“مارتن هایدیگهر”
ئازیزەکەم هانا، شێت بووم. نزای بێدەنگی بۆ دەستە جوانەکانت و نێوچاوی ڕۆشتنت ڕووناکی خانمانەی هەڵگرتووە. هەرگیز شتێکی وام بەسەرنەهاتووە، لەڕێگای گەڕانەوە و لەژێر بارانێکی زریاناوی جوانتر و گەورەتر بوویت. دەمتوانی هەموو شەوێک لەگەڵتدا پیاسە بکەم. وەکو هێمایەکی سوپاسگوزاری ئەم کتێبەم ببە، هێمای نیوەی وەرزی خوێندنە. تکایە هانا؛ هەندێک وشەم خەڵات بکە، ناتوانم ڕێگەت بدەم ئاواهی بڕۆی. پێش گەشتەکە زۆر سەرقاڵ دەبیت بەڵام هەندێک وشە و تەواو ئەگەر بە خەتێکی خۆشیش نەنوسرابن، کەس وەک تۆ نانووسێت.
خۆشحاڵم بە ناسینی دایکت.
٢٧-٢-١٩٢٥
“مارتن هایدیگەر بۆ هانا ئارێنت”
ئازیزەکەم، ئەگەر هێشتا دڵخۆش نیت بەو مرۆڤەی کە دوێنێ بووم، نامەوێت هەرگیز ئەو ساتانە لەژیانمدا ئاوا ببن. ئەوکاتەی کە دوودڵین و لەبیری دەکەین پێویستە باشبین پێویستە هەبیت. هیچ شتیک نەبوو ئێمە لەیەک جیابکاتەوە، ئەو بوونە سادەمان پێکەوە و بە بێ نیگەرانی و داواکاری، بەبێ پرسیارکردن و بیرکردنەوە، لە پشوویەکی تەواودا دەیتوانی دڵخۆشییەکی ڕەهام پێ بدات، کاتێک لەسەرنوێنەکەم ڕاکشام یادەوەرییەکانی ڕۆژانەتم بیرهاتەوە، هەوڵم دەدا ئەو وێنەیەی کە ئەم یادەوەرییە بە تۆی دەبەخشێت لەگەڵ ئەو وێنەیەی ڕۆحم کە بۆ تۆی هەڵگرتووە کۆبکەمەوە. لەهەردوو وێنەکە؛ جگە لەو شەرمەی ئێستا دەتوانم بۆتی ڕوونبکەمەوە هیچی ترم نەدۆزییەوە. گوزارشتێکی نوێ کە لە ئامادەیی بینیبووم و کاری لێکردم بەدەست هێنا.
گەشت و چیاکان؛ ئەگەر تۆ بە شادییەکی ناوەکی و بوونێکی ڕەهاو ئازادانە نەهاتبای، دەکرا وەک ڵاڵێکی هەژار بمابانایەوە. دەڵێیت لە منداڵییەوە هەست بە خۆت ناکەیت، ئێستا سەر لە نوێ ئەو چاوە درشت و دەستە جوانە شەرمنانەم بەدەست هێنایەوە. هەی منداڵ، مادام سەر لەنوێ گەشتوویت بەم هەمووە هەرگیز جارێکی دیکە لەدەستی نادەیت. منداڵیت وەک خەڵاتێک لە سرووشتەوە بەدەست ناهێنیت، بەڵکو وەکو بنەڕەتێک بۆ ڕۆحت و وەک هێزێک بۆ بوونت بەدەستی دەهێنیت. کاتێک دووربوویت ئاگادارکردنەوەکانم دەخوێندەوە و بوونت زیاتر بوو لەلام. دڵخۆش و سوپاسگوزارم کە لێرەیت، ڕێک لەوکاتەی کە دەبینم لە شتەکانم دابڕاوم. کاتێک باشنیم، مانای وایە شتەکان بە باشی دەڕوات. بە نزیکەیی هەست بە بوونت دەکەم لەلام. لەم دواییەدا زۆر باش بوویت لەگەڵم، لەڕاستیدا شایەنی نیم. بەباشی و شادی ئاگات لە خۆت بێت.
١٤-٦-١٩٢٥
“مارتن هایدیگەر بۆ هانا ئارێنت”
ئازیزەکەم، بیرم لێ دەکریتەوە و لە پشووی کورتی کاردا لە یادگەمدا لەگەڵت بووم، دەکرێت ئەمەم بۆ ڕوون بکەیتەوە. تکایە وەک جاری پێشوو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی سەردانم بکە، سەڕەڕای ئەوەی کە باشنیت دڵخۆش ئەبم بە هاتنت. ئێستا لە دۆخێکی زۆر خراپدام، لەبەرئەوەی کەسێک کە تێزنامەیەکی تەواوکردووە هاتووە بۆلام، تەنانەت ئەگەر ڕەتیشی بکەمەوە دەبێت بیخوێنمەوە. خۆشییەکەی لەوەدایە نیوەی هەفتەکەم دەڕوات، هیوادارم پێش ئەوەی بێیت تەواوی بکەم، لەبەرئەوەی ئیش ناکەم و لێت نزیک دەبم.
١-٧-١٩٢٥
“مارتن هایدیگەر بۆ هانا ئارێنت”
ئازیزەکەم، لەدڵەوە سوپاسی سڵاوەکەت دەکەم، ئەم هاوینە زۆربەی کاتەکان لە یادگەمدا بوویت و هیوای باشبوونم بۆ دەخواستی، نیگەران بووم کاتێک “جهی” پەیوەندی پێوەکردم و جگە لە تۆ و دایکت هیچی ترم لێ نەبیست، وا دامناوە لەتۆوە هاتبێت، لە هەمان کاتیشدا پێویستە بڵێم “جهی” زۆر پێشکەوتووە. زۆر ڕێگا گەڕام کە بمگەیەنێت بە ناونیشانی تۆ، نەشمدەتوانی بۆئەم بابەتە نامە بنێرم بۆ زانکۆ، باشترە بە زارەکی پلانەکانمت بۆ بگێڕمەوە؛
لەوەدام کتێبێک چاپ بکەم بەڵام لەبەر کارەکانی وەرزی خوێندن کە زۆر ماندووی کردبووم پێویستە پشوو بدەم. هۆسرێڵ بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بانگهێشتی کردووم بۆ سیڵڤابلانای لە ئینگرین، لێرەوە بە مەبەستی کارکردن دەڕۆم بۆ کوخەکەم، لێرە هەتا سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەرقاڵم. ڕۆژی چوارشەم بۆ فرایبۆرگ گەشت دەکەم، لەوێشەوە لە ڕۆژی شەشەم گەشت دەکەم بۆ سویسرا. دەتوانین لە فاینهایم یەکدی ببینین؟ ڕێگەم بدە بانگهێشتت بکەم بۆ ئەوێ، ڕۆژی پێنجەم گەشتەکەم تەواو دەکەم.
“جهی” پێی وتم پلانی گەشتکردنت بۆ ماین داناوە، دەکرێت ئەم نامەیەمت پێ نەگات. بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە؛ هێشتا ئامادەیت؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێنییە پۆستێکی فەرمیم لەگەڵ سڵاوێکدا بەبۆنەی کۆتایی وەرزی خوێندن لە هایدلبێرگەوە بۆ بنێرە و بە درشتی وەڵامت دەدەمەوە.
بەهەرحاڵ، چوارشەم بە شەمەندەفەری ئەڵمانی گەشت دەکەم، کە نزیکی کاتژمێر سێی نیوەڕۆ دەگاتە فرایبۆرگ. لە ئێستادا دڵنیانیم ئاخۆ لە فاینهایم دەوەستێت یاخود نا. ئەگەر درەنگ ئەم نامەیەت پێ گەشت بەڵام پێش چوارشەم، ئەگەرتوانیت بێیت بێ ئەوەی ئاگادارم بکەیتەوە لە هەر بارێکدا لە فاینهایم، مانهایم یان هایدلبێرگ بێت من چاوەڕێت دەکەم. تەنها پێویستە دڵنیا ببیتەوە لەوەی شەمەندەفەری ئەڵمانی چ شارێک دەبڕێت و لە کامەشی دەوەستێت. بەپەلە دەنووسم، ئەگەر یەکدیمان نەبینی، لە ئینگادینەوە بۆ کۆنیگسبێرگ نامەت بۆ دەنووسم.
بەدڵێکی زۆر باشەوە.
ماربۆرگ لە ٢٩-٧-١٩٢٦
“لە هانا ئارێنت بۆ مارتن هایدیگهر”
مادام نایەیت پێم وایە تێگەشتم، بەڵام وەکو هەموو ڕۆژێک دەترسم، دەکەومە نێو ترسێکی شاراوەوە. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم: جگە لە قووڵایی نمایشێکی ئاگایانەی دۆخەکە هیچی تر نییە. هەروەک ڕۆژی یەکەم خۆشم دەوێیت و خۆشت باش ئەوە دەزانی. پێش ئەوەی دووبارە یەکدی ببینینەوە ئەوەم دەزانی. ئەو ڕێگایەی کە ڕێنوێنیت کردووم بۆی درێژ و سەختترە لەوەی پێشبینیم دەکرد، داوای تەواوی ژیان دەکات. تەنهایی ئەم ڕێگایەیە بژاردەیەکی خودییە و تاکە توانای ژیانە کە شایەنیم. بەڵام ئەو جوداییەی، کە چارەنووس بەرزی کردۆتەوە، هێزی ژیانکردنمی لەم دونیایەدا لێ نەبردووم، بەڵام ڕێگەی لێ بڕیووم، درێژە و ناتوانم بازبدەمە نێو دنیا. من ئەوە دەزانم، دەزانم تۆ ڕاستت دەکرد، لەبەرئەوەی پێشتر بەوەت دەزانی پێم وایە لێرە کە لە کۆتایدا بێدەنگ دەبم ناتوانم ببم بە خۆم. هەمیشە زیاتر لەوەی داوام لێدەکرێت دەبەخشم، ئەمما ڕێگەکەم جگە لەو بەرپرسیارێتییەی کە خۆشەویستییەکەمان پێمان دەبەخشێت هیچی تر نییە. ئەگەر خۆشەویستیم بۆ تۆ ون بکەم مافی خۆشم لەم ژیانەدا وندەکەم. بەڵام کاتێک لەم بەرپرسیارێتییەی کەلەسەرم بووە بە ئەرک، لێ دەبمەوە بیری ئەم خۆشەویستییە دەکەم.
هایدلبێرگ ٢٢-٤-١٩٢٨
“لە هاناوە بۆ مارتن هایدیگهر”
ئازیزەکەم مارتن، بەمزووانە مانگی ئابە دەمویست بزانم ئاخۆ دەتوانم لە فرایبۆرگ سەردانتان بکەم؟ هاوینەکەی ئێرە زۆر باشە گەرم نییە کەشەکەی زۆر ڕوون و شەوەکانی گەرمە. دوای مارباخ، کە کەشەکەی هەموو ڕۆژێک سارد و باراناوی بوو، لێرە کەشەکەی زۆر خۆش و تازەیە. لە مانگی یانزە بەشی دووەمی وانەکانم لە سکۆتلەندا پێشکەش دەکەم. لێرە کەم کەم کاردەکەم. دڵنیانیم ئاخۆ لە مانگی یانزە – شاژنی دادوەران- هەمووی تەواو دەکەم یان نا، بەڵام ئەمە نیگەرانم ناکات، لەبەرئەوەی بە نزیکەیی وانەکانم لە سکۆتلەندا تەواوکردووە. تیلەر توانی لە کۆبەرهەمەکانت یارمەتیت بدات؟ پێڕستەکەی خاتوو فایک زۆرباشە و یارمەتیدەرێکی گەورەیە، کریڵ دەتوانێ یارمەتیت بدات؟ ئەگەر ئەڵمانییەکەی باشتر بووە ڕێی تێدەچیت. هەموومان لە یارمەتییەکانی ڕازی بووین. هیوادارم لە باشترین دۆخدا بن، لە سەردانییەکان ماندوو نەبووبن. لە دڵەوە سڵاوم بۆتان هەیە.
سویسرا ٦٦٥٢، تیگنا لە ٢٧ی تەمموزی ١٩٧٥
تەلەفۆن ٠٩٣٨١١٤٣٠
کازا باربیتا
“مارتن هایدیگهر بۆ هانا ئارێنت”
سوپاس بۆ دێڕەکانت دڵخۆش دەبین بە سەردانیکردنت، لەوەیە ڕۆژی سێشەم ١٢ ی ئاب گونجاو بێت، یان هەینی ١٥ی مانگ. یەکەم وادە زۆر باشتر و گونجاوە وەک هەمیشە بۆ نانی ئێوارە دەمێنیتەوە؟ لە مانگی تەمموزدا هەڵامەتێکی باو ماندووی کردین. هەموو شتەکانی دیکەش هەڵدەگرم بۆ ئەوکاتەی یەکدی دەبینین، تەنها شاژنی دادوەران شتێکی قورسە. دەشێت لەڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە زانیبێتت ئۆجین فینک کۆچی دوایی کردووە. لە دڵەوە سڵاومان هەیە بۆت.
سهرچاوه؛ رسائل حنة آرندت و مارتين هيدغر 1925-1975، الكاتب/ مارتن هايدغر/ تقدیم و ترجمه/ حمید لشهب.
فرایبۆرگ ٣٠ی تەمموزی ١٩٧٥
وهرگێڕانی له عهرهبییهوه؛ مهدینه ئهحمهد