لە گەرمەی هاوینی ساڵی ١٩٣٠ منداڵێک لە مەشهەد، لە بنەماڵەیەکی ئاین-پەروەر لە دایک دەبێت ناوی دەنێن عەلی. باپیریشی ناوی عەلی بوو. پاش ساڵانێکی زۆر ئەم منداڵە دەبێتە ئایەتواللە و لە نەجەف دەگیرسێتەوە. پاش ڕوخانی ڕژێمی سەدام، نەجەف دەبێتە یەکێکە لە ناوەندەکانی دەسەڵات لە ئێراق، بە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتەوە. نەجەف بۆ خۆی خاوەن دونیایەکی تایبەتە، نەک تەنها لە ئاستی دینی و ڕیتواڵەوە، بەڵکو لە ڕووی بونی نوخبەیەکی تایبەتی دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. ئەمڕۆ لە جیهانی شیعیدا، پاش سەرهەڵدانی قوتابخانەی ڕادیکاڵی قوم، نەجەف وەک قوتابخانەیەکی تایبەت دەبینرێت. ئەم قوتابخانەیە بە قوتابخانەی کپ دادەنرێت و قوتابخانەی قوم بە شۆرشگێڕیی یان ڕادیکاڵ. لە هەمانکاتدا نەجەف خۆی بە بەشێک لە ولایەتی حسبیە دەژمێرێت کە بەرپرس نیە لە سەرجەم پانتاییەکانی ژیانی شوێنکەوتوانی، بە پێچەوانەوە ولایەتی فەقیه ماف بە خۆی دەدات کە دەستوەردان بکات لە وورد و درشتی ژیانی شوێنکەوتوانیدا.
لێکۆڵەری ئێراقی سەجاد سالم کتێبێکی تایبەتی دەربارەی ژیان و کەسایەتی و کاریگەریی سیستانی نوسیوە کە ناوەندی سەدە، بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بۆیان چاپ کردوە. بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە ڕێگای وەتس-ئاپەوە قسەم لە گەڵ سەجاد کرد، زۆری پێخۆش بوو کتێبەکەی بە ناوەندی کوردی بناسرێت. سەجاد ئەم کتێبەی زیاتر بۆ کەسانی دەرەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوسیوە. هەرچەندە من وەها هەست دەکەم، زانیارییەکی زۆر کەم و ڕوکەش هەیە دەربارەی سیستانی و ناوەندی دەسەڵاتی نەجەف و چۆنێتی پیادەکردن و بەڕێوەچونی دین و سیاسەت لە نەجەف، لە ناوەندی کوردیدا. ئەمە کەمییەکی زۆر خراپە لە کاتێکدا نەجەف لە پاش ڕوخانی سەدامەوە، ڕۆڵێکی هەتا بێت کاریگەر دەبینێت لە ناو کایەی سیاسەتی ئێراقیدا و کوردیش بەدەرنیە لە پێودانگەکانی.
بە دیدی سەجاد سیستانی کاریگەرترین دەسەلاتداری شیعەیە لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە هەتا ئەمڕۆ، لەبەر سەرکەوتویی لە بوارەکانی دین و سیاسەت و دانپیانانی نێودەوڵەتیی و هەروەها بونیادنانی ڕوانگەی کۆمەڵایەتی کە جیاوازە لە دیدی خومەینی کە خوازیاری حوکمداریی ڕاستەوخۆی مەلا دینیەکانە لە ناو کایەی سیاسەتدا. هەندێک ئەم ڕوانگەی سیستانی بە نیمچە کپ، لە قەڵەم دەدەن، چونکە نە بەتەواوی دابڕاوە و نە لە هەموو کات و بوارێکدا دەستوەردان دەکات. بە دیدی من دەبێت جیاکاری بکرێت لە نێوان ڕۆڵی حەوزە کاتێک کە شیعە لە دەسەڵاتدان و کاتێک کە شیعە لە دەرەوەی حوکمداریدان. ئەم جیاکارییە گرنگە، لە کاتێکدا کە نەرێتی نادەسەڵاتیی بە سەر دونیابینی شیعەدا زاڵە، کە ئەمەش کۆمەڵێک کاریگەریی زۆری هەیە لە سەر چۆنێتی بەڕێوەبردنیان بۆ دەسەڵات.
(لێرەدا جەدەلێک هەیە دەبێت لە بەرچاوی بگرین: شیعە هەمیشە ئاینی دەسەڵات، شیعە هەمیشە ئۆپۆزسیۆنە).
بە درێژایی مێژوو حەوزە پشتیوانی خەڵکی شیعەبووە کاتێک لە دەرەوەی دەسەڵات بوون، بەڵام کاتێک لە دەسەڵاتدان، چۆن مامەڵە دەکات؟ وە ک پشتیوانی شیعە یان وەک پشتیوانی دەسەڵات، یان یارییکردن لە نێواندا. قوتابخانەی خومەینی ڕاستەوخۆ پشتیوانی شیعەیە. بەڵام سیستانی دەیەوێت خۆی لە دەرەوەی تایفەگەریی ببینێت.
لەم ڕوانگەیەوە سیستانی لای شیعەی ناڕازی لە ئێراق و غەیرە شیعەکان ڕوبەڕوی ڕەخنە دەبێتەوە. لە ڕاستیدا پەیوەندی نێوان حەوزەی نەجەف و بەغدا، پەیوەندییەکی ئاسایی تاک ڕەهەند نییە. لە کاتێکدا نەجەف دەیەوێت خۆی وەها پێشانبدات کە پشتیوانی نوخبەی دەسەڵاتدارنیە، بە تایبەتی کە زۆربەی زۆری خەڵکی شیعە دژ بەو نوخبەیەن، لە هەمانکاتدا، هەڵوێستەکانی لە ساتەوەختە کاریگەرەکاندا، بە قازانجی نوخبەی دەسەڵات شکاتەوەتەوە، بە تایبەتی لە فەتوانی کیفائی کە بوو بە بنەمای دروستبونی حەشدی شەعبی.
دەکرێت بوترێت کە حەوزە هەڵوێستەکانی ناو بە ناو، پەیوەست بە دۆخ و پرس و بەرژەوەندییەکان دەگۆڕین، ئەمەشە هەندێک سیستانی بە میکیاڤیللی ناو دەبەن، بەڵام ئەگەر بە دوور لە هەڵوێست وەرگرتن تەماشای بکەین، حەوزە ناتوانێت پشتی دەسەڵات بگرێت کاتێک خەڵک لێی ناڕازین، لە هەمانکاتدا دژایەتیەکانی سنوردار و نەرمە، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی شیعە دەتوانن کاتێک لە قازانجیان بوو گوێڕایەڵ بن و کاتێک لە قازانجیان نەبوو پشتگوێی بخەن. ئەم پەیوەندییە ئەلە-کارتە، à la carte..
لە ڕاستیدا دەکرێت سیستانی و بڕیارەکانی بە دوو جۆر بخوێندرێنەوە، جۆرێک کە ئێراقیانەیە، جۆرەکەی تر کە تائیفیە. سەجاد لە کتێبەکەیدا هەوڵدەدات کە ئێراقیانە بیبینێت. بە جۆرێک کاتێک لێم پرسی ئایا کورد دەبێت چۆن بیبینن، ئەو وەڵامی وەها بوو کە کورد دەبێت سیستانی وەک کەسێک بیبینن کە پشتیوانی خەڵکی ئێراقە. بۆ نمونە ئەگەر فەتواکەی ئەو نەبوایە بۆ دژایەتی داعش ڕەنگە داعش زیاتر کاریگەرییان هەبوایە و درێژەیان بکێشایە، کە زیانی بۆ کوردیش دەبوو، بەڵام حەشدی شەعبیش زیانی زۆری بۆ کورد و هەموو خەڵکی ئێراق هەیە، چونکە ئەوەی پێی دەوترێت دەوڵەت ڕەهنە لای ئەوان.
بەڵام کێشەی گەورەی سیستانی لە ئێراقدا نادیموکراسی بوون و دوریەتی لە خەڵکەوە. لە هەمانکاتدا بڕیارەکانی هەمیشە پێچراوان لە بڕێکی زۆر لە پیرۆزی، بەجۆرێک ڕەخنەکردنی وەک گوناهێک دەبینرێت. ئەم ئامادەییە باڵایە، دوور لە چاودێر و هەڵسەنگاندن وەها دەکات کە دەزگایەکی پیرۆز باڵا باڵبکێشت بە سەر سەرجەم کایەکانی دەوڵەتدا، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر دەوڵەت، بەڵام دەوڵەت کاریگەری نیە بە سەریەوە. بە جۆرێک دەتوانین بڵێن ناوەکیەکی دەرەکیە.
ئەم پێگەیە وەها دەکات کە ئەو نیگەرانیەی کە هەیە دەربارەی چارەنوسی سیستانی و لەگەڵیدا سەرجەم حەوزەی نەجەف مایەی پرسیار و نیگەرانی بێت. بەلای سەجادەوە، پرسی ئەوەی کە کورەکەی جیگای بگرێتەوە، نەبووە، چونکە لە مێژوی حەوزەدا هەرگیز مەرجەع بۆ براو و کوڕ نەڕۆشتوە، ئەم نەریتە ناشکێنرێت. بەڵام کەس گومانی لە پێگەی بەهێزی کوڕی سیستانی محەمەد زەزا نیە، کە بەڕێوبەری ئۆفیسەکەیەتی، بەڵام لە کاتێکدا گەر سیستانی مرد چی دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو ئاستی هەیە: یەکەم، ئایا مۆدێلی سیستانی چی لێدێت و دووەم، ئایا کێ جێگەی دەگرێتەوە؟
بە ڕای سەجاد مۆدێلی سیستانی شەش خەسڵەتی هەیە: یەکەم، دڵنیاییکردنەوەی سەروەری گەل. دووەم، دوورگرتن لە بەشداری ڕاستەخۆ لە سیاسەت، سێیەم، پێشکەشکردنی ڕێنمایی بۆ سیاسیەکان بەبێ هاوبەشییکردنیان. چوارهەم، پارێزگاریکردن لە پێگەی حەوزە. پێنجەم، هەڵسوکەوتکردن وەک زەعیمی هەموو ئێراقیەکان بەبێ جیاوازی. شەشەم، بەشداری نەکردن لە سیاسەت ئەو کاتانە نەبێت کە بونیادی کۆمەڵگا ڕوبەڕوی مەترسی دەبێتەوە.
دیارە سەجاد ئەم روانگانەی لە میانەی مێژوی ئەم چەند دەیەی دوایی حەوزەوە هەڵێنجاوە، نەک لە ڕوانگەیەکی داڕێژراوی نوسراوەوە، ئەمەش وەها دەکات کە هەمیشە کراوەبێت لە بەردەم ڕوداوەکاندا. بە تایبەتی کاتێک کە حەوزە خاوەنی پشێویەکی ڕێکخراوە، بەو مانایە نیزامێکی تایبەتی نیە.
دیارە بێگومان هیچ دوو مەرجەع نیە لە مێژودا کە وەک یەک بوبن، هەمیشە کەسایەتی و دونیابینی مەرجەعەکان ڕۆڵیان هەبوە لە ڕەفتاری ئەوان، بۆیە گەرەنتی نیە کە مەرجەعی داهاتوو بەهەمان شێواز مامەڵە دەکات، هەرچەندە سەجاد دەڵێت، لە دوای خۆی سیستانی دەبێتە پێوەر و نمونە بۆ ئەوانەی کە دوای ئەو دێن.
هەرچی دەربارەی جێگرتنەوەی فیزیکیە، بە دیدی سەجاد، ڕەنگە یەکێک لە ئایەتوڵاكانی نەجەف بێت یان چەند کەسێک پێکەوە بۆ ماوەیەک بەو ڕۆڵە هەستن، ئەمەش لە ڕابوردودا ڕویداوە. بەڵام ئەوەی هەیە یاسا نیە بەڵکو نەریت و عورفە، بۆیە ئێمە کراوەین بەرامبەر دوبارە یان ئەگەری نوێ.
سیستانی بریتی نیە لە کەسێک، بەڵکو کاراکتەری ناو ڕێچکەیەکی درێژی مێژویەکی تایبەتە لە دەزگا، پیرۆزی، دەسەڵات و بیر. ئەمە یەکەمجارە ئێراق وەک دەوڵەت لە سایەی مەرجەعێکدا بژی. ئەم پەیوەندییە لە ئێستادا وەها دەبینرێت کە حەوز و مەرجەعەکەی پاکن و دەوڵەت پیس. بەڵام ئەم دۆخە هەمیشە وەها نامێنێتەوە. مێژوی مرۆڤایەتی شایەتی پەیوەندییەکی ئاڵۆزی نێوان ئەم دوو لایەنەیە. کورد ناتوانێت حەوزە پشتگوێ بخات لە داهاتودا. ناسینی مەرجەعیەت و چۆنێتی دروستکردنی پەیوندی لە گەڵیدا ناچارییە.