شەڕی درۆنەکان، ئەو چەکەی ئێستا جیھان داگیرکردووە، کە نەیارەکانی کورد ھەر کە بیانەوێت پەیامێک بۆ کورد بنێرن کە تەسلیمی ویستی ئەوان ببن درۆنێک بۆ دەنێرن!
بە درێژایی مێژوو کورد ھەمیشە بەرنگاری داگیرکار و نەیارەکانی بووەتەوە، بەپێی ھەموو گیڕانەوەی مێژوونووسانی جیھان کورد چاونەترس و مێرخاس بوونە، کورد یەکێکە لە چاونەترسترین میللەتەکانی ناوچەکە. کە ھۆلاکۆی مەغۆلی لەشکەری خۆی نارد بۆ داگیرکردنی ھەولێر، فەرمانڕەوای ئەوکاتەی ھەولێر بەبێ شەڕ تەسلیم بوو، ھیچ کەس و میللەتێک جورئەتی نەبوو شەڕ لەگەڵ لەشکەرە مەزن و دڕندەکەی ھۆلاکۆ بکات کوردەکان نەبن، شەو کوردەکان لە قەڵای ھەولێر دەھاتنە دەرەوە شەڕی لەشکەری ھۆلاکۆ دەکرد چەندین لەشکەری لێ دەکۆشت و دەگەڕانەوە بۆ قەڵاکە، کوردەکان ھەمیشە بەوەناسرابوون کە ملکەچی ھیچ کەس و ئیمبراتۆریەتێک نابن، سرۆشتی ئەوان وایە ویستی سەربەخۆیان لەسەر زاڵە، ھەمیشە ھەوڵیان داوە ئازاد بن، بۆ ئازادیش شەڕی دەکرد کە دەزانی شەڕ بەتەواوی نابەرامبەرە زۆربەیان بە ناچاری کۆچیان دەکرد بۆ ئەوەێ ژێردەست و ملکەچی داگیرکارەکان نەبن.
کورد ھەمیشە بوێرتر و چاونەترستربووە لە دۆژمنی خۆی، گەر سەرکەوتنی شەڕ بە چاونەترسی بووایە ھەموو دۆژمنەکانی کورد بەیەکەوە ھەرگیز نەیان دەتوانی لەشەڕەکاندا سەرکەوتن بەدەستبھێنن بەرامبەر بە کورد، بەڵام ئەوەی شەڕ یەکلایی دەکاتەوە ئامرازەکانی شەڕن کەچی لەبەردەستە. لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم (1840) بەسەرەوە میر بەدرخان تێگەیشت کە ھۆکاری شکستە یەک لە دوای یەکەکانی میرە سەربەخۆخوازەکانی کورد نەبوونی ئامرازی سەردەمی شەڕە، گەر کورد سوارچاک و شەڕکەی زۆر باشی ھەبێت دۆژمنی کورد ڕەشاش و بۆمبی زۆرباشی ھەبووە، بۆیە ھەر سەرەتا دەست بە دروستکردنی دوو کارگەی چەکی لە جزیرە کرد، چەندین گەنجی کوردیش ناردە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئەوەی شارەزایی دروستکردنی چەک بن. ئەوەبوو میر بەدرخان سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند، ئیمبراتۆریەتی عوسمانی کەوتە لەرزین نەی توانی بەرنگاری دەوڵەتی میر بەدرخان ببێتەوە، تووشی چەندین شکست بوون، دەوڵەتی میریش ھەر لە فڕوانبوون دابوو، لە کۆتایی دا فەرەنسا و بەریتانیا بەھانای عوسمانییەکان ھاتن، لەگەڵ ئەوەش گەر خیانەتی یەزدان شێری ئاموزای میربەدرخان نەبوایە عوسمانیەکان بە ھاوکاری بەریتانیا و فەرەنساش نەیان دەتوانی دەوڵەتی میر بەدرخان لەناوببەن چونکە میر بەدرخان ھەم شەڕکەری زۆرباشتر لەوان ھەبوو و ھەمیش چەکی تا ڕادەیەک باشی ھەبوو کە خۆی ئامادە دەکرد.
ئێستاش لە ھەرێمی کوردستان کورد ھەموو شتێکی ھەیە، چەکی زۆر باشی ھەیە، لەشکەرێکی بوێری ھەیە کە بوێری و جاونەترسیەکەی دە ئەوەندەی ھەموو دۆژمن و داگیرکارەکانیەتی، بەڵام چەکی سەردەم نیەتی کە تەکنۆلۆژیایە، کەبەتەواوی کورد بەو چەکە نامۆوە و پشتگوێ خستووە، کورد ناتوانێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات ھەم قەدەغەیە ھەم دەوڵەتی و زڵھێزی نیە کە گوێ بە جیھان نەدات بۆ دروستکردنی ئەو چەکە، بەڵام خۆ کورد دەتوانێت خۆی دەوڵەمەند بکات بە چەکی تەکنۆلۆژیا، کە نەیارەکانی کورد عەمبارەکانی پڕکردووە لەو چەکە، ئێستا باوی لەشکەرکێشی نەماوە بەڵکو ھەر درۆنێک دەنێردرێت بۆ ئەوەی بەتەواوی تۆ ملکەچ و تەسلیم بکات، کە چوار دەوری کوردستان خۆیان دەوڵەمەندکردووە بەو چەکە، کە ھەر جارێک بیانەوێت پەیامێک بەکورد بگەینێن درۆنێک بۆ کورد دەنێرن. دەوڵەتانی نێودەوڵەتی کەخۆیان بە پۆلیسی جیھان دەزانن جگە لە سەرکۆنەکردن ھیچی تریان ناکەن، سەرکۆنەکردنیش ڕێ لە درۆن ناگرێت بەڵکو درۆن یان چەکی باشتر لە درۆن ڕێ لە درۆنەکانی ئەوان دەگرن، کوردیش بۆ ئەوەی حسابی بۆ بکرێت پێویستی بەھێزە، ئەوکاتیش ھێزت دەبێت کە چەکی سەردەمت ھەبێت کە بە درێژای مێژوو تا ئێستا کورد ھەموو شتێکی ھەبووە تەنھا چەکی سەردەمی نەبووە، بوویە ھەمیشە دەبێتە قوربانێ بەرژنەوەندی زڵھێزەکان و دەچەوسێنرێت لای چواردەوری. لەکۆتایی دا بۆ ئەوەی کورد بەرنگاری دۆژمنی شارەوای ئێستا خۆی ببێتەوە کە درۆن بەدوای درۆن بۆ دەنێرن دەبێت درۆن یان چەکی باشتر لە درۆنی ھەبێت.