“کێیە کە لە دەرگاکەم دەدات”
هەمووی لە فیلمی یەکەمدا هەیە، بە نزیکەی لە بیست خولەکی یەکەمدا؛ ئەو تەوەر و خولیاکان، ئەو وێنە و جۆرە کارەکتەرانەی کە ئیلهامبەخشن بۆ “مارتن سکۆرسێزی” بۆ تەواوی ژیانی پیشەیی. گرتەیەکی دایکی کە خەریکی ئامادەکردنی مەعکەرۆنیە، پەیکەری مەریەمی پاکیزە. گەنجانی گەڕەک، لە دەمەقاڵەیەکەوە دەبێتە شەڕ. موزیکی ڕۆک و ڕۆڵ لێدەدریت. کەسیکی هەڵەشە، گرتەیەک کە بەدەست گیراوە بەدوای دوو کەسدا دەڕوات کە شەڕ دەکەن، یەکێکیان هەوڵدەدات لە شەقامەکە هەڵبێت و ئەوی دیکەیان بەدوای کەوتووە و بە کوتەکێک لێی دەدات. دیمەنێکی گۆشە بەرز لە بەرامبەر شەقامی یانەی کۆمەڵایەتی ناوچەی هەشتەمە. یارییەکی پۆکەر دەکرێت. توڕەیی لەناکاو: کەسێکی تازەهاتوو کارتی یاریزانێک دەبات، فڕێی دەدات، دەڵێت “تۆ دۆڕاویت چونکە یاری بە پارهی من دەکەیت” پاڵەوانەکە بە تەنیا لایەکی مێزێکە، دادەنیشێت و کچێکی قژزەردی بەبیردێتەوە. دەبینین بۆ یەکەمجار چاوی پێی دەکەوێت، لە تێرمیناڵی کەشتییەکانی ستاتن ئایلەند. باس لە پڵۆتی فیلمی The Searchers ی “جۆن فۆرد” دەکات. دواتر کە شوێنەکە چۆڵ دەبێت بە ئاڵۆشاوییەوە ماچی یەک دەکەن. کە کچەکە ئامادەیە لەوە زیاتریش بکات. خۆی دوور دەخاتەوەو، هەڵدەستێت؛ “خۆشم دەوێی، بەڵام . . .” لە ئاوێنەدا، ڕەنگدانەوەی پاکیزەیەک.
جێگای سەرنجە کە دەرهێنەرێک لە سەرەتای ژیانی هونەریدا ئەوەندە بە ڕوونی، بەشێوەیەکی خۆڕسکی، ژیانی پیشەیی خۆی دابڕێژێت. فیلمی I Call First ی “مارتن سکۆرسێزی” کە لە کاتی بڵاوکردنەوەدا بە ناونیشانی Who’s That Knocking at My Door بڵاوکرایەوە، لە یەکەم دەرکەتنیدا پرشنگدار بوو کاتێک لە ساڵی ١٩٦٧ بینیم، دوای چل ساڵ بووە فیلمێکی بەهێز و زیندوکەرەوەی یادەوەرییەکان. کۆن نەبووە چونکە پاڵنەرە بنەڕەتییەکانی زۆر بەهێزن و شێوازی پیشاندان تێیدا زۆر کاریگەرە. چیرۆکی گەنجێک بە ناوی J. R (هارڤی کیتل) خەڵکی ئیتاڵیا بچووکە (ناوچەیەکە لە نیۆرک ئیتاڵییەکان لێی نیشتەجێن)، کە لەگەڵ گانگستەرە پەراوێزییەکان کۆدەبێتەوە، عاشقی ژنێک دەبێت کە تەنها بە کچەکە ناسراوە، ئایدیالیزەی دەکات، بۆی دەردەکەوێت دەستدرێژی کراوەتە سەر، لێی دوور دەکەوێتەوە. لە مێشکیدا بۆ هەمیشە لەکەدار بووە و ناتوانێت خۆشی بوێت. فیلمەکە لەو گەڕەکە وێنەی گیراوە کە سکۆرسێزی تێیدا گەورە بووە. کارەکتەرەکان لەسەر بنەمای ئەو کەسانەن کە دەیناسین، ڕۆڵی کەمەکان هەندێکجار لەلایەن کەسەکان خۆیانەوە دەگێڕدران. کارەکتەری J.R وەسوەسە کاسۆلیکییەکانی سکۆرسێزی خۆی بەرجەستە دەکات. ژێرکولتووری هاوڕێیەتی و تووندوتیژی پیاوان خونچە دەکات لە فیلمی Mean Streets و دواتر لە فیلمی GoodFellas بە تەواوی سەردەر دەکات. کامێرای بە وریای و زۆرجار بە شێوەیەکی ورد(شارەزایانە) دەجووڵایەوە، ئێمەی وەکو بینەرێکی سەرەتاتکێ باز (بە نهێنی سەیرکەر) دادەنرایین. گۆرانییە پۆپەکانی لێدەدران، کە داهێنانێک بوو لەو کاتەدا، ئەو قۆناغە وەبیر ئێمە دەهێنێتەوە.
هەرچەندە فیلمەکە بە بودجەیەکی زۆر کەم دروستکراوە، بەڵام تۆمارە کۆنەکانی 45 سووڕ لە خولەکێکدا لەبری پارچە مۆسیقای کڕدراو بەکارنەهێنران، بەڵام وەک هەڵبژاردنێکی هۆشیارانە، سکۆرسێزی هەر یەکێکیانی چەندین جار دووبارەی دەکردەوە. جێگای سەرنجە کە ئەو ژنە گەنجەی کە “زینا بێتون” ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت تەنها بە کچەکە ناسراوە. J.R ئەوی وەک و سومبولێکی ڕەوشت پیشاندا: لە سەرەتادا جوان، پاک، دەست لێنەدراو. دواتر دەبێتە کەسێکی لەکەدار ناتوانرێت ڕزگار بکرێت. لە گرتەیەکی کلۆز-ئەپ پرۆفایلی، لێکچوونێکی بێ هەڵە لەگەڵ ڤیکی لامۆتا لە خۆدەگرێت، کە واسواسەێکی ئایدیالیزەکراوی پاڵەوانی فیلمی Raging Bullە، وێنەیەکی ئیرەیی کە کەمترنییە لە برینی ئۆتێلۆ. هەردوو ژنەکە ئەو ئیرەیی نا ئەقڵانییە دروست دەکەن: ڤیکی بەهۆی پەیوەندییەکی خەیاڵی لەگەڵ مێردی خوشکەکەیدا، چونکە J.R پێیوایە کچەکە تاوانی خۆی بووە کە دەستدرێژی کراوەتە سەر. چۆن خۆی خستە ئەو دۆخە؟ دەبێ ئەو کچە داوای کردبێت. هەوڵە چەقبەستووەکەی لە کۆتاییدا بۆ داوای لێبوردن فۆرمێکی سەیر و سەمەرەی هەیە: “لێت خۆش دەبم.” لێی خۆشبوون بۆ چی؟ لەبەر ئەوەی دەستدرێژی کراوەتە سەر؟ لە یەکەم ژوانیاندا، دەیبات بۆ فیلمی: جۆن واین لە فیلمی Rio Bravo. لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوە لە هۆڵی سینەماکە پێی دەڵێت، “ئەو کچەی لەو فیلمەدا بوو، سۆزانییە.” مەبەستت چییە، سۆزانییە؟ ئەو ڕوونی دەکاتەوە: “کچ هەیە و سۆزانیش هەیە”. “تۆ هاوسەرگیری لەگەڵ سۆزانی ناکەیت، گاڵتەیان لەگەڵ دەکەیت.
“دواتر لە فیلمەکەدا دەبینین J.R لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی لە چێشتخانەیەکدا خواردنەوە دەخۆنەوە. هەموویان قات و بۆینباخییان لەبەردایە، وەک لاسایی کردنەوەیەکی ئەو گانگستەرانە کە لە ئەوان گەورەتر بوون. دەمانچەشیان پێیە. دەست دەکەن بە هەڵسوکەوتی توند لە کاتی سەرخۆشدا، تێکەڵ دەبێت لەگەڵ گرتەی Rio Bravo. جۆی (لیۆنار کوراس)، ئەندامی باڵادەستی کۆمەڵەکەیە بەڕێوەبەری یانە کۆمەڵایەتییەکەیە، ملی هاوڕێیەکی دەگرێت و بە دەمانچەکە هەڕەشەی لێدەکات. کردارەکە دەبێتە جوڵەی خاو(سلەومەوشن)، لەگەڵ ئەوەی گاڵتە و گەپکردن بەدەمانچە هەڕەشە ئامێز دەبێت. دایالۆگەکەی لابرا، میوزیکی ڕۆک و ڕۆڵ جێگەی گرتەوە. ئەو کاسەی کە دەستی بادراوە پەشۆکاو دەردەکەوێت، هاوار دەکات؛ ئەوانی تر کە هێشتا پێدەکەنن، لە پشت دیوارە موشەبەکەکەوە خۆیان شاردۆتەوە. تووندوتیژی لە ناخیاندایە. لەم خاڵەدا لە فیلمی Who’s That Knocking، دیمەنێکی وروژێنەر دەردەکەوێت کە لە فیلمی I Call First نەبوو، بەڵام لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکییەوە داواکرابوو بۆ ئەوەی فیلمەکە فرۆشری زیاتر بێت. J.R لەسەر جێگایەکە لە لەهەورەبانێکی چۆڵدا، دەبینین سێکس لەگەڵ لەشفرۆشێک دەکات و دواتر دەستی بەستراوەتەوە بە بەشی سەرەوەی جێگاکە لە باری لە خاچداندا. پێم وایە هێماسازییەکە ئەوە پیشان دەدات کە سێکس یەکێکە لە بەڵا یان سزاکانی مەسیح. بێگومان ئەم دیمەنە جیاوازە لە باقی فیلمەکە، بەڵام لەسەر مەرجی خۆی بە باشی وێنە گیراوە، بە کامێرایەک بەبێ وەستان دەجوڵێت. پاشان دیمەنێک لە سەرەتادا پیشان دەدرێت کە زۆر جیاواز لە هێڵی سەرەکی فیلمەکە، کە J.R و هاوڕێکانی گەشتێک بە ڕێگای وشکانیدا دەکەن بۆ باکووری ویلایەتی نیویۆرک، لە باڕێکدا کابرایەک دەناسن، ڕۆژی دواتر ڕێگەی پێدەدەن “دیمەنێکی جوان”یان پیشان بدات. ئەمەش بریتییە لە گەشتێکی سەختی سەرکەوتن بە دارستانێکی چڕدا، دارەکان گەڵایان پیوە نەماوە، پاشان بۆ ساتێکی هێمن J.R لەسەر شوێنێکی بەرز دادەنیشێت و بیر لە دیمەنە سروشتییەکان دەکاتەوە. لەم ساتەدا پێدەچێت ئارام بێت، کە لە هیچ کاتێکی دیکەی فیلمەکەدا ئارام نییە. لەوانەیە ئەم ساتەوەختە ڕەنگدانەوەی ئەو پاڵنەرانە بێت کە سکۆرسێزی لە Kundunدا دەریخستووە، کە کەمترین ئاسانکارییە لە هەڵبژاردنەکانیدا. دیمەنێک هەیە کە ناونیشانە ڕەسەنەکە ڕوون دەکاتەوە، I Call First، کە لە هەمان شوێنی دیمەنی ڕووبەڕوونەوەی دەمانچەکەدا وێنەگیراوە، کە تێیدا دوو ژن بانگهێشت دەکرێن بۆ ئاهەنگێک کە نزیکە ببێتە دەستدرێژیەکی بەکۆمەڵ.
“I Call First” ئاماژەیە بۆ یاساکانی یارییەکی منداڵی، کە تێیدا یەکەم منداڵ دەڵێت یەکەمجارە من وتم. بەها ئاماژەپێکراوەکان سەبارەت بە ژنان وەک ئەوەی لەم دیمەنەدا بەکارهاتووە، موچوڕکە هێنەرن. لە کاتێکدا دیمەنی ڕووبەڕوو بونەوە بە دەمانچە لەگەڵ Rio Bravo تێکەڵ دەکرێت و دەچێتە سەر دیمەنێکی دواتر کە J.R لە باڕێکدا لەگەڵ هاوڕێکانیدا سەرخۆشە کە خەیاڵی تێێکەڵ دەبێت لەگەڵ دەستدرێژیکردنە سەر کچەکە. دواتر لە شوقەکەیدا، بە سۆزانی ناوی دەبات. دواتر دیمەنی ڕۆشتنی J.R بۆ دانپێدانان، مۆنتاژێکی هونەر لەناو کڵێساکەدا: پیاوچاکەکان شواندن نمایش دەکەن لەگەڵ برینەکانی مەسیح. گرتە ڤیدیۆییەکانی کڵێساکە لەلایەن دیمەنەکانی هارڤی کیتل لە Mean Streets ڕەنگدانەوە کە فراوانتر دەکات. زۆربەی فیلمە یەکەمەکان نیوە ناچڵ و سەرلێشێواون. بێ گومان گێڕانەوە پێشتر I Call First بریتی بوون لە؛ یەکێکیان بە ناونیشانی Bring on the Dancing Girls بوو. بەڵام تا ئەو کاتەی فیلمە تەواوەکە دەرکەوت، فیلمێکی لۆجیکی و پڕ کاریگەری بێت، وەبیرهێنانەوەیەکی خۆ ئەشکەنجەدانی پاڵەوانێک کە ناتوانێت لەگەڵ شەهوەت و تاوانەکانی ئاشت ببێتەوە. جێگای سەرنجە کە سکۆرسێزی لە تەمەنی بیست و پێنج داڵیدا، ئەوەندە ڕوون بوو سەبارەت بەو بابەت و کارەکتەرەکانی کە سەرسامیان دەکرد. هەروەها ئاشکرای دەکات کە لە فیلمی The Searchers ئاماژەی پێکراوە، بەو پێیەی کە دەقی ژێرەوەی فیلمی Taxi Driver بۆ پۆڵ شرادەر دابین دەکات. هەردوو پیاوەکە کە هاوکارێکی تەواوی ژیانی یەکتر بوون، مەیلییان هەبوو بەرەو هەمان گێڕانەوەی. کاتێک بۆ یەکەمجار I Call First بینی، لە ستایشکردنیدا سەرکێش دەرکەوتم: “شاکارێکی ئەمریکی.” دوای چل ساڵ، هێشتا ئەو قسانە ڕەوا دەبینرێن. سەرەڕای قورسی بودجەی کەم و هەندێکجار تراکی دەنگی ناتەواو تەنانەت ئەگەر سکۆرسێزی هەرگیز فیلمێکی دیکەی دروست نەکردبایەتەوە، ، بەڵام وەک فیلمێکی سەربەخۆ و تەواو دەمێنێتەوە.
سەرچاوە کتێبی: Roger Ebert – Scorsese by Ebert (2009) page 21 to 24
وەرگێڕانی: هۆگر جەزا