لە ئێراق بەدرێژایی مێژووی دروستبوونی هەمیشە دەسەڵاتی سەربازی وەک مەترسییەکی ڕاستەقینە بەدی کراوە لەسەر پڕۆسەی سیاسی و پێکهاتە جیاجیاکان. ئەمەش وای کردووە ستەمکاریی سەربازی وەک خەسڵەتێکی بنەڕەتیی ئەو سیستەمە ببینرێت کە لە ئێراق پەیڕەو دەکرێت. لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوچەکە ئێراق وەک (دەوڵەتی کودەتای سەربازی)ناسراوە لەبەر ئەوەی هیچ گۆڕانکاری و وەرچەرخانێک لە ئێراق بەدەر نەبووە لە کودەتای سەربازی و ڕۆڵی سوپا.
کورد وەک یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئێراق هەر لە دوای دروستبوونی دەوڵەت لە ساڵی ١٩٢١ تا دەگات بە ئەمڕۆ، گرفتی سەرەکی لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، پەیوەست بووە بە چۆنیەتیی کۆتایهێنان بە ستەمکاری، جا ستەمکاریی سەربازی بێت یان جۆرەکانی تری ستەمکاری. مێژووی کورد لە ئێراق لەگەڵ سوپا مێژوویەکی ناڕێک و ناهەموار، هیچ کاتێک سوپای ئێراق بۆ کورد جێگەی ئەمان نەبووە، بەڵکوو هەمیشە بە گومانەوە سەیری کوردی کردووە، بۆیە بەردەوام کار لەسەر ئەوە کراوە کە لەڕێگەی سوپاوە کورد و هەرێمی کوردستان بچەوسێننەوە. ئەگەرچی کوردیش دەستەوەستان نەبووە هەموو کات ئامادە بووە لەبەرامبەر ئەو سوپا ستەمکارە بوەستێتەوە کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ئێراق لە دژی کورد بەکاریان هێناوە.
لە دوای نەمانی رژێمی بەعس و سوپاکەی لە ساڵی ٢٠٠٣وە حکوومەتی ئێراق بەردەوام لە ڕێگەی سوپا و هەڕەشەی سەربازییەوە ویستوویانە ڕێگری لە هەرێمی کوردستان بکەن، سەرەڕای بەربەست و ئاڵنگارییەکان، بەڵام ئێراق نەیتوانیوە لە ڕێگەی ستەمکاریی سەربازییەوە هەرێمی کوردستان لە قاڵب بدات و بیخاتە ژێر دەسەڵات و ئیرادەی خۆیەوە. دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە هیج جۆرێک ملکەچی ویست و ئیرادەی ستەمکارانەی حکوومەتی ئێراق نەبووە لە ڕووی سەربازییەوە، بەغدا میکانزمێکی تری ستەمکاریی گرتە بەر کە گەڕانەوە بوو بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس ئەویش ستەمکاریی دادوەرییە، کە لە ڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە لەبەرامەبەر هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات.
دیکتاتۆریی دادوەری لە ئێراق وەک جێگرەوەیەک بۆ دیکتاتۆریی سەربازی بەدی دەکرێت لەپێناو لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ناچار بکرێت بکەوێتە ژیر ویست و ئیرادەی بەغدا. لە دیکتاتۆریەتی دادوەریدا، بە پێچەوانەی دیکتاتۆریەتی سەربازییەوە، ڕێوشوێن، میکانیزمی ئاسان و کەم-تێچوو مسۆگەر دەکات. کاتێک دەوڵەتەکە یان هێزێک بتوانێت بەڕێگەی دیکتاتۆریەتی دادوەرییەوە، خۆی بسەپێنێت، بیر لە کێشە و دۆخەی دیکتاتۆریەتی سەربازی ناکاتەوە. بەو حاڵەیشەوە، ئێراق زۆر بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ گەشەپێدانی نەک هێزەکانی سوپا، بەڵکوو فراوانکردنی حەشدی شەعبی، کە شوناسێکی مەزهەبی هەیە. ئەو هێزانە لە بنەڕەتدا بە فەتوایەکی ئایینی دامەزراون و هەر بە فەتوایەکیش دەتوانن دژ بە ویستی زۆرینە یان ویستی سیاسی گرووپێک بوەستنەوە و زۆر بەتوندیش بەرپەرچی بەرهەڵستکاران بدەنەوە.
دەستبەسەرداگرتن و گەمارۆدانی تەواوەتی هەرێمی کوردستان بەڕێگەی سەربازییەوە، ئاسان نییە. داگیرکارییە سەربازییەکان نیگەرانی و ناڕەزایەتیی قووڵ دروست دەکەن. داگیرکاری لە فۆڕمێکی توندوتیژانەدا، دەرفەتی بەرەنگاربوونەوە و هەستی بەرگری لە کۆمەڵگەی داگیرکراودا بەرز دەکاتەوە. دەسەڵاتدارێتیی ئێراق بە هەستکردن بەو ڕاستییە، پەلامارە سەربازییەکانی، بۆ پەلاماردانی دادوەری دەگۆڕێت. پەیڕەوی لە سیاسەتێکی نەرم دەکات، لەبری ئەوەی وەک دیکتاتۆریەت و پێشێلکردنی سەروەرییەکانی گەلی کوردستان دەربکەوێت، وەک پارێزگاری لە یاسا، دەستوور و دیموکراسیەت دەخوێنرێتەوە! ئەو سیاسەتە نەرمە، دەشێت سەرلەبەری وێنەی سەرکوتکەرەکە بگۆڕێت؛ لە دیکتاتۆریەتەوە بۆ دیموکراسیەت! لە ستەمکارییەوە بۆ دادپەروەری، لە داگیرکەرەوە بۆ فریادڕەس! بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەوە دێنێتەوە یاد کە دادگای باڵای شۆڕش لەسەردەمی حزبی بەعس چۆن و چ هەڵوێستێکی بەرامبەر کورد هەبوو، بۆیە ئێستا دۆخی ئەم دادگایە دەربارەی هەرێمی کوردستان خاڵی لێکچووی زۆرە.
لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٣دا، زنجیرەیەک بڕیاری دژ بە هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی و دادگەکانی دیکەی ئێراقەوە دەرکران. لەناویاندا ڕێگری و ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی دادگەیەکی تایبەتمەند بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، بەنایاسایی دانانی کارکردنی ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی بڕێک لە شایستە داراییەکانی کوردستان، کە پێشتر هەردوو حکوومەتی ئێراق و کوردستان ڕێککەوتنیان لەسەر کردبوو، هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان، دواجار نادەستووریی بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگرتنی کارکردن و چالاکی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان.