“به‌یادی شه‌هید هوجام سوورچی”
“پێشه‌کی”
ده‌بێ هه‌ر له‌م سه‌ره‌تاوه بڵێم یادکرنه‌وه له کو‌لتووری قه‌ره‌باڵغ و میدیازه‌ده‌ی ئێسته‌ی ئێمه‌دا به‌زۆری نزیکه له ته‌کنیکی “له کۆڵ کردنه‌وه” واته یادکردنه‌وه‌کانی ئێمه به شێوه‌یه‌ک تێپه‌ڕاندن و له‌بیرکردنه‌وه‌شن، ئه‌م یادکردنه‌وانه به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کو‌لتووری بریندار و شینزه‌ده‌ی ئێمه و ئه‌و ڕیچواڵ و ئادابانه‌ی شین‌گێڕی له خه‌یاڵدانی گشتیی ئێمه‌دا (که سه‌رتاپای سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌گرێته‌وه)، دروستی کردووه و به‌شێکی دیکه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جۆرێک خواستی دیۆنیزیۆسی و شادومانانه له کو‌لتووری گشتیی ئێمه‌دا، نابێت پێمان سه‌یر بێت که شادی و شیوه‌ن له بوونی مرۆڤدا به‌گشتیی تێکئاڵاون و له کو‌لتووری کوردیش‌دا به تایبه‌تی وه‌کوو دوو دیوی یه‌ک دراو ده‌شێت به‌ها و مانا ببه‌خشن به نرخی ئه‌و دراوه ڕه‌مزی و مه‌عنه‌وییه.
له ڕووی وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌وه زێده‌ڕۆییکردن له هه‌ر کام له‌م دوو حاڵه‌ت و دیوه‌دا به‌دواداهاتی نێگه‌تیڤ چه‌ند ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و سایکۆلۆژی به‌دواوه ده‌بێت. جاناتان ڕێندێل؛ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی فه‌ره‌نسی له کتێبی “چۆن له‌م ڕیسواییه ببوورین؟” (وه‌رگێڕانی بۆ فارسی: ئیبراهیم یوونسی) ده‌ڵێت کاتێک به‌ره‌ی کوردستانی له ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ساڵی 1991دا هه‌موو کوردستانی به که‌رکووکیشه‌وه ئازاد کرد و بۆ یه‌که‌مینجار که‌رکووک به ته‌واوه‌تی له ژێر کۆنترۆڵ و ده‌سته‌ڵاتی کوردا بوو، هه‌ر له یه‌که‌م شه‌وی ئازادکردنی که‌رکووکه‌وه گه‌وره و بچووک و منداڵ و مه‌زن و پێشمه‌رگه و خه‌ڵکی ئاسایی به چه‌ند ڕیز ده‌ستیان به هه‌ڵپه‌ڕکێ کرد، ئه‌مه له حاڵێکدا بوو هه‌ر له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا سه‌دان شه‌هید بۆ ئازادبوونی ئه‌و ناوچانه و ڕزگارکردنی خاک و نیشتمانی کوردان پێشکه‌ش کرابوو، ڕیندێڵ ده‌ڵێت: له کاک نه‌وشیروان مسته‌فام پرسی که بۆچی بڕێک زیاتر خۆتان ڕێک ناخه‌نه‌وه و ئه‌م هه‌ڵپه‌ڕکێ دابنێن بۆ دواتر، ده‌ڵێت له وه‌ڵامدا ڕوحمه‌تی کاک نه‌وشیروان وتوویه‌تی ئێمه له چه‌ندین هه‌واڵنێریی متمانه‌پێکراوی جیهانی ئاگادار کراوینه‌ته‌وه که جه‌یش و سوپای به‌عس به ته‌واوه‌تی ته‌فروتوونا بوونه و ئه‌و هێزه‌ی نییه که ده‌ره‌قه‌تی ئێمه بێت له ئێستادا، ئینجا هه‌ر به گێڕانه‌وه‌ی ڕیندیل و له درێژه‌دا ده‌ڵێت: هێنده‌ی پێنه‌چوو که هێزه‌کانی گاردی کۆماری و تانک و زرێپۆشه‌کانی سه‌دام نزیکی که‌رکووک که‌وتنه‌وه و ئه‌وکات من به چاوی خۆم بینیم که پێشمه‌رگه برینداره‌کان له نه‌خۆشخانه‌ی که‌رکووک به‌جێمان و که‌وتنه ده‌ست به‌عس هه‌ندێکیان. ئه‌م وێنه‌یه‌ی که ئه‌م نووسه‌ره بیانییه له سایکۆلۆژییه‌تی کورد ده‌یخاته ڕوو به شێوه‌یه‌ک هه‌مان ئه‌و وێنه‌یه‌یه که له سه‌ره‌وه باسم کرد، هه‌ستی شکۆ و شکسته له یه‌ک ساتدا ڕزگاربوون و داگیرکرانه له چرکه‌ساتێکدا، به‌ڵام ئه‌مه له حاڵه‌ته ناوشیاری و میتافیزییه‌که‌یدا وایه و له ئاستی وشیاریدا نابێت به‌م شێوه‌یه بمێنێته‌وه، شین و شکست له پرۆسه‌ی دروستبوونی نه‌ته‌وه‌یه‌کدا ده‌بێت ده‌لاله‌ت و ده‌رکه‌وته‌کانی فۆرمووله و دیاری بکرێن ئه‌گینا له ڕه‌وتی شوناس سازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ییماندا به هیچ کڵۆجێک مانابه‌خش و بناغه‌دانه‌ر نابن، یادکرنه‌وه‌ی شه‌هیدانیش به‌ده‌ر نییه له‌م شین و شکۆیه، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی له ناو که‌وانه‌ی(له‌کۆڵ کردنه‌وه) و (فه‌رامۆشکردن)دا داینێین ده‌بێت بیهێنینه ساحه‌ی گێڕانه‌وه یان به ده‌ربڕینێکی گونجاوتر(بیرخستنه‌وه)وه، تایبه‌تمه‌ندی به‌بیرخستنه‌وه‌کان هه‌ڵپێکانیانه له‌گه‌ڵ (بیرکردنه‌وه) بۆیه من پێم وایه هه‌ر جۆره بیرخستنه‌وه(یادکردنه‌وه‌ی ئاوه‌زمه‌ندانه)ی داعه‌ش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شکۆمه‌ندانه‌ی کورد له‌گه‌ڵیان په‌یوه‌ست نابێت به چرکه‌ساتێکی وه‌کوو یادکردنه‌وه‌ی شه‌هیدێک یان پۆلێک شه‌هید یان ڕووداوێکی دیاریکراو به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌بیرنه‌کردن و بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و شکۆ و پیرۆزییه‌یه که کورد بۆ شکستی سوپای تاریکی مه‌شخه‌ڵهه‌ڵگری بوو!
“داع‌ش؛ گوتاری تیرۆریزم، کورد و ڕۆژهه‌ڵاتناسی”
سه‌رهه‌ڵدانی داع‌ش بۆ هه‌موو دونیا شۆک و شتێکی کوشنده و سه‌یر و سه‌مه‌ره بوو، به‌ڵام وه نه‌بێ ئێمه وه‌کوو کورد و وڵاتانی زلهێزیش وه‌کوو دیاریکه‌رانی جه‌مسه‌ری سیاسه‌تی جیهانی نه‌یانزانیبێت زه‌مینه و به‌ستێنه‌کانی داع‌ش کامانه‌ن و له کوێوه هاتوون و کۆمه‌ڵگا ئایینییه نه‌رێتییه‌کان چه‌نده ئاماده‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی ئاوه‌هان، پاش ڕووداوه‌که‌ی 11 سێپته‌مبه‌ر له سه‌رده‌می بوشی کوڕدا به‌ڕاستی ئه‌مریکا هه‌موو هاوپه‌یمانه ئه‌ورووپییه‌کانی خۆی هێنایه سه‌ر ئه‌و بڕوایه که ئه‌لقاعیده و بین لاده‌ن گه‌وره‌ترین مه‌ترسین بۆ شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا و له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه به‌ها ئه‌مه‌ریکی و ئه‌ورووپییه‌کان و کۆی کو‌لتوور و پێکهاته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییه‌که‌ی ڕۆژئاوا و به‌گشتی کۆی شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا، له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌مبه‌ری جۆگه‌له‌که‌ش چاو لێبکه‌ین ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی به شێوه ئه‌لقاعیده‌ییه‌که‌ی جگه له ڕه‌تکردنه‌وه و کوشتن و له‌ناوبردنی ئه‌ویدی هیچ ڕێگه‌یه‌کیتر بۆ مانه‌وه و ژیانکردن له جیهانێکی فره‌ڕه‌نگدا قایل نییه بۆیه گوتاری تیرۆریسم له 2001ه‌وه بوو به گوتاری زاڵی هه‌موو میدیا زه‌به‌لاح و ئاڕاسته و گه‌ڕیانه سیاسییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژئاوا و به‌پێی ئه‌وه‌ش وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بیشی گرته‌وه و خوێندنه‌وه و شیکاریی تیرۆر و تیرۆریسم و ڕه‌گه‌ز و سه‌رچاوه‌کانی بوو به کایه‌یه‌کی گه‌وره له میدیا و شه‌قامی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا و کتێب و بابه‌تی زۆریش له دونیادا له‌سه‌ری بڵاو کرایه‌وه. گوتاری تیرۆریسم بیرمه‌ندانێکی ڕۆژئاواییشی له پشته‌وه بوو و به‌شێوه‌یه‌کی زۆر و تێروته‌سه‌ل تیۆریزه کرا و په‌یوه‌ندییه‌کی تووندوتۆڵ له نێوان ئیسلامی سیاسی و نه‌رێتخوازی و تووندوتیژیی دینی و تیرۆریسمدا بینرایه‌وه و له‌سه‌ری ڕۆشتن.
واقیعێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌مه بوو که زه‌مینه‌ی ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه ته‌نها ناوه‌کی نه‌بوو و کرده‌وه‌ی وڵاتانی غه‌یری ئیسلامیش له‌م تیرۆریزم و تووندوتیژییه‌دا ده‌بێ له جێی خۆیدا بخوێنرێته‌وه. له ڕاستیدا تیرۆریسم هیچ مانایه‌کی نییه مه‌گه‌ر له حاڵه‌تێکدا تۆ به‌ر دیدگا و شێوه‌ژیان و شارستانییه‌ت و به گشتی دونیای ئه‌ویدی بکه‌ویت و له‌وێدا هه‌ڵسوکه‌وت و دانوستانی تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی ده‌بێت به پێناسه‌کاری ماهییه‌تی تۆ و له‌م هاوکێشه‌یه‌شدا مێژوو و پێشینه‌ی ئه‌م “من” و “ئه‌ویدی” یه یان ئه‌م تۆ و ئه‌ویدییه ڕۆڵێکی زۆر گرینگ ده‌گێڕێت. به‌گشتی ڕێبازی ئیسلامی سیاسی له هه‌ناوی نۆستالۆژیا و خه‌ونی زیندووکردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلام “به خوێندنه‌وه‌ی خۆیان” بوو که بۆ دونیای سه‌رده‌می ئێسته وه‌ڵامده‌ره‌وه نه‌بوو و نابێت، ئه‌م که‌ونینه‌گه‌راییه و نه‌گونجانی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئێسته و هه‌نووکه‌دا ده‌بێت به جه‌وهه‌ری ناوه‌کیی و مه‌کینه‌ی لێخوڕی تیرۆر و تووندوتیژی یان ئه‌و شته‌ی که پێی ده‌ڵێن تیرۆریسم، ئه‌م خه‌ونگه‌راییه هه‌ر لێره‌دا ماناکانی ناپژێنێت به‌ڵکوو سووژه‌ی تیرۆریست بیر له‌وه ده‌کاته‌وه که کێ خه‌ونه پیرۆز و مه‌زنه‌که‌ی له‌بار بردووه؟ و له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆیدا جگه له جیهانی جوو و گاوران هیچ هۆکاری دیکه نابینێته‌وه و له گوتاریاندا جوو و گاور ئه‌گه‌ر کافری ڕه‌هاش نه‌بن ئه‌وا له ناو دونیایه‌ک له شیرک و کوفر و خوارفه‌دا ده‌ژین و ده‌بێ بسڕدرێنه‌وه، بۆیه ده‌بێت به گوزاره‌ی: ئه‌مه شه‌ڕی ئێمه و ئه‌وانه” ئه‌مه ستراتیژیی هه‌میشه‌یی تیرۆریسته‌کان و هێزه نه‌گونجاوه‌کانه له‌گه‌ڵ جیهانی ئه‌مڕۆدا. له‌م تێڕوانینه به‌رته‌سکه‌ی توندوتیژاندا جیهان جگه له لایه‌نێکی چاک و لایه‌نێکی خراپ که به ڕوونی هێڵ و به‌ره‌کانی دیاری کراون هیچی دیکه له خۆ ناگرێت.
له‌م دابه‌شکارییه‌دا ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا ده‌بن به جیهانی ڕه‌ش و شه‌یتانی و به‌ها ئیسلامی و مه‌عنه‌وییه‌کانیش ده‌بن به جیهانی تیشک و نوورانی. دیاره ئه‌مه دوو جه‌مسه‌ری دیاری به‌هاکه‌یه و بابه‌تێکی میتافۆڕیک و ئینتیزاعی ده‌نوێنێت، به‌ڵام له ئه‌رزی واقیعدا و له‌دیدی ئه‌لقاعیده وه‌کوو دایکی داعه‌ش زۆرینه‌ی وڵاته موسڵمانه‌کان له ژێر حوکمی تاغووتدان و ده‌بێ له‌ناو ببرێن، له‌م نێوانه‌دا بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کوو کورد که به‌هۆی ئه‌و داگیرکاری و دابه‌شبوون و سه‌رلێشێواوییه‌یه‌وه ڕۆڵه‌کانی ته‌نانه‌ت له ناو ئه‌لقاعیده و داعه‌شیشدا به کوشت دراون هاوکێشه‌که زۆر زاڵمانه‌تر و بێ ویژدانانه‌تر و کاره‌ستابارتر شکایه‌وه، داعه‌ش که تێکه‌ڵه‌یه‌ک بوو له زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه موسڵمان و ناموسڵمانه‌کان و ته‌نانه‌ت ڕووسی و چیچانی و ئه‌مه‌ریکی و ئینگلیزیشی تێدا بوو کوردیان به دوژمنی سه‌ره‌کیی خۆیان ناوزه‌د کرد و که‌مینه‌یه‌کی کوردیشیان وه‌کوو نه‌وه‌ی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی به باش ناساند! بۆ قووڵترکردنه‌وه‌ی ئه‌م دابڕان و تۆوی هه‌ڵبڕان و ته‌فریقه له نموونه‌ی ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی که داع‌ش بڵاوی کردوونه‌ته‌وه چه‌ند دانه‌یان به جلی کوردییه‌وه و به خه‌نجه‌ر دیلیان سه‌رده‌بڕی و دژی ڕێبه‌رانی کورد و هێزی پێشمه‌رگه خیتابی بێ سه‌ر و به‌ر و نه‌شیاویان ده‌دا، له نموونه‌ی شه‌هیدکردنی هوجام سوورچیدا وه‌کوو ده‌ڵێن ده‌رکه‌وت ئه‌و که‌سه‌ی که شه‌هیدی کردووه خۆی کورد بووه، خودی ئه‌مه سیناریۆ و پیلانێکی ڕه‌مزی بۆ چاندنی تۆوی دابڕان و نانه‌وه‌ی ئاژاوه له ناو کورددا بوو، داعه‌ش ڕه‌نگه له زۆرێک له نه‌ته‌وه‌کان پێکهاتبێت، به‌ڵام له ڕاستیدا داڵغه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و کو‌لتووری کۆمه‌ڵگاکان له دیدی ئه‌ودا هه‌ر بوونی نییه، ته‌نانه‌ت با زانستیش به هه‌زاران به‌ڵگه بیسه‌لمێنیت، ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌و گوتاره ئایدۆلۆژییه سێکسیستییه‌یه‌یه که داعه‌ش و ئه‌میره‌کانیان پێڕه‌ویان ده‌کرد. به دڵنیاییه‌وه داعه‌ش وه‌کوو مۆته‌که‌یه‌کی سه‌ر ئه‌م دونیایه و تاپۆیه‌کی سامناک که ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکاشی خستبووه سه‌ر هه‌رزه به‌هۆی هێزی پێشمه‌رگه و کورده‌وه شکستی هێنا و داڕما، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای شکۆداربوونی کورد و هێزی پێشمه‌رگه و ده‌نگدانه‌وه‌ی کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئازادیخواز و دژه دۆگما و پێشکه‌وتوو، ده‌رخه‌ری تێچوویه‌کی زۆری ئێمه بووه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تیرۆر و تووندوتیژیدا و ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی له پێناو ئازادی و دژی توندوتیژی و بۆ ئاشته‌وایی داومانه.
ئه‌گه‌رچی هه‌رله سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی داعشدا چاوی کامێرا جیهانییه‌کان له سه‌ر کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه و شه‌ڕه‌که بوو و فیلمی پێشمه‌رگه‌ی بێرنارد هێنری لیڤیش دروست کرا و له ئه‌وروپا به گشتی و فه‌ره‌نسه به تایبه‌تیش به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو نومایش کرا به‌ڵام ئه‌وه‌ی فیلمی پێشمه‌رگه و هه‌موو ئه‌و درامایانه‌ی بینیبێت که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ده‌په‌رژێنه سه‌ر کورد و هێزه کوردییه‌کان چ له باشوور و چ له ڕۆژئاوا هه‌مان نیگای و نواندنه‌وه‌ی نافه‌رمی و کۆنسێرڤاتیستانه‌یان هه‌یه و کورد وه‌کوو بوون و کیانێکی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز له قه‌واره‌ی فه‌رمی وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان نابینن و پیشانی ناده‌ن، ئه‌مه به‌شێکی ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتناسی و ئه‌و زانسته کۆلۆنیالیستییه‌ی که له سه‌ده‌ی شانزه‌وه تاکوو ئێستا له چاویلکه‌ی ئه‌ورووپییه‌کان و ڕۆژاواوه جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی و به‌تایبه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که ده‌وڵه‌تیان نییه ده‌بینێت، واته تۆ ئه‌گه‌ر هێزیش بیت و له ناو گوتاری ئه‌واندا قوربانی بده‌ین هه‌م دیسان کۆمه‌ڵێک مه‌رجت نییه تاکوو ئه‌وان له ئاستێکی شایسته و باڵادا دانت پێدا بنێن و واقیعی بوون و خه‌بات و قوربانیدانت پیشان بده‌ن.
لایه‌نێکی دیکه که سه‌ری دیکه‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌یه نه‌توانیینی خودی کورده له‌وه‌ی که خۆی پێناسه بکات، ئێمه به‌پێی به‌ڵگه‌کان نه‌ک گێڕانه‌وه‌کان له ده‌یه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌وه تا ئه‌م چرکه ساته خوێنمان داوه، خه‌باتمان کردووه و کۆڵمان نه‌داوه به‌ڵام ئایا وه‌کوو پێویست له ناوه‌نده جیهانییه کاریگه‌رییه‌کاندا توانیومانه ئازار و هیوا و شکسته‌کانی خۆمان باس بکه‌ین و بیگێڕینه‌وه؟ ئایا توانیومانه هه‌له‌بجه و ئه‌نفال و کوردقڕانی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م له ژێر هه‌ژموونی ومیدیابازی و پڕوپاگه‌نده‌ی جیهانی عه‌ره‌ب و فارس و تورک ده‌ربێنین؟ دیاره ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیارانه بکه‌ین جگه له‌وه‌ی که خۆمان هه‌ست به به‌رپرسیارێتی زیاتر و ناکامی و جۆرێک شکست ده‌که‌ین ناتوانین ته‌نها داگیرکه‌ران لۆمه بکه‌ین. له یه‌ک مانگی ڕابردوودا فیلمی 88 له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه نومایش کرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر ڕه‌نگ و ده‌نگی هه‌بوو به حیزبیکردنی کاره‌ساته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به سیاسی‌کردنی تراژیدیا مرۆییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه بوو که‌واته بۆ ڕۆژئاواش گوێمان بۆ بگرێت کاتێک ئێمه خۆمان چه‌په‌وانه هه‌ڵیده‌خه‌ینه‌وه؟
“وێنه‌ی کۆتایی”
نموونه‌ی شه‌هاده‌تی هوجام سورچی کاتێک چاو له ڕوخساره بێگه‌رد و کوردانه‌که‌ی ده‌که‌ی ده‌ڵێی فریشته‌یه‌کی پاک له‌و دیو چاوه‌کانییه‌وه ده‌ڕوانێته کامێرای ئه‌هریمه‌نه‌کان و خۆی ئاماده‌ی مه‌رگ کردووه له پێناو به‌ڵێنێک که به کوردستان و خاکی نیشتیمانی داوه، ئه‌م وێنه ساده‌یه و ئه‌م گوزاره سادانه بۆ چرکه‌ساتێکی مه‌زنی و سه‌ربه‌رزی و شکۆمه‌ندیی ئه‌و زاته نابێت، بۆیه ده‌بێ ئێمه له سیاسه‌تی کو‌لتووری خۆماندا ڕووداوی ئاوا تراژیک و شکۆدار بکه‌ین به ده‌یان فیلم و ڕۆمان و کۆمه‌ڵه‌چیرۆک، تاکوو دونیا بزانێت که کێ ئه‌فسانه‌ی داعه‌شی تێکشکاند و کام کو‌لتوور و وڵات و هێزانه‌ش له سه‌رهه‌ڵدانی داعه‌ش و قوربانیبوونی کورد دیسان سوودیان بینی و هه‌موو به‌هایه‌کی مرۆڤانه‌یان به‌لاوه نا تاکوو به ئامانجه دژه مرۆیی و نه‌گریسه‌کانی خۆیان بگه‌ن، ڕووداوی شه‌هیدبوونی هوجام سوورچی به هه‌مان ڕاده که تاریک و سامناک بوو سه‌د قات شکۆدار و مه‌زن بوو و ئه‌م ڕووداوه له یاده‌وه‌ریی ئێمه‌دا ده‌بێ بۆ هه‌میشه تۆمار بیت و یاده‌وه‌ری نه‌وه‌کانی داهاتووشی پێ زاخاو بده‌ین بۆ گێڕانه‌وه‌ی شه‌ره‌فی نیشتیمان دۆستی و خه‌بات و بوێری که‌ڵه‌پیاوانی کورد و کوردستان.