بۆ ئێمە سینەما گرنگترین هونەرە
“ڤلادمێر لینین”
یەکێتی سۆڤییەت دەوڵەتێکی زلهێز بوو، كه لە ١٩١٧ رەگ و ڕیشەی درووست بوو بە سەرکردایەتی “ڤلادمیر لینین” بەڵام بە شیوەیەکی فەرمی لە ١٩٢٢ دامەزرا، لە ٢٥ کانونی ١٩٩١ کۆتای پێهات هەڵوەشایەوە یەکێتی سۆڤیەت لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتی حوکم دەدرا کە ئامانجیان نەهێشتنی چینایەتی کۆمەڵگەیی بوو ، لە دامەزراندنیەوە تاکوو هەڵوەشاندنەوەی بەو جۆرە بوو، کاریان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سۆشیالیتی دەکرد لە دوای لینین “جۆزێف ستالین و پاشان نیکیتا خروشچۆڤ” دەسەڵاتیان گرتە دەست، دواتر بەهۆی نەبوونی پیشەسازی کۆتای پێهات .
لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری سۆشیالیستی سۆڤییەت، هەر لە سەرەتاوە سەرکردەکانی سۆڤییەت پێیان وابوو فیلم دەبێتە ئایدیاڵترین هونەری پروپاگەندە بەهۆی زۆری جەماوەر و خواست لەسەر هونەرەکە، بەتایبەت “ڤلادمێر لینین” کە فیلمی وەک گرنگترین میدیای پەروەردەیی جەماوەر سەیردەکرد، لە ئەنجامدا “لینین” لە ساڵی ١٩٢٢ ڕێنوێنی تایبەت بە بازرگانی فیلم دەرکرد ، تاکو بازرگانی فیلم بە سیستەم بکات، هەروەک دەڵێت (سینەمای بۆ ئێمە گرنگترین هونەرە) دواتر ستالین بەهەمان شێوە و لە دواتردا حوکمەت توانی فیلمی کورت و پەروەردەی دابین بکات لە ژێر ڕینوێنی سانسۆردا کە دەبوو کار بۆ بەنیشتمانی بوونی فیلم بکەن، کە فیلمی ئاژاوەگێری و جۆش و خرۆشە تایبەتەکانی سۆڤییەت بوو فیلمەکانیان هاوردە دەکرد لە نێوان شارێک بۆ شارێکی تر، گوندێک بۆ گوندێکی تر هەروەها بۆ ئەو ناوچانەی فیلمی تێدا نەبینرابوون .
پیویستە ئەوە بزانین فیلمەکانی سینەمای سۆڤییەت، ئەو فیلمانە لەخۆدەگرن کە لە یەکیتی سۆڤییەت بەرهەم هێنراون و دەرخەری مێژوو و کولتوور و توخمەکانی زمان و ژیانی سۆڤییەتی بووە، بە هەموو رەنگەکانییەوە، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، زۆرترین ئەو فیلمانەی بەرهەم هێنرابوون بە نیشتمانی کرابوو، بە فەلسەفە و یاساکان ڕێنمایی دەکرا کە لەلایەن پارتی کۆمۆنیستی سۆڤییەتی قۆرخکارییەوە پێشنیارکرابوون کە ڕوانگەیەکی نوێی بۆ سینەما ناساند، هەروەها فیلمی دیکۆمێنتاری فۆڕمی سەرەکی دیکەی سینەمای سەرەتایی سۆڤیەت بوون، زنجیرە هەواڵەکانی “دزیگا ڤێرتۆڤ” “کینۆ-پراڤدا” کە ناسراوترینیان بوو، لێرەدا باسی بەشێک لە کارەکانی “دزیگا ڤیرتۆڤ” دەکەین کە بە دامەزرێنەری سینەمایەکی نوێ دادەنرێت بۆ جیهان و سۆڤییەت، “دزیگا ڤێرتۆڤ” لەدایکبووی ساڵی ١٨٩٦ ە لە ساڵی ١٩٥٤ کۆچی دوای کردووە، بە یەکەم و سەرەتایترین فیلمساز لە جیهاندا دادەنرێت کە کاری لەسەر بنەما گرنگەکانی تیرۆی کامێرا هاوتا بە چاوی مرۆڤ کردووە، پێی وابوو کامێرا ئەو ئامێرەیە کە زۆر هاوشێوەی چاوی مرۆڤە و دەتوانرێت وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ ڕووداوە راستەقینەکانی ژیان و گێرانەوەیان بەکاربهێنرێت، “ڤێرتۆڤ” کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر فیلمە بەڵگەنامەی و ڕیالیزمی سینەما هەبوو لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠ دا، هەوڵیدا زمانێکی شایستە و تایبەت دروستبکات دوور لە زمانی شانۆ و کاریگەرییە دەستکردەکان، هەموو ئەمانەش وایکرد کە تاکوو ئیستا فیلمەکانی بوونە ڕێرەوێک بۆ درووستکردنی فیلمی بەڵگەنامەیی .
“ڤیرتۆڤ” وەک کامێرامانێکی هەواڵ لە کاتی شەڕی ناوخۆی رووسیادا رووداوەکانی وێنەدەگرت و کاری لەسەر گێرانەوەی هەقیقەت دەکرد، چونکە بڕوای بە نیشاندانی هەقیقەت هەبوو وەک خودی خۆی، لە ژێرکاریگەری ئەم تیۆرەدا “ڤیرتۆڤ” لە ساڵانی دواتر گرووپی “چاوی سینەما” ی پێکهێنا، لەم گرووپەدا کە “ڤیرتۆڤ” سەرپەرشتی دەکرد هەفتانە هەواڵ دەربارەی راستی گێڕانەوەی فیلم بڵاودەکردەوە لە ژێر کاریگەرییە تیۆرییەکانی “ڤیرتۆڤ” بەرامبەر هەقیقەتی فیلم، یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە “ڤێرتۆڤ” لە گرووپی “چاوی سینەما” ناساندنی بۆ دەکرد و لە کارەکانیدا رەنگی دەدایەوە بریتی بوو لە دەستەواژەی (کینۆکس) لەم زاراوەیەدا ڤێرتۆڤ کامێرای فیلمی وەک ڕێگایەک بۆ دەرخستنی شتە دیارەکانی جیهان کە بە چاوی مرۆڤ هەستی پێ ناکرێت دەرخست، بە کۆکردنەوەی پارچە فیلمەکان و دەستکاریکردنیان بەیەکەوە لە فۆڕمێکی مۆنتاجدا کە ئامانجی تێگەشتن بوو لە جۆرێکی نوێ لە گێرانەوە بۆ فیلمێکی تەواو نوێ، واتە بە شێوازێکی واقعی و پەیامێکی پڕ ژیان دەگەیەنێت بە ئامانجی بیرکردنەوە لە گۆڕینی هەقیقەتێک جیاواز لە فیلمە سینەماییە چیرۆک ئامێزەکانی دیکە، گێرانەوە کات بەسەربردنەکانی دیکە، بۆیە “ڤیرتۆڤ” هەوڵی دەدا لەگەڵ راستیدا کار بکات و راستییەکی نەبینراو فەراهەم بهێنێ، کە تەنها چاوی کامێرا توانای بینینی هەیە وا دەکات چاوی مرۆڤ بەرەو بینینێکی دیاریکراو ڕێنوێنی بکات .
لە سینەمای “ڤێرتۆڤ” پێیان وابوو کامێرا درێژکراوەی چاوی مرۆڤە و دەبێت وەک میکانیزمێک بەکاربهێنرێت بۆ ئاشکراکردنی زیاتر لەوەی جاوی مرۆڤ دەیبینێ، بەم شێوەیە (کینۆکس) هەوڵیدا دابڕانی نیوان هونەر و ژیانی ڕۆژانە بەتایبەت چینی پرۆلیتالیا هەڵبوەشینێتەوە، ژیانی ڕۆژانەی بە شێوەی هونەر دەوڵەمەند کرد، بەم شێوەیە (کینۆکس) رووی لە قەرەباڵغی شارەکە کرد و بەرەو سواڵکەر و کرێکارەکان ڕۆشتن بەرەو دەرەوە بەرەو لادێ و جوتیارەکانی ناو کێلگە هەنگاویان دەنا. یەکێک لەو ئامانجانەی کە لە زاراوەی (کینۆکس) دا بەدەستیان دەهێنا خولقاندنی چۆنییەتی و چییەتی بوو، واتە فراوانکردنی توانای بینینی مرۆڤ کە بە پلەی یەکەم چی ببینین و چۆن ببینن، ئەرکی ڤیرتۆڤ بوو کە ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا خەڵکی فێربکات چی ببینین و چۆن ببینن، بە شێوەیەکی سادەتر وەک ئەوەی هەموو مادەیەک لەسەر تەختەیەک دانرابێت و چاوی ئێمەش ئازا کرابوو کە بڕیاربدەین چی ببینین لەو مادانەی پلەیەکی یەکسانیان وەرگرتبوو. (کینۆکس) تەنها بینین نەبوو، بەڵکو مۆنتاجیش بەشێكی گرنگ بوو لە تیرۆیییەکەی، “ڤێرتۆڤ” لە فیلمەکانیدا یاری بە دەستکاریکردنی ڕیتم و کاتی نیشاندان و جیاوازی شوێنی وێنە بینراوەکان و گرژییە دیالێکتییەکانی نێوان وێنەکان دەکات، بەو واتایەی فۆڕمێکی هاندانی سینەمایی بۆ ئێمە پیشکەش دەکات، بۆ بینینەوەی مانایەکی نوێی نەزاندراو. چونکە مۆنتاج لە کارەکانی “ڤێرتۆڤ”دا رێگا بۆ بینەر دەکاتەوە کە چۆن مادەکان ببینن .
فیلمەکانی ڤیرتۆڤ لە ڕێگەی مۆنتاجەوە نەک تەنها کات بەڵکو مەوداش دەروخێنێت. کە لە زۆرینەی فیلمەکانیدا لە فەزایەک و ناوجەیەک راستەوخۆ دەرواتە ناوچەیەکی دیکە، تاکوو هۆشداری جیاوازییەک بە ئێمە ببەخشێت، “ڤیرتۆڤ” تاقیکردنەوەی لەسەر هەموو دەستکاریکردنیک کرد، لەوانە؛ جووڵەی خاو، گۆشەی کامێرا، وێنەگرتنی زۆر نزیک و جێگیرکردنی وێنەی جەنجاڵ، هەروهها درێژی وێنەکانی گۆڕی بۆ تاقیکردنەوەی ڕیتمی فیلم، هەموو ئەم تەکنیکانەی بەکارهێنا لە فیلمی (پیاوی کامێراکە) کە بە بەناوبانگترین فیلمی “ڤێرتۆڤ” دادەنرێت کە لە ساڵی لە ١٩٢٩ وێنەگیراوە و بەیەکێک لە شاکارە گرنگەکانی سینەمای سۆڤییەت و فیلمی بەڵگەنامەیی دادەنرێت، ژیانی ڕاستەقینەی هاووڵاتیانی یەکێتی سۆڤییەت نیشان دەدات بەسەر شەش بەشدا فیلمەکەی دابەش کردووە، کە ژیانی کار و ئاسایی خەڵکەکەمان نیشان دەدات، لەم فیلمەدا هیچ چیرۆک بێژییەک بوونی نییە، بەڵکو هەمووی وێنەی جیاوازی بەڵگەنامەین کە سەرجەمیان ژیانی ئاسایی و راستەقینەی سۆڤیەتمان نیشان دەدات لە سێ ناوچەی جیاواز، لە دواجاردا بە وابەستەییان پێکەوە فیلمێکی بەڵگەنامەیی گرنگ فەراهەم دەهێنێت، فیلمەکە لە سێ ناوچەی جیاوازی سۆڤییەت وێنەگیراوە ئەوانیش (مۆسکۆ-کۆیڤ-ئۆدێسا) لەم فیلمەدا بە بێ جیاوازی چینە ئابوورییەکانییەوە، کامێرا گەشت بەرەو ناوچە جیاوازەکان دەکات، بۆ شوێنی کار – سرووشت-هۆڵی هاوسەرگیری-پرسە-نەخۆشخانە-چالاکی و رووداوەکان.
هەروەها فیلمەکە بەشێک لە مۆنتاجی ئاڵۆزی ئاڤانگارد لەخۆ دەگرێت ئەوانیش وەک (خێراکردنی وێنەی پچر پچر-شاشەی دابەشکراو-خاوکردنەوە) لە رووی بەکارهێنانی دەنگەوە؛ “ڤیرتۆڤ” پێشەنگ بوو لە دەنگی سەرەتایی فیلمدا، دەنگە پیشەسازییە رەسەنەکان و دەنگی وێستگەی شەمەندنەفەر، دەنگی شەقامەکانی کۆدەکردەوە، بەکاری دەهێنا کە له پۆست پرۆدەکشندا گۆرانکاری بەسەر دەهێنا، نەوەک لە ستۆدیۆ دەستکردەکان دەنگی نا سرووشتی بەرهەم بهێنێت، ئەمانە هەمووی ڕەوت و دیدگای ڤێرتۆڤیان بۆ سینەمایەکی هەقیقی دەگەیاند . هەروەها یەکێک لە بەرهەمە گرنگەکانی دیکەی “ڤێرتۆڤ” بریتییە لە (سێ گۆرانی دەربارەی لینین) بە بۆنەی یادی دە ساڵەی مردنی “لینین”، لە سێ بەش پێکهاتووە و کۆی گشتی نزیکەی کاتژمیرێکە، هەر بەشێک لە دەوری چەن مۆسیقایەکی تایبەت بونیادنراوە، بەشی یەکەم، بریتییە لە ئاهەنگگێران بۆ سەرکەوتنەکانی کۆمۆنیزم، بەشی دووەم، بریتییە لە ماتەمینی میلەت بۆ مردنی “لینین”، بەشی سێیەم، بریتییە لە سەرکەوتنەکانی میللەت لەوانەش قۆناغی گەشەی ئابووری. فیلمەکە لەلایەن رەخنەگرانی ئەو سەردەمەدا پێشوازییەکی زۆری لێکراو وەک پارچەیەکی سینەمایی مرۆڤ دۆستانە سەیردەکرا هەروەها پێیان وابوو فیلمێکی گرنگە لە تێگەیشتن لە مۆنتاج لە سینەمای ئاڤانگاردی سۆڤییەت.
ئەو کارانەی “ڤێرتۆڤ” بەرهەمی دەهێنا زنجیرەی هەواڵی بوون و کاریان لەسەر چینی پرۆلیتالیا دەکرد و ژیانی ڕۆژانەیانی پیشان دەدا، هەندێکجار بە شێوەی دیار و ئاشکرا و هەندێک جاریش لە ڕێگەی بەکارهێنانی کامێرای شاراوە، “ڤێرتۆڤ” ژیانی ڕۆژانەی لە بازار و شوێنە گشتییەکان نیشان دەدا، فیلمەکانی هیچ پێکهاتەیەکی گێرانەوەیان نەبوو، بەڵکو تەکنیکە فۆرمالیستییەکانی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی دیمەنەکان لەیەکتر جیابکەنەوە، کە ڕێبازێکە بۆ تیرۆی فیلم، تیشک دەخاتە سەر تەکنیکەکانی فیلم کەمتر تیشک دەخاتە سەر گێرانەوە. دەکرێت ئەوە بڵێین؛ بابەتی فیلمەکانی “ڤێرتۆڤ” خودی ژیانە، کارەکانی و تیۆرییەکانی بوونە بنچینەیی، وردی فیلمی بەڵگەنامەیی ڕیالیزمی سۆڤییەتی لە ساڵانی شەستەکاندا و یەکێک بوو لە فیلمسازە فۆرمالیستەکان کە ستایشی زۆر لێدەکرا. بۆ “ڤێرتۆڤ” سینەما و کامێرا ئەو بنچینەیە بوو کە دەبێت وەک ئامیرێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بتوانێت تیشک بخاتە سەر راستییەکان و راستییە شاراوەکان نیشان بدات، بردنی کامێراکەی بۆسەرشەقام و بووە هۆی بیرکردنەوەی رادیکاڵ لەوەی کە فیلمی بەڵگەنامەیی دەکرێت ببێتە هۆی چی، “ڤێرتۆڤ” کامێراکەی بەکاردەهێنا بۆ گواستنەوەی بینەران بۆ دوورترین ناوچەکانی یەکێتی سۆڤییەت و بەو هۆیەوە ئاشناکردنیان بە پراکتیزە گوندنیشینانەی کە نامۆبوون و لە دوورترین ناوچەکانی وڵات ڕوودەدەن، هەروەک مێژوو نووسی فیلم ئۆکسانا سارکیسۆڤا دەڵێت:- فلمەکانی ڤێرتۆڤ سەرسامییەکی بەردەوام بە سەفەرکردن و جووڵە بەسەر فەزای فراواندا نیشان دەدەن، کە ئەمە رەنگە دووبارە بوونەوەی مۆتیڤ بێت لە کارەکانیدا.
سینەمای “ڤیرتۆڤ” گێڕانەوەی ژیانی ئاسایی مرۆڤەکانە بێ ئەوەی پارچەیەکی بچووک لە حەقیقەت بگۆڕدرێت، چونکە بە بڕوای ئەوان دەبێت سینەمای ئامانجی هۆشیارکردنەوە بێت، نەک مژۆڵكردنی مرۆڤەکان بە خەیاڵەوە، هەروەها لەم جۆرە سینەمایەدا پێیان وابوو؛ گەر دەستکاری لە هەر دیمەنێکدا بکرێت کە نیازی وێنە تۆمارکردنی هەیە، ئەگەر چیرۆکێکی دروستکراو بنووسین ئەوە ئێمە هەقیقەتمان شێواندووە بە هەموو بوونیەوە، بۆیە هەمیشە مرۆڤە راستەقینەکان و رووناکی ڕاستەقینەو دەنگی ڕاستەقینە و جل و بەرگ و رووخساری راستەقینە فیگەری سەرەکی کارەکانی “ڤێرتۆڤ” بوون. “ڤێرتۆڤ” هونەرمەندێکی بەهرەداری تەواو جیاواز بوو، سەرەتای کارکردنی وەک فۆتۆگرافەرێک و سەرنووسەری “نیوز ریڵ” دەستیپێکردووە و ئێستا وەک باوکی سینەمای “بزووتنەوەیەکی بەڵگەنامەیی واقیعی خودئاگا لە ساڵانی شەست و حەفتاکان” دانپێدانراوە، تاکو ئێستاش کە هەر بەو جۆرە ماوەتەوە و فیلمەکانی ڕیگایەکن بۆ بوونیادنانی فیلمی بەڵگەنامەیی هەقیقی، تاکو چاوی ئێمەی مرۆڤ بەرامبەر راستییە جوان و ناشرینە دیارەکانی جیهان بکەینەوە و نیشانی بدەینەوە لە ڕێگەی فیلمەکانمانەوە.