“گهشتێک بهناو بهرههم و بیرکردنهوهی ئالبێر کامۆ”
ب.بێلز پاسکال.
کامۆ لە ساڵی 1934دا، کاتێک کە بیست و یەک ساڵی زۆرتر تەمەن نەبوو، بۆ هاوڕێکەی، واتە کلۆد دێ فرێمینڤیڵ1، لەهەستێکی ستایشئامێز نووسی کە لە هەمبەر بێلز پاسکالەوە هەیبوو. نووسی: “ئەگەر دەتزانی پاسکال چەندە خەڵەتێنەر و عیشوەکارە؛ روون، قووڵ و لەبیرنەکراو، ئەوکات کە لە دڵی مرۆڤەوە دەدوێ و بەو بلیمەتییە خەمۆک و خەمبارەی(Todd 30) لە هەندێ رووەوە ئەم هەسـتە ستایشئامێزەی کامۆ بۆ پاسکال، رەنگە غەوارە بێت. پاسکال بلیمەتێکی زانستمەند و ماتماتیکزانێکی سەدەی هەڤدەهەم بوو کە ساڵەکانی کۆتایی ژیانی بۆ بەرگریکردن لە مەسیحییەت تەرخان کرد. کامۆ هۆگرییەکی ئەوتۆی بە زانست یان ماتماتیکەوە نەبوو و مەسیحییەتیشی رەتدەکردەوە. لە لایەکیترەوە پاسکال وتار نووسێکی گەشاوە و گەورە بەتێڕوانینی روونی فەلسەفی و دەروون ناسانەی قووڵ بوو. ئەو ناودارترین کتێبی، واتە بیرکردنەوەکان2 ی بۆ ئەو ئینسانە دنیایی و لێبڕاوانەی وەک کامۆ نووسی کە بە چاوی گومانەوە مۆڕەیان لە دین دەکرد یان دینیان بە بابەتێک بە نرخێکی تاکەکەسی گچکەوە دەزانی. پاسکال باش دەیزانی کە ڕوانین بۆ جیهان لە پێگەی بڵندی ئەقڵ و بە بێ دەستەودامانی ئیمان و ئامۆژگارییە دینییەکان چی بەسەر ئینسان دا دێنێت. ئەو دەیزانی چۆناوچۆن سەرەنجی تاکانێک رابکێشێت کە بەباشتریان دەزانی، کەبەبێ ئاوەها دەستەودامان یان پەنایەک بژین. ئەگەرچی دەرئەنجامگیرییە دینییەکانی پاسکال کامۆی رازی نەکرد، بەڵام کامۆ ئەفسوون و راکێشراویی روانینی ئەو بوو بۆ دۆخ و دۆزی مرۆیی و ململانێگەلێک کە لە هەمبەر چاوی ئەو کەسانە دەینەخشاند کە دەیانەویست لە سوکنایی و هێوریی دین چاو بپۆشن.
ستراتیژیی گشتی پاسکال لە بیرکردنەوەکان دا دەتوانرێت لەقەوارەی بەڵگاندنێکی پەنج بەشیدا فام بکرێت.
یەکەم:- ئەو دەیەوێت ئەو خوێنەرانەی کە لە تواناکانی ئەقڵی مرۆیی زۆر دڵنیان قانیع بکات کە ئەم دڵنییاییەیان بێ جێیە. دەڵێت ئەقڵ، زانست و رێکخراوە مەدەنییەکان(حکوومەت، پیشەکان، و…هتد) هیچ کام رێنوێنێکی شیاوی پشت پێ بەستن نین، تاکوو ئێمە بەرەو راستی و بەختەوەری رێنوێنی بکەن. پاسکال دەڵێت: قووڵترین شهوودەکانی ئێمە پەیوەست نییە بە عەقڵەوە:(دڵیش بەڵگەکانی خۆی هەیە کە عەقڵ نایانناسێت((Pascal،78)
دووەم:- پاسکال دەیەوێت پیشانی بدات کە دۆخی مرۆیی بە بێدەربەست بوونی تاکەکەسی بە خودایەکی رەحمان و هومێد بۆ رزگاری ئەبەدی، دۆخێکی هەش بەسەرانەیە. ئەو دەڵێت ئینسانەکان لەسۆنگەی دڵتەنگی و غروورەوە شوێن کەوتەی سەرکەوتنە گچکە و شانازییە پووچەکان دەبن و لەبەرامبەریشدا حاشا لەو شتەی دەکەن کە دەبێت زۆرتر لە هەر شتێک بۆیان گرینگ بێت، حاشاهەڵنەگری مەرگ و ئەگەری ژیانی ئەبەدی.
سێیەم:- پاسکال دەیەوێت پیشانی بدات کە ئەقڵ ناتوانێت بوونی خودا بسەلمێنێت یان رەتکاتەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە دەتوانێت بیسەلمێنێت کە ئێمە زۆر گەمژەین کە ئەگەر لە سەر شیمانە یان ئەگەری بوونی خودایەکی رەحمان گرەو نەکەین. ئەمە ئەو “گرەوە” ناودارەی ئەوە. سەرئەنجام، پاسکال تێدەکۆشێت بیسەلمێنێت کە ئەگەر کەسێک لەسەر بوونی خودا گرەو بکات، نیشانەگەلێکی زۆر هەیە کە دەتوانێت، بەهەمان شێوە کە مەسیحییەت فێرمان دەکات، ئیمان بە خودا بهێنێت و پێی بگات. ئەو بە دوور و درێژی باسی دەکات کە مەسیحییەت راپۆرتێک لە مێژووی مرۆیی و پێوەندی ئینسان لە گەڵ خودا دەدات بە دەستەوە کە زۆر بەهێزتر، گونجاوتر، و کۆکراوترە لە راپۆرتەکانی هەر ئایینێکی دیکە.
یەکێک لە داهێنەرانەترین و رەسەنترین تیۆرەکانی پاسکال تیۆری “هەڵگەڕانی یاد”ەکەیەتی، ئەو ئەم بیردۆزییە دەخاتە پێشەوە تا بتوانێت لەرێگەیەوە خواست و داگەڕانی پووچی راشکاوی ئینسانەکان بۆ لەبەرچاونەگرتن، خستنەمەترسی، یان تەنانەت قوربانی کردنی بەرژەوەندییە هەمیشەییەکانیان لەهەمبەر شانازییەکی گچکە و یان تۆزێک جۆش و خرۆش، باس بکات. لە بڕگەیێکی ناوداری بیرکردنەوەکان دا دەنووسێت:- “تێگەیشتووم کە هەموو بەدبەختی مرۆڤ لەم تاکە راستییەوەیە، ئەم راستییەی کە مرۆڤەکان ناتوانن بە ئارامی لە ژوورۆچکەکەی خۆیان دانیشن. ئینسانێک کە بە ئەندازەی بژێوی ژیانی هەیە، ئەگەر بیزانیبایە کە چۆن چۆنی بە چێژەوە لە ماڵەوە دانیشێت، هیچ کات ماڵ و مەئوای خۆی بەجێ نەدەهێشت و بەرەو زەریا نەدەڕۆیشت و شارێکیشی گەمارۆ نەدەدا، بەڵام بە تێڕامانی زۆرتر، پاش دۆزینەوەی ئەم تاکەهۆیەی هەموو بەدبەختییەکان، کاتێک بە شوێن هۆکارەکەی دا گەڕام، تێگەیشتم کە لەپشتەوەی هۆکارێکی واقیعی هەیە و ئەوەش هەژاری سرووشتیی دۆخی ئێمەیە کە دەستکورت و داماو و بمر(میرا)ین و بەچەشنێک بێچارە کە هیچ شتێک کاتێک بە جیددییەتەوە بیری لێ دەکەینەوە ناتوانێت ئاراممان کاتەوە((Pascal،(39) بانگەشەی پاسکال ئەمەیە کە زۆرێک لە کردارەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی نەستەوەرانە(ناخودئاگایانە) لەم ئیرادەوە هەڵدەخێزێت کە ئێمە نامانەوێت بیر لەم پرسە بکەینەوە کە تا چەندە ژیانی ئێمە بێ بنەمایە و چەندە لەمەرگەوە نێزیکین. هەڵبەت پاسکال قبووڵ دەکات کە بخێزگەلێکی تر (انگیزە)یش وەکوو دڵتەنگی، غروور و حەزی خۆشنوودی لە بژاردنەکانی ئێمە دا بەشدارن، بەڵام تامەزرۆیە کە دەورێکی نهێنی ئاشکرا بکات کە ئارەزووی ئێمە بۆ “هەڵگەڕان لە یاد” دەیگێڕێت.
تیۆرەی “هەڵگەڕان لەیاد”ی پاسکال دزەی کردۆتە ئەندێشەی کامۆشەوە. کامۆ وەکوو پاسکال، باوەڕی وایە کە زۆربەی تاکەکان بەم هۆیەوه، لە پووچیی دۆخی مرۆیی تێناگەن و نایبیننەوە چونکوو لە خۆفریوداندا بوونەتە مامۆستا، ئەوان لە “سەر شانۆیەکی دەسکردی دراماتیکدا” دەژین. هەڵبەت جیاوازی بەرچاوی نێوان پاسکال و کامۆ ئەمەیە کە کامۆ دینیش بە جۆرێک لە خۆفریودان و هەڵگەڕان لە یاد دەزانێت. کامۆ هەروەها قەرازارباری وێنەداڕێژیگەلی زیندووی پاسکالە لە فام نەکردەیی جیهان و حەتمییەتی مەرگ. بۆ نموونە سەرنج بدەن پاسکال چەندە تێگەی خۆی لە جیهان تاکەکەسی دەکاتەوە:- نازانم کێ منی لەم جیهانە دا جێ کردۆتەوە و نازانم جیهان چییە و نازانم خۆشم چیم. بێ خەبەری من لە هەموو شتێک تۆقێنەرە، لە هەموو لایەک جگە لە ناکۆتا شتێک نابینم، تەواوی ئەو شتەی دەیزانم ئەمەیە کە دەبێت بە زووترین کات بمرم، بەڵام ئەوەی وا کەمتر لەهەموو دەیزانم و دەیناسم هەر ئەم مەرگەیە کە ناتوانم لە چڕنووک و چنگی هەڵبێم(.(Pascal(55) لە بڕگەیەکی دیکە دا، پاسکال دۆخی مرۆیی لەگەڵ دۆخی زیندانیانی سزادراو بەمەرگ بەراورد دەکات:- وەرن تاقمێکی کۆت و بەند کراو بە زنجیر بێنینە پێش چاومان کە هەموو مەحکووم کراون بە مەرگ، هەر رۆژ بڕێک لەوان لە پێش چاوی ئەوانیدی دا دەکوژرێن و ئەوانەی کە دەمێننەوە راستەوخۆ چارەنووسی خۆیان لە چارەنووسی ئەوانی تردا دەبیننەوە و چاوەنواڕی نۆرەی خۆیان دەبن و بە ئاخ و ئۆف و رەنج و بێ هیواییەوە چاو لەیەکدی دەکەن. ئەمە وێنەیەکە لە دۆخی مرۆڤەکان. ((Pascal (60) کامۆ بە جاروبار دەگەڕێتە سەر ئەم وێنەیە لە زیندانیانی سزادراو بەمەرگ. مۆرسۆ3 لەکۆتایی رۆمانی بێگانە دا تێدەگات کە دۆخی ئەو کە زیندانییەکی سزادراو بە مەرگە جیاوازییەکی بنەمایی لەگەڵ چارەنووسی هیچ مرۆڤێکی دیکە دا نییە، چونکوو “تەنها یەک چارەنووس دەبێت من هەڵبژێرێت، و هاوڕێ لە گەڵ مندا میلیاردەها مرۆڤی دانسقەی تر، ئەوانیتریش سەرلەبەر رۆژێک بەمەرگ مەحکووم دەبن((TRN،1208(9)
ئیمپراتۆرە شێتەکەش لە کالیگوولا دا رۆم دەکات بە ریز و ریزبەندی مەرگ “مرۆڤ دەمرێت چوون گوناهکارە. مروڤ گوناهکارە چونکوو لە پێڕەوکەرانی کالیگوولایە. هەنووکە تەواوی مرۆڤەکان پێڕەوکەرانی کالیگوولان. کەواتە تەواوی مرۆڤەکان گوناهکارن و دەمرن. کێشە تەنها زەمانە و سەبر((CTOP(29)، ریزی مەرگ لە رۆمانی تاعوونیشدا وێنەی زاڵە. لەم رۆمانەدا شاری ئووران لە رۆخی مەدیترانەی ئەلجەزایر دا گیرۆدەی تاعوونی خەیارەکی دەبێت و قەرەنتینەی دەکەن. هاووڵاتیانی ئووران لە شاری خۆیان دا زیندانی دەبن و هەر رۆژ سەدان کەس بە دەستی جەللادێکی بێ رووخسار، بێ بەزەیی و هەوەسکارتر لە کالیگوولا، دەکوژرێن ئەوانەش وا دەمێننەوە تەنها سەرسووڕماوی ئەوەن کە کەنگێ نۆرەی ئەوان دەگات. کامۆ لە ئینسانی سەربزێو دا دەڵێت؛ شۆڕشە مێژووییەکان لۆژیک و ناواخنی خۆیان لە “سەرەڕۆیی میتافیزیکی” دژی دۆخی مرۆیی وەردەگرن، بە تایبەتی دژی “سزای مەرگی گشتی” کە بوێژ و دەرخەری دۆخی مرۆییە((Rebel(24)، ئەگەرچی کامۆ هاوبەشی ئەو نیگا رەش و خەمبارەی پاسکالە بۆ لەخۆنامۆبوون و مەرگەوەڕی (میرایی) ئینسان لە جیهانی سرووشتیدا، بەڵام هاوبەشی ئەو وانانە نییە کە پاسکال لەم روانینە وەریدەگرێت. پاسکال دەڵێت تاقانە ئاراستەی ئاوەزمەند کە بە سەرنجدان بە دۆخی مرۆیی دەتوانرێت بگیرێتە بەر گرەو کردن لەسەر ئەم شیمانەیەیە کە خودایەکی رەحمان بوونی هەیە کە ئەگەر لە کانگای دڵەوە پێی بگەین ژیانی ئەبەدیمان پێدەبەخشێت. پاسکال بە سانایی قبووڵی دەکات کە ئەقڵ ناتوانێت بوونی ئاوەها خودایەک بسەلمێنێت یان رەتی کاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێت ئێمە بە بەستنی ئاوەها گرەوێک زۆر شت بەدەست دێنین و هیچ لە دەست نادەین. ئەگەر لەسەر بوونی «خودایەکی ئەوتۆیی» گرەو بکەین و خودا بوونی هەبێت، دەگەین بە ژیانی شادی ئەبەدی و ئەگەر لە سەر بوونی خودا گرەو ببەستین و ئەو بوونی نەبێت، هەمدیس دەگەینە باشی و چاکیگەلێک و لە بەرامبەردا تەنها لە چێژگەلێکی ساکار چاوپۆشی دەکەین. ئەگەر لەسەر نەبوونی ئەم خودایە گرەو ببەستین و ئەویش بوونی نەبێت، تەواوی ئەو شتەی بەدەستی دێنین شتێک نییە بێجگە لەوەی کە بۆچوونێکی درووستمان دەربڕیبێت. ئەگەر لە سەر نەبوونی ئەم خودایە گرەو ببەستین و ئەو بوونی هەبێت، ژیانی شادی ئەبەدی لەدەست دەدەین و رەنگە ژیانی پڕلەرەنجی ئەبەدیش بەرمان کەوێت.
گرەوی پاسکال بەڵگاندنێکی موجەڕەد و دەرهەست نییە، بەڵکوو ئاڵقەیەکە لە زنجیرە بەڵگەهێنانەوەی سازدراو و درووستکراو لە بڕگەکانی “بیرکردنەوەکان” دا. سەرێکی لەناو خوێندنەوەی پاسکالە بۆ دۆخی مرۆیی – بێچارەیی مرۆڤی بێ خودا – و سەرێکی دیکەی لەناو تێگەیشتنێتی لەو شتەی کە لە گرەوکردن لەسەر بوونی خودا هەیە، واتە لە تێگەیشتنی لە رەحمەتی ئیلاهی و بەڵگاندنی سەبارەت بە ئاوەزمەندبوون و دەسەڵاتی باسکارانەی مەسیحییەت. بۆ نموونە توانجیان گرتووە کە خودا قووڵایی جەهەننەم تایبەت دەدا بە کەسانێک کە باوەڕیان بە ئەو تەنها گرەوکردنێکە. بەڵام ئەم توانجە تەنیا کاتێک مانادارە کە گرەوکردن لەسەر خودا تەنها گرەوکردنێکی چانسی و بەهەڵکەوت بێت، واتە داکۆکیکردنێکی بەرژەوەندخوازانە بە بێ هیچ باوەڕێکی راستەقینە. بەڵام بەهەمان شێوە کە پاسکال روونی دەکاتەوە کە بیرۆکەی گرەوکردنی ئەو لەسەر بوونی خودا زۆر دوورە لەم گرەوکردنە چانسی و بەرژەوەندخوازانە. ئەوەی وا پاسکال لەزەینی دایە هەڵبژاردنی ئیگزیستانسیەلی شێوازێک لەژیانە کە تێیدا دین دەورێکی تەوەری و سەرەکی هەیە.
پابەندیی خودی پاسکال بۆ مەسیحییەت بەپێی کاریگەری بنەماڵە و ئەزموونی تاکەکەسی بوو، نەک لەسەر بنەمای گرەوکردن(بەستن). باوکی و خوشکەکەی، واتە ژاکلین، لەئەندامانی گرووپی کاتوولیکی ژانسنیسم(ناوی دەستەواژە و رێبازێکی ئایینی-فەلسەفییە کە باوەڕی بە بەرتەسک کردنەوەی ئازادی مرۆڤەکان هەیە،) بوون کە تێڕوانینێکی تووندوتیژی لەمەڕ بارودۆخی رزگاری هەیە. لەشەوی 23ی نۆڤەمبەری ساڵی 1654، پاسکال ئەزموونێکی قووڵی دینی بەسەردا تێپەڕی. ئەم ئەزموونە ئەوەندە بۆ پاسکال گرینگ بوو کە “یادنامه”یەکی لەبارەیەوە نووسی، یادنامەیەک کە تاکوو رۆژی مەرگ لەگەڵیدا بوو و دووراند بووی بەجلەکانییەوە. لەبەشێک لەم یادنامەیەدا وا هاتووە: “خودای ئیبراهیم، خودای ئیسحاق، خودای یەعقووب، و نە خودای فەیلەسووفان و زانستوانان، یەقین،یەقین، شادی رەها، ئارامی.خودای عیسا مەسیح، شادی ئەبەدی لەهەمبەر یەک رۆژ تێکۆشان لەسەر زەوی” (Pascal 1995،285-6). ئەگەرچی رەنگە وا بێتە پێش چاو کە ئەم باسە لەبارەی موکاشفەی تاکەکەسی پاسکال، هیچ پێوەندییەکی بە حاشای لێبڕاوانەی خودا لا لایەن کامۆوە نییە، بەڵام وەها نییە. پاسکال لەپێگەی دەمڕاستی روانگەی مەسیحییەت زەینی کامۆی داگیرکردبوو، روانگەیەک کە کامۆ نەیدەتوانی ساویلکانە، نەگونجاو، یان لەباری فەلسەفییەوە بە کوشندە و بکوژیی بزانێت و رەتی کات، پاسکال باوەڕی وابوو کە حەقیقەتی مەسیحییەت دەزانێت، بەهەمان پلە لەیەقینەوە کە دەشێت هەر شتێکی دیکە بزانرێت، پاسکال هەروەها باوەڕی وابوو کە زۆربەی خەڵک ئەم جۆرە یەقینەیان نییە و بۆیە لە ئەنجامدا پێویستە بە بەڵگاندنی جۆراوجۆر هانیان بدرێت کە پێ بنێنە رێگە و سەرزەمینی دین وئیمانەوە.
کامۆ چی هەبوو کە بە پاسکالی بڵێت؟ دەتوانین وەڵامێک بۆئەم پرسیارە لە بەشێک لە دەربڕینەکانی لە 1945 دا لەبارەی “خزمەت بە نەفرەت لێکراوان” بدۆزینەوە. لە ژمارەی ژانوییەی 1945ی کۆمبا دا، ئەو لە وەڵامی بەڵگاندنەکانی رۆمان نووسی کاتولیک،فرانسوا موریاک، دا دەنووسێت:- وا تێدەگەم کە وێنایەکی درووستم لە گەورەیی و بڵندیی مەسیحییەت هەیە، بەڵام ئێمە لەم جیهانە پڕ لەژانە لەو کەسانەین کە هەست دەکەین راستە مەسیح بۆ خاتری کۆمەڵێک گیانی دا، بەڵام بۆ ئێمە نەبوو کە گیانی خۆی دا و، لە هەمانکاتدا ئێمە بوار بەخۆمان نادەین کە لە ئینسان نائومێد بین. ئێمە بێ ئەوەی کە سەودا و داڵغەی نائاوەزمەندانەی رزگاریی ئینسانمان لە سەردا بێت، تێدەکۆشین لانیکەم لە خزمەتی ئینسان دا بین((Essais(287) کامۆ لە یادداشتەکان دا، بە تێڕامان لە کۆمۆنیزم و مەسیحییەت،دەنووسێت: “مانای بەرهەمەکانی من ئەو کەسە زۆرانەی کە لە رەحمەت بێبەش و بەری ماونەتەوە. چۆن دەبێت بێ ڕەحمەت بژی؟ دەبێت هەوڵبدرێ کارێک بکەین کە مەسیحییەت قەت نەیکرد: چاوەدێری لە نەفرەت لێکراوان” ((Todd،214) ئەم ئەندێشەیەی خزمەت بە نەفرەت لێکراوان بە هێزێکی زۆرترەوە لە نامەیەک بۆ خوێندکارێکی خوداناسی “تیۆلۆژی بەلژیکی بەیان کراوە، وا بیرکەرەوە کە سێ لەچواری ئینسانەکان ئەمڕۆکە لەجیهانی رۆژئاوا دا لە خودا بێ بەشن و ئینسان دەبێت هەوڵ بدات ئەندێشەکانیان، چ وشیارانە بێت چ ناوشیارانە، بیچم بەندی بکات. هەنووکە کاتی ئەنجام دانی کارێکە بۆ نەفرەت لێکراوان…واتێدەگەم خودا هەمیشە یەکێک بووە لە هەل(دەرفەت)ە گەورەکانی مرۆڤ و تا ئێستاش هەر وایە. بەڵام هەموو ئەوانەی روویان لە خودا وەرچەرخاندووە دەبێت رێگایەکی دیکە بدۆزنەوە، و دەبێت بە بێ غروور و بێ وەهمێکی زۆر ئاوەها بکەن”((Todd،215، ئەستەمە بشێت بگوترێ کە ئەم رستەیەی کامۆ لەم نامەیە دا کە “واتێدەگەم خودا هەمیشە یەکێک بووە لە هەل(دەرفەت)ە گەورەکانی مرۆڤ و تائێستاش هەروایە” تەنها دەربڕینێکی شەرمنۆکانەی کامۆیە لە هەمبەر ئیماندارێکی گەنج یان قبووڵی بێ پەردە و راشکاوانەی ئەمەی کە خوداباوەڕی دەتوانێت درووست بێت. ئەوەی کە روونە ئەمەیە کە کامۆ ئەرکی خۆی، خزمەتکردن “بە بێ غروور و وەهمی زۆر” بەکەسانێک دەزانی کە نە دینیان هەیە و نە ئیمان، نەیەقین، و نەهومێد بە رەحمەتی ئیلاهی.
ج. فلۆتین، گنۆسییەکان و قیددیس ئاگۆستینۆس.
کامۆ دووجار لە ژیانیدا دەستی دایە نووسینی نامیلکەگەلێکی فەلسەفی کە پێویستی بە تۆژینەوەی بەربڵاو هەبوو. دووەمینی ئەم نامیلکانە، واتە ئینسانی سەربزێو(1956) تائێستاش یەکێکە لە بەرهەمە زۆرتر ناسراوەکانی. بەڵام یەکەمینیان تا رادەیەک نەناسراوە. ئەم نامیلکە فەلسەفییەی یەکەم، نامیلکەیەک بوو کە ئەو لە مانگی مەی 1936 داپێشکەشی زانکۆی ئەلجەزایری کرد تاکوو هەم ماستەرییەکەی وەربگرێت و هەمیش بتوانێت بۆ درێژەدان بە خوێندن ناونووسی بکات. سەردێڕەکەی میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی بوو و زۆرتر لە سەد لاپەڕە دەبوو. چونکوو کامۆ لە1936 دا کۆمۆنیستێکی پڕخرۆش و بێخوداش بوو، هەڵبژاردنی فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی و میتافیزیکی مەسیحی بۆ سەردێڕی بابەتی نامیلکەکەی تۆزێک سەیر دەینواند. ژان گرۆنییە، کە ئەوکات لە زانکۆ وانەی دەگووتەوە، فەلسەفەی هیندووی بۆ پێشنیار کرد، بەڵام کامۆ بابەتێکی مەسیحییانەی لا سەرتر بوو. بەشێک لە راکێشەری بابەتەکە رەنگە پێوەندی بە پرسە جوگرافییەکان بێت. هەم فلۆتین و هەم ئاگۆستینۆس لە ئافریقای باکوور لەدایک بوو بوون و کامۆ کە ئەلجەزایەرییەکی فەرەنسی بوو لە رەگەزی ئەفریقایی ئەم جووتە هەستی بە غروور دەکرد و وابیری دەکردەوە کە ئەوانیش وەکوو ئەم نیگایەکی “میدیتەرانەیی” یان هەبووە. بەڵام شتێکی دیکەش بۆ کامۆ راکێشەر بوو، ئەوەش هۆگری و گرێدراوەتی قووڵی فلۆتین، ئاگۆستینۆس و گنۆسییەکان بوو بۆ پرسی شەڕ لەهەمبەر خێر دا. پرسی شەڕ دوو لایەنی هەیە:-
1-ئەوکارە شەڕانەی کە ئینسانەکان دەیکەن(شەڕی ئەخلاقی).
2-شەڕێکی نەگونجاو و نەشیاو کە هەندێ جار بەرەو رووی ئینسانەکان دەبێتەوە (رەنج و دەردی بێوادە و نەشیاو). ئەم دوو لایەنە دەتوانرێت بە شێوازی دوو پرسیار بخرێتە روو:- بۆچی ئینسانەکان دەست دەدەنە ئەنجامدانی کاری خراپ؟ و بۆچی بەڵاگەلی خراپ بەسەر ئینسانگەلی چاک دا دێت؟
لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا زۆرتر دەگوترێت کە شەڕی ئەخلاقی لەدایک بووی عەیب و ناتەواوی تاکەکانی مرۆڤە، عەیبگەلێکی وەکوو ناتەواوی کەسایەتی بەشێوەی زگماکیانە (وەکوو ئارەزووی رۆشتن بەرەو سووکی یان ترسنۆکی)، یان لاوازی ئیرادە، یان خووە خراپەکان، یان جەهل. بەڵام هەندێک لە بیرمەندان گووتوویانە کە شەڕ بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ عەیبە جیهانییەکان و نەک عەیبی تاکەکان-عەیبگەلێک کە خودی جیهان هەیەتی، یان عەیبی سرووشتی مرۆیی. فەیلەسووفی گەورەی یۆنان، ئەفلاتوون، کاتێک دەڵێت جیهانی ماکیی “ماددی” دەنگدانەوەی نیوەچڵ و گۆڕمەندی(متغیر) جیهانی کامڵ و بێگۆڕانی موسول یان ئایدیالەکانە، هەر ئاوەها مەبەستێکی هەیە. لە روانگەی ئەفلاتوونەوە، کەسانێک کە پشت دەبەستن بە جیهانی ماکیی تاکوو خێریان پێ فێرکات، مەحکوومن بە رەدووکەوتنی سێبەرەکان. چیرۆکی یەهودی-مەسیحی “هوبوت” ی ئادەم و حەوا لە بەهەشت و پەندباری(اموزە) گوناهی یەکەمینیش بەشێوازێکی دیکە شەڕ گرێ دەدات بە دۆخی گشتی جیهانەوە. بەپێی ئەم چیرۆکە و ئەم پەندبارییە، شەڕە ماکیی و ئەخلاقییەکان بۆیە لەجیهان دا بڵاوبوونەتەوە، چونکوو خودی سرووشت و خودی سرووشتی ئینسانی بەهۆی دابەزین (هوبوت)ی ئادەم و حەواوە گەندەڵ بوون. بەکورتی ئێمە ساماندارانی ئادەم و حەوا بوونەوەرانێکی داکەوتووین لە جیهانێکی داکەوتوو و دابەزیو دا.
دوو سێ سەدە دوای مەرگی عیسا، مەسیحییەت، ئایینی گنۆسی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی لە ئیمپراتۆری رۆم دا بوون بە تاپۆ و سێبەریان داخست. ئایینی گنۆسی جیهانبینی گەلێکی لەسەر بنەمای زانستی رازئاوی و سڕۆک دامەزراند. وشەی یۆنانی “گنۆسی” بەمانای “زانست”ە. نوێ ئەفلاتوونییەکان جیهان بینی گەلێکیان پێک ئانی کە لەسەر بنەمای فەلسەفەیەک بوو کە ئەفلاتوون سەدەها لەمەو سازاندبووی. ئەم جیهان بینییانە ئەگەرچی لەزۆر رووەوە لەگەڵ یەکدی دا جیاوازییان هەبوو، بەڵام شتێک تێیاندا هاوبەش بوو: هەوڵ بۆ گونجاندن و رێکخستنی کەماڵی باری تەعالا لەگەڵ ناتەواوییەکانی ئەم جیهانە دا. ئەوان لە هەڵوەدای دۆزینەوەی وەڵامگەلێک بۆ پرسیارانێکی لە چەشنی ئەمانە بوون: بۆچی بوونەوەرێکی تەواو(کامڵ) جیهانێکی ناتەواو دادەهێنێت؟ بۆچی بوونەوەرێکی تەواو بوار دەدات بوونی ئەم جیهانە ناتەواوە درێژەی هەبێت؟ بۆچی خەڵک دەست دەدەنە کاری خراپ؟ بۆچی بەڵای خراپ بەسەر ئینسانە باشەکاندا دێت؟ چۆنچۆنی و لەرێگەی چ ئامێرێکەوە ئینسان دەتوانێت لە شەڕی ناتەواوییەکانی ئەم دونیایە هەڵبێت و پەیوەست و هەڵپێکراو بێت بە کەماڵی ئیلاهییەوە؟ هەڵبەت وەڵامگەلێک کە ئەوان دەیاندایەوە وەکوو یەک نەبوو، بەڵام باس و خواسە بریقەدار و زۆرکات داهێنەرانەکانیان بووە هۆی هەڵاتن و وەدیارکەوتنی سەردەمێکی لێوانلێو لە جۆش و خرۆش و سەر زیندوویی فەلسەفی و کەلامی. کامۆ ئەم سەردەمەی بۆ نووسینی تۆژینەوەکەی هەڵبژارد. بانگەشەی گشتی کامۆ ئەوە بوو کە ئەندێشەی یۆنانی و ئەندێشەی مەسیحی بە درێژایی سێ سەدە باس و خواس و مشت ومڕ گۆڕانیان بەسەر دا هات و سەرئەنجام لەفەلسەفەی قیددیس ئاگۆستینووس دا پێک گەیشتن.
میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی ئیشی خوێندکارێکی پلە ماستەری هەڵکەوتووە کە هۆگری و خۆشەویستی بۆ مانا بەرز و واڵاکان زۆرتر بوو تاکوو تۆژینەوە زانست ئامێزەکان. چوونکوو کامۆ زمانی لاتینی باش نەدەزانی و فڕیشی بەسەر یۆنانییەوە نەبوو، زۆر و زەوەند پێبەستراوی وەرگێڕانەکان و سەرچاوە پلەدووەمەکان بوو. پۆل ئارشامبۆ4، لە تۆژەرانی هاوچەرخی ئەندێشەی دینی، بەشێوازێکی تەواو سەلمێنراوانە دەڵێت باس و راڤەکانی کامۆ زۆربەیان بێ وردبوونەوە و هەندێکیشیان گۆڕدراو و ساختەن. کامۆ لە نووسینی دەقی نامیلکەکەی دا بەتەواوەتی “ئەندێشەگەلی ئامادە لە ژێدەرە دووهەمەکانی دەنووسییەوە، هەندێجار وشە بە وشە، بەڵام خوێنەری دەگەڕاندەوە سەر ژێدەرە سەرەکییەکان، دەڵێی ئەمانە دۆزینەوە و کەشفی خۆی”((Archambault(50).
بۆچی کامۆ بواری بە خۆی دا ئاوەها راستی و درووستی زانستییانە بخاتە خانەی لەیادکردنەوەوە؟ بەشێک لە وەڵامەکە دەتوانێت ئەمە بێت کە ئەو بەلەز بوو تاکوو هەل و مەرجی لەبار بۆ دامەزرانی ئیداری و وانەگوتنەوەی فەلسەفی خۆی لە زانکۆ دا بەدەست بێنێت. ئەو دەشێت وا بیری کردبێتەوە کە هەرگیزاو هەرگیز ئەم نامیلکەیەی زانکۆی بڵاو نابێتەوە، و مامۆستا راوێژکارەکانیش کە نامیلکەکەیان خوێندەوە هیچیان پسپۆڕی ئەم بوارە نەبوون. بەڵام میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی بە هەموو ناتەواوییەکانیشییەوە، روونکاریگەلێکی بەکەڵک لە ناسیاوەتی کامۆ لەگەڵ فەیلەسووفانێک دەدات بەدەستەوە کە تەمەنێکیان بۆ گونجاندن و ئاشت دانی جیهانێکی ناتەواو (ناکامڵ) لەگەڵ باوەڕیان بە بوونەوەرێکی کامڵ تەرخان کرد. لەنێوان ئەم فەیلەسووفانەدا بەتایبەتی فلۆتین، ئاگۆستینووس و سێ لە گنۆسییە مەسیحییەکان، واتە باسیلیۆس5، مارکیۆن6 و والنتینۆس7 بەتایبەتی جێگەی سەرنجن.
1.فلۆتین
وەڵامی فلۆتین بۆ پرسی شەڕ لەجیهاندا ئەوەیە کە هۆکاری شەڕ، ماک یان مادەیە. ئەو تاقانەی تەواوە، کە هەموو وجوود لەو دەبەشێتەوە، سەرچاوەی هەموو شتە باشەکانە و هەرشتێک کە باش نییە لەوەوە سەرچاوە ناگرێت. بەڵام ئاستی باشی لە هەریەکە لە (ئوقنۆم)ەکانی هەستیدا گرێدراوی بە رێژەی نێزیکی بەو «تاقانە» یەوە هەیە(ئوقنۆم لە بنەڕەت دا وشەیێکی سریانییە و وەکوو ماناش لە ئیلاهیاتی یۆنانییەوە هاتۆتە ناو مەسیحییەت، لە فارسی دا هاوتا و تەنانەت واتایەکی راستەوخۆ و وردی نییە، بەڵام دەشێت بگوترێت کە مانای ئوقنۆم لە پێوەندی لە گەڵ تەسلیس دا فام دەکرێت واتە باوک، کوڕ و رۆحی پیرۆز هەر کامەیان بە پێی پلەی بوون و وجوودیان ئوقنۆمێکن و). جیهانی ماکی(ماددی) دوامەنزڵگە و نزمترین مەنزڵگەی ئوقنۆمی وجوودە. ئەم جیهانە زۆرترین مەودا و دوورکەوتوویی لەگەڵ “تاقانە” دا هەیە. هەستییە بەڵام لە بۆشئاویترین حاڵەتی خۆیدا. لەم ئۆقنۆمەدا، وجوود لەلایەن گۆڕەپانێکی سێ گۆشەوە کە بەشێوەیێکی رەها نادیارە لەت لەت کراوە، کە فلۆتین ناوی دەنێت ماددە. کاریگەری ماددە لەسەر وجوود دەشێت بە کاریگەری ئاوێنەیەکی ورد و خاش کراو لەسەر لاوازترین تیشکەکانی نوور، بەراورد بکرێت:- ماددە نزمترین دەرکەوتەکانی وجوود بە ئاراستەگەلی زۆرەوە بڵاوە پێدەکات و لەت لەتیان دەکات، بێ ئەوەی ئەو وجوودە وەرگرێت. ماددە لە روانگەی فلۆتینەوە پێواریی یان بێ بەش بوونە لە وجوود کە دەبێتە هۆی فرەچەشنی و نارێک و پێکی جیهانی ماددی. بەڵام تیۆرەی فلۆتین سەبارەت بە شەڕ لە جیهاندا بەتەواوی یەکدەست و گونجاو نەبوو. ئەو هەندێ کات داکۆکی لەسەر ناتەواوی وجوودی جەستەیی دەکات. فرفۆریۆس، قوتابی و ژیان نامەنووسی فلۆتین، دەڵێت: فلۆتین وەک بڵێی لەوەی وا لە لەش و جەستەیێکدا جێگەی گرتووە شەرمی هەبوو و بواری نەدەدا نیگاری بکێشن. بەڵام هەندێ جاریش جوانییەکانی جیهانی ماددی ستایش دەکرد. کامۆ لە میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێ ئەفلاتوونی دا سەرنجی داوەتە هەر کام لەم دوو خواست و داگەڕانە. بۆ نموونە دەنووسێت: ئەقڵی فلۆتینی تا رادەیەکی زۆر هەمان دڵی پاسکالییە، فەلسەفەی فلۆتین وەکوو نیگای هونەرمەند بۆ جیهانە. ئەگەر شتەکان شیاوی تێگەیشتنن لەم رووەیە کە شتەکان جوانن. بەڵام فلۆتین ئەم هەستەپەڕگیر و زیادەڕۆیە کە وجوودی هونەرمەند لەهەمبەر جوانی جیهان دەگرێتە بەر، دەگوازێتەوە بۆ جیهانی ئەقڵانی. ئەو ستایشی جیهان دەکات بەڵام بە زیانی سرووشت((Essais(1271)، بۆچی بوونەوەرێکی تەواو جیهانێکی ناتەواو دەئافرێنێت؟ بۆچی ئەم بوونەوەرە تەواوە بوار دەدات بوونی ئەم جیهانە ناتەواوە بەردەوام بێت؟ فلۆتین دەڵێت پرۆسێسی خەلیقەتی ئیلاهی هەڵبژاردنێکی نێو بازنەی زەمەن نەبووە، بەڵکوو کەف و کووڵی ئەزەلی و ئەبەدی (بەخشاوەیی،دەرکەوتەیی) وجوودە لەو تاقانەی کامڵەوە. ئەگەر وجوودی وەگەڕ کەوتوو لە تاقانەوە کامڵ بایە، دەبوایە خودی تاقانە بایە و نە شتێکی نوێ کە خەلق کراوە. بەڵام چونکوو وجوود باشە و حەسوودییەک لە تاقانە دا نییە، ئوقنۆمێکی دیکە لەوجوود کەوتۆتە گەڕ. ئەم ئوقنۆم یان پلەوجوودییە ئەقڵە (کە لەخۆ گری جیهانی ئایدیالەکانی ئەفلاتوونیشە). بەڵام لە ئەقڵەوە ئوقنۆمێکی سێیەمی وجوود دەکەوێتە گەڕ و هەناردە دەکرێت: رۆح. ئەمە رۆح بوو کە ژیانی بەخشیە جیهان: ئیلاهی، ئینسانی و حەیوانی. هەروەهاش رۆح بوو کە دەنگدانەوە و رەنگدانەوەکانی جیهانی موسولی هێنایە جیهانی مادییەوە.
چۆنچۆنی و لەرێگەی چ ئامێرێکەوە ئینسان دەتوانێت لە شەڕی ناتەواوییەکانی ئەم دونیایە هەڵبێت و پەیوەست و هەڵپێکراو بێت بە کەماڵی ئیلاهییەوە؟ فلۆتین دەڵێت وەرگەڕان (تبدل)ێکی هەڵگەڕاوانە بۆ ئەو تاقانە یە و هەروەهاش پلەگەلێک لە دوورکەوتن لەو تاقانە یە بوونیان هەیە. کامۆ ئەم بابەتە ئاوەها باس دەکات:- لەرۆح دایە کە دەبێت بەدوای بنەڕەتی وەرگەڕان بین. رۆح تەمەننای خوداوەند و تامەزرۆی نیشتمانی ونکراوە. ژیانی بێ خوداوەند تەنها سێبەری ژیانە. هەموو بوونەوەرەکان هەوڵدەدەن بە قاڵدرمەی موسول بگەنە لای خودا و دیسانەوە پلەکان بەرەو سەرەوە بپێون. تەنها ماددە، ئەم سواڵکەرە گەورە، ئەم هیچەیە، ئارەزوویەکی بۆ رۆشتن بەرەو لای خودا نییە و بنەمای شەڕیش هەر لەمە دایە((Essais،(1282) لە روانینی فلۆتین دا، تەنانەت دەشێت هەر لەم ژیانە دا بگەین بە یەکانگیرییەکی رازئامێزانە لەگەڵ «تاقانە»، ئەگەرچی بۆ گەڕانەوەی هەتاهەتاییمان دەبێت چاوەنۆڕی دەرباز بوون و رزگاری رۆحمان بین لە لەشمان. بۆچی بەڵاگەلی ناخۆش بەسەر ئینسانگەلی باش دا دێت؟ یەکێک لە لاوازترین بەشەکانی فەلسەفەی فلۆتین هەر ئەم هەوڵەی ئەوە بۆ روونکردنەوەی شێوازی بەشینەوەی( توزیع) شەڕ و ڕەنج لە جیهاندا. ئەو روونی دەکاتەوە کە شەڕ تەنها بە هۆی ئینسانە شەڕانییەکانەوە هەیە و داکۆکیش دەکات کە تەکوزییەک لە جیهاندا هەیە کە لە ئاکامدا تاکەکان بە پێی شیاوەتییان دەخاتە بەر سزادانەوە و پاداشتەوە. بەڵام بەڵگەگەلێکی سەلمێندراو بۆ پاداشتدان یان سزادان ناخاتە روو.
ئەگەرچی کامۆ شتێکی ئەوتۆی لە وردەکارییەکانی فەلسەفەی فلۆتین وەرنەگرت، بەڵام بەرەو ئەم ئەندێشەیە راکێشرا کە بۆ روونکردنەوەی رەنگاڵەیی و چەندڕەنگی جیهانی ماددی، یەکیەتییەکی سەرانسەری پێویستە و پەیبردن بە ئەمەی کە جیهان ئاوەها یەکێتییەکی تێدا نییە بۆ سەلماندنی پووچییەکەی بەسە. کامۆ هەروەها ئەفسوونی ئەم گریمانە گشتییە بوو کە ژیانکردن لەم جیهانەدا ژیان لەتاراوگەیە هاوڕێ لەگەڵ “تاسەباریی بۆ نیشتمانی ونکراو”. کامۆ لە یەکێک لە یەکەمین وتارەکانی دا واتە هاوین لە ئەلجەزایر8 دا کێشەی مانەوە لە چرکەساتی ئێستا و ژیانکردن بە خۆشییە سادەکانی جیهانی بەرهەست، دەخاتە بەر تێڕامان. دەپرسێت: ئایا سەرسووڕهێنەرە کە لەسەر زەوی هەمان یەکیەتییەک ببینینەوە کە فلۆتین لە خەون وخولیای دا بوو؟ لێرەدا یەکیەتی خۆی لە خۆرەتاو و دەریا دا دەخاتە بریق و باق و دەرخستن((Myth،(112).
بەدرێژایی ساڵان و بەتایبەتی دوای گوێزانەوەی لە ئەلجەزایرەوە بۆ فەرەنسە، ئەم باوەڕەی تاراوگەیی و تاسەباریی بۆ نیشتمانی ونکراو، بوو بە یەکێک لە بنەمایی ترین ناواخنی نووسینەکانی کامۆ. بۆ نموونە ئەم ناوەرۆکە بە تۆخییەکی تایبەتەوە لە شانۆنامەی “خراپ لێکگەییشتن” دا دەنگدانەوەی هەیە. ئەم شانۆنامەیە چیرۆکی دایک و کچێکە مارتا9 کە ئۆتێلێکی بچووک لە کوێرەدێیەک لە وڵاتی چیک دا بەڕێوە دەبەن. پاشکەوت کردنی پارەی تەواو بۆ ئەوەی بتوانن ئەم ناوچە تار و خەمبارە بەجێ بێڵن و ماڵێکی روو لە هەتاو لەرۆخی زەریادا بگرن، وەها وەسواس ئاسا زەینیانی سەرقاڵ کردووە کە پەنا دەبەنە بەر کوشتنی ئەو موسافیرانەی کە جارناجارێ دێنە ئەو ئۆتێلەوە و دواتر پارەکەیان دەدزن. رۆژێک پیاوێک دێت و ژوورێکی دەوێت. ئەم پیاوە،واتە یان10، کوڕی ئەو دایکە و برای مارتایە. بەڵام دایکە و خوشکە نایناسنەوە. یان بە گەنجێتی لەو دێیە رۆییشتووە و لە دەرەوە ژیاوە و پارەیەکی کۆکردۆتەوە، بەڵام لەیادی چووەتەوە یارمەتی دایکی و خوشکەکەی بدات یان تەنانەت نامەیەکیان بۆ بنێرێت. ئێستاکە گەڕاوەتەوە زێدەکەی تا بیانحەپەسێنێت و بیست ساڵ فەرامۆشکارییەکەی قەرەبوو بکاتەوە. یان کە کونجکۆڵە بزانێت چەندە دەخایەنێت تا ئەوان بیناسنەوە ناوێکی ساختە دەدات و وادەنوێنێت ئینسانێکی بێگانەیە. بەڵام ئەم کایەکردنەی یان بەلای کارەساتدا دەشکێتەوە. دایکی و خوشکەکەی دەرمان خواردی دەکەن و دواتر هەڵیدەدەنە ناو رووبارەکەوە تاکوو بمرێت. کاتێک جانتاکەی دەپشکنن پاسپۆرتەکەی دەبیننەوە و کەسایەتی راستەقینەی دەناسنەوە. دایک لەحەشمەتا خۆی دەنێو رووبارەکە رادەنێو و خۆی نوقمەسار دەکات. مارتاش وەحشەت دایدەگرێت، نەک لە مەرگی یان، بەڵکوو لەبەر ئەوەی دایکی ئەوی بەجێ هێشتووە و خەونی ژیانی شیرینی رۆخی زەریای تێکداوە. کاتێک کە ژنی یان، واتە ماریا11، هەڵوەدای یان دێتە ئۆتێلەکەوە، مارتا حەقیقەتی پێ دەڵێت و پێشنیارێکی دڕندانەی پێ دەکات:- مارتا، بەڵام ئەمەت لە یاد بێت، نە بۆ ئەو، نە بۆ ئێمە و نە بەتەواوی لە ژیان یان مەرگدا، هێمنی و ئارامی و نیشتمان بوونی نییە، چونکوو دەبێت قبووڵی کەیت کە ئەو کەلاوە تاریکەی ژێری زەوی کە لێرەوە بەرەو ئەوێ بەڕێدەکەوین تاکوو ببین بە خۆراکی ئاژەڵە کوێرەکان، بە ئەستەم بشێت پێی بگوترێت نیشتمان. ماریا، ئەو بۆ دۆزینەوەی نیشتمانێکی تر بوو کە لەودیو زەریاوە هات. مارتا، ئێمە فریومان خواردووە، بزانە فریومان خواردووە! ئەم هەوەسە کوێرانە کە لەناخمانەوە سەرهەڵدەدەن، ئەم تینوویەتییە ئاگراوییە کە رۆحمان دەقژقژێنێت، بەکەڵکی چی دێت؟ بۆچی زەریامان بوێت، یان عەشق؟ چ بێهوودەگییەک، مێردەکەی تۆ ئێستاکە دەزانێت وەڵام چییە: ئەو کەلاوەیەی کە لەکۆتایی دا هەموومان بە گرمۆڵەیی لەتەنیشت یەکەوە تێیدا دەخەوین(CTOP،132-(133)
کامۆش، وەکوو مارتا، وا بیری دەکردەوە کە ئەم تینوویەتییە ئاگرئاوییە بۆ داسەکنان و حەجمان لەنیشتمانی ونکراو دا (خەونی فلۆتین) بێهوودەیە، بەڵام بە پێچەوانەی مارتاوە، هەوڵیدەدا تێبگات ئایا شێوازی ژینکردنی ژیان بەراستی بایەخی هەیە یان نا.
وهرگێڕان و پێشهکی: عادڵ قادری