نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەى هەشتا هەزار سەربازى ئاشتی پارێزى هەیە، کە بودجەى ساڵانەیان نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە، لەبارەى رۆڵ و کاریگەرى هێزى ئاشتی پارێزى نەتەوە یەکگرتوەکان، توێژەران بۆچونى جیاوازیان هەیە. توێژەرێک دەڵێت: (٧٥%)ی ئەو شەڕە ناوخۆییانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردانی تێدا کردووە، دوای دە ساڵ لە وەستان دەستیان پێکردووەتەوە، بەڵام توێژەرێکى دیکە بەو ئەنجامە گەیشتوە کە (85%)ی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەدەستهێنانی ئاشتی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن یان کەمکردنەوەی ماوەی جەنگ سەرکەوتوو بووە. رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٤٥) دامەزراوە، لەسەرەتادا هەرگیز مەبەستى نەبووە هێزێکی شەڕکەری تایبەت بە خۆی هەبێت؛ بۆیە لە میساقەکەیدا ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی ناکات. بەڵام هەر زوو دەرکەوت ئەگەر ڕێکخراوەکە هیوای بەدیهێنانی سەرەتاییترین ئامانجەکانی هەبێت، بوونى ئەم جۆرە هێزانە پێویستن.
ئامانج لە کاری ئاشتیپارێزان پاراستنی هاووڵاتیان و ڕاهێنانی هێزەکانی پۆلیس و چەکداماڵینی میلیشیاکان و چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخستنی هەڵبژاردن و دابینکردنی فریاگوزاری بەپەلە و بنیاتنانەوەی سیستەمی دادگا و پشکنینی زیندانەکان و بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەرییە، لەو ناوچانەى کە شەڕ و ئاژاوەی تێدا بڵاوبۆتەوە. ئاشتیپارێزان دوای راگەیاندنى ئاگربەست لەنێوان لایەنە شەڕکەرەکان، لەسەر بانگهێشتی حکومەتى خانەخوێ و بە ڕەزامەندی هەموو لایەنە شەڕکەرەکان، بە مەرجێک هەموو ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنى ئاسایش ڕازی بن و هیچ ئەندامێک دژى بیرۆکەکە نەبێت، دەچنە وڵاتان. لەدوای سوپای ئەمریکا، هێزى ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان دووەم گەورەترین هێزی سەربازیيە کە لە دەرەوەی وڵات جێگیرکراون، چونکە لە چواردە وڵاتدا زیاتر لە (٧٨) هەزار سەرباز و (٢٥) هەزار مەدەنی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەن.
“تۆمارى هێزە ئاشتی پارێزەکان”
هەرچەندە زۆرجار هێزە ئاشتی پارێزەکان لە بەدیهێنانى ئامانجە بنەڕەتیەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون، تەنانەت لە چەندین شوێندا، لەکاتى تووندبوونەوەى جەنگەکاندا وەکو تەماشاکار و بینەرێکى بێدەسەڵات بوون، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانى تووندوتیژییەکاندا، سەرکردەکانی جیهان وەک چارەسەرێک داواى هێزە ئاشتیپارێزەکان دەکەن، ئەو هێزانەش بەبێ بنەبڕکردنى هۆکارى شەڕەکان، تەنها بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان، سەرکەوتن رادەگەیەنن. کەچى نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشەی ئەوە دەکات کە “لە دەیان وڵاتدا لەڕێگەى ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووانە بۆ پاراستنی ئاشتی، یارمەتی کۆتایی هێنان بە ململانێکان و بەرەوپێشبردنی ئاشتەوایی داوە”. بیرۆکەى دروستبوونى هێزە ئاشتیپارێزەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٤٨)، کاتێک ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فەلەستین داوایکرد کە تیمێک یان گرووپێکی بچووک لە پاسەوانانی نەتەوە یەکگرتووەکان بنێردرێت، بەمەبەستى چاودێریکردنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و دراوسێ عەرەبەکانیدا.
ناردنى هێزى ئاشتی پارێز بۆ وڵاتان، پەیوەستە بە رەزامەندى تەواوى وڵاتانى ئەندامى ئەنجومەنى ئاسایش، بۆیە لەکاتى توندبوونەوەى ململانێکانى نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، ئەگەرى بەکارهێنانى ڤیتۆ زۆر دەبێت، هەر ئەوەش وایکرد ناردنى ئاشتیپارێزەکان لە کاتی شەڕی سارددا دەگمەن بێت. بە بەڵگەى ئەوەى لە ماوەی ساڵانی (١٩٤٨ تا ١٩٧٨)، سێزدە نوێنەرایەتی و شاندی ئاشتی پارێزی پێکهێنراون، بەڵام لە ماوەی ساڵانی (١٩٧٩ بۆ ١٩٨٧)دا هیچ نوێنەرایەتییەکی ئاشتی پارێزی نەبووە. دواى کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، لەماوەى (نیسانی ١٩٩١ تا ئۆکتۆبەری ١٩٩٣)، نەتەوە یەکگرتووەکان (١٥) ئۆپەراسیۆنی نوێی ئاشتی و سەقامگیری دەستپێکرد – زیاتر لەوەی لە چل ساڵی یەکەمی مێژووی خۆیدا کردبووی. ئەنجومەنی ئاسایش بەردەوام بوو لە ناردنی نوێنەرایەتییەکان، بەجۆرێک لەنێوان ساڵانی (١٩٩٤ و ١٩٩٨) ڕێگەی بە (١٦) نوێنەرایەتی دا. لە ساڵی (٢٠٠٠)یشەوە هەژدە نوێنەرایەتی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراونەتەوە، کە بەدەر لە ئەرکەکانى پێشوویان، هاوشانى سوپاى حکومەتەکان دەتوانن بەرەنگارى یاخیبووان ببنەوە، ئەو کارەشیان لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست ئەنجامدا کە کۆماری کۆنگۆ و مالی لەخۆدەگرێت.
سەربارى خۆپارێزییەکى تووندى هێزە ئاشتیپارێزەکان، بەڵام پریشکى ئاگرى جەنگەکانیان هەر بەردەکەوێت، بەو هۆیەوە لە ساڵانى رابردوودا چەندین کەسیان بوونەتە قوربانى. بەنموونە لە سۆماڵ بەهۆى هێرشی چەکداری بۆ سەر هێزە ئاشتیپارێزەکان، دەیان سەرباز و ئەندامى ئەو هێزانە کوژران. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (1993)شدا، دەیان ئاشتیپارێزی پاکستانى لە مۆگادیشۆ لەلایەن میلیشیاکانەوە کوژران. لە هەرێمى کوردستان و لە (14/4/1994)، بەهۆى بۆردومانێکى هەڵەى هێزەکانى ئەمەریکا، (26) کەس کوژران، کە هەژدەیان سەربازى ئەمەریکى بوون و ئەوانى دیکەش تیمێکى مەدەنى ئەمەریکى و بەریتانى و فەرەنسى و تورکى و کوردى بوون کە ئەرکیان هاوکاریکردنى نەتەوە یەکگرتوەکان بوو، لە چوارچێوەى ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری ناڕەحەتیدا (بۆ پاراستنی کورد). بەدەر لە کوژران و برینداربوونیان، بەهۆى بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی بیانی، هەروەها بیرۆکەی بیانی و کۆکردنەوەى زانیارى بە شێوەیەکی سەرەکی لە نوخبەکانەوە، وڵات لەدوای وڵات دانیشتووان گلەیی ئەوە دەکەن کە ئاشتی پارێزەکان خۆبەزلزانن و لە خانووی لوکس و پارێزراودا دەژین و ئۆتۆمبێلی گرانبەها لێدەخوڕن و کاتێکی زۆر بە پشودان بەسەردەبەن و زۆر بەکەمى کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
لە دەرەنجامى ئەو سەرنجانەدا، خەڵکی سەلڤادۆر نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە وڵاتەکەیان بە “مۆڵەتخوازە یەکگرتووەکان” ناودەبرد، قوبرسییەکان بە “پارێزەری کەنار دەریا” ناویان دەبردن و بۆسنەییەکانیش گاڵتەیان پێدەکردن و بە “سەنفورە” ناویان دەبردن. لەلایەکى دیکەوە، لە هەندێن شوێن ئاشتی پارێزەکان تۆمەتبار دەکرێن و سکاڵایان لەسەر تۆماردەکرێت. بە نموونە لەماوەی (١٢) ساڵی ڕابردوودا، نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی هەزار سکاڵاى پێگەیشتووە کە ئاشتی پارێزەکانى بە ئەنجامدانى دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبارکردووە، بەتایبەتى لە بۆسنە و هایتی و کۆسۆڤۆ، لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کە کۆنگۆ و سۆماڵیش دەگرێتەوە، ئەو هێزانە تۆمەتبار کراون بە بەشدارییان لە ئەشکەنجەداندا.
“هەڵسەنگاندنى ئەزموونى ئاشتیپارێزەکان”
لەمێژوى کارکردنیاندا، هێزە ئاشتی پارێزەکان خاوەنى تۆمارێکى تێکەڵاو لە سەرکەوتن و شکستن. بە نمونە لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان لە (١٩٧٣)، لە جێبەجێکردنی ئاگربەستێک بەدرێژایی سنووری نێوان میسر و ئیسرائیل لە سینا سەرکەوتوو بوون، بەڵام لە جێبەجێکردنى هەمان کاردا لە سنووری ئیسرائیل و سوریا لە بەرزاییەکانی جۆلان شکستیان هێنا. هەرچەندە بەهۆی بەشداریکردنیان لەو پرۆسەیەدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان وەرگرت. لەسەروەختى جەنگى سرب و موسڵمانەکاندا لە (1995)، زیاتر لە هەشت هەزار موسڵمانی بۆسنە لەلایەن سربەکانەوە کوژران، کەچى هێزەکانی ئاشتی پارێز وەکو تەماشاکەر وەستابوون و سەیری گروپە چەکدارە ناوخۆییەکانیان دەکرد کە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی مرۆییان ئەنجامدەدا. لە بۆرۆندى، هێزە ئاشتی پارێزەکان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٦) لە دامرکاندنەوەی تووندوتیژییەکانى شەڕی ناوخۆ و یارمەتیدانی وڵاتەکە بۆ گواستنەوە بەرەو دیموکراسی سەرکەوتوو بوو، بەڵام دوای دە ساڵ بۆروندی گەڕایەوە بۆ دیکتاتۆریەت و شەڕ. لە لیبریاش سەرەڕای هەندێک ئەنجامی ئەرێنی، ئاشتپارێزەکان لە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوخۆیی و سەقامگیرکردنى ئاشتى لە شارۆچکەکاندا سەرکەوتوو نەبوون.
پێدەچێت ئەزمونى قوبرس دیارترین نموونەى شکستى ئەو هێزانە بێت، چونکە لە ساڵى (1964)ەوە تائێستا لە یەکگرتنەوەى دوورگەکەدا سەرکەوتوو نەبوون، کە بەسەر هەردوو بەشى قوبرسی یۆنانی و قوبرسی تورکیدا دابەشبووە. بەوتەى چاودێران، هۆکارى شکستى نەتەوە یەکگرتوەکان جۆراوجۆرە، دیارترینیان تێنەگەیشتنە لە هۆکارەکانى بەدیهێنانى ئاشتییەکی بەردەوام، سەربارى ستراتیژی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرنجیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و مەیلییان بەرەو ئەو ڕێککەوتنانەیە کە لە سەرەوە بۆ خوارەوە لەگەڵ نوخبەدا ئەنجام دەدرێن. بەڵام گرتنەبەری ستراتیژییەکانی لە خوارەوە بۆ سەرەوە فەرامۆش دەکەن، کە پشت بە زانیاری ناوخۆیی دەبەستێت و ڕێگە بە خەڵکى دەدات خۆیان باشترین رێچکەى بەرەوپێشبردنى ئاشتى دیاری بکەن.
ڕێبازی ستانداردی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان و ڕێککەوتنی نێوان حکومەت و سەرکردە یاخیبووەکان، بریتییە لە میوانداریکردنی کۆنفرانسی گەورە و گرانبەها، بەمەبەستى ئەنجامدانى دەنگدانی نیشتمانی و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن. بەڵام ئەگەر گرفتەکان چارەسەر نەکرێن، ئەوا ئەنجامدانى هەڵبژاردن زیانى لە سود زیاترە. بەنمونە لە ئەنگۆلا لە ساڵی (١٩٩٢)، دەنگدانی پێشوەختە بووە هۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان پارتی دەسەڵاتدار و گروپی سەرەکی یاخیبوو، کە لە ئەنجامدا تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا مردنی زیاتری لێکەوتەوە، بە بەراورد بەو شەڕە حەڤدە ساڵیەی کە گوایە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی پێهێنابوو. گرفتێکى دیکەى نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەیە هێندەى پشت بە کەسانى بیانى دەبەستێت، ئەوەندە پشت بە هاووڵاتیانى وڵاتەکە نابەستێت، جگەلەوەى هەندێکجار سەربازانى هێزە ئاشتیپارێزەکان لە زمانى یەکتر تێناگەن، یاخود زمانى دانیشتوانى وڵاتەکە نازانن، بۆ نموونە لە قوبرس کەم ئاشتیپارێز بە زمانی یۆنانی یان تورکی قسە دەکەن؛ هەمان شت بەسەر زمانی عەرەبی یان نوێر لە باشووری سودان، هەروەها ئەلبانی، سربی یان کرواتی لە کۆسۆڤۆ و فەرەنسی یان هایتی کارابولی لە هایتیدا دەچەسپێت.
یەکێتى دیکە لەو رەخنانەى لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەگیرێت ئەوەیە دەیەوێت یەک ئەزمون لە هەموو شوێنەکان دووبارە بکاتەوە و بارودۆخى ناوچەکان لەبەرچاو ناگرێت، هەر ئەوەش وایکرد داماڵینی چەک و تێکەڵکردنەوە لە بۆرۆندی و سیرالیۆن سەرکەوتوو بێت، بەڵام لە هایتی و باشووری سودان شکست بهێنێت. بەپێی هەڵسەنگاندنى مایکل گیلیگان و ئێرنست سێرجینتی، (85%)ی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەدەستهێنانی ئاشتی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن یان کەمکردنەوەی ماوەی جەنگەکان سەرکەوتوو بوون. هەروەها ڤێرجینیا فۆرتینا، نووسەری کتێبی “ئایا ئاشتی پارێزی کاردەکات؟” جەخت لەوە دەکاتەوە کە بوونی هێزەکانی ئاشتی پارێز مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکە لەنێوان (55% بۆ 62%) کەمدەکاتەوە. هەریەکە لە “لیزا هۆڵتمان و جاکۆب کاثمان و مێگان شانۆن” باس لەوەدەکەن جێگیرکردنی هێزەکانی ئاشتیپارێزی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی مردن لە بەرەکانی شەڕ و هەروەها کوشتنی کەسانی مەدەنی.
لە بەرانبەردا، جێرمی واینشتاین رایدەگەیەنێت (٧٥%)ی ئەو شەڕە ناوخۆییانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردانی تێدا کردووە، دوای دە ساڵ لە وەستان دەستیان پێکردووەتەوە. هەروەها “مایکل دۆیل و نیکۆلاس سامبانیس” لێکۆڵینەوەیان لە (١٣٨) ئۆپەراسیۆنی ئاشتی کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە نزیکەی نیوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە ئاشتی پارێزانیان تێدایە، نەیانتوانیوە تووندوتیژی کەم بکەنەوە یان دیموکراسی بەدەست بهێنن. هەرچى ڕۆلاند پاریسە کە شیکاری بۆ (١١) ئەرکی ئاشتیپارێزی کردوە، بۆی دەرکەوتوە کە تەنها دوو ئەرکیان توانیویانە ئاشتییەکی بەردەوام دروست بکەن.
“پێداچوونەوە بە کارى ئاشتی پارێزەکاندا”
لە ساڵی (1999) نەتەوە یەکگرتووەکان بۆی دەرکەوت کە دەبێت بە ڕێبازەکەیدا بچێتەوە. بۆیە “کۆفی ئەنان” سکرتێری گشتی ئەوکاتى نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێشتر سەرۆکایەتی بەشی ئاشتیپارێزی ڕێکخراوەکەی دەکرد، تیمێکی بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕاسپارد و داوای پێداچوونەوەی بە دوو ئۆپەراسیۆنی گەورەی دەستێوەردانی نێودەوڵەتیدا کرد. ئەو ڕاپۆرت و گفتوگۆیانە گۆڕانکاری بەسەر ڕێبازی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی پارێزی هێنا. چیدى ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتی پارێزی تەنها لە چاودێریکردنی پاسیڤ و پاراستنی هێڵەکانی ئاگربەستدا سنووردار نەبوو. بەڵکو دەبوو هەڵوێستێکی چالاکانە بگرنەبەر و بۆ ڕێگریکردن لە شەڕکەران لە ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی، هێزی سەربازی بەکاربهێنن.
دەرئەنجامی ئەو پێشهاتانەش ئەوەیە کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتی پارێزی ئێستا زۆر جیاوازن لەوانەی کە لە سەردەمی شەڕی سارددا هەبوون. لەبری ئەوەی تەنها ئامرازێک بن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکانی ناو وڵاتێک و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی نێوان وڵاتان بە پلەی یەکەم، ئێستا هێزەکانی ئاشتیپارێز سەرنجیان لەسەر پاراستنی ئاشتی لەناو وڵاتاندایە. لەئێستادا مەودای ئەرکەکانی ئاشتی پارێزی فراوانتر بووە و لیستێکی درێژی ئەرکە ئاڵۆزەکانی لەخۆگرتووە، هەر لە ڕێکخستنەوەی سوپاکانەوە تا پاراستنی دانیشتووان و پشتگیریکردن لە ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکان دەگرێتەوە. جگەلە سەرباز و ئەفسەری سەربازی، نوێنەرایەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا کەسانی پسپۆڕ لە بواری گەشەپێدان، جێندەر، سیاسەت، ئابووری، بەڕێوەبردن، دادپەروەری، مافی مرۆڤ، پاککردنەوەی مین، هەڵبژاردن، میدیا و پەیوەندییەکان دادەمەزرێنن.
داکۆکیکارانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ئاشتی پارێزەکان یەکێک لە قورسترین ئەرکەکانی جیهانیان هەیە. چونکە لە شوێنی پڕ لە میلیشیای چەکداری بێبەزەیی و سوپای دڵڕەق و بەرپرسانی گەندەڵ و ژێرخانی وێرانە کاردەکەن. یاخیبووانیش نایانەوێت هاوکاری لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی ئاشتیپارێزی بکەن. جگەلەوەى بودجەى ساڵانەیان نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە، کە لە (0.5%)ی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان کەمترە. ئەو داکۆکیکارانە دەڵێن ئاشتی پارێزەکان بەشی پێویست کارمەندی سەربازییان لە سەر زەویدا نییە، بۆ نموونە لە بیابانی ڕۆژئاوا بۆ هەر (٤٠٠) میلى چوارگۆشە نزیکەی یەک کەتیبە یان نێردەیەکى ئاشتیپارێز هەیە، لە کۆنگۆ بۆ هەر پەنجا میلى چوارگۆشە تەنها یەک نێردە هەیە، لە باشووری سودان بۆ هەر سی میلى چوارگۆشە یەک نێردە هەیە. بەراورد بە لوتکەی شەڕی ئەمریکا لە ئەفغانستان، کە بۆ هەر دوو میل چوارگۆشە یەک سەربازی بیانی هەبوو، یان بۆ خودی ئەمریکا کە بۆ هەر چوار میل چوارگۆشەیەک بۆ جێبەجێکردنی یاسا یەک ئەفسەری هەبوو.
لەوەڵامى رەخنەگراندا، داکۆکیکاران دەڵێن: بەو پێیەی نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەنی هێزى سەربازی خۆی نییە، دەبێت پشت بە وڵاتانی ئەندام ببەستێت. وڵاتانیش ئامادە نین ژیانی سەربازەکانیان بخەنە مەترسییەوە لە ململانێکاندا کە هیچ بەرژەوەندییەکیان تێدا نییە، بۆیە زۆرجار چەند مانگێکی دەوێت تا نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هێزانە کۆبکاتەوە کە پێویستی پێیەتی. بەو هۆیەوە زۆرجار سەربازى کەم ڕاهێنراو و بە مووچەیەکى کەم لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوەوە کۆدەکرێنەوە. بە نمونە لە ساڵی (٢٠١٨) بەنگلادیش و ئەسیوپیا و ڕواندا بەشداربووانی سەرەکی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون. ئەو هێزانە زۆرجار بەبێ هێلیکۆپتەر و بە ئۆتۆمبێلى کۆن هاتوچۆ دەکەن. ئەوەى کارەکان خراپتر دەکات ئەوەیە سەرکردەکانیان ڕاپۆرت تەنها نادەنە فەرماندەیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکو بۆ زنجیرە فەرماندەیی وڵاتەکانیشیان دەینێرن. ئەم ئەفسەرانە دەزانن وڵاتەکەیان چاوەڕوانی چییان لێدەکات: هێزەکانیان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان. لە دۆخى هەڵبژاردنى جێبەجێکردنی ئەرک و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوورکەوتنەوە لە قوربانیدان، بەگشتی دووەمیان هەڵدەبژێرن. ئەمەش بەڕاستی لە ساڵی (١٩٩٥) لە شاری سرێبرێنسیا ڕوویدا، کاتێک فەرماندەی کەتیبەیەکی ئاشتیپارێز کە هۆڵەندی بوو، هەرچەندە ژمارەیان زۆرتر و چەکیشیان زیاتر بوو، بەڵام سەربازەکانی وەکو تەماشاکەر وەستابوون، لەکاتێکدا هێزەکانی سربیا نزیکەی هەشت هەزار پیاو و کوڕی موسڵمانیان دەستگیرکرد و کوشتیان.
“پووختەى ئەزمونەکان”
بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ئەو وڵاتانەی بەدەست ململانێیەوە دەناڵێنن، نابێت ئامانج نەهێشتنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی بێت، بەڵکو دەبێت پەرەپێدانیان بێت. بنیاتنانی ئاشتی پێویستی بە ملیارەها دۆلار هاوکاری یان دەستێوەردانی گەورەی نێودەوڵەتی نییە. زۆرجار بەهێزکردنی هاووڵاتیانی ئاسایی لەخۆدەگرێت، کەچى لەئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی بنیاتنانی ئاشتی لە خوارەوە بۆ سەرەوە بە شتێکی لاوەکی دەزانێت. نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە نووسینگە یان بەشی تایبەتمەند بۆ ئاشتی سازی لە خوارەوە بۆ سەرەوە دابمەزرێنێت، بە کەسانی پسپۆڕ لە شیکەرەوە و چارەسەرکاری ناکۆکییەکان لەبنەڕەتەوە تەیاریان بکات. ئەم کارمەندە نوێیانە دەبێت ڕێنمایی پێشکەش بکەن و ڕاهێنان بە هاوکارەکانیان بکەن. پێویستە پێشەنگایەتی و کۆنتڕۆڵ لاى خەڵکانی ناوخۆیی بێت و بیانییەکانیش لەدواوە بمێننەوە. لەبری سەپاندنی یەک بیرۆکە یان بەرگریکردن لە بیرۆکەیەکی دیاریکراو بەوپەڕی هێزەوە، دەبێت ئاشتیپارێزان چەندین بژاردە پێشنیار بکەن، لایەنە باش و خراپەکانی هەریەکەیان ڕوون بکەنەوە، بۆ جێبەجێکردنی هەر پلانێک کە خاوەن بەرژوەندییە ناوخۆییەکان لەسەرى رێکدەکەون، پاڵپشتی دارایی، لۆجستی، سەربازی، و تەکنیکی پێشکەش بکەن.
لەئێستادا، ئەوە ئاشتیپارێز و دیپلۆماتکارە بیانییەکانن نەک هاووڵاتیانی ئاسایی کە لەنێوان ئەم ئامانجانەدا: دیموکراسی و ئاشتی، یان ئاشتی و دادپەروەری، یەکێکیان هەڵدەبژێرن. باشتروایە ئەو کەسانەی کە دەبێت لەگەڵ دەرئەنجامەکانی هەر بڕیارێکدا بژین، خۆیان ئەو بڕیارە بدەن. بۆ نموونە لەو شوێنانەی کە ڕەنگە گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکان لەسەر حیسابی چارەسەرکردنی سەرچاوە کاریگەرەکانی دیکەی ململانێ (وەک هەژاری) بێت، ئەوا پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە پەسەندترین بژاردەیاندا بنێت. ئەگەر بەڕاستی داواکاری بۆ هەڵبژاردن هەبێت، دەتوانرێت بە خێرایی ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەر هاتوو خەڵکى زیاتر گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە بدەن، ئەوا نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت دیموکراسی بخاتە لایەک و سەرچاوە کەمەکانی خۆی بخاتە خزمەت چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە بنەڕەتیانەی کە دەبنە هۆى هەڵایسانى شەڕ.
* ئەم بابەتە پوختەى راپۆرتێکى درێژى (سێڤرین ئۆتیسیری)یە کە لە (11/شوبات/2019) لە گۆڤارى “فۆرن ئەفیەرز: کاروباری دەرەوە” لە ئەمەریکا بڵاوبۆتەوە.