مەترسیی نەوەی داهاتووی عەرەب لە بەرهەمهێنانی شێوازێکی دیکەی تەعریب لە هەرێمی کوردستاندا، زۆر لەو تەعریبە ترسناکترە کە حوکمڕانەکانی ئێراق بەدرێژایی 100 ساڵی رابردوو، وەک چەکێکی سیاسی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان بەکاریان هێناوە. مەبەستم لە نەوەی داهاتووی ئەو عەرەبانەیە، کە بەناوی بزنس و بازاڕ و بازرگانییەوە، ساڵانێکە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، باوانیان رووبەرێکی زۆری شوققە و ڤێللا و خانوبەرەیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کڕیوە و دەکڕن. ئەو نەوانەی داهاتووی عەرەب کە لە سایەی زیرەکیی باوانیان و خۆشخەیاڵیی ئێمە، بوونەتە خاوەنی موڵک و زەویوزار، دەبنە کاکڵی جۆرێکی دیکەی تازە و ترسناکی تەعریب، کە بەرپێگرتنی نەک هەر سەخت و ئەستەمترە، بەڵکو نزیکەی مەحاڵیشە.
رەنگە لە رووکەشدا پرۆسەکە ئاسایی بێتە بەرچاو، بەڵام لە داهاتوودا، کە دوو نەوەی ئەو عەرەبانە لێرە دەبنە خاوەنی یادەوەریی شوێن و وەک هەر منداڵێکی کورد، ئەم دەشت و دۆڵ و شاخ و کەژ و کێوانە دەبنە بەشێک لە بیرەوەرییان، ئەوکات دەمامکی ئەم پرۆسە مەترسیدارەی تەعریب دەکەوێت، کە دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانمان ئەمڕۆ لەپێناوی بزنس و بەرژەوەندییەکانیاندا بە پاساوی جووڵەی بازاڕ و بازرگانیی ناوخۆیی، مەترسی و هەڕەشەکانیان کاڵ و سادە کردووەتەوە. ئەم دوو نەوەیەی داهاتووی عەرەب و هی دوای ئەوانیش، کە لێرە خاوەنی موڵکن و دەبنە خاوەنی یادەوەری، هەرگیز وەک سەربازەکانی سوپای ئێراقی سەدەی رابردوو نین، کە تەنیا بۆ ئەرکێک لەو شاخانە بوون و شەوانەش لە ترسی هێرش و هەڕەشەکانی پێشمەرگە زراوتۆقیو و زارەترەک دەبوون. وەک چۆن هاوشێوەی جەللادەکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییە سەرکوتکەرەکانی رژێمە یەک لەدوا یەکەکانیش نین، کە بەردەوام لەبەردەم نەعرەتەی شۆڕش و راپەڕیندا بوون و هەمیشە گەلی کوردستان ئومێدی ئەوەی هەبوو خۆیان و دەزگاکانیان رابماڵێت.
بەپێچەوانەوە، نەوەکانی داهاتووی ئەو عەرەبانە، ئەوانەی وەک کەروێشک زاوزێ دەکەن و وەک شانە مێروولە زۆر دەبن، کە ئیدی وەکو تۆی کورد لێرە خاوەن زەوی و موڵکدار، کە وەک تۆ بە هەوای ژینگە و سرووشتەکەی ئێرە گۆش و گەورە دەبن، وەک تۆ ئاشنای بست بە بستی دەشت و دەر، چەم و چیا، دۆڵ و ئەشکەوت، گرد و کێوەکانی دەبن، کە وەک تۆ ئێرە بۆیان دەبێتە جوگرافیای منداڵیی و یادەوەرییان تیایدا دەبێت. ئیدی وەک تۆ و زیاتریش، ئێرە بە موڵک و بە بەشێک لە بوون و شوناسی خۆیان دەزانن و لە هەستکردنیان بە هەر هەڕەشەیەک، لەوەی کە ئەم یادەوەری و خاوەنداریەتییەیان لێ دەستێنیتەوە، شاخەکانت لێ دەگرن و دەیانکەنە سەنگەر!
کەمینە و کورسیی کۆتا
تورکمان، ئاشووری، کلدانی، ئەرمەنی، مەسیحی، ئێزدی، سابیئە، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی و جووی هەرێمی کوردستان، کەمینەی نەتەوەیی و ئایینین. بۆ ئەوەیش وەک کەمینە هەست بە مافخوراوی و پەراوێزخستن نەکەن، دەبێ رێز لە تایبەتمەندییەکان و مافەکانیان بگیرێت. رێزگرتن لە تایبەتمەندی و مافەکانی (کەمینە)، بەوە ناکرێت بە رۆمانسیەتی سیاسی ناویان بنرێت (پێکهاتە)، بەڵکو بەوە دەکرێت کە ئیرادەیان کۆت نەکرێ، دەستوەرنەدرێتە ژیانی سیاسییان و نوێنەرایەتیکردنیان لە دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردندا، بۆ را و کێبڕکێی نێو خۆیان جێ بهێڵدرێت.
ئێستا کە پرسی کورسیی کۆتاکان لە هەرێمی کوردستان بووەتە گرێیەکی وشکی ئاڵۆز، بەتایبەتی کە سکاڵا و پێشنیازەکان بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە لەبەر دەستی دادگەی باڵای فیدراڵیدان، بەوەی کورسییەکان بەپێی ناوچەی جوگرافی و بەسەر بازنەی جیاوازدا دابەش بکرێن. وا باشترە تا دەرفەت ماوە، ئەو گرێیە لە هەرێمی کوردستان بەدەست بکرێتەوە و نەخرێتە دەم و ددان، دەنا دادگا ددانی هەمووان دەشکێنێت! لە بنەڕەتدا لایەنە سیاسییە کوردییەکان ئەم ئاوەیان رشتووە، بۆیە تا پێی زیاتری تێ نەخراوە، پێویست دەکات هەر خۆیان وشکی بکەنەوە. ئەمەش بەوە دەکرێ پرسەکە بۆ خودی کەمینەکان جێ بهێڵن و دەست وەرنەدەنە ژیان و کاروباری سیاسییان.
لەم نێوەدا، رەنگە هەڵاوێرکردنی لیستی ناوی دەنگدەرانی ئەم کەمینانە (لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی بازرگانیی ئێراق) لە لیستی گشتیی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، هاوکات بەوەی تەنیا حیزب و گرووپە سیاسییەکانی کەمینەکان بۆیان هەبێت لیست و کاندیدیان هەبێت، ئەمەو لەگەڵیاندا هەرێمی کوردستان بکرێتە یەک بازنەی دەنگدان و تەنیا دەنگدەرانی ئەو کەمینانە بۆیان هەبێت دەنگ بە لیست و کاندیدەکان بدەن، گونجاوترین رێگەچارەی ئەم کێشەیە بێت. بەمەش ئاکام و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر چییەک بێت، کەمینەکان بۆ خۆیان بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرن و لۆمەی کەسی دیکە نەکەن.
راستییەکەی، لەبری بابەتی کورسیی کۆتاکان، دەبوو کێبڕکێی لایەنە سیاسییە کوردییە ناکۆکەکان لە پەیوەست بە پرسی مافەکانی کەمینەکان، لەسەر ئەوە بێت کە کامەیان زەمینەی لەبارتریان بۆ دەڕەخسێنێت و هاودەنگیان دەبێت لەوەی وەک دانیشتووی هەرێمی کوردستان، پۆستە سیادییەکان وەربگرن (بۆ نموونە، تورکمانێک ببێتە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسیحییەک ببێتە جێگری سەرۆکی حکومەت). هەروەها کە هەر خەمی کورسیی کۆتایانە، بۆچی لەبری ململانێ و ناکۆکییان لەسەر تورکمان و مەسیحییەکان، بۆ جارێکیش بیریان لەوە نەکردووەتەوە، کە هەر یەکە لە ئێزدی و کاکەییش وەک دوو کەمینەی دیار و کاریگەر، هەر یەکەیان بەپێی قەبارەی خۆیان، خاوەنی کورسیی کۆتا بن؟
گرێبەستی فریو
نابێ رقی مرۆڤی کورد بەرامبەر بە خراپیی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتی، بگاتە ئەو ئاستەی بەرپێی خۆی نەبینێت و بەناوی شرۆڤە و شیکاری و چی و چییەوە، دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکات و هۆشیاریی خەڵک کوێر بکات و بەلاڕێیاندا ببات. راستییەکەی، بەراوردکردنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و حوکمڕانیی وڵاتانی ئەوروپا بە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش تەنزیرکردن بۆ ئەوەی دەبێ کورد وەک ئەورووپاییەک بیربکاتەوە، هەر تەنیا سادەگۆیی نییە، بەڵکو ئاماژەی جۆرێکیشە لە بێ ئاگایی بە مێژوو و زۆر شتی دیکە. ئینجا پاساودانەوەی ئەم سادەگۆییە و شاردنەوەی ئەم بێ ئاگاییە، بە بیانووی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی)ـی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (نەک رۆژئاوای کوردستان!)، کە گوایە کورد لەوێ لە سەروو ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی بیردەکاتەوە، کۆمیدیایەکە بۆ خۆی!
راستییەکەی، ئەم گرێبەستەی ناویان ناوە دەستوور و پێش پەکەکە و پەیەدە، لێرە لە باشوور “کوچک لە ئاگر گەرمتر” دەهۆڵی بۆ دەکوترێت، نەخشەڕێگەی پراکتیزەکردنی درووشمی رۆمانسییانەی برایەتیی گەلان و پڕۆژەی کۆنفیدراسیۆنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە بە هۆیەوە کورد لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان وەک خاوەنی دۆزێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی رەوا، چیدیکە کێشەی ناسنامە و خاکی نییە و دەبێ دەست و پەنجەی خۆی لەگەڵ برایەتیی ساختە و بە تورکیایی و سووریاییبوونەوە گەرم بکات. روون و راشکاوتر، ئەم گرێبەستە هیچ نییە جگە لە چوونەژێرباری جەبر و مەرجی ئەو پرۆژە ئایدیۆلۆژییەی، ئامانجەکەی دیزەبەدەرخۆنەکردنی دۆزی نەتەوەیی کورد و پرسی نیشتمانیی کوردستانە.
باش نییە پارتی و یەکێتی لێرە وەک حیزب و بەرژەوەندیی حیزبیی، بۆ خۆیان ئێراقچێتی دەکەن و بە مەنتاڵێتیی پەکەکە و هاوشێوەی بڕیارسازیی ستالینیانەی ئەو حیزبە، ئەو ماف و بوێرییەیان بە خۆیان نەداوە و نادەن، کە بە دەستووری حیزبی و گرێبەستی ئایدیۆلۆژی، ئێراقچێتی بەسەر کوردستانیانی هەرێمی کوردستاندا بسەپێنن، وەک ئەوەی کە پەکەکە بەسەر گەلی کورد لە باکوور و رۆژئاوادا سەپاندوویەتی!