێژەری زانستە کۆمەڵایەتیەکانهوه ئەمە پرسیارێکی بێبایەخە. ئەوەی کە گرنگە ئەگەری ڕوودانی ئەم شتەیە. کەواتە ھەندێ ڕووداو بە لای مێژوونووسەوە وەک پێشبینی گرنگیەکیان نیە لە حاڵێکدا ھەندێکی دیکە گرنگیان ھەیە و زۆریش گرنگیان ھەیە. ئەمەیە سنووری پێشبینی. ئەوەی کە ئێمە دەتوانین لەم وتووێژەدا ئەنجامی بدەین، وتووێژ سەبارەت بە کێشەکان بەو شێوەیەی کە ئەمڕۆ دەردەکەون، ھەروەھا لێکدانەوەی ئەگەرەکانیشە. ھەندێ جار ڕێژەی ئەگەرەکان زۆر لەسەرەوەیە و ھەندێ جاریش بەھۆی ئەو ڕووداوانەی کە بە ھیچ جۆرێک پێشبینی ناکرێن دەگۆڕدرێن، وەکوو بۆردومانی باڵوێزخانەی چین لە بیلگیراد لە شەڕی کۆزۆڤۆ کە یەکێک بوو لەو ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوانەی کە لە ڕوانگەی مێژووییەوە گرنگی ھەیە ئهگهرچی ھێشتاش بەلامانەوە ڕوون نەبێت تا چ ڕادەیەک گرینگه.
پرسیار: دووھەمین ھۆیەک کە بە بۆنەیەوە لەگەڵ ئێوە دانیشتووم پەیوەستە بە پیشەی ئێوە لە پێگەی مێژوونووسێکهوه. ئێوە بەوە دەناسرێن کە سەدەی بیستەمتان بە “سەدەی کورت”ناو بردووە کە بە شەڕی یهکهمی جیھانی لە ساڵ ١٩١٤ دەست پێدەکات و لە ساڵی ١٩٩١ بە ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت کۆتایی پێ دێت. ئەگەر قۆناغ بەندییهکهی ئێوە ڕاست بێت ئێمە نزیکەی یەک دەیەیە کە لە سەدەی نوێدا بەسەر دەبەین. ئایا ھێندەی کە پێویستە ئێمە کەرەستەمان لەبەر دەستدایە تاکوو پلانی بۆ دابڕێژین؟ ئایا تایبەتمەندیەکانی ئەم سەردەمە نوێیە ھەر لە ئێستاوە لێکدەدرێنەوە یان ئێمە لە قۆناغی تێپەڕبوون بە دەرئەنجامە لێبڕاوهکان بەسەر دەبەین؟
وەڵام: وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە دژوارترە. بە دەست نیشانکردنی ساڵی ١٩٩١ وەک خاڵی کۆتایی سەدەی کورتی بیستەم من دەستم بە بژاردە کردووە. دەست نیشانکردنی ساڵی ١٩١٤ وەک سەرەتاکەی لە ڕوانگەیەکەوە ئاسانتر بوو. من تاڕادەیەک ئەم بەروارەم لە ڕووی زەوقەوە ھەڵبژارد، خستنەڕووی بەروارەکان بەوردی ھەمیشە دەگەڕێنەوە بۆ زەوقە بەرواریی، پەروەردەیی یان ڕۆژنامەوانییەکان. سەیری شەڕی کۆزۆڤۆ بکەن، بەدڵنیاییەوە دەتوانین بە یەکەمین شەوی بۆردمان کردنی ئەم وڵاتە لە لایەن ناتۆوە بە خاڵی دەسپێکردنی دابنێین، ھەرچەندە کە چەندین ساڵ بوو ئەم ناوچەیە لە حاڵەتی قەیران بوو. لە ساڵی ١٩٩٢ ئێمە دەمانزانی کە ئەم شەڕە سەخت دەبێت و کاریگەری لەسەر بەرژەوەندیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێت، واشینتۆن بەفەرمی یۆگۆسلاڤی ئاگادار کردەوە و بۆ ئەوەی لە مەبەستەکەی خۆی بە باشی تێی بگەیهنێت، ھێزە سەربازییەکانی ڕەوانەی مەقدۆنیا کرد. ڕووداوە دواییەکانی بۆسنیا ھەموو شتێکی شاردەوە. بەڵام سەرەڕای ئەمەش بە کۆتایی ھاتنی ئەم قەیرانە، دەتوانین بەرواری دەسپێکردنی شەڕ بە دەسپێکردنی پاکتاوی تائیفی و سەرەتای ڕاپەڕینی سوپای ڕزگاریخوازی کۆزۆڤۆ دابنێین.
بە واتایەکی دیکە، بژاردنی بەروارێکی تایبەت بابەتێکە کە دانراوە و شتێکە کە مێژوونووسان ئامادەن مشتوومڕی لەسەر بکەن. ئێمە سەبارەت بە خاڵی دەسپێکردنی کۆتایی سەدەی کورتی بیستەم تەنیا پێوەرێکی ڕوونمان ھەیە و ئەویش ھاتنە ناوەوەی ئابووری جیھانی لە ساڵی ١٩٧٣ لە قۆناغێکی نوێیە. ئەگەر ئێوە وەکوو من بڕواتان بە تیۆری بازنە درێژەکانی کۆندراتیف ھەبێت، ئەم قۆناغە دەبێت لە خاڵێک لە دەیەی ١٩٩٠ _بەبێ ڕوونکردنەوەی زۆرتر_کۆتایی بێت. بە بڕوای من دەسپێکی دەیەکە کە تایبەتمەندییەکەی ھاوکاتی ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت لەگەڵ قەیران، لەگەڵ داوەستانی جیدی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو، بەروارێکی لۆژیکی بۆ دەست نیشانکردنی کاتی گۆڕانی ئەم چەرخەیە. بەڵام ئەگەری ئەوە ھەبوو کە ئەم بەروارە قەیرانی ئابووری دواتر واتە ١٩٩٨_١٩٩٧ یش بێت. تەنیا کاتێک دەزانین کە قۆناغێک کۆتایی ھاتووە کە ماوەیەک بەسەر کۆتایی ھاتنەکەی تێپەڕ بوو بێت. بۆ نموونە دەتوانین بڵێین کە لە ١٩٤٥ تاکوو سەرەتای ١٩٧٠، ئابووری جیھانی تەنیا تووشی بەرزی و نزمییەکی تاڕادەیەک بەشەکی بۆتەوە، لەحاڵێکدا کە لە ساڵی ١٩٧٣ وە ئێمە قۆناغێکی نوێ لە پشێوییە تووندەکان بەدی دەکەین، وەکوو قەیرانەکانی ١٩٨٢_١٩٨٠, ١٩٩١_١٩٩٠, ١٩٩٨_١٩٩٧. لەوانەیە کە ھۆگرایەتیەکی ھاوشێوە لە داھاتوودا ڕووبدات کە دەست نیشانکردنی بەروارێکی ڕێک بۆ تێپەڕاندن لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی دیکە دژوار بکات. کاردانەوەکانی ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت زۆر زۆر تووندتر و بەردەوام تر بووە. پێم وابووە نووسیم_کە ئەمە دەبێتە کێشەیەکی گەوەرە، بەڵام ئاڵۆزیەکەیم بە قووڵی لە بەرچاو نەگرتبوو. ئەگەر ئەمڕۆ ناچار بە دووبارە نووسینەوەی سەردەمی کۆتاییەکان بم، لە پێشبینی بەدیھاتنی دەست داگریەکی لەناکاو لە ئاستی ئابووری جیھانی لە ئاسۆی داھاتوویەکی نزیک باشتر بیرم لێدەکردەوە. بە دوای ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت، ئەم دەسبەسەرگرتنە لەوانەیە زۆرتر لەوەی کە لە کتێبەکەم پێشبینیم کردبوو، کات ببات. ھەمووی ئەمانە زانینی ئەو پرسەی کە ئایا ئێمە لەم سەدەی کورتی بیستەمە ھاتووینەتە دەر یان نا,دژوارتر دەکات. سەرەڕای ھەموو ئەمانەش پێم وایە کە ئیدی دەتوانین وێنایەکمان لە سەردەمی نوێ ھەبێت، لەبەر ئەوەی کە ھەندێک لە تایبەتمەندیە ئابووری و سیاسیەکانی ھەر لە ئێستاوە دیارە.لە زۆر ئاراستەیەکیشەوە لە سەدەی نوێدا بەسەر دەبەین. لە ڕوانگەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئایدۆلۆژیاکان، ئاشکرایە کە مەرگی ڕژێمە کۆمۆنیستیەکان لە ڕۆژھەڵات بڕگەی مێژوویەکی ڕاستەقینەی پێکھێناوە و جیھانی ئێستاکەیی لە ژێر کاریگەری ئەم ڕووداوانەدایە.کەواتە ئێمە دەتوانین بۆ قسە کردن لە سەر سەدەی داھاتوو ھەوڵ بدەین.
پرسیار: ئەم متمانەیە بە مێژوو، ئەم بەرزەفڕییە بۆ توانایی خوێندنەوەی داھاتوو بە پێی ڕابردوو لە کوێ سەرچاوەی گرتووە؟ مامۆستاکانی ئێوە کێ بوون؟ خوێندنەوەکانی ئێوە لە ژێر چاودێری چ کەسانێک ئەنجام درا؟ کێ ئیشق بەم پیشەیەی لە دڵی ئێوە چاند؟
وەڵام: بە خوێندنەوەی بەرھەمەکانی مارکس بووم بە ھۆگری مێژوو. مارکس بووە ھۆی ئەوەی کە ئاگادار ببمەوە لەوەی کە مێژوو ئامرازێکە کە بە بێ ئەو ناتوانین تێبگەین لەوەی کە لە جیھاندا تێدەپەڕێت. نووسراوەکانی ئەو منیان قایل بەوە کرد کە مێژوو دەتوانێت وەکوو کۆیەک سەیر بکرێت و شی بکرێتەوە .کۆیەک کە نامەوێت بڵێم یاساکان-لەبەر ئەوەی کە ئەمە لەڕادەبەدەر بیرخەرەوەی ئەزموونگەرێتی بە شێوازی کۆنە-بەڵکوو پێکھاتە و ڕەوتێکی ھەیە کە دەکرێت لە ماوەی لێکدانەوەی کامڵ بوونی کۆمەڵگا مرۆییەکان لە ماوەی درێژخایەندا نیشانی بدەین. دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە لە سەردەمی گەنجێتیم دا، مامۆستاکانی ئێمە گرنگیان بەم چەشنە مێژوویە نەدەدا. بەڵام من بە خوێندنەوەی ئەم لقە دەستم بە کارەکەم کرد و توانیم تێیدا سەرکەوتوو بم و خۆمی بۆ تەرخان بکەم. دەمتوانی ڕوو لە کۆمەڵناسی یان مرۆناسی کە ئەوانیش لقانێکن کە پەیوەندیان بە کامڵ بوونی کۆمەڵگاکانەوە ھەیە، بکەم. زۆر قەرزەداری میکائیل پۆستان-م. ئەو کۆچەرێک لە ئەوروپای ناوەڕاست بوو و لە کامبریج وانەی دەوتەوە و تاکە کەسێک بوو کە ئاشنا بوو لەگەڵ ئەو بابەتەی لە ئەورووپا لە ئارادا بوو؛ ئەو ئاگادار بوو لە وانەکانی مارکس و مێژوونووسان و کۆمەڵناسانی ڕووس. ھەڵبەت لە پێگەی “ڕووسی سپی” بە تووندی دژی کۆمۆنیست بوو، بەڵام لەگەڵ بابەتی وانەکەی خۆی بە باشی ئاشنا بوو. لە دە ساڵی پاش شەڕ,جیلی ئێمە لە چوارچێوەی سمینارە ڕێک و پێکە ڕێکخراوەییەکان بە داھێنانی ھاوڕێیانی مێژوونووس و ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی بەریتانیا دەستەی مێژوونووسانی کۆمۆنیست:کریستۆفێر ھیڵ و مۆریس داب و ئی.پی.تامپسۆن و ڕادنی ھیلتۆن، پسپۆڕی سەدەکانی ناوەڕاست، خۆم و ئەوانی دیکە فێری مێژوو بووین .دوای شەڕ لەگەڵ ھاوکارانی سەر بە وڵاتانی دیکە، کە زۆربەیان فەرەنسەوی بوون چەند وتووێژێکمان ھەبوو، ھەستم بە ھۆگریەکی زۆر بە قووتابخانەی ئانال دەکرد، بەڵام لایەنگرانی بڕوایان بە مێژوویەک ھەبوو کە نەدەگۆڕدرا، بڕوایان بە پێکھاتە مێژووییە ھەمیشەییەکان بوو، لەحاڵێکدا کە من بڕوام بە مێژوویەک ھەبوو کە دەگۆڕدرا.
پرسیار: ئێوە بەردەوام قەرزەداری خۆتان بە مارکس پشتڕاست کردۆتەوە، بۆ نموونە کاتێک وەھا دەردەکەوت کە مارکسیسم بەھۆی ڕووداوەکان وەلانراوە یان بۆ ھەمیشە نێژراوە، بەڕای ئێوە پاش ١٥٠ ساڵ لە نووسینی مانیفستی کۆمۆنیست، ئایا نووسراوەکەی کارل مارکس، ئەمڕۆیی بوونی پێشبینییەکی دڵەڕاوکێ ھێنەر و تاڕادەیەک پێغەمبەرانە دەسەلمێنێت؟ فێرکارییەکانی ئەو بەڕاستی لەسەر چ شتێک دانراوە؟
وەڵام: یەکەم لەسەر تێگەیشتنی ئەم بابەتە کە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو ھەمیشەیی نیە و کۆمەڵگای مرۆیی پێکھاتەیەکە کە بە سەرکەوتوویی کامڵ دەبێت، لەبەر ئەوەی کە لەبارە بۆ گۆڕان و ئێستاش خاڵی دەسپێکردنی ئەوە نیە.دووھەم لەسەر شیکردنەوەی شێوەکانی کارکردی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی تایبەت، لەبەرچی ئەم سیستەمە ھێزە گۆڕێنەرەکان دەخولقێنێت یان لەبەرچی لە خولقاندنی ئەم ھێزانە سەر ناکەوێت. بۆ نموونە بۆ شیکردنەوەی ئابووری چین لە ماوەی چەند سەدەدا، دەبێت بزانین کە چ شتێک لەم وڵاتەدا سەرەڕای بوونی ھۆکارەکانی پێشکەوتنی ئابووری و تەکنۆلۆژیایی بووەتە ئاستەنگ و ڕێگری پێشکەوتن. چ شتێک لە باتی ئەوەی کە کۆمەڵگا سست بکات,بووەتە ھۆی سەقامگیری ئەو کۆمەڵگایە.بەڵام سەبارەت بە ڕۆژئاوا مەسەلەکە تێگەیشتنی پێچەوانەکەیەتی. لەبەر ئەمەش ئەو مێژوویەی کە من حەزم لێیەتی زۆرتر ئەو مێژوویەیە کە لە ھەوڵی شیکردنەوەی شتێکە کە ڕوویداوە نەک تەنیا دۆزینەوەی شتێک کە ڕوویداوە. مەبەستی من ئەوە نیە کە ئەم میتۆدە بۆ تێگەیشتن لە ھۆکانی چۆنیەتی جیھان بەسوودە ئەمە دەتوانێت ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە یەکگری ھێمانە جۆراوجۆرەکان لە دڵی کۆمەڵگا بە چ شێوەیەک کاریگەری لە دروستکردنی بزۆزیی مێژوویی ھەیە یان بە پێچەوانەوە کاریگەری لەسەر ئەمە نابێت.
“شەڕ و ئاشتی”
پرسیار: سەدەی بیستەم ھەر بەو شێوەیەی کە بە شەڕ دەستی پێکرد بە شەڕیش کۆتایی ھات. وەکوو ئەوەی کە کات لە جووڵە کردن کەوتبێت، پرسی نەتەوەیی لە پڕێکدا دەرکەوت و زل ھێزەکانی خستە بەر تاقیکردنەوە. ئایا مێژوو دووبارە دەبێتەوە؟چۆن پاش کۆتایی شەڕی سارد گەڕاینەتەوە بۆ “شەڕێکی گەرم”ی نوێ؟ لەبەرچی ژمارەی پەنابەرانی ئەمڕۆ لە کۆتایی شەڕی جیھانی دووھەم زۆرترە؟
وەڵام: ڕاستە,شەڕی ناوچەکانی باڵکان لەگەڵ یەکتری شەڕێک لە جۆری شەڕەکانی پێشوو بوو و مۆرکی چاخێکی بەسەرچووی لێدرا بوو. ئەم شەڕە درێژەی شەڕە باڵکانییەکان و بە شێوەیەکی گشتی تر درێژەی ئەو شەڕانە بوو کە بەھۆی سیستەمی نێودەوڵەتی زاڵ بەسەر پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەکانی سەدەی بیستەم و تەنانەت سەدەی بیست و یەکەم، دەرکەوتبوو. شەڕی ناوچەکانی باڵکان لەگەڵ یەکتری لەڕاستی دا کاردانەوەی دوایین و لە ھەمان کاتیشدا لاوەکی شەڕی گەورە یان شەڕی جیھانی یەکەمە، بەھۆی ئەم شەڕەوە ئیمپراتۆرییە فرە نەتەوەییەکان لەبەردەم بۆرژوایی ڕووخان. لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆری ھاپسبۆرگ و عوسمانی نەخشەی ئەوروپای باشووری ڕۆژئاوا لە بواری ھەرێمی گۆڕدرا، لەکاتێکدا کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بووە ھۆی پاراستنی یەکگرتوویی ئیمپراتۆری قەیسەری. ئێستا کە ئەم ڕژێمەش بە نۆرەی خۆی ڕووخاوە ئێمە بینەری چەن کاردانەوەیەکی ھاوشێوە لەو بەشەی جیھانین.
بەڵام بە بۆچوونی من لێکدانەوەی چۆنییەتی گۆڕینی چییەتی گشتگیری شەڕ و ئاشتی لە کۆتایی سەدەی بیستەم گرنگییەکی زۆرتری ھەیە.مەسەلەی چییەتی گشتی شەڕ گرنگتر و بنەڕەتی تر لە ھۆکارە تایبەتییەکانی سەرھەڵدانی ئەو شەڕەیە.ئەم مەسەلەیە بنەڕەتی ترە تاکوو بۆ نموونە ئەم پرسیارەی کە ئایا شەڕی کۆزۆڤۆ ڕاست بووە یان نا، ھەرچەندە کاتێک کە ئەم شەڕە لە بەھاری ١٩٩٩ گاڵەی دەکرد ئەمە پرسیارێکی گرنگ و بەپەلە لەقەڵەم دەدرا. بەڵام بۆ ئەو مێژوونووسانەی کە لە داھاتوودا شەڕەکە لێکدەدەنەوە، پرسیارگەلێکی دیکە گونجاوە,لەبەر ئەوەی کە ئەم پرسیارانە دەگەڕێنەوە بۆ تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم و سەبارەت بەو سەدەیەی کە دەسپێدەکات,چەن زانیارییەک دەخەنە ڕوو. من خۆم زیاتر لە ھەر کەسێک ھۆگری تێگەیشتن لەو بابەتەم کە شەڕ,بە چ شێوەیەک، چ لەبواری وردەکارییە سیاسییەکان و چ تەکنۆلۆژیایی، گۆڕانکاری بەسەر دا ھاتووە.لێرەدا ھەوڵ دەدەم وەڵامی سێ پرسیار بدەمەوە.
یەکەم: ئەوەی کە ئایا ھێشتا ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان زلھێزە جیھانییەکاندا ھەیە؟ تاکوو ئەو کاتەی کە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاکە زلھێز ھەژمار بکرێت، وەڵامەکە نەرێنییە.ھەڵبەت ئەگەری ئەوە ھەیە کە دێر یان زوو چین دەستی بگات بەو توانا سەربازییەی کە بتوانێت ڕکابەرایەتی لەگەڵ ئەمەریکا دا بکات. بەڵام حەز ناکەم بۆچوونی خۆم لەسەر ئەم ئەگەرە دەرببڕم.تەنیا ھێندە دەزانم کە پێش ئەمە دوورە کە شەڕێکی جیھانی دیکە ڕوو بدات.
دووەم: ئەوەی کە ئایا ئەگەری ئەوە لەئارادایە کە شەڕێکی ناوەکی ڕووبدات؟ لە لایەکەوە ئەگەری لاوازی شەڕی جیھانی مەترسی شەڕی ناوەکی کەم دەکاتەو، سەرەڕای ھەموو ئەمەش بەڕای من ئەگەری پەنا بردن بۆ چەکە ناوەکییەکان لە کاتی ڕوودانی شەڕ دا ھەیە,لەبەر ئەوەی کە تەکنۆلۆژیا، بەدەست ھێنانی چەکە ناوەکییەکانی زۆر ئاسان کردووە و ھەلی بەرھەم ھێنانی لە ئاستێکی فراواندا ساز کردووە و گواستنەوەیانی خێراتر کردووە.کەواتە نەمانی مەترسی شەڕی جیھانی شیمانەی ئەو شەڕانەی کە ئەگەری بەکارھێنانی چەکە ناوەکییەکانی تێدایە,ڕەت ناکاتەوە.
سێیەم: ئەوەی کە ئایا ئەگەری ڕوودانی شەڕە ئاساییەکان لە نێو وڵاتاندا کە ئێمە بەوانە ڕاھاتوین، ھێشتا بوونی ھەیە؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە شەڕانە تەنیا لەو ناوچانەی ڕاگیراون کە دوو زلھێز ڕاستەوخۆ شەڕیان دەکرد و ئاگاداری پارێزکردن لە مەترسی کارەساتی ناوەکی بوون. ئێمە بینیمان کە شەڕ لە نێوان ھیندستان و پاکستان لە ئاسیای باشوور ڕوویدا؛ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نێوان ئێران و ئێراق شەڕ ڕوویدا. دەرگیرییە چەکداراییەکان تەنانەت لە سەردەمی مۆتەکەی ناوەکی ھەر بەم شێوەیە درێژەی ھەبوو. کەواتە ئەگەری ئەوە ھەیە کە شەڕی زۆرتر ڕووبدات، بەپێچەوانەوە لە جیھاندا چەند ناوچەیەک ھەیە کە تیایاندا ئەگەری ڕوودانی شەڕ زۆر لاوازە، بۆ نموونە دەمانەوێت لەبیری بکەین کە لە ناوچەگەلێکی وەکوو ئەمەریکای لاتین لە ماوەی سەدەی بیستەم سوپای ھیچ وڵاتێک دەستدرێژی نەکردۆتە سەر وڵاتێکی دیکە. ئێمە نازانین کە ئاوەھا شتێک لەمەڕ ئەوروپا لە سەدەی بیست و یەکەم تا چ ڕادەیەک ڕاست دەبێت.بەھەرحاڵ ناتوانین ڕوودانی ئەم جۆرە شەڕانە لە جیھانی داھاتوو بە تەواوەتی ڕەت بکەینەوە ھەرچەندە ئەو بایەخەی کە لە سەدەی بیستەم بوویان، نەیانبێت.
پرسیار: شەڕی باڵکان لەمەڕ ئەم گۆڕانکارییە فێری چ شتێکمان دەکات؟
وەڵام: بەڕای من تازەبوونی دۆخی باڵکان لەوەدایە کە جیاوازی نێوان شەڕی ناوخۆیی و شەڕی نێودەوڵەتی تێیدا نەماوە یان بەرەو نەمان دەچێت.بە واتایەکی دیکە جیاوازی شەڕ و ئاشتی، جیاوازی نێوان کەشی شەڕانی و کەشی ئاشتی ئامێزیش، کەمی کردووە. بارودۆخی یۆگسلاوی نموونەی ھەرە دیاری ئەوەیە؛ دەرکەوتنی دوژمنایەتی کە بەلای سربەکان کێشەیەکی لە جۆری ناوخۆیی بوو بە دەستێوەردانی دەرەکی کۆتایی ھات، لە سەدەی نۆزدەیەم و تاکوو کۆتایی شەڕی سارد محاڵ بوو کە ببینین سوپا بیانییەکان بۆ چارەسەری شەڕێکی ناوخۆیی لە وڵاتێکی سەربەخۆدا لە سنوورەکان تێپەڕن. سەرەڕای ئەمەش لەم نموونەیەدا یەکێک لە لایەنەکانی شەڕ لە بە فەرمی ناسینی کەشی شەڕانی خۆی بەدوور گرت، ھەرچەندە کە لۆژیکی نەبوو کە لە بۆردومان کردنی وڵاتێکی دیکە کردەیەکی شەڕانگێزی نەناسنەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە کەشی شەڕانی بە فەرمی ڕانەگەیەندرا، ھەندێک توانیان پشتگری لەوە بکەن کە کەشی شەڕانی زاڵ نیە. تازەیی سەرسووڕھێنەری دۆخەکە لەمەدا بوو. ئێمە لەم بابەتەدا لە بەرانبەر کاردانەوەی شەڕی سارد داین، لە ماوەی ئەم قۆناغەدا، سەقامگیری ڕێژەیی جیھان لەسەر ڕێسای ئاڵتوونی سیستەمی نێودەوڵەتی جێگیر بوو و مەترسی تێکدانی ھاوسەنگی ھێزەکان دەبووە ھۆی ئەوەی کە ھیچ وڵاتێک لە سنوورەکانی وڵاتێکی سەربەخۆ تێنەپەڕێت. کۆتایی ھاتنی شەڕی سارد بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کۆتایی بەم ئاستەنگە ھێنا. ئەوەی ئەفریقای ناوەڕاست، یۆگسلاوی، کۆزۆڤۆ و ئێراق بە شەڕ لەقەڵەم دەدرا یان نا؟ وەڵامەکە ڕوون نیە. لەئارادا بوونی چەندین وتووێژ بۆ دیاری کردنی ئەوەی کە ئایا ئەم شەڕانە دادپەروەرانە یان نادادپەروەرانە بوون، پشت ڕاستکەرەوەی جۆرێکی دیکە لە سەرلێ شێواوی لە بەرانبەر دیاردەیەکەوە لەھەر ڕوانگەیەکەوە بآوێنەیە.
وتەی نۆربێرتۆ بۆبیۆ بەتەواوەتی لۆژیکی بوو کاتێک دەیگوت کە تەنانەت نایەوێت بۆ خۆی بابەتەکە بخاتە بەر باسەوە، لەبەر ئەوەی کە تاکە پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە بوو کە ئایا شەڕی کۆزۆڤۆ لە ڕوانگەی ڕێسا پێشووەکان یاساییە یان نا. وەڵامەکە نەرێنییە، ڕێسا پێشووەکانی شەڕ و ئاشتی کە شەڕی ناوخۆیی و دەرەکی لەیەک جیا دەکەنەوە، کۆنە بوون و سەرلەنوێ دابین کردنەوەیان لە داھاتوویەکی نزیکدا بە گشتی نادیارە.
پرسیار: بەڵام ئایا جیاوازیگەلێک لە شێوەی شەڕ کردن دەرکەوتووە؟
وەڵام: بەڵێ و ئەم جیاوازیانەش زۆر گەورەیە، پێشبینی ھەندێک لەوانە دەکرا، ئەوانی دیکە نا. جیاوازی یەکەم بۆ گۆڕینی شەڕ لە دوای پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیاییەکان دەگەڕێتەوە. لەسەرەتاوە ئێمە ترسی ئەوەمان ھەبوو کە ئەم بابەتە بە شەڕە خوێناوی و وێرانکەرەکانی تر کۆتایی بێت. بەڵام لە کاتی شەڕی کەنداو زانیمان کە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو ھاوەڵە لەگەڵ ھێزێکی وێرانکەرتری زۆر وردتر و ھەڵبژێراوەتر، بۆمبە ھۆشمەندەکان دەتوانن ئامانجە تایبەتەکان بپێکن بەبێ ئەوەی زیان بە ئەوانی تر بگەیێنن. جگە لە پێشھاتی ئۆپەراسیۆنەکان و مەترسی تەقاندن بەرەو بەرەی خودی، ئەم زانیارییە نوێیە گرنگییەکی زۆری ھەیە، لەبەر ئەوەی کە سەرلەنوێ جیاوازی نێوان کەسانی سەر بە ھێزی سەربازی و کەسانی مەدەنی بەرقەرار دەکاتەوە. ئەم جیاوازییە لە ماوەی سەدەی بیستەم کە کەسانی مەدەنی ھەرچی زۆرتر لە شەڕەکان کەوتنە بەر ئامانج، لەناو چوو بوو. ئەمە ئەو شتەیە کە بۆ نموونە ڕێگەی بە ناتۆ دا کە لە شەڕی کۆزۆڤۆ ڕایگەیهنێت: “ئێمە کەسانی مەدەنی ناکەینە ئامانج، بەڵکوو تەنیا ھێزە سەربازییەکان و دامەزراوەکانیان-لانی کەم لە پلەی یەکەم-دەکەینە ئامانج.”
لە لایەکی دیکەوە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیایی ڕێگە بە کەڵک وەرگرتنی دووبارەتر و نابەرپرسانەتر بۆ کاول کردن دەدات، ئەگەر ئێوە ھێندە خۆتان بەھێز بزانن کە بتوانن ڕێکاوڕێک ئەوەی کە دەتانەوێت لەناوی ببەن ھەڵبژێرن دڕدۆنگی بۆردومانکردن بۆ چارەسەری کێشەکان وەکوو ئەوەی کە لەمەڕ ئێراق ڕوویدا فریودەرتر دەبێت. لەم بوارەدا تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو مەترسی دەرگیرییە چەکدارییەکان، لانی کەم بۆ ئەو نەتەوانەی کە ئەوەیان ھەیە، دەباتە سەرەوە. جگە لەمەش؛ مەترسی ئەو شتەی کە ناوی “زیانە لاوەکییەکان”ە,بە ھەند ناگرێت.مەبەستم ئەو خەڵکانەی نین کە بە ھەڵە دەکوژرێن، بەڵکوو ئەو زیانە قورسەیە کە لە ژێرخانە زۆر گرنگەکانی کۆمەڵگا دەکەوێت، بە ڕەچاو کردنی مەترسی کەمی کوشتن و بڕین، دەتوانرێت وێنای ئەوە بکرێت کە ئەمە شێوەیەکی شارستانیانەترە بۆ شەڕ کردن. سەرەڕای ھەموو ئەمەش ئەم بۆچوونە لەئارادایە کە ئەو زیانەی کە ماوەی چەند حەوتوو لە ئابووری سربیا کەوت، زۆرتر بوو لەو زیانەی کە لە شەڕی جیھانی دووەم گەیشت. ئاسەوارەکانی کاول کردن تەنیا ئابووری سربیا ناگرێتەوە: بەتووندی کاول کردنی پردەکانی دانوب ئابووری ناوچەکەی کە لە باشووری ئاڵمانیا تاکوو دەریای ڕەش و زۆرتر لەوەش بەرفراوانە، بەتووندی تێکدا.
لە کۆتایی دا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەمە لە ئاستێکی خوارتر، واتە لە ئاستی ئەو نەتەوانەی کە دەستیان بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو ناگات، جیاوازی دوو جۆرە شەڕی دروست کردووە: شەڕ بە فڕۆکە لە بەرزایی ١٥٠٠٠ پێیی لەگەڵ بۆمبا زۆر پێشکەوتووەکان و شەڕی تاک بە تاک لەسەر زەوی، ھەندێجار بە لێدانی قەمە و چەقۆ، وەکوو ئەوەی کە لە ئەفریقای ناوەڕاست ڕوویدا. لە کۆزۆڤۆ کە ھاوکات و جیا لە یەکتری دوو جۆرە شەڕ لەئارادا بوو، ئەمە دیار بوو.
لە ڕابردوودا,پارتیزانەکان تفەنگ و ڕەشاشیان ھەبوو، ئەمڕۆ ئەو چەکە دژە ئاسمانیانەی کە بە ئاسانی دەگوێزرێنەوە و ھەروەھا بازووکایشیان ھەیە. ئەمە کاردانەوەیەکی دیکەی شەڕی ساردە.شەڕی سارد بووە ھۆی ئەوەی کە جیھان پڕ ببێت لە چەکە پێشکەوتووەکان. سەرەڕای ئەوەی کە لەم قۆناغەدا شەڕێک لە نێوان ھێزەکان ڕووی نەدا بەڵام پیشەسازییە چەک وچۆڵەییەکان وەکوو ئەوەی کە لە ڕێکخستنی گشتی دایە بەردەوام سەرقاڵی بەرھەم ھێنان بوون. کۆتایی شەڕی سارد دەسبەجێ ئەم جبەخانە ھەرە گەورەیەی ئازاد کرد. سەبارەت بەمەش تەنیا نموونەیەکتان بۆ دەھێنمەوە. لە کۆتایی شەڕی ناوخۆیی لە ئەلسالوادۆر، لە ناکاودا ڕێژەیەکی ھەرە زۆر لە مووشەکە ئوتۆماتیکەکان ھێنرایە بازاڕ. دەتوانرا لە سنوورەکان ئەم چەکە بە نرخی ھەر پارچەیەک ١٠٠ دۆلار بکڕن، پاش کڕینیان دەیانبرد بۆ کۆلۆمبیا و ھەر پارچەیەکیان بە ٥٠٠ دۆلار دەفرۆشت. بۆ ھەندێ کەس کاروکاسپییەکی پڕ قازانج بوو. جیھانی ئێستاکەیی کەوتۆتە بەر ھروژمی چەک و چۆڵەکان، ئەمەش بووەتە ھۆی دروست بوونی بارودۆخێکی نوێ. لەم بارودۆخە نوێیەدا، گرووپە چەکدارییەکانی “بەکرێگیراوان” پێک ھاتن کە سەر بە حکوومەتێکی تایبەت نەبوون، بەڵام ئامادەی شەڕ بوون.
پرسیار: لێرەدا ئێوە باس لە شەڕە تایبەتییەکان دەکەن نەک شەڕ خۆی لەخۆیدا.
وەڵام: لەڕاستیدا نەخێر، لەبەر ئەوەی تێیدا نیشانەیەکی دیکە لە گۆڕانکاری دەبینم؛ پەیوەندی بەدیھاتوو، لە لایەکەوە شەڕەکانی نێوان وڵاتان یان بزووتنەوە ڕێکخراوەکان و لە لایەکی دیکەوە، شەڕە تایبەتییەکانی نێوان تاکەکان یان گرووپە تایبەتەکان. ئەمە لەبنەڕەتدا گۆڕانکارییەکی سەرەکییە، لە ماوەی ئەو سەدەیەی کە لەم دواییە کۆتایی ھاتووە، دەرگیرییە چەکداریەکان, تاڕادەیەک بەدەگمەن لە نێوان حکوومەتەکان ڕوویدا یان لە ژێر ڕێبەری ڕێکخراوانی تاڕادەیەک حکوومی بەڕێوە چوو(بزووتنەوەی بەرخۆدان لە ئیتالیا یان لە یۆگۆسلاوی,کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا و ئەوانی دیکەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازانی نەتەوەیی).ئەم بزووتنەوانە وەکوو ئەوەی ئیتالیا لە سەردەمی کۆندۆتیری -یەکان لە لایەن ڕێکخراوە تایبەتییەکان یان فەرماندەکانی سوپا بەکرێگیراوەکان ڕێک نەدەخرا.تاکوو سەدەی حەڤدەیەم وڵاتە ئەورووپییەکان سوپایان دادەمەزراند.لەماوەی شەڕی سی ساڵە,والنشتاین دوایین کەس بوو کە لەشکرەکەی خۆی لە ناو ئەو حکوومەتانەی کە سەرقاڵی شەڕ بوون, دامەزراند.ئەمڕۆ ئێمە شایەتی بەکارھێنانی دووبارەی ئەم شێوەیە لە شەڕ داین, بەتایبەت لەو ناوچانەی جیھان کە وڵاتەکان تێیدا لە دۆخی دابەش بوونن,وەکوو ئەفریقا کە دارودەستەی بەکرێگیراوان لەوێدا لەلایەن ئەو باڵە جۆراوجۆرانەی کە لە دۆخی شەڕدان و تەنانەت ھەندێ جاریش لە لایەن حکوومەتەکان دادەمەزرێن.
لە چوارچێوەی شەڕەکانی وڵاتان یان ئەو شەڕانەی کە لەژێر فەرمانی ئەواندان، پێویستە ئاماژەش بکەین بەو خواستە دواییانەی کە بریتییە لە ھەڵوەشاندنەوەی خزمەتی سەربازی، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە سوپاکانی خۆیان لەسەر خزمەتی سەربازی زۆرەکی بنیات ناوە، ھۆگرایەتی گۆڕانکاری گشتگیر پشت بەستن بەو فەرمانبەرە سەربازییە پیشەییە زۆر پسپۆڕەییانەیە کە خزمەتگوزارییە پاسەوانی و ئاسایشییەکان پێشکەش دەکەن. لە بەریتانیا، سەربازانی یەکە کۆماندۆییەکانی ھێزی تایبەتی ئاسمانی کاتێک کە خانەنشین بوون، لە کۆمپانیاکان ھاوشێوەی ئەو کارانە دەدۆزنەوە کە خزمەتگوزاری ھەڵمەتی و ڕاوێژکاری لە بواری شەڕ و بەربەرەکانێ لەگەڵ تیرۆریزم ئاراستە دەکەن. چەندین توێژینەوە-بەتایبەت توێژینگەی خوێندنەوە ستراتیژییەکان لە لەندەن-تەرخان کراوە بۆ پرسی سوپا تایبەتییەکان لە شەڕەکانی داھاتوو. ھەندێک پێیان وایە کە ئیمکانی بەکارھێنانی ئاوەھا سوپایەک ھێندە زۆر نیە,یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە کە جێگای متمانە نین. بەڵام لە لایەکی دیکەوە بۆ نموونە لە شەڕی کەنداوی فارس شایەتی زۆر پەنا بردن بە کەرتی تایبەت بۆ دابینکردنی پاڵپشتی لوجستیکی بووین. ئەمە تاڕادەیەک ھاوشێوەی ئەو شتەی بوو کە لە قەڵەمڕەوی ناوخۆیی لە سەردەمی تاچێر ڕوویدا، کاتێک کە ئەو خزمەتگوزاریانەی کە پێشووتر لە لایەن حکوومەتەوە پێشکەش دەکران، ڕاگوێزران بۆ ڕێکخراوەکان. من بەش بە حاڵی خۆم لەو بڕوایەدام کە چەک وچۆڵە و ڕاگواستن و خۆراک و پۆشاکی ھێزە سەربازییەکان ھەرچەندە دەڕوات زۆرتر دەدرێتە تێندەرەکان.
پرسیار: وەکوو مەقدۆنیا کە پەیڕەوی کۆمەڵگای ئەمەریکی ھێزەکانی ناتۆی کرد و ھەروەھا لۆجستیکەکەی دابین کرد؟
وەڵام: بەڵێ، ئەم دیاردە نوێیە، تایبەتە بە سەدەی بیستەم و ئەم سەردەمە نوێیە. ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵوەشانەوەی ڕێژەیی دەسەڵاتی حکوومەت لە ھەندێک لە بەشەکانی جیھان. ئەم دیاردەیە بووە ھۆی ژیانەوەی سیمای کۆنی “کەڵەسواران” کە لە سەدەی پانزەیەم و شانزەیەم چیتر لە ئەورووپا دیار نەمابوو. لەو سەردەمەدا، کەسەکان دەیانتوانی کاریگەریان لەسەر ڕووداوە سیاسیەکاندا ھەبێت لەبەر ئەوەی کە سوپای تایبەت بە خۆیان ھەبوو. ئەم بابەتە من دەخاتەوە بیری ئەو دۆخەی کە بەسەر چینەوە زاڵ بوو، دۆخێک کە لەو پەنجا ساڵەی کە کۆتایی ئیمپراتۆری لە شۆڕش جیا دەکاتەوە زاڵ بوو، کاتێک کە حکوومەتی ڕاستەقینە بوونی نەبوو، بەڵکوو تەنیا ئەو دەسەڵاتەی کە لە لایەن سوپای کەڵەسواران دابین دەکرا، بوونی ھەبوو. ھەندێک لەم کەڵەسوارانە پێشووتر چەتە بوون، وەکوو ژانگ زوئۆلین کە خۆی وەک ژەنڕاڵ ناساند و حکوومەتی بەسەر مەنچۆری کرد. من پێم وایە کە ئەم دیاردەیە لە دۆخی ئێستاکەیی کە تێکەڵاوی شەڕە تایبەتییەکان و شەڕەکانی نێوان حکوومەتەکانە، لەو ناوچانەی کە حکوومەت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەش دەبێت، ئامادەی سەرھەڵدانە. ھۆکارێکی دیکە کە کاریگەری لەسەر بەھێزی ئەم دیاردەیە ھەیە و ئەویش ئەو سامانە سەرسووڕھێنەرەیە کە ئەمڕۆ ئەم ڕێکخراوە تایبەتیانە ھەیانە. لەوانەیە تاکەکان یان ڕێکخراوەکانی دیکە ھێندەی حکوومەتەکان پارەیان ھەبێت.ئەم دۆخە ھەندێجار بۆ بازرگانییە نایاساییەکان وەکوو کڕین و فرۆشتنی مادە سڕکەرەکان یان قاچاخی چەک دەگەڕێتەوە. تاکوو ئەوەی کە من دەزانم، ھیچ حکوومەتێک لەبواری دارایی UCK(یەکیەتی ناوەندیی کۆزۆڤۆ)-ی دابین نەکرد، بۆ نموونە لەبەر ئەوەی بنیاتنانی کۆزۆڤۆیەکی سەربەخۆ دوایین خواستی ڕۆژئاواییەکان بوو. ھەروەھا پێم وانیە کە حکوومەتی ئالبانیا بەخەستی ھاوکاری کردبێت، لەبەر ئەوەی کە لە دۆخێکدا نەبوو کە بتوانێت یارمەتی دارایی ھەر کەسێک یان ھەر شتێک بدات.کەواتە UCKیش وەکوو ئەوەی چیچن لە ڕێگای کڕین و فرۆشتنە نایاساییەکانی مافیای کۆزۆڤۆ و ئالبانیا لە بواری دارایی دابین کرا. مەبەستم ئەوە نیە کە ئەم پارەیە خەرجی ئامانجێکی ناڕاست کرا، دەمەوێت بڵێم کە ئەم گرووپانە، کە بە پێی ئەم پارەیانە ھیچ گرنگییەکی سیاسییان نەبوو، بەھۆی دەسکەوتنی ئەو سەرچاوە داراییانەی کە لە ڕابردوودا لە ئارادا نەبوو، گرنگیان پەیدا کرد. ئەمەش سەبارەت بە کۆلۆمبیاش ڕاستە، ھەروەھا لەم بوارەیشەوە حکوومەت دەسەڵاتدارییەتی خۆی بە سەر زۆر ناوچەیەکی وڵات لەدەست دا، لەبەر ئەوەی کە ئەو بزووتنەوانەی کە ئەم ناوچانەیان لە کۆنترۆڵدا بوو، ھێندە دەوڵەمەند بوون کە بتوانن شەڕ بکەن و ھەروەھا خۆڕاگریش بکەن. بەڕای من ھەمووی ئەم تایبەتمەندیانە لە شەڕەکانی دواتر پەرە دەسێنێت.
لەوانەیە ئەم وتەیە وەڵام دەرەوەی پرسیاری ئێوە سەبارەت بە ژمارەی بآوێنەی پەنابەران بێت، بە لای سێسەد چەکداری بە تەواوەتی پڕچەک کراو و تەیار، کە لە بنەڕەتەوە سەربەخۆ لە دەوڵەت یان حکومەتن، کاول کردنی ناوچە بەربڵاوەکان و تاڵان کردنیان و “پاکتاو کردنیان لە دووژمن” کارێکی ئاسانە. ھەروەھا کە لە ئەوەی کۆزۆڤۆیش بینیمان بۆ سووتاندنی خانووەکان و ئاگر تێبەردانی گوندەکان و پەلکێش کردنی دانیشتوانیان بۆ ناو فڕۆکەکان پێویست بە کەسانێکی زۆر ناکات. ھەرچی دەرگیرییە چەکداریەکان کەمتر لە لایەن حکومەتەکانەوە ڕێکخرابن و کەمتر لە کۆنترۆڵی ئەواندا بن مەترسی بۆ خەڵکی سڤیل زۆرترە. کەسێک دەناسم کە چەند ساڵێک لە سوودان ئیشی بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو. بۆی ڕوون کردمەوە کە ئەم ڕێکخراوە بە ناچاری کارەکەی خۆی بە دانووستان لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوە رزگاریخوازەکان سەبارەت بە کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی بەرەو لای ناوچە باشوورییەکان دەسپێکرد. بەڵام لەو کاتەی کە دیاری کرابوو ئەو ناوچەیەی کۆنترۆڵ کراوە دابەش بوو بە چەند ناوچەی ژێر دەسەڵاتی فەرماندە جۆراوجۆرەکان کە چارەنووسی پەنابەرەکانیشان لە دەستدا بوو، پێویست کرا بۆ ڕزگارکردنی پەنابەران سەرلەنوێ دانووستان لەگەڵ ھەرکام لەوانە دەست پآ بکاتەوە.
پرسیار: ڕێک لەم کاتەدایە کە تەلەفزیۆن ڕەنج و ئازاری پەنابەرانمان پیشان دەدات.
وەڵام: گومانێک لەوەدا نیە کە ڕای گشتی ڕۆڵێکی سەرەکییان لە گۆڕینی چییەتی شەڕ ھەبووە. دەتوانین ئەوە بە “کاریگەری سی ئێن ئێن”(CNN) ناو ببەین. ڕووداوەکانی جیھان بژاردە دەکرێن و دەسبەجێ بڵاو دەکرێنەوە. ئەمەش یەکێکی دیکە لە کاردانەوەکانی کۆتایی ھاتنی شەڕی ساردە؛ لاواز بوونی کۆنترۆڵ و سانسۆر کردنی زانیارییەکان لە لایەن حکوومەتەکانەوە و تەنانەت ھەندێكجاریش نامومکین بوونیشی. ئەمە لە شەڕی ویتنام ڕاست نەبوو، لە ساڵانی دوای ئەوەش ئەمە کەمتر ڕاستێتی ھەبوو، زاڵیەتی سەرسووڕھێنەری تەلەفزیۆن چیتر ڕێگە بە حکومەتەکان نادات کە وەکوو جاران قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە ببەن. ھەڵبەت تەلەفزیۆن ئامرازێکە بۆ جووڵاندنی ڕای گشتی بەو خێراییەی کە لە ڕابردوودا وێنای نەدەکرا، ئەگەر بیر بکەنەوە لەو ماوەیەی کە پێویست بوو تاکوو نغرۆ بوونی کەشتی لوسیتانیا یان ڕووداوێک لە کەنداوی توونکەن بکەن بە ئامرازێک بۆ ھەڵگیرسانی ئاگری دووژمنایەتی نێوان دوو نەتەوە، باشتر لە مەبەستەکەم تێدەگەن. کاریگەری تەلەفزیۆن ڕاستەخۆیە و ھەروەھا کۆنترۆڵ کردنیشی ئەستەمە. دەتوانین ئەم ڕاستیە لە ڕەفتاری سەدام حسێن یان ئۆسلۆ بوودان میلۆسویچ بە جوانی ببینین، کاتێک کە ڕێگەیان دا تاکوو گرووپە تەلەفزیۆنییەکانی ئەو وڵاتانەی کە شەڕیان لەگەڵدا دەکردن، لە ناوچەکە بمێننەوە و وێنەی ئەوەی بگرن کە دەیانویست ئاراستەی ڕای گشتی ڕۆژئاوا بکەن، لە کاتێکدا کە لە نەریتی ئیستالینی کاردانەوەی سرووشتی “سپی ھێشتنەوەی پەردە” بوو. ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر سیاسەتەوە ھەیە.
پرسیار: ئێوە تایبەتمەندیە نوێکانی شەڕتان لە کۆتایی”سەدەی کورت”لێکدایەوە. بەڵام لە ئێستادا ئێمە دەبینین کە چەمکی”شەڕی دادپەروەرانە-نادادپەروەرانە”ھاتۆتە نێو گۆڕەپانەوە. ئایا دادپەروەرانەیە کە دیموکراسییەکان دەست بە شەڕ لە دژی دیکتاتۆرەکان بەناوی گشتگیر بوونی مافی مرۆڤ,بکەن؟
وەڵام: سەبارەت بەم بابەتە تاڕادەیەک ڕەشبینم. پێم وانیە کە حکومەتەکان لەبەر ئەوەی کە شەڕ دادپەروەرانەیە یان نا، دەست بە شەڕ بکەن. ھەڵبەت بۆ ڕاکێشانی پشتگری خەڵک، ھەوڵ دەدەن بە جاڕی دادپەروەرانە بوونی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بشارنەوە. ڕازی کردنی بیروڕای گشتی و پێناسەکردنی شەڕ بە شێوەیەک کە خەڵک بە ڕەوا و دادپەروەرانەی بزانن، گرنگییەکی زۆری ھەیە. بەڵام ئەستەمە کە بتوانین لە مێژوودا چەن نموونەیەک لەو حکومەتانەی پەیدا بکەین کە لەبەر ھۆکارگەلێک جگە لە بەرژەوەندی نەتەوەیی، دەستیان بە شەڕ کردبێت، ھەڵبەت چەند جیاوازییەک وەکوو ڕژیمە شۆڕشییەکان، وەک دەرکەوتنی شۆڕش بوونیان ھەیە کە لەوانەیە لەبەر ھۆکارگەلێکی دیکە، بەپێی ئەخلاق، ئایدۆلۆژیا یان ڕزگاری نەتەوەیی بێنە نێو گۆڕەپانی شەڕەوە بەڵام ئەودەمەی کە دەسەڵاتیان بەدەست ھێنا سیاسەتی دەرەکی تایبەت بە حکوومەتەکان وەگەڕ دەخەن و بەپێی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیان کار دەکەن. لەم بوارەدا باشتر وایە بەبیری بھێنینەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وەکوو یەکیەتی سۆڤیەت، ھێزێکی ئایدۆلۆژیاییە کە ڕیشەی لە شۆڕشدایە و لەژێر ئەم ناوەش بەڕێوەبردنی جیھان، بەپێی ئەو پرەنسیبانەی کە بەشێکی گرنگ لە سیاسەتی دەرەوەی پێک دەھێنێت، بەپێویست دەزانێت. لەوانەیە ئەمەش زۆر مەترسیدار بێت. من گومانم لەوەدا نیە کە ئەمەریکا ئاواتەخوازی گۆڕینی جیھانە و پشتگری لە مافی مرۆڤ یەکێکە لە ئامانجەکانی. سەرەڕای ھەموو ئەمەش ھیچ دەرگیرییەکم نەبینیوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تەنیا لە ڕێگای خێر، بەبێ ئەوەی کە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی لە مەترسیدا بێت, ھاتبێتە نێو ئەو گۆڕەپانەوە.
ھەڵبەت بەرگری لە مافی مرۆڤ و زانینی ئەوەی کە ئەم بەرگرییە تاکوو چ ڕادەیەک مومکینە کە بە بەکارھێنانی ھێزی سەربازی مسۆگەر بێت، ئەمڕۆش بابەتی وتووێژێکی جیدییە. بەڵام من بەوە قایل بووم کە نەک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەک واشینتۆن بەشێوەیەکی جیدی بیر لە ھاتنە ناوەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕ لەبەر بابەتێکی بەتەنیا بنەمایی یان ئەخلاقی ناکەنەوە. تەنانەت لە شەڕی جیھانی دووھەمیش ئاوەھا شتێک ڕووی نەدا، ھەڵبەت ھاوپەیمانان لایەنی چاکیان پێک دەھێنا و سەرکەوتنیان جیھانی لە نازیسم ڕزگار کرد.بەڵام ھیتلێر دیموکراسیە ئەورووپییەکان و یەکیەتی سۆڤیەتی ڕاکێشی ئەم شەڕە کرد و ژاپۆنیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
وهرگێڕان: سۆزان سهعید