ئەمڕۆ بەیانی ویستم بڕۆم بۆ قاوەخانەیەک و لاپتۆپەکەشم برد بۆ ئەوەی ماوەیەک لەوێ کارەکانی خۆم بکەم. لە قاوەخانەی سۆسیال پانتری چوومە ژوورەوە و بەر لەوەی هیچ داوا بکەم، شوێنێکی بەتاڵ هەبوو، چووم لەوێ دانیشتم. بە تەنیشت منەوە کوڕێکی گەنجیش دانیشتبوو سەرقاڵی لاپتۆپەکەی بوو. منیش لاپتۆپەکەم دەرهێنا و تەماشام کرد چاویلکەکەم لا نەماوە. ناو جانتاکەم و گیرفانەکان گەڕام بێ سوود بوو. زانیم لەرێگا لێم کەوتووە. لەو کاتە خاتوونێکی قاوەخانەکە هات و گوتی حەز دەکەیت چی بخۆیتەوە؟
گوتم: بەداخەوە چاویلکەکەم ونکردووە و کارم بۆ ناکرێت، بۆیە دەبێت بەدوایدا بڕۆم داخۆ لەرێگا نایدۆزمەوە.
خاتوونەکە بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی؛ هیوادارم بیدۆزیتەوە.
ئیدی پاشەکشەی کرد و گەڕایەوە شوێنی خۆی.
لەو کاتەدا خەریکی ئەوە بووم لاپتۆپەکەم بخمەوە ناو جانتاکەم، کوڕە گەنجەکە سەرێکی هەڵێناو، گوتی: دەتوانم بپرسم تۆ خەڵكی کوێیت؟
منیش بە زەردەخەنەیەکەوە گوتم: کوردستان، ناوی کوردستانت بیستووە؟
گوتی: خۆشحاڵم، بەڵێ ناوی کوردستانی ئێراقم بیستووە.
گوتم: ئەی جەنابت خەڵکی کوێی؟
گوتی: باوکم تورکە و دایکیشم فەلەستینییە و خەڵكی غەزەیە.
لەدڵی خۆمدا زەینم بۆ زۆر شت رۆیشت، بەڵام راستەوخۆ نارەحەتی خۆم بۆ دەربڕی و پێم گوت: بەداخەوە بۆ دۆخی غەززە کە بەو جۆرە وێران کرا.
گوتی؛ بێگومان داخێکی گرانە و هیچیشمان لەدەست نایەت. (ئەو بەردەوام بوو و گوتی: بەڵام بەلامەوە سەیرە کە پێتناخۆشە غەززە وەهای لێهاتووە و لەوێ شەڕە!
بە سەرسوڕمانەوە تەماشایەکم کرد و پێم گوت: بۆچی بەلاتەوە سەیرە؟
گوتی: گوێم لە باوکم بووە کە کورد بە گشتی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن و ئیسرائیلیش بەرگری لە کورد دەکات!
گوتم: ئەوجا باوەڕت کردووە کە شتێکی وەها هەیە!
گوتی: نازانم، من متمانەم بە قسەی باوکم هەیە. ئینجا بەردەوام بوو و گوتی خاڵێکیشم هەیە کە لەو رۆژانە خەبەرمان زانی لە غەززە رایکردووە و گەیشتۆتە میسر، زۆر جار کە ناوی کورد دەهات، دەیگوت (اعوذ باللە من هؤلاء القوم).
گوتم: دیارە عەرەبیش دەزانیت؟
گوتی: بەڵێ عەرەبیم لە تورکی باشترە، چونکە منداڵیم لە غەزە بەسەر بردووە.
ئیدی، هێشتا جانتاکەم هەر لە دەستم دابوو، دامنایە تەنیشتە خۆم و پێم گوت:
هەموو ئەو زانیاریانەی بۆتۆیان باس کردووە هەڵەن.
گوتی: چۆن؟
گوتم: ناوت بەخێر
گوتی: ئەحمەد
گوتم: بەڕێز ئەحمەد، گوێ بگرە؛
یەکەم: زۆرینەی کورد بەپێی زانیارییەکانی خۆم، هاوسۆزە لەگەڵ گەلی فەلەستین و پێی ناخۆشە لەو دۆخە ناخۆشە دایە.
دووەم: بمبوورە کە پێت بڵێم باوکت راست ناکات، چونکە فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیل، (حەتمەن بۆخۆشت باش دەزانیت)، بە دەیان قات مافیان زیاترە لە کوردی کوردستانی تورکیا، با لێت بپرسم:
ئایا فەلەستینیەکانی ناو ئیسرائیل، بە زمانی خۆیان دەخوێنن یان نا؟
گوتی: بێگومان!
گوتم: ئایا کورد لە تورکیا بۆیان هەیە بە زمانی خۆیان بخوێنن؟
گوتی: نازانم، من زۆر ئاگام لە دۆخی کورد نیە لە تورکیا. تۆ گوتت کوردستانی تورکیا، بۆ لە تورکیا کوردستان هەیە؟
گوتم: بێگومان بەشی گەورەی داگیرکراوی کوردستان لەژێر دەستی تورکیا دایە. دفەلەستینییەکانی ناو ئسیرائیلیش بێجگە لەوەی کە لەخەمی ئەو خەڵکە دان لە کەرتی غەززە و باریکەی رۆژئاوا، هیچ کێشەیەکی ئیتنی، کولتوری، ئایینی، ئابووری و سیاسیشیان نیە. بزووتنەوەی سیاسییان هەن، لە کنێسەت چالاکن. ئازادی تەواوی خۆیان لە ئیسرائیل هەیە، پاسپۆرتی ئیسرائیلیان هەیە و دەتوانن سەفەر بکەن بۆ هەر شوێنێک بیانەوێت. لە شارەکانی خۆیان هیچ فشارێکی کۆمەڵایەتی و جیاکاریان لەسەر نیە. بەڵام چیڕۆکی جیاکاری دژ بە کورد لەو سەد ساڵەی رابردوودا لە تورکیا، چیڕۆکێکی ئابرووبەرە. ئەگەر بەلاتەوە گرنگە، دەتوانم زانیاریت بۆ بنێرم. لەتورکیا هەر کوردێک چالاکی کولتوری یا سیاسی بەناوی کوردبوونەوە ئەنجام بدات، یەکسەر شمشێری پەکەکەییبوونی لەسەر ملە. تورکیا گەورەترین زیندانی دونیایە بۆ نوسەران و رۆژنامەنوس و سیاسەتوانانی کورد.
ئەوە چش لەوەی کە باسی کوردستانی سوریام نەکردووە کە هێزەکانی تورکیا شاری عەفرین و سەرێکانیێ و چەندین شار و شارۆچکەی دیکەی کوردیان لە کوردستانی سوریا داگیر کردووە. شاری عەفرین زۆرینەی کورد بوو ئێستا بەهەزاران ماڵ و حاڵی کورد لەو شارە لەلایەن تورک و عەرەبەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. جگە لەوەش چەندین راپۆرت لەو رۆژانە دەرچوون بەوەی کە بڕیارە تورکیا بەهەزاران فەلەستینی لە عەفرین و دەوروبەری جێنشین بکات.
ئایا تۆ بەو دۆخە رازیت؟
تا تەواو بووم و ئەو پرسیارەم کرد، ئەحمەد هیچ قسەیەکی نەکرد و زۆر بە ئەدەبەوە گوێی گرتبوو.
گوتی: دەزانی حەپەسام، هەرگیز گوێم لەو قسانە نەبووە. من قوتابی ماستەرم لە بواری زانستە سیاسییەکان. دەزانم حیزبێکی جوداخوازی کوردی لە تورکیا هەیە، کە تورکیا بە تیرۆریست ناوزەدی دەکات، بەڵام وردەکاری لەسەر نازانم، لەلایەک چونکە لە تورکیا نەژیاوم، لەلایەکیش یەکەم جارە ئاوا رووبەڕوو لەگەڵ کوردێک گفتوگۆ بکەم.
گوتم: جا با شتێکی دیکەت بۆ باس بکەم، تۆ پێت وایە حەماس رێکخراوێکی تیرۆریستە؟
گوتی: هەرچەندە زۆر لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای حەماس کۆک نیم، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پێم وانیە تیرۆریست بێت.
گوتم: بۆچی پێت وایە تیرۆریست نیە؟
گوتی: چونکە لەپێناو ئازادی فەلەستین خەبات دەکات!
گوتم: دەی هەرچەندە تۆ گوتت ئەوەندە دەزانم حیزبێک لە تورکیا هەیە و گروپێکی جوداخوازە، بەڵام بۆ زانیاریت پەکەکە وەکو حەماس جوداخواز نیە، تەنها تورکیایەکی دەوێت بۆ هەمووان وەکو یەک بێت. ئازادی زمانی دایک لە تورکیا بەرقەرار بێت و کورد بتوانن بە ئازادی لە تورکیا تەنها وەکو کورد بژین.
گوتی: تۆ دڵنیای کە پەکەکە جوداخوازز نیە؟
گوتم: سەد دەر سەد دڵنیام هەرچەندە من کۆک نیم لەسەر ئەو بۆچوونە. تۆ بڕۆ ئەدەبیاتی پەکەکە بخوێنەوە، لەوە تێدەگەیت کە پەکەکە نایەوێت کورد لە تورکیا جیا بێتەوە.
بێ دەنگ بوو، گوتی: لەڕاستیدا ئەوەی باسی دەکەیت، کە هەست دەکەم ڕاستیی زۆری تێدایە، بەجیددی ئابڕوبەرە. دەبێت لەو بارەیە لەگەڵ باوکم و خاڵم قسە بکەم.
دوایی تۆزەك بێدەنگ بووین…
دیسان گوتی: ببوورە، کاتم زۆر گرتی. بەڵام ئەو قسانە بۆ من وەکو دەرسێک وابوون. بەڵێنت پێ دەدەم بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شتانە بکەم. من دژی هەموو جۆرە داگیرکارییەکم. دژی ئەوەم نەتەوەیەک رێگای خوێندنی بە زمانی دایک لێ قەدەغە بکرێت.
دوایی داوای ئیمێڵی منی کرد، منیش ئیمێڵەکەم بۆ نوسی و هەر لەوێ بەجێم هێشت و بەدوای چاویلکەکەم دا ڕۆیشتم.
لەرێگا بیرم دەکردەوە لەوەی دەتگوت بەو بەیانییە، هێزێک منی پەلکێش کردووە بۆ ئەوەی بچم ئەوقسانە بۆ ئەو کوڕە تورکستینییە بکەم. ئەلحەقی کوڕێکی بە ئەدەب و بەڕێز بوو، هەرگیز قسەی منی نەدەبڕی. کە بەجێشم هێشت هەستایە سەر پێ و خواحافیزیمان لەیەکدی کرد و
گوتی: دڵخۆش بووم بە دیدارتان