ئەوانی جوان و پیری ئێرانی هەموویان بەشێک بوون لە حافز، هیچکامیان نابینی لەگەڵ غەزەلەکانی ئەودا نەژیابن و نەژین، لە جەوانیا عشق و ئەوینیان بە غەزەلێکی حافز ڕاڤەدەکردو نییەتی ژیانیشیان هەر بە غەزەلێک دەهێنا، هەر ئەویشیان کردبوویە شەمعی ڕێگا پڕ هەورازو نشێویەکانی ژیانیان. ناخ و دەرون و دینی ئێرانییەکان لە دیوانەکەی حافزدا نوسراوەتەوە، هەمویان بە ڕەواڵی ژیانی خۆیان حافز ڕاڤەدەکەن، چی لە دڵ و دەرونیاندا هەیە لەوێ دەیبیننەوە، گەنجەکانی ئەوان نەشەقامەکان تەیدەکە نە کۆڵانەکان دەگەڕێن نە بەر زانکۆکان دەگرن بۆ دۆزینەوەی عاشقەکانیان، ئەوان فاڵی حافز دەکەنەوە، چاوو ئەبرۆ و باڵاو لەنجەی هیچ کچێ هێندەی ئاماژەکانی ئەو فاڵە عاشقیان ناکات، پیاوان و ژنانی ئەوێ پێش ئەوەی یەخەی ئاخوندو ملی پۆلێس و بەردادگاکان بگرن بۆ وەرگرتنەوەی مافیان لە ستەمکاران، چەمکی عاباکەی حافز دەگرن و فاڵێک ڕادەکێشن. نە دوعا بۆکەس دەکەن و نە دوعا لەکەس دەکەن تا دوعاگیری حافز نەبن.
ئەوان هەمویان حافز دەنوسنەوە. ئاخوندێک نییە لە مەوعیزەکانیدا لەگەڵ خوێندنەوەی ئایەتەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر حافزیش نەخوێنێتەوە، مامۆستایەک نیە لەگەڵ چوارینەیەکی حافز دەست بە وانە نەکات، هۆڵێکی زانکۆ نییە بە هۆنینەوەی هەستەکانی حافز نە نە نەخشێنرابێ، شۆفێرێک نابینی بەئاوێنەی ماشینەکەیەوە چەپکێ شعری حافزی دانەنابێ، دزو تاوانکار بەزمانی حافز داوای بەخشین دەکا، ستەملێکراو هەر بە حافز قاتڵێ دەبەخشێ. بۆیە دەڵێم هەموو حافز دەنووسنەوە. ئەوان و هەست و فکری حافز یەک شتن، دینیان، ژینیان، عشقیان، عیرفان و ئەوین و فەرهەنگ و ئەدەبیان حافزیانەیە، هەروەک چۆن حافز ڕێک ئیرانیانەیە.
ئەمە ئەو جوانیەبوو لە ئێرانیەکانم بینی، ئەمە لەکاناری خەمێکی قوڵ منی جێ هێشت، یەخەی خەمێکی نەگریسی پێ دادڕیم، خەمێک کە هەردەم جاڕ بەویژدانما دەدات ئێمەین وا خاوەنی دینێکی کوردانەی وەک عەقیدەکەی مەولەوین، پڕ لە عیرفان و تەسەوف، پڕ لە تەقواو عبادەت، ڕێزو کەرامەت، خاوەنی عشقی نالی و هەستی خودا دۆستی مەحویین، بەڵام نە مەلایەک دەزانێ مەولەوی لەدیین و عیرفان چی وتوەو نالی چی نوسیوەو مەحوی هەستی چۆن بووە، کوا لە مەوعیزەی کامە ملا ئەمانە دەژنەوین، کامە مامۆستا چوارینەکی مەولەوی یان دێڕێکی نالی و مەحوی بۆ مناڵان دەهۆنێتەوە، کامە هۆڵی زانکۆ ڕۆژێ نا کاتژمێرێ نالیان هۆنیەوە و مەولەویان ژەنی، کەی کیژە کوردێ هەستی بە عشقی حەبیبەکەی نالی و عهمبهر خاتونهكهی مهولهوی كرد.
کەسمان نەمانتوانیوە ئەوان بنووسینە، ئەوانە دیین و ژیین، عیشق و عیرفانی ئێمەیان هۆنییەوە، کەچی کەسێ نەبو ئەوان بنووسێتەوە، لە مزگەوت یان مەدرەسەو جامیعە ئەوان ڕاڤە بکات، ئەوە تەنها مودەڕیس بوو ئەوەی کرد، لەبری هەموومان ئەوانی نووسییەوە، مودەڕیس لەبری هەموومان ئەوەی کرد، وەک بانگەکەی موحەممەد ئەو فەرزەی لەسەر شانی هەموومان لادا، ئەمە ئەگەر فەرزێکی کیفایەبێ، ئەو هەموومانی نووسییەوە، من دەزانم دڵخۆشی خۆم دەدەمەوە، نوسینەوەی مەولەوی و سەیدی، نالی و مەحوی لەژیانی خۆماندا فەرزێکی عەینەو دینی ئێمە کامڵ نابێ گەر مەولەویانە نەبی، عشقمان جێ ناگرێ گەر گڕی نالی نەیگرێ، خوداش وەک خۆی ناناسین گەر هاودەمی مەحوی نەبین. ئەوان وتیان و هۆنیانەوە، ئەوان کوردانەن، ئێمە نە مەولەویانەبوین نە مەحویانە نە نالییانە، تەنها مودەڕیس ئەوانی نووسیەوە لە حوجرەکاندا مەولەویانە و لە مەدرەسەو زانکۆ و کتێبخانەکاندا نالیانەو لە خەڵوەتدا مەحویانە ژیانی نووسییەوە.
سوپاس مودەڕیس کە ئێمەت نووسییەوە.